بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی

سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٥):گۆڕینی ژینگەی کۆنترۆڵ لە زیندانەوە بۆ کۆمەڵگا: سەپاندنی سوڵتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئێروینگ گافمەن(١٩٦١) بەندیخانەکان وەک “دامەزراوەی ڕەها” ناو دێنێت کە تێیدا تاکەکان ناسێنەی خۆیان لێ زەوت دەکرێت و زمانێکی نوێ بۆ فەرمانبەری و ملکەچی بەسەریاندا دەسەپێنرێت. زمانی ئەم پەیامە زمانێکی فەرماندەرانەیە کە وشەی سەپاندنی “دەبێت” دەورێکی بەرچاو لە جەختکردنەوە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکاندا دەگێڕێت. نەزم و دیسیپلینی زیندان لە زوومی کامێراکەی زیندانی ئیمراڵییەوە نوێنراوە، پێداگری لەسەر دانپێدانانی زیاتر و ملەکەچیی زیاتری کورد بەرانبەر دەزگای کۆنترۆڵ (دەسەڵاتی دەوڵەت)کراوە، گوتنێکی لێبڕاوانە و پڕ لە دڵنیایی کە لە هێزەوە دێت و ڕادەگەیەنرێت، لەکاتێکدا بێژەرەکەی لە دۆخی دەستبەسەریدایە و دان بە دەسبەسەرییەکەی خۆشیدا دەنێت، هەر لێرەشەوەیە کە دەردەکەوێت سەرچاوەی ئەم هێزە  و ئەم دڵنیاییەی لەخۆیەوە نەبێت و ئەم زمانە زمانی دامەزراوەکەی ئیمراڵی بێت.

.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  • یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: د. ڕەحیم سورخی

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ١٩ی پووشپەری ٢٧٢٥ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0

گۆڕینی ژینگەی کۆنترۆڵ لە زیندانەوە بۆ کۆمەڵگا: سەپاندنی سوڵتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی

سەرەتا

ئەم وتارە هەوڵ دەدات لە ڕێی خوێندنەوەیەکی پەیامە نوێیە ڤیدیۆییەکی بەڕێز ئۆجەلانەوە، سەپاندنی گوتاری زیندان بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا تاوتوێ بکات. گوتاری زیندان ئاماژەیە بۆ زمان، شێوەی پەیوەندییەکانی نێو زیندان، ئەو ئایدۆلۆژییانەی لەناو زیندان و دەرەوی زینداندا پێک دێن. ئەم چەشنە گوتارە  لە شێوەی ئاخاوتنی زیندانی و زیندانوانەکانیان، بەڕێوەبەر و بڕیاردەرەکانیان لەبارەی نەزم و دیسیپلینی زیندان و نێو زینداندا لە ئاستی دامەزراوەیی، نێوانتاکی و کۆمەڵایەتیدا بەکار دێت و دەریدەخات کە چۆن هێز و دەسەڵات، ناسێنە، کۆنترۆڵ و بەرخۆدان لە ژینگەی زینداندا بەدی دێت و بەرهەم دێتەوە. میشیل فۆکۆ(١٩٧٩) پێی وایە زیندانەکان لە کۆمەڵگای نوێدا بەشێکن لە کۆمەڵگایەکی دیسیپلینی بەربڵاوتر کە چاوەدێری، ئاسایی کردن و تۆمارکردن(بەڵگەسازی) میکانیزمە سەرەکییەکانی کۆنترۆڵەکەی پێک دەهێنن. بە بۆچوونی ئەدلێر و لانگهارست(١٩٩٤) کۆنترۆڵ “بەڕێوەبەریی” ڕەفتارە دژوارەکانە. هەر بۆیە لەم ڕوانگەیەوە “تاک دەبێت بۆ هەر هەوڵێک و هەنگاوێک کە  بۆ پاراستنی نەزمی زیندان بە پێویست بزانرێت خۆڕێکخەر و گونجاو بێت”، چونکە زیندانی بە “سەرچاوە یان گرفتی متبوو”(بلقوە) ناسراوە.

زمان چ وەک گوتن یان نووسین و چ وەک جەستە لە زیندانەکاندا بە توندی لە ڕێی یاسا دامەزراوەییەکانەوە ڕێک دەخرێت. وشەکانی ناوهێنان و بانگکردنی زیندانییەکان لە فەزای میدیایی و گوتاری سیاسیی تورکیادا “تیرۆریست” و “سەرکردەی تیرۆر”  وەک وشە سنووردارەکانی “زیندانی”، “ئەفەسر” لە زینداندا، میکانیزمەکانی بێدەنگ کردنی باون. ئێروینگ گافمەن(١٩٦١) بەندیخانەکان وەک “دامەزراوەی ڕەها” ناو دێنێت کە تێیدا تاکەکان ناسێنەی خۆیان لێ زەوت دەکرێت و زمانێکی نوێ بۆ فەرمانبەری و ملکەچی بەسەریاندا دەسەپێنرێت. زمانی ئەم پەیامە زمانێکی فەرماندەرانەیە کە وشەی سەپاندنی “دەبێت” دەورێکی بەرچاو لە جەختکردنەوە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکاندا دەگێڕێت. نەزم و دیسیپلینی زیندان لە زوومی کامێراکەی زیندانی ئیمراڵییەوە نوێنراوە، پێداگری لەسەر دانپێدانانی زیاتر و ملەکەچیی زیاتری کورد بەرانبەر دەزگای کۆنترۆڵ (دەسەڵاتی دەوڵەت)کراوە، گوتنێکی لێبڕاوانە و پڕ لە دڵنیایی کە لە هێزەوە دێت و ڕادەگەیەنرێت، لەکاتێکدا بێژەرەکەی لە دۆخی دەستبەسەریدایە و دان بە دەسبەسەرییەکەی خۆشیدا دەنێت، هەر لێرەشەوەیە کە دەردەکەوێت سەرچاوەی ئەم هێزە  و ئەم دڵنیاییەی لەخۆیەوە نەبێت و ئەم زمانە زمانی دامەزراوەکەی ئیمراڵی بێت.

گوتاری کۆنترۆڵ لە زوومی  کامێراکەی زیندانی ئیمراڵییەوە(٩/٦/٢٠٢٥)

تورکیا لە زیندانی ئیمراڵییەوە خەریکی بەڕێوەبەریی گوتاری زیندانە بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا. شوێنی پەیوەندی و دانوستانە دیموکراتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بۆ زیندان گۆڕیوە و لە بری بەشداری پێکردنی کۆمەڵگا (کۆمەڵگەی مەدەنی، نوخبە و باوەڕپێکراوان) و پارتە کوردستانییەکانی باکوور یان سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل، سەرچاوەی پەیوەندییەکانی بۆ چارەسەری دۆزی کورد لە ڕێی ئۆجەلانەوە لە ئیمراڵی ڕێک خستووە. دەیهەوێت ئەو زمانەی بەرپرسانی زیندان (زیندانوان، بەڕێوەبەر و ئەفسەرەکان) و زیندانییەکان بەکاری دەهێنن، تێگەیشتنیان لەم دامەزراوەیە، ئەرک و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتردا، بەسەر فەزای سیاسی  و کۆمەڵایەتیی کوردیشدا نەک هەر لە تورکیا، بەڵکوو لە هەرێمەکەشدا بسەپێنێت.

نموونەیەکی بەدیکراوی ئەوە تازەترین ڤیدۆی بەڕێز ئۆجەلان و کۆمەڵێک بەندکراوی تری نیشتمانپەوەری کوردن. لەم ڤیدیۆیەدا فەزایەکی تیشکۆ(فۆکوز)کراو لە شێوەی خانەیەکی تەسکی زیندان وێنا کراوە کە دیلەکان هەرچەند ئازادن، بەڵام لە زمانێکی جەستەیی داخراودا هەموان وەک پەیکەرێک، وشک و بێدەنگ وەستاون و بەسەر نەواندن و بەرزکردنەوەیەکی سڕ و بێ بزە و خەمبار، سەرکزییانە دەنوێنن. ئەم دیمەنە، هەرچەند دەکرێت بە هۆی ناچارکردنەوە بێت، یان سەرپێچی و دڵگرانییەکیش لە شێوەی بەرخۆدان بگەیەنێت، بەڵام واتای کۆنترۆڵ و سەپاندنی قۆناغە نوێیە مێژووییەکەی زیندانیش بەسەر بینەری کورددا دەنوێنێت. تەنیا ئاخێوەر ئەو کەسەیە وا نوێنەرایەتیی گوتاری زیندان دەکات و فەرمانی جێبەجێکردن دەدات. ئەو زمانە فەرماندەرانەیە بە ڕوونی لە وتار و پەیامەکانی ئۆجەڵانەوە بۆ کورد و بەتایبەتی بۆ سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل دیارە. ئەم گوتارە دەکرێت جۆرێک کۆنترۆڵ بێت کە پێکهاتەکانی دەسەڵات بەهێز دەکات و لەڕێی سنووردارکردنی سەربەخۆیی دیلەکان و پشتگوێخستنی کۆمەڵگاوە، ئیرادەی سەربەخۆی فەزای سیاسیی کوردستانیش کۆنترۆڵ بکات.

پەیامی ٩ی جونی ٢٠٢٥ی ئۆجەلان پێچەوانەی پەیامەکانی پێشووی، سزا و سووکایەتی بە سەرکردایەتیی تێدا نەبوو، بەڵکوو زیاتر کارکردن بوو بۆ “ئاساییکردن” و “بەڵگەسازی” و پێزانین بوو بۆ قەندیل و ئەوانەی لە پێناو جێبەجێکردنی فەرمانەکاندا “ڕۆڵی پرد دەگێڕن”. ئەم فەزایە پێچەوانەی ئەوەی ئۆجەلان دەڵێت ‘بە وریاییەوە كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتنه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئیراده‌ی ئازاد بن”، زمانی گوتاری تیرۆریزم بەسەریدا زاڵە و خەریکە بە “هەستەکی کردنی واقعیەت” لە ژێرناوی” برایەتیی هەزار ساڵەی مێژوویی”دا، دەماری ئازار دیتووی مێژوویی و جەستەی پڕزامی کورد لە دەست فاشیزمی دامەزراوەیی تورک سڕ دەکات.

زمان وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵی کۆمەڵگا لە دەرەوەی زینداندا

دەوڵەتی تورکیا بنیادی(برساخت) گوتاری تیرۆریزم وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ بانگەشە بۆ پێشخستنی ئامانجی تایبەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەکار دەهێنێت. ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی و میدیای تورکیا، وشەی “تیرۆر” بۆ خەباتی نەتەوەی کورد لە پێناو ئازادی و دەستەبەر کردنی مافەکانی و “سەرکردەی تیرۆر” بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەکار دەهێنن تا لەسەر زەینییەتی باو و کارتێکراوی خەڵکی تورک بە هۆی میدیا و پرۆپاگاندای دەوڵەتەوە، ڕەوایەتی دەوڵەتی تورکیا بەسەر ڕەواییی بەرخۆدانی نەتەوەییی کورددا زاڵ بکەن، ئەمەش هەر لە ئێستاوە، پرسی بەدیهاتنی کۆمەڵگەی دیموکراتی کە لەسەر هاوسەنگیی دەرفەتەکان بۆ کۆمەڵگە جیاوازەکان دادەمەزرێت، لاسەنگ و بۆش دەکات. ئەمە بەرخۆدانی کورد لاواز دەکات و بە پێشوازەوە چوونی ئۆجەلان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بەرخۆدانی مێژوویی بێبایەخ و لە ئێستاشدا پاسیڤ دەکات. لەهەمان کاتیشدا، هەوڵ دەدەن باڵادەستیی هێز و توانای خۆیان بۆ ڕای گشتیی تورکیا بەسەر نەیارەکانیان لە ئۆپۆزسیۆندا سەربخەن و بۆ دنیای دەرەوەش وا بنوێنن کە ئەمە پرسێکی نێوخۆی تورکیایە، تا لێی بێ دەنگ ببن. هەروەها، فەزایەکیش لە ترس و ملکەچیی دۆخی زیندان بەسەر کورددا بسەپێنن.

بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت: “سەرچاوەی باوەڕم بە هێزی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسەتە نەک بە چەک و من داواتان لێ دەکەم ئەو پرەنسیپە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە”. ئەم دەربڕینە، ئەو کاتە واتایەکی ڕاستەقینەی دەبێت کە پاساوێکی ئایدۆلۆژییانە لە خزمەت دەسەڵاتدا نەبێت و بەستێن و سەرچاوەی هێز بۆ بەرەنگاری و بەرخۆدانی ئاشتییانە لە مافە سیاسی و کولتورییەکانی کوردیشی کوێر نەکردبێتەوە یان بە “چارەسەرێکی توندئاژۆیانەی ناسیۆنالیستی” مۆرکدار نەکرابێت. کەوابوو، ئەمە  دەربڕینێکە بۆ جوانکردنی ئەو سیاسەتە و ئاماژەیەکی شاراوەی هاوپێچیشە بۆ هەستەکیکردنی ڕاستییەکە لەپاڵ ئەوەدا کە ئازادیی خۆی ناکاتە بەشێک لە پرۆسەکە و ئازادیی خۆی بە ئازادیی گەلێکەوە دەبەستێتەوە کە دیلییەکەی ئەبەدەی کردووە و مەحکومی ئەو چوارچێوەیەیە وا لە زوومی کامێرای زیندانەوە دەنوێنرێتەوە. ئەوە کە دەشڵێت : “پێویستە به‌ئاشكرا ئه‌وه‌ بڵێم هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه سه‌ره‌نجامی ئه‌و دانیشتنانه‌ن کە له‌ ئیمراڵی ئه‌نجامم داون. به ‌ورییاییه‌كی به‌رزه‌وه‌ كار كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتنه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئیراده‌ی ئازاد بن”، پاردۆکسی ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد لە زیندانی یاساکانی تورکیادایە، هەر وەک دۆخی زیندان بە بێ ڕێگەدانی زیندانوان و بڕیاردەرەکانی، ڕێگای دەربڕینی ئیرادەی ئازادی نییە.

گۆڕینی ژینگەی کۆنترۆڵ لە زیندانەوە و بۆ کۆمەڵگا: سەپاندنی سوڵتەی سیاسی-کۆمەڵایەتی

دەوڵەتی تورکیا وەک بەڕێوەبەری شەڕی بەناو دژی تیرۆر و سەرچاوەی بڕیار و چاوەدێریی پرۆسەی بەناو ئاشتی، بە بەکارهێنانی ستراتیژییە زمانییە ڕەوانبێژییەکان لە بەکارهێنانی دوانە هاودژەکانی “تیرۆر”، شەڕی تیرۆ” ، “مێژووی هاوبەشی هەزار ساڵە” “برایەتیی کورد-تورک”دا خەریکی دروستکردنی واقعێکە بە قازانجی پلانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی و ئەوەی کە وەک گوتاری هێژێمۆنیک ناسراوە، هەوڵ دەدات تێگەیشتنێکی گشتی لە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی کورد لە ژێر ناوی توندوتیژیی تیرۆریستی پێک بهێنێت. دەرنجامی زاڵکردنی ئەم گوتارە هێژێمۆنیکە سەپاندنی سوڵتەی کۆمەڵایەتییە کە یەکانگیرە لەگەڵ ئەو فەزا گوتارییەی بەسەر زینداندا زاڵە:

“ئه‌م قۆناخه‌ی پێی گه‌یشتووین، هه‌نگاوی نوێ بۆ پراكتیزه‌كردن ده‌سه‌پێنێت. به‌ بایه‌خه‌وه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌، تێگه‌یشتن و پابه‌ندبوون به‌ بنەماکانی ئه‌م قۆناخه‌ و ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێویستانه‌ی گرنگییه‌كی مێژووییان هه‌یه‌، مه‌رجی درێژه‌ پێدانن به‌هه‌نگاوه‌كان”.

دەستەواژەی “سەپاندنی هەنگاوی نوێ بۆ پراکتیزەکردن” دەربڕی قۆناغێکە کە بەشێک لە ویستەکانی دەوڵەتی تورکیا بە بێ بەرنگاری و ئالنگاری، بەشێوەیەکی خۆبەخشانە جێبەجێ کراوە. لە ئەنجامی ئەو گوشارانەی گۆڕانی پارادایمەکەیان بەدییان هێناوە، گوتاری زیندان بووەتە گوتاری باڵادەستی کۆمەڵایەتی و سیاسی. کەوابوو ئێستا کاتی ئەوەیە کە “بە بایەخەوە جەخت لەسەر هەنگاوە نوێیە”کان بکرێتەوە، وەک “هەنگاوی مێژوویی بنرخێنرێت”،  و تێگەیشتن و پابەندبوون بە بەردەوامیی هەنگاوەکان “گوتاری هێز و سوڵتە”  ئاسایی و سروشتی بکات، هەر وەک لە زیندانی ئیمراڵییەوە بەدی دەکرێت.

 دەوڵەتی تورکیا هاوکات لەگەڵ ناردنی پەیامی ئۆجەلان بۆ پەکەکە بۆ گرتنی کۆنگرە، خۆهەڵوەشاندنەوە، دروستکردنی گێڕانەوەی نوێ بۆ پەیامەکانی ئۆجەلان و بانگەشەکردن بۆ تێگەیاندن و ڕازیکردنی خەڵک لە پەیامەکانی لەلایەن سەرکردایەتیی پەکەکەوە، سەرکوتی توندیشی وەک نەزمێکی گوتاری زیندانیش بەردەوامی پێ داوە. لێرەشدا، ئاساییبوونی زەبروزەنگی زیندانی ئیمراڵی لە دامەزراوەی زیندانەوە بەرفراوان کردووە بۆ ئاستی کوردستان لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا، واتە هەرێمی باشووری کوردستان و لێدانی ئەندامانی پەکەکە. ئەوە خۆی سروشتی گوتاری زیندانی لەسەر بنەمای زەبروزەنگ و سەرکوت، لە ڕێی پەیوەندی و دانوستانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیشەوە پێک هێناوە و پاراستووە.

“كۆتایی به ‌ته‌ڤگه‌ڕی پەکەکە” [هێناوە] کە وەک کاردانەوەیەک له‌دژی نكۆڵیكردن له‌ هه‌بوونی کورد دەرکەوت و بەئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا، ستراتیژییەکەی شه‌ڕی رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی بوو. “ئێدی دان بە هەبوونی گەلی کورددا نراو”ە و “لەم سۆنگه‌یه‌وه‌ ئامانجە سەرەکییەکە بەدی هاتووە”. لەم واتایەدایە کە ماوەکەی بە سەر چووە [(هی نیوسەدە لەوە پێشە، لەگەڵ گۆڕانی نەزمی جیهانی واتای خۆی لەدەست داوە)]. ئه‌وه‌ی تر به‌ دووباره‌یه‌كی زۆر و چه‌قبه‌ستن هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ درێژه‌ به‌ ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌دانی به‌رفراوان ده‌دات”.

ئەو دەقەی سەرەوە بەڵگاندنێکە بۆ سەپاندنی سوڵتەی کۆمەڵایەتیی پێڕەوی زاڵی دەوڵەت و کولتوری تورکی، لە ژێر ناوی “ته‌ڤگه‌ری هاوڕێیه‌تیی كۆمیناڵی”دا بە بێ هیچ ڕەخنەیەکی ئەسیمیلاسیۆنی  کورد لە ڕێی دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیاوە. ڕووی ڕەخنەکەی لە کورد و تەڤگەری ڕزگاریخوازیی کوردە کە چەقی بەستووە و ناچارە پەیوەستی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی تورکیا ببێت.  ئه‌م مانیفێستۆیه‌ پەسند بکات کە “بە سەرکەوتویی شوێنی مانیفێستۆی ٥٠ ساڵەی “رێگای شۆڕشی كوردستان”ی گرتووەتەوە‌. ڕاستییەکەی، ئەم پەیامەی ئۆجەلان لەگەڵ ئەوەی جەختکردنەوەیەک و هاندانێکە لە بەرەوپێشبردن و بەرفراوانکردنی گوتاری زیندان بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا، بەڵگەسازییەکە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و ڕاپۆرتێکیشە بۆ ئاگادارکردنەوەی زیندانوانەکانی لە چۆنێتیی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە.

ئەنجام

لە ڕێی بەرفراوانکردنی گوتاری زیندانەوە بۆ کۆمەڵگا، تورکیا لە ڕێی چاوەدێریی “کارلێککردنی وردی نێوان تاکەکان”ەوە، نوێنەرانی دەم پارتی لە نێوان ئۆجەلان و کەجەکەدا وەک پرد بەکار دەهێنێت، تا  لە ڕێگای ئەم تۆڕانەوە بتوانێت هێز و دەسەڵات لە پانتا کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکە(کوردستان)دا پەرە پێ بدات و بچەسپێنێت. هەرچەند ئاماژە بە چارەسەری پرسی کورد دەکات، وازی لە گوتاری تیرۆر نەهێناوە و شێوەکانی ناونان و کرداری گوتاری نەگۆڕیوە و هەوڵ دەدات گوتاری سنورداری ترس و دیلێتی بەسەر ئیرادەی گشتیی کوردستانیشدا بسەپێنێت. لەوانەیە، ئەم گوتەیەی ئۆجەلان کە دەڵێت: ” له‌ سه‌ره‌نجامی هه‌موو باسه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌: پەکەکە ده‌ستبه‌رداری ئامانجی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌ردان له‌و ئامانجه‌ بنچینه‌ییه‌، ده‌ستبه‌رداری ستراتیژییه‌تی بنچینه‌ییی شه‌ڕیش بووه‌، كۆتایی به‌ هه‌بوونی خۆی هێناوه‌. چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌م قۆناخه‌ مێژووییه‌ به‌ره‌و پێشتر ببردرێت”، ئەنجامی ئەم وتارەش ڕوون بکاتەوە کە وا پێدەچێت تورکیا چاوەڕوانیی زیاتری هەیە و نەک هەنگاوی بەرفراوانتری هەڵوەشانەوەی تەڤگەری ئاپۆیی بوێت، بەڵکوو هەوڵ بدات گێڕانەوە و وێناکردنە سەربەستە کوردییەکانی پارچەکانی تری  کوردستانیش(ڕۆژئاوا و باشوور) بەرێتەوە چوارچێوەی زوومی کپ و کەلەپچەکراوی کامێراکەی ئیمراڵییەوە.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە