کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
پەرویز شێخی
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
لە جەرگەی هەناوی سیاسیی کوردستاندا، سنووری نێوان ستراتیژی شاردراوە و تاسەی شەقام بۆ زانین تێکچووە. کاتێک خەڵک بەردەوام گوشار دەخەنە سەر ئەوەی کە سەرکردایەتییەکان بێنە ناو قەرەباڵغی و وردەکاریی هەنگاوەکانیان ببیستن، داوایەک دەخەنە ڕوو کە لە ڕواڵەتدا مافە، بەڵام لە بنەڕەتدا کونکردنی دیواری پاراستنی نەتەوەی بێدەوڵەتی کوردە. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بەگشتی کاتێک سیاسەت بگاتە گوێی خەڵک، ئیتر نێوی سیاسەت نییە و دەبێتە گوتارێکی بازاڕی.
ئەم مەترسییە ڕێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگاتە لوتکە. حیزبی ڕۆژهەڵاتی کە لە نێوان ئاڵۆزیی ناوچەکە و چاوی بێڕەحمی نەیاراندایە، نابێت سیاسەت بکاتە چیرۆک، بەڵکوو دەبێت لە پشت پەردەی نەگوتراوەکانەوە بڕیار بدات. کاتێک کادری باڵای سیاسیی ئەم حیزبانە لە ژێر گوشاری کاتیی شەقامدا، پەنا دەبەنە بەر گێڕانەوەی وردەکارییەکان، لە ڕاستیدا خەریکی داماڵینی هێزی کوردن لەبەردەم چاوی بێبەزەیی دەزگا جەهەنەمییەکان و نەخشەداڕێژەرانی دژەکورددا.
ئەم هەوڵە بۆ ئاشکراکردنی ڕەها، وەک ئەوە وایە مرۆڤ ئەندامە ناوەکی و نهێنییەکانی جەستەی خۆی ئاشکرا بکات. چۆن جەستەی مرۆڤ بەبێ پاراستنی ئەندامە ناوەکییەکانی بەرگەی بچووکترین ڤایرۆسی دەرەکی ناگرێت، سیاسەتیش بەبێ بوونی دیوێکی پارێزراو و دوور لە چاوی بیانی، لەبەردەم تاقیگەی بێبەزەیی دوژمندا هەرەس دەهێنێت و دەبێتە نێچیرێکی ئاسان.
سیاسەت لە ڕەسەنایەتیی خۆیدا، لەناو تەریکیی ژوورە داخراوەکاندا مانا وەردەگرێت؛ ئەو شوێنەی بڕیار وەک کردەیەکی ڕەها و دوور لە چاوی تینووی جەماوەر چەکەرە دەکات. لەوێدا، سیاسەت هێشتا نەبووەتە دەق و نەکەوتووەتە ژێر باری شڕۆڤەی بازاڕ. بەڵام کاتێک ئەم ئیرادەیە ڕادەکێشرێتە بەردەم مایکەکان، سیاسی لە ئەندازیاری مێژووەوە دەگۆڕێت بۆ ئەکتەری شانۆ. مایک، سیاسەت لە ستراتیژەوە دادەماڵێت و دەیکاتە چیرۆکێکی پۆپۆلیستی بۆ ڕازیکردنی کاتیی شەقام. ئەم گواستنەوەیە لە بێدەنگیی بڕیارەوە بۆ ژاوەژاوی گوتار، جۆرێکە لە خۆکوشتنی هێماین؛ چونکە هێز لەو چرکەساتەدا کۆتایی دێت کە دەبێتە بابەتێکی بینراو و هەراجکراو.
ئەگەر وەکوو دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو بڵێین سیاسەت هونەری مومکینە، دەبێت بپرسین: ئەم مومکینبوونە لە کوێدا چەکەرە دەکات؟ لای ئەو، مومکینبوون بەرهەمی عەقڵێکی ستراتیژییە کە دەزانێت کات و نهێنی دوو ڕەهەندی دانەبڕاوی هێزن. ئەم چەمکە لای تۆی سیاسی بەو مانایەیە کە بزانیت لە ناو ئەم هەموو بەربەست و قەیرانانەدا، چی بۆ وەپێشبردنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد مومکین دەبێت و چۆن ئەو دەرفەتە بچووکانە دەقۆزیتەوە بۆ گۆڕینی واقیع. ئەم تێگەیشتنەی دکتۆر قاسملوو بۆ سیاسەت وەک هونەر، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بکەری سیاسی نابێت تەسلیمی واقیع بێت، بەڵکو دەبێت لە ناو نامومکینەکاندا، ڕێگەیەک بۆ “مومکین”بوون بدۆزێتەوە. بەڵام کێشە کۆمەڵناسییەکە لێرەدا دەست پێ دەکات؛ کۆمەڵگەیەک کە لە ژێر گوشاری بێدەوڵەتیدا تووشی شێواوی بووە، “مومکین” تەنیا لەوەدا دەبینێت کە بیبیستێت و بیبینێت.
ڕێک لێرەدایە کە ڕووبەڕووی جۆرێک لە تیرۆری شەفافیەت دەبینەوە؛ چونکە لە دەربیجەی سیاسیی ئێمەدا، جەماوەر وا ڕاهێنراوە کە نادیاربوونی بڕیار وەک بێدەسەڵاتی یاخود ناپاکی ببینێت، لە کاتێکدا لە زانستی کۆمەڵناسیدا، هێزی هەر بزووتنەوەیەک لەو بۆشاییەدایە کە دوژمن نەتوانێت بیخوێنێتەوە. پاراستنی نەگوتراوەکان لێرەدا، تەنیا تاکتیکێکی ئەمنی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەی شکۆیە بۆ سیاسەت وەک بکەرێکی مێژوویی. ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێکی بکەرە، نەک تەنیا بگێڕێتەوە؛ چونکە مێژوو بەو چیرۆکانە ناگۆڕدرێت کە لە بازاڕدا دەگوترێنەوە، بەڵکوو بەو مومکینانە دەگۆڕدرێت کە لە بێدەنگییەکی پڕ لە مەعریفەدا دەبنە واقیع.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٠١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
شێخی، پەرویز(٢٠٢٦):کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران
سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران عومەر ئیزەدخواە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە بە هێرشێکی گەورە و کاریگەری سەربازییان بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی ٢ی ٢٠٢٦دا [...]
بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟
بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟ هێلینا باوەرنفایند زۆربەی خەڵک پێشتر لێرە و لەوێ لە هەواڵەکان، سۆشیاڵ میدیا یان ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییەکان بیستوویانە: فڕۆکە جەنگییەکانی A-10 Thunderbolt IIی ئەمریکی [...]
لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا
لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا هێلینا باوەرنفایند هەولێر. لە شەوانی پایتەختی هەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆم لە باکووری عێراق، ئاسمان چیتر تاریک نییە، بەڵکوو دەدرەوشێتەوە. دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە، تەقینەوە، [...]
دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران
دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران هێلینا باوەرنفایند وتارەکەی بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیڕەوی لە لۆژیکێکی ڕوونی دڵنیایی ستراتیژی دەکات: ئەو پەرەسەندنە سەربازییەکان دەخاتە [...]
ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە
ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە دانا حەمید چارەنووسی ئێران لەم ساتە مێژووییەدا، لەسەر لێواری پەتێکی تەنک و لەرزۆک ڕاوەستاوە کە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا کێشراوە: نمایشکردنی کەڵبەیەکی جیۆپۆلەتیکیی تیژ و هەڵگرتنی [...]
ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا
ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا ڕێبوار سیوەیلی ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا "برادر گوش بدە.."! لەنێوان هەژموونی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا و پێویستییەکانی فرەیی نەتەوەیی ١. مێژووی سیاسیی ئێران هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری "گورزی کوشندە" و [...]







