ڕزگاری یان ئازادی؟
ئارام کەیخوسرەوی
ڕزگاری یان ئازادی؟
پێشەکی
مێژووی هاوچەرخی جوگرافیای سیاسی لە ئێران، مێژووی دووبارەبوونەوەی ستەمکاری بووە. دیالێکتیکی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە هەمیشە لەناو بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە؛ بازنەیەک کە تێیدا کۆمەڵگە لە دیکتاتۆرییەوە بەرەو ڕاپەڕین و لە ڕاپەڕینەوە بەرەو دیکتاتۆرییەکی نوێ هەنگاو دەنێت. ئەم خولانەوە بێهوودەیە لە شۆڕشی مەشرووتەوە دەست پێ دەکات و دەگاتە دیکتاتۆریی پەهلەوی، لە ڕاپەڕینی دژی پەهلەویشەوە دەگاتە دەسەڵاتی ئایینیی (تیۆکراسی) خومەینی.
ئەو جەمسەربەندییەی ئەمڕۆ لە شەقامی ئێرانیدا دەبینرێت، کە تێیدا بەشێک لە کۆمەڵگە دوای ئەزموونی تاڵی دەسەڵاتی ئایینی، دووبارە تووشی خەونی گەڕانەوە بۆ سیستەمی پاشایەتی بوونەتەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم کۆمەڵگەیە هێشتا نەیتوانیوە لەم بازنەیە دەرباز بێت. لەم نێوەدا، پرسی کوردستان وەک نەتەوەیەکی پەراوێزخراو لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و چارەنووسسازدا وەستاوە. پێویستە کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، خۆی لەو بازنە داخراوەی ئێران داببڕێت.
گریمانەی ئەم وتارە ئەوەیە کە لە قۆناغی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکاندا، دەبێت جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان چەمکی “ڕزگاری” و “ئازادی”دا بکرێت. لەم سۆنگەیەوە، ئازادی بریتییە لە بونیادنانی دامەزراوە و سیستمێکی سیاسیی فرەخواز (پلۆڕاڵ)، بەڵام ڕزگاری کردەیەکی سیاسی و مەیدانییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاک لە چرکەساتی بۆشایی دەسەڵاتدا. بە واتایەکی تر، ئازادی لەناو جوگرافیای سیاسیی ئێراندا وەک پڕۆژەیەکی درێژخایەن مانا دەگرێت، بەڵام ڕزگاری لە بەستێنی کوردستاندا وەک ستراتیژییەکی هەنووکەیی پێناسە دەکرێت. کوردستان پێویستە لە ساتەوەختی بۆشایی دەسەڵاتدا، “ڕزگاریی نەتەوەیی” بخاتە پێش هەموو جۆرە هاوپەیمانییەکی وەهمی لەگەڵ هێزە ئێرانییەکاندا.
ڕاکردن لە ئازادی
ئێریک فرۆم باس لەوە دەکات کە ئازادی، وێڕای ئەوەی مافێکی سروشتییە، هاوکات بارێکی قورسی “بەرپرسیارێتی” دەخاتە سەر شانی تاک. دابڕانی مرۆڤ لە پەیوەندییە نەریتییەکان و سیستەمە کۆنەکان، ئەگەرچی مەودای ئازادییەکانی زیاتر دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا مرۆڤ تووشی جۆرێک لە “تەنیایی” و دڵەڕاوکێ دەکات. لە چرکەساتی ڕزگاربوون لە سیستەمێکی دیکتاتۆری، کۆمەڵگە خۆی لەبەردەم بۆشاییەکی گەورەی ناسنامە و دەسەڵاتدا دەبینێتەوە.
لێرەدا کۆمەڵگە لە نێوان دوو ڕێگەدایە: یان بە تێکۆشان “ئازادیی ئەرێنی” (بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیک) پیادە بکات، یان بۆ هەڵهاتن لەم تەنیایی و بەرپرسیارێتییە، پەنا بباتەوە بەر دیکتاتۆرێکی نوێ و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە “کۆیلایەتییەکی نوێ” هەڵبژێرێت. مێژووی سیاسیی ئێران وێنەیەکی ڕوونی ئەو ململانێیە نیشان دەدات کە تێیدا ئێرانییەکان بەردەوام لە نێوان “ئاسایش” و “ئازادی”دا، ئاسایشی ژێر سێبەری دیکتاتۆرییان هەڵبژاردووە.
ئەم ترسە لە بەرپرسیارێتیی ئازادی، لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا ئەوانی بەرەو “کۆیلایەتییەکی خۆبەخشانە” بردووە. لە ساڵی ١٩٧٩دا، کۆمەڵگە بۆ ڕزگاربوون لە سیستەمی پاشایەتی (ئازادیی نەرێنی)، وێنەی خومەینی لە مانگدا بینی و خۆی ڕادەستی “باوکێکی ئایینی” کرد. ئەمڕۆش بەشێک لەو کۆمەڵگەیە، بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ئایینی، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ هەمان ئەو سیستەمەی کە جارێک لێی ڕاپەڕیبوون؛ تەنانەت ڕەزا پەهلەوی بە ڕاشکاوی مۆدێلی “باوکسالاری” دەخاتە ڕوو کاتێک دەڵێت: “من باوکم”. ئەمە نیشانەی شکستە لە بونیادنانی “ئازادیی ئەرێنی” و ڕاکردنە بەرەو ئاسایشی وەهمی لەژێر سایەی “باوکێکی مێژوویی”.
ئەم تێڕوانینە دەروونییە لای هۆمایۆن کاتوزیان ڕەهەندێکی مێژوویی وەردەگرێت. کاتوزیان ئێران وەک “جڤاکێکی کورتخایەن” یان “کۆمەڵگەی کلنگی” پێناسە دەکات. لەبەر ئەوەی یاسا و دامەزراوەکان جێگیر نین، هەر سیستمێک دێت هەموو دەستکەوتەکانی پێش خۆی ڕادەماڵێت و لە خاڵی سفرەوە دەست پێ دەکاتەوە. بە بڕوای کاتوزیان، مێژووی ئەم وڵاتە بازنەیەکی بێهوودەیە لە نێوان: دیکتاتۆری، ڕاپەڕین و سەرلەنوێ بونیادنانی دیکتاتۆرییەکی دیکە.
بەڵام خاڵە هەرە جەوهەرییەکە لێرەدایە: ئەم جڤاکە ئەگەرچی “کورتخایەن”ە، بەڵام لەسەر یەک بنەما زۆر “درێژخایەن” و پێداگرە، ئەویش: نکۆڵیکردن لە فرەنەتەوەییبوونی ئەم جوگرافیایەیە. لێرەدا کۆدەنگییەکی تەواو لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ناوەنددا هەیە. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، کورد لەم بوارەدا دەبێت چ سیاسەت و ستراتیژێک بگرێتە بەر؟
ڕزگاری یان ئازادی؟
کوردستان لە مێژووی سیاسیی خۆیدا، هەمیشە ناسنامەی بزاڤەکەی وەک “بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی” پێناسە کردووە. ئەم پێداگرییە لەسەر چەمکی ڕزگاری (Liberation)، ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئامانجی ڕزگارکردنی خاکی کوردستان لە ژێردەستەیی. لەم چوارچێوەیەدا، هێزی پێشمەرگە وەک هێما و بکەری سەرەکیی پرۆسەی “ڕزگاری” دەردەکەوێت. ئەرکی مێژوویی پێشمەرگە لە ساتەوەختی وەرچەرخانەکاندا پیادەکردنی کردەیی ڕزگارییە لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی فیزیکیی خاک و پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی.
ئەزموونی مێژوویی پێمان دەڵێت کە بەبێ ڕزگاریی مەیدانیی خاک، هەر جۆرە باسێک لە “ئازادی” لە ناوەندەوە، تەنیا دروشمێکی بێ ناوەرۆکە. تەنانەت ئەگەر بمانەوێت باس لە بونیادنانی جوگرافیایەکی فرەنەتەوە لە ئێران بکەین لەسەر بنەمای “دیموکراسیی جیاوازیخواز” (Agonistic Democracy) کە تێیدا ململانێ و جیاوازییەکان وەک ناسنامەی سیاسی قبووڵ دەکرێن نەک وەک دوژمنایەتی؛ ئەمە تەنیا کاتێک دەبێتە ڕاستی کە کوردستان وەک ئەمری واقیعێکی (De facto) سیاسی و سەربازی خۆی بسەپێنێت.
دیموکراسیی ڕاستەقینە لەگەڵ ناوەندێک کە هەمیشە لە ئازادی ڕادەکات، لە ڕێگەی “وتووێژ و پاڕانەوە” بەدی نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی “هێز و سەپاندنی ئەمری واقیع”ەوە دروست دەبێت. بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە لایەنێکی کاریگەر لە هەر پڕۆژەیەکی گریمانەیی دیموکراتیکدا، دەبێت سەرەتا خاکی خۆی بەدەستەوە بێت.
ڕزگاریی خاک لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، تەنیا هەنگاوێکی سەربازی نییە، بەڵکو مەرجی پێشوەختەی هەر جۆرە ئازادییەکی سیاسییە. بەبێ سەپاندنی کوردستان وەک قەوارەیەکی ڕزگاربوو و خاوەن خاک، هیچ جۆرە دیموکراسییەک لە ناوەنددا ناتوانێت ناسنامەی نەتەوەیی کورد گەرەنتی بکات. ڕزگاریی خاک بوارێکی فراوان دەداتە بزاڤی سیاسیی کوردستان کە لە هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتوودا، لە خۆبەڕێوەبەرییەوە تا سەربەخۆیی، بتوانێت سیاسەت بکات.
بە کورتی؛ کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە؛ بۆ ئەوەی نەبێتە قوربانیی دووبارەبوونەوەی بازنەی دیکتاتۆری لە ئێراندا، دەبێت ستراتیژیی خۆی لە “چاوەڕوانی بۆ دیموکراسیی ناوەند”ەوە بگۆڕێت بۆ “سەپاندنی ئەمری واقیعی ڕزگاری”. ڕزگاریی خاک وەک دەستکەوتێکی فیزیکی و مەیدانی، تەنیا زامنێکی ڕاستەقینەیە کە ڕێگە نادات ئازادییەکانی داهاتووی کوردستان جارێکی دیکە لەژێر پێی “دەسەڵاتێکی نوێ” یان ناوەندگەراییەکی نوێدا پێشێل بکرێن. بە کورتى، بەبێ ڕزگاریی پێشوەختە، ئازادی لەگەڵ ناوەند تەنیا وەهمێکی سیاسییە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
کەیخوسرەوی، ئارام(٢٠٢٦): ڕزگاری یان ئازادی؟ بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]
خودکارەکەی قاسملوو
خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]







