بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ی کوردی
دەباغی، شەهلا (٢٠٢٥):ژیانەوەیەکی ئاشتیخوازانە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
شاری ورمێ هەمیشە شوێنی پێکەوە ژیانی زۆر خەڵک و نەتەوە بووە؛ کورد، تورک، ئەرمەنی، ئاسۆڕی، هتد. شاعیر وەک ئینسانێکی دڵ و چاوکراوە کە بۆ مافی نەتەوەی خۆی تێدەکۆشێ، چاو لەسەر ئەوە داناخا کە پەیوەندیی سروشتیی نێوان ئینسانەکان جیا لە هەر نەتەوە، ئیتنیک و دینێک دەتوانێ بگاتە ئەوین

ڕابوون ڕۆژهەڵات بەرۆکمان بەر نادا. وەک ئەو مەستەی لە نیوەشەودا بە کۆڵان دا تێپەڕدەبێ و بە دەنگێکی خۆش وا دەکا هەموو سەرێک لە کۆڵان بدەن بزانن ئەوە کێیە کۆڵانی پر کردووە لە ئاوازی سێحراویی خۆی و بۆتە دەنگی هەستە پەنگ خواردوویەکانی ئەوان.
هەموو جارێک دەنووسم ڕابوون لە “ئاخرین شێعری دا….”، لە کاتێکا ئاخرین شێعر بۆ ڕابوون بوونی نییە و بەردەوام بە شێعرێکی تازە سەرساممان دەکا. دیارە هەر کەسیش ناوی خۆی بە خۆیەوە و دەبێ ڕابوون بەردەوام لە ڕاسان و ڕابووندا بێ.
ئەگەر شێعرەکانی ڕابوون لەم چەند ساڵەدا دەستەبەندی بکەین، زۆربەی شێعرەکانی دەچنە خانەی شێعری بەرخۆدان و شۆڕشگێڕی. هەڵبەت شێعری ڕابوون هەمیشە هەڵگری جوانی و ئاشتیخوازی بووە، بەڵام لە شێعری “دەستە خوشکی باخ”دا ئاشتیخوازی بە شێوەیەکی زۆر بەرپرسانە شەپۆل دەدا. دیارە شێعری “دەستە خوشکی باخ” جیا لەوە کە لەسەر چەمکی جوانی تەکووز دەکا، بەڵام پەیامی سەرەکیی شێعرەکە پێکەوە ژیان و ئاشتیخوازییە، ئەویش لە دۆخێکدا کە “چماقداران” و دەستە ڕەشەکانی ڕژێمی تاران خەریکی ئاژاوەنانەوەن.
لە شێعری “دەستە خوشکی باخ” دا چەند وشەیەک ڕۆڵێکی بەرچاو و کلیدییان هەیە:
مانگی ئاوس، ئەرمەنی، کیژێکی تورک، ڕەزئاسا، شەرابی ئەرمەنی، کلیسا، کورک بوون، زەردەی تاو، فڕین
شاعیر لە شێعری “دەستە خوشکی باخ” دا شاری ورمێ بە پێتەختی “مانگی ئاوس” و “ئەستێرەی دڵی مێژوو” لە ئاسماندا دەشوبهێنێت. شاعیر هەوڵ دەدا باسی جوانییەکانی شار و شەقامی پر لە داری بکا و شارەکە دەکاتە دەستەخوشکی هەزاران باخی دەوروبەری شار. شارێک کە شاخ/ هێمای بەرخۆدان و پێشمەرگە لە دەوری ڕاوەستاون و گۆم و باران، گوڵ و کۆلکە زێڕینە جوانییەکانی سەد هێندە دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە لوتکەی شێعرەکە نین. لوتکەی شێعرەکە لەناو دڵی شێعرەکە دایە هەر چۆن شاخێک لەناو دڵی دەشتێک قوت دەبێتەوە.
شاری ورمێ هەمیشە شوێنی پێکەوە ژیانی زۆر خەڵک و نەتەوە بووە؛ کورد، تورک، ئەرمەنی، ئاسۆڕی، هتد. شاعیر وەک ئینسانێکی دڵ و چاوکراوە کە بۆ مافی نەتەوەی خۆی تێدەکۆشێ، چاو لەسەر ئەوە داناخا کە پەیوەندیی سروشتیی نێوان ئینسانەکان جیا لە هەر نەتەوە، ئیتنیک و دینێک دەتوانێ بگاتە ئەوین:
لە کۆڵان دارێک کورمانجە و
کچێکی ئەرمەنی دیوە
گۆرانیی مانگی بۆ دەڵێ
هەتا سەردەمی کازیوە
ڕەنگە زۆر ئاسایی بێ کوڕێکی کورد ئاشقی کچە ئەرمەنییەک بێ و بۆ ئەم جۆرە ئەوینە زۆر شێعر و ئاواز لە ئەدەب و فۆلکلۆری کوردیدا هەن:
شێخی سەنعان بۆ کچی گاور لە ئیسلام وەرگەڕا
من خەریکە بۆ کچە کوردێ پەژیوان دەبمەوە
یا پەرتەوی کرماشانی لە شێعرە بەناوبانگەکەی خۆیدا باسی “کچە ئەرمەنی” دەکا:
ئەم شەو وەجور شەراوەکەت
مەستت بکەم چو چاوەکەم
دەست خەی ئەڕا لینگ کەوشەکەت
بووشی کڵاوە ئەرمەنی
بەڵام هەستیارییەکە لەو شوێنە دایە کە شاری ورمێ لە دوای کۆماری ئیسلامی پڕ لە قین و دژایەتیی نێوان نەتەوە و گرووپی جیاواز کراوە. ڕژیم بەردەوام هەوڵی داوە نێوانی کورد و تورک لە سنووری شەڕدا ڕابگرێ و هەمیشە ترس لە هەڵایسانی شەڕ لەناو دڵی خەڵکدا هەبێ. ئەم ترسە ئێستا بە هۆی دەست تێوەردانی دەوڵەتی تورکیەش چەندقاتە. بەڵام شاعیر بە هەستێکی ئینسانی قووڵەوە سنوورەکانی شەڕ و ترس دەبڕێ و دەڵێ کە کچێکی تورک وەک ڕەز دەچێتە ناو خوێنی:
لە شەقامێک چاوێک هەڵهات
کیژە تورکێکی ڕەزئاسا
بەئەسپایی هاتە خوێنمەوە و
شێتانە لە خوێنما ڕاسا
لێرەدا ئەوین بە ڕەز شوبهێندراوە. لە ترێ شەڕاب بەرهەم دێ. ئەوین وەک شەڕاب و سوور وەک خوێن دەچێتە ناو خوێنی شاعیر. کاتێک ئینسان ئەویندارە وەک شێت ڕادەسێ و زۆر گوێ ناداتە ئاکام و بەرکەوتەکانی.
پێش “انقلاب” هەمیشە شەڕابی ئەرمەنییەکانی دانیشتووی ورمێ بەناوبانگ بوو. لێرەدا کچە تورکەکە بە شاعیر دەڵێ کە شەڕابی ئەرمەنی لە کلیسای جوانی کڕیوە و دواتر کچە لە خەونی شاعیردا وەک باڵندەیەک کورک دەبێ تا کاتی زەردەپەڕ بفڕێ.
ئێستا دوو خاڵ گرینگە:
یەکەم: باسی کلیسا و شەڕاب لە کۆنتێکستی دەسەڵاتێکی تۆتالیتاری ئیسلامیدا کە شاعیر سنووری دەسەڵات دەشکێنێ. کلیسا و مەسیحییەکان هەمیشە لە کۆماری ئیسلامیدا گرفتیان بۆ ساز کراوە. بەڵام شاعیر ئازادانە باسی شەڕاب و کلیسای جوانی دەکا کە کچە تورکەکە شەڕابی لێ کڕیوە. هەڵبەت نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە زۆر کەس لەسەر ئەو باوەڕەن کاتێک لە کلیسا نان لە شەراب دەنێن، لە ڕاستیدا ئەو شەرابە هەر خوێنی مەسیحە. مەسیحیش ڕۆژێک لە ڕۆژان دەگەڕێتەوە و ئاشتی بۆ زەوی دێنێ.
دووهەم: مەبەستی شاعیر لە باڵندەیەکی کورک کە کاتی زەردەپەڕ دەفڕێ دەتوانێ “قەقنەس” بێ. ئاخر لە ئۆستوورەکاندا قەقنەس کە لە ئاگری خۆیدا دەسووتێ تەنیا هێلکەیەک جێ دەهێڵێ کە ئەو هێلکەیە لەناو خۆڵەمێشی بەجێماوی جەستەی قەقنەسەکەدا، لە کازیوەدا دەبێتەوە قەقنەسێکی دیکە.
واتە لە شێعری “دەستە خوشکی باخ” دا، چەمکی زاوزێ و دووبارە زیندووبوونەوە گرینگیی تایبەتی هەیە و دەکرێ ئاماژەی شاعیر بەوە بێ کە پێوستە شاری ورمێ لەسەر بنەمای ئەوین و جوانی و ڕەز و گەمەی کۆتر زیندوو کرێتەوە و هەموو بە ئاشتەوایی لەکەنار یەکتردا بژین.
خاڵی سرنجڕاکێش ئەوەیە کە چەمکی ئاوس زۆر جار ئەرێنی نییە. لێرەدا “مانگی ئاوس” دەتوانێ ئاماژە بەم دۆخە بێ کە شارێکی جوانی پڕ لە باخ بەهۆی دژایەتی و گرفتەکان دەتوانێ ئاوس بێ بە شەڕ و کێشە.
دووهەم: شاری ورمێ هەمیشە لە زاوزێ دایە و دەتوانێ بە دیالۆگ و ڕێگای ئاشتیانە ژیانێکی دووبارەی هەبێ. ژیانێکی قەقنەس ئاسا. ئاخر دەڵێن فرمێسکی قەقنەس دەرمانی هەموو دەردانە.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
قاسملووم چۆن بینی؟
قاسملووم چۆن بینی؟ عەلی مازووجی بێگومان، مرۆڤناسی و تێگەیشتن لە دەروونی مرۆڤ کارێکی زۆر ئاسان نییە، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن بەشە جوان، بەهێز، زیرەک و هۆشیارەکانی خۆیان بە دەرەوە [...]
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]







