ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی
دانا حەمید
ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی
لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی هێز» وەک خۆی، کە بریتییە لە غەریزەی ژیان، گەشەکردن، بنیادنان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا؛ «ئیرادەی لاوازی» یان ڕق لە ژیان، کە بریتییە لە غەریزەی مەرگ، وێرانکاریی، تۆڵەسەندنەوە و ڕەتکردنەوەی هەر شتێک کە بەهێز و جیاواز و زیندووە. لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم بەرخۆدانە لە فۆرمێکی کۆنکرێتیدا خۆی بەرجەستە دەکات؛ لە لایەک، پڕۆژەیەکی سیاسیی کە هەوڵدەدات لەناو دۆزەخی شەڕدا، پارادایمێکی ژیاندۆستانە دابڕێژێت کە لەسەر بنەماکانی فرەیی، پێکەوەژیان و ئازادی بنیادنراوە. لە بەرامبەردا، هێزێکی پووچگەرا وەستاوە کە جەوهەرەکەی بریتییە لە غەریزەی مەرگ؛ هێزێک کە لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیایەکی ڕەهاگەرایی داخراوەوە، هەوڵی سڕینەوەی هەموو جیاوازییەک و سەپاندنی یەکڕەنگییەکی مەرگئاسا دەدات. ئەمە شەڕی نێوان دوو جیهانبینییە: جیهانبینیی «بوون لەناو فرەییدا» بەرامبەر بە جیهانبینیی «نەبوون لەناو یەکڕەنگیدا».
لەم بەستێنە چارەنووسسازەدا، لە فەزای سیاسیی باشووری کوردستاندا، فۆرمێکی پاتۆلۆژی لە هۆشیاریی نەتەوەیی سەریهەڵداوە کە دەتوانین ناوی بنێین ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ و فەیسبوکی. ئەم حاڵەتە و لە هەندێ شوێندا بووە بە دیاردە، لە بنەڕەتدا، گواستنەوەی ململانێ وجودییەکەیە لە بەرەکانی شەڕی ڕاستەقینەوە بۆ بەرەیەکی شەڕی خەیاڵی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. لێرەدا، کردەی شۆڕشگێڕانە لە قوربانیدان و بنیادنانەوە کورت دەکرێتەوە بۆ کردەی پۆستکردن. لایەنگرانی ئەم ڕەوتە، کە لە دۆخێکی «نامۆبوونی سیاسیی»ـدا دەژین، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی نمایشێکی حەماسیی بێوچانەوە، ئەو بۆشاییە وجودییە پڕ بکەنەوە کە لە نێوان واقیعی تاڵی خۆیان و ئایدیالی بەرگریی نەتەوەییدا دروست بووە. بەڵام کاتێک لە پێکهاتەیی لۆژیکی ئەم گوتارە ورد دەبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە جەوهەردا، هەمان میکانیزمەکانی گوتاری توندڕەویی دینی بەکاردەهێنێت.
ئامرازی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ بریتییە لە پڕۆسەی تەخوینکردن، کە هاوتایەکی سیکولاری چەمکی تەکفیرە. هەردووکیان لەسەر لۆژیکێکی دوالیزمیی سادە کار دەکەن: دابەشکردنی جیهان بۆ دوو بەرەی ڕەها، ئێمەی خاوەن حەقیقەتی ڕەها و ئەوانی جەستەبووی شەڕ و خیانەت. لەم سیستەمە داخراوەدا، «ئەویتر»ـی جیاواز لە ڕووی فیکرییەوە، وەک هەڕەشەیەکی وجودی سەیر دەکرێت نەک وەک شەریکێکی نیشتمانی. هەر پرسیارێکی ڕەخنەیی، هەر خوێندنەوەیەکی جیاواز، یان هەر هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی دۆخەکە، یەکسەر وەک خیانەت و جاشایەتی لێکدەدرێتەوە. ئەمە لە بنەڕەتدا، تیرۆری فیکرییە؛ هەوڵێکە بۆ کوشتنی ئەویتر لە ڕووی مەعنەوییەوە، پێش ئەوەی وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و ڕا دانی پێدا بنرێت. ئامانج لێرەدا گەیشتن بە ڕاستی نییە، بەڵکو سەپاندنی مۆنۆپۆلێکە بەسەر خودی واقیعدا.
دەرەنجامە وێرانکەرەکانی ئەم پاتۆلۆژیایە لە چەند ئاستێکدا خۆیان نمایش دەکەن. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی-دەروونی، دەبێتە هۆی دروستکردنی فەزایەکی گشتی ژەهراویی کە تێیدا متمانە و وتوێژ لەناو دەچن و زمانی سووکایەتی و توندوتیژی دەبێتە زمانی باو. ئەمە ڕێگا بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژیی فیزیکی خۆش دەکات، چونکە کاتێک ئەویتر لە ڕووی سیمبۆڵییەوە دەکوژرێت و لە مرۆڤایەتی دادەماڵرێت، ئەوا لەناوبردنی فیزیکیشی ئاسانتر دەبێت. لەسەر ئاستی ستراتیژیی نەتەوەیی، ئەم حاڵەت و دیاردەیە دەبێتە هۆی خۆکوژییەکی سیاسی؛ وزە و توانای نەتەوەیەک کە دەبوو لە دژی هەڕەشە وجودییە دەرەکییەکان یەکبخرێت، لە شەڕێکی ناوخۆیی بێهودە و خەیاڵیدا بەفیڕۆ دەدرێت. ئەمە گەورەترین خزمەتە بە غەریزەی مەرگدۆستیی دوژمن، چونکە کاتێک ئێمە خەریکی لەناوبردنی ناوخۆیی خۆمانین، ئەوان بە ئاسانی دەتوانن پڕۆژە وێرانکارییەکەیان جێبەجێ بکەن.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
Nothing Found
ئێران و ئۆختاپووس و سنوورەکانی هێز
نووسەر: عەبدورەحمان ئەڕاشد و:هێرش پاڵانی راوەدوونانی بەربڵاوی فەرماندەرانی سپای پاسداران و ڵانەورێز کردنیان لە لایەن ئیسڕائیل و ئەمریکاوە لە سووریا و لوبنان، کە تۆڕێکی بەرفراوانی پراکسیەکانی ئێران تێیدا وەک قۆڵەکانی ئۆختاپووس لە پەلهاویشتندان و [...]
بەرخۆدانی ڕۆژانە
شەهلا دەباغی ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک لە ڕۆژانی ژێر ڕنووکەوتنی سێ شاخەوانی کورد، هەرەوەزێکی جەماوەری لە ناوچەی نەغەدە و شنۆ بۆ دیتنەوە و ڕزگارکردنیان کرا و تەنانەت لە هەموو شارەکانی دیکەش خەڵک بەهانای خەڵکی [...]
چی لەسەر دێموکراسیی ژینگەیی دەزانین؟ پەرەپێدانی دێموکراسیی ژینگەیی لە ئێرانی داهاتوودا
نووسینی: د. داوود ڕەسووڵی PhD, Soil & Water Conservation پێشەکی: دێموکراسیی ژینگەیی (Environmental Democracy) چەمکێکی چارەنووسسازە کە بەردەوامیی ژینگەیی و دەسەڵاتداریی دێموکراسی لەخۆ دەگرێت. دان بە مافی سروشتیی هەموو هاوڵاتییەکدا دەنێت بۆ بەشداری لە پڕۆسەکانی [...]
گنگستریسم الهیاتی، مرگ سیاست
نویسنده: بهار حسینی مدیریت سیاسی جمعیتهای انسانی از طریق قرار دادن آنها در معرض مرگ به یک پدیده مشمئز کننده در جمهوری اسلامی تبدیل شده است. جنگها، نسلکشیها، بحران پناهجویان، تخریب محیط زیست و فرایندهای [...]
مۆدێلی سۆلۆ: “داهێنان و گەشەی تەکنەلۆژی: میراتی ئابووری ڕۆبەرت سۆلۆ کە دیمەنی ئابووری گۆڕی ! “
نووسەر و چالاکی سیاسی ڕۆبێرت سۆلۆ کەسایەتییەکی لە مێژووی جیهانی ئابووریدا، بەتایبەتی لە تیۆری گەشەی ئابووریدا. ناوی ئەو وەک پایەیەک لە نێو ئابووریناسە بەرچاوەکانی سەدەی بیستەمدا وەستاوە و لە ساڵی ١٩٧٨ [...]
ستراتێژییە جێگرەوەکان دژی ڕێژیمی ئێران لە نێوان تیۆری و پراکتیکدا
نووسەر و چالاکی سیاسی کورد لە سەردەمی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پەیوەندییە ئاڵۆزەکاندا، پرسی سیاسەتێکی کاریگەر بەرانبەر بە ئێران لە ناوەندی زۆرێک لە باسە جیهانییەکاندایە. دۆزینەوەی ئەم هاوسەنگییە لە نێوان فشار و [...]







