بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی
وێنەکە تایبەتە بە وتاری شۆڕشی کەزی لە نووسینی هیوا جەمال

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
هیوا جەمال
جۆر
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
١٠\١١\٢٧٢٥
زمان
کوردی

شۆڕشی کەزی

هیوا جەمال

شۆڕشی کەزی

لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت و پێی دەگوترێت هۆنینەوەی پرچ “کەزی”، تەنیا ئەکتێکی سادەی پشتگیری یان نمایشێکی کاتی نییە؛ بەڵکو بە بڕوای شارەزایانی زانستە سیاسییەکان، ئەمە لە رەهەندە سەرەتاییەکەی دەرچووە و گۆڕاوە بۆ “شۆڕشێکی نەرم” کە تەواوی تێڕوانینە جیهانییەکانی بەرامبەر بە ناسنامە و جەوهەری تێکۆشانی کورد گۆڕیوە. ئەمڕۆ “شۆڕشی کەزی” گوزارشت لە قۆناخێکی نوێی هۆشیاریی نەتەوەیی دەکات.

یەکێک لە گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین رەهەندەکانی ئەم جووڵە فراوانەی کەزی ( پرچ هۆنینەوە)، ناسنامەی بەشداربووانێتی. بۆ ماوەیەکی درێژ، دەنگۆ و تێڕوانینێکی باو هەبوو گوایە نەوەی نوێ و گەنجان لە هەستی نیشتمانی دابڕاون و سەرقاڵی ژیانێکی دوور لە خەمە نەتەوەییەکانن، چیدیکە سەرپێسپاردن نەماوە. بەڵام “شۆڕشی کەزی” ئەم تێڕوانینەی بەتەواوی هەڵوەشاندەوە. زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ لە ریزەکانی پێشەوەی ئەم بەرخودانە مەدەنییەدا دەبینرێن، گەنجان و تازەپێگەیشتووانن. ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە هەستی سەرپێسپاردن لەناو ئەم نەوەیەدا نەک کاڵ نەبووەتەوە، بەڵکو بە فۆرمێکی مۆدێرن و کاریگەرتر سەری هەڵداوەتەوە. گەنجان نیشانیان دا دەتوانن لە رێگەی هێماکانەوە، گەورەترین پەیامی سیاسی بگەیەنن و ببنە پێشڕەوی خۆپێشاندانەکان.

شارەزایانی سیاسی پێمان دەڵێن کە “شۆڕشی نەرم” یان بەکارهێنانی سیمبوولەکان بۆ گۆڕانکاری، رەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە. لە شۆڕشی فەڕەنسادا لە ساڵی 1789، کاتێک ژنانی پاریس رێپێوانێکی مێژووییان بەرەو کۆشکی “ڤێرسای” دەستپێکرد، چەکی سەربازییان بەکارنەهێنا، بەڵکو تەنیا بە هێزی ئیرادە و رێپێوانێکی مەدەنی توانیان پاشایەتیی فەڕەنسا بلەرزێنن. ئەو رێپێوانە بووە سیمبوول تێکشکاندنی ستەمکاریی.

کڵاوی “فریجی” (Phrygian cap) نموونەیەکی دیکەی جیهانییە. ئەم کڵاوە کە رەگەکەی بۆ سەردەمی رۆمەکان دەگەڕێتەوە و دواتر لە شۆڕشی فەڕەنسادا بووە هێمایەکی سەرەکی، هێمای رزگاربوون بوو لە نایەکسانی و هەژموونی چینایەتی. هەر کەسێک ئەو کڵاوەی لەسەر بکردایە، پەیامێکی سیاسیی روونی دەدا: “من ئازادم”. ئەمڕۆ پرچکردن بە کەزی هەمان ئەو رۆڵە دەبینێت؛ بووەتە زمانێکی هاوبەش بۆ هەموو ئەوانەی تینووی دادپەروەری و ئازادین.

لە مێژووی نێوخۆیی خۆماندا، نموونەی هەرە دیار “جامەدانیی سوور”ە. ئەوەی لە ناوچەی بارزانەوە وەک پۆشاکێکی ناوچەیی دەستی پێکرد، بەهۆی زوڵم و ستەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، گۆڕا بۆ هێمایەکی نەتەوەیی و سیاسیی گەورە. جامەدانیی سوور تەنیا پارچە قوماشێک نەبوو، بەڵکو ناسنامەیەک بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نیشاندانی ئازایەتی.
ئەمڕۆ “کەزی” تەواکاری ئەو مێژووەیە. ئەگەر دوێنێ جامەدانیی سوور رەمزی بەرگریی شاخ و پێشمەرگایەتی بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ کەزی هۆنینەوە بووەتە رەمزی بەرگریی مەدەنیی شار و گەنجان. ئەم شۆڕشە پێمان دەڵێت کورد هەمیشە دەزانێت چۆن لە ناو جەرگەی ئازار و ستەمدا، هێمایەک بۆ ژیان و ئازادی دابهێنێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

جەمال، هیوا(٢٠٢٦): شۆڕشی کەزی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

دیاسپۆرای کورد؛ هێزێکی بێسنوور

بەپێی ڕای ئەمیر حەسەنپوور و شەهرزاد موجاب (٢٠٠٥)، ڕەوتی کۆچکردنەوە بۆ زیادکردنی توخمێکی ترانسنشال بۆ نەتەوەی کورد یارمەتیی دیاسپۆرای کوردی داوە. توخمەکانی دیاسپۆرا، بەتایبەتی لەو سەردەمەدا کە ئەکتەرەکانی ناوخۆ بەهۆی شەڕ و سەرکوتکردن و سانسۆرەوە دەرفەتی خۆنیشاندانیان نییە، داواکارییەکانی نەتەوەی کوردی بۆ…

ژیانەوە

٣٥ ساڵ دوای ڕاپەڕین؛ بۆچی باشووری کوردستان هێشتا لە نێوان نەوت، مووچە و قەیرانی حوکمڕانیدا گیرۆدەیە؟

سێ و پێنج ساڵ دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، باشووری کوردستان هێشتا لەبەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی و چارەنووسسازدا وەستاوە: بۆچی ئەو هەرێمەی خاوەنی دەیان ملیار دۆلار داهاتی نەوت، سەرچاوەی سروشتی، خاکێکی بەرهەمدار و پێگەیەکی گرنگی ژیۆپۆلیتیکی جوگرافیایییە، نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی و ئابووریی کارا، شەفاف…

ژیانەوە

لە کوردستانی سیاسییەوە بۆ کوردستانی کولتووری

پرسی بەدەوڵەتبوونی کوردستان بۆ زیاتر لە سەدەیەکە بەردەوام جێگۆڕکێی سیاسی پێ دەکرێت. بە واتایەکی ڕوونتر لە جێی داننان بە مافی سەروەریی سیاسی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان لە ناوەندەکانی بڕیار و دانوستاندا، بەردەوام بۆ چەمک و فۆرمی بچووکتر و ناسیاسی دابەزێنراوە. ئەم چەمک…