بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی
جەعفەری، ئەسکەندەر (٢٠٢٥): ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
فانۆن بە ڕوونی دەڵێت: کۆلۆنیالیست نەک هەر خاک داگیر دەکات، بەڵکو ڕۆحی کۆلۆنیش داگیر دەکات. ناسنامەی کۆلۆنیکراو دەگۆڕێت و دەیکاتە برینێک کە ساڕێژی پێویستە. ئێش و ژان دەگاتە ئاستێک کە کۆلۆنیالیزەکراو شەرم لە خۆی دەکا و ڕقی لە خۆی هەڵدەستێ و هیواخوازە کە هاوشێوەی کۆلۆنیالیستەکە بێ. ئەمە هەمان ئەو دۆخەیە کە حکوومەتی ئێران لە بەرامبەر نەتەوەی کورد دروستی کردووە: ڕەتکردنەوەی زمانی کوردی، ڕەتکردنەوەی خوێندن بە زمانی دایک، ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتداریی کورد بە سەر کوردستاندا- و هەموویان لە ژێر سایەی “یەکێتیی نەتەوەیی پیرۆزی ئاریایی”دا کە جگە لە بەندیخانەی کۆلۆنیالیزم هیچی تر نییە.
ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم
لە جوگرافیای خوێناویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، “کوردبوون” تەنیا شوناسێکی کولتووری نییە؛ ناسنامەیەک بۆ ناسینەوەی دوژمنە. دوژمنێک کە لە هەر قوژبنێکی کوردستان ناوێکی جیاوازی هەیە. بەڵام جەوهەری دوژمنەکان وەک یەکە؛ فاشیزم و کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، تورکی، عەرەبی. دوژمنێک کە لە ڕۆژی یەکەمەوە بە سنووری دەستکرد و ڕێککەوتنی ئیمپریالیستیی سایکس پیکۆ، هەوڵی قووتدانی نەتەوەی کوردی داوە. بەڵام ئەوەی ئەم نەتەوەیەی بە زیندوویی هێشتۆتەوە، جگە لە ڕەگەز و زمان، ئیرادەیەکی مێژوویی بۆ بەرەنگاربوونەوەیە.
لە نێو ئەو کۆلۆنیالیستانەدا فاشیزمی ناوەندگەرای ئێران نەک هەر سەرکوتکەرتر بەڵکو لە ئەوانەی دیکە فێڵبازتر بووە. ئەوەی فرانتس فانۆن سەبارەت بە کۆلۆنیالیزمی فرانسی لە جەزائیر دەیڵێت، لە کرماشان، ئیلام، ئورمیە و مەهابادیش هەستی پێ دەکرێت. کۆلۆنیالیستی ئێرانی خۆی وەک “داگیرکەر” ناناسێنێ، بەڵکو بە جلوبەرگی “شارستانیەتی کۆن” و “یەکێتیی نەتەوەیی” و “جیهانیگەرایی چەپ”ەوە خۆی وەک ڕزگارکەر ناو دەبات، وەک سەرباز و مامۆستا و ڕۆژنامەنووس دێتە کوردستان؛ هاوکات کە هەڵگری تانکە بۆ داگیرکردنی خاک، هەڵگری کتێبی مێژووی داگیرکەر، زمانی داسەپێنەر و هەوڵی سانسۆر، ئینکاری ناسنامە و دەستبەسەرداگرتنی کولتوورە بۆ داگیرکردنی هەستی کوردبوون.
لە شۆڕشی ناسراو بە مەشرووتەوە تا کۆماری ئیسلامی، هیچ حکوومەتێک لە تاران دانی بە کورددا نەناوە. نەک هەر دەسەڵاتدارەکان، بەڵکوو تەنانەت ڕۆشنبیرە چەپەکانی تاران و تەورێز و ئیسفەهانیش، کاتێک دێنە سەر مژاری کورد، هەمان ڕوانگەی ئەمنیەتیی دەسەڵاتی پاشایەتی و مەلاکانیان هەیە کە دەڵێ: “ئێمە هەموومان ئێرانیین، بۆیە شتێک نییە بە ناوی ناسنامەی کوردی”. ئەم دروشمە لە ڕووی دەرەکییەوە جیهانیگەراییە، بەڵام لە ڕاستیدا زمانی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییە. وەک فانۆن دەڵێت، کۆڵۆنیالیست سەرەتا زمانەکەت لێ دەستێنێ، پاشان یادەوەریت و دواجار بوونت لێ دەستێنێ.
فانۆن بە ڕوونی دەڵێت: کۆلۆنیالیست نەک هەر خاک داگیر دەکات، بەڵکو ڕۆحی کۆلۆنیش داگیر دەکات. ناسنامەی کۆلۆنیکراو دەگۆڕێت و دەیکاتە برینێک کە ساڕێژی پێویستە. ئێش و ژان دەگاتە ئاستێک کە کۆلۆنیالیزەکراو شەرم لە خۆی دەکا و ڕقی لە خۆی هەڵدەستێ و هیواخوازە کە هاوشێوەی کۆلۆنیالیستەکە بێ. ئەمە هەمان ئەو دۆخەیە کە حکوومەتی ئێران لە بەرامبەر نەتەوەی کورد دروستی کردووە: ڕەتکردنەوەی زمانی کوردی، ڕەتکردنەوەی خوێندن بە زمانی دایک، ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتداریی کورد بە سەر کوردستاندا- و هەموویان لە ژێر سایەی “یەکێتیی نەتەوەیی پیرۆزی ئاریایی”دا کە جگە لە بەندیخانەی کۆلۆنیالیزم هیچی تر نییە.
مێژووی چەپەکانی ئێران پڕە لە دروشمی سۆسیالیستیی جوان بەڵام کاتێک دەگاتە مژاری کوردستان، یەکسەر ڕەنگێکی سەربازی و ئەمنییان پێوە دیارە. ئەوانەی لە تاران خۆیان بە “چەپ” ناو دەبرد، یان لە کوردستان ستەمکاریان دەکرد یانیش بینەری ئەم ستەمکارییە بوون و دەنگیان لێوە نەدەهات. فرانتس فانۆن دەڵێ: “ئەگەر ڕۆشنبیری کۆلۆنیکراو باوەڕی بە ئازادی هەبێت، دەبێت لە ڕێزەکانی بەرخۆداندا بێت نەک لە سەر مێزی دانوستان لەگەڵ کۆلۆنیالیزم.”
دروشمی “یەکێتیی پرۆلیتاری” کاتێک بێمانایە کە پرۆلیتاریای کورد مافی ئەوەی نییە بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت، مێژووی خۆی بنووسێتەوە، یان تەنانەت ناوی ڕاستەقینەی شاخ و ڕووبار و شارەکانیشی بپارێزێت. چەپێکی نانەتەوەیی ئەو چەپە درۆینەیە کە فانۆن ڕەخنەی لێ دەگرت: “چەپێک کە لە ناو کۆلۆنیالیزمەوە سەرچاوە دەگرێ و لەبری ئەوەی لەگەڵ گەلانی ستەملێکراودا دژ بە داگیرکەر بوەستێت، زمانی کۆلۆنیالیزم دووبارە دەکاتەوە.”
ئەمڕۆ “کوردبوون” بە واتای بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەزمە کۆلۆنیالیستییە ئێرانییە کە سنوورەکانی سایکس پیکۆ وەک سنوورگەلی پیرۆز ناوزەد دەکات. فاشیزمی ئێران بە تێکەڵەیەک لە شۆڤێنیزمی فارس و ئینتێرناسیۆنالیزمی ساختە، پڕۆژەیەک بەرەوپێش دەبات کە ئامانجی توانەوەی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە ژێر پەردەی ناسیۆنالیزمی ساختەدایە. وەک فانۆن وتی کۆلۆنیالیست هەوڵ دەدات فرەچەشنیی نەتەوەیی و زمانەوانی، وەک دوژمنی یەکگرتوویی بناسێنێ، لە کاتێکدا ئەم یەکگرتووییە هیچ شتێک نییە جگە لە داگیرکەری.
کوردبوون واتە باوەڕبوون بە مافی چارەی خۆنووسین؛ واتە مافی هەڵکردنی ئاڵا، مافی ئەوەی بڵێین ئەمە خاکی منە نەک حەوشەی پشتەوەی تاران. واتە مافی واژۆکردنی گرێبەستی نەوت بە بێ مۆڵەتی وەزارەتی ئیتلاعات، واتە مافی دروستکردنی قوتابخانە و پارلمان و ڕاگەیاندن و مێژوو، واتە مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی.
هەم فرانتس فانۆن و هەم دکتۆر قاسملوو لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی هاوڕان. فانۆن دەڵێ: نەتەوەی کۆلۆنیزەکراو ئەگەر بیەوێت ئازاد بێت، دەبێت لە دژی زمانی کۆلۆنیالیست، دژی مێژووی کۆلۆنیالیزم و هەروەها دژ به ناسنامەی سەپێنراو خەبات بکات. قاسملووش بە چەپی ناوەندگرای دەگوت: “دادپەروەری بە بێ ئازادیی نەتەوەیی، درۆیە.”
نابێ چاوەڕوانیمان هەبێ کە تاران، مافی چارەی خۆنووسین وەک خێر بدات بە کورد. کورد ئەگەر لەم سەدساڵەدا شتێک فێر بووبێت، ئەوە ئەمەیە: هەر جارێک متمانەی بەو ناوەندە کردبێ، کۆمەڵکوژ کراوە و زۆرتر لە جاران هەوڵی لەناوبردنی دراوه. ئەمە ئەو ئەزموونە مێژووییەیە کە فانۆن ناوی “توندوتیژی بۆ سڕینەوەی کۆلۆنی”ی لێ ناوە و دەڵێ: نەتەوەیەک کە خوێنی ڕژاوە، دەبێ فێر بێت کە بڕوا بە بەڵێنەکانی کۆلۆنیالیست نەکا و فریو نەدرێت.
تاکە ڕێگا بۆ کۆتاییهێنان بە فاشیزمی ئێرانی و کۆلۆنیالیزمی ئێرانی و چەوساندنەوەی سیستماتیک، بنیاتنانی کوردستانێکی ئازادە. کوردستانێک کە لە بارەی ناسنامەی خۆیەوە سازان و ڕێکەوتن لەگەڵ داگیرکەر نەکات؛ هەر چەپێک کە هەوڵی سەربەخۆیی تێدا نەبێ، لایەنگری داگیرکەرییە و چەپی ڕاستەقینە، لەگەڵ سەربەخۆیی و دادپەروەریدایە.
چەپگەرایی کوردستانی بە واتای سۆسیالیزمە کە ڕەگ و ڕیشەی لە خاک، لە شاخ و لە زمانی دایکیدا هەیە. سۆسیالیزمێک کە دروشمەکەی لە دڵی ئازار و بەرخۆدانەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە کتێبخانەی نوخبەی پایتەختی داگیرکەرەوە. چەپی بێ شوناسی کورد، هەمان چەپی تارانە: دروشمێکە بۆ بەکارهێنان، کەڵکاژۆوەرگرتن و ڕەواییدان بە داگیرکەری.
چەپی ڕاستەقینەی کورد دەبێ بە دەنگی بەرز بڵێت: سەربەخۆیی کوردستان مەرجێکە بۆ دادپەروەریی چینایەتی. نەتەوەی کورد دەبێت دەوڵەتی خۆی هەبێت، قوتابخانەی خۆی و هەروەها سوپای خۆی هەبێت. وەک فانۆن دەڵێت شۆڕش بە سواڵکردن و دانوستاندن بەدی نایەت، بەڵکوو بە ئیرادە و دەسەڵات بەدی دێت. نەتەوەی داگیرکراو دەبێت خۆی لە کۆت و بەندەکانی داگیرکەر ڕزگار بکات، نەک چاوەڕێ بکات کە کۆلۆنیالیست ڕزگاریی بداتێ.
لە بەرامبەر فاشیزم و کۆلۆنیالیزمی ئێرانیدا، کوردبوون هەڵوێستێکی کولتووری نییە؛ بەرخۆدان و خەباتە. بە واتای وەستان شان بە شان بەرامبەر بە داگیرکەرێکی پڕچەک، خەبات دژ بە پڕۆژەی جینۆسایدی کولتووری، دژی سانسۆر و لە سێدارەدان و دەربەدەری. ئەمە “ئیرادەی شۆڕشگێڕانە”یە کە دێتە واتای پاراستنی خوێنی کۆبانی، ئورمیە، کرماشان، ئامەد، گەلیێ زیلان، هەڵەبجە، مەهاباد، قامشلۆ، هەولێر و سنە. هەروەها هەوڵدانە بۆ پاراستنی ئەو زمانەیە کە داگیرکەران دەیانویست بینێژن.
ئەگەر کورد و چەپ بیت، پێویستە بیر لە سەربەخۆیی کوردستان بکەیتەوە. ئەگەر چەپ بیت و کێشەت لەگەڵ کوردبوون هەیە، ئەوا بەشێکیت لە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی. کورد بە بێ دەوڵەتی کوردستان ناگاتە ئازادی. هەروەها بە بێ قەبووڵکردنی ناسنامەی کوردی، هیچ دادپەروەرییەک لە گۆڕێدا نییە. بۆیە لەم جوغڕافیایەدا، کوردبوون ناسنامەیەک بۆ ناسینەوەی دوژمنە.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
گۆڕینی ژینگەی کۆنترۆڵ لە زیندانەوە بۆ کۆمەڵگا: سەپاندنی سوڵتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
ژیان و تێکۆشانی یارسانییەکان لە مێژووی سیاسیی ئێراندا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]