کورد لەنێوان دۆست-دوژمندا
دانا حەمید
لە سەردەمێکدا کە سیاسەت پەردەی شەرمی لەسەر ڕوو لاداوە و گەڕاوەتەوە بۆ جەوهەرە ڕەسەن و دڕندەکەی خۆی، واتە کردەی ڕههای جیاکردنەوەی «دۆست» لە «دوژمن». گەلێک هەیە کە بوونی خۆی وەک برینێکی کراوە لەناو جەرگەی ئەم دابەشکارییە بێبەزەییەدا دەبینێتەوە: کورد. بۆ خوێندنەوەی واقیعی ئەم بوونە تراژیدییە، هیچ ڕێگەیەک هێندەی پەنابردن بۆ تێڕوانینە ڕاشکاو و بێپەردەکەی کارل شمیت، لەم چرکەساتەدا کە لەبەرچاومان بێت، یارمەتیمان نادات. شمیت، بە شێوەیەکی بێڕەحمانە، سیاسەتی لە هەموو ڕوپۆشێکی ئایدیالیستی داماڵی و ڕایگەیاند کە کایەی سیاسیی لەو ساتەدا لەدایک دەبێت کە یەکەیەکی سیاسیی، دوژمنێکی وجودی بۆ خۆی دیاری دەکات؛ «ئهوی دیكه»یهک که به خودی بوونی خۆی، نەک بە کردەوەکانی، ههڕهشه له شێوازی ژیانی «ئێمه» دهکات.
چارەنووسی کورد لەم نێوانەدا بە دوو ئاڕاستەی کوشندە و پێچەوانەدا کێشراوە. لە لایەکەوە، بۆ دەوڵەت-نەتەوەکانی دەوروبەری (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) کورد هەمیشە پڕۆژەی دوژمنی حەتمی و ناوخۆیی بووە. لێرەدا دوژمنایەتییەکە کەسی یان کاتی نییە، بەڵکو وجودییە. بوونی گەلێکی جیاواز لە ڕووی زمان، کەلتور و ناسنامەوە کە داوای مافی چارەی خۆی دەکات، بە شێوەیەکی خۆکارانە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پیرۆزترین بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرن لێکدەدرێتەوە: «یەکپارچهیی خاک»و «سەروەریی نەتەوەیی»، «ئاسایشی دەوڵەت». ئەم لێکدانەوەیە، کە لە قووڵایی سیستەمی سیاسیی ئەو دەوڵەتانەدا ڕەگی داکوتاوە، پاساو دەداتە توندترین کردەوەی سیاسی و سەربازی بۆ سڕینەوە یان کۆنترۆڵکردنی ئەم دوژمنە. لەم ڕوانگەیەوە، جینۆساید، گۆڕینی دیمۆگرافی، قەدەغەکردنی زمان و تواندنەوەی کەلتوریی، تاوانی ئەخلاقی نین، بەڵکو ئامرازی لۆژیکی و پێویستن بۆ پاراستنی بوونی سیاسیی ئێمه لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەوان.
لە لایەکی دیکەوە، کورد لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بەردەوام ڕۆڵی دۆستی کاتی و هاوپەیمانی هەڵبژاردەیی بۆ زلهێزەکان گێڕاوە. لە ساتەوەختی پێویستیدا، وەک جەنگی دژی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ یان شەڕی خوێناویی دژی داعش لە ٢٠١٤، کورد دەبێتە کارامەترین و دڵسۆزترین هاوپەیمانی سەر زەوی. بەڵام ئەم دۆستایەتییە هەرگیز ناگاتە ئاستی بەڵێنێکی ستراتیژی و وجودی. هۆکارەکەشی لە ڕوانگەی شمیتەوە ڕوونە: کورد یەکەیەکی سیاسیی سەروەر نییە. سەروەری، بەپێی پێناسەی شمیت، بریتییە لەو ئیرادەیەی کە «بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی دەدات». چونکە کورد خاوەنی ئەم ئیرادە سەروەرە نییە، ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ دۆست و دوژمنی خۆی دیاری بکات و بیانسەپێنێت. بۆیە، هەمیشە وەک ئامرازێک لەناو یاریی زلهێزەکاندا دەمێنێتەوە. کاتێک بەرژەوەندییە گەورەکان دێنە ئاراوە و هاوکێشەکان دەگۆڕێن، بۆ نموونە، کاتێک ڕازیکردنی تورکیای ئەندامی ناتۆ گرنگتر دەبێت لە مانەوەی کورد لە ڕۆژئاوا ئەم دۆستە بە ئاسانی دەکرێتە قوربانی. خیانەت لێکردن لە کورد، لەم ڕوانگەیەدا، تاوانێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو جوڵەیەکی لۆژیکی و حیساب بۆکراوە لەناو یارییەکی سیاسیی شمیتییانەدا کە تێیدا تەنها بەرژەوەندیی یەکە سیاسییە سەروەرەکان گرنگە.
کەواتە، کورد لەناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆز و کوشندەدا گیری خواردووە: لەلایەن دراوسێکانییەوە وەک «دوژمنی حەتمی» سەیر دەکرێت کە چارەنووسی سڕینەوە یان کۆنترۆڵکردنە، و لەلایەن زلهێزەکانیشەوە وەک «دۆستی کاتی» بەکاردەهێنرێت کە چارەنووسی پشتگوێخستن و مامەڵەپێکردنە. تا ئەو کاتەی سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی لەسەر بنەمای لۆژیکی «دۆست-دوژمن» بسوڕێتەوە، و تا ئەو کاتەی کورد خۆی نەبێتە خاوەنی ئەو ئیرادە سەروەرەی کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار لەسەر دۆخی ڕیزپەڕ و نائاسایی خۆی بدات و دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەی خۆی دیاری بکات، وەک بوونێکی هەڵواسراو لەنێوان ئەم دوو بەرداشەدا دەمێنێتەوە. چارەنووسی کورد، شاهیدێکی زیندوو و خوێناوییە لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵەی کە کارل شمیت دەیان ساڵ لەمەوبەر تیۆریزەی کرد: سیاسهت، لە ئاکامدا، هونەری دیاریکردنی چارهنووسە لە ڕێگەی جەنگ و ململانێی مان و نەمانەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا (٢٠٢٦): کورد لەنێوان دۆست-دوژمندا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات…
بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات... ئازاد نارستی بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات... بوودجەی ساڵی ١٤٠٥ لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئێرانەوە، لە کاتێکدا ڕەوانەی پەرلەمان [...]
عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا
عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ئاگری ئیسماعیلنژاد عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بەهاری عەرەبی، سەرەتای بناغەی ڕەوتێکی نوێی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بوو؛ سیاسەتێک کە تێیدا تیۆریی "گرژیی سفر"ی ئەحمەد داودئۆغلوو وەلا نرا و [...]
سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد
سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد لوقمان قەنبەری سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد ئەمڕۆ جیهانگیری تێگەیشتنی ئێمەی لە سیاسەت و سروشتی کارلێکی نێوان ئەکتەرەکان لە گۆڕەپانە سیاسییەکاندا بە تەواوی گۆڕیوە. لە ڕوانگەی نەریتیی سیاسەتدا [...]
جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛
جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛ لوقمان قەنبەری جیهانگیری وەک تەحەدایەکی ئۆنتۆلۆژی بۆ دەوڵەتانی سایکس-پیکۆ؛ وەرگیراوە لە کتێبی «جیهانیبوون و ناسیۆنالیزمی کوردی»، نوێترین بەرهەمی لۆقمان قەنبەری، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان. [...]
کورد، مافی مرۆڤ و جیهانگیری
کورد، مافی مرۆڤ و جیهانگیری لوقمان قەنبەری پاراستنی بەها و کەرامەتی سروشتیی هەر تاکێک بۆ پەروەردەکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو زۆر گرنگە، چونکە هەر پێشێلکردنێک بۆ ئەم کەرامەتە دەتوانێت لێکەوتەی بەرچاوی بۆ تاکەکان [...]
زمان و نەتەوە
زمان و نەتەوە ئەشکان باوەڕ زمان و نەتەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان و زمانەوانیدا دوو چەمکی بنەڕەتین کە لە پێکهێنانی شوناسی تاکەکەسی و بەکۆمەڵدا ڕۆڵی یەکتر دەگێڕن. زمان تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، [...]







