کورد لەنێوان دۆست-دوژمندا
دانا حەمید
لە سەردەمێکدا کە سیاسەت پەردەی شەرمی لەسەر ڕوو لاداوە و گەڕاوەتەوە بۆ جەوهەرە ڕەسەن و دڕندەکەی خۆی، واتە کردەی ڕههای جیاکردنەوەی «دۆست» لە «دوژمن». گەلێک هەیە کە بوونی خۆی وەک برینێکی کراوە لەناو جەرگەی ئەم دابەشکارییە بێبەزەییەدا دەبینێتەوە: کورد. بۆ خوێندنەوەی واقیعی ئەم بوونە تراژیدییە، هیچ ڕێگەیەک هێندەی پەنابردن بۆ تێڕوانینە ڕاشکاو و بێپەردەکەی کارل شمیت، لەم چرکەساتەدا کە لەبەرچاومان بێت، یارمەتیمان نادات. شمیت، بە شێوەیەکی بێڕەحمانە، سیاسەتی لە هەموو ڕوپۆشێکی ئایدیالیستی داماڵی و ڕایگەیاند کە کایەی سیاسیی لەو ساتەدا لەدایک دەبێت کە یەکەیەکی سیاسیی، دوژمنێکی وجودی بۆ خۆی دیاری دەکات؛ «ئهوی دیكه»یهک که به خودی بوونی خۆی، نەک بە کردەوەکانی، ههڕهشه له شێوازی ژیانی «ئێمه» دهکات.
چارەنووسی کورد لەم نێوانەدا بە دوو ئاڕاستەی کوشندە و پێچەوانەدا کێشراوە. لە لایەکەوە، بۆ دەوڵەت-نەتەوەکانی دەوروبەری (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) کورد هەمیشە پڕۆژەی دوژمنی حەتمی و ناوخۆیی بووە. لێرەدا دوژمنایەتییەکە کەسی یان کاتی نییە، بەڵکو وجودییە. بوونی گەلێکی جیاواز لە ڕووی زمان، کەلتور و ناسنامەوە کە داوای مافی چارەی خۆی دەکات، بە شێوەیەکی خۆکارانە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر پیرۆزترین بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرن لێکدەدرێتەوە: «یەکپارچهیی خاک»و «سەروەریی نەتەوەیی»، «ئاسایشی دەوڵەت». ئەم لێکدانەوەیە، کە لە قووڵایی سیستەمی سیاسیی ئەو دەوڵەتانەدا ڕەگی داکوتاوە، پاساو دەداتە توندترین کردەوەی سیاسی و سەربازی بۆ سڕینەوە یان کۆنترۆڵکردنی ئەم دوژمنە. لەم ڕوانگەیەوە، جینۆساید، گۆڕینی دیمۆگرافی، قەدەغەکردنی زمان و تواندنەوەی کەلتوریی، تاوانی ئەخلاقی نین، بەڵکو ئامرازی لۆژیکی و پێویستن بۆ پاراستنی بوونی سیاسیی ئێمه لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەوان.
لە لایەکی دیکەوە، کورد لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بەردەوام ڕۆڵی دۆستی کاتی و هاوپەیمانی هەڵبژاردەیی بۆ زلهێزەکان گێڕاوە. لە ساتەوەختی پێویستیدا، وەک جەنگی دژی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ یان شەڕی خوێناویی دژی داعش لە ٢٠١٤، کورد دەبێتە کارامەترین و دڵسۆزترین هاوپەیمانی سەر زەوی. بەڵام ئەم دۆستایەتییە هەرگیز ناگاتە ئاستی بەڵێنێکی ستراتیژی و وجودی. هۆکارەکەشی لە ڕوانگەی شمیتەوە ڕوونە: کورد یەکەیەکی سیاسیی سەروەر نییە. سەروەری، بەپێی پێناسەی شمیت، بریتییە لەو ئیرادەیەی کە «بڕیار لەسەر دۆخی نائاسایی دەدات». چونکە کورد خاوەنی ئەم ئیرادە سەروەرە نییە، ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ دۆست و دوژمنی خۆی دیاری بکات و بیانسەپێنێت. بۆیە، هەمیشە وەک ئامرازێک لەناو یاریی زلهێزەکاندا دەمێنێتەوە. کاتێک بەرژەوەندییە گەورەکان دێنە ئاراوە و هاوکێشەکان دەگۆڕێن، بۆ نموونە، کاتێک ڕازیکردنی تورکیای ئەندامی ناتۆ گرنگتر دەبێت لە مانەوەی کورد لە ڕۆژئاوا ئەم دۆستە بە ئاسانی دەکرێتە قوربانی. خیانەت لێکردن لە کورد، لەم ڕوانگەیەدا، تاوانێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو جوڵەیەکی لۆژیکی و حیساب بۆکراوە لەناو یارییەکی سیاسیی شمیتییانەدا کە تێیدا تەنها بەرژەوەندیی یەکە سیاسییە سەروەرەکان گرنگە.
کەواتە، کورد لەناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆز و کوشندەدا گیری خواردووە: لەلایەن دراوسێکانییەوە وەک «دوژمنی حەتمی» سەیر دەکرێت کە چارەنووسی سڕینەوە یان کۆنترۆڵکردنە، و لەلایەن زلهێزەکانیشەوە وەک «دۆستی کاتی» بەکاردەهێنرێت کە چارەنووسی پشتگوێخستن و مامەڵەپێکردنە. تا ئەو کاتەی سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی لەسەر بنەمای لۆژیکی «دۆست-دوژمن» بسوڕێتەوە، و تا ئەو کاتەی کورد خۆی نەبێتە خاوەنی ئەو ئیرادە سەروەرەی کە بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار لەسەر دۆخی ڕیزپەڕ و نائاسایی خۆی بدات و دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەی خۆی دیاری بکات، وەک بوونێکی هەڵواسراو لەنێوان ئەم دوو بەرداشەدا دەمێنێتەوە. چارەنووسی کورد، شاهیدێکی زیندوو و خوێناوییە لەسەر ئەو ڕاستییە تاڵەی کە کارل شمیت دەیان ساڵ لەمەوبەر تیۆریزەی کرد: سیاسهت، لە ئاکامدا، هونەری دیاریکردنی چارهنووسە لە ڕێگەی جەنگ و ململانێی مان و نەمانەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا (٢٠٢٦): کورد لەنێوان دۆست-دوژمندا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ڕزگاری یان ئازادی؟
ڕزگاری یان ئازادی؟ ئارام کەیخوسرەوی ڕزگاری یان ئازادی؟ پێشەکی مێژووی هاوچەرخی جوگرافیای سیاسی لە ئێران، مێژووی دووبارەبوونەوەی ستەمکاری بووە. دیالێکتیکی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە هەمیشە لەناو بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە؛ بازنەیەک کە [...]
ناسیۆنالیزمی پووکاو
ناسیۆنالیزمی پووکاو دانا حەمید ناسیۆنالیزمی پووکاو لە ساتەوەختی قەیرانە وجودییەکاندا، کاتێک کۆمەڵگا ڕووبەڕووی بنبەستبوونی پڕۆژە گشتییەکانی دەبێتەوە، ناسیۆنالیزم لە هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر مەترسیدارتر دەردەکەوێت. لەم دۆخەدا، ناسیۆنالیزم سیاسەت لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی، [...]
ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە
ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە هێلێنا باوەرنفایند ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە پەرەسەندنی لێدوانە توندەکان لە نێوان ئیسرائیل و ئێران گەڕاوەتەوە – بە دەنگێکی بەرزتر، تیژتر و لە ناو [...]
تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز
تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز د. موسڵح ئیروانی تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز [...]
با سیستمەکە ڕێکبخەین…
با سیستمەکە ڕێکبخەین... هێلێنا باوەرنفایند با سیستمەکە ڕێکبخەین... جێگیرکردنی سێ گرووپی فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-15E لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جوولەیەکی ئاسایی و ڕۆتینی نییە. ئەمە ئاماژەیەکە؛ دەنگێکی بەرز، بە مەبەست و ئاراستەکراو [...]
وتاری پێشەوا قازی محەمەد لە ڕۆژی دووی ڕێبەنداندا:
وتاری پێشەوا قازی محەمەد لە ڕۆژی دووی ڕێبەنداندا: نوتقی جەنابی پێشەوا و ڕەئیس جومهووری بەرزی کوردستان: وتاری پێشەوا قازی محەمەد لە ڕۆژی دووی ڕێبەنداندا: نوتقی جەنابی پێشەوا و ڕەئیس جومهووری بەرزی [...]







