بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت

دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت
وێنەکە تایبەتە بە وتاری دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت لە نووسینی ئاراکۆ هەڵوێست

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
ئاراکۆ هەڵوێست
جۆر
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
١٦\١٠\٢٧٢٥
زمان
کوردی

دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت

ئاراکۆ هەڵوێست

دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت

 هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندان لە ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێک لە بازاڕی تاران، خۆپیشاندان پەرەی سەند و قۆناغێکی نوێی تێپەڕاند و گوتارەکانی مەیدانی سیاسەت لە ئێران، هەوڵیان دا ڕێتۆریک، دروشم و ئامانجەکانی خۆیان داسەپێنن. بەپێچەوانەی بزووتنەوەی ژینا کە لە ئاکامی مێژوویەک لە چالاکی و خەبات و خۆڕاگری سەری هەڵدابوو و بەرهەمهێنەری فەرهەنگی سیاسیی ڕزگاریخوازانە بوو، لە ناوەندی ئێراندا دروشمی ئێرتجاعی و کۆنەپارێزانە و دەرکەوتنی پەهلەویزمێکی ڕەها، ڕێگەی بەوە نەدا دابڕانێکی ڕادیکاڵ لە گۆڕەپانی سیاسەت ڕێک کەوێت و فەرهەنگی سیاسیی شۆڤینیستی تووشی داڕمان و دابڕان بکات.

هۆکاری ناوبراو و هەروەها خێراییی گۆڕانە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دەستێوەردانی زلهێزان، بوو بەهۆی ئەوەی سیاسەتی بەرەوڕووبوونەوەی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، داهێنەرانە، ستراتێژیک، وشیارانە و قۆناغ بە قۆناغ بێت. ئەکتێک کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی-شیکاریی زاڵدا، کۆنسێرواتیڤ و ناچالاکانە پێناسە دەکرێت. ئەمە لەحاڵێدایە کە بێدەنگیی وشیارانەی ڕۆژهەڵات بە مانای ئەوەیە کە چیدی مرۆڤی کورد نایهەوێت قوربانیی شەڕێکی پڕتێچوو و بێ ئاکام بێت و کوردستان بکەوێتە نێو ئاگری ململانێیەکی پڕووکێنەر و وەک ئامێر و دەروازەی ڕزگاریی ئێران لە ڕووخاندنی ڕژیم لە تاران پێناسە بکرێت.

دەتوانین ئیدیعا بکەین سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە پوختەیی و پێگەیشتنێک گەیشتووە که دوانەی ناوەند – پەڕواێز تێدەپەڕێنێت و بەدوور لە سۆز و خەیاڵ، بە زەینێکی چەند ڕەهەندییەوە پرسی کورد  لە ئاستی جۆراوجۆری ناوخۆ و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان سەیر دەکات. ئەمە بەو مانایەیە کە پرسی کورد تەنیا بە خۆپیشاندانێکی خێرا چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو گرێدراوی سیاسەتی جیهانی و گۆڕانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیاری هێزەکان و هەروەها بەدیهاتنی گوتارێکی نەتەوەییی یەکگرتوو لە ئاستی کۆمەڵگای مەدەنی و هێزە سیاسییەکاندایە. بەڵام لە  نەبوونی کودەنگی لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا، ئەم میراتە هزری-سیاسییە گشتگیر نەکرا و لەناکا و ئیلام و کرماشان و لوڕستان، بوون بە گۆڕەپانی شەڕ و مخابن کەسانێکی زۆر شەهید و بریندار کران. بەرجستەبوونی ئەم ناوچانە وەک پێشەنگی ناڕەزایی لە ئێراندا مەشرووعیەتی هێزی سەرکوت بەرهەم دەهێنێتەوە و  سیاسەتی مەرگ بەسەر کوردستاندا دەسەپێنێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەواڵنێرە فارسییەکان هەر دروشم و دەرکەوتنێک کە لەگەڵ مەنتقی فاشیستی ناتەبا بێت، بە تەواوی بایکۆت دەکەن و لە ژێر ژینۆسایدی میدیاییدا نوقمی دەکەن.

لە وەها دۆخێکدا، پێویستە سیاسەتی کوردی هەوڵ بدات نەتەنیا سووژەی قوربانی و دەروازەی ڕزگاریی ئـێران نەبێت، بەڵکوو لە ڕەوتی گۆڕانەکانی هەنووکە و داهاتوو بە کەمترین تێچوو و زۆرترین بەرژەوەندی، قەیرانی ناخۆ و دەرەوەی ئێران، بکات بە دەرفەتێکی مێژوویی و دەنگ و خواستی جیاوازی خەڵکی کوردستان بەرجستە بکات.

گەیشتن بەم ئامانجە سەرەکییە تەنیا بە کۆدەنگیی هێزەکانی کوردستان و وشیاریی خەڵکی مەدەنی مسۆگەر دەبێت. هەنگاوە سەرەکییانی ئەم کۆدەنگییە، خاڵەکانی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:

  1. مانگرتنی گشتی

مانگرتنی گشتی لە هەموو شارەکان و بەرزکردنەوەی هاوخەمی و هاودڵی و پاڵپشتیکردن لە خوشک و براکانمان لە کرماشان، لوڕستان و ئیلام، جگە لەوە کە خەباتی مافخوازانەی جەماوەریی گشتی بەهێزتر دەکات، لایەنی ئیجابی سیاسەتی کوردی چالاکتر دەکات.

  1. یارمەتیی پزیشکیی برینداران

بەهاناچوونی برینداران و یارمەتیی پزیشکی بەشێوەی جۆراوجۆر وەک ئامادەبوون لە بنکەی خوێندان.

  1. دەوری میدیا کوردییەکان و بەرزکردنەوەی دەنگی کوردستان لە ئاستی جیهاندا

ڕوون و حاشاهەڵنەگرە کە زۆربەی میدیا فارسییەکان، نوێنەرایەتیی دەنگی پاوانخوازانە و ناوەندگەرایانە دەکەن و خەباتی  مافخوازانە و ڕەوای نەتەوە بندەستەکان بە توندی ڕەت دەکەنەوە، یان لە باشترین حاڵەتدا پەڕاوێز دەخرێت. کەوایە دەزگا هەواڵێنێڕییەکان و  چالاکوانانی مەدەنیی کوردستان پێویستە بە هەموو توانا و هێزی خۆیانەوە، دەنگی خەڵکی پەڕاوێزخراوی ڕۆژهەڵات بن و دۆخی ئاوارتەیی، فاشیستی و ژینۆسایدی جەستەیی و میدبایی بەسەر کوردستان، بە گوێی جیهان ڕابگەیەنن. بەڵکوو “ڕوژهەڵاتی کوردستان”، وەک فیگۆری سەرەکیی مافی مرۆڤ لە وڵاتە دمۆکراتیکەکاندا پێناسە بکرێت و لە ئاکامدا، کۆمەڵگای جیهانی ئامادە بکەن تاکوو دەوڵەتی ناوەندیی هەنووکە و هێزی داهاتووی ناوەند، بە ئاسانی و بەشێوەیەکی ڕێگەپێدراو و بە بیانووی سەرکوتی “تێرۆریسم و تێکشکێنەرانی نەزمی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی” ، ئەزموونی تاڵی هێرشی دڕەندا بۆ سەر کوردستان دوپات نەکەنەوە.

٤. خۆپاراستن لە خوێندنەوەی بەرتەسک و ئایدیۆلۆژیک و بەرهەمهێنانی خوێندنەوەی هەمەلایەنە لە کێشەکان

کۆمەڵگای کوردستان لە سێبەری سەدەیەک سەرکوت لەلایەن داگیرکەرەوە، تووشی قەیران و ناداپەروەریی زێدە و جۆراوجۆر لە ئاستی جێندەری، ناوچەیی، زمانی، چینایەتی و ئایینی بووە. بێگومان گوتارە پاوانخوازەکانی ئێران، فرەدەنگی و فرەڕەنگیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات وەک ئامرازێک بۆ دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی بەکاردەهێنن. کەوایە پێویستە وشیارانە، ئەم پلۆڕالیزم و جیاوازییانە، بکەین بە دەرفەتێک بۆ بەدیهێنانی دێمۆکراسییەکی فرەدەنگی نەتەوەیی لە بەستێنی کوردستانێکی ئازاد و فرەڕەنگدا.

٥. ئینتێلیجێنسیای بەرپرسیار

ڕێککەوتنی ئێنتلێجێنسیایەکی بەهێز لە بیرمەندان و چالاکانی ڕۆژهەڵات و دیاسپۆرا بەشێوەیەک کە نەتەنیا لەسەر سیاسەتی خەباتی ڕۆژهەڵات کاریگەری دابنێت، بەڵکوو لە دەرەوەی وڵاتیش، هەلێک بۆ وتووێژ و بەرجستەکردنی خواستی سەرەکیی ڕۆژهەڵات بڕەخسێنێت.

٦. یەکگرتوییی سیاسی  و داڕشتنی سیاسەتی بان حیزبی:

لە  داڕمانی دەسەڵات و لاوازیی سیستەمی ناوەندی و بۆشاییی هێزدا، کوردستان دەتۆانێت بە پشتبەستن بە خەباتی سەد ساڵەی خۆی، بەخێرایی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. ئەمە تەنیا لەحاڵێکدا مسۆگەر دەبێت کە تێکڕای پارت و لایەنە سیاسییەکان، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دەنگی مافخوازیی کۆمەڵگای مەدەنی، فیدای ئایدیۆلۆژی و ململانێی بەرتەسکی حیزبی نەکەن و لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش (ڕزگاریی کودستان) بە کۆدەنگی و هاوپەیمانی بگەن و میراتێکی پڕشکۆ و پەسەندکراو بۆ داهاتوو و یادگەی مێژووییی کۆمەڵگا تۆمار بکەن.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی

هەڵوێست، ئاراکۆ(٢٠٢٥):دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

ببوورن، بە زمانێکی ساکار دەبێ بدوێم

لە بەهاری عەرەبییەوە، قەیرانێکی ژئۆپۆلیتیک ڕووی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و لە ماوەی کەمتر لە ١٥ ساڵدا زیاتر لە ١٠ شەڕی ناوخۆیی و ناوچەیی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە؛ و ئەو ١٥ ساڵەی ڕابردوو تەنانەت لە هەرێمی پڕ لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا…

ژیانەوە

زمان لەنێوان ململانێی شیعر و فەلسەفەدا

شاعیر، جیهان و دۆخی ئاوارەییی مرۆڤ لە جیهاندا دەخاتە ڕوو. مرۆڤ، زادەی بیرۆکەکانیەتی؛ مرۆڤ، لە ڕێگەی دەسبەسەرکردنی "هەقیقەت"ەوە چنگی لە خاک گیر دەکات و بەم چەشنە دەیهەوێت لە هەرێمێک بگیرسێتەوە و نیگای بەسەر بەرجەوەنی جیهاندا بخشێنێ. شیعر، خشاندنی نیگایە بەسەر جیهاندا بە…

ژیانەوە

لە سڕینەوەوە بۆ خەمساردی:لە درێژەی وتاری «کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە».

پێشەکی کوردستان ئەمڕۆ لە دۆخێکی سیاسیی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت. بەهۆی ڕووداوەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە فەزای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مشتومڕێکی گەرم لەسەر پەیوەندیی نێوان حیزب و جەماوەر دروست بووە. بەگشتی چاوەڕوان دەکرێت لە دۆخی قەیراندا ناکۆکی و جیاوازییەکان کەم…