مانا ناکۆکەکانی گواستنەوەی دێموکراتیک و دۆخی گرووپە بەکەمینەکراوەکان
پوختە
کێشە لەو شوێنە دەست پێ دەکات کە «سەقامگیری» بەشێوەیەکی ناڕوون لەگەڵ «دووبارە ناوەندخستنەوەی دەسەڵات» یەکسان دەکرێت. لە بەشێکی زۆر لە پرۆژەی گواستنەوەدا فۆرمولەکە ئەمەیە: سەرەتا دەبێت حکوومەتێکی کاتیی بەهێز دروست بکرێت، هێزە چەکدارەکان یەک بخرێن، بودجە و سنوورەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی یەک ناوەندەوە، سیستەمی کارگێڕی دووبارە یەک بخرێتەوە و ئاسایش جێگیر بکرێت؛ پاشان دەتوانرێت لەسەر فێدراڵیزم، خۆبەڕێوەبەری، مافی زمانی، مافی گرووپە ئایینییەکان و دابەشکردنی سەرچاوەکان گفتوگۆ بکرێت. لە ڕواڵەتدا ئەمە تەنیا ڕیزکردنی کارەکانە. بەڵام ڕیزبەندییەکە بێلایەن نییە. دامەزراوەیەکی کاتی کە دەسەڵاتی دامەزراندنی بەرپرسەکان، کۆنترۆڵی پۆلیس و سوپا، داڕشتنی بودجە و دیاریکردنی یاسای گواستنەوەی هەیە، لە قۆناغی دواتردا دەوری دانوستانکارێکی بەهێزتر دەبینێ. گرووپێک کە پێشتر دامەزراوە خۆجێیی، هێزی سیاسیی ڕێکخراو یان توانای فشارێکی هەبوو، ئەگەر پێش لە گفتوگۆی دەستووری دەست لەو ئامرازانە هەڵبگرێ، بەدڵنیایییەوە لە دانوستانەکانی دواتردا لە پێگەیەکی لاوازترەوە دەست پێ دەکات.
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- داود عوسمانزادە، فاتح سەعیدی
- جۆر
- وتاری گۆڤار
- بڵاوکراوەتەوە لە
- گۆڤاری تیشک
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/11/13
- بەرگ
- ٢٨
- ژمارە
- ٧٤
- ISSN
- 2942-7894
- زمان
- کوردی
- لاپەڕەکان
- ١٥٥ – ١٧١
عوسمانزادە، داود و سەعیدی، فاتح (2026): مانا ناکۆکەکانی گواستنەوەی دێموکراتیک و دۆخی گرووپە بەکەمینەکراوەکان. گۆڤاری تیشک ٢٨ (٧٤)، ١٥٥–١٧١، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
کێشە لەو شوێنە دەست پێ دەکات کە «سەقامگیری» بەشێوەیەکی ناڕوون لەگەڵ «دووبارە ناوەندخستنەوەی دەسەڵات» یەکسان دەکرێت. لە بەشێکی زۆر لە پرۆژەی گواستنەوەدا فۆرمولەکە ئەمەیە: سەرەتا دەبێت حکوومەتێکی کاتیی بەهێز دروست بکرێت، هێزە چەکدارەکان یەک بخرێن، بودجە و سنوورەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی یەک ناوەندەوە، سیستەمی کارگێڕی دووبارە یەک بخرێتەوە و ئاسایش جێگیر بکرێت؛ پاشان دەتوانرێت لەسەر فێدراڵیزم، خۆبەڕێوەبەری، مافی زمانی، مافی گرووپە ئایینییەکان و دابەشکردنی سەرچاوەکان گفتوگۆ بکرێت. لە ڕواڵەتدا ئەمە تەنیا ڕیزکردنی کارەکانە. بەڵام ڕیزبەندییەکە بێلایەن نییە. دامەزراوەیەکی کاتی کە دەسەڵاتی دامەزراندنی بەرپرسەکان، کۆنترۆڵی پۆلیس و سوپا، داڕشتنی بودجە و دیاریکردنی یاسای گواستنەوەی هەیە، لە قۆناغی دواتردا دەوری دانوستانکارێکی بەهێزتر دەبینێ. گرووپێک کە پێشتر دامەزراوە خۆجێیی، هێزی سیاسیی ڕێکخراو یان توانای فشارێکی هەبوو، ئەگەر پێش لە گفتوگۆی دەستووری دەست لەو ئامرازانە هەڵبگرێ، بەدڵنیایییەوە لە دانوستانەکانی دواتردا لە پێگەیەکی لاوازترەوە دەست پێ دەکات.
پوختە
گواستنەوەی دێموکراتیک زۆرجار بە گۆڕینی ڕژێم، نووسینەوەی دەستوور، هەڵبژاردنی ئازاد و گواستنەوەی دەسەڵات لە نوخبەیەکی حوکمڕانەوە بۆ نوخبەیەکی دیکە پێناسە دەکرێت. ئەم پێناسەیە بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانی شێوەی حوکمڕانی گرنگە، بەڵام لە وڵاتە فرەنەتەوەیی و فرەئایینییەکاندا ناتوانێت بە تەنیا قووڵاییی گۆڕانەکە دیاری بکات. بۆ گرووپە نەتەوەیی، زمانی و ئایینییە بەکەمینەکراوەکان، پرسیار تەنیا ئەوە نییە کێ لە پایتەخت حوکم دەکات؛ چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵات، پێگەی زمان و ئایین، دەسەڵاتی ناوخۆیی، دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان و توانای کاریگەریدانان لەسەر داڕشتنی پێکهاتەی سیاسیی داهاتووش بەشێکن لە خودی مانای دێموکراتیزەکردن. ئەم وتارە پێی وایە «گواستنەوەی دێموکراتیک» بۆ هێزە سەردەستەکان و بۆ گرووپە بەکەمینەکراوەکان زۆرجار واتا و پێشینەی جیاواز و تەنانەت دژیەکی هەیە. بۆ زۆرێک لە هێزە سەردەستەکان، گواستنەوە سەرەتا بە گۆڕینی ڕژێم، پاراستنی بەردەوامیی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی توندوتیژی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری پێناسە دەکرێت. بۆ گرووپە بەکەمینەکراوەکان، هەمان قۆناغ دەتوانێت دەرفەتێکی دەگمەن بێت بۆ خستنەڕووی ئەو داواکارییانەی لە دۆخی ئاساییدا لەلایەن دەوڵەتی سەقامگیرەوە سنووردار یان بەئەمنی کراون. بەم هۆکارەیش، ئەوەی لە ڕوانگەی هێزی ناوەندییەوە «بۆشاییی دەسەڵات» و «ناسەقامگیری»یە، لە دیدی هێزێکی بەکەمینەکراو دەتوانێت پەنجەرەیەکی دەرفەتی سیاسی بێت.
وشە سەرەکییەکان : گواستنەوەی دێموکراتیک؛ بەکەمینەکردن؛ بەشداریکردنی سیاسی؛ دەرفەتی سیاسی
پێشەکی
زۆرجار بە زمانی «دەستپێکردنەوە» باسی گواستنەوەی سیاسی دەکرێ. ڕژێمێک دەڕووخێت، دەستوورێک دەنووسرێتەوە، دامەزراوە کۆنەکان ناویان دەگۆڕدرێ و سەرکردە نوێیەکان بەڵێنی داهاتوویەکی سیاسیی جیاواز دەدەن. هەڵبژاردن، پلورالیزمی سیاسی، حکومەتی یاسا و پاراستنی مافە تاکەکەسییەکان بە نیشانەکانی دەرچوون لە ئۆتۆریتاریانیزم دادەنرێن. لەم ڕوانگەیەوە، گواستنەوە بریتییە لە گواستنەوەی شێوازی حوکمڕانی لە سیستەمێکی داخراوەوە بۆ سیستەمێکی کراوەتر.
بەڵام گۆڕینی ڕژێم و گۆڕینی پێکهاتەی دەسەڵات هەمیشە یەک شت نین. شۆڕشێک دەتوانێت بنەماڵەیەکی پاشایەتی لەناو ببات، بەڵام پەیوەندیی نێوان ناوەند و ناوچەکان وەک خۆی بهێڵێتەوە. دەستوورێکی نوێ دەتوانێت یەکسانیی تاکەکان ڕابگەیەنێت و هاوکات یەک ئایین یان یەک زمان لە پێگەیەکی دامەزراوەیی بەرزتر دابنێت. سیستەمێکی هەڵبژاردن دەتوانێت گرووپە جیاوازەکان بخاتە ناو پەرلەمان، بەڵام بڕیار لەسەر بودجە، پەروەردە، ئاسایش، سەرچاوە و بەڕێوەبردنی ناوخۆیی لە دەستی ناوەنددا بهێڵێتەوە. بۆیە قووڵاییی گواستنەوە تەنیا بەوە دیاری ناکرێ کە نوخبەی حوکمڕان گۆڕاوە یان نا؛ بەڵکو دەبێ بپرسین پەیوەندییەکانی دەسەڵاتیش تا چەند گۆڕاون.
ئەم پرسیارە بۆ گرووپە بەکەمینەکراوەکان گرنگییەکی زیادتری هەیە. لەم وتارەدا «بەکەمینەکراو» لەجیاتی «کەمینە» بەکار دەهێنین، چونکە مەبەستمان ڕاستییەکی ژمارەیی نییە. بەکەمینەکردن پرۆسەیەکی سیاسیی-مێژوویییە کە تێیدا گرووپێک لە دامەزراوەکانی دەسەڵات، لە بڕیاردان، لە پێگەی زمانی یان ئایینی، یان لە دەستگەیشتن بە سەرچاوە و نوێنەرایەتی دەخاتە پێگەیەکی نایەکسانەوە (Wimmer 2002). گرووپێک دەتوانێت لە ڕووی دیمۆگرافییەوە زۆرینە بێت و هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە بەکەمینەکراو بێت. شیعەکانی عێراق لە بەشێکی زۆری سەدەی بیستەمدا نموونەیەکی ڕوونن: ژمارەیان زۆر بوو، بەڵام دەستگەیشتنیان بە دەسەڵاتی سیاسی بەشێوەیەکی نایەکسان سنووردار کرابوو. بەپێچەوانەوە، گرووپێکی ژمارەیی بچووک دەتوانێت لە ناو دامەزراوە سەرەکییەکاندا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت.
هەمان چەمک یارمەتیمان دەدات گرووپە جیاوازەکان لە یەک پۆلدا پۆلێن و کورتیان نەکەینەوە. کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکی ئازەربایجانی و تورکمان لە ئێران هەموویان یەک مێژوو و یەک داواکارییان نییە. سوننییەکان و بەهایییەکانیش لە بنەڕەتدا بەرەوڕووی جۆرێکی دیکەی پەیوەندیی نایەکسانیی دامەزراوەیین. لە سووریا، پێگەی کورد، دروزی، عەلەوی و مەسیحی یەکسان نییە. لە عێراق، کورد، شیعە، سوننی، شەبەک، ئێزدی، کاکەیی و مەسیحی (کەلدانی و ئاشووری) ئەزموونی زۆر جیاوازیان لەگەڵ دەوڵەت هەیە. لە میسر، دۆخی قبتییەکان لە دۆخی نوبییەکان جیاوازە. بەکەمینەکردن ئەم جیاوازییانە هەڵناوەشێنێتەوە؛ بەڵکو پرسیارێکی هاوبەش دەخاتە ڕوو: چۆن دامەزراوەی سیاسی جیاوازی بۆ نایەکسانی لە دەسەڵاتدا دەگۆڕێ؟
ئەدەبیاتی کلاسیکی گواستنەوەی دێموکراتیک بەشێوەیەکی گرنگ سەرنجی خستووەتە سەر نادڵنیایی لە قۆناغی گواستنەوە، سازانی نوخبەکان، هەڵبژاردنی دامەزراوەیی و ستراتیژیی هێزە سیاسییەکان (O’Donnell and Schmitter 1986; Linz and Stepan 1996). بەڵام ڕەخنە لە «پاڕادایمی گواستنەوە» نیشانی دەدا کە ڕووخانی ڕژێمی ئۆتۆریتەر نابێ وەک ڕێگایەکی ڕاستەوڕاست سەیر بکرێ کە لە ئەنجامدا بە دێموکراسی دەگات (Carothers 2002). ئەزموونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ٢٠١١ ئەم کێشەیەی زیادتر ڕوون کردەوەتەوە: ئاکامی ڕاپەڕینەکان لە چەندین وڵاتی جیاواز بە شەڕی ناوخۆ، گەڕانەوەی حوکمڕانیی سەربازی، چاکسازیی سنووردار یان ئۆتۆریتەریتاریانیزمی نوێ گەیشتووە (Brownlee, Masoud and Reynolds 2015).
ئەم وتارە لەگەڵ ئەوەیدا ئەو ڕەخنەیە لەبەر چاو دەگرێ، هەنگاوێکی دیکەش بەرەوپێش دەچێت. ئێمە لەم وتارەدا ئەم پرسیارە دەورووژێنین: گواستنەوەی سیاسی بۆ کێ و بە چ مانایەک؟ ئەگەر ڕژێم گۆڕا، بەڵام ئەو گرووپانەی پێشتر لە بڕیاردانی سیاسیدا پەراوێز خرابوون، نەتوانن لە داڕشتنی یاسا و دامەزراوە نوێیەکاندا کاریگەریی ڕاستەقینەیان هەبێت، ئایا دەتوانرێت ئەو گواستنەوەیە بۆ ئەوانیش بە هەمان مانا «دێموکراتیک» بێت؟ مافە بەکۆمەڵەکانی گرووپە بەکەمینەکراوەکان لە کوێدا خۆی دەبینێتەوە؟
جوگرافیای سیاسیی ئێران کەیسی سەرەکیی ئەم وتارەیە. هۆکارەکە تەنیا بۆ فرەنەتەوەیی و فرەئایینیبوونی جوگرافیای سیاسیی ئێران ناگەڕێتەوە. شۆڕشی ١٩٧٩ نموونەیەکە لە گۆڕانی ئایدیۆلۆژی و ڕژێمی سیاسی کە هاوکات بەشێک لە پێکهاتەی ناوەندگەرای حکوومەتی پێشووی پاراست. لە ئێستایشدا، بە هەمان شێواز ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەسەر گواستنەوەی دوای کۆماری ئیسلامی گفتوگۆ دەکات. بۆیە ئێران هەم ئەزموونی مێژوویی و هەم تاقیکردنەوەیەکی سیاسیی هاوچەرخی بۆ ئارگیومێنتەکە دابین دەکات.
سووریا، عێراق و میسر وەک کەیسی بەراوردی بەکار دەهێنرێن. سووریا پێشانی دەدات کاتێک پێویستە دەوڵەت ساز بکرێتەوە، دیسانەوە لەگەڵ چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەنددا یەک دەگرێتەوە. عێراق دەریدەخات کە فێدراڵیزم و هاوبەشکردنی دەسەڵات دەتوانن پێکهاتەی دەوڵەت بگۆڕن، بەڵام بۆخۆیان گەرەنتیی بەشداریکردنی دێموکراتیک نین. میسر پێمان دەڵێ کە کرانەوەی سیاسی و تەنانەت دانپێدانانی دەستووری دەتوانێت بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندیی ئۆتۆریتەر سنووردار بکرێتەوە.
گواستنەوەی دێموکراتیک بۆ کێ؟
خودی چەمکی «گواستنەوەی دێموکراتیک» لە هەموو شوێنێک بۆ هەموو لایەنێک بە یەک واتا نایەت. لە دەقی سیاسیی هێزە سەردەستەکاندا، گواستنەوە زۆرجار بە گۆڕینی شێوەی حوکمڕانی پێناسە دەکرێت: ڕووخانی ڕژێمی کۆن، دروستکردنی دەسەڵاتێکی کاتی، نووسینەوەی دەستوور، هەڵبژاردن و دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ. لەم ڕوانگەیەوە، پرسیارە سەرەکییەکان لەسەر شێوەی حکوومەت، سنووری دەسەڵاتی جێبەجێکار، ڕۆڵی پەرلەمان، سەربەخۆییی دادگا، ئازادیی حیزبەکان و مافە تاکەکەسییەکان دەسووڕێنەوە.
هەموو ئەم پرسیارانە بنەڕەتین، بەڵام دەتوانن هەموویان لەناو گریمانەیەکی گەورەتردا تاوتوێ بکرێن: شێوازی سەرەکیی دەوڵەت پێشتر دیاری کراوە و چی تر پێویست ناکا گفتوگۆی لەسەر بکرێ. لەو بارودۆخەدا حیزبەکان لەسەر پاشایەتی و کۆماریبوونی دەوڵەت، سێکۆلاریزم و ئایین، یان سیستەمی پارلەمانی و سەرۆکایەتی ناکۆک دەبن، بەڵام پێشوەختە دەوڵەتی ناوەندگەرا، پێگەی زمان و ناسنامەی باڵادەست، و چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکاندا وەک بابەتێکی چارەسەرکراو و قسەهەڵنەگر دەسەپەنێت.
بۆ گرووپێکی بەکەمینەکراو، ئەم پێناسەیە دەتوانێت زۆر تەسک و مەترسیدار بێت. ئەگەر نایەکسانی تەنیا لەوەدا نەبێت کە حوکمڕانێکی خراپ لەسەر دەسەڵاتە، بەڵکو لەناو یاسا و دامەزراوەکاندا هەر بۆخۆی ڕەگی داکوتاوە، گۆڕینی حوکمڕان بە تەنیا وەڵام ناداتەوە. بۆ گرووپێک کە زمانەکەی لە پەروەردەی فەرمی و کارگێڕیدا پێگەی یەکسانی نییە، دێموکراسی پرسیارێکە لەبارەی زمانیشەوە. بۆ گرووپێک کە لە هەرێمێکی دیاریکراودا دەژی و بڕیارە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی لە پایتەختەوە دەدرێن، دێموکراسی پرسیاری دەسەڵاتی ناوخۆییشە. بۆ گرووپێکی ئایینی کە دەستوور یان یاسا پێگەی کەمتری بۆ دیاری کردووە، دێموکراسی پرسیاری یەکسانیی دەستووری و ئازادیی ئایینیشە.
لە هەموو ئەو بابەتانەیش بنەڕەتیتر، بۆ گرووپێک کە مێژوو، خاک و وڵاتەکەی کۆلۆنی کراوە، سەروەریی سیاسی لەسەر خاکی خۆی و مافی بڕیاردان لەسەر چارەی خۆنووسین مافێکی ڕەوایە و بەبێ ئەو مافە بەکۆمەڵە، دێموکراسی مانای خۆی لەدەست دەدات. چونکە ئەو کۆمەڵە خەڵکە مەرجەع و سەرچاوەی کۆتاییی بڕیاڕدان لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆیانن و دەیانهەوێ بۆخۆیان سەرەوەریی سیاسیی خۆیان بەدەستەوە بێ.
بۆیە هێزە سەردەستەکان و گرووپە بەکەمینەکراوەکان دەتوانن هەردووکیان بە زمانی دێموکراسی قسە بکەن و هاوکات تێگەیشتنی جیاوازیان لە قووڵاییی گۆڕان هەبێت. هێزێکی ناوەندگەرا دەتوانێت پشتگیری لە هەڵبژاردنی ئازاد، مافی مرۆڤ و یەکسانیی تاکەکان بکات، بەڵام پێی وابێت بابەتی دابەشکردنی دەسەڵات لە دەرەوەی باسی گواستنەوەیە. لایەنێکی بەکەمینەکراویش دەتوانێت هەمان مافە تاکەکەسییانە بخوازێت و لە هەمان کاتدا بڵێت ئەگەر پێکهاتەی دەوڵەت نەگۆڕێت، سەرچاوەیەکی بنەڕەتیی نایەکسانی بەردەوام دەبێت. جگە لەوەیش، لایەنی بەکەمینەکراو پرسی مافی بەکۆمەڵەشی هەیە کە دەتوانێ وەک پرسێکی بنەڕەتی سەیر بکرێ.
لێرەدا گرنگە لە یەکسانکردنی هەموو گرووپە بەکەمینەکراوەکان خۆمان بپارێزین. داواکاریی گرووپێکی نەتەوەیی کە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا چڕ بووەتەوە، دەتوانێ مافی زمان، خۆبەڕێوەبەری، فێدراڵیزم، دابەشکردنی داهات یان مافی چارەنووس لەخۆ بگرێت. گرووپێکی ئایینیی پەرت و بڵاو ڕەنگە داواکارییە سەرەکییەکانی یەکسانیی یاسایی، پاراستن لە هەڵاواردن، ئازادیی ڕێوڕەسمەکان و دەستگەیشتن بە کار و خوێندن بێت. لەبەر ئەوە، «بەشداریکردن» نابێت بە فۆرمولەیەکی یەکسان بۆ هەموو کەیسەکان سەیر بکرێ.
ئەوەی هاوبەشە، توانای کاریگەریدانانە لەسەر ئەو یاسا و دامەزراوانەی پێگەی گرووپەکە دیاری دەکەن. پارلەمانێک ڕەنگە نوێنەری کەمینەکانی هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو نوێنەرانە نەتوانن لەسەر بڕیارە سەرەکییەکان کاریگەری دابنێن، نوێنەرایەتی بە تەنیا بەشداریکردنی واتادار دروست ناکات. دەستوورێک دەتوانێت فرەیی کولتووری بەفەرمی بناسێت، بەڵام ئەگەر هەموو سیاسەتە زمانی و پەروەردەیییەکان لە ناوەندەوە یەکلا بکرێنەوە، دانپێدانانی فەرمی ناتوانێت هیرارشیی دامەزراوەیی لەناو ببات.
ئەم جیاوازییە بنەمای چەمکی «گواستنەوە بەبێ بەشداریکردن»ە. مەبەستمان لەم چەمکە ئەو گواستنەوەیەیە کە تێیدا شێوەی ڕژێم دەگۆڕێت و مافی سیاسیی تاکەکان فراوانتر دەبێت، بەڵام ئەو گرووپانەی لە مێژوودا لە دەسەڵات پەراوێز خراون، ناتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر لە داڕشتنی بنەماکانی سیستەمی نوێدا بەشدار بن. ئەوان بانگهێشت دەکرێن بۆ بەشداری لە داڕشتنەوەی یاسای نوێدا، بەڵام لە دیاریکردنی چۆنیەتیی یاساکەدا دەنگیان بەلاوازی دەمێنێتەوە.
لاوازبوونی ناوەند و کرانەوەی دەرفەتی سیاسی
گواستنەوەی سیاسی خۆی ساتێکی نادڵنیایییە. دامەزراوە کۆنەکان بەشێک لە توانای خۆیان لەدەست دەدەن، هێزی نوێ هێشتا جێگیر نەبووە و یاسای پێشوو جارێ ناتوانێ هەموو ململانێیەکان ڕێک بخات. لەم ساتانەدا دەسەڵاتی ناوەندی زۆرجار لاوازتر دەبێت. ئەم لاوازبوونە دەتوانێ کاتی بێت، دەتوانێ لە بەشێکی وڵاتەکەدا زیادتر دەربکەوێ و لە شوێنێکی دیکەدا کەمتر، یان دەتوانێ بەهۆی شۆڕش، شەڕ، کودەتا یان داگیرکاریی دەرەکییەوە ڕوو بدات.
لە دیدی دەوڵەت و نوخبەی سەردەستەوە، لاوازبوونی ناوەند زۆرجار جێی مەترسییە. ئەوان ئەم لاوازییە وەک بۆشاییی دەسەڵات، تەشەنەی توندوتیژی، کەمبوونەوەی خزمەتگوزاری، نەمانی کۆنترۆڵ بەسەر سنوورەکان، زیادبوونی دەستێوەردانی دەرەکی و سەرهەڵدانی ناوەندی دیکەی بۆ هێزی چەکداری سەیر دەکەن. لەو ڕوانگەیەوە، یەکێک لە یەکەمین ئەرکەکانی گواستنەوە گەڕاندنەوەی توانای دەوڵەتە.
چەمکی گواستنەوەی سیاسی خۆی لە پەیوەندییەکاندا پێناسە دەکا و لە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا مانای تایبەت بەخۆیەوە دەگرێ. هاوکات گواستنەوەی سیاسی دەتوانێ بۆ گرووپێکی پەراوێزخراو و بەکەمینەکراو مانایەکی جیاوازی هەبێت. ئەدەبیاتی توێژینەوەی دەرفەتی سیاسی پیشانی دەدا کە کاتێک لەنێوان نوخبەی سەردەستدا کەلێن ساز دەبێ، هەوڵ و تەقەلا بۆ دەستڕاگەیشتن بە مەیدانی سیاسی زیادتر و توانای سەرکوت کەم دەبێتەوە. لەم دۆخەدا ئەو جووڵانەوانەی پێشتر سنووردار و سەرکوت کراون و ئەو گرووپانەی بەکەمینەکراون، دەتوانن چالاکتر بن و داواکارییەکانیان بەشێوەیەکی بەهێزتر بخەنە ڕوو (Tarrow 2011). ئەم جیاوازیی تێگەیشتنە بۆ ئەم وتارە بنەڕەتییە. ئەوەی ناوەند بە «بۆشاییی دەسەڵات» ناوی دەبات، بۆ گرووپێکی بەکەمینەکراو لەوانەیە کرانەوەیەکی سیاسی بێت. ئەوەی گرووپی سەردەست و ناوەند بە «گەڕاندنەوەی ڕێکخستن»ی دەزانێت، گرووپێکی بەکەمینەکراو لەوانەیە بە «داخستنی پەنجەرەی دەرفەت» لێکی بداتەوە.
مێژووی ئێران ئەم داینەمیکە بەڕوونی پیشان دەدات. لە ساڵی ١٩٧٩، ڕووخانی دامەزراوە سەرکوتکارەکانی پەهلەوی تەنیا بۆ ئیسلامییەکان، لیبڕاڵەکان و چەپەکان دەرفەتی ساز نەکرد. کوردستان، تورکەمەنسەحرا، ناوچە عەرەبەکانی خوزستان بوونە شوێنی خستنەڕووی ئەو داواکارییە سیاسییانەی کە پێشتر قەدەغە و بەئەمنی کرابوون. هەموو ئەم داواکارییانە یەکسان نەبوون، بەڵام ڕووخانی دامەزراوەکانی سەرکوتی ناوەند یان لاوازبوونیان دەرفەتی بەهێزتری بۆ دەربڕینیان دروست کرد. لە عێراقیش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ پەیوەندیی دەسەڵاتی پێشووی تێک دا. بۆ شیعەکان، ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ گۆڕینی پێگەی سیاسی لە پەراوێزەوە بۆ ناوەندی حکوومەت. بۆ کورد، دەرفەتێک بوو بۆ جێگیرکردنی دامەزراوەی هەرێمی و چەسپاندنی فێدراڵی. هەمان سات بۆ گرووپەکانی دیکە سەرچاوەی ناڕێکی، توندوتیژی و ترس بوو. بۆیە «دەرفەتی سیاسی» و «مەترسیی سیاسی» دەتوانن پێکەوە هاوکات هەبن.
سووریای دوای ٢٠١١ نموونەیەکی دیکەیە. پاشەکشەی دەسەڵاتی دیمەشق لە بەشێک لە باکوور و ڕۆژهەڵات دەرفەتێکی دامەزراوەیی بۆ هێزی کوردی وەدی هێنا. هەمان پرۆسە لە شوێنی دیکەدا بۆشایییەکی مەترسیدار، ململانێی چەکداری و دەستێوەردانی دەرەکی دروست کرد. لاوازبوونی ناوەند دەتوانێ هاوسەنگیی هێز بگۆڕێ و ئەوەی پێشتر نامومکین یان ئەستەم بوو، بۆ ماوەیەکی ئەگەرچی کاتی، دەکرێ ببێتە هەڵبژاردەیەکی سیاسی.
میسر لە ٢٠١١دا بەشێوەیەکی جیاواز هەمان داینامیکی پێشان دا. ڕووخانی ڕژیمی موبارەک مەیدانێکی فراوانی بۆ حیزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، قبتییەکان، نوبییەکان و هێزە جیاوازەکانی دیکە کردەوە. لەو قۆناغەدا گرووپە پێشتر پەراوێزخراوەکان توانای زیادتریان هەبوو داواکارییەکانیان بخەنە ناو گوتاری گشتییەوە. بە گەڕانەوەی هێزی سوپا و داخستنی مەیدانی سیاسی دوای ٢٠١٣، بەشێکی زۆر لەو دەرفەتانە تەسک بوونەوە.
خاڵی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە کە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی خۆی مەیدانی ململانێیە، نەک پردێکی بێلایەن لە ڕژێمێکی کۆنەوە بۆ ڕژێمێکی نوێ. هێزەکان لەو قۆناغەدا هەوڵ دەدەن شوێنی خۆیان لە سیستەمی داهاتوودا بەهێز بکەن. بۆیە کات و ڕیزبەندیی بڕیارەکان خۆیان بەشێکن لە دابەشکردنی دەسەڵات.
«سەرەتا سەقامگیری»: کات وەک ئامرازی دەسەڵات
ناکرێ باسی شیکردنەوەی گواستنەوەی سیاسی بکەین و باسی پێویستیی سەقامگیری نەکەین یا بەهەندی وەرنەگرین. دوای شۆڕش، کودەتا، شەڕ یان ڕووخانی ڕژێم، کۆمەڵگا پێویستی بە دامەزراوەیەک هەیە مووچە بدات، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان کارا بهێڵێتەوە، ژێرخانەکان بپارێزێت، ڕێگە لە توندوتیژی بگرێت و کۆنترۆڵی سەرەتایی بەسەر هێزی چەکداریدا هەبێت. لەو ڕووەوە، سەقامگیری نە دژ بە دێموکراسییە و نە دروشمێکی بەڕواڵەت ئاسایییە.
کێشە لەو شوێنە دەست پێ دەکات کە «سەقامگیری» بەشێوەیەکی ناڕوون لەگەڵ «دووبارە ناوەندخستنەوەی دەسەڵات» یەکسان دەکرێت. لە بەشێکی زۆر لە پرۆژەی گواستنەوەدا فۆرمولەکە ئەمەیە: سەرەتا دەبێت حکوومەتێکی کاتیی بەهێز دروست بکرێت، هێزە چەکدارەکان یەک بخرێن، بودجە و سنوورەکان بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی یەک ناوەندەوە، سیستەمی کارگێڕی دووبارە یەک بخرێتەوە و ئاسایش جێگیر بکرێت؛ پاشان دەتوانرێت لەسەر فێدراڵیزم، خۆبەڕێوەبەری، مافی زمانی، مافی گرووپە ئایینییەکان و دابەشکردنی سەرچاوەکان گفتوگۆ بکرێت.
لە ڕواڵەتدا ئەمە تەنیا ڕیزکردنی کارەکانە. بەڵام ڕیزبەندییەکە بێلایەن نییە. دامەزراوەیەکی کاتی کە دەسەڵاتی دامەزراندنی بەرپرسەکان، کۆنترۆڵی پۆلیس و سوپا، داڕشتنی بودجە و دیاریکردنی یاسای گواستنەوەی هەیە، لە قۆناغی دواتردا دەوری دانوستانکارێکی بەهێزتر دەبینێ. گرووپێک کە پێشتر دامەزراوە خۆجێیی، هێزی سیاسیی ڕێکخراو یان توانای فشارێکی هەبوو، ئەگەر پێش لە گفتوگۆی دەستووری دەست لەو ئامرازانە هەڵبگرێ، بەدڵنیایییەوە لە دانوستانەکانی دواتردا لە پێگەیەکی لاوازترەوە دەست پێ دەکات. بەم مانایە، «ئێستا نا، دواتر» دەتوانێت یەکێک لە کاریگەرترین فۆرمەکانی سیاسەتی گواستنەوە بێت. پێویست ناکا داواکارییەک بەڕاشکاوی ڕەت بکرێتەوە؛ دەتوانرێ تەنیا دوا بخرێت. بەڵام ئەگەر تا گەیشتن بەو «دواتر»ە هاوسەنگیی هێز گۆڕابێت، دواخستنەکە خۆی بەشێک لە ئەنجامەکە بووە.
ئەم خاڵە بۆ گرووپە بەکەمینەکراوەکان زۆر بنەڕەتییە. هێزە سەردەستەکان زۆرجار هەڵگری دامەزراوەیەکن کە لەپێشترەوە هەبووە: بێروکراسی، سوپا، تۆڕی ئابووریی، میدیا، پەیوەندیی نێودەوڵەتی و زانیاریی کارگێڕی. بۆیە بۆ ئەوان گەڕانەوە بۆ «ئاساییبوون» زۆرجار گەڕانەوەیە بۆ مەیدانێک کە پێشتر لەناویدا پێگەیەکی بەهێزیان هەبووە. بۆ گرووپێکی پەراوێزخراو، بەپێچەوانەوە، قۆناغی نادڵنیایی ڕەنگە تاکە ساتێک بێت کە بتوانێت شێوەی یارییەکە بگۆڕێت.
شۆڕشی ١٩٧٩: گۆڕانی ڕژێم و ململانێ لەسەر مانای گواستنەوە
شۆڕشی ١٩٧٩ ڕژێمی سیاسیی ئێرانی گۆڕی. پاشایەتی لەناو چوو، دامەزراوە کۆمارییەکان دروست بوون و ئیسلامی شیعیی شۆڕشگێڕانە و ناسیۆنالیزمی فارسی بوون بە بنەمای ڕەواییی ڕژێمی نوێ، بەڵام هێزی هاوپەیمانی شۆڕشگێڕەکان، لە ڕووی سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە زۆر لێک جیاواز بوون. ئیسلامییەکان، چەپەکان، لیبڕاڵەکان، لایەنگرانی ناسیۆنالیزمی غەیرەئێرانی، کرێکاران، و خوێندکاران هەموویان بە هیوای جیاوازەوە چوونە ناو قۆناغی دوای ڕژیمی پاشایەتییەوە.
بۆ زۆربەی هێزە سیاسییەکانی ناوەند، سەرکەوتنی شۆڕش سەرەتا بە مانای کۆتاییهێنان بە پاشایەتی و دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسیی نوێ بوو. لە هەمان کاتدا، بۆ بەشێک لە گرووپە بەکەمینەکراوەکان، هەمان سات دەرفەتێک بوو بۆ دووبارەکردنەوەی پرسیاری پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی ناوندی.
کوردستان یەکێک لە ڕوونترین نموونەکان بوو. حیزب و ڕێکخراوی کوردی دژ بە ڕژیمی پاشایەتی بوون و هەر بۆیە دوای ڕووخانی ڕژیم داوای مافی چارەی خۆنووسینیان لە حکومەتی تاران دەکرد. خۆبەڕێوەبەری، مافە سیاسی و کولتوورییەکان و ناساندنی پێگەی تایبەتیی کوردستان بەشێکی سەرەکی داواکارییەکان بوون. جووڵانەوەی کوردی یەکدەست نەبوو و هێزەکانی لەسەر ئایدیۆلۆژیا و وردەکاریی بەرنامەی سیاسی ناکۆک بوون، بەڵام خۆبەڕێوەبەری بوو بە یەکێک لە ناوەندەکانی ململانێ لەگەڵ دەوڵەتی نوێ (Cabi 2020; Hassaniyan 2021).
لێرەدا دوو تێگەیشتنی جیاواز لە شۆڕش بەرانبەر بە یەکتر وەستان. بۆ هێزەکانی ناوەندی نوێ، شۆڕش پێویستی بە دامەزراندنەوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوو هەبوو کە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو جوگرافیای سیاسیی ئێراندا بسەپێنێت. بەڵام ئەگەر ئەم گواستنەوەیە هەمان پەیوەندیی پێشووی ناوەند و کوردستانی بەرهەم بێنێتەوە، لایەنی کوردی پێی وابوو کە بەشێکی بەرچاو لە کێشەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
ناوەندی شۆڕشگێڕ داواکاریی کوردی وەدوا دەخست و پاش ماوەیەک وەک بابەتێک دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و بەهاکانی شۆڕشەوە لێکی دەدایەوە. هاوینی ١٩٧٩ ململانێی نێوان لایەنی کورد و هێزی ناوەند گەیشتە توندوتیژیی چەکداری. ڕەنگە ئەگەر لە دەرەوەی پرسی کورد سەیری بابەتەکە بکرێ، هەندێک سەیر بێ چۆن ئەو ڕژیمە نوێیەی کە ئایدیۆلۆژیا، دامەزراوە و سەرچاوەی ڕەواییی جیاوازی هەبوو بە هەمان شێوەی ڕژیمی پەهلەوی لە کوردستان ڕەفتار دەکا. بەڵام ڕاستییەکە ئەوە بوو کە پەیوەندیی نێوان ناوەند و کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆی مایەوە: سەروەریی سیاسی دەبوو لە ناوەند کۆ بکرێتەوە و داواکاریی خۆبەڕێوەبەری بەتەواوی ڕەت و سەرکوت بکرێ.
کوردستان تەنیا نموونە نەبوو. لە تورکەمەنسەحرا، ململانێ لەسەر خاک، دابەشکردنی زەوی و دەسەڵاتی سیاسی سەری هەڵدا. لە خوزستان، هێزەکانی عەرەبی داواکاریی کولتووری و سیاسییان خستەڕوو. هەر یەکێک لەم کەیسانە مێژوو و پێکهاتەی تایبەتیی خۆی هەبوو. خاڵی هاوبەش ئەوە بوو کە لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندی دوای ڕووخانی شا، بوارێکی کاتی بۆ دەربڕینی داواکارییە پێشتر پەراوێزخراو و سەرکوتکراوەکان کردەوە.
لە هەمان کاتدا، پرسیاری ئایین ڕەهەندێکی نوێی بەکەمینەکردنی دروست کرد. دەستووری کۆماری ئیسلامی ئایینزای شیعەی دوانزە ئیمامی وەک ئایینی فەرمی پەسەند کرد. لە ماددەی ١٣دا تەنیا ئایینەکانی زەردەشتی، جوو و مەسیحی وەک کەمینەی ئایینی ناسێندران. یارسان و بەهایییەکان لە دەرەوەی ئەم ناساندنە مانەوە. ماددەی ١٥ی دەستووری نوێ، زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی جێگر کرد و لە هەمان کاتدا ڕێگەیەکی سنوورداری بۆ بەکارهێنانی زمانی غەیرەفارسی هێشتەوە. ئەگەرچی، ماددەی ١٩ی دەستوور، بەبێ جیاوازیی ڕەگەز، زمان و ئایین یەکسانی لەنێوان خەڵکی ئێراندا ڕادەگەیەنێت.
کۆی ئەم ماددانە شێوەیەکی ئاڵۆز لە ئەندامێتیی سیاسی پیشان دەدەن: یەکسانیی تاکەکەسی ڕادەگەیەنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هیرارشیی ئایینی و زمانی بەردەوامە. بۆ سوننییەکان، بەتایبەتی لە بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بەلووچستان، پەراوێزخستنی نەتەوەیی و ئایینی دەتوانێ تێهەڵکێش بێت. بۆ یارسان و بەهایییەکان، کێشەکە بە جۆرێکی دیکە خۆی نیشان دەدا: لێرەدا باسەکە پەیوەندی بە خودی دانپێدانانی یاسایی، مافی خوێندن، کار و ئازادیی ئایینەکەوە هەیە. ئەم جیاوازییانە پیشان دەدەن کە چارەسەریی بەکەمینەکردن نابێت بۆ یەک فۆرمولە کورت بکرێتەوە.
وانەی ١٩٧٩ ئەوەیە کە دواخستنی پرسەکان ئەم پرسانە بێلایەن ناکات. ئەو هێزەی لە قۆناغی یەکەمدا دەسەڵاتی سەربازی، کارگێڕی و یاسادانان بۆخۆی کۆ دەکاتەوە، لە قۆناغی دواتردا توانایەکی زۆر زیادتری بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی گفتوگۆ هەیە؛ هەڵبەت ئەگەر ئامادەی گفتوگۆ بێ!
پڕۆژەکانی گواستنەوە لە ئێستای ئێراندا: دێموکراسی، سەقامگیری و پرسە دواخراوەکان
گفتوگۆ لەسەر ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەی ڕابردوودا فراوانتر بووە. پڕۆژە و هاوپەیمانییە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرنامەیان بۆ قۆناغی گواستنەوە خستووەتە ڕوو. زۆربەیان باس لەسەر بەردەوامیی دامەزراوەی دەوڵەتی ئێرانی، کۆنترۆڵی ئاسایش و ڕێکخستنی خێرای قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێم دەکەن؛ هەندێکی کەمیان جەخت لەسەر فرەیی، بەشداریکردن و کەمکردنەوەی ناوەندگەرایی دەکەن.
پڕۆژەی پەیوەست بە ڕەزا پەهلەوی یەکێک لە نموونە دیارەکانە. لە ١٤ی خاکەلێوەی ٢٠٢٦، پەهلەوی ڕایگەیاند «سیستەمی گواستنەوە»یەک کە ئەو ڕێبەریەتی، ئامادەیە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەبردنی وڵات بگرێتە دەست و لە کورتترین ماوەدا ڕێکخستن، ئاسایش، ئازادی و بنەمای خۆشگوزەرانی دابین بکات (Pahlavi 2026). هەروەها قۆناغێکی شەش مانگەی بە ناوی دۆخی لەناکاو دیاری دەکات (کە ئەگەری درێژکردنەوەشی هەیە) کە تیایدا کەموکورتییە سەرەتایییەکان چارەسەر دەکرێن و دامەزراوەی یاسایی، سیاسی و ئابووری ڕێک دەخرێنەوە.
لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کێ شێوازی قۆناغی کاتی دیاری دەکات، کامە بڕیار لەو قۆناغەدا دەدرێ، و کام پرسانە بۆ دواتر دوا دەخرێن یان قەدەغە دەکرێن؟
ئەگەر لە قۆناغی سەرەتاییدا سەرکردایەتی، فەرماندەیی هێزی چەکدار، بودجە، کارگێڕی و سنووری دەسەڵاتی ناوخۆیی یەکلا بکرێنەوە، ئەوە ئەم بڕیارانە «کاتی» نین؛ کاتی بەو مانایەی کە هیچ کاریگەرییان لەسەر داهاتوو نەبێ. بەپێچەوانەوە، ئەو بڕیارانە ڕێک شێوازی مەیدانی دانوستانی دەستووری و سیاسیی دواتر دادەڕێژن.
جیاوازیی نێوان مافی تاکەکەسی و ماف و داواکارییە بەکۆمەڵەکان لێرەدا دەبێتە یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی. هێزێکی لیبڕاڵ-ناوەندگەر دەتوانێ بێژێ هەموو تاکێک بەبێ گرنگیدان بە ئایین، زمان و نەتەوە مافی یەکسانی هەیە؛ بۆیە پێویست بە ناساندنی دامەزراوەیی گرووپەکان نییە. ئەم بۆچوونە بنەمایەکی دێموکراتیکی گرنگی هەیە: مافی تاک نابێت بە ناسنامەی گرووپییەوە سنووردار بکرێت.
بەڵام بۆ تاکی کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکی ئازەربایجانی و تورکەمان، نایەکسانی تەنیا لە مامەڵەی تاک بە تاکدا ساز نەبووە. ئەگەر سیستەمی پەروەردە، کارگێڕی، دابەشکردنی بودجە و بڕیاردانی هەرێمی بەشێوەیەکی ناوەندگەرا ڕێک خرابێت، یەکسانیی یاساییی تاک ناتوانێت بە تەنیا ئەو نایەکسانییە دامەزراوەیییە چارەسەر بکات. لە دیدی ئەم هێزانەوە، پرسی دێموکراسی ناچارە فێدراڵیزم، خۆبەڕێوەبەری، مافی زمانی یان شێوە جیاوازەکانی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیش بگرێتەوە.
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەم گفتوگۆیەدا نموونەیەکی بەرچاوە. ئەم هاوپەیمانییە پشتیوانی لە ئێرانێکی سێکولار، دێموکراتیک و فێدراڵ کردووە و بەشداریکردنی نەتەوە و گرووپە جیاوازەکان بە بنەمای سیستەمی داهاتوو دەزانێت. گرنگیی ئەم نموونەیە لەوەدایە کە پێشانی دەدات فێدراڵیزم و دابەشکردنی دەسەڵات لە ماوەیەکی درێژدا بەشێک بوون لە گوتاری ئۆپۆزسیۆنی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەرچەند لە ناوەندی هاوپەیمانییە سەرەکییەکاندا هەمیشە پێگەی یەکسانیان نەبووە.
کۆنگرەی ئازادیی ئێران کە لە ساڵی ٢٠٢٦ لە لەندەن دامەزرا، نموونەیەکی جیاوازە. کۆنگرە خۆی وەک چەترێکی سێکولار، فرەدەنگ و دێموکراتیک پێناسە دەکات، فرەیی و کەمکردنەوەی ناوەندگەرایی دەخاتە ناو بنەماکانی، و ڕەتی دەکاتەوە کە قۆناغی گواستنەوە لە دەوری یەک سەرکردە یان دانوستانی داخراودا ڕێک بخرێت، بەڵام دانپێدانان بە کەمکردنەوەی ناوەندگەرایی کۆتاییی پرسەکە نییە. ئەوەی بۆ نەتەوە یا گرووپە بەکەمینەکراوەکان گرنگە ئەوەیە ئەم بنەمایە لە کرداردا چ مانایەکی دەبێت: ئایا تەنیا بەڕێوەبردنی ناوخۆیی فراوانتر دەکا؟ ئایا دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمی هەیە؟ ئایا پێگەی زمانە غەیرەفارسییەکان دەگۆڕێت؟ داهات و سەرچاوەکان چۆن دابەش دەکرێن؟ ئایا شێوازی دەوڵەت خۆی دەبێتە بابەتی دانوستانی دەستووری؟ ئەم پرسیارانە هێشتا مەیدانی ناکۆکین. لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر، پرسی سەرەکی دانپێدانانە بەسەر نەهێشتنی ناوەندگەرایی و قەبووڵکردنی یەکسانی لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی بەکۆمەڵ. بەواتایەکی دیکە، جیا لە تاکەکان، دەبێت گرووپەکانیش مافی ئەوەیان هەبێت شێوازی ژیانی بەکۆمەڵی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن.
بەکەمینەکراوە ئایینییەکان پرسیاری جیاوازیان هەیە. بۆ یارسان و بەهایییەکان، گواستنەوەی دێموکراتیک نابێت تەنیا بە لابردنی ئایدیۆلۆژیای شیعەی فەرمی کورت بکرێتەوە؛ دەبێت ئەو بەربەستە یاسایی و دامەزراوەیییانەش لاببردرێن کە مافی خوێندن، کار، موڵک و ئازادیی ئایینییان سنووردار کردووە. بۆ سوننییەکان، یەکسانیی مەزهەبی لەناو دەستوور و دامەزراوەکاندا پرسیارێکی بنەڕەتییە.
بۆیە ناکۆکیی سەرەکی لەسەر داهاتووی جوگرافیای سیاسیی ئێران تەنیا ناکۆکی لەسەر ئەوە نییە کێ دوای کۆماری ئیسلامی حوکم دەکات. پرسیارەکە ئەوەشە گواستنەوە دەبێت چ شتێک بگۆڕێت؟ ئەگەر وەڵام تەنیا ڕژێم بێت، پێکهاتەی میراتیی دەوڵەت لەژێر ڕێکخستنێکی سیاسیی نوێدا بەردەوام دەمێنێتەوە. ئەگەر وەڵام پەیوەندییەکانی دەسەڵاتیش بگرێتەوە، ئەوا زمان، ئایین، ناوچە، دابەشکردنی سەرچاوە و شێوازی دەوڵەت دەبنە بەشێک لە خودی گفتوگۆی دێموکراتیک.
سووریای دوای ئەسەد: سازکردنەوەی دەوڵەت و سنووری یەکگرتنەوە
ڕووخانی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠٢٤ سووریای خستە قۆناغێکی گواستنەوەی زۆر ئاڵۆزەوە. چوارده ساڵ شەڕ، ئاوارەبوونی ملوێنان کەس، دەستێوەردانی دەوڵەتانی دەرەکی، فراوانبوونی هێزە چەکدارەکان، گواستنەوەی سیاسییان ڕووبەڕووی کێشەیەکی ڕاستەقینەی سازکردنەوەی دەوڵەت کرد.
کۆنە جیهادییەکی سەر بە تورکیا، ئەحمەد ئەلشەرع ساڵی ٢٠٢٥ لە لایەن تورکیا و ئەمریکاوە وەک سەرۆکی گواستنەوە دیاری کرا و ڕاگەیەندراوی دەستوورێکی کاتی لە هەمان ساڵدا بڵاو کرایەوە. لەو بارودۆخەدا باس لە پێویستیی یەکخستنەوەی دامەزراوەکان و کۆنترۆڵکردنی هێزە چەکدارەکان هاتە ئاراوە. بەڵام هەمان پرۆسە پرسیارێکی دیکەی خستە ڕوو: ئایا «یەکگرتنەوە» دەبێ بە مانای گەڕاندنەوەی هەموو دەسەڵات بۆ دیمەشق بێت؟ لێرەدایە کە ئەلعەلی (Al-Ali 2026) گواستنەوەی سووریا بەزۆر ناوەندگەرایانە وەسف دەکات و سەرنج دەخاتە سەر کۆبوونەوەی دەسەڵاتی فراوان لە دەستی سەرۆکایەتی، لە کاتێکدا میکانیزمە نوێنەرایەتی و دەستوورییەکان هێشتا لاوازن.
عەلەوییەکان دوای ڕووخانی ئەسەد کەوتنە ناو دۆخێکی تایبەت و نوێوە. پێگەی بەشێک لە نوخبەی عەلەوی لە ڕژێمی ئەسەد بە مانای ئەوە نییە هەموو کۆمەڵگای عەلەوی خاوەن دەسەڵاتی یەکسان بوو. دوای ڕووخانی ڕژێم و هەڵگیرسانەوەی توندوتیژی لە ٢٠٢٥ دا نیگەرانی سەبارەت بۆ تۆڵەسەندنەوە و سزای بەکۆمەڵی ساز کرد. لێرەدا گواستنەوە دەتوانێت پێگەی گرووپێک لە پەیوەندیی دەسەڵاتدا بەخێرایی بگۆڕێت. گرووپێک کە لە گوتاری ڕژێمی کۆندا بە دەوڵەتەوە گرێ درابوو، دەتوانێت لە قۆناغی نوێدا خۆی لە پێگەیەکی لەرزۆک و نەپارێزراودا ببینێتەوە.
درووزەکانی سوەیدا هەمان کێشەیان بەشێوەیەکی دیکە هەبوو. درووزەکان ناکۆکییان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی گواستنەوە لەسەر ئاسایش، نوێنەرایەتی و دەسەڵاتی خۆجێیی بۆ دروست بوو. مەسیحی و کۆمەڵگا ئایینییەکانی دیکەش پرسیاریان لەسەر شێوەی حوکمڕانی، پێگەی ئایین و گەرەنتیی پاراستنی مافەکانیان هەیە. بۆ ئەم گرووپانە ڕەنگە زۆر کات گەرەنتیی یاسایی، پاراستن لە توندوتیژی، نوێنەرایەتی و سەربەخۆییی دامەزراوەیی لە وەدەستهێنانی سەروەری لەسەر خاک گرنگتر بن.
کەیسی کورد لە سووریا بەڕوونترین شێوە پەیوەندیی نێوان لاوازبوونی ناوەند و دەرفەتی سیاسی پیشان دەدات. لە ماوەی شەڕدا، بە پاشەکشەی دەسەڵاتی دیمەشق لە بەشێکی زۆری ڕۆژاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دامەزراوە سیاسی، کارگێڕی و ئەمنییەکانی گەشەیان کرد. ئەم دامەزراوانە لە دۆخێکدا دروست بوون کە دەوڵەتی ناوەندی توانای پێشووی بۆ کۆنترۆڵی ناوچەکەی لەدەست دابوو. لاوازبوونی ناوەند دەرفەتێکی نوێی بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆجێیی ڕەخساند.
دوای ڕووخانی ئەسەد، ئامانجی سەرەکیی دەوڵەتی بەناو کاتی یەکخستنەوەی دەسەڵاتی ڕۆژاوای کوردستان لەگەڵ دامەزراوە سەرانسەرییەکان بوو. ڕێککەوتنەکانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ بەردەوام هێزی سەربازی، ئاسایشی و کارگێڕیی کوردیان بەرەو لاوازی برد. تا لە ٢٠٢٦، مەزلووم عەبدی ڕایگەیاند پڕۆسەی یەکخستنی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکان تەواو بووە و قۆناغی دواتر دەبێت جێگیرکردنی مافەکان لە دەستووردا بێت.
ڕیزبەندیی ئەم دوو هەنگاوە بۆ شیکردنەوەکە گرنگە. یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان پێش ئەوەی گەرەنتیی دەستووری لەسەر دەسەڵاتی ناوخۆیی و مافی کورد یەکلا بکرێنەوە، بە پێشکەوتن پێناسە کرا. لە دیدی دیمەشقەوە، ئەمە گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکپارچەییی دامەزراوەیییە. لە دیدی هێزێکی کوردییەوە، پرسیارێکی دیکە هەیە: ئەگەر ئامرازە سەربازی و کارگێڕییەکانی دانوستان پێش وەدەستهێنانی گەرەنتیی کۆتایی لەدەست بدرێن، هاوسەنگیی هێزی دانوستان چۆن دەگۆڕێت؟ پاش بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاوا و وەرگرتنی چەند پۆست لە حکوومەتی کاتیدا، هەواڵی تاکزمانیکردنەوەی پەروەردە لە سووریا جارێکی دیکە کەوتە ڕۆژەڤەوە. ئەمە بەڕوونی دەری دەخات بەکەمینەکراوەکان ئەگەر زۆر بەوریایییەوە لەگەڵ هێزە سەردەستەکان مامەڵە نەکەن، زۆر بەئاسانی دەتوانن دەرفەتە زێڕینەکان لەدەست بدەن. «یەکخستنەوە» نابێت بەشێوەیەکی خۆبەخۆ هاوتای کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵات لە دیمەشق بێت. ئەگەر سەقامگیری پێش گفتوگۆی دەستووری، یەکسانی ناوەندگەرایی بکرێ، قۆناغی کاتی دەتوانێت پێشوەختە پێکهاتەی دەوڵەتی داهاتوو یەکلایی بکاتەوە.
عێراق: گۆڕینی پێکهاتەی دەوڵەت و سنوورەکانی بەشداریکردنی فەرمی
عێراقی دوای ٢٠٠٣ لە ڕووی پێکهاتەی دامەزراوەیییەوە تاڕادەیەکی زۆر بەپێچەوانەی کەیسی سووریا بوو. لە عێراق نەک هەر ڕژێمی بەعس لە دەسەڵات نەکەوت؛ بەڵکو ئەو شێوە ناوەندگەرایییەی دەوڵەتیش کە لەژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا بەهێز کرابوو، لە دەستووری ٢٠٠٥دا بەشێوەیەکی گرنگ گۆڕدرا. فێدراڵیزم بەفەرمی ناسرا، هەرێمی کوردستان پێگەی دەستووری بەدەست هێنا و هێزە سیاسییە شیعەکان لە پێگەی پەراوێزی پێشووەوە بوون بە بەشێکی سەرەکیی دەسەڵاتی ناوەندی. بەم مانایە، عێراق نموونەیەکی گرنگە لەوەی گواستنەوە دەتوانێت لە گۆڕینی حوکمڕان تێپەڕێت و خودی شێوەی دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێت.
ڕووخانی ناوەندی بەعس دەرفەتێکی زۆر گەورەی ڕەخساند. شیعەکان توانایان بەدەست هێنا و پشتئەستوور بە زۆرینەی دیمۆگرافیی خۆیان، گەلێک بەهێزتر لە حکوومەتدا بەشدار بوون. کوردەکان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیان لە ڕێگەی پێگەی دەستووریی نوێوە جێگیر کرد. ئەو گۆڕانانە ل ژێر دەوڵەتی بەهێزی بەعسدا نامومکین بوون.
بەڵام ئەزموونی عێراق هەمان کات ئاگادارکردنەوەیەکی گرنگە دژ بە هەر تێگەیشتنێکی سادە لە فێدراڵیزم و هاوبەشکردنی دەسەڵات. دوج (Dodge 2020) سیستەمی عێراقی دوای ٢٠٠٥ بەشێوەیەک لە هاوبەشکردنی نافەرمیی دەسەڵات وەسف دەکات کە دابەشکردنی پۆست لەنێوان بلۆکە ئیتنۆ-مەزهەبییەکاندایە کە لەگەڵ پاتڕۆناژ، گەندەڵی و دەسەڵاتی حیزبەکان تێکەڵ بووە. بەشداریی نوخبەی گرووپێک خۆی لەخۆیدا بە مانای بەشداریی هەموو ئەندامانی ئەو گرووپە نییە.
هاوکات فێدراڵیزم کۆتایی بە ململانێی نێوان بەغدا و هەولێریش نەهێنا. ناوچە دابڕێندراوەکان، نەوت، بودجە و سنووری دەسەڵاتی دادگای فێدراڵی بەردەوام سەرچاوەی ناکۆکی بوون. ئەمە نە بەڵگەی شکستی بنەڕەتیی فێدراڵیزمە و نە بەڵگەی باشتربوونی ناوەندگەرایی. بەڵکو پێمان دەڵێ کە پێکهاتەی دامەزراوەیی بەبێ یاسای ڕوون، دابەشکردنی باوەڕپێکراوی داهات و دادوەریی سەربەخۆ ناتوانن ململانێی سەروەری چارەسەر بکەن.
دۆخی ئێزدی، مەسیحی و کۆمەڵگا بچووکترەکانی دیکە سنوورێکی دیکەی بەشداریکردنی فەرمی پیشان دەدات. دەستووری عێراق فرەییی کۆمەڵگای عێراقی پەسەند کرد و ژمارەیەک میکانیزمی نوێنەرایەتی بۆ گرووپەکان دانا، بەڵام دەوڵەت لە کاتی هێرشی داعشدا نەیتوانی ئێزدییەکان بپارێزێ. ئەزموونی خەڵکی شنگال و دەشتی نەینەوا دەریدەخەن کە مافی نووسراو، ئەگەر بە توانای دامەزراوەیی و ئاسایشەوە نەبەسترێتەوە، دەتوانێت زۆر لاواز بێت.
ئەزموونی عێراق چەند وانەیەکمان پێ دەڵێت: یەکەم، لاوازبوونی ناوەند دەتوانێ پێکهاتەیەکی پێشتر داخراوی دەسەڵات بکاتەوە و بۆ گرووپە بەکەمینەکراوەکان دەرفەتی گەورە دروست بکات. دووەم، گۆڕینی دامەزراوەیی خۆی لە خۆیدا گەرەنتیی بەشداریکردنی دێموکراتیک ناکات. سێیەم، شکست یان کێشەی مۆدێلێکی فێدراڵ نابێت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەک بەڵگە بۆ ئەو بانگەشەیە کە ناوەندگەرایی پێکهاتەیەکی بێلایەنتر یان دێموکراتیکترە بەکار بهێندرێت. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، فێدراڵیزم دەتوانێ بەستێنێکی لەبار بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن بەکەمینەکراوە نەتەوەیییەکانەوە پێک بهێنێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی وەک پرسی کورددا ڕێگەچارەی کۆتاییی پرسی نەتەوەیی گرێدراوی سەرەوەیی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆیە.
میسر: کرانەوە، ناساندن و گەڕانەوەی ناوەند
ڕاپەڕینی ٢٠١١ی میسر ساتێکی دەگمەنی لە کرانەوەی سیاسیدا دروست کرد. ڕووخانی ڕژیمی حوسنی موبارەک دەرفەتی بە هێزە سیاسی، ڕێکخراوە مەدەنی و گرووپە پێشتر پەراوێزخراوەکان دا تا لە بیاڤی گشتیدا بەشێوەیەکی ئاشکراتر چالاک بن. بەڵام سوپا، وەک یەکێک لە بەهێزترین دامەزراوەکانی دەوڵەتی پێشوو، بەشێکی زۆر لە توانای ڕێکخراوەییی خۆی پاراست.
لە میسر میراتی دامەزراوەییی سوپا کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر گواستنەوەی سیاسی داناوە (Grewal 2023). دوای ماوەیەک هەڵبژاردن و ململانێی سیاسی، کودەتای ٢٠١٣ جارێکی دیکە مەیدانی سیاسی داخستەوە. دواتر بەئەمنیکردنی چالاکییەکانی حیزبی ئیخوانولموسلمین وەک پاساوێک بۆ مەشرووعییەتپێدان بە سەرکوتی بەرفراوان بەکار هێنرا (Pratt and Rezk 2019). کەیسی میسر پێمان دەڵێت کە هێزێکی دامەزراوەیی دەتوانێت لە قۆناغی نادڵنیاییدا بە مەبەستی دووبارە پێناسەکردنەوەی سەقامگیری بەشێوەیەک کە مەشرووعییەت بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی خۆی بدات، بەکار بهێنرێت. لەو گوتارەدا، «سەقامگیری» بە مانای کۆتاییهێنان بە مەیدانی ناکۆکیی سیاسییە.
قبتییەکان لەم قۆناغەدا ئەزموونێکی ئاڵۆزیان هەبوو. قبتییەکان پێش ٢٠١١یش پەراوێزخستنی سیاسی و نیگەرانیی ئاسایشییان هەبوو (Mogib 2012). کرانەوەی شۆڕش دەرفەتی زیادتری بۆ خستنەڕووی داواکارییەکانی یەکسانیی هاووڵاتی، پاراستن لە توندوتیژیی مەزهەبی و بەشداریی سیاسی دروست کرد. بەڵام دۆخی قبتییەکان هاوکات دوودڵییەکی گرنگ نیشان دەدات. لە کۆمەڵگایەکدا کە توندوتیژیی مەزهەبی هەیە، دەوڵەتی بەهێز دەتوانێت وەک پارێزەرێکی ئاسایشی دەربکەوێت، بەڵام ئەگەر هەمان دەوڵەت مەیدانی سیاسی دابخات، پاراستنی ئاسایش بە نرخی کەمکردنەوەی سەربەخۆییی سیاسی دێت.
نوبییەکان ڕەهەندێکی دیکەمان بۆ دەردەخەن. لە قۆناغی دوای ٢٠١١، چالاکانی نوبی توانیان داوای گەڕانەوە بۆ خاکی لەمێژینەی خۆیان و ناساندنی ناسنامەیان بەشێوەیەکی بەهێزتر بخەنە ناو گوتاری سەراسەرییەوە. ئەم جووڵانەوەیە کاریگەریی لەسەر دەستووری ٢٠١٤ دانا و مافی گەڕانەوەی نوبییەکانی لەلایەن دەستوورەوە پەسەند کرا (Janmyr 2016). ئەمە دەستکەوتێکی ڕاستەقینە بوو، بەڵام جیاوازیی نێوان «ناساندن» و «توانای جێبەجێکردن» زوو دەرکەوت. کاتێک دەسەڵاتی سیاسی و ئەمنی دووبارە لە ناوەند کۆ بووەوە، توانای جووڵانەوەکان بۆ فشار لەپێناوی جێبەجێکردنی مافەکان کەم بووەوە. بەم مانایە، میسر نموونەیەکی ڕوون لە «دانپێدانان بەبێ دەسەڵاتی کاریگەر» پیشان دەدات.
دۆخی میسر هەروەها وەبیرمان دەهێنێتەوە کە هەموو کێشەکانی بەکەمینەکراوەکان لەڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵاتی هەرێمییەوە چارەسەر ناکرێت. بۆ قبتییەکان، یەکسانیی یاسایی، پاراستن لە توندوتیژی و ئازادیی ئایینی بنەڕەتین. بۆ نوبییەکان، خاک، گەڕانەوە و ناساندنی مێژوویی گرنگترن. بۆیە ئەو بنەمایانەی دەبێ لە کەیسە جیاکاندا بەراورد بکرێن، یەک مۆدێلی دامەزراوەیی نییە؛ بەڵکو لە کۆتاییدا توانای گرووپەکان بۆ کاریگەریدانان لەسەر بڕیارانەکانە کە پێگەیان دیاری دەکەن.
شیکردنەوەی بەراوردی: چوار میکانیزمی گواستنەوە بەبێ بەشداریکردن
ئێران، سووریا، عێراق و میسر ڕێڕەوی مێژوویی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی زۆر جیاوازیان هەیە. لە ئێران شۆڕشێکی ناوخۆیی ڕژێمی پاشایەتی گۆڕی. لە عێراق هێرشی دەرەکی ڕژێمی بەعسی ڕووخاند. لە میسر ڕاپەڕینێکی جەماوەری پاش ماوەیەکی کورت بە گەڕانەوەی حوکمڕانیی سەربازی گەیشت. لە سووریا شەڕێکی درێژخایەن و ڕووخانی ڕژێم پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی سازکردنەوەی دەوڵەتی دروست کرد.
هەر بەم هۆیە، وێکچوونەکان بە مانای یەکسانیی کەیسەکان نین، بەڵام بەراوردەکە چوار میکانیزمی وێکچوو پیشان دەدەنەوە کە یارمەتیمان دەدەن لەوە تێبگەین چۆن سیستەمی گواستنەوەی سیاسی دەتوانێ بۆ گرووپە بەکەمینەکراوەکان هەر سنووردار بمێنێتەوە.
١. سروشتی پیشاندانەوەی پێکهاتەی میراتی دەوڵەت
یەکەم میکانیزم ئەوەیە کە هەندێک تایبەتمەندیی دەوڵەتی پێشوو وەک بنەمایەکی بێلایەن و سروشتی گواستنەوە پیشان دەدرێنەوە. ڕژێم دەتوانێ بگۆڕدرێ، بەڵام ناوەندگەرایی، پێگەی زمان، سنووری دەسەڵاتی هەرێمی و چۆنیەتیی دابەشکردنی سەرچاوە لە گفتوگۆکان دوور دەخرێنەوە.
ئەمە لە ئێراندا بەڕوونی دیارە. هێزە سیاسییەکان دەتوانن لەسەر پاشایەتی و کۆماری، سێکۆلاریزم و ئایین، یان ڕۆڵی سەرۆک و پەرلەمان لەگەڵ یەک ناکۆک بن و هاوکات لەسەر شێوازێکی ناوەندگەرا لە دەوڵەت هاوڕا بن. لەو کاتەدا ناوەندگەرایی وەک «دۆخی ئاسایی» مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و فێدراڵیزم یان خۆبەڕێوەبەری دەبنە هەڵبژاردەیەک کە تەنیا کەمینەیەک باسی لێ دەکەن. لە سووریایش هەمان داینەمیک دەتوانێت لە ڕێگەی زمانی «یەکخستنەوەی دەوڵەت» کار بکات. یەکگرتنەوەی دامەزراوەکان پێویستە، بەڵام ئەگەر یەکگرتن تەنیا بەوە پێناسە بکرێت کە هەموو دەسەڵات بگەڕێتەوە دیمەشق، مۆدێلێکی دیاریکراوی سیاسی بە زمانی پێویستیی تەکنیکی پێناسە کراوە.
٢. «سەرەتا سەقامگیری»: سیاسەتی دواخستن و قەدەغەکردن
دووەمین میکانیزم پەیوەندی بە کاتەوە هەیە. پرسی گرووپە بەکەمینەکراوەکان زۆرجار بەڕاشکاوی ڕەت ناکرێنەوە؛ بەڵکو دەگوترێ «ئێستا کاتیان نییە». داواکاریی زمان، فێدراڵیزم، خۆبەڕێوەبەری، گەڕانەوەی خاک، سەروەریی هاوبەش، پێگەی ئایین یان دابەشکردنی داهات دەخرێتە قۆناغی دوای سەقامگیرییەوە.
ئەم دواخستنە بێلایەن نییە. ئەگەر قۆناغی سەرەتایی بە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی، دارایی و کارگێڕی لە ناوەند کۆتایی بێت، ئەو هێزانەی پێشتر دەرفەتیان بۆ دانوستان هەبوو، لە قۆناغی دواتردا لە پێگەیەکی لاوازترەوە دەست پێ دەکەن. «دواتر» لەناو هاوسەنگیی هێزێکی نوێدا دێت. لە ئێرانی ١٩٧٩دا کۆکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی شۆڕشگێڕ پێش یەکلاکردنەوەی زۆرێک لە داواکارییە ناوچەیییەکان ڕووی دا. لە سووریای ٢٠٢٥–٢٠٢٦دا یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان پێش جێگیرکردنی کۆتاییی مافە دەستوورییەکان ڕێک خرا. لە میسر سوپا لە قۆناغی گواستنەوەدا توانای دامەزراوەییی خۆی پاراست و دواتر توانای داخستنی مەیدانی سیاسی هەبوو.
٣. بەئەمنیکردن
سێیەمین میکانیزم گۆڕینی داواکاریی سیاسی بۆ پرسی ئاسایشە. هەندێک داواکاری لەجیاتی ئەوەی وەک هەڵبژاردەیەکی سیاسی یا دەستووری تاوتوێ بکرێن، وەک مەترسی بۆ یەکگرتوویی، ئاسایش یان مانەوەی دەوڵەت پیشان دەدرێن.
لە ئێران، «جیابوونەوەخواز» یەکێک لەو ناوانەیە کە بە بەردەوامی بەکار دێ تا داواکارییە نەتەوەیییەکان وەک مەترسییەک بۆ یەکگرتووییی وڵاتی ئێران پێناسە بکرێ (Elling 2008). لەم ڕوانگەوە، لایەنی داواکەر ناچار دەبێت پێش ئەوەی لەسەر ناوەڕۆکی داواکارییەکە قسە بکات، سەرەتا «دڵسۆزی»ی خۆی بۆ دەوڵەتی ئێرانی بسەلمێنێت. خودی بیانووی «جیابوونەوە» بە مانای ڕەتکردنەوەی بەشێکی گرنگی مافە بەکۆمەڵەکانی گرووپە بەکەمینەکراوەکانە. ئەو کۆمەڵە خەڵکە بەکەمینەکراوە دەبێ بڕیاڕ لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، نەک دەسەڵاتێکی کۆلۆنیال لەجیاتی ئەوان بڕیادەر بێ. بۆیە کاتێک بە بیانووی جیابوونەوە، پرسەکان بەئەمنییەتی دەکرێن، لایەنی سەردەست پێش هەموو شتێک ڕەتی دەکاتەوە کە پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات دەگۆڕدرێن.
لە میسر، ئەمنیکردنی ئیخوانولموسلمین مەیدانی گوتاری سیاسی تەسک کردەوە. لە سووریا، داواکارییەکانی کورد و درووزییەکان لەژێر ناوی یەکخستنەوە و ئاسایشدا وەک گرفت بۆ توانای دەوڵەت پێناسە دەکران. میکانیزمەکە لە هەموو کەیسەکاندا یەکسان نییە، بەڵام ئەنجامێکی هاوشێوەی هەیە: مەیدانی گفتوگۆی سیاسی سنووردار دەبێت.
٤. دانپێدانان بەبێ دەسەڵاتی کاریگەر
چوارەمین میکانیزم ئەوەیە کە دەوڵەت جیاوازی بە فەرمی بناسێت، بەڵام ئەو ناساندنە بە توانای سیاسییەوە نەبەستێتەوە. دانپێدانان بە زمان، ئایین و ناسنامە گرینگە، بەڵام بە تەنیا نایەکسانیی دامەزراوەیی هەڵناوەشێنێتەوە.
لە دەستووری ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، ماددەی ١٥ی دەستوور نموونەیەکی ڕوونی ئەوەیە کە دانپێدانان بە جیاوازیی زمانی دەتوانێت لەناو هەمان دەقێکی یاساییدا لەگەڵ هیرارشیی زمانی پێکەوە هەبێت. ئەو دەستوورە زمانی فارسی بە «زمان و نووسینی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران» دەناسێنێت و بەکارهێنانی لە بەڵگە و نامە و دەقە فەرمییەکان و کتێبەکانی خوێندندا دەسەپێنێت؛ لە بەرانبەردا، زمانە نافارسەکان بە «زمانە ناوچەیی و عەشیرەتییەکان» پۆلێن دەکات و تەنیا ڕێگە بە بەکارهێنانیان لە ڕۆژنامە و میدیای گشتی و فێرکردنی ئەدەبیاتەکەیان لە قوتابخانە دەدات (Islamic Republic of Iran 1979/1989, Art. 15). لێرەدا نایەکسانی تەنیا لە جێبەجێکردنی ماددەکەدا نییە؛ بەڵکو لە خودی پێکهاتەی یاسایییەکەدا جێگر بووە. فارسی وەک زمانی دەوڵەت، کارگێڕی، پەروەردە و پەیوەندیی هاوبەشی نیشتمانی پێناسە دەکرێت، بەڵام کوردی، تورکی ئازەربایجانی، عەرەبی، بەلووچی وەک زمان و لەهجەی «ناوچەیی» یان «عەشیرەتی» پۆلێن دەکرێن.
بەم پۆلێنە، فارسی پێگەی زمانێکی سەرتاسەری و خاوەن دەسەڵاتی گشتی وەردەگرێت، لە کاتێکدا زمانە غەیرەفارسییەکان بە شوێن، کۆمەڵگا و بوارێکی سنووردارەوە گرێ دەدرێن. کێشەکە بۆیە تەنیا ئەوە نییە کە زمانە غەیرەفارسییەکان «ڕێگەپێدراون» یان نا؛ پرسیارەکە ئەوەیە کام زمان مافی ئەوەی هەیە زمانی دەوڵەت، یاسا، پەروەردە و بڕیاردانی گشتی بێت و کام زمان تەنیا لە بوارێکی کولتووری و ناوچەییدا ڕێگەی پێ دەدرێت. لەم ڕوانگەیەوە، ماددەی ١٥ جیاوازیی زمانی پەسەند دەکا، بەڵام ڕێگە بە یەکسانیی زمانی لە دامەزراوەکاندا نادات؛ لە ئاکامی ئەم شێوازەدا لەنێوان زمانێکی «فەرمی و هاوبەش» و زمانەکانی «ناوچەیی و عەشیرەتی» هیرارشییەک دروست دەبێ. ئەم جیاوازییە بۆ ئارگومێنتی گواستنەوە گرنگە، چونکە دەریدەخات گۆڕینی ڕژێم یان تەنانەت بەفەرمیناسینی فرەیی بەتەنیا بەس نییە؛ گواستنەوەیەکی بەشداریکەرانە دەبێت بپرسێت ئایا ئەو هیرارشییە یاسایی و دامەزراوەیییەی نێوان زمانەکان خۆیشی دەبێتە بابەتی گفتوگۆ و گۆڕان یان تەنیا لەژێر سیستەمێکی سیاسیی نوێدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە.
لە میسر، مافی نوبییەکان لە دەستووردا دانی پێدانرا، بەڵام جێبەجێکردن پەیوەست بوو بە دامەزراوەیەکی زۆر ناوەندگەرا. لە عێراق، کورسیی تەرخانکراو بۆ کەمینەکان دەتوانێ هەبێت، بەڵام ئەم نوێنەرایەتییە زۆربەی کات گرێدراوی حیزبە باڵادەستەکان دەبێ و لە مەبەستی سەرەکی دوور دەکەوێتەوە.
ئەم چوار میکانیزمە پێکەوە چەمکی «گواستنەوە بەبێ بەشداریکردن» ڕوونتر دەکەنەوە. گواستنەوەکە لەوانەیە ڕاستەقینە بێت: هەڵبژاردن هەبێت، مافی تاک فراوان بێت، میدیا ئازادتر بێت و ڕژێمی کۆن لەناوچوو بێت. بەڵام ئەگەر گرووپە پێشتر پەراوێزخراوەکان نەتوانن لە داڕشتنی ئەو یاسایانەدا بەشداری بن کە دەسەڵات دابەش دەکەن و ئەگەر بەکەمینەکراوەکان نەتوانن مافە بەکۆمەڵەکانیان وەدی بهێنن، گواستنەوەکە لە ڕووی ئەوانەوە هێشتا سنووردارە.
کۆتایی: گواستنەوە وەک ململانێ لەسەر خودی مانای دێموکراسی
ئەم وتارە لە پرسیارێکی سادەوە دەستی پێ کرد: گواستنەوەی دێموکراتیک بۆ کێ؟ بەراوردی ئێران، سووریا، عێراق و میسر دەریدەخات کە ناتوانرێت تەنیا لە ڕێگەی هەڵبژاردن، گۆڕینی ڕژێم یان نووسینەوەی دەستوورەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە.
گواستنەوە بۆ هێزە سەردەستەکان زۆرجار بە مانای کۆتاییهێنان بە ڕژێمی کۆن و دامەزراندنەوەی دەوڵەتێکی کاریگەر دێت. لەو ڕوانگەوە، لاوازبوونی ناوەند ساتێکی مەترسیدارە. پەراوێزی دەوڵەت دەتوانێت بچێتە دەرەوەی کۆنترۆڵ، توندوتیژی زیاد ببێت، هێزی دەرەکی دەستێوەردان بکات و خزمەتگوزاری تێک بچێت، بۆیە گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە پێشینەکانی هەر گواستنەوەیەکی بەرپرسانەیە.
بۆ گرووپە بەکەمینەکراوەکان، هەمان سات دەتوانێت واتایەکی دیکەی هەبێت. ئەوان لەوانەیە لە دۆخی ئاساییدا لەبەردەم دەوڵەتێکی جێگیر و بەهێز توانایەکی کەمیان بۆ گۆڕینی پێکهاتەی دامەزراوەیی هەبێت. کاتێک ناوەند لاواز دەبێت، سنووری ئەوەی دەتوانرێت لەسەری گفتوگۆ بکرێت، فراوانتر دەبێت. داواکارییەک کە پێشتر بەئاسانی سەرکوت دەکرا، دەتوانێت ببێتە بەشێک لە ئەجێندای دەستووری. ڕێکخراوەیەکی پێشتر قەدەغەکراو دەتوانێت نوێنەرایەتیی خەڵک بکات. ناوچەیەک دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەدەستەوە بگرێت. گرووپێکی ئایینی دەتوانێت مافی یەکسانی خۆی بە دەنگێکی بەرزتر داوا بکات.
لەم ڕوانگەیەوە، ناکۆکی لەسەر گواستنەوە ناکۆکییەکە لەسەر خودی کات. بۆ هێزی سەردەست، ساتی لاوازیی ناوەند دەبێت کورت بکرێتەوە. بۆ هێزێکی بەکەمینەکراو، هەمان سات ڕەنگە تاکە دەرفەتی ڕاستەقینە بێت بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکی درێژخایەنی دەسەڵات. لەبەر ئەوە، «سەرەتا سەقامگیری» نابێت وەک بڕیارێکی تەنیا تەکنیکی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
کێشەکە لە خودی سەقامگیرییەوە نایەت. کێشە لەوەدایە کە سەقامگیری چۆن پێناسە دەکرێ و کێ مافی دیاریکردنی پێناسەکەی هەیە. ئەگەر سەقامگیری بە مانای گەڕاندنەوەی هەموو دەسەڵاتی سەربازی، دارایی و کارگێڕی بۆ ناوەند بێت و هەموو پرسەکانی دابەشکردنی دەسەڵات بۆ دواتر دابنرێن، ئەوە قۆناغی سەرەتایی پێشوەختە بەشێکی گەورە لە ئەنجامی گفتوگۆی دواتری دیاری کردووە.
ئێرانی ١٩٧٩ ئەم مەترسییە بەشێوەیەکی ڕوون پیشان دەدا. ڕووخانی شا دەرفەتێکی باشی بۆ گرووپە جیاوازەکان خوڵقاند. بەڵام دەوڵەتی نوێ بەخێرایی بەرەو چڕکردنەوەی دەسەڵات کە ناوەند هەنگاوی نا و زۆربەی ڕەهای پرسە بەکۆمەڵ و تەنانەت تاکەکەسییەکانیشی لەژێر گوتاری ئاسایش و یەکگرتووییدا خستە پەراوێزەوە، و لە ڕێگەی بەئەمنیکردنەوە ڕێگەی بۆ سەرکوتکردنیان خۆش کرد. لە هەمان کاتدا دەستووری نوێ جۆرێکی تازە لە هیرارشیی نەتەوەیی-ئایینی جێگیر کرد.
ئەم مێژووە بۆ گواستنەوەی ئەمڕۆی ئێران گرنگە. وانەکە ئەوەیە قۆناغی کاتی، پەراوێزی مێژوو نییە؛ خۆی شوێنی دروستبوونی سیستەمی داهاتووە. ئەگەر گرووپە بەکەمینەکراوەکان بەڕاستی دەیانهەوێت لە ئەزموونی ١٩٧٩ فێر ببن، پێویستە تەنیا بە پلانی باشتر بۆ ئاسایش و ئابووری نەوەستن. دەبێت میکانیزمێک هەبێت کە لە سەرەتای باسکردن لە گواستنەوەوە دەنگی کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکی ئازەربایجانی، تورکەمان، سوننی، یارسانی، بەهایی و گرووپەکانی دیکە بخاتە ناو ئەو بڕیارانەی پێکهاتەی داهاتووی دەوڵەت دادەڕێژن.
ئەمە بە مانای ئەوە نییە هەموو ئەم گرووپانە یەک داواکارییان هەیە. بەپێچەوانەوە، گواستنەوەی بەشداریکەرانە دەبێت دان بە جیاوازییەکاندا بنێت. داواکارییەکانی بەهایییەکان لە مافی ئایینی و یەکسانیی یاسایییەوە دەست پێ دەکات؛ داواکارییەکانی زۆرێک لە هێزە نەتەوەیییەکان پەیوەندی بە دەسەڵات و سەروەریی سیاسییەوە هەیە؛ بۆ سوننییەکان پێگەی یەکسانی مەزهەبی گرنگە؛ بۆ ناوچە هەژار و پەراوێزخراوەکان دابەشکردنی سەرچاوە و گەشەپێدان پرسی سەرەکییە.
ئەزموونی سووریا پێمان دەڵێت کە لە دوای شەڕدا «یەکگرتنەوە» یان «ئەنتگراسیۆن» دەتوانێت بەئاسانی ببێتە ناوێکی دیکەی ناوەندگەرایی. ئەزموونی عێراق پێشانمان دەدات کە گۆڕینی پێکهاتەی دەوڵەت مومکینە، بەڵام هەمان ئەزموون دەریشی دەخات کە پێکهاتەی فێدراڵ خۆی لەخۆیدا گەرەنتیی بەشداریکردنی دێموکراتیک ناکات. نوخبەکان و ئەو گرووپانەی ساڵانێکە دەسەڵاتیان بەدەستە دەتوانن دامەزراوەکان دەستبەسەر بکەن، کەمینە بچووکترەکان دەتوانن لەناو هەرێمەکاندا پەراوێز بخرێن و ناکۆکیی داهات و سەروەری دەتوانێت بەردەوام بێت.
گواستنەوەی سیاسیی میسر پێشانمان دەدات کە کرانەوەی سیاسی و دانپێدانانی دەستووری ئەگەر لەلایەن توانای دامەزراوەیی پشتگیری نەکرێن، دەتوانن زوو سنووردار بکرێنەوە. مافی نوبییەکان لە دەستووردا گرنگە، بەڵام بەبێ توانای کاریگەریدانان لەسەر جێبەجێکردن بایەخی خۆی لەدەست دەدات.
لە هەموو ئەم کەیسانەدا، جیاوازیی بنەڕەتی لەنێوان بەشداریکردن لە سیستەم و بەشداریکردن لە داڕشتنی سیستەمدایە. گواستنەوەیەک دەتوانێت بە گرووپێک مافی دەنگدان، کاندیدبوون و نوێنەرایەتی بدات، بەڵام ئەگەر پێشتر بڕیاری لەسەر شێوازی دەوڵەت، پێگەی زمان، دابەشکردنی دەسەڵات و سنووری مافی گرووپەکان دابێت، ئەو گرووپە تەنیا بانگهێشت کراوە بچێتە ناو یارییەک کە یاساکانی پێشتر لە لایەن کەسانی دیکەوە دەستنیشان کراون. بۆیە پێوانەی قووڵتری گواستنەوەی دێموکراتیک تەنیا ئەوە نییە ئایا ڕژێمی نوێ هەڵبژێردراوە. دەبێت بپرسین ئایا ئەو خەڵکانەی لە مێژوودا لە پرۆسەی بڕیارداندا پەراوێز خراون، لە قۆناغی گواستنەوەدا توانای کاریگەریدانان لەسەر بنەماکانی سیستەمی نوێیان هەیە یان نا. ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت، گواستنەوە دەتوانێت لە ڕووی ڕژێمەوە گۆڕانێکی گەورە بێت و لە ڕووی پەیوەندیی دەسەڵاتەوە بەردەوامییەکی قووڵ. ئەمەیش دەبێتە ئەو دیاردەیەی ناومان لێ ناوە «گواستنەوە بەبێ بەشداریکردن».
لە کۆتاییدا، دێموکراسی تەنیا ئەوە نییە کێ حوکم دەکات؛ بەڵکو بەو مانایەش دێ کە کێ مافی ئەوەی هەیە بڕیار بدا، دەسەڵات چۆن ڕێک دەخرێ، چۆن دابەش دەکرێ و سنووری دەسەڵاتی هەر لایەنێک لە کوێدایە. بۆ خەڵکی بەکەمینەکراو، ئەم پرسیارانە نەک هەر پاشکۆی گواستنەوە سیاسییەکان نین، بەڵکو خودی گواستنەوەکانن.
سەرچاوەکان:
Al-Ali, Z. (2026) Syria at a Crossroads: Enhancing Inclusiveness in a Highly Centralized Political Transition. Stockholm: International IDEA. https://doi.org/10.31752/81713.
Brownlee, J., Masoud, T. and Reynolds, A. (2015) The Arab Spring: Pathways of Repression and Reform. Oxford: Oxford University Press.
Cabi, M. (2020) ‘The roots and the consequences of the 1979 Iranian revolution: A Kurdish perspective’, Middle Eastern Studies, 56(3), pp. 339–358. https://doi.org/10.1080/00263206.2020.1722651.
Carothers, T. (2002) ‘The end of the transition paradigm’, Journal of Democracy, 13(1), pp. 5–21.
Dodge, T. (2020) ‘Iraq’s informal consociationalism and its problems’, Studies in Ethnicity and Nationalism, 20(2), pp. 145–152.
Elling, R. C. (2008) ‘State of mind, state of order: Reactions to ethnic unrest in the Islamic Republic of Iran’, Studies in Ethnicity and Nationalism, 8(3), pp. 481–501.
Grewal, S. (2023) Soldiers of Democracy? Military Legacies and the Arab Spring. Oxford: Oxford University Press.
Hassaniyan, A. (2021) Kurdish Politics in Iran: Crossborder Interactions and Mobilisation since 1947. Cambridge: Cambridge University Press.
House of Commons Library (2026) Syria in 2026: Interim Government and Kurdish Integration. Research Briefing CBP-10430, 2 September.
Iran Freedom Congress (2026) Iran Freedom Congress: A Congress on Iran’s Transition and Shared Responsibility.
Iran Prosperity Project (2026) About the Project: Emergency Phase.
Islamic Republic of Iran (1979/1989) Constitution of the Islamic Republic of Iran, arts 12, 13, 15 and 19.
Janmyr, M. (2016) ‘Nubians in contemporary Egypt: Mobilizing return to ancestral lands’, Middle East Critique, 25(2), pp. 127–146.
Lijphart, A. (2004) ‘Constitutional design for divided societies’, Journal of Democracy, 15(2), pp. 96–109.
Linz, J. J. and Stepan, A. (1996) Problems of Democratic Transition and Consolidation: Southern Europe, South America, and Post-Communist Europe. Baltimore: Johns Hopkins University Press.
Mogib, M. (2012) ‘Copts in Egypt and their demands: Between inclusion and exclusion’, Contemporary Arab Affairs, 5(4), pp. 535–555.
Pahlavi, R. (2026) ‘Announcing the Plan to Govern the Country Under the Transition System’, 14 March.
Pratt, N. and Rezk, D. (2019) ‘Securitizing the Muslim Brotherhood: State violence and authoritarianism in Egypt after the Arab Spring’, Security Dialogue, 50(3), pp. 239–256.
Stansfield, G. (2013) ‘The unravelling of the post-First World War state system? The Kurdistan Region of Iraq and the transformation of the Middle East’, International Affairs, 89(2), pp. 259–282.
Tarrow, S. (2011) Power in Movement: Social Movements and Contentious Politics, 3rd edn. Cambridge: Cambridge University Press.
Wimmer, Andreas. “Nationalist Exclusion and Ethnic Conflict: Shadows of Modernity.” Cambridge University (2002).
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
