ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

تەها ڕەحیمی

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

نزیکەی زۆربەی هەرە زۆری ئەم ڕووداوە سیاسییانەی لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن یان بەرەو ڕوودانن، لە کاریگەریی و بەریەککەوتنی نەزمی کۆنی جیهانی و نەزمە نوێیە جیهانییەکان بێبەش نین. نەزمی کۆن مەبەست هەمان ئەو نەزمەیە کە لە پەیمانی “وێستڤالی” بناغەکەی دادەڕێژرێ و پاش شەڕە جیهانییەکان قایم و پتەو دەبێ. بەڵام ئەم نەزمە هەم دژبەری لێ پەیدا بوو، هەمیش لە هەناوی خۆیدا گرێ و گۆڵی تێکەوت؛ چونکە نەزمێک بوو لەسەر تێڕوانین و بەرژەوەندیی سەرکەوتووەکانی شەڕ دامەزرابوو، نەک لەسەر ماف و دادپەروەری. هەرچەند هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی داوە بە پشت بەستن بە بایەخە لیبراڵییەکان کەموکوڕییەکانی قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام پێشکەوتنی خێرای کۆمەڵگەی مرۆیی لە سایەی تەکنۆلۆژیا و بەتایبەتیش تۆڕەکانی پەیوەندی، ئیدی ئەم دەرفەتەی پێ نەدا درێژە بە مانی بدا. هەر بۆیە جەمسەری هزری جیاواز لەسەر چۆنییەتیی داڕشتنەوەی نەزمی جیهانی سەریانهەڵدا.

لەمەڕ ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە دەزانین چەند ساڵێکە دیزاینی “ڕۆژهەڵاتی ناوینی مەزن”ی ئەمریکا خراوەتە بەرباس، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر ئەم دیزاینە وەدوا کەوت یانیش سڕ کرا. بەهاری عەرەبی و پاشانیش ڕووداوی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، دوو کاتالیزۆری گرنگی دووبارە دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینن. ئەکتەرە جیهانی، ناوچەیی و تەنانەت لۆکاڵییەکانیش لەم سۆنگەیەوە بەدواداچوون بۆ پڕۆژە و دیزاینی بەرمەبەستی خۆیان دەکەن، یان هەوڵ دەدەن بەش بگرن لەو دیزاینە شیمانەییەی زلهێزەکان دەتوانن بیگوورێنن. دەتوانین بڵێین ئەمڕۆکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەردەمی بەریەککەوتنی دیزاین یان نەزمە نوێیەکانە.

لە لایەکەوە ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی بە دوای دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوەیە هەتا بتوانێ بەر بە هەژموونی “بریکس” و چین بگرێ. ئیسرائیل دەیەوێ بەتەواوی مەترسییەکانی سەر خۆی پاک کاتەوە یان هێندە لاوازییان بکات کە ئیدی مەترسی نەبن بەسەر داهاتووی نەتەوەی یەهوودەوە. لە لایەکیش ئێران و تورکیا هەم هەوڵ دەدەن نەزمی ئارایی نەگۆڕێ و هەمیش هەژموونی خۆیان لەدەست نەدەن یان پەرە بە هەژموونی خۆیان بدەن. ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە لە پاش حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، ئێران نەک هەر دەستی لە داڕشتنەوەی نەزمی ناوچەکە کورت کراوەتەوە، بەڵکوو هەنووکە هەوڵ بۆ مانەوەی خۆی دەدات و دەکرێ بڵێین دوایین هەناسەکانی خۆی هەڵدەکێشێ. مەبەست ئەوە نییە بڵێین بەدڵنیاییەوە ئەم چوارچێوە سیاسییەی بە ناوی ئێرانەوە هەیە تەمەنی کۆتایی پێهاتووە یان پێ دێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە ڕۆژی پاش حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئەم کۆماری ئیسلامییەی ئێستا بە هەواوە دەیبینین، لە نەزمی نوێی ڕۆژهەڵات دەرهاویشتراوە و تەنانەت لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیشدا سڕاوەتەوە. بۆیە دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی نەماوە بە واتا و پێکهاتە کۆنەکەی و هەر ساتێک بۆی هەیە ئەکتەرە جێگرەوەکەی لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا خۆی دەربخات.

لەم نێوەدا کورد وەک مەغدووری سەرەکیی نەزمی کۆن، ئەم ڕۆژانە سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشانەی لە بۆسەدان و چاوەڕوانی دەکەن، زێڕینترین تەمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی تێدەپەڕێنێ. یەکێک یان سەرەکیترین خاڵی لاوازی کورد (یەکنەگرتوویی) خەریکە وەک تەمومژێکی چڵکن دەڕەوێتەوە و ڕۆحی یەکبوون و هاوچارەنووسی بە ناخی هەموو تاکێکدا ڕۆدەچێت؛ چ لە کوردستان و چ لە هەندەران، ئەمە بۆ دووەم هەفتە دەچێت کورد شەقامی داگیر کردووە.

بەڵام چیرۆکەکە هەر بەمە نابڕێتەوە، نەزمە نوێیەکان سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی بە کوردی دەدەن، ئەگەر سەرکردایەتی و بڕیاردەری سیاسیی کورد وشیار نەبێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانن ببن بە هەڕەشە و لە نەزمە کۆنەکە کارەساتبارتر بن. بۆ وێنە ئەمەی لە ڕۆژاوا لە سایەی نەزمە نوێیەکەوە بەسەر کورد هات، قەت نەزمە کۆنەکە بەسەری نەهێنابوو. هەنووکە بە کردەوە بەری ڕۆژاوای فورات بە عەفرین و دەوروبەرییەوە نەک هەر لەژێر سەروەریی کورددا نییە، بەڵکوو خەریکە ئەم ناوچەیە کە تەواو کورد و کوردستانییە دیمۆگرافیاکەی دەگۆڕدرێ. شارەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی بندەستن و یەکێتیی خاکی ڕۆژاوا هەڵبڕاوە و بەشەکانی دیکەشی لەژێر مەترسیی داگیرکردنەوەدان. لێرە ناچمەوە سەر هۆکارەکانی ئەم دۆخەی ڕۆژاوا کە بە بڕوای نووسەر زیاتر ناوخۆیین نەک دەرەکی. بەڵام بە سەرنجدان بەو دۆخەی بەسەر ڕۆژاوادا هاتووە، هەوڵ دەدەم دۆخی شیمانەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتیش باکووری ڕۆژهەڵات بۆ خوێنەر وێنا بکەم.

دەگەڵ قووڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری شەڕی ئەم دوو وڵاتە، تورکیا پلانی خۆی بۆ داگیرکردنی بەشێک لە سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانووی کێشەی ئەمنییەتی و دەستوەردانی مرۆیی ئاشکرا کرد، کە ئەگەرچی بەتەواوی ڕوون نییە، بەڵام وەک باس دەکرێ قۆناغی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ. “بی بی سی” (٢٥ی ژانویە) باس لەوە دەکات کە ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەیوەندیی دەرەوەی تورکیا بە سەرنجدان بەو ئەزموونەی لە ڕووداوەکانی سووریادا هەیانە، پێیانباشە ئەم وڵاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و لە خاکی ئێراندا (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بەر بە لێشاوی کۆچبەری بگرێت و هەمیش ئەمنییەتی خۆی باشتر بپارێزێت. جگە لەوەی هەر ئاڵۆزییەک دەتوانێ لێشاوی کۆچبەران بەرەو تورکیا شۆڕ بکاتەوە، بەڵام ئایا ئەم پڕۆژەیە و تەنانەت ئەم ئۆپەراسیۆن و پڕۆژانەی تورکیا لە ڕۆژاوا و سووریا کردی، بۆ بەرگری لە هاتنی کۆچبەران بوو یان مەبەستی سیاسی لە پشت بوو؟

تورکیا لە ئاڵۆزییەکانی سووریادا بەهۆی ئەو تەنگەژە و کێشانەی لەگەڵ حکوومەتی بەشار ئەسەد و هەژموونی ئێران لەو وڵاتەدا هەیبوو، هەروەها ئەو کیسەیەی بۆ ئۆپۆزیسیۆن و سووریای پاش ئەسەد هەڵدووریبوو، هەمیش ترس و دڵەڕاوکێی لە پێکهاتنی هەرێمێکی کوردی لەو وڵاتە کە هاوسنووری تورکیایە، تووشی هەڵبەزدابەزی سیاسی، کێشەی ناوخۆیی و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییە جیهانی و ناوچەییەکان بووەوە. لە ڕاستیدا ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بابەتی نەزمی نوێ، تورکیا وێڕای هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی نەزمە کۆنەکە، هەوڵی دا نەزمێکی نوێی بەرمەبەستی خۆی و بە ئاراستەی خەونی خەلافەتی عوسمانی بمەیێنێ. لەم سۆنگەیەشەوە کورد بە پلەی یەکەم لەمپەری بەردەم خەونەکانی سوڵتان ئەردۆغان بوو، هەر بۆیە هەتا ساتی نووسینی ئەم دێڕانەش بە تەواوی توانایەوە هەوڵ دەدات مۆرکی کوردی لە ڕۆژاوادا نەهێڵێ. دیارە بۆ هەمووان ئاشکرایە لای تورکیا سەروەریی کوردی لە هەر شکڵ و فۆرمێکیدا قبووڵنەکراوە. بەڵام لە ڕۆژاوادا بیانووی باشتری بەدەستەوە بوو هەتا ئازادانەتر دەستوەردان بکات. هەر بۆیە لە ڕۆژهەڵاتدا لەژێر وێژەمان و دیسکۆرسێکی مرۆییانە و جیهانپەسندانە، پلان بۆ بەرگری لەو نەزمە نوێیەدا دادەڕێژێ کە کورد تێیدا دەبێت بە ئەکتەری زیندوو و جوگرافیای کوردستان دەبێت بە جوگرافیایەکی چالاک.

لێرەوە دەگەین بەو پرسیارەی کە ئایا کورد لەگەڵ دەرفەت و هەڕەشەکانی پاش کۆماری ئیسلامی چۆن بجووڵێتەوە هەتا کەمترین خەسار و زۆرترین قازانج بەدەست بێنێ، بەتایبەتیش سەبارەت بەو هەڕەشەیەی کە تورکیا پلانی داگیرکردنی بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەیە؟ من هەوڵ دەدەم لەم سۆنگەیەوە چوار بژاردە باس بکەم کە دەبێ لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتدا سەبارەت بەو پلانەی تورکیا بگیرێتەبەر:

١. شەڕی مان و نەمان: دەزانین ئەم بژاردەیە پەیوەندیی بە هاوسەنگیی هێزی خۆت و دوژمنەوە هەیە و دەبێ زۆر وریایانە تواناییەکانی خۆمان، هەژموونی نەیارەکان، پشتیوانیی هەرێمی و جیهانی لێک بدەینەوە. واتە ئەگەر زانیمان بە سەرنجدان بە جوگرافیای ناوچەکە، هێزی مرۆیی، چەک و تفاقی شەڕ، پشتیوانیی هەرێمی وەک نەتەوە دۆست و ئەو نەتەوانەی هاوبەرژەوەندن یان دژی بەرژەوەندیی تورکیان، لە لایەکی دیکەشەوە ئەو ئەکتەرە جیهانییانەی لە مێژووی بەرخۆدانی کورددا یارمەتیدەر بوون، یان بە هێزی لۆبیی کورد لە ناوەندەکانی بڕیاردان، لە قازانجی دەسەڵاتی کوردیین لە ڕۆژهەڵات؛ زۆر شەفافانە توێژی سیاسی و ڕێبەری بڕیاردەر بە پرسکردن بە گەلی خۆی بڕیاری بەرگری و بەرخۆدان بدات. بەڵام نابێ ئەزموونی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپیمان لەبیر بچێ. لێرەشدا مەبەستم بە نموونە هێنانەوەی ئەم شارانەی ڕۆژاوای کوردستان بۆ چاوترسێنکردنی ڕۆژهەڵات نییە، بەڵکوو هەم ئازایەتیی کورد لە ڕۆژاوا کە توانی زیاتر لە مانگێک شەڕی دووەم گەورە هێزی ناتۆ بکات، کە پێشکەوتووترین چەکی دنیای لەبەردەستە، و هەمیش پەرچەکرداری جیهانی وەبیر بخەمەوە؛ کە ئەگەر زۆریش ئازا بین، بەبێ پشتیوانیی جیهانی و دیپلۆماسیی بەهێز و لۆبیی بەهێز، ئەستەمە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لەم ناوچەیە بەرگەی شەڕ بگرین، بەتایبەتیش کە هەروەک دەبینین کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و بەگشتی ئێران بەهۆی سیاسەتی سەقەتی کۆماری ئیسلامییەوە لە بواری ئابوورییەوە نزیکەی داڕماوە. کەواتە هەرێمێکی ساوا بەو دۆخە ئابووری و ژێرخانییە وێرانەوە تووشی شەڕ هاتن کارەساتە. دیارە دیسانیش بەواتای ئەوە نییە پێملی ئەو چارەنووسە بین کە ئەوانی دیکە بۆمانی دیاری دەکەن. هەر ئێستا بەو دۆخە شپرزەیەوەش لە ڕۆژاوا، کورد شانازی تۆمار دەکات و لەبەرانبەر گەلەکۆمەکی هەرێمی وڵاتانی جۆراوجۆر و هێزە تیرۆریستییەکاندا سەری بەرزە. بەڵام من مەبەستم زیاتر ئەوەیە کە دۆخی ڕاستەقینەی خۆمان ببینین و کەفوکوڵ نەمانگرێ بۆ ئەوەی ئاکامی باش بۆ گەلەکەمان بەدەست بێنین. بە کورتی ئەم خاڵە واتە بەرگریکردن پێویستی بە خێرایی لە بەدەستەوەگرتنی کۆنترۆڵی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات لە باکوور، کۆنترۆڵی هرووژمی کۆچبەر، کۆنترۆڵی خاڵە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و ئێران (ڕۆژهەڵات)، ڕێکخستنی سەربازیی پتەو، وەکارخستنی خێرای دەزگای دیپلۆماسی، دابینکردنی چەک و تفاقی پێویستی شەڕ و بەرگری و جووڵانەوە وەک ئەکتەرێکی گرەنتیی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەیە.

٢. پێکهێنانی خێرای هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی فارس و ناوەند: ئەم ناوچەیەی کوردستانی تێدا هەڵکەوتووە، سنووری بەریەککەوتنی ناسیۆنالیزمی تورک، ئێرانی (بە واتا فەرهەنگییەکەی) و عەرەبە. هەنووکە بەم بەریەککەوتنە وردە ناسیۆنالیزمی دیکەشی لێوە زیاد بوون، ڕەنگە بتوانین بڵێین یەهوودی زەقترینیانە. دیارە بەو واتایە نییە لێرەدا ئەرمەنی، فارس، ئەفغانی و هتد لەبیر بکەین. بۆیە تەنیا ئاماژەم بەم سێیانە کرد، چونکە پێموایە هەم لە بابەتی گرنگیی جیۆپۆلیتیکیی باکووری ڕۆژهەڵاتدا خاوەن بەرژەوەندیین، هەمیش لە بواری شارستانییەتەوە ئەگەر تیۆری “هانتینگتۆن” لەسەر پێکدادانی شارستانییەتەکان بە بنەما وەرگرین، نزیکەی سەر بە یەک شارستانییەتین. لەم سۆنگەیەوە دەکرێ هاوپەیمانی و نزیکایەتیی کورد لەگەڵ فارس گرنگیی زیاتری پێ بدرێ. ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، تەنانەت ئەفسانەکانیش لەم ناوچەیەدا لەسەر بەربەرەکانیی خۆجێییەکان (ئێران) و هێرشبەرەکان (تووران) ڕنراون. لە ڕاستیدا هێرشی مەغۆل و تاتارەکان بۆ زاگرۆس و نێوان دوو ڕووبار، تەنیا هێرشی کۆمەڵە خەڵک و هۆزێک نییە بۆ سەر کۆمەڵێکی دیکە، بەڵکوو سڕینەوەی شارستانییەت و فەرهەنگێکە (بە هەموو لک و پۆکانییەوە) لە لایەن زمان و شارستانییەتێکی دیکەوە. ئەم بابەتە مێژووییە کە وردبینیی زیاتری دەوێ، لەگەڵ دووبارە بەرهەمهاتنەوەی لە وێژەمانی سیاسیی ڕۆژدا (تورکستانی مەزن، ئێران زەمین، کوردستانی گەورە) پێویستی بە خۆڕێکخستنەوەیە. ئەم خۆڕێکخستنەوەیەش لە تیۆرییەکەی هانتینگتۆندا لەسەر بنەمای شارستانییەتدا دەردەکەوێ؛ واتە شارستانییەت لە سەروو هەموو فاکتەرەکانی دیکەوە دەبێت بە “هۆکاری” خۆپێناسەکردنەوە، هاوپەیمانی، دیاریکردنی بەرژەوەندی و هتد. لێرەوە پێگەی نەیار و دۆست گۆڕانی بەسەردا دێت. وەک چۆن دەبینین بەربەرەکانیی دەوڵەتی ئێران و تورکیا لەسەر هەژموونی ناوچەکە هەنووکە گۆڕاوە بۆ هێشتنەوەی چوارچێوەی سیاسیی ئێران لە لایەن تورکیاوە، دیارە بە بارێکی دیکەدا کە ئەویش هێشتنەوەی نەزمە کۆنەکەیە کە کورد تێیدا خنکاوە و ئەمە بابەتی ئاسایشی دەوڵەتی تورکیای لە پشتە. بەڵام هەر ئەم بەربەرەکانییەی کورد و فارس لە ئێراندا کە لە سەردەمی بنیاتنانی دەوڵەتی مۆدێرنەوە دەستی پێکردووە، دەتوانێ هەڕەشەیەکی هاوبەش وەک داگیرکردنی باکووری ڕۆژهەڵات -کە لەباری جیۆپۆلیتیکییەوە گرنگیی بۆ فارس لە کورد کەمتر نییە- هاوکێشەکە بگۆڕێت. ئەمە جگە لەو ململانێیە مێژووییەی لەسەرەوە باس کرا کە ڕیشەی لە شارستانییەت و سڕینەوەدا هەیە. بۆیە یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم هەرێمی ڕۆژهەڵات گەڕانەوەی خێرایە بۆ ئەم بابەتە کە بە زووترین کات هاوپەیمانیی ناوچەیی لەسەر بنەمای شارستانییەت و فەرهەنگی پێکبێنێ و بەم جۆرە هاوکێشەی هێز لە قازانجی خۆی بگۆڕێت.

٣. هاوشانی لەگەڵ پلانی پەرژین (ناوچەی دابڕاو/الحائل)ی تورکیا: هاوشانبوون و بەشداری لە پلانی پەرژینی تورکیا دەتوانێ یەکێک لەم بژاردانە بێت کە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بیگرێتەبەر. لەسەرەوە باسی بەربەرەکانیی سیاسی و سەربازیی کوردمان لە ڕۆژاوا لەگەڵ تورکیا کرد و ئاکامەکانیشی بە بەرچاوی خوێنەرەوەن. بەڵام ئێمە ئەزموونێکی دیکەشمان لە باشوور لەگەڵ تورکیا هەیە، ئەویش هاوکاری و هاوشانی لەگەڵ پڕۆژەکانی تورکیایە. جا ڕەنگە ئەم هاوشانییە بە دڵی کۆمەڵگەی کوردی نەبێت و هەتا ئێستا ڕەخنەیەکی یەکجار زۆرمان لێی هەبووە، هەمیش تووشی ناکۆکی و دووبەرەکیی ناوخۆیی کردبێین. بەڵام کورد دەڵێ: “ئەگەر لەسەر پردێک تووشی ورچ هاتی، پێی بڵێ مامە”. کەواتە دەبێ بۆ پاراستنی سنووری کوردستان و هەمیش خەڵکی کورد لە دەڤەرێکی دیاریکراودا کە دەکەوێتە بەر پلان و پیلانی دوژمن، وا چاکە خۆمان تێیدا بەشدار بین بۆ ئەوەی لانیکەم دۆخی ئارایی و دیمۆگرافیای ناوچەکە نەگۆڕدرێ (وەک عەفرین)، و ئەکتەری دەرەکی و دژەکورد تێیدا باڵادەست نەبێت. ئەگەر لە هەر حاڵەتێکدا باکووری ڕۆژهەڵات بکەوێتە دەست ئەویتر، دەبێ چاوەڕوانی پاکتاوی ڕەگەزی بین لەو دەڤەرە؛ چونکە هەروەک باس کرا ئەم ڕێڕەوە (پۆڵدەشت ـ بازرگان) لەمپەری بەردەم بەیەکگەیشتنەوەی تورکستانی مەزنە، و هەم ئازەریی ئێران لەباری ئیکۆسیستەم و جیۆپۆلیتیکییەوە بە بەشی جیانەکراوەی خۆی دەزانێ. بۆیە دەکرێ ئەم بژاردەیە وەک کەم تێچووترین بژاردەی بەردەم ڕۆژهەڵات بزانین، دەگەڵ ئەوەشدا قەیرانی کۆچبەر لە دەستی خۆماندا بهێڵینەوە و وەک کارتێک بۆ گەمەی سیاسی بەدەستمانەوە بێت، چ لە هەمبەر تورکیا و چ لە هەمبەر ڕۆژئاوادا.

٤. هێشتنەوەی کۆماری ئیسلامی: کورد لە ڕۆژهەڵات لە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دروشمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەڵگرتووە و هەتا ئێستاش چارەسەری قەیرانەکانی ئێران و تەنانەت ناوچەکەش بە لەناوچوونی ئەم سیستمەوە دەزانێت. ڕێک وەک ئەو ڕوانگەیەی کورد لە ڕۆژاوادا هەیبوو و ئاواتی بۆ دەخواست. ڕێژیمی بەعس لە سووریا نەک کوردی بە خاوەنی ڕۆژاوای کوردستان نەدەزانی، بەڵکوو شار و گوندەکانی بەعەرەب کرد و کوردی ڕاگواست، تەنانەت زۆربەی کوردی ڕۆژاوا هێشتاش بە “سیتیزن” و هاووڵاتیی ئەو دەوڵەتە ئەژمار نایەن کە بە “سووریای عەرەبی” دەناسرێت. بەڵام ئایا ڕووداوەکانی پاش ڕووخانی بەعس سەلماندی کە بە ڕۆیشتنی بەعس کورد بە ئامانجەکانی دەگات؟ کارەساتی داگیرکردنی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی، ڕووی زوڵم و زۆرداریی بەعسی سپی کردەوە و دەگەڵ داگیرکرانی ئەم ناوچانە بە سەدان هەزار کورد دەرکران و هەر ئێستاش هەوڵ دەدرێت ئەم کەمە کوردەی لەو ناوچانە ماونەتەوە دەربکرێن، هەتا ئەوەی بە تەواوەتی کوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بشۆرنەوە. لێرەوە دەبینین مانەوەی دەسەڵاتی ئەسەد لانیکەم هەتا ئێستا بۆ کورد لە سووریادا بە قازانجتر بوو، هەتا بەدەسەڵات گەیشتنی ئەو کۆمەڵە کۆنە داعشی و تیرۆریستە کە بە پاڵپشتیی تورکیا قۆڵیان لە قەڵاچۆی کوردان هەڵماڵیوە. کاتێک ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بەراورد دەکەین، هەڕەشەکان وەک یەک، فاکتەری دژبەر وەک یەک، نەزمی کۆن و نوێ وەک یەک، تەنانەت گۆڕینی دیمۆگرافیای باکووری ڕۆژهەڵات بۆ تورکیا و ئازەرییەکان ئاسانتر، پێویستتر و حەیاتیتر دەنوێنێ. بۆیە ئەگەرچی ئەم بژاردەیە، بژاردەیەکی زۆر قێزەونە، بەڵام ئەزموونی ڕۆژاوا پێمان دەڵێ: “گۆڕان هەمیشە لە قازانجمان نییە”، بەتایبەتیش کە هەنووکە دەسەڵاتی ناوەندیی تاران لە باکووری ڕۆژهەڵاتدا ڕوانینی سەبارەت بە کورد و ئازەری هەمان ڕوانینی زەمانی “حەسەنی” ئیمام جومعەی ورمێ نییە و هەمیش دەسەڵاتی ناوەندی ئەو دەسەڵاتە نییە کە پێشتر هەبووە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

ڕەحیمی، تەها(٢٠٢٦):ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

شیکردنەوەیەک بۆ ئاخاوتنەکەی ترامپ لەسەر دۆسییەی ئێران

شیکردنەوەیەک بۆ ئاخاوتنەکەی ترامپ لەسەر دۆسییەی ئێران ڕەحیم سورخی زۆر جار پێکھاتەی ئاخاوتن/دەقەکە واتاکەی ساخ دەکاتەوە چییە، و شیمانەکردنی مەبەستی گوتارە سیاسییەکان تاڕادەیەک ڕوون دەکاتەوە، نەک واتای وشەکان یان تاکە ڕستەکان. [...]

لە نێوان هەڕەشە و دیپلۆماسی: واشنتۆن و تاران لەبەردەم خولێکی نوێی گفتوگۆکاندا

لە نێوان هەڕەشە و دیپلۆماسی: واشنتۆن و تاران لەبەردەم خولێکی نوێی گفتوگۆکاندا هێلینا باوەرنفایند ئەمە شێوازێکی ناسراوە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران: لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە کەناڵە نوێیەکانی گفتوگۆ [...]

بۆچی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان لای کوردی باشوور دەنگدانەوەی نەبوو؟

بۆچی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان لای کوردی باشوور دەنگدانەوەی نەبوو؟ بێوار ڕەسوول لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان بڵاو بووەوە، کە نووسەرێکی پڕکار و چالاکی باکووری کوردستان بوو، بەهۆی چالاکییە [...]

یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس

 یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس چۆمان زرێبار یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەم بابەتە شرۆڤەیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی [...]

  • ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی

ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی

ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی ڕەحیم سورخی ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، زمانەکان لە پلەبەندییەکی ڕێژەییدا لەپاڵ یەکدا دەژین [...]

  • ئێسقانی زمان

ئێسقانی زمان

ئێسقانی زمان دانا حەمید ئێسقانی زمان نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام [...]