هەڵگورد جەوانمەردی
پێشەکی:
نەورۆز وەکوو یەکەمین ڕۆژی سەری ساڵی کوردی، جەژنێکی نەتەوەییی کورد بە هەژمار دێت. ئەم جەژنە یەکێک لە گرنگترین بۆنەکانی کوردە کە تا ئێستا نەتەوەی کورد پەیوەندیی خۆی لەگەڵ نەپچڕاندووە. گرنگیی نەورۆز تا ڕادەیەکە کە کوردستانییانی هەر چوار پارچە (باشوور، باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات) بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕن و بەرزی ڕادەگرن. لەم وتارەدا دەمەوێت باس لە یەکدەنگیی وتاری دژەکۆلۆنیالیستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم.
نەورۆز جەژنێکی مێژووییی کوردستانییە و گرینگییەکی زۆری پێ دراوە؛
گرینگیی ئەم بۆنەیە تا ئاستێکە کە ئەحمەدی خانی وەک یەکەمین شاعیر و نووسەری کورد باس لە لایەنی کۆمەڵایەتیی ئەم بۆنەیە دەکات ودەڵێت: پیر و منداڵ لەم ڕۆژەدا یادی نەورۆزیان کردووە و مەولەوی و نالی و هەندێک نووسەری تر وەکوو زیندوو بوونەوەی سروشت باسیان لێ کردووە. لەم ڕوانگەیەوە نەورۆز بۆنەیەکی کوردستانییە کە شاعیران و نووسەرانێکی زۆر باسیان لێ کردووە و گرینگییان پێ داوە و تا ئەمڕۆ ڕۆژبەڕۆژ پڕتین و گڕتر بوە، کە بەشێک لە ڕۆحی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییی ئێمە دروست دەکات و لێوڕێژە لە ڕۆحی یەکگرتوویی و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بۆ ڕاگرتنی شوناسێکی نەتەوەییی هاوبەش. یەکێک لەو وەرچەرخانە بووننناسانەیەی بە سەر نەورۆزدا هات لە چلەکانی سەدەی بیست بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە گردی مامە یارە لە کارێزەکەی وەستا شەریفی شاری سلێمانی، بە دەستی حاجی تۆفێق بەگ (پیرەمێرد) ڕووناکبیر و شاعیری کورد بوو. کە بە بەشداریی جۆرج ئەدمۆنز (نێردراوی بریتانیا) و بە وتنەوەی سروودی دوو شاعیری نەتەوەیی پیرەمێرد و فایەق بێکەس بەڕێوەچوو و چیتر تەنیا وەک بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتووری سەیر نەکرا، بەڵکوو وەکوو چەکێکی دژە داگیرکەر وخەباتێکی نیشتمانی لە بەرانبەر بێگانەدا خۆی دەنواند. ئەمە لە کاتێکدایە کە دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، نزیک بە سەدەیەکە هەوڵی داگیرکردنی “زمان، خاک، مێژوو، کەلتوور، مۆسیقا و …”ی کوردیان داوە و هەوڵی سرینەوەی شوناسی نەتەوەیی و کەلتووریی کوردیان داوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە هەندێک تیۆریی ڕۆژاوایی کەڵکیان وەرگرتوە و کە دەیبەستنەوە بە تیئۆریی ئێرانشاری و بە پراکتیکی دەکەن. بۆ نموونە دروستکردنی دەبیرخانەی جەژنی جیهانیی نەورۆز لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسکەوتەکانی جەژنی جەهانی ساڵی 1389 بو. دواتر ئەم دەبیرخانەیە هاوکات لە گەڵ نەورۆزی 1390 لە کۆمەڵەی کەلتووری_مێژوویی سەعدئاباد دەست بە کار بوو. (خبرگزاری فارس)
ڕێوەڕەسمی دووهەمین جێژنی جیهانیی نەورۆز لە ڕۆژانی شەش، حەوت و هەشتی خاکەلێوەی 1390 بە میوانداریی کۆماری ئیسلامی بە بەشداریی سەرۆک کۆماران و سەرۆک وەزیران بەرێوە چوو. (همشهری آنلاین)
سێهەمین جێژنی جیهانیی نەورۆز لە لایەن ئێرانییەکانەوە لە ساڵی 1391 بە بەشداریی دیپلۆماتە ئێرانییەکان لە تاجیکستان بەرێوە چوو. (خبرگزاری فارس)
سازکردنی ڕێکخراو و لە سەر ئەم بابەتە (بۆ نموونە ڕێکخراوی جیهانیی نەورۆز، ڕێکخراوی نێونەتەوەییی نەورۆز یان یەکیەتیی جیهانیی نەورۆز) بە مەبەستی هاوکاریی وڵاتانی دەوروبەری ئێران بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ناسیۆنالیسمی ئێرانی هەوڵی پەرەدان و بە هی خۆ کردنی نەورۆز و بەرفراوانکردنی سنوورەکانی ئێرانی فەرەنگی دەدەن.
تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی کوردستان:
- بە هێز بوونی شوناسی کوردستانی و کورد بوون لە سەر هەموو ڕەهەندەکانی دیکەوە بووەتە هۆی ئەوەی وێژمانی “کوردستانی” کاریگەری و مانەوەیەکی زێدەی ببێت. کە لێرەدا هۆکارگەلی زاڵێتیی شوناس و کەلتووری کوردستانی سەرچاوە لە بەستێنی مێژوویی و ئایدیۆلۆژییەک دەگرێت کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی خۆیەتی.
- یەکەی شوناسی کوردبوون بووەتە هۆکاری یەکدەنگی و هاودەنگیی گوتاری کوردستانی؛ شوناسێک کە بریتییە لە زمان، مێژوو، دابونەریت، کەلتوور و… نیشان لە ناسنامەیەکی هاوبەش دەدات.
- ڕەسەنایەتی و فرەڕەنگیی نەتەوەی کورد و مێژوودار بوونی لەم خاکە بووەتە هۆی باوەڕبەخۆبوونی هەموو ئایین وئایینزاکانی کوردستان لە بەرانبەر داگیرکەراندا.
بۆنەی نەورۆز و خەباتی دژە کلۆنیالیسمی:
پانتاییی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە تاکوو باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بووە هۆی پەرەپێدانی گوتارێکی دژە کۆلۆنیالیستی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵات. ئەمە لە کاتێکدایە (ئێمە)ی ناسنامەی کوردستانی، تەنیا لە بەرانبەری ئەوی دی (other) دروست نەبووە. بەڵکوو بێجگە لە ئەوی تر، “ئێمە”ی کوردستانی، سازێندراوی خاڵە هاوبەشەکانی زمان، مێژوو، خاک، کەلتوور، بیرەوەری و دەردی هاوبەشە. لە دەرکەوتەکانی دیکە لە نەورۆزی ۲۷۲۴ لە بەرکردنی جلوبەرگی کوردی بە تایبەت کەواوپاتۆڵ و جامانە لەبەری ژنان و پیاواندا بوو کە دەرخەری ئەوەیە ژنان چیدی گرینگییان بە ڕەهەندی جوانیناسیی جوانیگەلێک کە بۆ ژنانیان دیاری کردووە نەدەدا، بەڵکوو وەکوو خۆ توندوتۆڵکردنێک و بیرەوەرییەکی مێژوویی کە ژنان چەندین دەیە لەناو ئەو جلوبەرگەدا بۆ مافە زەوت کراوەکانیان (نەتەوەیی، چینایەتی و ڕەگەزی) خەباتیان کردووە خۆی دەنواند و زیاتر کارکردی خەباتگێڕانەی ئەو جلە گرینگیی پێ دەدرا.
هاتنی بنەماڵەی شەهیدان و بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە و سەما و هەڵپەڕکێی باوکان و دایکانی شەهید دەرخەری هێمایەک لە بەرخۆدان و خەباتی دژە داگیرکەرە. دیسانەوە هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا هەڵپەڕین وەکوو شادی دەربڕین، خوێندنەوەی جوانیناسیی نەورۆزی لێ ناکرێت.
وتنەوەی دروشمەکانی نەورۆز کە بریتی بوون لە هەتا کوردێک بمێنێ کوردستانیش دەمێنێت، ژن ژیان ئازادی، کوردستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان، قاسملوو قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە، ئەوە دەگەیەنێت کە ڕاسانی گەل لە بەرانبەر داگیرکەری لە لووتکەدایە و تاکوو هەر تاکێک لە کوردستاندا مابێت، پارێزگاری لە لە خاک و بەها نەتەوەییەکان دەکات. لەم درووشمانە بە ڕوونی دەردەکەوێت کە هەتا کوردێک بمێنێ کوردستان دەمێنێت نەک ئەوەی ڕووناکبیر و نوخبەی ئێرانی پێیان وا بوو هەر جێگەیەک کوردی لێ بێت ئەو شوێنە ئێرانە.
ئەم تایبەتمەندییە بێ وێنەیە گوتارێک لە چەشنی گوتاری کوردستانی لەسەر بەهای هاوبەش و خەباتی دژە داگیرکەری بەستووەتەوە بە ڕابردوویەک کە لە لایەن دەوڵەت نەتەوەگەلی ئێران بە تایبەت لە سەد ساڵی ڕابردوو نکۆڵیی لێ کراوە. بەربڵاو بوون و بەرفراوانبوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە هەموو گوند و شارۆچکەکانی کوردستان، بەرێکەوت نەبوونی ئەو بۆنەیە و بیچمگرتنی گوتاری خۆیی بوونی سەلماند. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی نەیتوانیوە کورد لە خەبات بۆ مافەکانی خۆی (مافی دیاریکردنی چاڕەنووس و سەروەریی سیاسی) پاشگەز بکاتەوە. بۆنەی نەورۆز نەک وەکوو ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و بۆنەیەکی ئێرانی سەیر نەکرا، بەڵکوو دەرکەوتەکانی ئەوە دەگەیێنێت کە دەزگای ئیدئۆلۆژیکی ئێرانی شکەستی خواردووە و ئەوە مەشخەڵی شۆڕشە کە دراوەتە دەستی نەوەی سەردەم و کورد دژ بە کۆلۆنیالیزمی ئێرانی وێستاوە و بە ناسیۆنیزمی ئێرانی سەلماندووە کە شوناسێکی یەکگرتووی کوردستانی بوونی هەیە و خەبات بۆ کوردایەتی لە لووتکەی خۆیدایە.
کۆتایی:
لە کۆتاییی ئەم وتارەدا دەمەوێت بڵێم هۆی مانەوەی جیژنی نەورۆز و ڕەمزی هەرمانی لە چیدایە؟ بێگومان ئەبێت لە پەیامێک کە نەورۆز دەیگەیەنێت بە شوێنیدا بگەڕێین، کە نەسڵ لە دوای نەسڵ مەشخەڵی بەرز ڕاگرتنەکە نەکوژراوەتەوە. پەیامی نەورۆز بەردەوام لە بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستان بە پێی دۆخێک کە تێیدا ژیاوە سازێندراوە و گۆڕانی بە سەردا هاتووە. نەورۆز بۆنەیەکی ژینهێنەری بووە و شایەد هەر ئەم نوێ بوونەوەیەی هۆکارێکە تا شوناسی کوردی بە درێژاییی مێژوو زیاتر لە هەر بۆنە و جەژنێکی دیکە خۆی لە نەورۆزدا دیوەتەوە ئاوێتەی بووە. لە ئاکامدا سازێنەری بیرێکی سیاسییە کە دەیەوێت دۆخی بندەستی بە چۆکدا بێنێت.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
قاسملووم چۆن بینی؟
قاسملووم چۆن بینی؟ عەلی مازووجی بێگومان، مرۆڤناسی و تێگەیشتن لە دەروونی مرۆڤ کارێکی زۆر ئاسان نییە، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن بەشە جوان، بەهێز، زیرەک و هۆشیارەکانی خۆیان بە دەرەوە [...]
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]







