فانۆن لە زانکۆی کوردستان: سەرنجێک لەسەر خوێندنەوەی فوئاد حەبیبی بۆ ١٣ی خەزەڵوەر
پوختە
ئەم تیۆرییانە زمانێکی تایبەت دەدەنە دەستی دەوڵەتێک کە دەیەوێت خۆی وەک قوربانیی ئیمپریالیزم نیشان بدات و هەر ڕەخنەیەکی ناوخۆیی بە «دەستی بێگانە» ببەستێتەوە. دوای شەڕی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، ئەم گوتارە لەلایەن دەسەڵات و چەپی میحوەری بەرگرییەوە گەرمتر بووەتەوە، و دەسەڵات زیاتر لە جاران لە ڕێگەی میدیا و بژاردەکانیەوە خۆی وەک وڵاتێکی کۆلۆنیکراو نیشان دەدات. لێرەدا ستەمکار، بە زمانی تیۆرییەکی دژی ستەم، جلی قوربانی لەبەر دەکات. کێشەکە ئەوەیە کە لەم خوێندنەوەیەدا ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەبنە ناوەند و ئێران دەبێتە پەراوێز، و هیچ پرسیارێک لەو پەیوەندییە ناوەند و پەراوێزانە ناکرێت کە لەناو خودی ئێراندا هەن. ئەگەر فانۆن بە قووڵی بخوێنینەوە، خودی بەرهەمەکانی دژی خوێندنەوەکەی حەبیبی دەوەستنەوە. لە ڕوانگەی فانۆنەوە، بکەرێتیی کۆلۆنیکراوەکان بەو مانایەیە کە بتوانن لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدارێتی دەربچن و ببنە سوژەیەکی مێژوویی. بەڵام ئەم بکەرێتییە تەنیا بە ئەنجامدانی کارێک دژی هێزێکی دەرەکی پێناسە ناکرێت. دەبێت بزانین ئەم کارە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوخۆیی و ئەگەری ڕزگاریی کۆمەڵایەتیدا هەیە. فانۆن خۆی لە «دۆزەخییانی سەر زەوی»دا هۆشداری دەدات کە دوای ڕۆیشتنی داگیرکەر، دەسەڵاتێکی نوێ دەتوانێت بە ناوی ڕزگارییەوە بێتە سەر کار و هەمان زاڵبوون درێژە پێ بدات. کەواتە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کاری ئەو قوتابیانە بکەرێتیی دا بە ژێردەستەکان، یان دەسەڵاتی نوێی بەهێزتر کرد؟
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- هیوا تاسە
- بڵاوکراوەتەوە لە
- بلاگی ژیانەوە
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ئەنستیتۆ
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/11/06
- زمان
- کوردی
تاسە، هیوا (2026): فانۆن لە زانکۆی کوردستان: سەرنجێک لەسەر خوێندنەوەی فوئاد حەبیبی بۆ ١٣ی خەزەڵوەر. بلاگی ژیانەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە زانکۆی کوردستان لە سنە، دانیشتنێک بە ناونیشانی «خوێندنەوەیەکی پۆستکۆلۆنیاڵ بۆ ١٣ی خەزەڵوەر» بەڕێوەچوو. ئەم ڕۆژە دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لەلایەن قوتابیانی پەیڕەوی خەتی ئیمامەوە، وەکوو ڕۆژی دانش ئاموز و ڕۆژی نەتەوەیی خەبات دژی ئیستکباری جیهانی ناوزەد کراوە. هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا وتار دەخوێندرێتەوە و لە هەموو شارەکان ڕێپێوان دەکرێت. هەموو ئەمانە ئاسایین، بەڵام ئەوەی کە منی هاندا لەسەر ئەو دانیشتنە سەرنجێکی کورت بنووسم، شوێنی دانیشتنەکە، ناوی وتاربێژەکە و ئەو سەرچاوانە بوو کە پشتی پێ بەستبوون: فوئاد حەبیبی، مامۆستای بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی کوردستان، بە یارمەتیی ئێدوارد سەعید و فرانتس فانۆن هەوڵی داوە ١٣ی خەزەڵوەر شیکاربکاتەوە. پێویستە بڵێم کە فایلی دەنگیی دانیشتنەکە بەردەست نییە، بەڵام ماڵپەڕی زانکۆی کوردستان ڕاپۆرتێکی تا ڕادەیەک تێروتەسەلی بڵاو کردووەتەوە کە بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی حەبیبی بەسە. ئەگەر لە دانیشتنەکەدا ئاماژەی بە شتی دیکەش کردبێت، ئەوەی بە ناوی زانکۆوە بڵاو کراوەتەوە، هەمان ئەو وێنەیەیە کە دەسەڵات ویستوویەتی لەم دانیشتنە بیدات و ڕەخنەی من ناوەڕۆکی ئەو بەشەیە کە بڵاو کراوەتەوە. بەپێی ئەم هەواڵە، حەبیبی ئەو ڕۆژەی وەک ساتی گواستنەوە لە «سەربەخۆیی ڕووکەش»ەوە بۆ «سەربەخۆیی ڕاستەقینە» خوێندووەتەوە. بە بۆچوونی ئەو، قوتابیانی پەیڕەوی خەتی ئیمام «هێزێکی دامەزرێنەر لە خوارەوە» بوون، و ئەوەی ئەوان کردیان هەمان شتە کە فانۆن ناوی دەنێت گەڕاندنەوەی بکەرێتی. تەنانەت وتوویەتی ئەو ڕۆژە هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی ژێردەستەکان بتوانن قسە بکەن و لە پێگەی نوێنەرایەتیی خەڵکی دیکە بێنە دەرەوە.
ئەگەرچی ئەوەی کە مامۆستایەکی کورد لە بۆنەیەکی فەرمیی دەوڵەتیدا لەم کات و ساتەدا خۆی هەڵیبژاردووە کە قسە بکات جێگەی تێڕوانینە، بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە کە تیۆرییەک کە هەوڵی ئاشکراکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و چەوساندنەوە دەدات، چۆن دەخرێتە خزمەتی دەسەڵات لە جێگەیەک وەکوو زانکۆی کوردستان و لە ڕێگەی مامۆستایەکی کوردەوە. حەبیبی ئەم تیۆرییانەی تەنیا بەرەو دەرەوە ئاڕاستە کردووە و بەم کارە لە ئامرازی ڕەخنەی دەسەڵاتەوە کردوونی بە ئامرازی ڕەواییدان بە ناوەند. خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج شوێنی قسەکردنەکەیە، واتە سنە و زانکۆی کوردستان. ئەو چەمکانەی کە ئەم مامۆستایەی زانکۆ بەکاری هێناون، پێش هەر شوێنێکی دیکە، دۆخی خودی ئەو شوێنە شیکار دەکەنەوە کە وتاربێژ قسەی تێدا کردووە.
ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژوو دەریدەخات کە ئەوەی حەبیبی کردوویەتی دیاردەیەکی نوێ نییە. نووسینەکانی فانۆن لە ئێراندا مێژووی تایبەتیان هەیە. عەلی شەریعەتی یەکێک بوو لەوانەی کە بەشێک لە «دۆزەخییانی سەر زەوی»ی وەرگێڕا و فانۆنی بە خوێنەری فارسی ناساند. «گەڕانەوە بۆ خود»ی شەریعەتی و «غربزدگی»ی جەلال ئال ئەحمەد پێش شۆڕشی ٥٧ زمانی ناڕەزایی دژی ڕژێمی پاشایەتی بوون. بەڵام دوای شۆڕش، بەشێکی زۆری ئەم کارانە تێکەڵاوی سیاسەتی دەوڵەتی بوو. دژایەتیی ئیمپریالیزم لە ئامرازی ئۆپۆزیسیۆنەوە بوو بە ئامرازی حکومڕانی، و ئەم گوتارە لە کتێبی قوتابخانە و میدیای فەرمیدا جێگەی خۆی کردەوە.
ئەم تیۆرییانە زمانێکی تایبەت دەدەنە دەستی دەوڵەتێک کە دەیەوێت خۆی وەک قوربانیی ئیمپریالیزم نیشان بدات و هەر ڕەخنەیەکی ناوخۆیی بە «دەستی بێگانە» ببەستێتەوە. دوای شەڕی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، ئەم گوتارە لەلایەن دەسەڵات و چەپی میحوەری بەرگرییەوە گەرمتر بووەتەوە، و دەسەڵات زیاتر لە جاران لە ڕێگەی میدیا و بژاردەکانیەوە خۆی وەک وڵاتێکی کۆلۆنیکراو نیشان دەدات. لێرەدا ستەمکار، بە زمانی تیۆرییەکی دژی ستەم، جلی قوربانی لەبەر دەکات. کێشەکە ئەوەیە کە لەم خوێندنەوەیەدا ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەبنە ناوەند و ئێران دەبێتە پەراوێز، و هیچ پرسیارێک لەو پەیوەندییە ناوەند و پەراوێزانە ناکرێت کە لەناو خودی ئێراندا هەن.
ئەگەر فانۆن بە قووڵی بخوێنینەوە، خودی بەرهەمەکانی دژی خوێندنەوەکەی حەبیبی دەوەستنەوە. لە ڕوانگەی فانۆنەوە، بکەرێتیی کۆلۆنیکراوەکان بەو مانایەیە کە بتوانن لە پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدارێتی دەربچن و ببنە سوژەیەکی مێژوویی. بەڵام ئەم بکەرێتییە تەنیا بە ئەنجامدانی کارێک دژی هێزێکی دەرەکی پێناسە ناکرێت. دەبێت بزانین ئەم کارە چ پەیوەندییەکی لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوخۆیی و ئەگەری ڕزگاریی کۆمەڵایەتیدا هەیە. فانۆن خۆی لە «دۆزەخییانی سەر زەوی»دا هۆشداری دەدات کە دوای ڕۆیشتنی داگیرکەر، دەسەڵاتێکی نوێ دەتوانێت بە ناوی ڕزگارییەوە بێتە سەر کار و هەمان زاڵبوون درێژە پێ بدات. کەواتە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کاری ئەو قوتابیانە بکەرێتیی دا بە ژێردەستەکان، یان دەسەڵاتی نوێی بەهێزتر کرد؟
خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی ئیمام لە خەزەڵوەری ١٣٥٨دا لە بۆشاییەکی سیاسیدا کاریان نەدەکرد. ئەوان سەر بە ڕەوتێک بوون کە خومەینی ڕێبەرایەتیی دەکرد، و داگیرکردنی باڵیۆزخانەکەش بە خێرایی لەلایەن خومەینییەوە پشتیوانیی لێ کرا. لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی سەر ئێران نیشانیان داوە کە بارمتەگرتنی ئەمریکییەکان چ ڕۆڵێکی لە کێشمەکێشی نێوان هێزە سیاسییەکانی ناو ئێراندا هەبوو. چەند ڕۆژ دوای داگیرکردنەکە، دەوڵەتی کاتیی بازرگان دەستی لە کار کێشایەوە، هێزەکانی لایەنگری خومەینی دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت، و دامەزراوە شۆڕشگێڕەکانی ڕژێم سەقامگیر بوون. بەشێک لەو قوتابیانەی حەبیبی بە «هێزێکی دامەزرێنەر لە خوارەوە» ناویان دەبات، دواتر خۆیان بوونە بەشێک لەم دەسەڵاتە نوێیە. بەم پێیە، ١٣ی خەزەڵوەر بکەرێتیی نەگەڕاندەوە بۆ ژێردەستەکان، بەڵکوو ئەو دەسەڵاتەی بەهێزتر کرد کە بە هێزی چەک ڕووی کردبووە کوردستان. واتە لە هەمان کاتدا کە بە بڕوای حەبیبی «ژێردەستەکان قسەیان دەکرد»، سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان لە ژێر هێرشی هەمان ئەو دەسەڵاتەدا بوون. حەبیبی تەنیا چەمکی «گەڕاندنەوەی بکەرێتی» لە فانۆن وەردەگرێت و ئەو بەشەی وەلا دەنی کۆ ڕەخنە لە خودی ئەم دەسەڵاتە نوێیە دەگرێت.
ئەگەر هەمان وتار لە زانکۆیەکی تاران یان قم پێشکەش کرابا، دەکرا ئاسایی بخوێندرێتەوە. ئەوەی «سنە» وەک شوێنی پێشکەشکردنی وتارەکە جیاواز دەکات ئەوەیە کە خودی حەبیبی دەڵێت لۆژیکی ئیمپریالیستی پەیوەندییەکی نایەکسانە لە نێوان ناوەند و پەراوێزدا، و «زۆر گرنگ نییە کام دەوڵەت یان حیزب لە دەسەڵاتدا بێت». ئەگەر ئەم ڕستەیە بە جدی وەربگرین، یەکەم شوێن کە دەبێت تاقی بکرێتەوە پەیوەندیی تاران و کوردستانە: چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لە ناوەند، بێبەشکردنی بەردەوامی پەراوێز، ئەمنیکردنی زمان و ناسنامە، و ئەو وێنەیەی کە کورد وەکوو «مەترسیی ئەمنی» دەناسێنێت.
نازانم ئەم مامۆستایەی زانکۆ چەندە ئاگادارە، بەڵام پێویستە وەبیری بهێنینەوە کە ئەم تیۆرییانە پێشتر لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە کوردستاندا بەکار هاتوون. یەکێک لەوانە چەمکی «کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی»یە. ئەم چەمکە باس لەوە دەکات کە پەیوەندیی کۆلۆنیاڵی دەتوانێت لەناو سنووری یەک دەوڵەتیشدا هەبێت، کاتێک ناوەندێک سەرچاوە و دەسەڵات لە ناوچەیەکی پەراوێز و گەلێکی جیاواز زەوت دەکات. ئیسماعیل بێشکچی لەمەش زیاتر ڕۆیشت و کوردستانی بە «کۆلۆنیی نێوان دەوڵەتان» ناو برد. مەبەستی ئەوە بوو کە کوردستان لە نێوان چەند دەوڵەتدا دابەش کراوە و تەنانەت پێگەی کۆلۆنییەکی ئاسایی پێ نەدراوە، چونکە بوونی خۆی وەک وڵاتێک بە فەرمی ناناسرێت. ئەم چوارچێوەیە لەناو لێکۆڵینەوە کوردییەکانیشدا گفتوگۆی لەسەرە و هەموو لێکۆڵەران پەسەندی ناکەن، بەڵام بەشێکی گرنگی ئەو ئەدەبیاتەیە کە پرسی ناوەند و پەراوێز لە کوردستاندا شیکار دەکاتەوە. بۆیە جێگەی سەرنجە کە مامۆستایەکی کۆمەڵناسی لە زانکۆی کوردستان باس لە ناوەند و پەراوێز بکات، بەڵام ئاماژە بەو ئەدەبیاتە نەکات کە ڕێک هەمان ئەو چەمکانەی بۆ شیکردنەوەی دۆخی ئەو شارە بەکار هێناوە کە خۆی تێیدا وتار دەدات. بەم کارە، ئەو لە پەراوێزدا ڕادەستێت و تیۆریی پەراوێز بۆ پیرۆزکردنی ناوەند بەکار دەهێنێت.
زانکۆی کوردستان، ئەگەرچی زۆربەی خوێندکار و مامۆستاکانی کوردن، بەڵام بەرنامەی خوێندن و دامەزراندنی مامۆستا و بۆنە فەرمییەکانی لە تارانەوە دیاری دەکرێن. لەم زانکۆیەدا مێژوو و دۆخی سیاسیی کوردستان بە دەگمەن دەبێتە بابەتی لێکۆڵینەوەی ئاشکرا و زۆر جار بە پرسێکی هەستیار دادەنرێت. لە شوێنێکی ئاوادا، ڕێکخستنی بۆنەیەکی فەرمیی دەوڵەت بە پشتبەستن بە فانۆن و سەعید نیشانی دەدات کە تیۆرییەکانی ڕەخنە لە دەسەڵات چۆن دەتوانن بەرەو ئاڕاستەی پێچەوانە ببرێن. ئەوەی ئەم دیمەنە تاڵتر دەکات ئەوەیە کە ئەگەر شوێنێک لە ئێراندا هەبێت کە بتوانێت بە باشی لە فانۆن تێبگات، ئەو شوێنە ڕەنگە کوردستان بێت. لە کوردستان زمان، ناسنامە و تەنانەت بۆنە فەرهەنگییەکان زۆر جار لە ڕوانگەی ئەمنییەوە سەیر دەکرێن، و خەڵکەکەی بە ئەزموونی ڕۆژانەی خۆیان دەزانن کە ژیان لە پەراوێزی ناوەندێکی بەهێزدا چ مانایەکی هەیە. بەڵام لە زانکۆی کوردستاندا، فانۆن نەک بۆ تێگەیشتن لەم ئەزموونە، بەڵکوو بۆ ستایشی ئەو دەوڵەتە هێنرایە ناو هۆڵەکەوە کە خۆی ناوەندی ئەم پەراوێزەیە. بەم شێوەیە، ئەو خەڵکەی کە لە دەرەوەی هۆڵەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم ناوەندەدا دەژین، لە وتارێکدا کە گوایە دەربارەی گەڕاندنەوەی بکەرێتی و قسەکردنی ژێردەستەکان بوو، هیچ جێگەیەکیان نەبووە.
بە کورتی، کێشەکە ئەوە نییە کە حەبیبی تیۆرییە دژەکۆلۆنیاڵ و پۆستکۆلۆنیاڵەکانی بەکار هێناوە. کێشەکە ئەوەیە کە ئەم تیۆرییانەی لە سنەوە بەرەو واشنتۆن ئاڕاستە کردووە و بەرەو تاران نا. تا ئەو کاتەی ئەم تیۆرییانە بەرەو ئەو دەسەڵاتە ئاڕاستە نەکرێن کە ڕاستەوخۆ بەسەر سنەدا حوکم دەکات، فانۆن لە سنە دەنگی ژێردەستەکان نییە، بەڵکوو دەنگی ناوەندە بە زمانی پەراوێز.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
