کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ

پەرویز شێخی

کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ

لە جەرگەی هەناوی سیاسیی کوردستاندا، سنووری نێوان ستراتیژی شاردراوە و تاسەی شەقام بۆ زانین تێکچووە. کاتێک خەڵک بەردەوام گوشار دەخەنە سەر ئەوەی کە سەرکردایەتییەکان بێنە ناو قەرەباڵغی و وردەکاریی هەنگاوەکانیان ببیستن، داوایەک دەخەنە ڕوو کە لە ڕواڵەتدا مافە، بەڵام لە بنەڕەتدا کونکردنی دیواری پاراستنی نەتەوەی بێدەوڵەتی کوردە. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بەگشتی کاتێک سیاسەت بگاتە گوێی خەڵک، ئیتر نێوی سیاسەت نییە و دەبێتە گوتارێکی بازاڕی.

ئەم مەترسییە ڕێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگاتە لوتکە. حیزبی ڕۆژهەڵاتی کە لە نێوان ئاڵۆزیی ناوچەکە و چاوی بێڕەحمی نەیاراندایە، نابێت سیاسەت بکاتە چیرۆک، بەڵکوو دەبێت لە پشت پەردەی نەگوتراوەکانەوە بڕیار بدات. کاتێک کادری باڵای سیاسیی ئەم حیزبانە لە ژێر گوشاری کاتیی شەقامدا، پەنا دەبەنە بەر گێڕانەوەی وردەکارییەکان، لە ڕاستیدا خەریکی داماڵینی هێزی کوردن لەبەردەم چاوی بێبەزەیی دەزگا جەهەنەمییەکان و نەخشەداڕێژەرانی دژەکورددا.

ئەم هەوڵە بۆ ئاشکراکردنی ڕەها، وەک ئەوە وایە مرۆڤ ئەندامە ناوەکی و نهێنییەکانی جەستەی خۆی ئاشکرا بکات. چۆن جەستەی مرۆڤ بەبێ پاراستنی ئەندامە ناوەکییەکانی بەرگەی بچووکترین ڤایرۆسی دەرەکی ناگرێت، سیاسەتیش بەبێ بوونی دیوێکی پارێزراو و دوور لە چاوی بیانی، لەبەردەم تاقیگەی بێبەزەیی دوژمندا هەرەس دەهێنێت و دەبێتە نێچیرێکی ئاسان.

سیاسەت لە ڕەسەنایەتیی خۆیدا، لەناو تەریکیی ژوورە داخراوەکاندا مانا وەردەگرێت؛ ئەو شوێنەی بڕیار وەک کردەیەکی ڕەها و دوور لە چاوی تینووی جەماوەر چەکەرە دەکات. لەوێدا، سیاسەت هێشتا نەبووەتە دەق و نەکەوتووەتە ژێر باری شڕۆڤەی بازاڕ. بەڵام کاتێک ئەم ئیرادەیە ڕادەکێشرێتە بەردەم مایکەکان، سیاسی لە ئەندازیاری مێژووەوە دەگۆڕێت بۆ ئەکتەری شانۆ. مایک، سیاسەت لە ستراتیژەوە دادەماڵێت و دەیکاتە چیرۆکێکی پۆپۆلیستی بۆ ڕازیکردنی کاتیی شەقام. ئەم گواستنەوەیە لە بێدەنگیی بڕیارەوە بۆ ژاوەژاوی گوتار، جۆرێکە لە خۆکوشتنی هێماین؛ چونکە هێز لەو چرکەساتەدا کۆتایی دێت کە دەبێتە بابەتێکی بینراو و هەراجکراو.

ئەگەر وەکوو دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو بڵێین سیاسەت هونەری مومکینە، دەبێت بپرسین: ئەم مومکینبوونە لە کوێدا چەکەرە دەکات؟ لای ئەو، مومکینبوون بەرهەمی عەقڵێکی ستراتیژییە کە دەزانێت کات و نهێنی دوو ڕەهەندی دانەبڕاوی هێزن. ئەم چەمکە لای تۆی سیاسی بەو مانایەیە کە بزانیت لە ناو ئەم هەموو بەربەست و قەیرانانەدا، چی بۆ وەپێشبردنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد مومکین دەبێت و چۆن ئەو دەرفەتە بچووکانە دەقۆزیتەوە بۆ گۆڕینی واقیع. ئەم تێگەیشتنەی دکتۆر قاسملوو بۆ سیاسەت وەک هونەر، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بکەری سیاسی نابێت تەسلیمی واقیع بێت، بەڵکو دەبێت لە ناو نامومکینەکاندا، ڕێگەیەک بۆ “مومکین”بوون بدۆزێتەوە. بەڵام کێشە کۆمەڵناسییەکە لێرەدا دەست پێ دەکات؛ کۆمەڵگەیەک کە لە ژێر گوشاری بێدەوڵەتیدا تووشی شێواوی بووە، “مومکین” تەنیا لەوەدا دەبینێت کە بیبیستێت و بیبینێت.

ڕێک لێرەدایە کە ڕووبەڕووی جۆرێک لە تیرۆری شەفافیەت دەبینەوە؛ چونکە لە دەربیجەی سیاسیی ئێمەدا، جەماوەر وا ڕاهێنراوە کە نادیاربوونی بڕیار وەک بێدەسەڵاتی یاخود ناپاکی ببینێت، لە کاتێکدا لە زانستی کۆمەڵناسیدا، هێزی هەر بزووتنەوەیەک لەو بۆشاییەدایە کە دوژمن نەتوانێت بیخوێنێتەوە. پاراستنی نەگوتراوەکان لێرەدا، تەنیا تاکتیکێکی ئەمنی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەی شکۆیە بۆ سیاسەت وەک بکەرێکی مێژوویی. ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێکی بکەرە، نەک تەنیا بگێڕێتەوە؛ چونکە مێژوو بەو چیرۆکانە ناگۆڕدرێت کە لە بازاڕدا دەگوترێنەوە، بەڵکوو بەو مومکینانە دەگۆڕدرێت کە لە بێدەنگییەکی پڕ لە مەعریفەدا دەبنە واقیع.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٠١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی

شێخی، پەرویز(٢٠٢٦):کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا

فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا

فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا حەسەن قارەمانی پرسی کورد یەکێکە لە ململانێ سیاسییە درێژخایەن و ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەڕای ئەوەی کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی جیهانن، [...]

  • ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟

ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟

ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟ ئەشکان باوەڕ ناوی "نیکۆلۆ ماکیاڤێلی" لە مێژووی بیری سیاسیدا هاوواتای "دەسەڵات" بووە. لە هەر [...]

  • سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا

سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا

سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا ڕێباز ڕۆژهەڵات مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وەرچەرخانانە کە تێیدا سەرکردە و فەیلەسوفە مەزنەکان لەبری هەڵبژاردنی ژیانێکی سەرشۆڕانە یان ڕاکردن لە بەردەم مەرگ، مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەری [...]

  • لەپێناو مانەوە

لەپێناو مانەوە

لەپێناو مانەوە  پێشەوا عەلیپوور ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و داڕمانی ئیدۆلۆژیی کۆمۆنیزم، لە نیشانەکانی دەرکەوتنی نەزمی نوێی جیهانی و ڕاگواستن بەرەو سەدەی ٢١ بوون، [...]

  • کورد و شەڕی مەلازگرد

کورد و شەڕی مەلازگرد

کورد و شەڕی مەلازگرد  نووسەر: ئیسماعیل شەمس   وەرگێڕ: فەرهاد ئەکبەری  ٢٦ی ئاب، ١٠٧١ی زایینی، ساڵڤەگەڕی شەڕی مەلازگرد و سەرکەوتنی ئاڵپ ئەرسەلانی سەلجووقییە بە سەر ئیمپراتۆریای رۆمدا. ئەم سەرکەوتنە، دەروازەکانی ئانادۆڵی بۆ تورکان کردەوە و بە مانەوەیان لەم [...]

  • پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریکا؛ دوو ڕابەر لە ڕێگەی واشینگتنەوە

پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریکا؛ دوو ڕابەر لە ڕێگەی واشینگتنەوە

پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریکا؛ دوو ڕابەر لە ڕێگەی واشینگتنەوە نووسین: پەروەر ئارمەد پێداچوونەوەی وەرگێڕان: محەمەدساڵح قادری قاسملوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای "پشتیوانیی مەعنەوی و سیاسی"ی کرد. جەختی لەوە کردەوە کە [...]