ڕوانگەیەکی نوێ لەسەر بنەمای مافی شارۆمەندیی ئێرانی
پوختە
لە پێشەکیی ئەم نووسراوەدا هەوڵ دەدرێت ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دوو ڕوانگەی جیاواز لە ئەجێندای سیاسیی ئێران کە باس لەسەر بنەمای مافی شارۆمەندی بۆ تاکی کۆمەڵگا دەکەن، ئەنجام بدرێت. یەکەم ڕوانگە کە باسی لەسەر دەکرێت ڕوانگەی هاووڵاتیتەوەری حەمید ئەحمەدییە، پاشان ڕوانگەی ئەحمەد بۆستانی تاوتۆی دەکرێت و لە کۆتاییدا بەراوردی ئەو دوو ڕوانگەیە بۆ ئاپتێمایزکردن دەخرێتە سەر مۆدێلی تیۆریی هاووڵاتیبوونی فرەکەلتووریی لیبراڵیی ویل کیملیکا. هەروەها لێرەدا باس لە مۆدێلێک دەکرێت کە چۆن بەشێک لە دەستەبژێرانی کۆمەڵگای پەراوێز وەک نۆینەری گشتیی کۆمەڵگا پێناسە دەکرێن و لە ڕیگای ئەوانەوە هەر جۆرە بیروبۆچوونێک بەسەر کۆمەڵگای پەراوێزدا دەسەپێت. لە دەرنجامی ئەم نووسراوەدا وەک ڕخنەیەک، کێشەی ئۆنتۆلۆژیکیی ئەو بابەتانە کە لەسەر مافی شارۆمەندی پێک هاتوون، دەخاتە ڕوو و دەیسەلمێنێت کە ئەم چەشنە مۆدێلانە ناتوانن چارەسەرەک بۆ کێشەی ئێتنیسیتە بن.
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- بابان موکری
- جۆر
- وتاری گۆڤار
- بڵاوکراوەتەوە لە
- گۆڤاری تیشک
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/11/13
- بەرگ
- ٢٨
- ژمارە
- ٧٤
- ISSN
- 2942-7894
- زمان
- کوردی
- لاپەڕەکان
- ١١١ – ١٢١
موکری، بابان (2026): ڕوانگەیەکی نوێ لەسەر بنەمای مافی شارۆمەندیی ئێرانی. گۆڤاری تیشک ٢٨ (٧٤)، ١١١–١٢١، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
لە پێشەکیی ئەم نووسراوەدا هەوڵ دەدرێت ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دوو ڕوانگەی جیاواز لە ئەجێندای سیاسیی ئێران کە باس لەسەر بنەمای مافی شارۆمەندی بۆ تاکی کۆمەڵگا دەکەن، ئەنجام بدرێت. یەکەم ڕوانگە کە باسی لەسەر دەکرێت ڕوانگەی هاووڵاتیتەوەری حەمید ئەحمەدییە، پاشان ڕوانگەی ئەحمەد بۆستانی تاوتۆی دەکرێت و لە کۆتاییدا بەراوردی ئەو دوو ڕوانگەیە بۆ ئاپتێمایزکردن دەخرێتە سەر مۆدێلی تیۆریی هاووڵاتیبوونی فرەکەلتووریی لیبراڵیی ویل کیملیکا. هەروەها لێرەدا باس لە مۆدێلێک دەکرێت کە چۆن بەشێک لە دەستەبژێرانی کۆمەڵگای پەراوێز وەک نۆینەری گشتیی کۆمەڵگا پێناسە دەکرێن و لە ڕیگای ئەوانەوە هەر جۆرە بیروبۆچوونێک بەسەر کۆمەڵگای پەراوێزدا دەسەپێت. لە دەرنجامی ئەم نووسراوەدا وەک ڕخنەیەک، کێشەی ئۆنتۆلۆژیکیی ئەو بابەتانە کە لەسەر مافی شارۆمەندی پێک هاتوون، دەخاتە ڕوو و دەیسەلمێنێت کە ئەم چەشنە مۆدێلانە ناتوانن چارەسەرەک بۆ کێشەی ئێتنیسیتە بن.
پێشەکی
لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، بابەتی ناسنامە، نەتەوە، ناسنامەی نەتەوەیی و پەیوەندیی نێوان ناسنامەی هاوبەش و جیاوازییە زمانی و کەلتوورییەکان بووەتە یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی بیرکردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا. لەناو ئەم گفتوگۆیەدا، بەشێک لە ڕوانگەکان هەوڵ دەدەن کێشەی فرەییی زمانی و کەلتووری لە ڕێگەی دامەزراندنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش و هاوڵاتیتەوەرەوە چار بکەن؛ بە جۆرێک کە هاوڵاتیبوون و یەکسانیی مافەکان ببنە بنەمای سەرەکیی پەیوەندیی تاک سەبارەت بە دەوڵەت و کۆمەڵگەی سیاسی. لەم ڕوانگەیەدا نابێت جیاوازییە زمانی، کەلتووری و ئێتنیکییەکان ببنە بنەمای جیاکردنەوەی سیاسی، بەڵکوو دەبێت هەموو تاکەکان لە چوارچێوەی ناسنامەیەکی نەتەوەییی هاوبەشدا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەگەرچی بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان لە ڕووی تیۆرییەوە دەتوانێت وەک میکانیزمێک بۆ پاراستنی یەکسانی و دادپەروەریی سیاسی بێتە هەژمار، بەڵام پرسیارێکی گرینگ لەبارەی پەیوەندیی نێوان یەکسانیی هاوڵاتیبوون و فرەییی ناسنامەکانەوە هێشتا بەتەواوی وەڵامی نەدراوەتەوە؛ ئایا ناسنامەی نەتەوەییی هاوبەش و هاوڵاتیتەوەر دەتوانێت بەڕاستی بێلایەن و لە یەک ئاستدا بێت، یان لە کۆنتێکستی نایەکسانیی هێزدا دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ بەرهەمهێنانەوە و بەردەوامکردنی ناسنامەیەکی هێژمۆنیک و لاوازکردنی ناسنامە جیاوازەکان؟
ئەم توێژینەوەیە لەسەر ئەو بنەمایە هەوڵ دەدات پەیوەندیی نێوان گوتاری هاوڵاتیتەوەر، هێژمۆنیی سیاسی و بەرهەمهێنانی ڕەوایی لە کۆنتێکستی فرەناسنامەییی ئێراندا بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە. لەم پڕۆسەیەدا، نوێنەرایەتیی هەڵبژێردراو دەتوانێت بە پەیوەندیی نێوان هێژمۆنی و ڕەوایی ببێتە پردێک بۆ سروشتیکردنی گوتارێک کە خۆی وەک گوتارێکی گشتی و بێلایەن پێشان دەدات.
لە هەمان کاتدا، توێژینەوەکە بە بەکارهێنانی چەمکی «ئادیافۆریزەیشن» لە زیگمۆنت باومان، هەوڵ دەدات ئەو میکانیزمە گوتارییە بخاتە بەر لێکۆڵینەوە کە بەم هۆیەوە پرسیارە سیاسی و ئەخلاقییەکان دەتوانن وەک بابەتێکی تەکنیکی، کارگێڕی، یان سروشتی پێشان بدرێن و لە کۆنتێکستی هێز و بەرپرسیارێتی داببڕێن. مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم چەمکە ئەوە نییە کە باومان ڕاستەوخۆ تیۆرییەکی تایبەتی بۆ کێشەی ناسنامەی نەتەوەیی لە ئێران پێشکەش کردووە؛ بەڵکوو چەمکەکە لەم توێژینەوەیەدا، بۆ تێگەیشتن لە سەرنجی تایبەتی توێژینەوەکە لەسەر ئەوەی کە چۆن هەندێک دەنگ و دەستەبژێری بەپەراویزکراو کە لەگەڵ گوتاری سەردەستدا هاوڕان، دەتوانرێت وەک نوێنەری کۆمەڵگاکانیان پێشان بدرێن و ڕەزامەندیی تاکەکەسییان بگۆڕدرێت بۆ وێنەیەک لە «ڕەزامەندیی کۆمەڵایەتی»، وەک ئامرازێکی شیکاری بەکار دێت.
لە پێشەکیی ئەم نووسراوەدا هەوڵ دەدرێت ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دوو ڕوانگەی جیاواز لە ئەجێندای سیاسیی ئێران کە باس لەسەر بنەمای مافی شارۆمەندی بۆ تاکی کۆمەڵگا دەکەن، ئەنجام بدرێت. یەکەم ڕوانگە کە باسی لەسەر دەکرێت ڕوانگەی هاووڵاتیتەوەری حەمید ئەحمەدییە، پاشان ڕوانگەی ئەحمەد بۆستانی تاوتۆی دەکرێت و لە کۆتاییدا بەراوردی ئەو دوو ڕوانگەیە بۆ ئاپتێمایزکردن دەخرێتە سەر مۆدێلی تیۆریی هاووڵاتیبوونی فرەکەلتووریی لیبراڵیی ویل کیملیکا. هەروەها لێرەدا باس لە مۆدێلێک دەکرێت کە چۆن بەشێک لە دەستەبژێرانی کۆمەڵگای پەراوێز وەک نۆینەری گشتیی کۆمەڵگا پێناسە دەکرێن و لە ڕیگای ئەوانەوە هەر جۆرە بیروبۆچوونێک بەسەر کۆمەڵگای پەراوێزدا دەسەپێت. لە دەرنجامی ئەم نووسراوەدا وەک ڕخنەیەک، کێشەی ئۆنتۆلۆژیکیی ئەو بابەتانە کە لەسەر مافی شارۆمەندی پێک هاتوون، دەخاتە ڕوو و دەیسەلمێنێت کە ئەم چەشنە مۆدێلانە ناتوانن چارەسەرەک بۆ کێشەی ئێتنیسیتە بن.
شرۆڤەی پرس/ بابەت
لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، پرسی ناسنامە، نەتەوە، نەتەوەسازی و پەیوەندیی نێوان پێناسەی نەتەوەیی و ناسنامە جیاوازە زمانەوانی و کەلتوورییەکان، بووەتە یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی بیرکردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا. گرینگیی ئەم پرسە لەوەدایە کە بە بڕوای هێندێک لە بیرمەندانی ئێرانی، ئەم وڵاتە سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەیەکی فرەزمان، فرەکەلتوور و فرەناسنامە بووە، بەڵام لە مێژووی درێژخایەنی خۆیدا هەستی بەردەوامیی یەک کۆمەڵگای سیاسی و مێژوویی بە ناوی ئێرانی تێدا بووە. لەبەر ئەمە، یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی هزری سیاسیی هاوچەرخی ئێران ئەوەیە کە چۆن دەکرێت لەنێوان یەکێتیی سیاسی و نەتەوەیی لە لایەک و جیاوازییە زمانی و کەلتوورییەکان لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندییەکی هاوسەنگ دروست بکرێت.
لەناو ئەم گوتارەدا، بەتایبەتی لەنێوان بەشێک لە بیرمەندان و توێژەرانی نزیک بە گوتاری ئێرانشەهری و هەندێک لە توێژەرانی بواری نەتەوە و ناسنامە، ڕوانگەیەک پەرەی سەندووە کە بەپێی ئەوە چارەسەری کێشە پەیوەندیدارەکان بە ناسنامەی کۆمەڵە زمانی و کەلتوورییەکانەوە لە ئێراندا، نەک لە بەهێزکردنەوەی ناسنامەی گرووپی و ئێتنیکیدا نییە، بەڵکوو لەپێناو دامەزراندنی هاووڵاتیبوونێکی یەکسان و هاوبەشدا دەبینرێت. لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە ناسنامەی سیاسیی هاووڵاتی لە ناسنامەی زمانەوانی، کەلتووری و ئێتنیکی جیا بکرێتەوە و ئێرانیبوون وەک ناسنامەیەکی سیاسیی هاوبەش بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا پێناسە بکرێت.
لەو ڕوانگەیەوە، کۆمەڵگای ئێران پێویستە لە جیاوازیی نێوان تاکەکان بە بنەمای زمان، ڕەچەڵەک، ئایین و شوێنی نیشتەجێبوون تێ پەڕێت و ناسنامەی سیاسیی هاووڵاتیبوون ببێتە بنەمای سەرەکیی پەیوەندیی تاک لەگەڵ دەوڵەت. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی یەکسان و بێ جیاوازیی گرووپی لە مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان بەهرەمەند بن، دەکرێت ململانەی پەیوەندیدار بە ناسنامەی ئێتنیکی و زمانەوانی کەم ببێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، هاووڵاتیبوونی یەکسان وەک جێگرەوەیەک بۆ بەسیاسیکردنی ئێتنیسیتە و ناسنامەی گرووپی پێشنیار دەکرێت.
یەکێک لە نموونە سەرەکییەکانی ئەم ڕوانگەیە لە بیرۆکەی حەمید ئەحمەدیدا دەبینرێت. ئەحمەدی لە کتێبی بنەماکانی ناسنامەی نەتەوەییی ئێرانیدا: چوارچێوەی تیۆریی ناسنامەی نەتەوەییی هاووڵاتیتەوەر، پێناسەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی هاووڵاتیتەوەر دەخاتە ڕوو و هەوڵ دەدات پێناسەی نەتەوەیی لە کەمکردنەوەی خۆی بۆ یەک توخم، وەک زمان، ئایین، مێژوو، یان ڕەچەڵەک، دوور بخاتەوە (ئەحمەدی، ١٣٩٠). لە پێناسە و ناساندنی ئەم بەرهەمەشدا بەڕوونی ئاماژە بەوە کراوە کە ئەحمەدی چوارچێوەی تیۆریی خۆی بۆ پێناسەی نەتەوەیی لەسەر بنەمای پێناسەی نەتەوەییی هاووڵاتیتەوەر دامەزراندووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئەحمەدی جیاوازیی نێوان ئێتنیک و گرووپی ئێتنیکی لە واتای مۆدێرندا دەخاتە بەرچاو و پێی وایە کە لە مێژووی ئێراندا جیاوازییە زمانی و کەلتوورییەکان لە چوارچێوەیەکی گەورەتر، واتە ئێران و پێناسەی نەتەوەییی ئێرانیدا پێکەوە هەبوون. لە وتووێژێکدا ئەحمەدی بەڕوونی دەڵێت لە ئێراندا یەکەی ناسێنەر دەبێ نەتەوە بێت، نەک قەوم؛ قەومەکان بەشێک لە نەتەوەی ئێرانین. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەموو دانیشتووانی ئێران، بێ گوێدان بە ئایینزا، ڕەچەڵەک، زمان، یان شێوەزار، دەبێت وەک هاووڵاتییانی یەکسان مافی سیاسی و مەدەنییان هەبێت (ئەحمەدی، ١٣٩٢).
ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە نەتەوە و هاووڵاتیبوون لە بیرکردنەوەی “ئەحمەد بۆستانی”شدا بە شێوەیەکی دیکە دەبینرێت. بۆستانی لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا هەوڵ دەدات لەنێوان نەتەوە، دەوڵەت-نەتەوە و ناسیونالیزمدا وەک ئایدیۆلۆژیا جیاوازی دابنێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و پێکهێنانی دەوڵەت- نەتەوەیەکی بەهێز بەو مانایە نییە کە پێویستە ناسنامەی نەتەوەیی بە پێناسەێکی قەومی، یان ئایدیۆلۆژیی ناسیونالیستی کەم بکرێتەوە. بۆستانی لە وتاری دەوڵەت-نەتەوە لە ئێراندا، بە ڕوانگەیەکی سیاسی-فەلسەفی هەوڵ دەدات پرسی نەتەوەی ئێرانی لە چوارچێوەیەکی سیاسی و فەلسەفیی نوێدا بخاتە بەر باس و لەو ڕێگەیەوە پەیوەندیی نێوان نەتەوە، دەوڵەت و ناسنامەی سیاسی ڕوون بکاتەوە (بۆستانی، ١٤٠٠).
لە ڕوانگەی بۆستانییەوە، نەتەوە نابێت تەنیا بە بنەمای خوێن، ڕەچەڵەک، زمان، یان هاوبەشییەکی سروشتی تێ بگەین، بەڵکوو نەتەوە دەتوانێت وەک کۆمەڵگەیەکی سیاسی وەربگیرێت کە ئەندامەکانی هەستێکی هاوبەش بە ئەندامبوون لە کۆمەڵگەیەکی سیاسییان هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، نەتەوەی ئێرانی دەتوانێت پێکهاتەیەکی سیاسی-مێژوویی بێت کە جیاوازییە زمانەوانی و کەلتوورییە ناوخۆییەکان لە خۆیدا جێ دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی هەریەک لەم جیاوازیانە ببێتە بنەمای پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی سیاسیی جیاواز. بەم پێیە، لە بۆچوونی بۆستانیدا، پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە چۆن جیاوازی بپارێزرێت، بەڵکوو ئەوەشە کە چۆن دەتوانرێت ئەم جیاوازییانە لە یەک کۆمەڵگای سیاسیی هاوبەشدا کۆ بکرێتەوە.
بۆستانی هەروەها بەتوندی ڕخنە لە بۆچوونەکانی ویل کیملیکا دەگرێت کە باس لە تیۆریی هاووڵاتیبوونی فرەکەلتووریی لیبراڵیی دەکات. بۆستانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم چەشنە تیۆرییانە بۆ وڵاتانێک کە لەسەر بنەمای کۆچبەرپەروەری پێک هاتوون و لە دێرزەمانەوە یەک نەتەوە نەبوون، لەجێدان، نەک بۆ وڵاتانی وەک ئێران کە لەو جوگرافیایەدا ئەو جۆرەی ئەو ئاماژەی پێ دەکا (قەومیەتەکان بەدرێژاییی میژوو پێکەوە ژیاون و گوریسێکی نادیار پێکیانەوە دەبەستێتەوە.)
هاوکات، ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ هەندێک لە بنەماکانی گوتاری ئێرانشەهریدا نزیک دەبێتەوە؛ بەتایبەتی لەو خاڵەی کە ئێران وەک یەکەیەکی مێژوویی-سیاسی لە پێش ناسنامەی ئێتنیک و گرووپییەکانەوە دادەنرێت. بەڵام گرینگە جیاوازیی نێوان ئەم ڕوانگەیە و بیرکردنەوەی کلاسیکیی ناسیونالیزم ڕوون بکرێتەوە. مەبەست لە دروستکردنی ناسنامەی سیاسیی هاوبەش ئەوە نییە کە ناسنامە زمانی و کەلتوورییە جیاوازەکان بسڕدرێنەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە هیچکام لەو ناسنامانە نەبنە بنەمای جیاوازیی ماف و پێگەی سیاسیی هاووڵاتییان.
بەم شێوەیە، لە گوتاری هاووڵاتیتەوەریدا، کێشەی جیاوازییە ئێتنیکییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی وەک کێشەی نایەکسانیی هاووڵاتیبوون و بەسیاسیکردنی جیاوازییە کەلتوورییەکان لێک دەدرێتەوە. لەم ڕوانگەیەدا، ئەگەر دەوڵەت بتوانێت هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافە مەدەنی و سیاسییە هاوبەشەکان دابین بکات، دەکرێت بنەمای پێویست بۆ هاوبەشیی نەتەوەیی و کەمکردنەوەی ناسنامەی سیاسیی قەومی دروست بکرێت. ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ ئەو تێگەیشتنەی بۆستانییش نزیکە کە دەوڵەت-نەتەوە پێویستی بە بنەمایەکی هاوبەشی سیاسی هەیە و نابێت ناسنامەی نەتەوەیی بە ناسنامەی یەک گرووپی تایبەت هاوتا بکرێت.
بەڵام ئەم تێڕوانینە پرسیارێکی گرینگی تیۆریی لێ دەکەوێتەوە؛ ئایا هاووڵاتیبوونی یەکسان بەتەنیا دەتوانێت نایەکسانییە زمانی و کەلتوورییەکان چار بکات؟ بە واتایەکی دیکە، ئەگەر هەموو تاکەکان لە ڕووی یاساییەوە مافی یەکسانیان هەبێت، بەڵام دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت لەسەر یەک زمان و یەک ناسنامەی کەلتووری ڕێک خرابێتن، ئایا ئەمە بە مانای بەدیهێنانی یەکسانیی هاووڵاتی دەبێت؟
ئەم پرسیارانە لە تیۆریی هاووڵاتیبوونی فرەکەلتووریی لیبراڵیی ویل کیملیکادا (Will Kymlicka) گرینگییەکی تایبەتی هەیە. کیملیکا لە کتێبی Multicultural Citizenship: A Liberal Theory of Minority Rights دا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یەکسانیی هاووڵاتیبوون پێویست نییە بە واتای یەکسانیی شێوازی ماف و سیاسەت بۆ هەموو گرووپەکان بێت. لە هەندێک بارودۆخدا، بۆ گەیشتن بە یەکسانیی ڕاستەقینە، پێویستە هەندێک مافی جیاکار بۆ گرووپە کەمینەکان دیاری بکرێت (Kymlicka, 1995).
بەپێی ڕوانگەی کیملیکا، جیاوازیی کەلتووری تەنیا جیاوازییەکی تایبەتی نێوان تاکەکان نییە، بەڵکوو کەلتوور و بەتایبەتی کەلتووری کۆمەڵایەتی، دەتوانێت مەرجێکی گرینگ بۆ بەکارهێنانی ئازادی و هەڵبژاردنی تاک بێت. بۆیە ئەگەر کۆمەڵێک کەلتووری پەیوەندیدار بە دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانەوە لەگەڵ کەلتووری زاڵدا لە پێگەیەکی نایەکساندا بن، تەنیا دانانی مافی یەکسانیی تاکەکان لە یاسادا لەوانەیە بۆ دابینکردنی یەکسانیی کرداری تەواو نەبێت (Kymlicka, 1995).
لەبەر ئەمە، لە تیۆریی کیملیکادا، یەکسانی و جیاوازی بە دژی یەکتر داناندرێن؛ بەڵکوو لە هەندێک بارودۆخدا بەڕێوەبردنی جیاوازی دەتوانێت مەرجی بەدیهێنانی یەکسانی بێت. ئەمەش ئەو خاڵە سەرەکییەیە کە تیۆریی هاووڵاتیبوونی هاووڵاتیتەوەر لەگەڵ تیۆریی هاووڵاتیبوونی فرەکەلتووری جیاوازییەکی بنەڕەتییان دەر دەکەوێت. لە یەکەمدا، گرینگایەتیی سەرەکی بە دروستکردنی ناسنامەی سیاسیی هاوبەش و مافە یەکسانەکانی تاک دەدرێت؛ لە دووەمدا، پرسیار دەکرێت کە ئایا بێ ناسین و دامەزراندنی جیاوازییە کەلتووری و زمانییەکان، هەر ئەم یەکسانییە دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بەدی بێت، یان نا؟
لێرەدا کێشەی زمان بەتایبەتی گرینگ دەبێت. زمان تەنیا ئامرازێک بۆ پەیوەندیی ڕۆژانە نییە؛ بەڵکوو دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ بەشداریکردن لە دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، پەروەردە، بەرهەمهێنانی زانست و کەلتوور و پەیوەندیی تاک-دەوڵەت. بۆیە پرسیاری مافی زمان لە تیۆریی هاووڵاتیبوونی فرەکەلتووریدا بە پرسیاری یەکسانیی سیاسی و هاووڵاتیبوون پەیوەست دەبێت. خودی کیملیکا لە کتێبەکەیدا مافی زمان، نوێنەرایەتیی گرووپی و فیدراڵیزم بەو بابەتانە دادەنێت کە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی فرەکەلتووری گرینگن. (Kymlicka, 1995)
لە کۆنتێکستی ئێراندا، ئەم ناکۆکییە تیۆرییە گرینگیی زیاتر وەردەگرێت، چونکە لە لایەکەوە گوتاری هاووڵاتیتەوەر جەخت لەسەر هاوبەشیی نەتەوەیی و یەکسانیی مافەکانی تاک دەکاتەوە و لە لایەکی دیکەوە، جیاوازییە زمانەوانی و کەلتوورییەکان لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا بە شێوەیەکی ڕاستەقینەیان هەن. لەبەر ئەمە، تەنیا پرسینی ئاخۆ هەموو ئێرانییەکان هاووڵاتیی یەکسانن؟ بەس نییە؛ بەڵکوو پێویستە پرسیار بکرێت، مەرجە دامەزراوەیی و کەلتوورییەکانی ئەو هاووڵاتیبوونە یەکسانە چین؟
لەبەر ئەمە، کەلێنی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە تەنیا لە جیاوازیی نێوان ڕوانگەی هاووڵاتیتەوەر و تیۆریی هاووڵاتیبوونی فرەکەلتوورییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لە پرسیارێکی قووڵتر و سیاسیترەوە دەست پێ دەکات؛ ئایا گواستنەوە بۆ ناسنامەیەکی هاووڵاتیتەوەر بەڕاستی دەتوانێت ناسنامەیەکی سیاسیی بێلایەن و هاوبەش بۆ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی ئێران دروست بکات، یان ئەوەی کە لەژێر ناوی هاووڵاتیبوونی یەکساندا، پرۆسەیەکی یەکخستن و لە کۆتاییدا تواندنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی و کەلتوورییەکان بەڕێوە دەبرێت؟ ئەم پرسیارە بەتایبەتی لە کۆنتێکستی ئەوەدا گرینگە کە پێکهاتەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئێران تەنیا لە کۆمەڵێک تاکی جیاواز پێک نەهاتووە، بەڵکوو چەندان کۆمەڵگا و کۆمەڵەنەتەوە و ناسنامەی مێژوویی و زمانیی جیاواز لەخۆ دەگرێت. لەم بارودۆخەدا، بانگەشەی تێپەڕین لە ناسنامەی گرووپی و دروستکردنی ناسنامەی هاووڵاتیی هاوبەش، ئەگەر لەگەڵ دامەزراوە و پڕاکتیزەیەکی هاوسەنگیی سیاسی و کەلتووری نەبێت، دەتوانێت لە کرداردا ببێتە ئامرازێک بۆ گواستنەوەی ناسنامەی پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان بۆ ناسنامەی زاڵ. بەتایبەتی ئەگەر ئەو ناسنامەی هاوبەشە لە سۆنگەی مێژوو، کەلتوور و زمانی یەک پێکهاتەی هێژمۆنیکەوە پێناسە بکرێت، ئەوا جیاوازیی نێوان یەکگرتوویی سیاسی و هاوشێوەکردنی کەلتووری لەدەست دەدات و هاووڵاتیبوون دەتوانێت لە ئاستی تیۆرییەوە بۆ ئامرازێکی ئەنتێگرەیشنی و لە قۆناغی دواتردا ئاسیمیلاسیۆنی بگۆڕدرێت.
بەم پێیە، ئەم توێژینەوەیە لە بنەڕەتدا بە مەبەستی بەراوردکردنی بێلایەنیی ئەم ڕوانگەیە نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ڕەخنەگرتن لە بنەمای تیۆری و سیاسیی گوتاری هاووڵاتیتەوەر و هەندێک لە شێوەکانی گوتاری نەتەوەیی -ئێرانشەهری و لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئەم گوتارانە تا چەند دەتوانن لە کرداردا ببنە بنەمای پرۆژەیەکی سیاسی بۆ یەکخستنی پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان لەژێر ناسنامەیەکی باڵادەست دا. پرسیاری سەرەکیی توێژینەوەکە لەم ڕوانگەیەوە ئەوەیە؛ ئایا پێشنیاری هاووڵاتیبوونی یەکسان و ناسنامەی نەتەوەییی هاوبەش، کە لەلایەن هەندێک لە توێژەرانی ئەم بوارەوە پێشنیار کراوە، دەتوانێت لە کۆنتێکستی فرەچەشنیی نەتەوەیی و زمانیی ئێراندا بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بێلایەن بێت، یان لە کۆتاییدا دەتوانێت ببێتە میکانیزمێک بۆ سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەی هێژمۆنی، ئەنتێگرەیشن و لە کۆتاییدا ئاسیمیلەکردنی ناسنامە جیاوازەکان؟ لەبەر ئەمە، توێژینەوەکە هەوڵ نادات روونی بکاتەوە کە یەکسانیی هاووڵاتیبوون لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشنەدا تا کوێ دەتوانێت بێ ئەوەی ببێتە ئامرازی هاوشێوەکردن، بنەمای یەکگرتووییی سیاسی بێت، بەڵکوو ئاماژەیەکی ڕەخنەگرانە بەوە دەکات کە دەق و تیۆری، چۆن دەتوانێت وەک ئامرازێک بەکار بێت بۆ ئەوەی بە مافی شارۆمەندی پێناسە بکرێت، بەسەر کۆمەڵگای ئامانجدا بسەپێنرێت. هەروەها لە دەرنجامی ئەم تۆژینەوەیەدا باس لە مافی یەکسانی تاک و مافی کۆمەڵایەتی دەکرێت کە وەک کێشەیەکی ئۆنتۆلۆژیک قورساییی خۆی بەسەر تەواوی بابەتەکاندا دەخات.
میتۆدۆلۆژی
ئەم توێژینەوەیە بە ڕێبازی چۆنیەتی و لە چوارچێوەی شیکاریی گوتاریی ڕەخنەییدا دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی توێژینەوەکە تەنیا ناساندن، یان بەراوردکردنی بیرۆکەکانی ناسنامەی نەتەوەیی و هاوڵاتیبوون نییە، بەڵکوو هەوڵ دەدات ئەو میکانیزمە گوتارییە دەستنیشان بکات کە لە ڕێگەیەوە ناسنامەی هاوبەش، یەکسانیی هاوڵاتیبوون و یەکگرتنی سیاسی پێناسە و ڕەوا دەکرێن.
لە پرۆسەی شیکارییەکەدا، سەرەتا چۆنیەتیی پێناسەکردنی «ناسنامەی هاوبەش» و «هاوڵاتیبوونی یەکسان» لەلایەن نووسەرانەوە دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە؛ پاشان ئەوە شیکاری دەکرێت کە جیاوازییە زمانی، کەلتووری و گرووپییەکان چۆن پێناسە، سنووردار، یان کەمڕەنگ دەکرێن. هەروەها سەرنج دەدرێت بەوەی کێ بە ناوی کۆمەڵگا، یان گرووپەوە قسە دەکات و تا چەندێک ڕای تاکەکەسی، یان دەستەبژێری دیاریکراو وەک دەنگی گشتیی کۆمەڵگا پێشان دەدرێت. لەم ڕووەوە، چەمکەکانی هێژمۆنی، ڕەوایی، نوێنەرایەتیی هەڵبژێردراو، سروشتیکردنی گوتار و ئادیافۆریزەیشن وەک پۆلە سەرەکییەکانی شیکاری بەکار دەهێنرێن.
لە کۆتاییدا، توێژینەوەکە هەوڵ دەدات دیاریی بکات کە ئاخۆ گوتاری هاوڵاتیتەوەر تەنیا میکانیزمێک بۆ دامەزراندنی یەکسانیی سیاسییە، یان لە کۆنتێکستی نایەکسانیی هێزدا دەتوانێت ببێتە میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانەوە و ڕەواکردنی ناسنامەیەکی هێژمۆنیک و، لە هەندێک بارودۆخدا، بۆ گواستنەوە لە یەکگرتنی سیاسییەوە بۆ پاکتاوکردنی ناسنامەیی؟ لەو پڕۆسەیەدا، ئەو پەیوەندییەی نێوان دەق، هێز، نوێنەرایەتی و ڕەوایی دروست دەبێت، بەڵگەتەوەرانە شیکاری دەکرێت؛ بۆیە حوکمی کۆتاییی توێژینەوەکە دەبێت لەسەر بنەمای بەڵگەی دەقی و شیکارییەکان بێت، نەک لەسەر پێشبینی، یان گریمانەی پێشوەختە.
هێژمۆنیی سیاسی و بەرهەمهێنانی ڕەوایی لە ڕێگەی دەستەبژێرانی پەراوێزەوە
یەکێک لە چوارچێوە تیۆرییەکان کە دەتوانێت بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی بەرهەمهێنانی ڕەوایی بۆ گوتاری ناسنامەی هاوبەش، هاووڵاتیبوونی یەکسان و هەندێک شێوەی گوتاری نەتەوەیی-ئێرانشەهری بەکار بهێنرێت، تێگەیشتنەکانی زیگمۆنت باومنە، بەتایبەتی چەمکی ئادیافۆریزەیشن (Adiaphorization). لە تێگەیشتنی باومندا ئادیافۆریزەیشن بە پرۆسەیەک ئاماژە دەکات کە لە ڕێگەیەوە کردار، بڕیار، یان پەیوەندییەک لە بازنەی هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی و هەستی بەرپرسیارێتیی مرۆیی دوور دەخرێتەوە و وەک بابەتێکی تەکنیکی، ئیداری، سیستەمی، یان ئاسایی پێشان دەدرێت. لەم پرۆسەیەدا، ئەو کردار و بڕیارانەی لە بنەڕەتدا دەتوانن پرسیاری ئەخلاقی و سیاسی دروست بکەن، بە شێوەیەک دادەڕێژرێن کە ئەو پرسیارانە کەمڕەنگ، یان بێ پەیوەندی دەر بکەون. (Bauman, 1989) باومەن ئاماژە بەوەش دەکات کە ئادیافۆریزەیشن چۆن کار دەکات؟
لە وەڵامدا دەبێت بگوترێت، بۆ نموونە، ئەو گرووپ و چینانەی لە تەبەقەکانی سەرووی دەسەڵاتدا جێگیرن و نوێنەرایەتیی ئەخلاقی زاڵ لە کۆمەڵگادا دەکەن، بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی خۆیان بۆ نموونە بەرانبەر بە کێشەی هەژاری لە کۆمەڵگە، یان ناوچەیەکی دیاریکراودا، سوود لە هەمان ئەو دەستکارییە کۆمەڵایەتییە وەردەگرن.
بەم شێوەیە، لەجیاتی ئەوەی سەرنجی گشتی بۆ هەژاری وەک کێشەیەکی بەرفرەوان و کۆمەڵایەتی ڕابکێشرێت، سەرنج دەخرێتە سەر ژمارەیەک کەس، یان گرووپ کە لە هەمان کۆمەڵگادا، بۆ نموونە، کردەوەی نادروست، یان ڕەفتاری تاوانکارانەیان کردووە. لەو بارودۆخەدا، چینە دەسەڵاتدارەکان بە بەکارهێنانی دامەزراوە بەهێزەکانی خۆیان لەوانە میدیا و دامەزراوە ئیداری و سیاسییەکان نەک خۆیان لە هەرجۆرە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بەرانبەر بە بێبەشی و ئازاری ئەو گرووپە هەژارانە دەبوێرن، تەنانەت بە پشتبەستن بە پرۆسەی ئادیافۆریزەیشن دەتوانن، بە پێچەوانەی ڕاستیی کۆمەڵایەتی، ئەو کەسانەی هەژار و بێمافن وەک بەرپرسیار و تاوانبار پێشان بدەن.
بە گواستنەوەی ئەم چوارچێوەیە بۆ کۆنتێکستی ناسنامە و نەتەوەسازی لە ئێراندا، دەتوانرێت پرسیارێکی بنەڕەتی بێتە گۆڕێ؛ ئایا ئەوەی بە ناوی هاووڵاتیبوونی یەکسان، ناسنامەی نەتەوەییی هاوبەش یان تێپەڕین لە ناسنامەی گرووپی پێشنیار دەکرێت، دەتوانێت لە هەندێک بارودۆخدا کێشەیەکی بنەڕەتیی دەسەڵات و هێژمۆنی لە ئاستی ناسنامە و کەلتووردا بشارێتەوە؟ بە واتایەکی دیکە، ئەگەر پێناسەکردنی ناسنامەی هاوبەش خۆی لەناو پەیوەندییەکی نایەکسانیی دەسەڵاتدا بکرێت، لەوانەیە بانگەشەی یەکسانیی هاووڵاتی، کێشەیەکی سیاسی بکاتە کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی، یان تەنانەت ئاستی کێشەکە بۆ کێشەیەکی فەرهەنگیی ناوخۆیی دابەزێنێت. بەو شێوەیە پرسیاری ئەوەی کە کێ مافی پێناسەکردنی ناسنامەی هاوبەشی هەیە؟ لەناو باسەکەدا کەمڕەنگ بکرێت.
لەو ڕوانگەیەوە، هێژمۆنیی سیاسی تەنیا بە واتای کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی دامەزراوەکانی دەسەڵات نییە؛ بەڵکوو بریتییە لە تواناییی پێناسەکردن، سنووردارکردن و سروشتیکردنی ئەو چوارچێوەیەی کۆمەڵگا لە ڕێگەیەوە خۆی و پەیوەندییەکانی دەسەڵات دەبینێت. لەم مانایەدا، هێژمۆنی کاتێک بەهێزتر دەبێت کە گوتاری گرووپێکی تایبەت بتوانێت خۆی وەک گوتارێکی گشتی، بێلایەن و سەرووی جیاوازییە گرووپییەکان پێشان بدات. لەو کاتەدا، ئەوەی لە بنەڕەتدا دەتوانێت پێویستی بە بەرگری و ڕەخنەی سیاسی هەبێت، وەک یاسای گشتی، یەکسانیی هاووڵاتی، یان بەرژەوەندیی گشتی دەر دەکەوێت.
لە کۆنتێکستی ئەم توێژینەوەیەدا، یەکێک لە میکانیزمە گرینگەکانی بەهێزکردنی ئەم جۆرە هێژمۆنییە، پەیوەندیی نێوان هێژمۆنیی سیاسی و هەندێک لە دەستەبژێرانی کۆمەڵگا پەراوێزەکانە کە لە ڕووی فکرییەوە لەگەڵ گوتاری ناوەندیدا هاوتان. مەبەست لێرەدا ئەوە نییە کە هەر دەستەبژێرێکی پەراوێزی کە لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەییی هاوبەش، یان هاووڵاتیبوونی یەکساندا هاوڕایە، بەشێکە لە پرۆژەیەکی هێژمۆنیک. بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە چۆن دەنگی ئەو دەستەبژێرە هاوڕایانە دەتوانێت لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڕەوایی بۆ مۆدێلێکی سیاسی کە بۆ هەموو کۆمەڵگایەک پێشنیار دەکرێت، بەکار بهێنرێت. چەمکی ئادیافۆریزەیشن کە لەودا بەشێک لە کۆمەڵگای ئامانج وەک نۆینەری گشتی هەمان کۆمەڵگا پێناسە دەکرێن و کردەوەی وان بە کردەوەی تەواوی کۆمەڵگا پێناسە دەکرێت، لێرەدا خۆی دەخاتە ڕوو.
لەم چوارچێوەیەدا، دەتوانرێت پرۆسەکە بە سێ قۆناغ لێک بدرێتەوە: هەڵبژاردن، گشتاندن و ڕەواییدان. لە قۆناغی یەکەمدا، هەندێک دەستەبژێر لە کۆمەڵگە پەراوێزەکاندا کە لەگەڵ گوتاری ناوەندی هاوتان، زیاتر دەخرێنە بەرچاو. لە قۆناغی دووەمدا، ڕوانگەی ئەوان لە ئاستی تاکەکەسییەوە بۆ ئاستی دەستەبژێرەکان و لەوێشەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگاکە دەگشتێندرێت. لە قۆناغی سێیەمدا، ئەم هاوڕایییە وەک بەڵگەیەک بۆ بەرفرەوانی و بێلایەنبوونی مۆدێلی پێشنیارکراو بەکار دەهێنرێت.
بەم شێوەیە، زنجیرەیەکی تایبەت لە بەرهەمهێنانی ڕەوایی دروست دەبێت:
هێژمۆنیی سیاسی ← پەیوەندی و هاوبەشی لەگەڵ ئێلیتەی هاوڕای پەراوێز ← گەشەپێدانی دەنگی ئەوان ← نوێنەرایەتیکردنیان وەک دەنگی کۆمەڵگا ← گشتاندنی ڕوانگەکە ← ڕەواییدان بە مۆدێلی پێشنیارکراو بۆ کۆمەڵگا بەگشتی.
لێرەدا چەمکی نوێنەرایەتیی هەڵبژێردراو (Selective Representation) گرنگ دەبێت. ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی پەراوێزدا دەنگە جیاواز و ناکۆکەکان هەبن، بەڵام تەنیا ئەو دەنگانەی کە لەگەڵ گوتاری ناوەندیدا هاوتان زەق دەکرێنەوە، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە کە فرەدەنگیی ناوخۆی کۆمەڵگاکە لە پرۆسەی نوێنەرایەتیدا کەمڕەنگ بکرێت. لە قۆناغێکی دواتردا، ئەو دەنگە هەڵبژێردراوە دەتوانێت وەک دەنگی دەستەبژێرەکانی ئەو کۆمەڵگایە و دواتر وەک دەنگی کۆی کۆمەڵگا بناسێنرێت.
ئەم پرۆسەیە لە ڕووی زانستییەوە پێویستی بە ئاگادارییەکی زۆرە، چونکە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان ئەوەی تاکێک بڵێت من لەگەڵ ئەم مۆدێلە هاوڕام و ئەوەی بگوترێت، کۆمەڵگای من لەگەڵ ئەم مۆدێلە هاوڕایە . لەنێوان ئەم دوو دەربڕینەدا پرۆسەیەکی گواستنەوەی واتا ڕوو دەدات کە پێویستی بە بەڵگە و شیکاری هەیە. هەرچەندە دەستەبژێرەکان مافی ئەوەیان هەیە بۆچوونی تایبەتی خۆیان هەبێت، بەڵام بوونی هەندێک دەستەبژێری هاوڕا لەناو کۆمەڵگایەکی پەراوێزدا بەڵگەی ئەوە نییە کە مۆدێلی پێشنیارکراو لەگەڵ بەرژەوەندی، خواست و پێناسەی هەموو ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە یەکسانە.
لەو مانایەدا دەکرێت پەیوەندیی نێوان هێژمۆنیی سیاسی و ئێلیتەی هاوڕای پەراوێز وەک جۆرێک لە بەرهەمهێنانی ڕەوایی لە ڕێگەی دەنگی پەراوێزەوە لێک بدرێتەوە. دەبێ هێژمۆنی گوتاری خۆی تەنیا وەک دەنگی ناوەند نەخاتە ڕوو، بەڵکوو وێنایەکی بەرفرەوانی خۆی نیشان بدات؛ یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە دەنگی ئەندامانی پەراوێز کە لەگەڵی هاوڕان، ببێتە بەڵگەی بەرفرەوانبوونی ئەم گوتارە. لەم حاڵەتەدا، پەراوێز تەنیا شوێنی جیاوازی نییە، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ڕەوایی بۆ گوتاری ناوەندی.
ئەمەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چەمکی ئالیبیی ئەخلاقی (Moral Alibi) دا دروست دەکات. بوونی هەندێک دەستەبژێر لە کۆمەڵگا پەراوێزەکان کە لەگەڵ مۆدێلی ناسنامەی هاوبەش و هاووڵاتیبوونی یەکساندا هاوڕان، دەتوانێت وەک بەڵگەیەک بەکار بهێنرێت بۆ ڕەتکردنەوەی بانگەشەی هێژمۆنی، یان هاوشێوەکردن: (ئەگەر ئەم گوتارە هێژمۆنیک بووایە، کەسانێک لە خودی کۆمەڵگا پەراوێزەکاندا پشتگیرییان لێ نەدەکرد.) بەڵام ئەم هۆکارهێنانەوەیە لە ڕووی لۆژیکییەوە کێشەی هەیە، چونکە هاوڕاییی هەندێک تاک بە هیچ شێوەیەک بەتەنیا ناتوانێت پێکهاتەی هێژمۆنیک، یان ئەگەری ئەنجامە هاوشێوەکەرەکانی مۆدێلێکی سیاسی بسەلمێنێت، یان ڕەت بکاتەوە.
لەوێدا ئادیافۆریزەیشن دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگتر بگێڕێت. ئەگەر پەیوەندیی نێوان هێژمۆنیی سیاسی و ئێلیتەی هاوڕای پەراوێز بتوانێت مۆدێلێکی دیاریکراو وەک مۆدێلێکی گشتی، سروشتی و بێلایەن پێشان بدات، کێشەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی دەتوانێت لە مەیدانی باسەکەدا کەمڕەنگ بکرێت. لەو کاتەدا، پرسیاری ئەوەی کە ئەم مۆدێلە لە چ پەیوەندییەکی دەسەڵاتدا بەرهەم هاتووە؟ جێگای خۆی بە پرسیاری کێ لەگەڵی هاوڕایە؟ دەدات. بەم شێوەیە، پرسیاری هێژمۆنی دەگۆڕدرێت بۆ پرسیاری ڕەوایی و بەرپرسیارێتیی سیاسی لە دەرەوەی بازنەی باسەکە دادەنرێت.
لە چوارچێوەی ئەم توێژینەوەیەدا، ئەم میکانیزمە دەتوانێت بە شێوەیەکی تیۆری بەم زنجیرەیە کورت بکرێتەوە:
هێژمۆنیی سیاسی ← پەیوەندی لەگەڵ دەستەبژێری هاوڕا لە پەراوێز ← هەڵبژاردن و پەرەپێدانی دەنگە هاوڕاکان ← گشتاندنی دەنگی تاکەکەسی ← بەرهەمهێنانی وێنەی ڕەزامەندیی پەراوێز ← ڕەواییدان بە مۆدێلی گشتی ← سروشتیکردنی مۆدێلەکە ← کەمڕەنگکردنەوەی پرسیاری دەسەڵات و هێژمۆنی ← ئادیافۆریزەیشنی بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و سیاسی.
بەپێی ئەم چوارچێوەیە، لە ڕوانگەی گڕامشیدا دەتوانین بەم جۆرەی لێ تێ بگەین، دەکرێت بانگەشە بکرێت کە هێژمۆنیی سیاسی لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشندا تەنیا بە پشتبەستن بە زۆر و دەسەڵاتی دامەزراوەیی بەردەوام نابێت؛ بەڵکوو دەتوانێت لە ڕێگەی دروستکردنی ڕەوایی و بەرهەمهێنانی کۆنسێنسووسی کۆمەڵایەتییەوە خۆی دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، هاوبیریی هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵگای پەراوێز- وەک دەستەبژێر – لەگەڵ گوتاری هێژمۆنیکدا، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە میکانیزمەکانی گواستنەوەی مۆدێلێکی دیاریکراو لە ئاستی گرووپێکی دەسەڵاتدارەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگای گشتی.
گرنگتر لەوەش، لە ڕوانگەی ئەم توێژینەوەیە، کێشەکە تەنیا بەردەوامیی هێژمۆنی لە چوارچێوەی ڕژێمێکی سیاسیی دیاریکراودا نییە؛ بەڵکوو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا هێژمۆنی دەتوانێت لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی گوتار، پێناسەکردنی ناسنامەی هاوبەش و دروستکردنی کۆنسێنسووس لەنێوان بەشێک لە دەستەبژێرانی ناوەند و پەراوێز، لە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسیی داهاتوودا بە شێوەیەکی نوێ خۆی بەردەوام بکات. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر هەندێک مۆدێلی ناسنامەیی و سیاسی بتوانن لە ئاستی گوتاردا وەک بەرژەوەندیی گشتی، یەکسانیی هاووڵاتی و ناسنامەی هاوبەش، بەسروشتی و بێلایەن بکرێن، گۆڕینی ڕژێمی سیاسی بەتەنیا لەوانەیە نەتوانێت پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی هێژمۆنی بگۆڕێت.
بەم پێیە، یەکێک لە گریمانە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە ئامانجی هێژمۆنیی سیاسی لەوانەیە تەنیا پاراستنی دەسەڵاتی سیاسیی ئێستا نەبێت، بەڵکوو بەرهەمهێنان و پاراستنی ئەو چوارچێوە گوتارییەش بێت کە بتوانێت لەژێر بارودۆخ و ڕژێمە سیاسییە جیاوازەکاندا بەردەوام بمێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، هاوبیریی هەندێک ئێلیتی پەراوێز لەگەڵ گوتاری هێژمۆنیک دەتوانێت، بەبێ ئەوەی هاوشێوەکردن یان ئاسیمیلاسیۆن هەرجارە پێویست بێت، لە کرداردا بە میکانیزمێک بۆ بەرهەمهێنانی ڕەوایی و بەردەوامیی ئەو مۆدێلە گوتارییە بگۆڕدرێت.
لە ئەنجامدا، ئەوەی ئەم توێژینەوەیە پێشنیاری دەکات ئەوەیە کە پەیوەندیی نێوان هێژمۆنی، ئێلیتی پەراوێز، نوێنەرایەتی و ناسنامەی هاوبەش تەنیا لە ئاستی هاوڕاییی فکریدا نەخوێندرێتەوە، بەڵکوو لە ئاستی بەرهەمهێنانی دەسەڵات و ڕەواییدا شی کرابێتەوە. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوە نییە کە ئایا ئێلیتەکی پەراوێز لەگەڵ گوتاری ناسنامەی هاوبەشدا هاوڕایە، یان نا؛ بەڵکوو ئەوەیە کە چۆن هاوڕاییی ئەو ئێلیتەیە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی مۆدێلێکی تایبەتی و مێژوویی لە ناسنامە و دەوڵەت، وەک مۆدێلێکی گشتی و بێلایەن بۆ هەموو کۆمەڵگا پێشکەش بکرێت و چۆن ئەم پرۆسەیە دەتوانێت پرسیاری بەرپرسیارێتیی سیاسی و ئەخلاقی لە بەرانبەر ئەنجامەکانی ئەو مۆدێلەدا کەمڕەنگ بکات.
کۆتایی
هەولی سەرەکیی ئەو وتارە ئەمە بوو کە باسی مافی شارۆمەندیی ئێرانی وەک مۆدێلێک بۆ چاری کێشەی ئێتنیسیتە لە وڵاتی ئێراندا ڕوون بکاتەوە. پاشان بە شیکارییەکی ورد ئامانجی ئەو مافە لە چۆنێتیی ئەنجامیدا بە شیوازیکی مۆدێلی قۆناغبەندیی پێکهاتن و بەسروشتیکردنی هێژمۆنی پیشکێش بکات و مەترسییە سەرەکییەکانی بۆ کۆمەڵگای کورد ڕوون بکاتەوە. وەک کۆتابەش باس لە پارادۆکسێک دەکرێت کە گشتی ئەو باسە تووشی کێشەی ئۆنتۆلۆژیک دەکات. گەر یەکەم جار مافی شارۆمەندی بە شیوازێکی ئاکادێمیک لەلایەن تۆماس هامفری ماڕشاڵ تیۆریزە کرا، ئەم مافە لەسەر بنەمای شارۆمەندی لە ڕوانگەی لیبێڕاڵییەوە پێناسە دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەی مافی شارۆمەندی لە ڕوانگەی لیبێڕاڵییەوە بە بنەمای یەکسانیی تاکەکان لەبەردەم یاسا و ناسینەوەی تاک وەک سەرچاوە و سووژەی سەرەکیی ماف دامەزراوە، بەکارهێنانی ئەم چوارچێوەیە بۆ شیکردنەوەی کێشەی نەتەوەیی و ئێتنیکی، وەک پرسی کورد لە ئێراندا، کێشەیەکی ئۆنتۆلۆژیک لەبارەی «خاوەن ماف» و «پرسەکە لە چ ئاستێکدایە» دروست دەکات. ئەگەر نایەکسانییەکانی کۆمەڵێکی ئێتنیکی تەنیا لە ئاستی تاکە شارۆمەندەکاندا پێناسە بکرێن و چاریشیان بە دابینکردنی مافی یەکسانیی تاکەکان لەبەردەم یاسادا سنووردار بکرێت، ئەگەری ئەوە هەیە خودی کۆمەڵەکە وەک سووژەیەکی مێژوویی، زمانی و کولتووریی ماف لە چوارچێوەی شیکردنەوەکەدا لەبەرچاو نەگیرێت. بە واتایەکی دیکە، گواستنەوەی کێشەی ئێتنیکی لە ئاستی کۆمەڵ بۆ ئاستی تاک دەتوانێت کێشەیەک کە بنەمایەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەیە، بە کێشەی «یەکسانیی تاکەکان» دابەزێنێت؛ لەو حاڵەتەدا، ئەوەی وەک یەکسانیی یاسایی پێشکەش دەکرێت، دەتوانێت لە ئاستی کرداردا ببێتە هۆی نادیارکردنی ئەو جیاوازی و نایەکسانییە مێژوویی و دامەزراوەییەی کە کۆمەڵە ئێتنیکییەکان تێیدا دەژین. لەبەر ئەمە، پرسیاری سەرەکی تەنیا ئەوە نییە کە ئایا تاکە کوردەکان وەک شارۆمەند مافی یەکسانیان هەیە یان نا؛ بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا مافی شارۆمەندیی هاووڵاتیتەوەر دەتوانێت ئەو نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییانە بناسێت و چارەسەر بکات کە سووژەکەیان تەنیا تاک نییە، بەڵکوو کۆمەڵێکی ئێتنیکییە. لەم ڕوانگەیەوە، کێشەی حەمیدی ئەحمەدی تەنیا کێشەی ئەوە نییە کە چۆن مافی شارۆمەندی پێناسە دەکات، بەڵکوو کێشەکە پەیوەندیی بە ئەو ئۆنتۆلۆژییەوە هەیە کە لەپشت پێناسەکەیەتی: ئەگەر تاک وەک یەکەی سەرەکیی کۆمەڵ و ماف دابنرێت، ئەوا پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت کە ئایا ئەم ئۆنتۆلۆژییە تواناییی بینین و ناسینەوەی کۆمەڵە مێژوویی و کولتوورییەکان وەک هەبوونێکی کۆمەڵایەتیی جیاواز هەیە، یان بە پێچەوانەوە، جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان بە ناوی یەکسانیی تاکەکانەوە نادیار دەکات. بەم مانایە، «یەکسانی لەبەردەم یاسا» خۆی بەتەنیا بەڵگەی یەکسانیی کۆمەڵایەتی نییە؛ چونکە دەتوانرێت هەموو تاکەکان بە یەک شێوە لەبەردەم یاسادا دابنرێن، بەڵام هەمان یاسا نەتوانێت جیاوازییە مێژوویی، زمانی و کولتوورییەکان و نایەکسانییە دامەزراوەییەکانیان بناسێت. لێرەدا پرسیاری ئۆنتۆلۆژیکیی سەرەکی بۆ ڕوانگەی شارۆمەندیی ئەحمەدی ئەوەیە کە ئایا «تاکی شارۆمەند» دەتوانێت بەتەنیا وەک بنەمای شیکردنەوە و چاری کێشەی کۆمەڵێکی ئێتنیکی کار بکات، یان پێویستە کۆمەڵەکە خۆیشی وەک بوونێکی مێژوویی، زمانی و کولتووری لە چوارچێوەی ماف و یەکسانیدا بناسرێت.
هاوکات لە مۆدێلی شارۆمەندیی ئەحمەد بۆستانیدا ئەگەری هەیە پرسی سەرەکیی ئێتنیسیتە لە بابەتێکی قووڵی سیاسی-کۆمەڵایەتی دەگەڵ ناوەندەوە بۆ بابەتێکی کەلتووری دابەزێنێت. بەتایبەتی سەبارەت بە کێشەی کورد وەک نەتەوە ئەم مۆدیلە وێڕای بەفەرمیناسینی جیاوازیی زمانی و کەلتووریی گرووپە ئێتنیکەکان، ئاستی پرسەکە بە پرسێکی کەلتووری دەناسێنێت و خزین لە باوەشی ئەم چەشنە مۆدێلانە بۆ کۆمەڵگای کوردی خەساری زۆر گەورەی لی دەکەوێتەوە.
سەرچاوەکان
گرامشی، آ. (۱۹۷۱). گزیدههایی از دفترهای زندان. نیویورک: انتشارات بینالملل.
تیلور، چ. (۱۹۹۴). سیاست بهرسمیتشناسی. در آ. گاتمن (ویراستار)، چندفرهنگگرایی: بررسی سیاست بهرسمیتشناسی (صص. ۲۵–۷۴). پرینستون: انتشارات دانشگاه پرینستون.
ساوارد، م. (۲۰۱۰). ادعای نمایندگی. آکسفورد: انتشارات دانشگاه آکسفورد.
بستانی، ا. (۱۴۰۰). دولت ـ ملت در ایران؛ نگرشی سیاسی ـ فلسفی. مطالعات خاورمیانه، ۲۸
احمدی، ح. (۱۳۸۸). بنیادهای هویت ملی ایرانی: چارچوب نظری هویت ملی شهروندمحور. تهران: پژوهشکده مطالعات فرهنگی و اجتماعی.
Bauman, Z. (1989). Modernity and the Holocaust. Cornell University Press.
Kymlicka, W. (1995). Multicultural citizenship: A liberal theory of minority rights. Clarendon Press.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
