
نووسینی: د. داوود ڕەسووڵی
PhD, Soil & Water Conservation
پێشەکی: دێموکراسیی ژینگەیی (Environmental Democracy) چەمکێکی چارەنووسسازە کە بەردەوامیی ژینگەیی و دەسەڵاتداریی دێموکراسی لەخۆ دەگرێت. دان بە مافی سروشتیی هەموو هاوڵاتییەکدا دەنێت بۆ بەشداری لە پڕۆسەکانی بڕیاردان کە کاریگەرییان لەسەر ژینگە هەیە. لە کاتێکدا ڕووبەڕووی ئاستەنگە بێوێنەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوون و لەدەستدانی جۆراوجۆریی زیندەوەران دەبینەوە، پێویستی بە دێموکراسیی ژینگەیی هەرگیز لەوە زەقتر نەبووەتەوە. ئەم بابەتە باس لە گرنگیی دێموکراسیی ژینگەیی لە ئێراندا دەکات.
تێگەیشتن لە دێموکراسیی ژینگەیی
دێموکراسیی ژینگەیی لە ناوەرۆکدا، تاک و کۆمەڵگا بەهێز دەکات بۆ ئەوەی چالاکانە بەشداری لە بڕیاردانی ژینگەییدا بکەن. لە پێدانی مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری تێدەپەڕێت؛ بەشداریی گشتگیر، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و توانای لێپرسینەوە لە بڕیاردەرانی سیاسەتە ژینگەیییەکانیان لەخۆ دەگرێت. ئەم چەمکە جەخت لەسەر شەفافییەت و بەشداریی گشتی و پاراستنی مافە ژینگەیییەکان وەک پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک دەکاتەوە.
پایەکانی دێموکراسیی ژینگەیی
- دەستڕاگەیشتن بە زانیاری: بڕیاردانی ژینگەیی پێویستی بە زانیاریی دروست و لە کاتی خۆیدا هەیە. حکومەت و دامەزراوەکان دەبێ دڵنیا بن لەوەی کە هاوڵاتییان دەستیان بە زانیارییە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە سیاسەتەکانی ژینگەیی، پڕۆژەکان و کاریگەرییەکانی داهاتوو ڕادەگات.
- بەشداریی گشتی: بەشداریی واتاداری هاوڵاتییان لە پڕۆسەکانی بڕیاردانی ژینگەییدا بنەڕەتییە. ئەمەش بریتییە لە ڕاوێژکاری، کۆبوونەوەی گشتی و بەشداریی گرووپ و کۆمەڵگاکان لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژینگەکەیان هەیە.
- دادپەروەری: دێموکراسیی ژینگەیی ئەوە دەگەیەنێت کە هاوڵاتییان مافی ئەوەیان هەیە داوای چارەسەریی یاسایی بکەن لە ئەگەری پێشێلکردنی مافە ژینگەیییەکانیاندا. ئەم دەستڕاگەیشتنە بە دادپەروەری، لێپرسینەوە مسۆگەر دەکات و ئەو بیرۆکەیە بەهێز دەکات کە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە کاتێک باس لە پاراستنی ژینگە دەکرێت.
سوودەکانی دێموکراسیی ژینگەیی
- بڕیاردانی ئاگایانە: دێموکراسیی ژینگەیی بە پێدانی زانیاری بە هاوڵاتییان و بەشدارییان لە پڕۆسەی بڕیارداندا، پەروەردەی هەڵبژاردنێکی ئاگایانە و بەردەوام دەکات.
- بەهێزکردنی کۆمەڵگا: کۆمەڵگە خۆجێیییەکان کە زۆرجار بەهۆی پرسە ژینگەیییەکانەوە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، دەنگ و دەسەڵاتی داڕشتنی ئەو سیاسەتانە بەدەست دەهێنن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانییان هەیە.
- پاراستنی جۆراوجۆریی زیندەوەران: دێموکراسیی ژینگەیی ئەو سیاسەتانە بەرەوپێش دەبات کە پاراستنی جۆراوجۆریی زیندەوەران (Biodiversity) لە پێشینەی کارەکانیاندایە، بە داننان بە ڕۆڵی گرنگیان لە پاراستنی هاوسەنگیی ئیکۆلۆژیدا.
- کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا: لە بەرانبەر گۆڕانی کەشوهەوادا، دێموکراسیی ژینگەیی ئاسانکاری بۆ پەسەندکردنی ستراتیژی و سیاسەتەکان دەکات کە بەکۆمەڵ چارەسەری قەیرانی ژینگەیی ناوچەیی و جیهانی دەکەن.
سەرەڕای سوودەکانی، جێبەجێکردنی دێموکراسیی ژینگەیی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی وەک گرفتی برۆکراسی، نەبوونی هۆشیارییەکی تەواو و پێویستیی چوارچێوەی یاسایی دەبێتەوە بەتایبەتی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا. زاڵبوون بەسەر ئەم تەحەددایانە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش لەلایەن حکومەت، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هاوڵاتییانەوە هەیە. بەهێزکردنی پەروەردەی ژینگەیی، پێشخستنی بەشداریی مەدەنی و دروستکردنی میکانیزمی یاساییی بەهێز دەتوانێت لە تێپەڕاندنی ئەم بەربەستانەدا بەشدار بێت.
دێموکراسیی ژینگەیی لە ئێراندا
ئێران بە ئیکۆسیستەمی دەوڵەمەند و هەمەچەشنی خۆیەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ژینگەیییەکاندا لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە. چەمکی دێموکراسیی ژینگەیی لەم بارودۆخەی ئێراندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە هاوڵاتییان لەگەڵ پرسەکانی وەک پیسبوونی هەوا و ئاو، دارستانبڕین و گۆڕانی کەشوهەوادا دەجەنگن. ئەم بابەتە باس لە پوتانسییەلی پەرەپێدانی دێموکراسیی ژینگەیی لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی دەکات وەک بناغەیەک بۆ گەشەسەندنی بەردەوام و پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان.
قەیرانە ژینگەیییەکانی ئێستای ئێران
ئێران ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی ژینگەیی بێئەژمار بووەتەوە کە پێویستی بە بایەخدانی بەپەلە هەیە. بەبیابانبوون، کەمئاوی و بێئاوی، پیسبوونی هەوا، خۆڵبارین، وشکبوونی دەریاچە و زەلکاوەکان لەو پرسانەن کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی دانیشتووانی شار و گوندەکان بەجێ هێشتووە. ژیانەوە و پاراستنی ئیکۆسیستەمەکانی زاگرۆس، دارستانە تێکەڵەکانی دەریای خەزەر و بەشەکانی دیکە، بۆ پاراستنی جۆراوجۆریی زیندەوەران و هاوسەنگیی ئیکۆلۆژی زۆر گرنگن. ئەوەی ئێستا لە ئێراندا جێبەجێ کراوە و دەکرێت، بریتییە لە ئیدارەدانێکی نازانستی و بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکان لەڕێگەی کارتێل و مافیاکانی دەسەڵات بە بەهای لەناوچوونی بێبەزەیییانەی ژینگە کە ڕەنگە ژمارەیەکیان هەرگیز نەژێندرێنەوە و زیانی بەشەکانی تریش بەسانایی قەرەبوو نەکرێتەوە.
ڕۆڵی دێموکراسیی ژینگەیی
دێموکراسیی ژینگەیی دەتوانێت بە دەستەبەرکردنی بەشداریی چالاکانەی هاوڵاتییانی ئێران لە پڕۆسەکانی بڕیاردانی پێوەندیدار بە ژینگە، ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئالەنگارییانەدا بگێڕێت. لە ڕێی بەشداری پێکردنی خەڵک، بەتایبەتی ئەوانەی ڕاستەوخۆ لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتدا کاریگەریی کێشەکانی ژینگەیان لەسەرە، دەتوانرێت سوود لە حیکمەتی بەکۆمەڵی هاوڵاتییان بۆ داڕشتنی چارەسەری کاریگەر و بەردەوام وەربگرێت.
دەستڕاگەیشتن بە زانیاری
یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی دێموکراسیی ژینگەیی، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە کاتی خۆیدا و دروست سەبارەت بە سیاسەت و پڕۆژە ژینگەیییەکان بۆ هاوڵاتییانە. لە داهاتووی ئێراندا لەڕێگەی شەفافییەتی خستنەڕووی زانیارییە ژینگەیییەکانەوە بەئاسانی بۆی هەیە تاکو بەشداریی خەڵک مسۆگەر بکرێت. پێویستە حکومەت زانیاری دەربارەی چۆنیەتیی هەوا و ئاو، هەوڵەکانی پاراستنی جۆراوجۆریی زیندەوەران و کاریگەریی پڕۆژەکانی گەشەپێدان لەسەر ژینگە بەڕاشکاوی بداتە ڕای گشتی. خەڵکیش لەژێر ڕۆشناییی ئەم زانیارییانەدا دەتوانن ڕۆڵی چالاکانە لە باشتر بەڕێوەبردنی پرسەکانی ژینگەییدا بگێڕن.
بەشداریی گشتی
بەشداریی گشتیی مانادار بۆ سەرکەوتنی دێموکراسیی ژینگەیی پێویستە. گشت هاوڵاتییانی ئێران دەبێ چالاکانە لە پڕۆسەکانی بڕیاردان کە پەیوەندییان بە پرسەکانی ژینگەوە هەیە، بەشدار بن، لەوانە کۆبوونەوە گشتییەکان، دانیشتنە ڕاوێژکارییەکان و پڕۆژەکانی پەیوەندیدار بە کۆمەڵگا. بەشداریی هاوڵاتییان لە پلاندانان و جێبەجێکردنی سیاسەتەکان دەتوانێت ببێتە هۆی چارەسەریی بەردەوام و گونجاو بۆ کێشە ئالۆزەکانی ژینگە.
دادپەروەری
بۆ پتەوکردنی دێموکراسیی ژینگەیی، پێویستە دڵنیایی هەبێت لەوەی کە هاوڵاتییان مافی ئەوەیان هەیە لە دۆخی پێشێلکردنی مافەکانی ژینگەدا بەدوای چارەسەریی یاساییدا بگەڕێن. ئەم دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، میکانیزمێکی چارەنووسسازە بۆ لێپرسینەوە لە بڕیاردەران لەبارەی سیاسەت و پڕۆژە ژینگەیییەکان. ئەم خاڵانە پێویستە لە دەستووری داهاتووی ئێراندا بەتەواوی لەبەرچاو بگیرێن.
دەرفەتەکانی باشتربوون
هەرچەند کۆماری ئیسلامی تاکو ئێستا هەنگاوی بەرەو گرنگیی پاراستنی ژینگە نەناوە و بگرە هەوڵەکانی بە ئاراستەی خاپوورکردنی سروشت و ژینگەدا بووە، بەڵام لە داهاتوودا بوار بۆ تێکەڵکردنی بنەماکانی دێموکراسیی ژینگەیی لەگەڵ داڕشتنەوەی دەستووری وڵاتدا هەیە. بەهێزکردنی پەروەردەی ژینگەیی، پەرەپێدانی هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و تۆکمەکردنی چوارچێوە یاسایییەکان دەتوانێت بواری لەبار بۆ گەشەی دێموکراسیی ژینگەیی لە ئێراندا دروست بکات.
ئەنجام
لە ئامێزگرتنی دێموکراسیی ژینگەیی تەنیا بژاردەیەک نییە؛ پێویستییەکە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی بەردەوام. بۆ دڵنیابوون لە بەشداریی چالاکانەی هاوڵاتییان لە پڕۆسەی بڕیاردانی ژینگەیی، کۆمەڵگایەک بنیات دەنرێت کە شەفافییەت و لێپرسینەوە و خۆشگوزەرانیی هەردوو نەوەی ئێستا و داهاتوو بە بنەما وەردەگیرێت. پێویستە حکومەت، دامەزراوە و تاکەکان پێکەوە بۆ تێکەڵکردنی بنەماکانی دێموکراسیی ژینگەیی لە پەیکەری کۆمەڵگا و ڕێگەخۆشکردن بۆ پێکەوەژیانێکی هاوسەنگ لەنێوان مرۆڤایەتی و ژینگەدا کار بکەن.
پەرەپێدانی دێموکراسیی ژینگەیی لە ئێراندا تەنیا تەوەرێکی ستراتیژیک نییە؛ بەڵکو پابەندبوونە بۆ پاراستنی میراتی سروشت بۆ نەوەکانی داهاتوو. لە ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامیدا، لەڕێگەی بەهێزکردنی زانستی ژینگەییی هاوڵاتییان، هاندانیان بۆ بەشداریی چالاکانە و دەستەبەرکردنی دادپەروەری، دەتوانرێت بەرەو داهاتوویەکی ژینگەدۆست و بەردەوام هەنگاو بنرێت. هاوکاریی نێوان دێموکراسیی ژینگەیی و فرەچەشنی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگی و سروشتیی ئێران دەتوانێت ڕێگا بۆ پێکەوەژیانی هاوئاهەنگی نێوان مرۆڤەکان و ژینگە خۆش بکات.
سەرچاوەکان:
- Biermann, F., & Gupta, A. (Eds.). (2011). “Earth System Governance: People, Places and the Planet.” MIT Press.
- Levy, M. A., & Barraclough, S. (2006). “Environmental Politics and Deliberative Democracy: Examining the Promise of New Modes of Governance.” Journal of Comparative Policy Analysis: Research and Practice, 8(4), 383-406.
- Dryzek, J. S. (1997). “The Politics of the Earth: Environmental Discourses.” Oxford University Press.
- Pallett, H. (2019). “The Politics of Public Deliberation in Environmental Decision-Making.” Routledge.
- Schlosberg, D. (2007). “Defining Environmental Justice: Theories, Movements, and Nature.” Oxford University Press.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک چۆمان زرێبار هێڵی سوور و چەند سەرنجێک لە مێژووی ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخی کورددا، زۆر جار وشەی «هێڵی سوور» بەکار هاتووە؛ بەڵام ئەوەی کەمتر بینیومانە، پاراستنی ئەو [...]
جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران
جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ئیسماعیل هەورامی جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران زۆربەی شیکەرەوە سیاسییەکان و ناوەندە میدیاییەکان وا [...]
لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا
لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا چۆمان زرێبار لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا مافی چارەی خۆنووسین و واقیعی سیاسی و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پوختە ئەم وتارە باس لەوە [...]
بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە)
بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە) ڕەحیم سورخی بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە) بۆ بەڕێوە بردنی سیاسەتی زمانی لە ئێران دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی دامەزراون. هەموو ئەم [...]
کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا
کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا شەهلا دەباغی کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا ڕاپۆرتەکان، بەڵگە و فیلمی کوشتاری دەیان هەزار ئینسان لە گەنج و لاو، پیر و منداڵ، چەندین ئەندامی بنەماڵە پێکەوە، [...]
ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام
ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام ناوەندی توێژینەوەی ئاجێندا نێکسوس وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام کورتە ئێران [...]







