دیالێکتیکی ستەم و کەرامەت: ڕانانێکی پێکهاتەیی بۆ کورتەڕۆمانی «خاڵخاس»
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- کاروان مێراوی
- جۆر
- وتاری گۆڤار
- بڵاوکراوەتەوە لە
- گۆڤاری تیشک
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/11/13
- بەرگ
- ٢٨
- ژمارە
- ٧٤
- ISSN
- 2942-7894
- زمان
- کوردی
- لاپەڕەکان
- ٤٣٣ – ٤٤١
مێراوی، کاروان (2026): دیالێکتیکی ستەم و کەرامەت: ڕانانێکی پێکهاتەیی بۆ کورتەڕۆمانی «خاڵخاس». گۆڤاری تیشک ٢٨ (٧٤)، ٤٣٣–٤٤١، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
ناساندن
کورتەڕۆمانی “خاڵخاس” لە نووسینی جەمیل سەرمەستی، نووسەر و دەرهێنەری خەڵکی شار سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە مانگی سەرماوەزی ٢٧٢٥ی کوردی، لەلایەن چاپەمەنیی “چوارچرا” و لە شاری سلێمانی، بە ژمارەی سپاردنی (٢٠٥٩)ی ساڵی ٢٠٢٥ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تیراژی ١٠٠٠ دانە چاپ کراوە. ئەم کورتەڕۆمانە سێیەمین بەرهەمی چاپکراوی نووسەر و سەر بە ڕێبازی کلاسیکی قوتابخانەی ڕیالیزمە کە لە جۆری گێڕانەوەی “هەستبزوێن” و شێوازی ئەدەبیی ژیاننامەیییە.
دەستپێک
ئەم بەرهەمە تراژیدیای گێڕانەوەی بەشێکی زۆر کەمی بەسەرهات و دۆخی تاڵی ژیانی نووسەرە لە سەردەمی منداڵیدا کە لە چواچێوەی کورتەڕۆمانێکدا نووسراوەتەوە. ئەگەرچی کاراکتەری سەرەکیی چیرۆکی ئەم کورتەڕۆمانە خودی نووسەرە وەک منداڵێکی قوربانیی جیابوونەوەی دایک و باوکی کە لە سۆزی باوەشی بنەماڵەکەی دابڕاوە و بێبەش کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا وێنای ژیانی بەشێکی زۆری منداڵانی کوردستانە کە قوربانیی کولتوورێکی داخراو و چەقبەستووی کۆمەڵگەن. لە کوردستاندا منداڵانی هاوشێوە کەم نەبوون و ئێستەش ئەگەرچی تا ڕادەیەک ئەو دیاردەیە کەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەر ڕێژەیان بەرچاوە و ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکان یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاپۆرت و هەواڵی قوربانیبوونیان دەبینین و دەژنەفین. لەوانەیە ئەو کەسانەی لە منداڵیدا قوربانی بوون و هەنووکە لە تەمەنێکی تردان و تەنانەت ئەوانەش کە ئێستە منداڵێکی قوربانین، گەورە ببن، توانا و بوێریی نووسینەوە یان گێرانەوەی کارەسات و تراژیدیاکانی ژیان خۆیان نەبێت؛ بەڵام جەمیل سەرمەستی بە نووسینەوەی ئەم چیرۆکە، نەک تەنیا توانای نووسینەوەی بەشێک لە ئازارەکانی ژیانی خۆی هەبووە، بەڵکوو ئاوێنەیەکیشی دورست کردووە بۆ کەسانی هاوشێوەی خۆی تاکوو خۆیانی تێدا ببیننەوە و ڕەنگە ڕێخۆشکەر و هاندەریش بێت هەتا ئەوانیش دەست بکەن بە نووسینەوەی خۆیان و ژیانیان لە هەر چوارچێوە و شێوازێکدا. لە کوردستان ڕێژەی ئەو گێڕانەوانەی کە نووسراوەنەتەوە، کەم نین، بەڵام زۆربەیان یان لە بازنەی بیرەوەریی تاکەکەسیی تاکە شۆڕشگێڕەکانە لەسەر ڕابردووی خۆیان و سەردەمی خەباتەکەیان نووسیویانە کە ئەمەش دەچێتەوە چوارچێوەی مێژوو، یان گێڕانەوەگەلێکی زارەکین لەسەر بابەتیگەلێکی دیاریکراو. زۆر دەگمەن کەسانێک هەبوون بتوانن گێڕانەوەکانی ڕابردووی ژیانی خۆیان بە شێوازی ئەدەبی دابڕێژنەوە. دەکرێت “خاڵخاس” بە یەکێک لەو دەگمەن گێڕانەوە ئەدەبییە ژیاننامەیییانە ناودێر بکەین (لانی کەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا).
ئەدەبی ژیاننامەیی، یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی داڕشتنی ئەدەبییە کە پردێکی پتەو لەنێوان ڕابردوو و هونەری گێڕانەوەدا دروست دەکات. ئەم ڕەگەزە ئەدەبییە تەنیا گێڕانەوەیەکی وشکی ڕووداوەکانی ڕابردوو نییە، بەڵکوو گەشتێکی قووڵە بۆ ناو ناخی مرۆڤ، دۆزینەوەی پاڵنەرە شاراوەکانی پشت بڕیارە گەورەکان و نیشاندانی ئەو ململانێیە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەیە کە کێیەتیی مرۆڤێکی پێ دەنووسرێتەوە؛ بەتایبەت ئەگەر ئەو مرۆڤە خودی نووسەر بێت. لە ڕێگەی ئەم ئەدەبەوە، خوێنەر دەرفەتی ئەوەی پێ دەدرێت کە ژیانی کەسانی دیکە بخوێنێتەوە و ئەگەر بۆی بکرێت ئەزموونەکانیان وەک وانەیەک بۆ فێربوون تاقی بکاتەوە و لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە سەیری جیهان بکات (بژار، ١٣، ٢٠٢٦).
تێری ئیگڵتن، بیردۆزەوان و ڕەخنەگری دیاری ئەدەبیی بریتانیایی، پێی وایە: گێڕانەوە، پارچەکانی جیهان – وەک ژیاننامە – لە یەک دەدات بۆ ئەوەی واتایەک بە ژیانی تاک ببەخشێت (ئیگڵتن، ٢٢، ٢٠٢٥). بەپێی ئەم بۆچوونە، نووسەری “خاڵخاس” توانیویەتی پارچە شکاوەکانی دەروون و ڕۆحی ژیانی منداڵیی خۆی لە قۆناغێکی دیاریکراو و لە چوارچێوەی دەقێکی ئەدەبیدا وێنا بکات، نەک بۆ ئەوەی واتایەک بە ژیانی خۆی بدات وەک “تێری” ئاماژەی پێ کردووە، بەڵکوو بۆ ئەوەی مێژووش وەک بیرگەی خۆی ئەم ئازارانە لەبیر نەکات. سەرمەستی هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ئازارەکانی ژیانی بە قەڵەمێکی ڕەوان و زمانێکی سادە داڕشتووەتەوە، باسی لە زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی ئێرانی داگیرکەر و هەوڵەکانی بۆ لەنێوبردنی کوردستان و کورد و هەروەها لە بەرانبەریشدا سەرهەڵدان و چرۆ و چەکەرەکردنی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی خۆی وەک نموونەی منداڵانی کوردستان کردووە کە لەژێر ناونیشانی خولیای پێشمەرگایەتی و بەهۆی دیمەنی لەسێدارەدانی تاکێکی کوردستانی لە گۆڕەپانێکی ناوەڕاستی شار و شوێنێکی گشتیدا گەیشتووەتە ترۆپک. ئەم بەرهەمە جیا لەوەی گێڕانەوەی ژیاننامەی تاکەکەسیی نووسەرە، دەکرێت وەک چاویلکەیەک لاپەڕەیەکی مێژووی پڕ لە ستەم، چەوسانەوە و بەرگریی نەتەوەیی لە کوردستان پێی بخوێنرێتەوە. لە درێژەی ئەم ڕانانەدا هەوڵ دراوە ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم دەقە بخرێتە ڕوو.
تەکنیکی گێڕانەوە و پێشەکی
ناوەڕۆکی ئەم کورتەڕۆمانە پێکهاتەیەکی سووژەیییە و کاتی نییە؛ واتە ڕێڕەوی گێڕانەوەکە لەسەر سووژەیەکی دیاریکراوە و کۆمەڵێک سووژەی تێکەڵاو و ئاڵۆز نییە؛ هەروەها کاتەکەشی دیاریکراو و لە ئاراستەی قۆناغێکی نزیک بە دوو ساڵ و نیوی ژیانی نووسەرە. ئەمەش دەکرێت بە تایبەتمەندییەکی بەرچاوی ئەم بەرهەمە دەستنیشان بکەین. خاڵێکی تری ئەرێنیی “خاڵخاس”، شێوازی گێرانەوەی گێڕەرەوەیە کە نووسەر بە شێوەی هونەری ئەدەبی دایڕشتووەتەوە و خۆی کاراکتەری سەرکیی نێو چیرۆکەکەیە. تەنیا لە شێوازی نووسینی دەقی ئەدەبی ژیاننامەییی خودی، یان ڕۆمانی ژیاننامەییی خودیدا دەکرێت خودی نووسەر گێڕەرەوە و کاراکتەری سەرەکیی نێو دەقەکە بێت (ئەڵوەنی، ٢٠٢٥) کە سەرمەستی لەم کورتەڕۆمانەدا بەباشی کەڵکی لەم تەکنیکە وەرگرتووە و دەتوانین بێژین بەم تەکنیکەش نووسینەوەی چیرۆکەی ژیانی خۆی، بردووەتە چوارچێوەی شێوازی “کورتەڕۆمانی ژیاننامەییی خودی”؛ ئەڵبەتە ناکرێت تەنیا ئەم تەکنیکە بە پێوەری سەرەکی دابنێین و هەر بەم پێوەرەش دەقەکە بیپێوین. وەک چۆن ئەم دوو خاڵە ئەرێنییە خرانە بەر باس، ئەم دەقەش وەک هەر نووسینێکی تر، بێگومان دوور لە ڕەخنە نییە و دەبێت ئاماژە بە ڕەخنە و خاڵە نەرێنییەکانیش بکرێت.
ڕەخنەیەکی بەرچاو لەم بەرهەمە، پێشەکی و بەتایبەت ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکی دەقەکەیە لەو پێشەکییەدا، کە هیچ پێویست نەبوون و بەتەواوی زیادەن. لە ڕاستیدا دەبێت تەکنیکەکانی گێڕانەوە، شێوازی داڕشتن و وێناسازیی ناو گێڕانەوەکە ئەوە بە خوێنەر بگەیەنن کە ئەم دەقە چیرۆکی بەسەرهات و ئازارەکانی ژیانی نووسەرە؛ چونکە مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی چیرۆکبێژە و مرۆڤەکان لە ڕێگەی گێڕانەوە و ڕەوایەتەکانەوە دەتوانن نەک تەنیا لە جیهانی دەوروبەر تێ بگەن، بەڵکوو ژیانی خۆشیان پێی ڕێک بخەن یان ڕێکی بخەنەوە (فاتحی، ٢٧٢٦). ئەو پێشەکی و ڕوونکردنەوەیە، تا ڕادەیەک تەمومژ و جادووی ئەدەبیی ئەم دەقەی کەم کردووەتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان “خەیاڵ”ی وێناکردن و ئەو جادووە ئەدەبییەی شکاندووە کە دەبێت لەنێوان خوێنەر و دەقدا دروست بێت؛ تەنانەت دەکرێت بوترێت ڕێگە لە دروستکردنیشیان گیراوە. وەک ئەوەیە، بەر لەوەی فیلمێک ببینین، کەسێک بێت و بەکورتی ناوەڕۆکی فیلمەکە بۆمان ڕوون بکاتەوە، ئەوکات ئیتر لە فیلمەکە تێ گەیشتووین و چێژ لەم بەرهەمە هونەرییە وەرناگرین. خوێنەرانی بواری ئەدەبی زۆرتر چێژ لەو دەقە ئەدەبییانە وەردەگرن کە بەبێ زانیاری و ئاگاداریی پێشوەختە دەیخوێننەوە. وا باشتر بوو ناوەڕۆکی ئەم کورتەڕۆمانە بەبێ پێشەکی ڕووبەڕووی خوێنەر بکرابایەوە و چیرۆکەکەش بە جۆرێک داڕێژرابایە کە سنووری نێوان “ڕاستی” و “خەیاڵ” کاڵ بووبایەوە، بە چەشنێک کە خوێنەر نەتوانێت سنوورێک لەنێوان “خود”ی نووسەر و کاراکتەری گێڕەرەوەدا بدۆزێتەوە و لە ناوەڕۆکی گێڕانەوەکەدا وا هەستی بکردبایە کە ڕاستەوخۆ لە بەردەم نووسینەوە و ژیاننامەی ڕاستەقینەی (حقیقی) نووسەردا وەستاوە؛ چونکە لەم جۆرە دەقانەدا لێڵکردنی سنووری نێوان “ڕاستی” و “خەیاڵ” چێژی زیاتر بە خوێنەرانی بواری ئەدەبی دەدات و فرەتر خوێنەر بەرەو قووڵاییی خوێندنەوەی ڕادەکێشێت. نەمانی ئەم مەودایە لەنێوان کاراکتەری گێڕەرەوە و نووسەردا، دەبووە هۆی قووڵکردنەوەی هاوسۆزیی دەروونیی زیاتری خوێنەر و هەروەها ئەگەر “ڕاستی” و تا ڕادەیەکی کەمیش “خەیاڵ” لە دەقەکەدا تێکەڵ بووایان، قورسایییەکی دەروونیی زۆرتریان پێ دەبەخشی.
سێگۆشەی ستەمی کۆمەڵایەتی لەو گێڕانەوەیەدا: پیاوسالاری و دابونەریت و ئابووری
وەک پێشتر ئاماژەی پێ کراوە، بنەمای گێڕانەوەی چیرۆکی ئەم کورتەڕۆمانە، ڕیالیستیی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە کە جوگرافیاکەی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە بەشێکی کورتی ئەم گێڕانەوەیەدا باس لەو ئازار و ڕەنجانە کراوە کە دایکی کاراکتەری گێڕەرەوە هەم وەک کەسێکی ڕاستەقینەی ژیانی خۆی و هەم وەک نموونەی زۆربەی ژنانی کوردستان چەوساوەی دەستی سیستەمی پیاوسالاری و دابونەریتی دواکەوتووانەی کۆمەڵگەن. نووسەر بەقووڵی دەستی خستووەتە سەر ئازارێکی بنەڕەتی کە هەم یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتووییی کۆمەڵگەیە و هەمیش جەستەی کۆمەڵی کوردەواریی بریندار کردووە. لەم گێڕانەوەیەدا ڕەفتاری توندوتیژانە و باڵادەستیی بەربڵاوی باوک وەک نوێنەری سیستەمی پیاوسالاری لە کۆمەڵگە و بەتایبەت لەنێو بنەماڵەدا، بارودۆخێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ منداڵەکە دروست کردووە؛ ترسێک کە وەک گرێیەکی دەروونیی هەمیشەیی، وای لەو منداڵە کردووە کە لەگەڵ هەر ڕووداوێکدا، ترسی لەدەستدان و مردنی دایکی دایگرتووە و هەر پێشهاتێک یان شتێک لە دەوروبەر و نزیکی ئەوان قەوماوە، ئەو دڵی داخرپاوە و وای زانیوە دایکی لەدەست داوە. ئاکامی کارەساتباری جیابوونەوەی دایک و باوک و کاریگەریی لەسەر ئەو منداڵە و تەنانەت لەسەر ماڵەباوانیش، هەروەها لێکەوتەی دڕندەیی و بێبەزەییی میمکی باوکی بەرانبەر بە منداڵێکی کەمتەمەن، نیشانەی تێکچوونی شیرازەی دەروونیی بنەماڵەیە لەم جۆرە کۆمەڵگانەدا کە قوربانیی یەکەمی ئەم دۆخەش هەر منداڵە. نموونەی ئەم قوربانیبوونەشی لەو بەشەدا بەجوانی وێنا کردووە کە دڕندەیی و بایەخنەدانی میمکی وای لێ کردووە تا دەمەومەرگ چووە و دراوسێیەکی ماڵی میمکی، گیانی لە مردن ڕزگار کردووە و ناردوویەتییەوە بۆ ماڵی دایەگەورەی لە ئاواییی خۆیان (گاوەرە). مرۆڤدۆستیی ئەم دراوسێیەی ماڵی میمکی، هاوکات دلۆڤانیی دوو مامۆستای قوتابخانەکەی (ئاغای بارامی و ئاغای مەحموودی) کە دوو جار کۆت و پێڵاویان بۆی کڕیوە و ئەگەرچی میمکی لێی سەندوون و داونی بە منداڵەکانی خۆی، وەک ترووسکایی و برووسکەیەکی هیوا دەرکەوتوون کە هەم بۆ ماوەیەکی کاتی دڵیان خۆش کردووە، هەم نەیانهێشتووە مرۆڤایەتی بەتەواوی بکوژرێت و بنێژرێت، هەمیش گیان و ژیانیان لە هەڵدێر و مەرگ ڕزگار کردووە.
نووسەر لەم کورتەڕۆمانەدا خاڵێکی گرنگ و هەستیاری کۆمەڵگەی خستووەتە بەر باس و دەستی ناوەتە سەر یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی چەوسانەوە و پرسی ژنانی کوردستان، ئەویش نەبوونی سەربەخۆییی ئابوورییە؛ هەروەها ئەوەشی بەڕوونی لە وێنای دایکی و باوکییەوە نیشان داوە کە زۆرێک لە ژنانی کوردستان زەحمەتکێش و ماندوون و کار دەکەن، بەڵام لەلایەن پیاوێک کە وەک نوێنەری سیستەمی پیاوسالاریی کۆمەڵ هەڵسوکەوت و ڕەفتار دەکات، دەست بەسەر ئاکامی کار و زەحمەتەکەیاندا دەگرێت و ئەو پارەیەی کە دەبێت بەرهەمی ئارەقڕشتنیان بێت و پێی بحەسێنەوە، بەپێچەوانەوە پیاوێک لەژێر ناوی شوو، باوک، برا، خەزوور، تەنانەت مامۆ و خاڵۆ یان هێوەر (برای شوو) و … نەک هەر بەرهەمی ماندووبوونەکەیان دەبات، بەڵکوو بەچڕییش هەوڵی چەوساندنەوەیان دەدات. سەرمەستی یان بە وتەی مامۆستای قوتابخانەکەی، “سەرمەست” ئەم ئاوێنە گەورەی کۆمەڵ کە لە ڕۆڵ و نەخشی دایک و باوکی خستووەتە ڕوو، بەم شێوەیە نەخشاندووە: “دایکم تەونی ئەکرد، نەقشە بیجاڕ … کەنیشک و ژنی ئاوایی گشت فێر تەونکردن کردبوو. تەینا ئەو تەونی ئەزانی لە ئاوایییا، بەڵام هەر کە تەونەکەی ئەبڕی باوکم ئەیبرد ئەیفرۆشت و ئیتر دایکم چاوی بە تمەنێک لە پووڵی ئەو تەونە نەدەکەوت. ئابووریی ئەوکات و ئێستەش کێشەی سەرەکیی نەبوونی سەربەخۆییی ژنگەل بوو و هەیە” (ل ٨).
لێرەدا بەم شێوەیە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە پێوەندیی نێوان “ئازادیی ژنان” و “سەربەخۆییی ئابووری”ی ڕوون کردووەتەوە و ئەوەی گەیاندووە کە ئازادیی ژنان لە سەربەخۆبوونی ئابوورییانەوە سەرچاوە دەگرێت. ژن کاتێک لە ڕووی دارایی و ئابوورییەوە پاشکۆی پیاو بێت و بەسترابێتەوە بە پیاوەوە، دەسەڵاتی بڕیاردان و سەربەخۆییی تاکەکەسیی خۆی لەدەست دەدات و ناچارە گوێڕایەڵی پیاوێک بێت؛ بۆیە ناتوانێت بەرگری لە مافە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی خۆی بکات.
دیمەنێکی تری ناو چیرۆکی ئەم کورتەڕۆمانە کە پێوەندیداری پرس و کێشەی ژنانی کوردستانە و دەکرێت بوترێت وێنایەکی ڕوونی لە توندوتیژییەکان و بەتایبەت توندوتیژیی فیزیکیی سیستەمی پیاوسالاری لەسەر ژنان لەناو کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا زەق کردووە، لێدانی دایکی لەلایەن باوکی و پەنابردنی دایکی بۆ خەسوویە (واتە دایەگەورەی کاراکتەری گێڕەرەوە)، کە ئەویش تەنیا بە ڕستەیەکی تاڵ دڵخۆشیی داوەتەوە و پێی وتووە ئەمە تەنیا دۆخی تۆ نییە و چارەنووسی هەموومانە. مەبەستی ئەوە بووە کە هەموویان گرفتاری دەستی پیاوانی پێڕەوی پیاوسالاری و داڵدەدەری کۆمەڵگەی ناتێگەیشتوو و یاسایەکی سەپێنراوی ئیسلامیی سیاسیین. لێرەدا ئەو دایکە تەنیا قوربانییەکی ناوماڵ نییە، بەڵکوو هێمای پێگەی گشتیی ژنانی چەوساوەی کوردستانە و ئەم وێنایەش زیاتر لەو ڕستەیەدا دەردەکەوێت کە پاش ئەوەی دایکی کاراکتەری گێڕەرەوە، دەردەدڵ و ئازارەکانی لای خەسووی خۆی باس کردووە، خەسووی پێی وتووە: “ئەزانم سەخت و دژوارە، بەڵام ئەمە چارەنووسی گشتمانە (وەک ژنان)”.
شەڕی نەرمی زمان، فەرهەنگ و کێیەتیی نەتەوەیی
سەرمەست لەم کورتەڕۆمانەدا باسی لە جێکەوتنی ناوی عەرەبی بە بیانووی ئایینی ئیسلام و بە پاساوی ئیسلامیبوون لە کوردستان و مەترسیی سەر ناوە کوردییەکان کردووە و نووسیویەتی: “ناوەکانمان گشتی عەرەبی بوو. ئەیانوت ئەشێ موسڵمان ناوی ئیسلامی کە مەبەستیان عەرەبی بوو، بۆ مناڵەکانی هەڵبژێرێت کە بۆ خۆی جۆرێک سڕینەوەی زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەکی لێ دەکەوێتەوە؛ بەڵام بەخۆشییەوە دواتر ڕچەکە شکیا و ئێستا زیاتر ناوی کوردی باوە” (ل ١٢). ئەم خاڵەی کە ئاماژەی پێ کردووە، دوو ڕەهەندی سەرکی و مەترسیداری هەیە کە هەم وەک ئامرازی داگیرکەر و هەمیش وەک هەڕەشە بۆ سەر زمان و فەرهەنگی نەتەوەییمانە. دەوڵەتی ئێرانی داگیرکەر دەسەڵاتی خۆی لەسەر بنەمای ئایینزای شیعەی ئایینی ئیسلام بنیات ناوە و ئەو ئایینەشی وەک کەرەستە و ئامراز بۆ چەوسانەوە و سەرکوتکردنی بەشێکی زۆر لە خەڵکانی ناو جوگرفیای ئێرانی دەستکرد، بەتایبەت لە کوردستان بەکار هێناوە و هەوڵی داوە بە زاڵکردنی هێژموونیی ئیسلامی سیاسی، لە کوردستان ڕێگری نەک هەر لە ڕێوڕەسمە ئایینییە کوردییەکان و دابونەریتی کوردەواری بکات، بەڵکوو ئەو ئازادییە سەرەتایییەش لە خەڵک بسێنێتەوە کە ناوی دڵخوازی خۆیان و مانادرای کوردی بۆ منداڵەکانیان هەڵبژێرن، بۆیە بە شێوەی پلان و بەرنامەداڕێژراو هەوڵی داوە ناوە عەرەبییەکان لەناو خەڵکدا جێ بخات و ئەگەر کەسانێکیش نەکەوتوونەتە ژێر گاریگەریی ئەم پیلانە بۆ هەڵبژرادنی ناوی عەرەبی و بێگانە بۆ منداڵەکانیان، ڕێژیمی دگیرکەر خۆی لەو دامەزراوە و بەڕێوەبەرییانەی کە تایبەتن بە دەرهێنانی پێناس، ڕێگری لە ناوە کوردییەکان دەکرد و ناسنامەیان پێ نەدەدا؛ لە بەرانبەریشدا خۆیان لیستەیەکی ناوی عەرەبییان هەبوو (ئێستەش هەیە) و بەو کەسانەیان دەدا تاکوو لە باتیی ناوە کوردییە هەڵبژێردراوەکەی خۆیان، ناوێکی عەرەبی هەڵبژێرن؛ بۆیە خەڵکانێکی زۆر (چینی خۆڵەمێشی) دەترسان، یان لەبەر ئەوەی کە تووشی ئەوە کێشە و گرفتە نەبن، خۆیان هەر لە کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیان ناوێکی عەرەبییان بۆی هەڵدەبژارد. بەم هۆیەوە ئەم سیاسەتەی داگیرکەر بوو بە هۆکاری ئەوەی کە هێژموونیی ناوی عەرەبی لەسەر منداڵانی کورد و لە کوردستاندا زاڵ ببێت، ئەمە ئەو نیگەرانییەیە کە لە دەقەکەدا ڕەنگی داوەتەوە و سەرمەست نەیتوانیوە بەئاسانی لێی تێپەڕ ببێت.
نووسەر لە ڕێگەی ئاماژەکردن بە پرسی ناوەکان، ڕەهەندێکی گرنگی شەڕی فەرهەنگیی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئێرانی داگیرکەری خستووەتە ڕوو. لە کوردستان سەپاندنی ناوی عەرەبی بە بیانووی ئیسلامیبوونەوە تەنیا پرسێکی ئایینی نەبووە، بەڵکوو ستراتیژییەکی پێکهاتەیی بووە بۆ شێواندن و لە ئاکامدا سڕینەوەی زمان، فەرهەنگ و کێیەتیی نەتەوەییی کورد و لەبیرچوونەوەی ناوە ئەفسانەیی، هێمایی، ئەستوورەیی و واتادارە کوردییەکان و ناوی قارەمانانی مێژووی کوردستان و جێگرتنەوەیان بە ناوی عەرەبی و هێما و ئەفسانەی ئیسلامی. تێکشکانی ئەم پیلانەی داگیرکەر بە هەوڵی بەرەنگارانەی نەتەوەی کورد و بەتایبەت ڕووناکبیرانی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێژموونییە و شکانی ئەم ڕچەیە لە دواییدا، نیشانەی سەرکەتنی فەرهەنگی و هەروەها زیندووبوونەوەی ئاوەز و هزری کودرستانیبوون، هۆشیاریی نەتەوەیی و گەشەی بیری نیشتمانەروەری بەرانبەر بە هەوڵەکانی داگیرکەر بۆ تواندنەوەی نەتەوەکەمان وێنا دەکرێت کە توانیومانە بەرپەرچی ئەو هەوڵانەی دەوڵەتی ئێرانی داگیرکەر بۆ سڕینەوەی ناوە کوردییەکان بدەینەوە و پیلانی ئاسمیلاسیۆنی دوژمن لە کوردستان سەر نەگرێت. ئەم بەشەی دەقەکە ئاماژە بە شەڕێکی قووڵی نەرم لەنێوان دەوڵەتی دەسەڵاتداری ئێرانی داگیرکەر و نەتەوەی بێدەسەڵاتی کوردی نیشتمانداگیرکراو لە ڕەوتێکی مێژوویی و مەترسییەکانی دەکات؛ ئەویش سڕینەوەی ناوە کوردییەکان و لەم ڕێگەیەشەوە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی زمان و کێیەتیی نەتەوەییمانە لەژێر پەردەی ئاییندا.
دۆخی سیاسی، داگیرکاری و دەروونیی منداڵ
سەرمەست لە بڕگەیەکی تری وێناسازییەکانی ناو ئەم بەرهەمەدا بێزراوبوونی پێگەی جاش لە کوردستان و تەنانەت بێزاریی منداڵی کورد لەو کەسانەی بەکرێگیراو و نیشتمانفرۆشن، کردووە بە دیمەنێکی ڕوون و لە کاتی خوێندنەوەی ئەو بەشەدا بەجوانی ئەم دیمەنەی منداڵێک کە تامەزۆری پێشمەرگەبوونە و پێشمەرگایەتی لە مێشکیدا چەکەرەی کردووە، دێتە بەر چاو. ئەوەش نیشاندەری گەشانەوەی هەمیشەییی ئاگری خۆشەویستیی پێشمەرگەیە لە بیر و مێشکی منداڵانی کوردستاندا. باسی لەوە کردووە کە تەنانەت لە کایەکانی منداڵانیشدا منداڵی گەڕەکەکەیان و بەتایبەت کاراکتەری سەرەکی، ئامادە نەبوون ڕۆڵی جاش بگێڕێن و نووسیویەتی: “من زیاتر حەزم لە کایەی پێشمەرگە و جاش بوو، بەو مناڵییەش کەسمان حەزمان نەدەکرد ڕۆڵی جاشمان بەر کەوێت، بەڵام بە شێر و خەت و پڕ یان پووچ بەرمان ئەکەوت … بۆ جارێکیش قەبووڵم نەکرد ببم بە جاش و هەمیشە گزم ئەکرد و ئەگەر جارێکیش ڕۆڵی جاشم بەر کەوتبایە نەمەکرد، لە ئاخرەوە ئەیانوت باشە برا تۆ بێرە دەستەی پێشمەرگەوە (هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە باوکم پێشمەرگە بوو) …” (ل١٢).
لێرەدا ئاماژەیە بەوەی کە چۆن دۆخی سیاسی و شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان، تەنانەت لەناو کایە و جیهانی منداڵانیشماندا ڕەگی داکوتاوە و وێنایەکی تایبەتی لە خیانەت و ڕووڕەشیی “جاش” و هەروەها گیانفیدایی، قارەمانی، بوێری، لەخۆبردوویی، خۆشەویستی و پێگەی بەرزی “پێشمەرگە” لە مێشکی منداڵانی کورددا وەک تابلۆیەکی درەوشاوە نەخشاندووە و وا نیشانی داوە کە هۆشیاریی نەتەوەیی شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو جیهانی منداڵانمان؛ هۆکاری ئەمەش کاریگەریی باوکێکە (وەک نموونەی بنەماڵە) کە هەرچەند کوڕەکەی قوربانیی دەستیشی بووە و هیچ خۆشییەکی لە سێبەری باوکایەتییەکەیدا نەبینیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێشتر پێشمەرگە بووە و دواتر بە هەر هۆکارێک پێشمەرگە نەماوە و ژیانی ئاساییی خۆی دەست پێ کردووەتەوە، دیسان هەر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو ڕابردووە، بەبێ ئەوەی لە ناوەڕۆکەکەی تێ بگات. کاراکتەری گێڕەرەوە باس لەوە دەکات چونکە باوکی پێشمەرگە بووە، ئەمیش حەزی کردووە ببێتە پێشمەرگە لەو دنیا بچووکەی خۆیدا و لەگەڵ ئەم حەز و خولیایەشدا گەورە بووە و دواتر خەونەکەی هاتە دی و ئێستە وەک پێشمەرگەیەک لە سەنگەری ئەدەب و هزر و ئەندیشە و پێنووس و هەروەها سەنگەری شۆڕش و چیا و چەکدا بۆ ڕزگاریی کوردستان تێ دەکۆشێت.
ئەم دیمەنەی وا سەرمەست لەم کورتەڕۆمانەدا خولقاندوویەتی، دەرخەری ئەوەیە کە ململانێی داگیرکەر و داگیرکراو کە لە وێنای پێشمەرگە و جاشدا دەرکەوتووە، تەنیا لە بەرەکانی شەڕدا نییە، بەڵکوو چووەتە ناو قووڵاییی جیهانی منداڵانی کوردستان و لە کایە منداڵانەکانیشیاندا ڕەنگی داوەتەوە. لای منداڵانی کورد “پێشمەرگە” ئەو فریشتە ڕزگارکەرەیە کە لە تاریکی ڕزگاریان دەکات و هەموو خەون و خولیا و ئاوات و ئامانجەکانیان دەهێنیتە دی، بەڵام “جاش” ئەو دێوەزمە شوومەیە کە نەک تەنیا گڵاو و پیسە، بەڵکوو دەیانڕفێنێت، دەیانکوژێت و … ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی جاش لە کایەکانی ئەو منداڵانەدا، سەلمێنەری پێگەیشتنی هزریی نەتەوەیی و تێگەیشتنی فەرهەنگیی کۆمەڵی کوردەوارییە و دیوارەکانی سنووری نێوان نیشتمانفرۆش و نیشتمانپەروەر بەو ڕادەیە بەرزە، تەنانەت منداڵانی کوردستانیش لە یەکتر جیایان دەکەنەوە.
هاوکات لە درێژەی ڕەوتی چیرۆکی کورتەڕۆمانەکەدا سەرەڕای ئەو گشتە نەهامەتییەی ژیانی خۆی و ئازارەکانی، نەیتوانیوە چاوپۆشی لە دڕندەیی و ستەمی ڕۆژانەی دەسەڵاتی ئێرانی داگیرکەر لەسەر خەڵکی کوردستان بکات و ڕەفتاری نەشیاوی بەکرێگیراوانی شارەوانی بەرانبەر بە کاسبکار و دەستفرۆشە هەژارەکان کە نیشانەی نادادپەرەوریی کۆمەڵایەتی و ستەمی دەسەڵاتە، گێڕاوەتەوە و کاتێک پیاوانی شارەوانی کە خۆشیان کورد بوون و کاسبکارانی کورد لەسەر خاکی خۆیان داوەتە بەر شەق و شتەکانیان یان بردووە یان ڕژاندوویانە، لە کاتی خوێندنەوەیدا دیمەنێکی تاڵ و ناخۆش بە بەر چاوی خوێنەردا دێت و دەچێت کە پڕیەتی لە تووڕەیی و ڕق و بێدەسەڵاتی. لێرەدا دیمەنی دەسەڵاتی شارەوانی و لێدانی دەستفرۆشە هەژارەکان، ڕەهەندە ئابووری و چینایەتییەکەی ستەمی داگیرکەر دەردەخات کە چۆن تەنانەت نان و بژێویی ژیانیش بە تاکی کوردستانی لە نیشتمانی خۆی ڕەوا نابینێت.
هەروەها لە گێڕانەوەی دیمەنی لەسێدارەدانی لاوانی کورد لە پێش چاوی خەڵک و لە شوێنە گشتییەکاندا وەک “یاریگەی تۆپی پێی مەیدان ئەمین (ستادیۆم)” کە لەو دەقەدا هاتووە؛ یاریگەی تۆپی پێ، هێمای وزە و ژیانەوە و گرنگیدان بە تەندروستی یان بە جۆرێک شوێنی سەیرانی لاوانە، لە باتیی ئەوەی شوێنی یاریکردنی لاوانی کوردستان بێت، بووەتە شوێنی لەسێدارەدانیان. ئەم بڕگەیە تراژیدییەکی لەبیرنەکراوی نەتەوەی بێدەوڵەتی کوردە کە داگیرکەری نیشتمانەکەمان بەم کردەوە نامرۆڤانەی، لووتکەی دڕندەیی و هۆڤانەی خۆی دەسەلمێنێت و دەیهەوێت شوێنە گشتی و خەڵکییەکان بکات بە مۆڵگەیەکی سەرکراوە بۆ تیرۆری دەروونی و چاندنی ترس و تۆقاندن بە مەبەستی جێبەجێکردنی پیلانە داگیرکارانەکانی؛ بەڵام نەک هەر ناتوانێت لەنێو خەڵک و بەتایبەت لە مێشکی منداڵانماندا ئەم بیرە ڕەشەی بچێنێت، بەڵکوو ئەم کردەوەیە لە ناخی منداڵان و لاوانی کوردستاندا (وەک نووسەر) دەبێتە هەوێنی چاندنی بیری تۆڵە و بەردەوامیی بەرگری لە نەتەوە و نیشتمان و سەنگەرگرتن بە دژی داگیرکەر و بەکرێگیراوانی. پەیامی سەرمەست لێرەدا ئەوەیە: ئاکامی ئەو سیاسەتی ترساندن و تۆقاندنەی داگیرکەر پێچەوانە بووەتەوە، لە باتیی شکاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و پاشەکشە لە سەنگەری نیشتمان، وستانەوە دژی داگیرکەر لە ناخی گشت نەوەکانماندا بووەتە هەوێنی نەک تەنیا چاندنی بیری تۆڵە، بەڵکوو ڕادیکاڵتربوون لەسەر نیشتمانپەرەوەری و هەوڵ و خەبات و تێکۆشان بۆ سەربەستیی کوردستان.
دەرەنجام
کورتەڕۆمانی “خاڵخاس” جیا لەوەی تەنیا گێڕانەوەی تراژیدیای ژیانی کاراکتەرێک بێت، نەخشاندنی کۆمەڵێک دیمەنی ڕوونیشە لەسەر ئازار و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ستەمی سیستەماتیکی داگیرکەر لە کوردستان، بێزاریی کۆمەڵگە (تەنانەت منداڵانیش) لە خیانەت و نیشتمانفرۆشیی جاشەکان و هەروەها گەشاوەبوونی پێگەی پێشمەرگەیە لەناو هەموو نەوەکانی سەردەمە جیاجیاکاندا وەک فریشتەیەکی ڕزگارکەر؛ هاوکات گەورەبوونی منداڵانی کوردستان بە خولیای پێشمەرگایەتی، وەک ترووسکەی هیوا و ژیانەوەی نەتەوەیی نیشان دراوە. نووسەر توانیویەتی لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی ڕیالیستیی هێڵی ژیانی بنەماڵەیی و تاکەکەسیی خۆیەوە، وێنایەکی مێژووییی گشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەتایبەت چەوسانەوەی ژنانی کوردستان بەهۆی سیستەمی پیاوسالاری و قوربانیبوونی منداڵان لە کێشە بنەماڵەیییەکاندا بنووسێتەوە. دەقەکە بەجوانی هاوتەریببوونی ستەمی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی و ستەمی داگیرکاریی دەوڵەتی ئێرانی داگیرکەری نەخشاندووە و نیشانی داوە کە چۆن تاکی کوردستانی لەناو ئەو هەموو نەهامەتییەدا، هۆشیاریی نەتەوەیی، تێگەیشتووییی فەرهەنگی و سیاسیی خۆی دەپارێزێت و گەشەی پێ دەدات. هەروەها سەرمەست لەم دەقەدا ئەوەشی نیشان داوە کە چۆن مرۆڤی کوردستانی لەنێوان بەرداشی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ستەمی داگیرکەردا گەورە دەبێت و ئەم نەهامەتییانە لە باتیی هۆکاری خۆبەدەستەوەدان بن، دەبنە هەوێنی پەرەسەندنی زیاتری هۆشیاریی نەتەوەیی و گەشەی هزریی نەوە لەدوای نەوەمان بۆ بەرگری لە نیشتمان.
سەرچاوەکان:
١- حەکیم، بژار. (٢٠٢٦). ئەدەبی بایۆگرافی لەنێوان خۆنووسین و خۆسڕینەوەدا. ڕۆژنامەی هەولێر- ژمارە ٤٥٧٦، ل ١٣: https://hawlerweb.net/hawlernewspaper/2026/07/142896/
٢- ئەڵوەنی، پ. د. نەجم. (٢٠٢٥). گێڕەوە کێیە؟ هەنگاوێک بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان لە ڕەخنەی ڕۆماندا. دووتوێیەکی پێنجشەممانی کوردستانی نوێیە، تایبەتە بە ئەدەب و هونەر – ژمارە ٣ ١٤٠٢، ل١: https://knwe.org/web/viewer.html?file=https://images.knwe.org/root/root/images/Adabu_Hunar_20-12-2025.pdf
٣- فاتحی، کەیوان. (٢٧٢٦). تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە. ماڵپەڕی کوردستان میدیا: https://kurdistanmedia.com/so/news/2026/07/272
٤- ئیگڵتن، تێری؛ و. گەڵاڵەیی، داستان. (٢٠٢٥). ڕۆمان چییە؟ ماڵپەڕی ژنەفتن. (PDF) ل٢٢:
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
