پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

شاهۆ حەسەنپوور

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

لە پلانی فێربوون و خوێندنی[1] وەڵاتی سوئێد دا بابەتی دێموکراسی ئەرکێکی بنەڕەتییە و ئەم ئەرکە لە سەر بنەمای قانوونەکانی ئەم وەڵاتە داندراوە کە تێیدا یەکێك لە ئامانجەکانی پەروەردە، بارهێنانی منداڵان و لاوانە وەک هاووەڵاتییەکی دێموکرات.

لەم پێوەندییەدا ئاماژە بە دوو خاڵ لە ئامانجەکانی خوێندن و پەروەردە دەکەم کە گرێدراون بە پرسی دێموکراسییەوە: یەکەم بەها مرۆییەکان و ئەرکی خوێندنگە و دووهەم ئامانج و ڕێنماییە گشتییەکان.

بەها مرۆییەکان و ئەرکی خوێندنگە
لەم بەشەدا ئاماژە بە بەها مرۆییەکان دەکرێت و لێرەدا مەبەست پەروەردەکردنی هاووەڵاتیی دێموکراتە، و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ دەستەبەر کردنی دێموکراسی دێتە ئەژمار. ئەم ئەرکەش خراوەتە سەر خوێندنگە.  خوێندنگە دەبێت دەرگای ئاواڵە بێت بۆ بۆچوونە جیاوازەکان و فێرخوازان هانبدات بۆ ئەوەی ئەوان ڕاکانیان دەرببڕن. ئەمە جەخت دەکات لە گرنگی دروستکردنی تاکێک وەک خۆی، نەک تەنیا دووبارەکردنەوەی بۆچوونی کەسانی دیکە وەک لە سیستمی پەروەردەیی کۆنەباودا هەیە.

هەر لەم پێوەندییەدا مامەڵەکردن لەگەڵ زانیایی ئامانجێکی دیکەیە کە پێویستە فێرخواز ڕاهێنرابێت بۆ ئەوەی خۆی لە جیهانێکی ئاڵۆز کە پڕە لە زانیاری ڕێکبخات. هەر بۆیە توانای رەخنە گرتن لەو سەرچاوانەی کە بۆ دەرس وتن بەکار دێن بەشێکی دانەبڕاوە لە کار و ئەرکی فێرخوازان.

لە سەردەمی ئەمرۆدا توانای ڕەخنە گرتن لە سەرچاوەکان زۆر گرنگە. ڕۆژانە بەدەیان بابەت و نووسین لە سەر پرسەکان و دیاردەکان بڵاو دەبنەوە ،و بێگومان لە پشت ئەم نووسیانە کۆمەڵێ ئەکتەر هەن کە دەیانەوێ کاریگەریان هەبێت، بۆیە لە پلانی خوێندندا بە ڕاشکاوی هاتووە کە فێرخوازان دەبێت فێر بن «بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە پشکنین بۆ ڕاستییەکان و دۆخەکان بکەن و لە ئەنجامی هەڵبژاردنە جیاوازەکان تێبگەن».

ئامانج و ڕێنماییە گشتییەکان
ئەم بەشە بە بەشی بەها مرۆییەکان و ئەرکی خویندنگەوە گرێدراوە و لەم بەشەدا ئەرکی خویندنگە و فێرخواز و دایکوباوکان (لێپرسراوی منداڵان) دیاریکراوە کە فێرخواز لەسەریەتی دوای تەواو کردنی پۆلی نۆی بنەرەتی کۆمەڵێ ئامانجی بەدەست هێنابێت. لە پێوەندی بە پرسی دێموکراسییەوە ئاماژە بە دوو خاڵ کە وەک ئامانج هاتوون دەکەم. ئامانجی یەکەم بیرکردنەوەی رەخنەگرانەیە کە هەر فێرخوازێک دوای تەواوکردنی قۆناخی بنەڕەتی لەسەریەتی بتوانێت « ڕەخنەگرانە و بە سەربەخۆیی ، بە پشتبەستن بە زانیاری و بیرکردنەوەی ئەخلاقی (ئێتیک)، بۆچوونەکانی خۆی دەرببڕێت. ئامانجێکی دیکە توانای بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکانە. لەم بەشەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە فێرخوازان دەبێت بتوانن ئامرازە دیجیتاڵەکان بە بۆ پەرەپێدانی زانیاری و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەکاربێنن.

هەر لە پێوەندی لە گەڵ پەروەردە و بارهێنانی لاوان وەک هاووەڵاتییەکی خاوەن ڕا و بۆچوونی خۆیان فێرخوازن ڕاشدەهێندرێن کە مافی هەبوونی بیرورای ئازاد، تەواوکەرێکی هەیە ئەویش مافی بەرپرسایەتییە. یەکێک لە مەرجەکانی هاووەڵاتی دێموکرات بەرپرسایەتی ئەو هاووەڵاتیەیە و فێرخوازان هەر لە پۆلەکانی سەرەتاییەوە ڕادەهێنرێن کە بەرپرسایەتی بگرنە ئەستۆ.

وەک ئاماژەکرا پلانی خویندن و فێربوون لە سیستمی پەروەردەیی سوئێددا چوارچێوەی کاری پێگەیاندنی فێرخوازانی تێدا دیاری کراوە و کە دێینە سەر جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە مامۆستایان ئەرکدارکراون کە لە سەر پرس و ناوەرۆکی دەرسەکان بە جۆرێک کار بکەن کە فورسەت بۆ فێرخواز برەخسێت بە کردەیی کار لە سەر دیاردە کۆمەڵایەتی سیاسیی وئابووریی و میدیاییەکان باکات.  

نموونەی دەرسێک سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێران

لە کتێبی مێژوو (لە چاپی ناشناڵ ئینسکلۆپیدیایی سوئێد پۆلی ٧-٩) لە چاپی ٢٠٢٤. وێنەیەکی ژینا ئەمینی لە لاپەری ئەوەڵی بەشێکی تایبەت لە سەر مافی ژنان و دۆخی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی نێوەراست دا داندراوە. دیارە لەم بارەوە نموونە زۆرن و لە پێوەندی لە گەڵ پرسی کورد و وانەکان تا رادەییەک باسییان تێدا کراوە کەو ئەمە بۆخۆی دەتوانێت ببێتە بابتێکی سەربەخۆ. من نامەوێ بچمە سەر ناوەرۆکی دەرسەکە تەنیا ئاماژەیەکی کورت دەکەم بە پلانی خوێندن بۆ دەرسی مێژوو وکۆمەڵناسی.

لە پلانی خوێندن دا بابەتی مێژوویی و کۆمەڵناسییەکان تەنیا سنووردار ناکرێت بە باسکردنی ڕووداوەکانی رابردوو بە دابڕاوی، بە پێچەوانەوە، فێرخوازان دەبێ ئەو تواناییەنەیان تێدا درووست بێت لە پەیوەندی نێوان مێژوو، کۆمەڵگا و سەردەمی ئێستا تێبگەن؛ واتە، مێژوو وەک زانستێک دەبینرێت کە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە پرسیار و دیاردە هەنووکەییەکان.

بەکارهێنانی رووداوەکانی ئێران دوای کوشتنی کچە لاوی کورد خەڵکی شاری سەقز ژینا ئەمینی، نموونەیەکە نیشان دەدات کە چۆن ڕووداوێکی تازە وەک دەستپێکی گفتوگۆی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت. مەبەست لێرەدا تەنیا باسکردنی ڕووداو نییە، بەڵکو فێرخوازان ئاشنا دەکرێن بە پرسەکانی وەک مافی ژنان، مافی گەلان، دەسەڵات، دێموکراسی و ڕۆڵی هاووەڵاتی.

لە پلانی خوێندندا دا، مافی مرۆڤ یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی خوێندن لە دەرسی کۆمەڵناسی دا، فێرخوازان دەبێت بزانن کە مافی مرۆڤ چییە، لە کوێوە هاتووە و چۆن دەتوانرێت پارێزگاری لێ بکرێت. هەروەها گرنگە فێرخوازان بزانن کە لە زۆر شوێن لە جیهاندا، ئەم مافانە هەتا ئێستاش پێشێل دەکرێن و ئەمە کاریگەری لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگاکان هەیە.

بابەتی دیکەی گرنگ لە پلانی خوێندن، دێموکراسی و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتییە. فێرخوازان فێر دەبن کە بۆچی خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن، جیاوازی نێوان ناڕەزایەتی ئاشتیانە و ناڕەزایەتی لە فۆرمی توندوتیژیدا چییە، و چۆن دەسەڵات و حکومەتەکان وەڵامی ئەم ناڕەزایەتییانە دەدەنەوە. ئەم زانیارییانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی منداڵان و لاوان وەک هاووەڵاتیی و نەوەی داهاتوو، بیر لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی خۆیان بکەنەوە و نەهێڵن کۆمەڵگاکەیان بەو ئاقارەدا بڕوات و هاوکات ببنە هاووەڵاتییەکی مافخواز ویەکسانی خواز.

وتەی کۆتایی

لە ڕوانگەی فەلسەفەیی پەروەردەوە، دێموکراسی لە پلانی خوێندن دا تەنیا سیستمێکی سیاسی نییە، بەڵکوو شێوازێکی ژیان و فێرکردنە کە لە ڕێگەی پەروەردەوە چێدەکرێت. ئەم تێگەیشتنە لە دیموکراسی، خوێندنگە دەخاتە ناو ئەو بوارەی کە تێیدا فێرخواز وەک تاکێکی بیرمەند، هۆشیار و بەرپرس پەروەردە دەکرێت، نەک وەک وەرگرێکی بێ‌دەنگی زانیاری کە لە سیستمە کۆنباو و تەقلیدییەکاندا هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، مێژوو و کۆمەڵناسی وەک بوارە زانستییەکان، ناوەندی دروستکردنی ئەو هوشیارییە دیموکراتییانەن کە هاووڵاتییەکی چالاک پێویستی پێیەتی.

فێرکردنی مێژوو وەک وانە، لە مانا قووڵەکەیدا، کارێکی هێرمنۆتیکییە، واتە، پرۆسەیەکی لێکدانەوەی ڕابردوو و ئەوەی کە لە ئێستا بگەین. ڕووداوە هەنووکەییەکان، وەک نموونەی ژینا ئەمینی، سنووری نێوان مێژوو و ئێستا تێکدەشکێنن و نیشان دەدەن کە مێژوو شتێکی مردوو نییە، بەڵکوو هێزێکی کاریگەرە کە بەردەوام مانا درووستدەکات.

لە هەمان کاتدا، دەرسی کۆمەڵناسی وەک بوارێکی زانستی، فێرخوازان دەهێنێتە ئەو ئاستەی تێیدا بتوانن دیاردە کۆمەڵایەتییەکان وەک شتێکی «سروشتی» و سادە نەبینن، بەڵکو وەک پەیوەندیی نێوان مرۆڤ، دەسەڵات، یاسا و ئابووریی چاوی لێبکەن. ئەم شێوازەی بیرکردنەوەیە ڕێگەدەدات بە فێرخوازان بپرسن: بۆچی ئەم دۆخانە هەن؟ کێ قازانجی لێوەرگرتوون/وەردەگرێت؟ و چۆن دەتوانرێت گۆڕان دروست بکرێت؟

لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین کە دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی لە پلانی خوێندنی سوئێددا، تەنیا بۆ گواستنەوەی زانیاریی نین، بەڵکو بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤێکە کە بتوانێت لە ڕابردوو تێبگات، ڕەخنە لە ئێستا بگرێت و بۆ داهاتوو بەرپرسیار بێت. بە واتایەکی دیکە، خوێندنگە شوێنێکە کە دێموکراسی لە ئاستی وتار و یاساوە دێنێتە ئاستی ئەزموون و کردار، و فێرخواز لە وەرگرێکی زانیارییەوە دەگۆڕدرێت بۆ هاووڵاتییەکی هۆشیار، ڕەخنەگر و خاوەن ئەرک لە جیهانێکی ئاڵۆز و گۆڕاودا.

[1] پلانی خوێندن و فێربوون بۆ قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی، ساڵی ٢٠٢٢، بە زمانی سویدی (Läroplanen, Lgr22 ). یەکەم پلانی خوێندن لە سەردەمی مۆدێرن دا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٢ و لە هەر سەردەمێکدا بە پێی باردۆخ و گۆرانکارییەکان لە بواری پەروەردەوە پلانی فێربوون و خوێندن گۆراوە و نەوژەن کراوەتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

حەسەنپوور، شاهۆ(٢٠٢٦):پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شنە پاسبار زۆرجار دێمۆکراسی وەک دەرەنجامی سروشتیی شۆڕش یان دەرەنجامی ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەبینرێت. کاتێک حکومەتی دیکتاتۆریی ناوەند دەڕووخێت، بە شێوەیەکی گشتی [...]

  • دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا

دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا

دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا  پێشەوا عەلیپوور وتاری ئەم دواییەی تام باڕاک لە کۆڕبەندی ئانتالیادا، وەک یەکێک لە کاراکتەرە نزیکەکانی بازنەی بڕیاردانی ئیدارەی تڕامپ، تەنیا ڕاپۆرتێکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکوو [...]

  • دیالێکتیکی کوردبوون: پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و سەیروورەتی خۆبنیادنان

دیالێکتیکی کوردبوون: پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و سەیروورەتی خۆبنیادنان

دیالێکتیکی کوردبوون: پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و سەیروورەتی خۆبنیادنان شاهۆ حوسێنی کوردبوون، ئەگەر لەناو جەغزی تێگەیشتنێکی ئاساییدا وەک پێکهاتەیەکی ئۆبژەکتیڤ یان ڕەگەزێکی کولتووری دەربهێنرێت، دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی بنەڕەتی لەمەڕ بوونی مرۆڤ. لێرەدا، کوردبوون [...]

  • ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟

ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟

ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟ واشینگتۆن پۆست - حەمید بیگلەری وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور من ساڵی ١٩٧٦ ئێرانم بەجێهێشت. لەو پێنج دەیەی ڕابردوودا، دیتوومە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەمریکا هەموو جۆرە [...]

  • لایەنگریی بێمەرج

لایەنگریی بێمەرج

لایەنگریی بێمەرج مەسعوود بابایی نەمویست ناونیشانی بابەتەکە بریندارکەر بێت؛ هەربۆیە ناونیشانی بابەتەکەم هێمن و هێور داڕشت. ئەگینا مەبەستم لایەنگریکردنی ڕۆحی کۆیلە یان لایەنگریی ڕۆحی نمەکگیرە! کاتێک کە لەبەر نانخواردن لەسەر نانی [...]

  • ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە...

ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە…

ئەی خاڵۆ ڕێبوار، ڕێگاکەم دوورە... ئارام کەیخوسرەوی لەم ساڵانەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕووبەڕووی سێ ڕووداوی سیاسیی گەورە بوونەتەوە: ڕاپەڕینی ژینا، شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، و پێکدادانە دوایییەکانی [...]