بەڵێ بۆ بەڵێ یاخود نا بۆ بەڵێ
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- پەرویز شێخی
- بڵاوکراوەتەوە لە
- بلاگی ژیانەوە
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ئەنستیتۆ
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/10/25
- زمان
- کوردی
شێخی، پەرویز (2026). بەڵێ بۆ بەڵێ یاخود نا بۆ بەڵێ. بلاگی ژیانەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
لەم سەردەمەدا ئەگەر مەبەست و پێویستمان لە پێوەر و بەڵگەیەکی زیندوو، بەرچاو و بەرجەستە بۆ سەلماندنی ئاراستەی سەربەخۆییخوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت، ئەوا بێگومان جیا لە چەندین ڕاپەڕین و بەشداریی سەرتاسەری خەڵکی سەرشەقام لە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، دەست و دەنگ بەرزکردنەوە و ڕادەربڕین و بەشداریی بەرفراوان، مێژوویی پڕ شەرەف و شکۆی ئەم جەماوەرە لە ئاهەنگی پشتگیری لە سەرکەوتنی ڕاپرسیی باشووری کوردستاندا، یەکێکە لە هەرە گرنگترین نیشانەکانی ئەم ئاراستەیە؛ ڕووداوێک و سەرەداوێک کە دەکرێت وەک دەنگێکی زیندووی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە مافی چارەنووس لێک بدرێتەوە. تەنانەت لە ناوچەکانی وەک کرماشان و ئیلامدا، ئەگەرچی بەهۆی کەشوهەوای دژواز و دژواری ئەمنی و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەشداریی سەرشەقام وەک ناوچەکانی تر بەرچاو نەبوون و نەبینران، بەڵام ئەم پشتیوانییە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەیام، ئاهەنگی بنەماڵەیی و چالاکیی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئامادەیی بەهێز و ڕێگەدۆزینەوەی خۆی نیشان داوە.
هەر بەو پێ و پێوەرە، کاتێک دێینە سەر پرسی ناسنامە و مەیلی سەربەخۆییخوازیی خەڵکی خۆرهەڵات بەگشتی و بەتایبەتی لە ناوچەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک کرماشان و ئیلام (جیا لەو دەنگ و ڕەنگ و زایەڵە حاشاهەڵنەگرانەی کە لەسەرەوە باسیان لێکرا و ئێستاکە و ڕۆژانەش لە جاران زیاتر دەیبینین و دەیژنەفین) پێویست ناکات خۆمان بە پێوەرە فەرمی و سیاسییەکانەوە ببەستینەوە؛ چونکە بەڵگە کولتوورییەکانیش دەتوانن لایەنێکی گرنگی ناسنامەی کۆمەڵایەتی ڕوون بکەنەوە. وەک نموونەیەکی هەرە بچووک لێرەدا، گۆرانییە پڕئاوازە ناوازەکانی حەسەن زیرەک و ئاواز و سروودە حەماسییەکانی ناسر ڕەزازی وێنایەکی زیندووی ئەو کاریگەرییەن کە هونەری نەتەوەیی و نەتەوەخوازی توانیویەتی وشیاریی نەتەوەیی بەرهەم بێنێت و دەشتوانێت لە سنوورە دەستکرد و قەفەسە بەرتەسکە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات تێپەڕێت و هەتا ناوچەکانی خوارووی لوڕستانیش بگات. با ئەوەش بڵێین کە ئەم کاریگەرییە کولتوورییە، هەرچەندە بەڵگەیەکی گرنگە بۆ پەیوەندیی نەتەوەیی، بەڵام لەخۆیدا بەڵگەی یەکلاکەرەوەی هەڵوێستی سیاسیی هەموو دانیشتووانی ئەو ناوچەگەلە نییە.
بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ، لە ناوەند و سەکۆ فەرمییەکاندا دەنگی هەندێک لەم ناوچانە کەمتر دەبیسترێت، نابێت ئەمە ببێتە پێوەر و بە مانای نەبوونی ناسنامە یان لاوازیی هەستی نەتەوەیی ئەوان لێک بدرێتەوە؛ بەڵکو یەکێک لە هۆکارە ئەگەرییەکان، دووری و دابڕانی زمانی و کولتووریی نێوان بەشی سەروو، ناوەڕاست و خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ناوخۆیدا و، دەرئەنجام؛ لە نێوان حیزبەکان و بەشێک لە خەڵکی ئەم ناوچەگەلەدایە. چونکە کاتێک بە زمانی ڕۆژانە، زاراوە و شێوەزاری خەڵکی سەرشەقام و کۆڵانەکانی ئەوێکانێ قسە ناکەیت و نادوێیت و ناژنەفیت، گەلێک ڕوونە پەیامەکانت بە ئاسانی نەگەنە دڵ و دەروونیان! ئەم دۆخە لە هەندێک ڕووەوە لە جیاوازیی زاراوەیی نێوان سۆرانی و کورمانجیش دەچێت، بەڵام کێشەکە تەنیا لە ئاستی ئاخافتندا نامێنێتەوە، بەڵکو لە ڕێنووس و بنەما فەرمییەکانی نووسینیشدا ڕەنگ دەداتەوە.
تەنانەت کاتێک لەوەی تا ئێستاکە بە ڕێنووسی فەرمی ناسێنراوە، تایبەتمەندییە دەنگی و زمانییەکانی ئەوێکانێ لەبەرچاو نەگیراون و بۆ نموونە پیتی «ۊ» (وەک بێستۊن، چەۊیە، جۊر، چۊ، چۊن، کۊچە، تەنانەت مۊنشن و هتد) کە لە سەدان وشەی ڕەسەن، ناوی جوگرافی و ئاخافتنی ڕۆژانەی ئەم ناوچەگەلەدا ڕۆڵی جەوهەرییان هەیە پشتگوێ خراوە و لەنێو سۆرانییەکاندا ئەو وشەگەلە بە شێوازێکی تر دەنووسرێن و بێژە دەکرێن و لە ئاکامدا چ گوێیەک نادرێتە ئاخافتنی ڕۆژانەی وان، ئەوا پرسیارێکی هەرە گرنگ دروست دەبێت: ئایا ئەم جیاوازییانە تەنیا کێشەیەکی ڕێنووسین؟! یان نیشانەی ئەوەن کە تایبەتمەندییە زمانییەکانی ئەم ناوچانە لە داڕشتنی بنەما فەرمییەکاندا بەپێی پێویست ڕەچاو نەکراون؟ ئەگەر ئەم پیتە و شێوەنووسینانە پشتگیریی زمانەوانییان هەبێت، ئەوا پێویستە لە ڕێنووسی فەرمیی کوردیدا بە جیددی تاوتوێ بکرێن، نەک بەبێ وتووێژ و لێکدانەوە پشتگوێ بخرێن.
هەر بۆیە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بە وردی و زۆر بە قووڵی لە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی خۆیاندا بچنەوە و دەنگیان بژنەفن و تایبەتمەندییە زمانی و کولتوورییەکانیان بناسن. فرە ئاسانە! دەتەوێت لێت تێبگەم؟ (دەبێت بە زمان و زاراوەی خۆم لەگەڵم بدوێی!) و خەڵک نابێت ناچار بێت و ناچاریش نییە بۆ ئەوەی لە گوتاری سیاسیی حیزبەکاندا جێگەی خۆی بدۆزێتەوە، لە زمان و شێوەی دەربڕینی خۆی دوور بکەوێتەوە؛ بەڵکو ئەوە حیزبەکانن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرزی سەربەخۆیی کە خەیاڵ و خەونی سەرسەرینی گشت شەهید و زارۆکانی کوردستانە، خۆیان لەگەڵ فرەیی زمانی و کولتووریی کۆمەڵگەکەیان بگونجێنن و دەبێت.
چاویلکەیەکی بەڕۆژتر بدەن لە چاوەکانیان؛ کە ڕوونیشە لە ئەگەری ئەم نۆژەنکردنەوەدا، پێویستە دامەزراوە سیاسییەکان ئازایەتیی ئەوەیان هەبێت واز لە خۆهەڵخەڵەتاندن و ناچارکردنی خەیاڵینەیی خەڵک بهێنن و شێوازی کۆنی کارکردن وەلا بنێن؛ تاوەکوو ئیتر لەلایەن نەوەی نوێ، خەڵکی خوێندەوار و ئاکادیمیک و دەستەبژێری ڕۆژهەڵاتییەوە بە دواکەوتوو و گوێنەگر لێیان نەڕوانرێت و چیتر ئەو مەودایەی کەوتووەتە مابەینیان، قووڵتر و دوورتر نەبێتەوە و دە با خەڵکی ڕۆژهەڵات، حیزبەکانی خۆرهەڵات بە بیرکۆن و دەروێش و شوێنکەوتووی ئەم و ئەو نەزانن!
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
