بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی

قارەمانی، حەسەن (٢٠٢٥): کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس ٢٠٢٥. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

پوختە

داڤۆس ٢٠٢٥ هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی بەردەوامتر، گشتگیرتر و داهێنەرانەترە. لە ژێر دروشمی “هاوکاریی بۆ سەردەمی زیرەک”، جەخت لەسەر گرنگیی هاوکاریی جیهانی و ئەو دەورە چارەنووسسازە دەکرێتەوە کە تەکنەلۆژیا  لە داڕشتنی کۆمەڵگەی سبەینێدا دەیگێڕێ. کۆبوونەوەی ئەمساڵ تێکەڵاوێک  لە سەرکردەکانی سیاسەت،  بازرگانی و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆکردووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن و پەرەپێدانی چارەسەرەکان بۆ زەقترین ئاستەنگەکانی سەردەمی ئێمە. هەرچەندە زۆر بەربەست هێشتا ماون – لە نایەکسانیی ئابووری و گۆڕانی کەشوهەواوە تا دووڕێیانەکانی ئەخلاقی لە دەوری AI و دیجیتاڵکردن – داڤۆس سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ و پلاندانانی ستراتیژی دابین دەکات. لێرەدایە کە بیرۆکەکان لەدایک دەبن کە نەک هەر چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆ دەکەن بەڵکو ڕێگا خۆش دەکەن بۆ گۆڕانکارییە درێژخایەنەکان کە دەتوانن سوود بە جیلەکانی داهاتوو بگەیەنن.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: حەسەن قارەمانی

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2024 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

پێشەکی

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی (WEF) بەردەوامە لە چەسپاندنی ڕۆڵی خۆی وەک یەکێک لە کاریگەرترین پلاتفۆرمەکانی جیهان بۆ پرسە جیهانییەکان، داهێنان و هاوکاری. لە ساڵی ٢٠٢٥ ئەو کۆبوونەوە ساڵانە بەناوبانگە لە هاوینە هەواری شاخاویی دیمەنی داڤۆسی سویس، لە ژێر دروشمی “هاوکاریی بۆ سەردەمی زیرەک” بەڕێوە دەچێ. لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ی ژانویە زیاتر لە ٣٠٠٠ کەسایەتی پێشەنگ لە زیاتر لە ١٣٠ وڵاتەوە کۆدەبنەوە، کە ٦٠ کەسیان سەرۆکی دەوڵەت و نوێنەری باڵای ڕێکخراوە جیهانییەکان و سەرکردەکانی بازرگانی و پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکانن.

هەمەچەشنیی بەشداریکردن، ڕەنگدانەوەی ئامانجی کۆڕەکەیە کە بریتییە لە فراوانکردنی ڕوانگەکان و دروستکردنی چارەسەریی نێوان کەرتەکان. ئەمساڵ گرنگی بە نادڵنیایی ئابووری، ژیریی دەستکرد (AI)، گۆڕینی گەشەکردن و گۆڕانی کەشوهەوا دەدرێ.

ئەم کۆبوونەوەیە وەک کاتالیستێکە بۆ چارەسەرکردنی زەقترین ئاستەنگە جیهانییەکانی سەردەمی ئێمە و دەستنیشانکردنی چارەسەرە هاوبەش و بەردەوامەکان. بە بەشداریی بەرفراوانی  سەرکردەی سیاسی، بازرگانی تا توێژەران و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

داڤۆس ٢٠٢٥  تەنیا تاقمێک کۆبوونەوە نین، ئەو پلاتفۆرمێکی جیهانییە کە بیرۆکەکان تێیدا لەدایک دەبن و هاوکاریی بەهێزتر دەبێت بۆ داهاتوو. بە مێژووی کۆکردنەوەی بیرمەندان و بڕیاردەرانی جیهان، ئەم ڕووداوە بڕگەیەکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئاڵۆزەکانی سەردەمی زیرەک.

تێڕوانینێکی گشتی بۆ ئامانجی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە  داڤۆس ٢٠٢٥

کارنامە و تەوەرەکانی داڤۆس ٢٠٢٥:

ئابووری جیهان لە سەردەمێکی پڕ لە ئاڵنگاریی بەرچاودایە، کە لە زیادبوونی گرژییەکان و نادڵنیایی ئابووری دەر دەکەوێ. هۆکارەکانی وەک ململانێی بازرگانی، بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی نرخەکان و زیادبوونی قورسایی قەرزەکان کاریگەرییان لەسەر  وڵاتانی پێشکەوتوو و  هەروەها وڵاتانی خەریکی گەشەسەندن هەیە. ئەم ئاڵنگارییانە پێویستیان بە هەوڵی هاوئاهەنگ و چارەسەری داهێنەرانە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر و بەردەوام هەیە.

لە داڤۆس ٢٠٢٥دا، نادڵنیایی ئابووری دەبێتە تەوەری سەرەکی، بە گرنگیدان بە پێشخستنی سەقامگیریی، پەرە پێدانی فرەلایەنی و بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی. بەشداربووان باس لەوە دەکەن کە چۆن چاکسازییەکانی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئاڵۆزەکانی ئەمڕۆ و دروستکردنی نەزمێکی ئابووری جیهانیی دادپەروەرتر.

گرنگییەکی تایبەت دەدرێ بە دەستنیشانکردنی ستراتیژیی نوێ بۆ گەشەی ئابووری کە لەگەڵ جیهانێکی خێرا لە گۆڕاندا بگونجێ. ئەمەش بریتییە لە گەڕان بەدوای تەکنەلۆژیای نوێ، هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکان و بەهێزکردنی خۆڕاگریی بەرامبەر بە شۆکە ئابوورییەکانی داهاتوو. بە کۆکردنەوەی سەرکردەکانی کەرتە جیاوازەکان، داڤۆس ٢٠٢٥ ئامانجیەتی سەکۆیەک بۆ هاوکاریی دروست بکات، کە بیرۆکە و چارەسەری داهێنەرانە تێیدا دیزاین و هاوبەش بکرێت.

بە داننان بەوەی کە سەقامگیریی ئابووری پێشمەرجێکە بۆ گەشەسەندنی جیهانی، گفتوگۆکانی ئەمساڵ جەخت لەسەر گرنگیی گەشەسەندنی گشتگیر و سەرچاوە یەکسانەکان دەکەنەوە. دانوستانەکان لە داڤۆس توانای ئەوەیان هەیە نە تەنیا چارەسەری ئاستەنگەکانی ئەمڕۆ بکەن، بەڵکو ڕێچکەیەک بۆ ئابوورییەکی جیهانیی بەردەوامتر و خۆڕاگرتر دەستەبەر بکەن.

ژیریی دەستکرد (AI):

ژیریی دەستکرد (AI) بە خێرایی بووەتە هێزێکی بزوێنەری شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم و فاکتەری سەرەکی گۆڕانکاریی لە پیشەسازییە جیهانییەکان. توانای شیکردنەوەی بڕێکی زۆر لە داتا و ئۆتۆماتیک کردنی پرۆسەکان و پێشکەش کردنی چارەسەری داهێنەرانە، لە زۆر بواردا لە کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی تا کردەوەی کەشوهەوا، ئاڵوگۆڕی بەرچاوی دەستەبەر کردووە. بەڵام لە کاتێکدا کە تواناکان زۆرن، پێشکەوتنی AI  ئاڵنگاریی بەرچاویشی بەدواوەیە کە دەبێ چارەسەر بکرێن بۆ دڵنیابوون لە گەشەپێدانی دادپەروەرانە و بەرپرسیارانە.

لە داڤۆس ٢٠٢٥ گفتوگۆکان لە دەوری AI جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە چۆن دەتوانرێت ئەگەرەکانی هاوسەنگ بکرێت لەگەڵ پێویستی ڕێکخستن و ئەخلاق و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. سەرهەڵدانی AI پرسیار لەبارەی تایبەتمەندیی و ئاسایش و بەکارهێنانی بەرپرسیارانە دەورووژێنێ، بەتایبەت سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی کار و گرووپە لاوازەکانی کۆمەڵگا.

 پانێڵ و گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە دەوری AI لە باشتر کردنی دەستڕاگەیشتن بە پەروەردەی خاوەن چۆنایەتی باش بە یارمەتی پلاتفۆرمی فێربوونی کەسی و چارەسەرەکانی فێربوونی تەواوی ژیانەوە دەکۆڵنەوە. لە کەرتی تەندروستیدا، گرنگیی بە توانایی AI بۆ شۆڕشکردن لە شێوازەکانی دەستنیشانکردن، پەرەپێدانی شێوازە نوێیەکانی چارەسەرکردن، و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە چاودێریی لە ناوچە هەژارەکان دەدرێ. لە ڕووی کردەوەی کەشوهەوا، گفتوگۆکان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە چۆن دەتوانرێت AI بەکاربهێنرێت بۆ چاودێریکردنی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، باشکردنی بەکارهێنانی سەرچاوەکان، و پشتگیریکردن لە گواستنەوە بەرەو ئابوورییەکی سەوزتر.

داڤۆس ٢٠٢٥ گۆڕەپانێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی پسپۆڕان و سەرکردە سیاسییەکان و دیدگا تەکنەلۆژییەکان بۆ دروستکردنی دیدێکی هاوبەش بۆ AI دابین دەکات.

 گۆڕینی گەشەکردن بەرەو داهاتوویەکی بەردەوام و گشتگیر:

مۆدێلە ئابوورییە نەریتییەکان بە هۆی داواکارییە جیهانییە نوێیەکان بۆ بەردەوامیی و داهێنانی تەکنەلۆژی و گشتگیری کۆمەڵایەتی، بەرەوڕووی گۆڕانکارییەکی یەکلاکەرەوە دەبنەوە. داڤۆس ٢٠٢٥ بەدواداچوون بۆ تەوەری “پیشەسازیی لە سەردەمی زیرەکدا” دەکات.

ئەم مۆدێلە نوێیەی گەشەکردن بەو مانایەیە کە کۆمپانیاکان و حکوومەتەکان دەبێ بە ستراتیژییەکانیاندا بچنەوە تا  بتوانن بەرەوڕووی ئاستەنگە ئاڵۆزەکانی ئەمڕۆ ببنەوە. گفتوگۆ و ڕاپۆرتی توێژینەوەکان گرنگیی بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکان وەک بەردی بناغەی سەرکەوتنی درێژخایەن دەردەخەن.

هەروەها ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لەم گۆڕانکارییەدا زۆر گرنگە. تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی وەک ژیریی دەستکرد و ئۆتۆماتیکی و چارەسەریی وزەی سەوز، توانای پێناسەکردنەوەی بەرهەمهێنان و گەشەکردنیان هەیە، لە هەمان کاتدا دەتوانن ئامرازەکانی کەمکردنەوەی نایەکسانیی جیهانی پێشکەش بکەن. گفتوگۆکان لە داڤۆس لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژییانە دەبێ بۆ دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی پێشکەوتنی ئابووری، بەتایبەت لە ناوچە هەژارەکان کەڵکی لێ وەرگیرێ.

داڤۆس ٢٠٢٥ سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە جیهانییەکان، پسپۆڕان و داهێنەران بۆ گۆڕینی گەشەکردن لە ئامانجێکی تەواو ئابوورییەوە بۆ چارەسەرێکی گشتگیر پێشکەش دەکات کە بەردەوامیی، یەکسانیی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی تێکەڵ دەکات. ئامانج سەردەمێکی نوێی گەشەسەندنی ئابوورییە کە لەویدا مرۆڤ و هەسارەکە لە ناوچەقی سەرنج دان.

پاراستنی داهاتووی هەسارەکە:

قەیرانی کەشوهەوا بەردەوام یەکێک لە گرنگترین پێشترییەتییەکانی جیهانییە و لە کارنامەی داڤۆس ٢٠٢٥دا پلەیەکی بەرزی هەیە، ئامانج چڕکردنەوەی هەوڵی جیهانی بۆ دابەزاندنی بڵاو کردنەوەی دووانەی ئۆکسیدی کاربۆن و بەهێزکردنی خۆڕاگریی کۆمەڵگاکان بەرامبەر بە کارەساتەکانی پەیوەندیدار بە  گۆڕانی کەشوهەوایە. بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و ڕێگاچارەی دارایی داهێنەرانە، بەشداربووان هیوادارن هەردوو ئەکتەرە حکوومییەکان و کەرتی تایبەت بە ڕوانگەیەکی هاوبەشەوە بەرەو داهاتوویەکی بەردەوام هەنگاو بنێن.

بەشداربووانی سەرەکی و ڕۆڵی ئەوان

سەرکردە سیاسییەکان: بەشداربووانی دیار بریتین لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ (بە شێوەی سەرهێڵ)، ئۆرسولا ڤۆن دێر لایەن سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئورووپا و دینگ ژویانگ جێگری سەرۆک وەزیرانی چین. چاوەڕوان دەکرێ هەوڵەکانیان ڕێنیشاندەری ستراتیژییەکان بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی جیهانی بێ.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: نوێنەرانی پلە باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕێسا جیهانیەکان و هاوئاهەنگیی ئابووری بەشدار دەبن.

کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرکردەکانی بازرگانی: خێرخوازان و سەرکردە بازرگانییە دیارەکان بۆ پێشخستنی داهێنان، بەردەوامیی و هاوکارییەکانی نێوان کەرتەکان بەشداریی دەکەن.

بابەت و گفتوگۆی تایبەت داڤۆس ٢٠٢٥دا

شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم:

گفتوگۆکان لە دەوری ئەوە دەسوڕێنەوە کە چۆن پێشکەوتنە تەکنەلۆژیکییەکان بازاڕی کار و کۆمەڵگا بەگشتی دەگۆڕن. بابەتەکانی وەک “هێزی کاری داهاتوو” و “ئەخلاقی تەکنەلۆژیا” هەم لە دەرفەتەکان و هەم ئاڵنگاریی ئەخلاقی دەکۆڵنەوە.

یەکێک لە بوارەکانی گرنگیدان ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت پەروەردە، تەندروستی و پاراستنی کۆمەڵایەتی بگونجێنرێت بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی و پێشخستنی گشتگیری. بە گشتی لە ٤٥ دانیشتنی تایبەتدا باس لەو بابەتانە دەکرێ.

دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە:

گفتوگۆکان سەبارەت بە دروستکردنی شەفافیەت و زیادکردنی لێپرسینەوە لە سیاسەت، بازرگانی و کۆمەڵگەی مەدەنییە. بە هاندانی هاوکارییە نوێیەکان، کۆڕبەندەکە هەوڵدەدا متمانە لە نێوان ئەکتەرە جیاوازەکاندا بەهێز بکات.

پۆتانسیەل و سنووردارکردنەکان:

کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ٢٠٢٥ دەرفەتێکە بۆ داڕشتنی ستراتیژیی بەکردەوە بۆ داهاتوو. بەڵام سەرکەوتن پەیوەستە بە توانای بەشداربووانەوە بۆ وەرگێڕانی بیرۆکەکان بەرەو هەنگاوی بە کردەوە. بوارەکانی وەک سەقامگیریی ئابووری، ڕێکخستنی AI و کردەوەی کەشوهەوا پێویستیان بە هەوڵی هاوئاهەنگ و سەرچاوەی بەرچاو هەیە. لە هەمان کاتدا، ناکۆکی بەرژەوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان و ئەکتەرە تایبەتەکان، ئەگەری دروست کردنی بەربەست بۆ پێشکەوتن پێکدەهێنن.

چارەسەرە تەکنەلۆژیکییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن، بەڵام سەرکەوتن لە تێکەڵکردنی داهێنان لەگەڵ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و ڕێبازە گشتگیرەکاندایە. لە ڕێگەی هاوبەشیی لە نێوان حکوومەتەکان، بازرگانییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، دەتوانرێ چارەسەری کاریگەر و بەردەوام  بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ئاستەنگە جیهانییەکان پەرەی پێ بدرێ.

دەرئەنجام

داڤۆس ٢٠٢٥ هەنگاوێکی بەرچاوە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی بەردەوامتر، گشتگیرتر و داهێنەرانەترە. لە ژێر دروشمی “هاوکاریی بۆ سەردەمی زیرەک”، جەخت لەسەر گرنگیی هاوکاریی جیهانی و ئەو دەورە چارەنووسسازە دەکرێتەوە کە تەکنەلۆژیا  لە داڕشتنی کۆمەڵگەی سبەینێدا دەیگێڕێ. کۆبوونەوەی ئەمساڵ تێکەڵاوێک  لە سەرکردەکانی سیاسەت،  بازرگانی و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆکردووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن و پەرەپێدانی چارەسەرەکان بۆ زەقترین ئاستەنگەکانی سەردەمی ئێمە.

هەرچەندە زۆر بەربەست هێشتا ماون – لە نایەکسانیی ئابووری و گۆڕانی کەشوهەواوە تا دووڕێیانەکانی ئەخلاقی لە دەوری AI و دیجیتاڵکردن – داڤۆس سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ و پلاندانانی ستراتیژی دابین دەکات. لێرەدایە کە بیرۆکەکان لەدایک دەبن کە نەک هەر چارەسەری کێشەکانی ئەمڕۆ دەکەن بەڵکو ڕێگا خۆش دەکەن بۆ گۆڕانکارییە درێژخایەنەکان کە دەتوانن سوود بە جیلەکانی داهاتوو بگەیەنن.

یەکێک لە تێڕوانینە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە ئەوەیە کە پێشکەوتن لە جیهانێکدا کە تادێ زیاتر بەیەکەوە گرێدراوە، پێویستی بە هەوڵی هاوئاهەنگ هەیە. بە کۆکردنەوەی ڕوانگەکان و شارەزاییە جیاوازەکان، بەشداربووان هیوادارن چارەسەری داهێنەرانە بدۆزنەوە کە گەشەپێدانی تەکنەلۆژی لەگەڵ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بکات. جەختی تایبەت لەسەر کەمکردنەوەی بۆشاییە جیهانییەکان، بەهێزکردنی متمانە لە نێوان ئەکتەرە جیاوازەکان و پێشخستنی گەشەی گشتگیر کراوەتەوە.

ئاکامی داڤۆس ٢٠٢٥ تەنیا بە قسە پێوانە ناکرێ بەڵکو دەبێ بە کردار بسەلمێندرێ. ئەو دەرفەتانەی لێرەدا دروست بوون بەرچاون، بەڵام بەهای ڕاستەقینەی ئەوان پەیوەستە بە توانا و ئامادەیی بەشداربووان بۆ وەرگێڕانی بیرۆکەکان بەرەو هەنگاوی بەکردەوە. لە کاتێکدا جیهان ڕووبەڕووی ئاستەنگە ئاڵۆزەکان دەبێتەوە، لە قەیرانی کەشوهەوا تا گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیا، ئەم کۆبوونەوەیە دەتوانێ ببێتە سەکۆیەک بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکان کە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر جیلەکانی داهاتوو بۆ سەرکردایەتی و هاوکاریی جیهانی هەبێ.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە