لۆژیکی پارچەپارچەکردن – “بەرگریی مۆزاییکی”ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا

هێلینا باوەرینفایند

یەکێ لە پارادۆکسەکانی ململانێ هاوچەرخەکان ئەوەیە، کە باڵادەستیی سەربازی حەتمن بە واتای کۆنترۆڵی سیاسی نایەت.
لەکاتێکدا واشنتۆن و ئۆرشەلیم جەخت دەکەنەوە کە کۆنترۆڵی سەربازیی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێرانیان لەژێردەستە – چ لە وشکانی و چ لە دەریا – چاودێرانی ناوچەکە وێنەیەکی جیاواز دەکێشن.
یەکێک لەوان، کە پیاوێکی ئایینیی عێراقییە و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ تۆڕە شیعەکاندا هەیە، ستراتیژییەک وەسف دەکات کە لە ڕوانگەی ئەوەوە هاوسەنگیی هێزی ئێستا ڕوون دەکاتەوە: ئەوەی پێی دەوترێت “بەرگریی مۆزاییکی”.

ئەم چەمکە نوێ نییە، بەڵام بەکارهێنانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستادا کوالێتییەکی نوێی وەرگرتووە.
بیرۆکە بنەڕەتییەکە هێندە سادەیە، هێندەش کاریگەرە: لەبری پێکهاتەیەکی سەربازیی ناوەندی، تۆڕێک لە یەکە جیاوازەکان کار دەکەن.
هەر “تەوەرەیەک” – جا میلیشیا بێت، ناوەندێکی لۆجستی یان شانەیەکی کارایی – ئەرکێکی دیاریکراوی هەیە و لە ڕووی ڕێکخستنەوە لەوانی تر جیاکراوەتەوە.

سەرکردایەتی، تەقەمەنی و لۆجستی نەک هەر نامەرکەزین، بەڵکو بە ئەنقەست لە یەکتر دابڕێنراون. بۆیە لەکارکەوتن یان تێکشکاندنی یەکەیەک، کەمترین کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر یەکەکانی تر دەبێت. ئەم سیستمە لە مۆزاییک دەچێت: ئەگەر بەردێک لابدەیت، وێنەکە بە گشتی وەک خۆی دەمێنێتەوە.
بەپێی گێڕانەوەی سەرچاوە هەرێمییەکان، ئەم پێکهاتەیە تەنها چەند مانگێک لەمەوبەر بە شێوەی ئێستای داڕێژراوە. دەوترێت ئەمە کاردانەوەیەکە بۆ پێشبینیی هێرشی ئاسمانی و ئەلیکترۆنیی چڕ، و هەروەها ئەزموونی ململانێکانی ڕابردوو کە تێیدا پێکهاتەکانی فەرماندەیی و دابینکردنی ناوەندی بە خێرایی لەناو دەبران.
پیاوە ئایینییە عێراقییەکە بەم شێوەیە دەیخاتە ڕوو: “کاتێک تەوەرەیەک دەکەوێتە مەترسییەوە، تەوەرەکانی تر دەتوانن مەترسییەکە گەمارۆ بدەن. جەنگ بەردەوام دەبێت.”

ئەم لۆژیکی پارچەپارچەکردنە نەک هەر بەرەنگاربوونەوەی سەربازی قورس دەکات، بەڵکو لێکدانەوەی سیاسیی ڕووداوەکانیش ئاڵۆز دەکات. چونکە هاوتەریب لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ململانێیەکی دووەم بەڕێوە دەچێت: ململانێ لەسەر “تێگەیشتن لە کۆنترۆڵ”. ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە کۆنترۆڵی ڕۆژئاوای کۆماری ئیسلامی و ئاوە سنوورییەکانیان کردووە. بەڵام لە ناوچەکەدا پرسیارێکی تر دەکرێت: ئەگەر ئەم کۆنترۆڵە هێندە گشتگیرە، ئەی ئەو درۆن و موشەکانە لەکوێوە دێن کە هێشتا دەگەنە ئامانجەکانی کەنداو یان نێردە دیپلۆماسییەکان؟
پیاوە ئایینییەکە دەڵێت: “ئێمە هەڵدانی موشەکەکان بە چاوی خۆمان دەبینین. درۆنەکان لە ڕۆژئاواوە دێن.”
ئەوەی کە ئایا ئەم گێڕانەوەیە تەواو ڕاستە، سەختە پشتڕاست بکرێتەوە. بەڵام تەنها بوونی ئەم گومانانە ئاماژەیە بۆ کێشەیەکی گەیاندنی ستراتیژی: ئەوەی بانگەشەی کۆنترۆڵ دەکات، دەبێت نیشانیشی بدات.
لێرەدا یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ستراتیژیی مۆزاییکی دەردەکەوێت. ئەم ستراتیژییە “دڵنیانەبوون” بەرهەم دەهێنێت. هێرشەکان بە ئەستەم دەخرێنە ئەستۆی لایەنێکی دیاریکراو؛ پێکهاتەکان لە سێبەردا دەمێننەوە؛ بەرپرسیارێتی دابەش دەبێت بۆ چەندین پارچەی بچووک – ڕێک وەک خودی مۆزاییکەکە.
بۆ واشنتۆن و ئۆرشەلیم، ئەمە دەبێتە دووڕیانێک. لێدانە سەربازییەکان دەتوانن پێکهاتە تاکەکان بپێکن، بەڵام کەمجار سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە بەدەست دەهێنن. لە هەمان کاتدا، ئەو هەستە دەمێنێتەوە کە دوژمن سەرەڕای زیانە قورسەکان، هێشتا توانای کارکردنی هەیە.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: چۆن دەوڵەتێک دەتوانێت دوای هێرشی یەک لە دوای یەک، هێشتا کاردانەوەی هەبێت؟
وەڵامێکی گونجاو لەو پێکهاتەیەدایە کە وەسف کرا. سیستمێک لە شانە سەربەخۆکان دەتوانێت زیانەکان هەرس بکات بەبێ ئەوەی بە تەواوی بڕووخێت. ئەمە لە سوپایەکی کلاسیکی کەمتر کارایە – بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو خۆڕاگرترە.

لە دیبەیتە ستراتیژییەکانی ناوچەکەدا، ئەم تێگەیشتنە زیاتر و زیاتر دەبەسترێتەوە بە ململانێیەکی نوێوە، کە لە ناوەندە سەربازییەکاندا وەک وانەیەک سەیر دەکرێت: ئەوەی پێی دەوترێت “جەنگی دوازدە ڕۆژە”. لەوێدا دەرکەوت کە جەنگی هاوچەرخ چیتر تەنها بە هێزی ئاگر بڕیاری لەسەر نادرێت، بەڵکو بە توانای خۆگونجاندن، نامەرکەزییەت و کۆنترۆڵی زانیارییەکانە.

ئەگەر ئەم لێکدانەوەیە ڕاست دەرچێت، بەرگریی مۆزاییکی دەکرێت شتێک بێت، زیاتر لە تەنها کاردانەوەیەکی کاتی بۆ پەستانی دەرەکی. بەڵکو دەبێتە دەربڕینی خۆگونجاندنێکی درێژخایەن لەگەڵ جیهانێکدا، کە تێیدا باڵادەستیی سەربازی دەتوانێت وێران بکات، بەڵام لزۆمەن ناتوانێت سەقامگیری دروست بکات.
تێگەیشتنی ڕاستەقینەی ئەم ململانێیە لەوانەیە کەمتر لە لێدانە دیارەکاندا بێت، بەڵکو زیاتر لەو پێکهاتەیەدایە کە لە بەرامبەریاندا دەمێنێتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٢ی ڕەشەمەی  ٢٧٢٥ی کوردی

باوەرنفایند، هێلینا(٢٠٢٦): لۆژیکی پارچەپارچەکردن – “بەرگریی مۆزاییکی”ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە شاهۆ حەسەنپوور پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە لە پلانی فێربوون و خوێندنی[1] وەڵاتی سوئێد دا بابەتی [...]

  • ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی دانا حەمید ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی [...]

  • ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم تەها ڕەحیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم نزیکەی زۆربەی هەرە زۆری ئەم ڕووداوە سیاسییانەی لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن یان بەرەو ڕوودانن، [...]

  • سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" سولەیمان چوکەڵی سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بە کوێ دەبێ بگوترێ "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و سنوورەکانیشی تا کوێ دەبێ درێژ ببنەوە؟ هەستیاریی هەلومەرجەکە هانی دام تا بابەتی جوگرافیا و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی [...]

  • شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی هیوا جەمال شۆڕشی کەزی لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت [...]