بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی
خوسرەوی، سارۆ (٢٠٢٥):ژیان و تێکۆشانی یارسانییەکان لە مێژووی سیاسیی ئێراندا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
ئەم ئایینە بزووتنەوەیەکی شوناسخوازی ئایینی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی بووە. لە سەردەمی پردیوەر و قۆناغەکانی پێش ئەویش، یارسان ڕۆڵی گەورە و کاریگەری هەبووە لە پاراستنی شوناس و فەرهەنگی ڕاستەقینەی کوردان و هیچکات لە بەرانبەری زوڵم و زۆری نەیارانیدا خۆی بەدەستەوە نەداوە. ئەرکی پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی لە هەورامان، لە ئەستۆی یارساندا بووە. بەڵام حاشا لەوە ناکرێت کە بزووتنەوەی یارسان، پێش سەرهەڵدانی سەفەوییەکان، لە ژێر گوشاری توند و گشت لایەنەی باوەڕمەندانی موسڵمانی سوننە، قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی لە هەورامان لاواز بووە و لە ڕووی ناچارییەوە ناوەندی دەسەڵاتداریی خۆی گواستوەتەوە بۆ داڵاهۆ و ئەوێ کردووەتە دوایین بارەگای نیزامی( پیر و پادشایی)یارسان. لە داڵاهۆ (بابەیادگار) وەک جێنشینی سوڵتان سەهاک، ئەرکی ڕێکخستنی بزووتنەوەی یارسانی لە ئەستۆ بووە.
ژیان و تێکۆشانی یارسانییەکان لە مێژووی سیاسیی ئێراندا
دەستپێک
کۆمەڵگەی یارسان، یەکێکە لە پێکهاتە پایەدار و خۆڕاگرەکانی کوردستان، کە بەدرێژایی مێژوو, لە پێناو بەرگریکردن لە ناسنامە، کولتوور و زمانی خۆی، لە چەندین سەردەمی جیاوازدا، تووشی چەوساندنەوەی نەتەویی و ئایینی بووە، بەڵام هەرگیز حاشای لە ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆی نەکردووە و بەردەوام خاوەن بزووتنەوەی مافخوازی بووە.
یارسان، بەها کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی لەتێڕامان و فەلسەفەی ئایینیی خۆیدا پارستووە و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ پەرەی پێ داوە. لە گەوهەری کەلامەکانی یاریدا، فەرهەنگ و ژیاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی زاگرۆس، وەک بەشێکی گرینگ و پڕبایەخ لە مێژووی ڕاستەقینەی کورداندا، جێگای باس و تێڕامانە.
یارسانییەکان، لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ساسانی و زاڵبوونی دەسەڵاتی سیاسیی ئیسلام لەسەر خاکی نیشتمانی کوردان، دژ بە داگیرکاریی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی سیاسی تێکۆشانیان کردووە.
بەپێی بەرهەم و نووسراوەکانی یارسان، لەپاش داگیرکردنی ئەو ناوچانەی کە یارسانییەکان پێشتر تێیدا ژیاون، پێشەنگانی بزووتنەوەی یارسان بۆ بنیادنانەوەی ناسنامە و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی پێش ئیسلام، ژمارەیەک بزووتنەوەیان دروست کردوون، کە دیارترینیان بریتی بوون لە: بزووتنەوەکانی، بابا سەرهەنگ دەودانی، شاخوشین لوڕستانی و بابا ناوس سەرگەتی. درێژەی بزووتنەوەکانی یارسان دواجار پەیوست بووە بە سەردەمی سوڵتان سەهاک بەرزنجی لە سەدەی ١٣ی زایینی. سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئایینی یاری لە چوارچێوەی گرێبەستێک لەژێر ناوی ( بیاوبەس) لە پردیوەری هەورامان، یارسانی کردە خاوەن سیستەمی پیروپادشایی، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەی ڕێکخراوەیی ڕێبەرایەتی کۆمەڵگە بکات.
بەپێی گرێبەستی ( بیاوبەس)، بنەما فیکرییەکانی یاری و ئامانج و میتۆدی ڕێبەرایەتیی کۆمەڵگە لە ڕێگەی سیستەمی شورای “پیر و پادشا” دیاری کراوە. خەبات و خۆڕاگریی یارسانییەکان بۆ پاراستنی شوناسی کولتووری و ئایینی، کە گەوهەری فەرهەنگی نەتەوەییە، پشتی بەو چەمک و ڕێبازانە بەستووە کە پيش لە هاتنی ئیسلام لە کوردستان باو بوون.
لە نیزامی پیر و پادشایی یارساندا، ڕێنێسانسی فیکری بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی، پێناسەی دروستی ئەخلاق لە بەها و پێگەی مرۆڤ لە گەوهەر و بنەوای ئایینی یاری واتە( پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕەدا) ڕۆشنانی خراوەتە سەر و لە بواری کردارییەوە کاری لەسەر کراوە. هەوڵدان بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەری لە نیزامی یاریدا، خاڵێکی گرێنگ و جێگای بایەخ بووە. پرۆژە و بەرنامەی نیزامی پیر و پادشایی، لە پەیمانی پردیوەر، وەک ئەرک دیاری کراوە و لە ڕێگەی جەم و ( گرووپ و ئەنجومەن) خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، (سەید براکەی گۆران) وەک دوایین میراتگری ئایینی یاری دەرکەوتووە. بەو جۆرەی چاودارانی تەکیەی گۆران باسی لێوە دەکەن، لەسەردەمی سەید براکەی گۆراندا، بناغە فیکرییەکانی ئایینی یاری کە لە پەیمانی پردیوەر دارێژراون، پارێزراون وهەوڵی تێگەیشتنیان بۆ دراوە.
بە بۆچوونی من، کۆمەڵگەی یارسان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا تەنیا خۆی بە میراتگری ئایینی یاری دەزانێت، بەڵام لە ڕووی ڕۆشنبیری، مەعریفی و تێگەیشتنەوە، زۆربەی ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە نەیانتوانیوە بەها و گەوهەری فیکری و فەلسەفەی ئایینەکە لە بواری کردارییەوە هەڵسەنگینن و لە ژیان و تێکۆشانی خۆیاندا بەچاکی ڕەچاوی بکەن، ڕەنگە هۆکاری سەرەکیش ئەوە بێت کە هەتا چەند ساڵ پێش ئێستا تەکیە و خانەدانەکانی یارسان، لە ژێر ناوی کڕمات
(سرمگو) ڕێگەیان نەداوە ئەندامانی کۆمەڵگەی یارسان دەستیان بە دەقە ئایینییەکانی یارسان ڕابگات. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، ڕەنگە ئەوە بووبێت کە دەقە کەلامییەکانی یاری بە گۆرانی یان هەورامی کۆن نووسراون و تێگەیشتن لێیان ئەوەندە ئاسان نییە. بەڵام بەو حاڵەشەوە ئایینی یاری لەبەر ئەوەی خاوەن ڕەگ و ڕیشەی پتەو و مێژووییە، لە مێژووی ژیار و فەرهەنگی کورداندا، مەحاڵە لە ژێر کاریگەریی هیچ فەرهەنگێکی دیکەدا کەمڕەنگ بکرێتەوە. لەم سەردەمەدا، کەسانێگ لە ڕۆشنبیرانی یارسانی پەیدا بوون کە بە وردبینییەوە هەوڵی تێگەیشتن لە گەوهەری فیکری و بنەما و ڕێبازە سەرەکییەکانی ئایینی یاری دەدەن و مەبەستیانە بە خوێندنەوە و شرۆڤەی ڕوون و دروست، کۆمەڵگەی یارسان لە هەقیقەتی یاری تێبگەێنن.
یارسانییەکان، سەرباری ئەوەی بە درێژایی مێژوو و لە سەردەمی جیاوازدا، بۆ زیندووڕاگرتنی شوناس و فەرهەنگی ڕاستەقینەی خۆیان، خۆڕاگرییان کردووە، بەڵام باجی گەورەشیان داوە و لەگەڵ زوڵم و چەوساندنەوە ڕووبەڕوو بوونەتەوە. لەم بابەتەدا، بەپێی دەرفەرت و توانایی خۆم، ڕۆشنایی دەخەمە سەر ڕەوشی ژیان و گوزەرانی یارسانییەکان لە مێژووی سیاسیی ئێراندا.
خوێندوەیەکی لەم جۆرە گرینگە، بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەی یارسان و ڕۆشنبیرانی کورد بە گشتی، لە مێژووی یارسان و گەوهەری پڕواتای ئایینی یاری تێبگەن. بێگومان ئەگەر تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە لە دونیابینینی ئایینی یاری و بزووتنەوەی پڕ لە دەستکەوتی یارسان تێ بگەن، ئیزن بە خۆیان نادەن، یارسان بۆ ئەجێندای سیاسیی هیچ گرووپ و لایەنێک بەکار بهێنن و دەتوانن لە دواڕۆژی وڵاتدا، سەروەریی ئایینی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیی خۆیان بپارێزن.
کۆچی مێژوویی یارسانییەکان، لە پردیوەرەوە بۆ داڵاهۆ
لەپاش سەرهەڵدان و زاڵبوونی ئیسلام بەسەر ئێران و کوردستاندا، زۆربەی چەمکە فەلسەفییەکان کە هەڵگری ڕوانگە و دونیابینیی بزووتنەوە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی زاگرۆس بوون لەناو چوون، بەڵام بزووتنەوەی یارسان بە پشتبەستن بە فەرهەنگی بەرخۆدانی سەدان ساڵەی خۆی، توانی لە چوارچێوەی ئایینی یاریدا، شوناسی ڕاستەقینەی خۆی بپارێزێت و وەک میرات پێشکەشی نەوەکانی دواڕۆژی نیشتمانی بکات.
ئایینی یاری، لە سەر خاکی کوردستان، لەژێر دەسەڵاتی میرنشینەکانی کورددا و لە سەردەمی دەسەڵاتدارانی ئیسلام، ئاشکرا بوو. بە پێی بۆچوونی یارانی یاری، سوڵتان سەهاک لە کۆتاییەکانی چەرخی حەوتەمی کۆچی (دەورەی پردیوەر) خۆی پیشان داوە و بناغەکانی ئایینی یاری، ساغ کردوەتەوە و ڕای گەیاندووە و یارانی یاری لە پرژوبڵاوی ڕزگار کردووە. پێشەنگانی بزووتنەوری یارسان لە زگرۆس، زۆرتر کورد بوون، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە تەنیا لە جوگرافیای زاگرۆس سنووردار نەبووە، بەڵکوو لەژێر هەژموونی کولتووری گۆراندا زۆربەی جوگرافیای ناوچەکەی گرتوەتەوە.
باوەڕدارانی ئەم ئایینە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە “یارسان” و لە باشووری کوردستان بە “کاکەیی” و لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستانیش بە “عەلەوی” ناسراون. بەڵام عەلەوییەکان بە بەراورد لەگەڵ یارسانی و کاکەییەکاندا تا ڕادەیەک خۆیان لە بنەما و ڕێوڕەسمە ڕەسەنەکانی ئایینی یاری دوور خستووەتەوە.
ئەم ئایینە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە سەر میتراییزم. ئایینی میتراییزم کۆنترین ئایینی کوردە کە ئێستایش پەرستگەکەی لە کەنگاوەڕ لە دەڤەری شاری کرماشاندا ماوە. وشەی میترا، واتای “ئەڤین” و “پەیمان” دەگەیەنێت. ئەم خودایە پێشتر خودای خۆر و ڕووناکی بووە و دواتر بە پارێزەری ئاسمان و زەوی ناسراوە.
هەندێک لە توێژەران، جەخت لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و بەرخۆدانی کولتووری یارسان دەکەنەوە، کە لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا بە سەرکردایەتی شای هەورمان، (سوڵتان سەهاک) لە دەڤەری پردیوەری هەورامان لە ئارادا بووە، بەڵام بە پێی نووسراوە و دەقەکانی یاری و بیروباوەڕی زارەکیی باوەڕدارانی یارسان، ئەم ئایینە لە سەدەی کۆچی و لە سەردەمی “بەهلوول ماهی’ بە شێوەی نهێنی لە ئارادا بووە و پاشان لە سەدەی چوارەمی کۆچی، “شا خۆشین” ئەرکی بزووتنەوەی یارسان و ڕاپەڕاندنی کار و تێکۆشانی یاری لە ئەستۆ گرتووە. دەوای ئەویش ‘ بابا سەرهەنگ دەودانی’، ‘بابا جەلیل’ و ‘بابا ناوس سەرگەتی’، تا سەرەتاکانی سەدەی حەوتەم، یەک لەدوای یەک، هاتوون و درێژەیان بە بزووتنەوەی یارسان داوە.
بە پێچەوانەی ڕوانگە و باوەڕی باو کە دەبێژن، یاری تەنیا ئایینی پەرەستش و پاڕانەوە و ڕێوڕەسمی سونەتی بووە، ئەم ئایینە بزووتنەوەیەکی شوناسخوازی ئایینی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی بووە. لە سەردەمی پردیوەر و قۆناغەکانی پێش ئەویش، یارسان ڕۆڵی گەورە و کاریگەری هەبووە لە پاراستنی شوناس و فەرهەنگی ڕاستەقینەی کوردان و هیچکات لە بەرانبەری زوڵم و زۆری نەیارانیدا خۆی بەدەستەوە نەداوە. ئەرکی پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی لە هەورامان، لە ئەستۆی یارساندا بووە. بەڵام حاشا لەوە ناکرێت کە بزووتنەوەی یارسان، پێش سەرهەڵدانی سەفەوییەکان، لە ژێر گوشاری توند و گشت لایەنەی باوەڕمەندانی موسڵمانی سوننە، قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی لە هەورامان لاواز بووە و لە ڕووی ناچارییەوە ناوەندی دەسەڵاتداریی خۆی گواستوەتەوە بۆ داڵاهۆ و ئەوێ کردووەتە دوایین بارەگای نیزامی( پیر و پادشایی)یارسان. لە داڵاهۆ (بابەیادگار) وەک جێنشینی سوڵتان سەهاک، ئەرکی ڕێکخستنی بزووتنەوەی یارسانی لە ئەستۆ بووە.
بزووتنەوەی یارسان لە پاش ڕووداوی « مەڕنەو» و شەڕی مان و نەمانی سوڵتان و یارانی لەگەڵ گروەپی ( چیچەک)، لەلایەن موسڵمانی سوننەوە بە مولحید و کافر ناودێر کراوە. ڕووبەڕووبوونەوە و ململانی سەخت لە نێوان یارسانەکان و موسڵمانانی سوننە بە شێوەیەک تەشەنەی سەندووە و پەرەی گرتووە، کە سەرکردەکانی یارسان بڕیاریان دا ناوەندی نیزامی پیروپادشایی یارسان لە هەورامانەوە بگوازنەوە بۆ دەڤەری گۆران لە داڵاهۆ.
کۆچی مێژوویی یارسانییەکان لە پردیوەرەوە بۆ داڵاهۆ، کۆچێکی هەمیشەیی بووە، لەبەر ئەوەی زەخت و فشاری موسڵمانانی سوننە لەسەر ژیان و ماڵیان ناچاری کردوون بۆ مانەوەیان، پردیوەر، ڕووگەی ئەوینی خۆیان بەجێ بێڵن و لە داڵاهۆ بگیرسێنەوە. هەرێمی داڵاهۆ و ناوچەکانی دەوروبەری تا ئێستاش بە شوێن و میلکانی سەرەکی یارسان دادەنرێت.
هەتا پێش دەسەڵاتی سەفەوی، ئێران و ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی شانشینی خێڵەکی (ملوکالطوایفی) بەڕێوەدەبرا. لەو سەردەمەدا، یارسانییەکان لەلایەن موسڵمانانی کوردی سوننەوە دەچەوسێندرانەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی سەفەوی، ئەم جارەیان یارسانییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر و بە پلانی ورد، لەلایەن دەسەڵاتی شیعەوە هەوڵی لەناوبردن و تواندنەوەیان درا. شەڕە خوێناوییەکانی سەفەوی لە دەڤەری یارسانییەکان، ئەوەندە کارەساتبارە کە هیچ کات یارسانییەکان ناتوانن لەبیری خۆیانی بەرنەوە.
ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی یارسان کە زۆربەیان لە کوردانی لەک بوون، بە زەربی شمشێری سەفەوییەکان کران بە موسڵمانی شیعە، بەڵام زۆربەی باوەڕمەندانی یارسان سەرباری ئەوەی باجی زۆر گەورە و گرانیان دا، وەک چۆن تەسلیمی زۆرینەی موسەڵمانی سوننە لە هەورامان نەبوون، بە هەمان شێوە لە داڵاهۆ لە بەرنبەری دەسەڵاتی سەفەوی بەرخۆدانیان کرد و نەبوون بە موسڵمانی شیعە و لەسەر ئایینی ڕاستەقینەی خۆیان مانەوە.
یارسانییەکان بەسەرکردایەتی و پێشەنگایەتی پیر و زانایانی خۆیان، توانیان دەورانی خوێناوی و پڕ لە زوڵم و زۆری سەفەوی تێپەڕینن و خۆیان لە چەندین گرووپی جیا جیادا ڕێک بخەنەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی قاجارەکان، ڕێگەیەکی دیکە بۆ گۆڕینی یارسانییەکان بۆ نێو باوەشی ئیسلام و شیعەگەری گیرا بەر. قاجارەکان وەک سەفەوییەکان زۆر هەوڵی قڕکردنی یارسانییەکانیان نەدا، بەڵکوو هەوڵیاندا لە رێگەی میتۆدی ڕاکیشانەوە بیانکەن بە شیعە، کە دیارە لەم سیاسەتەیاندا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون، ئەویش لەبەر تێکچۆنی نیزامی پیروپادشایی یاری لە داڵاهۆ و خەیانەتی هەندێک لە دەرەبەگ و سەیدەکانی گۆران بە ڕێبازی بەرخۆدانی یارسان. مێژووی کوردستان شاهیدی بۆ ئەوە دەدات کە کەڵهوڕەکان لە دەستپێکەوە یارسان بوون، بەڵام لە میتۆد و سیاسەتی نەرمی قاجارەکان، لە بەرانبەر وەرگرتنی گەندێک ئیمتیاز، وازیان لە یارسان هێناوە و بوون بە موسڵمانی شیعە.
قاجارەکان لە ڕێگای هەندێک پرۆژەی چاکسازییەوە، توانییان لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە دروس بکەن و هەندێک ئیمتیاز بدەنە خانەکانی دەڤەری گۆران، بەڵام بەم جۆرە سەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان لە کۆمەڵگەی یارسان سەندەوە. دیارە هەر ئەم سیاسەتەی قاجار وایکرد، دەنگی ناڕەزایەتی لە نێو یارسانییەکان پەیدا بێت و لە بەرانبەری دەسەڵاتی قاجار، هەڵ بۆ ڕێکخستنی بزووتنەوەی یارسان بدرێتەوە.
یارسانییەکان، لە زەمانی دەسەڵاتداریی قاجار، شاهیدی لەسێدارنی یەکێک لە دیارترین کەسایەتی و ڕێبەرانی ئایینی و ئازادیخوازی خۆیان بوون. شا تەیموور بانیارانی، دواین میراتگری نیزامی» پیر و پادشایی» یارسان، بە فەتوای ئیمام جومعەی دەرباری کرماشان، لە گۆڕەپانی سەبزە مەیدانی ئەو شارە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی قاجارەوە لە سێدارە درا. ناوبراو لەبەر ئەوەی لە بەرانبەری زوڵم و زۆری قاجار، بە پەشتبەستن بە نیزامی پیر و پادشایی یاری، هەوڵی دا بزووتنەوەی ئازادیخوازیی یارسان دروست بکات، لەناویان برد.
لە سێدارەدانی شا تەیموور، بوو بە هۆی ڕق و کینەی بەشێکی زۆری یارسانییەکان بەرانبەر بە حکوومەتی قاجار. باس لەوە دەکرێت، بەشێک لە سادات و سەرۆک فیۆداڵیەکانی گۆران بەو جۆرەی کە پێویست بوو، خاونداریەتییان لە شا تەیمووری شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز نەکردووە.
شا تەیموو، لە ساڵی ١٨٣٠ی زایینی، لە کەڵامێک دا جاڕی ئازادی کێشاوە و دەڵێت:
“یاران مەر ئەوسا تەیموور دڵشاد بوو
ئازادی مەخلووق دادڕەسی داد بوو”
شاتەیموور لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی مرۆڤدۆستی یارسان، تێکۆشانی ئازادی کرد و هەر لەو پێناوەشدا گیانی خۆی بەخت کرد.
وەک ئەوەی مێژوو پێمان دەڵێت، یارسانییەکان هەر لە دەسپێکی سەرهەڵدانی ئایینەکەیانەوە لەلایەن دەسەڵاتە ئایینی و سیاسییەکانی ئێرانەوە هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردنیان دراوە، بەڵام توانیویانە لە گشت قۆناغەکاندا بەرنگاری بکەن و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ خۆیان بپارێزن، هەرچەند ناوەندی قەڵەمڕەوی یارسان لە جواگرافیایەکی بەرفراونەوە بچووک بووەتەوە بۆ دەڤەرێکی بچووکی وەک داڵاهۆ.
لە مێژووی هاوچەرخ و سەرهەڵدانی دەوڵەت- نەتەوە لە ئێراندا، دەسەڵاتی یەکەمی پەهلەوی، شێوازی دەوڵەتداری گۆڕانکاری بەسەر هات، بەڵام لەم سەردەمەشدا دەسەڵاتی پەهلەوی لە چوارچێوەی سیاسەیی یەکسانسازی، کێشەی لەگەڵ سروشتی ئایینی یاری و ڕۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی یارسانییەکاندا هەبوو.
کاتێک دەوڵەتی نەتەوەیی مەرکەزی بە سەنتەری فارسی شیعە لە ئێران دەسەڵاتی گرتە دەست، بە شێوەی سیستماتیک بیری پان فارسیزم پەرەی سەند و نەتەوە کەمینەکان لە گشت ڕوویەکەوە لەگەڵ دیاردەی چەوساندنەوە و ئینکاری ناسنامەی نەتەوەیی ڕووبەڕوو بوونەوە. بەم شێوەیە یارسانییەکان کە بە نەتەوە کوردن، پەرواێز خران. ئامانج لە سیاسەتی دەسەڵاتی پەهلەوی ئەوە بوو بە سیاسەتی سیستماتیک کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان ئاسیملیە بکات، بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی یەکگرتووی پانئێرانیستی بۆ دواڕۆژی ئێران دروست بکات.
حکوومەتی پەهلەوی بە پێی یاسای بنەڕەتیی دەسەڵاتەکەی، چوار ئایینی ئیسلام، زەردەشتی، مەسیحی و جوولەکە-ی بە فەرمی ناساند و چاپۆشی لە ئایینی یاری و زۆر ئایینی دیکە لە جوگرافیای سیاسیی ئێران کرد. ئەم سیاسەتە زەمینەی بۆ دەسەڵات و دەوڵەت لە ئێران خۆش کرد، تاکوو ئایینی کەمینە ئاسمیلە بکرێت. لە دوای سیاسەتی ئاسیمیلەکردنی نەتەوە و ئایینی کەمینە لە لایەن پەهلەوی، دواتر حکوومەتی ئایدۆلۆژیی ئایینی شیعەی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژەی بە هەمان سیاسەتی ئننکاری کەمینە باوەڕی و نەتەوەییکانی ئێرانی دا و ئەوەی بە حکوومەتی پەهلەوەی بە تەواوی جێبەجێ نەکرا، ئەم سیستەمە ئیسلامییە بە پرۆژە و پلانی بەرفراوان و درێژخایان هەوڵی جێبەجێکردنی دا.
یارسانییەکان لە مێژووی سیاسیی ئێراندا
یارسانییەکان، لە هەردووک حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، لە دوو ڕووی نەتەوەیی و ئایینییەوە لەگەڵ دیاردەی هەڵاواردن و چەوساندنەوە ڕووبەڕوو بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی هەردووک حکوومەت لەسەر بنەمای ناوەندگەرایی ئێرانی فارسی و ئایینی شیعە پێکهاتوون. بەداخەوە هەتا ئێستا بڕێک لە خەڵکی ئێمە پێییان وایە، حکوومەتی پەهلەوی بەتەواوی عەلمانی بووە، ئەگەر وایە بۆچی لە یاسای بنەڕەتییان, ئایینی( یاری)یان بە ڕەسمی نەناسراوە. جیاوازی حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە دۆگماتیزم و پراکتیزە ئایینییەکان لە سیستەمی حکوومەتدا بوو، بەڵام لە گەوهەر و نێوەڕۆکدا خاوەن یەک ئامانج بوون. مەگەر ئەوە نییە، لە یاسا و دەستووری بنەوایی پەهلەوی هاتووە کە دەبێت پاشای وڵات سەر بە ڕێبازی دوانزە پێشەوای شیعە بێت، تاوەکوو بتوانێت وەک پاشای وڵات دیاری بکرێت. هەروەها لە کەس شاراوە نییە کە زۆرێک لە یاسا مەدەنییەکانی ئێرانی دەورانی پەهلەوی، لەسەر بنەمای فەرمانەکانی ئیسلام و ئایینی شیعە دامەزراون.
ئەوەی کە لە کۆنواسیۆن و جاڕنامەی مافی مرۆڤدا لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی زۆرینە و پاراستنی مافی کەمینە هاتوو، لە هەردووک حکوومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕەچاو نەکراوە. بێگومان ئەگەر مافی کەمینە لە یاسای بنەڕەتیی ئەو دوو دەسەڵاتە لەبەرچاو گیرابا، پێویستی بەوە نەدەکرد، یارسانییەک پێ لە جەرگی خۆی بنێت و هەزاران ئەشکەنجەی ڕۆحی و ڕەوانی قبووڵ بکات تاکوو بۆ بەهرەمەندیی لە بچووکترین مافی شارۆمەندی، خۆی بە موسڵمانی شیعە لە قەڵەم بدات. دیارە مەسەلەی سیاسەتی هەڵاواردن تەنیا ئەو بەشە لە یارسانییەکان ناگرێتەوە کە کوردن، بەڵکوو یارسانیانی ئازەریش دەگريتەوە، چوونکە هیچ یەک لەم پێکهاتانە لە ڕووی مافی شارۆمەندییەوە بۆ هیچ یەک لە دەسەڵاتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندە گرینگ نەبوون. بەڵام لەم بارەوە کوردانی یارسانی گوشاری دووقاتیان لەسەر بووە. لەبەر ئەوەی کوردەکان بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، لە چوارچێوەی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی، بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی خۆیان تێکۆشانیان کردووە.
سیاسەتی ئاسیمیلەکردن و ژینۆساید یارسانییەکان لە ئێران، کاتێک دەست پێ دەکات کە لە پێناوی بەهرەمەندبوونیان لە مافی شارۆمەندی، خۆیان بە موسڵمان بناسێنن. ئەم سیاسەتەی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران، بە پروپاگەندەی سیستماتیک و ئامانجدار بەڕێوە دەچێت و بەداخەوە بۆ سەرخستنی ئامانجەکانیان زۆر جار کەڵک لە کەسایەتییە ئایینەکانی یارسانیش وەردەگرن. لە دەورانی دەسەڵاتی مەلاکان لە ئێران، کۆمەڵگەی یارسان لە ڕووی فەرهەنگی و ئایینییەوە کەوتوەتە ژێر کاریگەری ئایینی ڕەسمی ئێران. یارسانییەکان ئێستا ئیدی لە زۆر بوونەی ئایینی و کۆمەڵایەتییاندا، بە پێی داب و نەریتی ئایینی شیعەی ئسلام هەڵسوکەوت دەکەن و لە هەقیقەت و گەوهەری ئایینی یاری بە ئاشکرا پەیڕەوی ناکەن. کۆمەڵگەی یارسان پێش لەوەی کۆماری ئیسلامی بێتە سەرکار، بەپێی سروشتی ئایینەکان کە تێکەڵی موزیک و گۆرانی و فەرهەنگی شادییە، کۆمەڵگەیەکی شاد و کراوە بوون، بەڵام ئێستا ئەوەندە ڕەنگی ئازیەتبارییان پێوە دیارە، زۆر جار مرۆڤ لە بیری دەچێتەوە کە ئەمانە ڕۆژگارێک یارسانی بوون.
یەکێک لە ئاستەنگی و کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی یارسان ئەوەیە، کاتێک لە ناوەندە حکوومییەکان، لە پەیوەندی لەگەڵ گەوهەر و نێوەڕۆکی ئایینەکەیان ڕووبەڕوو دەبنەوە، ناتوانن یان ناوێرن باس لە جیاوازییەکانی ئایینەکەیان لەگەڵ ئایینی ئیسلام بکەن. ئەمە لە دوو حاڵەت و هۆکار بەدەر نییە، یان لەبەر ئاستەنگی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت، حەقیقەتی ئایینەکان لەلایەن سادات و تەکیەدارانەوە بۆ ڕوون نەکراوەتەوە، یانکوو لەبەر ناشارەزاییان لە شێوازی گۆرانیی کۆن کە زمانی ئەسڵی کەلامەکانی ئایینی یارییە، زانیاریی ئەوتۆیان لە دونیابینیی ئایینی یاری نییە، چوونکە تێگەیشتن لە کەلامەکانی یاری، ئاستێکی بەرزی خوێندنەوە و تێگەیشتن و شارەزابوون لە کوردیی گۆرانی دەوێت کە هەموو کەسێک دەسەڵاتی بەسەردا ناشکێت.
دەرکەوتنی جەوهەری خودا لە بەرگی مرۆڤ، لە سەردەم و جوگرافیای جیاوزدا، یەکێکە لە بنەما هزری و باوەڕییەکانی ئایینی یاری. لە ڕێوایەتێکی گوماناوی یارسانیدا هاتووە، حەزرەتی عەلی لە بەرگی مرۆڤێکی خاوەن زاتی خودایی دەردەکەوێت. لەبارەی ناراستیی ئەم ڕێوایەتە، بیروڕای جیاواز هەیە. زۆر کەس لە توێژەرانی یارسانی پێیان وایە، مەسەلەی عەلی هیچ پەیوەندییەکی جەوهەری بە بڕوا و تێڕامانی یارسانەوە نییە، لەبەر ئەوەی ئایینی یاری بە شێوەی دەوران دەوران هاتووە و هیچ دەورانێکی تایبەت بە ناوی عەلی لە دەفتەری سەرەنجام تۆمار نەکراوە. یارسانییەکان لە دەورانی سەفەوی بۆ ئەوەی ڕووحانییەتی شیعە قبووڵ نەکەن و لەسەر ڕێبازی ئایینەکەی خۆیان بمێننەوە، بە زاناییەوە لە چەند دەقێکی ساختەی ئایینییاندا ئاماژەیان بە زاتداریی عەلی کردووە، ئەوەیش نەک لە ڕووی باوەڕییەوە، بەڵکوو لە ڕووی فەلسەفەی دووناودووندا گونجاندوویانە و لێکدانەوەیان بۆ کردووە.
فەرمانڕەوایانی شیعە لە دەورانی سەفەوییەکان تا ئێستا هەوڵیان داوە بە بیانووی خاڵی هاوبەشی نێوان شیعە و یارسان، لەژێر ناوی دەکەوتنی چەمکی (زاتی خودایی)، یارسان وەک ژێرگرووپی شیعە پێناسە بکەن و بەم جۆرە ئایینی یاری ئاسیمیلە بکەن.
پێشێلکاری مافی یارسانییەکان لەلایەن شیعەی دەسەڵاتدارەوە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی خودی یارسانییەکان کە لە ئاست کولتوور و باوەڕە ئایینییەکانی خۆیان لاوازن و ناتوانن بەچاکی خاونداریەتی لێ بکەن. هەروەها بەرژەوەندیی بڕێک لە سادات و کەسایەتییە ئایینییەکانی یارسان و بێدەنگییان لە بەرانبەر پروپاگەندەی سیستماتیکی ناوەندە دەوڵەتییەکانی حکوومەت دژ بە ئایینی یاری و باوەڕییەکانی کۆمەڵگەی یارسان، پرۆسەی ئاسیمیلەکردنی یارسانی خێراتر کردووە.
سیستەمی شیعەی ئێران، کاتێک دەزانێت ئایینی یاری ڕیشەی لە فەرهەنگی دێرینی کورد و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی زاگرۆسدا هەیە و بە ئاسانی ناتوانێ لەناوی بەرێت، دێت لە خاڵی هاوبەشی نێوان یاری و شیعە دەگەڕێت و دەخوازێت لەو ڕێگایەوە شوناسی یارسان تێکەڵ بە شوناسی شیعەگەری بکات، ئەوە لە کاتێکدایە شوناس لەسەر بنەمای جیاوازییەکان دروست دەبێت، نەک بە هاوبەشی لە نێوان دوو دونیابینی تەواو لەیەک جیاواز.
یارسان بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە جیاوازیی باوەڕی و جیاوازی ئایینی و ڕەنگاوڕەنگیی کولتووری بە سەرچاوەی نزیکایەتی و دۆستایەتی دەزانێت، لەبەر ئەوەی پێی وایە لە ئەنجامی کولتووری فرە ڕەنگی و باوەڕی جیاوازدا، ڕوانگە و ڕواڵەتی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە باشتر خۆی بەرجەستە دەکات.
خاڵی هەرە گرنگ و جەوهەری کە لە ئایینی یاریدا جێگای سەرنج و تێڕامانە، ئەوەیە کە ئەم ئایینە بە هێج شێوەیەک باوەڕی بە توندوتیژی نییە، واتە خاڵی بەرانبەری توندوتیژییە. مرۆڤەکانی لەسەر بنەوای ئاکار و کردەوەی چاک پەروەردە کردووە و جاڕی ئاشتەوایی داوە، بێگومان ئەمە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆش، بابەتێکی گرینگ و پێویستە و دەکرێ وەک بنەوایەک بۆ ئاشتەوایی و ڕۆحی لێبووردەیی کاری لەسەر بکرێ. هەروەها جێگە و پێگەی ژن و پێناسەی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ لە فەلسەفەی مرۆڤمەداریی یاریدا خاڵێکی گەوهەری و جێگای سەرنجە.
بارودۆخی ژیانی یارسانییەکان لە نیزامی ئێستای ئێراندا
لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویی ئێراندا، ڕووحانییەتی شیعە توانی بە پشتبەستن بە پاشخانه سیاسی _ کۆمهڵایهتی خۆی، جڵەوی شۆڕشی گەلانی نێو جوگارفیای سیاسی ئێران بەدەستەوە بگرێت و ئانجەکانی خۆی پێک بێنێت. شتێکی چاوەڕوانکراو بوو، حکوومەتێکی ئیسلامی بە ڕێبەری خومەینی لە ئێران بێتە سەرکار، لەبەر ئەوەی ڕووحانیەتی شیعە لە مێژووی سیاسی_کۆمەڵایەتی ئێراندا پاشخانێکی چەندسەد ساڵەی هەبوو. بنەماڵەی سەفەوییەکان بۆ یەکەم جار، مەزهەبی شیعەیان بە زەربی شمشێر کردە مەزهەبی ڕەسمی ئێران و لەو کاتەوە تا ئێستا کولتووری سیاسی ئێران لەسەر دوو کۆڵەکەی مەزهەب و دەوڵەت ڕاوەستاوە.
بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی ڕووحانییەت لە ئێران، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە دەوڵەت(شایەکان) و ڕووحانییەتی شیعە بە پێی بەرژەوەندیی دوولایەنەیان، پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەبووە و بۆ داسەپاندن و مانەوەی دەسەڵاتەکانیان، کەڵکیان لە شیعەی ئیسلامی وەرگرتووە.
دوای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆمەڵگەی یارسان، وەک پێکهاتەیەکی ئایینی و هاوکات وەک بەشێک لە نەتەوەی مافخوراوی کورد، لە مافی ڕەوای خۆی بێبەش کرا و لەگەڵ دیارەی هەڵاواردن ڕووبەڕوو بووەوە. لەماوەی دەسەڵاتداریی ئەم حکوومەتە، زۆربەی یارسانییەکان لە کارە حکوومییەکانیان دوورخراونەتەوە و دەرکراون.
لەبەر ئەوەی کوردستان مەڵبەندی ڕەسەنی یارسانییەکانە و ئایینی یاری ڕەنگڕێژی کولتوور و شارستانییەتی کوردانە، ئەم کۆمەڵگەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، زۆرتر هەوڵی تواندنەوەی دراوە. جاری وا بووە، باوەڕمەندێکی یارسانی خۆی وەک موسڵمان نمایش کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ناو سیستەمی ئیداری و حکوومەتی دەوڵەت دابمەرزێت، بەڵام سەرباری کارامەیی، ڕێگەیان پێ نەداوە بگاتە پلەیەکی باڵا، بەو جۆرەی کە شیاوی تواناییەکانی خۆی بووە.
یارسانییەکان، لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بۆ بەهرەمەندبوونیان لە مافی شارۆمەندی، باجی گەورەیان داوە و بەرگەی زۆر زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتییان گرتووە، بەڵام هێشتا دەستبەرداری مافەکانی خۆیان نەبوون و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە ئامادە نین لە پێناو وەرگرتنی ئیمتیازێکی بچووک، دەس لە ئایین و میراتی فەرهەنگی و نەتەوەیی خۆیان هەڵگرن.
لە کاتێکدا، لە پەیماننامەی مافی مرۆڤدا، باس لە پاراستنی مافی کەمینە لە حوکمڕانی زۆرینەدا کراوە، ئایینی (یاری) کە ئایینی کۆمەڵگەی یارسانە، لە یاسای بنەڕەتی ئێران و لە لایەن ناوەندەکانی یاسادانانی کۆماری ئیسلامییەوە بە ڕەسمی نەناسراوە، ئەمەش وای کردووە، یارسانییەکان لە مافی هاوڵاتیبوون بێبەهرە بن و بەردەوام لە دامودەزگاکانی دەوڵەت، لەگەڵ هەڵاواردن و تەنانەت سووکایەتی بەرەوڕوو ببنەوە.
بۆ بەهرەمەندنەبوونی یارسانییەکان لە مافی یەکسان، زۆر یارسانی ناچار بوون لە سیستەمی ئێراندا، خۆیان بە موسڵمان بناسێنن و لەسەر فۆرمی فەرمی کە لە لایەن دەزگاکانی حکوومەتەوە دەردەچن، ئایینەکەیان وەک ئایینی ( شیعە) پیشان بدەن. ئەم جۆرە مەرجانە لە یاسای ئێراندا وای کردووە، یارسانییەکان نەتوانن لە مافی هاووڵاتیبوەنی وەک ( خوێندنی باڵا، دامەزراندن و کارکردن، تۆماری هاوسەرگیری و تاپۆکردنی موڵک و ماڵ)ی تایبەت بە خۆیان بەهرەمەند بن.
یارسانییەکان بۆ بەهرەمەندبوون لەمافەکانیان، دەبێت لە پێشدا لە ناوەندە دەوڵەتییەکان، خۆیان وەک باوەڕمەندێکی موسڵمانی شیعە بناسێن. ئەم جۆرە لە هەڵاواردن، زیانی ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت دەروونی بۆ یارسانییەکان بەدواوە بووە. زۆرێک لە خەڵکی یارسان، لەبەر ئەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، مافی ئەوەیان نییە لە کۆمپانیا و دامودەزگاکانی سەربە دەوڵەت دابمەرزێن، لە ڕووی ناچارییەوە زێدی خۆیان بەجێ دێڵن و بۆ کرێکای ڕۆژانە و بژێوی ژیانیان، ڕوو لە شارە گەورەکانی ئێران دەکەن.
لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێژەی کەمداهاتی و هەژاری، یارسانییەکانی ناچار بە کۆچکردن کردووە، کە بەشێکی زۆری ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵاوردنە ئایینییەی کە لە پێوەندی لەگەڵ ئەوان پێڕەو دەکرێت. مەرجە یاساییەکانی ڕژێمی ئێران، زەمینەی بۆ جیاکاریی ئایینی لە نێوان یارسانییەکان و باوەڕمەندانی دیکەی سەربە ئایینی ڕەسمیی دەسەڵات ڕەخساندووە. یارسانییەکان زۆر جار دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە، بەڵام ناوەندەکانی سەر بە دەوڵەت هیچ ئاوڕێک لە ماف و داخوازییەکانیان نادەنەوە، چوونکە یاسای پشتگیری و خاونداری لە مافەکانیان، وەک پێکهاتەیەکی ئاینی جیا لە ئایینی دەسەڵات لەبەر چاو نەگیراوە و یاسایی نەکراوەتەوە.
جێگای سەرنجە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە یارسانییەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە مافی شارۆمەندی، خۆیان بە موسڵمانی شیعە دەناسێنن، هەمدیسان ناوەندەکانی سەر بە دامودەزگای دەوڵەتی ئەو کەسانە بە موسڵمان نازانن و بەردەوام بە بیانووی بێ بنەما داخوازییەکانیان ڕەد دەکەنەوە و ئاستەنگییان بۆ دروست دەکەن.
لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، سێ کەس لە پەیڕەوانی ئایینی یاری، بەناوەکانی ” حەسەن ڕەزەوی، نیکمەرد تاهیری و محەممەد قەنبەری”. بە هۆی زوڵم و زوور و سووکایەتی کاربەدەستانی ئێران بە ئایینەکەیان، لەشارەکانی هەمەدان و تاران، خۆیان سووتاند و گیانیان لەدەست دا.
چاوپۆشیکردن لە مافی هاووڵاتییانی یارسانی وەک پێکهاتەیەکی ئایینی لە دەرەوەی سیستەمی سیاسی و یاسایی ئێران، زیانێکی زۆری دەروونی و کۆمەڵایەتی بە یارسانییەکان گەیاندووە، بە جۆرێک کە یارسانییەکان ناچار دەکرێت بۆ گەیشتن بە مافە سەرەتایییەکانی خۆیان، دەست لە ناسنامەی ئایینییان بشوون و لە چوارچێوەی سیستەمی یەکسانسازیی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێراندا، ناسنامەیەکی ساختە بۆ خۆیان دروست بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، مەرجەعی تەقلیدەکانی شیعەی ئێران، بۆ ڕەوایەتبەخشین بە یاسای چاوپۆشیی دەوڵەت لە ئایینی یاری، یارسانییەکان بە سەر سێ شاخەی جیاوازی گومڕای وەک شەیتانپەرەست، عەلیوڵڵاهی و ئەهلی حەقی موسڵمان دابەش دەکات و فەلسەفە و دنیابینیی ئایینەکەیان بۆ ڕای گشتی چەواشە دەکات.
یارسانییەکان لە ئێران، بەهۆی تایبەتمەندیی ئایینەکەیان، تا ئێستا مافی ئەوەیان نەبووە بە شێوەی ئاشکرا بانگەشە بۆ بیر و ڕامانی خۆیان بکەن. هێشتا سەرجەم کەلام و کتێبە ئایینییەکانیان بە تەواوی لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێرانەوە، ئیزنی چاپ و بڵاوبوونەوەیان پێ نەدراوە و ئەوانەش کە تا ئێستا چاپ و بڵاو کراونەتەوە، بە پێی یاسای ئەو وەزارەتە، سانسۆر کراون.
سەرچاوەکان
– اهل حق در قانون اساسی، جزو کدام یک از ادیان است؟ (مقالە)-ابراهیم احمدیان
– یارسان در اتش، حکایت اهل حق های محروم از حق (مقالە) فیروز یوسفی
– اقلیت یارسان ایران، قرنها زندگی در خفا و تبعیض، بهناز حسینی
– کتاب( اول و اخر یار)، نویسندە فلیپ کرینبروک، مترجم، رضا شاهمرادی
– یارسان ها، از مهاجرت تا اجبار بە تغییر دین، بهناز حسینی
– کردهای یارسانی، فشارها و مشکلات، نیشتمان مهرابی( ماڵپەڕی کوردستان میدیا)
– ڕەوشی ژیانی یارسانییەکان لە ئێراندا، وتوێژی (سیاوەش حەیاتی) لەگەڵ ڕادیۆ دەنگی ئەمریکا
– کتێبی (ئایینی یاری)، د. حسین خەلیقی
– شۆڕشی ١٣٥٧ و ڕووحانییەتی شیعە، سمایل بازیار
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ژیان و تێکۆشانی یارسانییەکان لە مێژووی سیاسیی ئێراندا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
حیزبی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی نەتەوەیی
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
بازی امنیتی خاورمیانه
نظرات به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - [...]
لێکەوتەکانی گوتنی ڕێژەییانە (مۆدالیتی)ی ئاژانسی وزەی ناوکی نێودەوڵەتی بۆ ئێران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
“ڕووداو”ی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
چی خهریكه روو ئهدات؛ بوومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]