بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
تایبەت بە وتاری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە نووسینی هێلێنا باوەرنفایند

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
هێلینا باوەرنفایند
جۆر
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
٢١\١٠\٢٧٢٥
زمان
کوردی

ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا

هێلێنا باوەرنفایند

ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا

تاران لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، نیشانەکانی قەیرانێک خەریکە چڕ دەبنەوە کە لە ئاڵۆزییە کاتییەکان تێدەپەڕێت.

 ئەوەی لە شەوانی ڕابردوودا ڕوویدا، وێنەیەکە لە پەرەسەندنی گرژییە ناوخۆییەکان، کە تێیدا دڵەڕاوکێی ئەمنی، هەڕەشە جیۆپۆلیتیکییەکان و دوودڵییەکی بەرچاو لە دەزگاکانی دەسەڵاتدا تێکەڵی یەک بوون.

دەوڵەت وەک چاوکراوە و لە هەمان کاتدا نادڵنیا دەردەکەوێت؛ چەند ڕۆژێکە لێشاوی زانیارییەکان لە ناو وڵاتەوە بە توندی سنووردار کراوە. جگە لە چەند کەناڵێکی کەم کە لە ڕژێمەوە نزیکن، بەشێکی زۆری میدیاکانی ئێران بێدەنگ بوون. بڕینی بەشێکی ئینتەرنێت پەیڕەوکردنی هەمان شێوازە ناسراوەکەیە: کۆنترۆڵکردن لە ڕێگەی دابڕانەوە. بەڵام ئەم ڕێکارە لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ نیگەرانیی سەرکردایەتی وڵات لە لەدەستدانی هەیمەنەی لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان – چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە.

بەرپرسان لەم دواییانەدا ڕایانگەیاندووە کە چەند ئەفسەرێکی پۆلیس لە پێکدادانە شەوانەکاندا لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کوژراون. هاوکات، بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، هەوڵی خۆپیشاندەران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگایەکی چەکی میلیشیای بەسیج شکستی هێناوە. ئەم جۆرە ڕووداوانە قۆناغێکی نوێی پەرەسەندنی گرژییەکانن. ئەو سنوورەی نێوان ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری، کە ڕژێم هەمیشە وەک هێڵی سوور ناوی دەبرد، لانی کەم لە هەندێک خاڵدا بەزێندراوە.

وەڵامی دەسەڵات تا ئێستا دووفاقییە. داواکاری گشتی لە تاران ڕایگەیاند کە سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنرێت کە تێوەگلاون لە ئاگرکەوتنەوە، تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هێرشی چەکداری. هەرچەندە هەڕەشەکە توندە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا ونە، فەرمانێکی ئاشکرا و سەرتاسەرییە بۆ تەقەکردن. دەرنەکردنی ئەم فەرمانە لە ناوخۆی وڵات وەک نیشانەیەک بۆ دانبەخۆداگرتن، یان هەندێک دەڵێن وەک نیشانەیەک لە “ترس” لێکدەدرێتەوە. سەرکردایەتی وڵات دەزانێت کە هەر هەنگاوێکی زیاتر مەترسیی پەرەسەندنێکی لەکۆنترۆڵدەرچووی لێدەکەوێتەوە.

لە ناو ئەم گرژییە ناوخۆییانەدا، ڕەهەندە جیۆپۆلیتیکییەکەش ئامادەیە. دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە ڕاشکاوی هۆشداری دا لە “هەوڵەکانی ئیسرائیل” بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ. ئەم جۆرە ئاماژەدانانە بە دوژمنی دەرەکی، بەشێکن لە ئەدەبیاتی باوی کۆماری ئیسلامی. بەڵام لە دۆخی ئێستادا توندییەکی نوێیان بەخۆوە گرتووە. سەرکردایەتی وڵات هەوڵ دەدات ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان بخاتە ناو چوارچێوەی گێڕانەوەیەکی ناسراوی “هەڕەشەی دەرەکی” تاوەکو سۆزی لایەنگرانی بجوڵێنێت.

داخستنی کاتیی ئاسمانی ئێران پڕ بوو لە ئاماژەی سیمبۆلیک. دوو فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی تورکیا کە لە هەمان کاتدا بەرەو مەشهەد دەڕۆیشتن، ناچار بوون کەمێک پێش نیشتنەوە بگەڕێنەوە و بەرەو ئەستەنبوڵ بفڕنەوە. ئەم ڕووداوە وەک وردەکارییەکی تەکنیکی دەردەکەوت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دەخوێندرایەوە: وەک نیشانەیەک بۆ ئامادەباشییەکی بەرز و پەیامێک بۆ دەرەوە کە دۆخەکە بە مەترسیدار دەبینرێت.

لە چەقی هەموو ئەمانەدا ڕێبەری باڵا، عەلی خامنەیی وەستاوە. ئەو لە پەناگەیەکەوە (بۆنکەر) کە لە قووڵایی زەویدا شاراوەتەوە، پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی کرد.

وتەکانی هەمان درامای ئاشنا بوون: ڕەتکردنەوەی “خائینان و سیخوڕەکان”، هۆشداریدان لە تێکدەرانێک کە بۆ هێزە بیانییەکان کار دەکەن، و دڵنیاییدان لەوەی گەلی یەکگرتوو بەسەر دوژمناندا سەردەکەوێت.

 بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو، تۆنە بەرگرییەکەی بوو. خامنەیی کەمتر باسی لە هێز دەکرد و زیاتر باسی لە هەڕەشە کرد – و پێویستیی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانەیە.

چاودێرانی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە “سیناریۆی ڤەنزوێلا” لە ئێراندا بە ئاسانی جێبەجێ نابێت. پێکهاتە کۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆژی و دامەزراوەییەکانی ئەو وڵاتە ئاڵۆزترن و ناوەندەکانی دەسەڵات هەمەجۆرترن. هاوکات بڕیار بەدەستانی تاران دەزانن کە لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە لەژێر چاودێریدان. ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شوێنی مانەوەی ڕێبەری باڵا دەزانێت، لە تاران وەک نهێنییەکی ئاشکرا دەبینرێت و بەشێکی بێدەنگە لە ستراتیژیی ڕێگری (deterrence). هەربۆیە بە وردی تێبینی ئەوە کرا کە سەرۆک ترەمپ لەم دواییانەدا هەندێک هەڵسەنگاندنی سەبارەت بە چارەنووسی خامنەیی پشتڕاستکردەوە، بێ ئەوەی بە وردی بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە.

بەو شێوەیە، ئێران لە دۆخێکی هەڵواسراودا دەمێنێتەوە. شەوی ڕابردوو، وەک تەنانەت چاودێرانی دژبەری ڕژێمیش دانی پێدا دەنێن، یەکێک بوو لە نائاساییترین شەوەکان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا. هێشتا تەواوی هێزی توندی دەوڵەت بەکارنەهێنراوە، هێشتا سەرکردایەتیی وڵات بە ئاشکرا بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ پاراستنی کۆنترۆڵ، بێ ئەوەی بگاتە خاڵی بێگەڕانەوە. ئەوەی کە ئەم هاوسەنگییە تا کەی دەمێنێتەوە، نادیارە.

تەنها شتێک کە مسۆگەرە ئەوەیە: قەیرانی ناوخۆیی ئێران چیتر ناتوانرێت لە پێگەی جیۆپۆلیتیکییەکەی جیا بکرێتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢١ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی

باوەرنفایند، هێلێنا (٢٠٢٥): ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

ببوورن، بە زمانێکی ساکار دەبێ بدوێم

لە بەهاری عەرەبییەوە، قەیرانێکی ژئۆپۆلیتیک ڕووی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و لە ماوەی کەمتر لە ١٥ ساڵدا زیاتر لە ١٠ شەڕی ناوخۆیی و ناوچەیی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە؛ و ئەو ١٥ ساڵەی ڕابردوو تەنانەت لە هەرێمی پڕ لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا…

ژیانەوە

زمان لەنێوان ململانێی شیعر و فەلسەفەدا

شاعیر، جیهان و دۆخی ئاوارەییی مرۆڤ لە جیهاندا دەخاتە ڕوو. مرۆڤ، زادەی بیرۆکەکانیەتی؛ مرۆڤ، لە ڕێگەی دەسبەسەرکردنی "هەقیقەت"ەوە چنگی لە خاک گیر دەکات و بەم چەشنە دەیهەوێت لە هەرێمێک بگیرسێتەوە و نیگای بەسەر بەرجەوەنی جیهاندا بخشێنێ. شیعر، خشاندنی نیگایە بەسەر جیهاندا بە…

ژیانەوە

لە سڕینەوەوە بۆ خەمساردی:لە درێژەی وتاری «کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە».

پێشەکی کوردستان ئەمڕۆ لە دۆخێکی سیاسیی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت. بەهۆی ڕووداوەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە فەزای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مشتومڕێکی گەرم لەسەر پەیوەندیی نێوان حیزب و جەماوەر دروست بووە. بەگشتی چاوەڕوان دەکرێت لە دۆخی قەیراندا ناکۆکی و جیاوازییەکان کەم…