بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی
جەعفەری، ئەسکەندەر (٢٠٢٥): قوربانییانی ئاگر لە زاگرۆس؛ پڕۆژەی ژینۆسایدی ئێکۆلۆژیی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە کوردستان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
لە چاوی نەتەوەی کۆلۆنیالیزەکراودا خاک، یادەوەری و دواڕۆژێکی گەشە. فرانتس فانۆن لە کتێبی لەبارەی توندوتیژیدا دەنووسێت: “کۆلۆنیالیست، سروشت دەسووتێنێت بۆ ئەوەی یادەوەرییەکانی ئەو خاکە بسووتێنێت. زمان، کولتوور، دیمەن و دارەکان دەبێت هەموویان لە ناو ببرێن بۆ ئەوەی باڵادەستیی داگیرکەر بەردەوام بێت.” لە کوردستان هەموو شاخێک پەناگەی خۆڕاگرییە. هەموو دارێک مۆنۆمێنتی بەرخۆدانە. هەموو داربەڕوویەک دروشمی بەرخۆدانە. هەموو بەهارێک بەڵگەی مانەوەی نەتەوەیە. کاتێک دارستانەکان دەسووتێن، تەنیا ئێکۆلۆژیا نییە کە دەمرێت. ناسنامە لە ئاگرەکەدا دەسووتێت.
.

قوربانییانی ئاگر لە زاگرۆس؛ پڕۆژەی ژینۆسایدی ئێکۆلۆژیی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە کوردستان
لەم ڕۆژانەدا کە بڵێسەی ئاگر کێوی ئاویەر لە سنە دەکاتە قوربانی، سێ ناو لە سەر شاخەکانی کوردستان دەنگ دەدەنەوە: خەبات ئەمینی، چیاکۆ یوسفی نژاد و حەمید مورادی. سێ ڕۆڵەی کوردستان، سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی کورد کە نەک لە کارەساتێکی سروشتیدا بەڵکوو لە ناوەڕاستی شەڕێکی ڕانەگەیەندراودا گیانیان لە دەست دا. شەڕی دژەژینگەی داگیرکەر. شەڕێک کە نەک تەنیا دژی سروشتە، بەڵکوو دژی یادەوەری و ناسنامە و بوونی نەتەوەیەکە.
ئەم گیانبەختکردنانە ڕووداو نین. ئەوانە کارەسات نین کە تەنیا لە بێتواناییەوە سەرچاوەیان گرتبێ. ئەم گیانبەختکردنانە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی پڕۆژەیەکی کۆلۆنیالیی ئێکۆلۆژین. پڕۆژەیەک کە ڕێژیمی ئێران بە بێدەنگی لە ڕێگای ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستاندەوە جێبەجێی دەکات. ئەو دەسەڵاتەی دەبوایە سامانە سروشتییەکان بپارێزێت، ئێستا بووەتە ئامرازی لەناوبردنی ئەو ژینگەیە. هۆکارەکەش تەنیا داگیرکارییە. خەبات و چیاکۆ و حەمید، نەک وەک قوربانیی کارەساتی سروشتی، بەڵکوو وەک شەهیدی بەرخۆدانی ژینگەی دژەداگیرکەری، لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە خاک سپێردران.
لە پرسەکانیاندا هاواری خەڵک شاخەکانی هەژاند. “داگیرکەری ئێرانی، قاتڵی ڕۆڵەمانی!”، “هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێ!” “کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان!”. ئەم دروشمانە تەنیا نیشانەی ماتەمینی نەبوون. ڕاپەڕین بوون. ڕاگەیاندنی شەڕێکی تر لە دڵی ماتەمینەوە دژ به داگیرکەری ئێرانی. خەڵک هاواریان دەکرد کە کوردستان بە ئاگر و خۆڵەمێش لە ناو ناچێ. هەر بڵێسەیەک کە دەکەوێتە سەر دارستان، پریشکێکە لە دڵی خۆڕاگریدا و خەڵکێکی دیکە لە خەو ڕادەچڵەکێنێ و دژ بە داگیرکەر دەیهێنێتە ناو ڕیزەکانی خەبات.
ڕێژیمی ئێران، کوردستان وەک سروشت نابینێت، بەڵکوو وەک سەنگەرێک بۆ سەرکوتی سیاسی چاوی لێ دەکا. ساڵانێکە خەڵکی کوردستان باس لەوە دەکەن کە ئاگرکەوتنەوەکان بە ئەنقەستن و بە هۆی کەسانی سەر بە ڕێژیمەوە ڕوو دەدەن و لە ئاکامی نەبوونی هیچ هاوکارییەکی ڕێژیمدا ئاگرەکان بەرفراوانتر دەبن. باس لەوە دەکرێ کە هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەربەست دروست دەکەن. هەروەها ڕێژیمی ئێران هێلیکۆپتێری ئاگرکوژێنەوە نانێرێتە کوردستان و هەڕەشەکردن لە چالاکوانانی ژینگەش بەردەوامە. ئەمانە پێکهاتەی پڕۆژەیەکی ئامانجدار بۆ لەناوبردنی شوێنی ژیانی نەتەوەی کوردن.
لە چاوی کۆلۆنیالیستدا، خاک تەنیا زەوی نییە؛ بەڵکوو خاک دوژمنە. بەڵام لە چاوی نەتەوەی کۆلۆنیالیزەکراودا خاک، یادەوەری و دواڕۆژێکی گەشە. فرانتس فانۆن لە کتێبی لەبارەی توندوتیژیدا دەنووسێت: “کۆلۆنیالیست، سروشت دەسووتێنێت بۆ ئەوەی یادەوەرییەکانی ئەو خاکە بسووتێنێت. زمان، کولتوور، دیمەن و دارەکان دەبێت هەموویان لە ناو ببرێن بۆ ئەوەی باڵادەستیی داگیرکەر بەردەوام بێت.” لە کوردستان هەموو شاخێک پەناگەی خۆڕاگرییە. هەموو دارێک مۆنۆمێنتی بەرخۆدانە. هەموو داربەڕوویەک دروشمی بەرخۆدانە. هەموو بەهارێک بەڵگەی مانەوەی نەتەوەیە. کاتێک دارستانەکان دەسووتێن، تەنیا ئێکۆلۆژیا نییە کە دەمرێت. ناسنامە لە ئاگرەکەدا دەسووتێت.
ڕێژیمی ئێران لە کوردستان تێکەڵەیەک لە سێ سیاسەتی بە کار هێناوە. یەکەم: ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی کوردستان. دووهەم: سەرکوتی ئەمنی. سێیەم، کە ئەمڕۆ بە ڕوونی دەبینرێت، لەناوبردنی سیستماتیکی ژینگە. ئاماژەکان ڕوونن: تەرخاننەکردنی بوودجە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر، دەستبەسەرکردن و هەوڵدان بۆ تۆقاندنی چالاکانی ژینگەپارێز، پێنەدانی کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە و لەناوبردنی بە ئەنقەستی سامانە سروشتییەکان بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی یان ڕێگای ئەمنی. ئەم سیاسەتە نەک هەر مرۆڤ لە خاک جیا دەکاتەوە، بەڵکوو خاکیش دەکاتە مەیدانی ئۆپێراسیۆنی کۆلۆنیالیزم.
لە نەریتی کوردیدا سروشت تەنیا ژینگە نییە، بەڵکوو بەشێکە لە قەوارەی کولتووری و سیاسی و مانەوەی نەتەوەی کورد. دارستان و لەوەڕگە و ڕووبار و شاخ و دار و خاک، هەموویان یادەوەریی نەتەوەیین. سووتانی دارستانەکان، نکۆڵیکردن لە مێژوو و بەتاڵکردنەوەی یادەوەریی بەرخۆدانە. هەر دارێک ببڕدرێت، هەر بەهارێک کە وشک دەبێتەوە و هەر شاخێک کە دەتەقێنرێتەوە، بەشێک لە جەستەی نەتەوەی کورد بریندار دەبێ.
دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو چەندین جار جەختی لەوە کردبووەوە: “میللەتێک چیا و ڕووبار و دارەکانی لێ بسەندرێتەوە، چیتر شەڕ ناکات، چونکە هیچی نییە شەڕی بۆ بکات، بەڵام ئێمەی کورد لەگەڵ شاخ دەژین، لەگەڵ شاخ خۆڕاگری دەکەین”. ئەم لێدوانە دەربڕینێکی شیعری نییە، بەڵکوو دەربڕینێکی ڕوونە بۆ پەیوەندیی نێوان نەتەوە و جوگرافیا. بۆیە لە کوردستان، پاراستنی سروشت کردەیەکی شۆڕشگێڕانەیە.
ڕێژیمی ئێران نەک هەر هیچ وڵامێکی فەرمیی بۆ هۆکارەکانی گیانبەختکردنی خەبات، چیاکۆ و حەمید نەداوەتەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی زیادکردنی سەرکوتەوە، بێدەنگیی کردووتە کەرەستەی نکۆڵیکردن. هەروەها هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بۆ هۆکارەکانی ئەم گیانبەختکردنانە ئەنجام نەدراون. هیچ پرسە و سەرەخۆشییەکیش لە لایەن ڕێژیمەوە نەهاتووە.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەکان چالاکتر بوون. نەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە، بەڵکوو بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە دەیانگوت: “بۆچی ناهێڵن ئاگرەکە بکوژێنینەوە؟ بۆچی هێلیکۆپتێرێک نانێرن؟ بۆچی ڕێگە دەدەن ژینگەی کوردستان بسووتێت؟”
خەبات ئەمینی و چیاکۆ یوسفی نژاد و حەمید مورادی، پێشمەرگەی بێ چەک بەڵام خۆنەویست بوون. پارێزەری خاک، دار و شاخ بوون. ژیانی خۆیان بۆ ئێکۆسیستمی کوردستان دژ بە داگیرکەر بەخت کرد.
ئەمڕۆ زاگرۆس شایەتحاڵێکی زیندووە بۆ ژینۆسایدێکی بێدەنگ کە دەبێت بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیەوە ناوی لێ بنرێت: کۆلۆنیکردنی سروشت، کۆلۆنیکردنی خاک، کۆلۆنیکردنی یادەوەری. وڵامی ئەم دۆخە جگە لە بەرخۆدان هیچی تر ناتوانێ بێت. بەرخۆدانێک کە لە دڵی هەر تۆوێکی چێنراو و هەر ڕووبارێک کە نۆژەن دەکرێتەوە و هەموو دارستانێک کە دەچێنرێتەوە، مانای خۆی دەدۆزێتەوە. بەرخۆدانێک کە لە خاکەوە هەڵدەستێت، شەڕ بۆ خاک دەکات و لەگەڵ خاکدا ئازادی بە دەست دەهێنێت.
فانۆن دەڵێت: “کۆلۆنیالیزم نەک هەر مرۆڤ، بەڵکوو خاکیش بە کۆیلە دەکات. بەڵام خاکیش ئازاد دەبێت ئەگەر خەڵک شەڕی بۆ بکەن”.
لە کوردستانیش وەک دەبینرێ، هێشتاش خەڵک گیانی خۆی بۆ ئەم خاکە بەخت دەکات واتە هێشتا ئاسۆی دژەداگیرکاری ڕوونە.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]
خودکارەکەی قاسملوو
خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]







