بازدان بۆ ناوەڕۆک

وتارەکانی گۆڤار

خەیاڵکردن: تێکدانی خەیاڵسازییە کۆلۆنیالییەکان و دروستکردنی گێڕانەوە پۆست-کۆلۆنیالیزمییەکان

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
ئۆما کۆتهاری
وەرگێڕ
ڕۆژان کوردستانی
جۆر
وتاری گۆڤار
بڵاوکراوەتەوە لە
گۆڤاری تیشک
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/13
بەرگ
٢٨
ژمارە
٧٤
ISSN
2942-7894
زمان
کوردی
لاپەڕەکان
٤١٩ – ٤٣٠
داگرتنی PDF

پوختە

چیرۆکەکان تەنیا دەربڕینی خەیاڵی تاکەکەسی نین؛ ئەوان شێوەیەکی بنەڕەتین بۆ ڕێکخستن و مانادان بە جیهان. بەڵام ئەم ماناسازییە هەرگیز بێ چوارچێوە و بێ کاریگەری نییە. هەموو گێڕانەوەیەک لەناو تۆڕێکی پەیوەندیداری خەیاڵسازییە هاوبەشەکاندا و لەژێر سێبەری گێڕانەوە سەردەستەکاندا پێک دێت.

ئەم بەشە دەیەوێت پیشان بدات کە گێڕانەوە کۆلۆنیالییەکان – وەک ڕژێمێکی ماناسازیی دەسەڵاتدار – چۆن لە چوارچێوەی کولتووری، سیاسی و مێژوویی تایبەتدا دروست بوون و چۆن بە تێپەڕبوونی کات دەکرێت بخرێنە بەر ڕەخنە، لاواز بکرێن و هەڵبوەشێندرێنەوە.

بە پشتبەستن بە چیرۆکی گەشتێکی ناوازە و دوورودرێژ لە بەریتانیاوە بۆ هیندستان لە ساڵی ١٩٥٥دا (کە دایک و باوکم ئەنجامیان دا)، ئەم نووسینە پێشان دەدات کە نەتەوە داگیرکراوەکان نەک تەنیا لەژێر دەسەڵاتی سیاسی، بەڵکوو لەژێر دەسەڵاتی گێڕانەوەیی و خەیاڵسازییەکانیشدا دەژین. ئەو گێڕانەوە داگیرکەرانە زۆرجار لەناو خەیاڵێکی فانتازیایی-ئامێزدا جێگیر دەبوون کە بەریتانیایان وەک ناوەندی مۆدێرنیتە، شارستانییەت و شکۆداری پیشان دەدا؛ وەک ئەوەی ناوەند (بەریتانیا) ناوەندی ڕووناکی، مۆدێرنیتە و پێشکەوتن بێت و پەراوێز (کۆلۆنییەکان) شوێنی دواکەوتوویی، پاشماوەی مێژوو و پێویستی بە «ڕزگارکردن» لەلایەن ناوەندەوە بێت.

ئەم گێڕانەوانە تەنیا وێنەیەکی سادەی خەیاڵی نەبوون؛ بەڵکوو توانیان ئارەزوو و ئاوات دروست بکەن، ئاراستەی تێگەیشتن لە کات و شوێن، دیاری بکەن. لەبەر ئەوە، گەشتکردن لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند تەنیا گواستنەوەیەکی جوگرافییانە نییە، بەڵکوو گەڕانێکە بۆ ناو مانا و چوارچێوەیەک کە پێشتر لەلایەن ئەو گێڕانەوانەوە دامەزرابوو و دیاری کرابوو؛ بەڵام کاتێک ژیانی ناوەند ئەزموون دەکرێت، ئەو دوورییەی نێوان خەیاڵ و ڕاستی دەردەکەوێت. لەم ساتەدا گێڕانەوە سەردەستەکان دەست بە لاوازبوون و شکاندن دەکەن و شوێن بۆ گێڕانەوەی دژە-دەسەڵاتدار و دژە-کۆلۆنیالی دەکرێتەوە؛ ئەو چیرۆکانەی لە ئەزموونی زیندوو، هەست و ژیانی ڕاستەقینەی خۆیانەوە سەرهەڵدەدەن و بە وردی دەگۆڕێن بۆ گێڕانەوەیەکی پۆست-کۆلۆنیالی.

لەم پرۆسەیەدا، خەیاڵ تەنیا هەڵگری وێنە نییە؛ مەیدانێکی کێشەی مانا و دەسەڵاتە. ئەو شوێنە خەیاڵییەی لە دوورەوە جوان و ئارام دەبینرێت، کاتێک لە نزیکەوە دەبینرێت دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی بوون و ناسنامەی نوێ. ئەم گەڕانە لەناو جوگرافیا تەنیا جووڵەیەکی فیزیکی نییە؛ گواستنەوەیەکە لەژێر دەسەڵاتی گێڕانەوەی سەردەستەوە بۆ سەر بنەمای خۆ-ئەزموون، خۆ-ناسین و خۆ-گێڕانەوە.

وشە گرینگەکان: کۆلۆنیالیزم، خەیاڵسازی، گێڕانەوە پۆست-کۆلۆنیالییەکان، دوورەدیمەن، گوندی ئینگلیزی.

من لە منداڵیدا، گەڕانی دووبارە و بێئەنجامی دایک و باوکم بۆ دۆزینەوەی گوندنشینی ئینگلتەرا بە هەڵە دەزانی وەک نیشانەی نەشارەزاییان بە جیهان؛ بەڵام دواتر بۆم ڕوون بووەوە کە ئەو گەڕانە بەرهەمی تێکچوونی خەیاڵ و مێژووی کۆلۆنیالی بوو. لە ساڵانی شەستدا لە لەندەن، یەکشەممەی هەر حەوتوویەک لە هاویندا، خێزانەکان بە ئۆتۆمبێل دەچوون بۆ گەڕان بەدوای شوێنێکی ئارام و لادێیی بۆ گەشتوگوزار، گەشتێک کە لە ڕووی ڕووکارەوە چالاکییەکی ئاسایی خێزانی بوو، بەڵام لە ژێرەوەدا بەدواداچوونی وێنەیەکی ئایدیالیزەکراوی نیشتمان بوو. دایک و باوکم، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەریتانیادا لە هیندستان خوێندبوویان، لە چوارچێوەی سیستەمی پەروەردەی کۆلۆنیالیدا پەروەردە کرابوون و ڕۆمانتیسیزمێکی کۆلۆنیالیستییان لە ناخیاندا جێگیر ببوو؛ گوتارێک کە گوندنشینی ئینگلتەرا وەک فەزایەکی تاک، پاک و ئەفسانەیی دەگێڕاوە و ئارەزووی سەردانی ئەو شوێنەی لە دڵیاندا دروست کردبوو.

وەک حەنیف قوڕەیشی (٢٠١٤) ئاماژە دەکات، بۆ زۆرێک لە کۆچبەرانی هیندی، گوندنشینی ئینگلتەرا لە هەمان کاتدا خاکێکی بێگانە و شوێنێکی ئارەزوومەند بوو؛ پەیوەندییەک کە لەناویدا نامۆیی و ڕاکێشان بە شێوەیەکی دووڕەهەندی تێکەڵ دەبوون. بەم شێوەیە، لەم یەکشەممانەدا لە پایتەخت دوور دەکەوتینەوە بەدوای دیمەنێکی ئەفسووناوی کە بتوانێت «ئینگلتەرای سەوز و خۆش» – ئەو وێنەیەی لە ئەدەبیات و گوتاری نەتەوەیی کۆلۆنیالیدا بەرهەم هاتووە – نیشانمان بدات. ئێمە لەناو ئۆتۆمبێلی “مۆریس مینی ماینەرە سوورە دوودەرگاکەماندا” قەتیس دەبووین، کە سەبەتەی پیکنیک و فلاسکێکی تێدا بوو و ئێمە سێ خوشک لە کورسیی پشتەوە دادەنیشتین. لە پەنجەرە بچووکەکانی ئۆتۆمبێلەکەوە سەیری دەرەوەمان دەکرد و دەمانبینی دیمەنەکان چۆن دەگۆڕێن. ژینگەی چڕی شارستانیی لەندەن دەگۆڕا بۆ پەراوێزی شار، پاشان بۆ زنجیرەیەکی درێژی کوێرەگوندەکان، پێش ئەوەی بگەنە کێڵگە و دارستانە سەوز و فراوانەکان – گواستنەوەیەک کە وەک گواستنەوە لە مۆدێرنییەتی شارەوە بۆ خەیاڵی «سروشتی پاک» دەردەکەوت.

بێ ماندووبوون بە ڕێگا گوندییەکاندا دەسووڕاینەوە؛ دەگەڕاین و سەیری دەوروبەرمان دەکرد، بەڵام زۆرجار بڕیارمان دەدا نەوەستین وەک ئەوەی هیچ شوێنێک نەتوانێت بەتەواوی لەگەڵ وێنەی لەپێشتر دروستکراو یەک بگرێت.

لەو گەڕانە یەکشەممانەماندا، ئەو «ئایدیاڵ»ـەی گوندی (گوندی خەیاڵی) هەرگیز بەتەواوی بەدی نەهات؛ دوای چەندین کاتژمێر شۆفێری، کەشوهەوای گەرم و لەناو مشتومڕ و نائومێدیدا، دەگەڕاینەوە بۆ ماڵەکەمان لە باکووری لەندەن، چونکە جارێکی تر گوندنشینی شکۆمەندی ئینگلیزی – وەک ئەوەی لە خەیاڵدا دامەزرابوو – بە نەسیبمان نەدەبوو. گیاکان زۆر زبر بوون، گردەکان وەک لەو گێڕانەوە ڕۆمانتیکییەکاندا دەیانگوت نەبوون، خۆر بە دەگمەن بۆ ماوەیەکی درێژ دەدرەوشایەوە و ئەگەر لە ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزین، مێروولەکان بە بۆنی خواردنەکان کۆ دەبوونەوە و زۆر کاتمان بە دوورکردنەوەیان تێپەڕ دەبوو. بەڵام کاتێک فەرشێکمان لەسەر چیمەنی باخچەی پەراوێزی شارەکەمان بڵاو دەکردەوە و ڕۆتی و کاریمان دەخوارد، ئەو نائومێدییە گرنگیی نەدەما – و هەمیشە یەکشەممەیەکی تر هەبوو.

ئێمە بەردەوام ئەو گەشتانەمان دەکرد، بەڵام هەر جارێک بە کەمبوونەوەی تامەزرۆیی و زیادبوونی نائومێدیی پێشبینیکراو؛ چونکە گەڕان بەدوای گوندنشینییەکی ئینگلیزی تەواو و بێکەموکووڕ – وەک ئەوەی لە خەیاڵی کۆلۆنیالیدا دروست کرابوو – دووبارە و دووبارە بە شکست کۆتایی دەهات و… ئەوە ئەنجامی گەڕانی دووبارە و بێئەنجامەکەمان بوو، هەتا ئەو کاتەی دوای چەندین هەوڵی شکستخواردوو، دایک و باوکم و هاوڕێکانیان شوێنێکیان دۆزییەوە کە وەک وڵامێکی کاتی بۆ ئەو خەیاڵە درێژخایەنە دەردەکەوت: تەنیا چەند مایلێک لە ماڵەکەمان دوور بوو.

ڕویسلیپ لیدۆ

ئەم فەزا گوندنشینە، لە ناوچەی هیلینگدۆنی لەندەن، دەریاچەیەک و کەنارئاوێکی دەستکردی هەبوو. سەرەتا لە ساڵی ١٨١١دا وەک کۆگایەک (reservoir) دامەزرابوو بۆ دابینکردنی ئاوی کەناڵی گراند جانکشن (کە پاشان بوو بە گراند یونیۆن کەناڵ)؛ بەڵام لە ساڵی ١٩٣٣دا دووبارە کرایەوە و وەک لیدۆ (lido)یەکی گشتی بۆ مەلەوانی، بەلەمسواری و خۆشگوزەرانی ئامادە کرا. بەم شێوەیە، ئەو فەزایەی کە وەک سروشتێکی پاک و سەرەتایی دەردەکەوت، لە ڕاستیدا بەرهەمی دەستی مرۆڤ بوو – سروشتێکی ڕێکخراو، چاودێریکراو و سنووردار. ئێمە سواری ئەو بەلەمانە دەبووین کە لە کەناری ڕۆژئاوا بە کرێ تەرخان کرابوون، بۆ سووڕانەوە لەسەر ئاوە هێمنەکەدا؛ هەروەها سواری کەرەستەیەکی دروستکراو دەبووین کە بەناو دارستانە کۆنەکاندا دەسووڕایەوە و بە دەوری گۆلەکەدا دەگەڕا. ئەم چالاکییانە تەنیا گەشتێکی سادە نەبوون، بەڵکوو شێوازێک بوون بۆ خۆگونجاندن و هاوسەنگی لەگەڵ وێنەیەکی دیاریکراو لە “لادێی ئینگلیزی”.

دایک و باوکم لە کۆتاییدا لادێی ئینگلیزیی خۆیان دۆزییەوە: شوێنێکی هەڵبژێردراو، ڕێکوپێک و سنووردار، لە کۆتایی هێڵی میترۆپۆلیتان؛ فەزایەکی سەلامەت و کۆنترۆڵکراو کە تێیدا سروشت بە شێوەیەکی ئارام و بێ مەترسی پیشان دەدرا. ئێمە وازمان لە گەڕانە بێسنوورەکە هێنا و ڕۆژە درێژەکانی هاوینمان لەوێ بەسەر برد – هەرچەندە وێنەکان بە پاڵتۆ و ملپێچ نیشانمان دەدەن کە زۆرجار هەستمان بە ساردی دەکرد؛ بەڵام ڕازی بووین کە شوێنێکمان دۆزیوەتەوە کە «بە قەدەر پێویست ئینگلیزی» بوو.

بەم شێوەیە، ئێمە بووینە نموونەیەک بۆ ئەو تێبینییەی ئەمیت ڕۆی (٢٠٠٦) کە دەڵێت هیندییەکان هەستی تایبەتی خۆیان دەخەنە سەر ئەوەی چی لە لادێکانی ئینگلتەرا ئیلهامیان پێ دەدات. دایک و باوکم شێوازی تایبەتی خۆیان بۆ بینین، ئارەزووکردن و گۆڕینی ڕویسلیپ لیدۆ پەرە پێ دا؛ ئەوان شوێنەکەیان گۆڕی بۆ فەزایەکی ئاشنا، خاکێکی هەستپێکراو کە دەتوانرێت لە ڕۆژێکی هاویندا بە خۆشی تێیدا بمێنینەوە. ئەمە جۆرێک لە «دروستکردنی شوێن» بوو – گۆڕینی فەزایەکی گشتی بۆ ناوچەیەکی مانادار و تایبەت لە ژیانی دیاسپۆڕادا.

بەڵام گومانم هەیە کە ئەوە تەنیا گۆڕینی لیدۆ بۆ گوندنشینییەکی ئایدیاڵ بووبێت؛ چونکە گەڕانی ناوەوەمان هێشتا بەردەوام بوو. لە ڕووی منەوە، گەڕان بۆ «لادێی ئینگلتەرا» هێشتا تەواو نەببوو. لیدۆ خۆش بوو، بەڵام کاتێک لەگەڵ هاوڕێ سپیپێستە بەریتانییەکانم ڕۆژێک بۆ گەڕان بە ئۆتۆمبێل دەچووم، هەمیشە وا دیار بوو کە دایک و باوکی ئەوان ئەو لادێیە شکۆمەندەیان دۆزیبووەوە کە دایک و باوکی من نەیانتوانیبوو بیدۆزنەوە: چۆڵەوانی سەوز و گەشاوە، دارستانەکان کە تیشکی خۆر لەناو دارەکاندا دەکەوێتەوە، چەمە پێچاوپێچەکان. وەک ئەوەی ئەوان بزانن لە کوێ و چۆن ئەو شوێنانە بدۆزنەوە.

بەڵام ڕەنگە من ئەو شوێنانەی خۆمانم وەک ئەو شوێنانەی ئەوان جوان نەبینیبێت. ئەم جیاوازییە لە توانا و لێهاتوویی گەورەساڵاندا هەستێکی بێڕەحمی لە مندا بەرامبەر بە دایک و باوکم وروژاند. من ئەوکات تێنەگەیشتم کە ئەوان و هاوڕێکانیان لە زێدی خۆیان دوورخراونەتەوە و هێشتا لە پرۆسەی خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگایەکی نوێ و چوارچێوەی نەتەوەیی کۆلۆنیالیدا بەردەوام بوون.

لە کاتێکدا کە ئەم هەوڵە بۆ جێگیرکردنی ژیانێکی نوێ بە شێوەیەکی سنووردار و ئارام دەردەکەوت، ئەوەی لەژێر ئەم دیاریکردنەدا شاراوە مابوو، ئەو بوێری و بێخەمییە بوو کە لە گەنجییاندا هەیانبوو. وڵاتێکی تەواو نوێ، بە دابونەریت و سەلیقە و شێوازی ژیانی جیاواز. بەڵام من ئەوکات ئەوانم بە دونیانەدیو، بێگەشت، بێتوانا و سنووردار دەزانی.

ئەو گەشتانەی کە بە شێوەیەکی ئاگادار و هەڵبژێردراو ئەنجام دەدران – وەک هەڵبژاردنی ڕویسلیپ وەک شوێنێکی سەلامەت و کۆنترۆڵکراو – ئەو ڕاستییەیان نەخستە ڕوو کە ئەوان جارێک بوێر و بێخەم بوون. لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٥٥، لە ناوەڕاستی بیستەکانی تەمەنیان و ماوەیەکی کەم دوای هاوسەرگیرییان، دایک و باوکم بە کەشتییەک لە بۆمبای هیندستانەوە بەرەو ساوسهامپتۆن لە ئینگلتەرا بەڕێکەوتن. لە بەندەرەکەدا سواری شەمەندەفەر بوون و لەگەڵ گەیشتنیان بە لەندەن، ئۆتۆمبێلێکی دەستی دووی مۆریس مینۆریان کڕی. شەش مانگ دواتر، بە هەمان ئۆتۆمبێلەوە لە ڕێگای وشکانی بۆ هیندستان گەڕانەوە. ئەوان دەستیان بە گەشتێک کردبوو کە پێیان وابوو دەبێتە سەرگوزشتەیەکی دوورودرێژ. هەرچەندە ئەم گەشتە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە وردەکاری بوو، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ ئەزموون و بیرکردنەوەکانیان لە چوارچێوەی گفتوگۆ و گێڕانەوەی خێزانی و کۆمەڵایەتیدا جێگای خۆیان نەدۆزییەوە. ئەوان بە تەواوی باسی چیرۆکەکانیان نەدەکرد و منیش دواتر ئامادەی گوێگرتن و تێگەیشتن لێیان نەبووم. لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، چەند ساڵێک دوای گەڕانەوەیان بۆ هیندستان، لە لەندەن کارێکیان پێشکەش باوکم کرد و کۆچیان کردەوە بۆ بەریتانیا. لەو کاتەدا کە خەباتیان دەکرد بۆ نیشتەجێبوون و خۆگونجاندن لە وڵاتێکی بێگانە، کات و دەرفەتی کەم هەبوو بۆ دەربڕینی نۆستالژیا یان بیرەوەرییەکانی ڕابردوو. بۆیە یادەوەرییەکانیان لە قۆناغێکی بێخەمی و گەنجی لە ژیانیاندا شاردەوە.

لە ساڵانی خوێندنی سەرەتاییمدا، کاتێک دایک و باوکم هەندێک جار ڕووداوێکیان لەو گەشتە دەگێڕایەوە، من زۆر گرنگیم پێ نەدەدا. نەمدەتوانی وێنەی ئەوە دروست بکەم کە ئەوان بە جارێک گەنج و بوێر و هاوکات پڕ لە ئەزموون بن. ئێستا دەزانم کە تەنیا کاتێک دەتوانیت چیرۆکێک ببیستیت کە ئامادە بیت بۆ بیستنی – وەک ئەوەی دەڵێن گوێگرتن خۆی پرۆسەیەکی پێگەیشتن و گەشەکردنە. بەڵام کاتێک دایک و باوکم زیاتر ئاسوودە بوون، لە ژیانیان لە بەریتانیا جێگیرتر بوون و کەمتر سەرقاڵی کاروباری ڕۆژانە بوون، هەستیان کرد دەتوانن بیر لە ڕابردوویان بکەنەوە. زۆرجار هەندێک یادەوەریی کورت لە ژیانی پێش هاتنیان بۆ لەندەنیان دەگێڕایەوە. منیش زۆر بەوردی، بە حەز و ڕێزەوە دەستم دەکرد بە گوێگرتن. دواتر هانیانم دەدا بۆ بیرهێنانەوەی ئەڵقە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانیان؛ پرسیارم دەکرد، هانم دەدان و دڵنیام دەکردنەوە کە چیرۆکەکانیان گرنگ و بەنرخن.

لە زمانی گوجاراتیدا زاراوەیەک هەیە بۆ گوێگرێکی چیرۆک، “سامبلا” (sambla)، ئەو کەسەی چیرۆکەکان وەردەگرێت و قبووڵ دەکات کە یادەوەرییەکانی گێڕەرەوە ناچار لەگەڵ بیرەوەرییەکانی خۆی تێکەڵ دەبن. بەم مانایە، یادەوەری تەنیا موڵکی تاکەکەس نییە؛ بەڵکوو لەنێوان گێڕەرەوە و گوێگر دروست دەبێت و پەرە دەستێنێت. سامبلا ئەوە دەزانێت کە بەم تێکەڵبوونەوە، خۆی لەژێر کاریگەریی ئەو چیرۆکانەدا دەبینێتەوە و گۆڕانی بەسەردا دێت. لەم ڕوانگەیەوە، گوێگرتن خۆی کردارێکی دروستکردنی مانا و ناسنامەیە؛ پرۆسەیەک کە تێیدا ڕابردوو دووبارە لەناو گێڕانەوەدا دەبینێتەوە و خەیاڵە پێشووەکان لەژێر تیشکی یادەوەری و گوێگرتنە نوێیەکەدا دەکەونە بەر هەڵوەشاندن و نووسینەوە. وردە وردە، لەگەڵ دەرکەوتنی چیرۆکەکانیان، نەرێنییەکانی منیش – ئەو هەستە سەرەتاییانەی کە بەرامبەر بەو گەڕانە بێئەنجامانە و سنووردارییەکانیان هەمبوو – دەستیان کرد بە هەڵوەشاندن و گۆڕان. تێڕوانینی من سەبارەت بە دایک و باوکم سنووردار بوو؛ لە ڕاستیدا ئەوان زۆر چالاکتر و نوێخوازتر بوون لەوەی من لە سەرەتا دەمبینی. من و خوشکەکانم جاروبار لێمان دەپرسین بۆچی بڕیاریان دا گەشتێکی ئەوەندە بوێرانە و دوورودرێژ ئەنجام بدەن و داوامان لێ دەکردن دووبارە چیرۆکەکە بگێڕنەوە بۆمان.

دایکم بە خۆشییەکی ڕاستەقینە و بە ئاسانی وڵامی دەداوە و دەستی دەکرد بە بیرهێنانەوەی گەنجییان: “ئێمە خەڵکی ئاسایی بووین؛ شوێنمان نەدیتبوو، بەڵام بوێر بووین. دەمانویست دونیا پێکەوە ببینین.” ئەوەی زیاتر لەو گەشتە درێژە لە بیرم ماوە وێنەکانن کە پڕن لە خۆشەویستی: لەسەر پردێک یان گردێک شانبەشان وەستابووین و دەوروبەرمان دەڕوانی.

بەپێچەوانەی ئەو ئەزموونەی ئایرین کاکاندێس (Irene Kacandes, 2009) باسی دەکات – کە باوکی حەزی لە قسەکردن لە ڕابردووی ترۆماتیکی نەبوو و بە دەستەوە نەدەدرا باسی بکات – دایک و باوکم بە حەماسە و دڵخۆشی قسەیان لە گەشتەکانیان دەکرد. چیرۆکەکانیان بە گشتی خۆشحاڵ، زیندوو و پڕ لە ژیان بوون. بە سەخاوەت و بە چێژەوە بیرەوەرییەکانیان باس دەکرد.

ئەم چیرۆکانە بەدرێژایی ساڵ دەردەکەوتن و مێژووی خێزانەکەمانیان زیندوو دەکردەوە. لە کۆبوونەوە خێزانییەکاندا، یان کاتێک ڕووداوێک یان کەسێک یادەوەرییەکی دەوروژاند، ئەوان چیرۆکی گەشتەکەیان دەگێڕایەوە. هەندێک چیرۆکیش بەهۆی ڕووداوەکانی ئێستاوە هان دەدران. بۆ نموونە، سەختبوونی یاساکانی کۆچ و قەیرانی پەنابەران لە ئەورووپا هۆی ئەوە بوو کە بیر لەو ئاسانکارییانە بکەنەوە کە لە پەنجاکاندا بەهۆی پاسپۆرتەکانی کۆمەنوێڵس (Commonwealth)ەوە هاتوچۆکردن پێیان ئاسانتر بوو.

لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم چیرۆکانە، ڕوون بوو کە ئارەزوویان بۆ هاتوچۆ بۆ بەریتانیا و ئاواتەکانیان بە قووڵی لەژێر کاریگەریی گێڕانەوەی سەردەستدا دەقی گرتبوو.

لە هیندستان، لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەر وێنەیەکی ئایدیاڵ و ڕۆمانتیک لە بەریتانیا دروست کرابوو: وڵاتێکی شارستانیتر، ڕێکخراوتر و تەنانەت شکۆدارتر. وەک زۆرێک لە خەڵکی کۆلۆنیالکراو، ناسینی ئەوان لە بەریتانیا لە ڕێگای پەروەردە، ئەدەب، فیلم و وێنەکانی کالێندەرە وێنەدارەکانەوە شێوەی گرتبوو – ئەو وێنانەی لە ماڵ و قوتابخانەکاندا هەڵواسرابوون. ئەمانە تەنیا بەشێکی هەڵبژێردراو و جوانکراوی بەریتانیایان نیشان دەدا و وێنەیەکی سنووردار و ئایدیاڵیان لەو وڵاتە دروست دەکرد. جوگرافیایەکی خەیاڵی دروست کرابوو کە تێیدا فەزای شارە گەورەکان و ئیمپراتۆرییەکان وەک ناوەندی شارستانییەت، پێشکەوتن و شکۆداری نیشان دەدران.

لە ئەنجامدا، ئەم فانتازیایە کۆلۆنیالییانە – کە لە ڕێگای چیرۆک و سیمبۆلەکانی سەردەستەکانەوە دروست ببوون و ئەوان وەک سوژەی کۆلۆنیالیزم تێیدا قەتیس کرابوون – سەلیقە و خواستی ئینگلیزپەرستەکانیان پەرە پێ دا و حەز و ویستی سەردانی بەریتانیایان بە شێوەیەکی قووڵ لە زەینیاندا جێگیر دەکرد. ئارت مالیک (Arti Malik, 2016, p. 1) لەم بارەیەوە دەڵێت: کاتێک لێی دەپرسرێت بۆچی هاتووەتە بەریتانیا، هەمیشە وڵام دەداتەوە: “چونکە کاتێک ئێوە [ئینگلیزەکان] هاتنە هیندستان، پێتان گوتین ئێرە درەوشاوەترین شوێنە لەسەر زەوی.”

ئەم فانتازیایە کۆلۆنیالییانە ئەوەندە بەربڵاو و قووڵ بوون کە تەنانەت ناسیۆنالیستە دژە-کۆلۆنیالیستەکانیش – وەک دایک و باوکم – کەوتنە ژێر کاریگەرییان و هان دران بۆ سەردانی ناوەندی ئیمپراتۆرییەت. وەک محەمەد ڕەحمان (Mohammed Rahman, 2009, p. 130) دەنووسێت: “لەنێو ئەو هیندییانەی لە کۆلۆنییەکانی ژێر دەستی بەریتانیادا گەورە بووبوون، بەتایبەتی ئەوانەی بە ئینگلیزی خوێندبوویان، کەم کەس هەبوو کە حەزی لە سەردانکردنی بەریتانیای نەکردبێت.”

لەگەڵ زیادبوونی دەرفەتی گەشتکردن دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم (١٩٤٥) و سەربەخۆیی هیندستان (١٩٤٧)، ئەوانەی ئامادە بوون و توانایان هەبوو، دەیانتوانی ئارەزووی لەمێژینەی خۆیان بەدی بهێنن و ئەو شوێنانە ئەزموون بکەن کە پێشتر تەنیا لە ڕێگای چیرۆک، وێنە و گێڕانەوەی سەردەستەوە ناسێندرابوون. ئەم گێڕانەوانەی بەریتانیایەکی خەیاڵی و شکۆمەند کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دایک و باوکم هەبوو و هانی دان بۆ دەستپێکردنی گەشتێک کە لە سەرەتادا سەرسامییەکی گشتگیر و بێپرسیار بۆ شارستانیەتی ڕۆژئاوا پەرەی پێ درا. ئاشنابوونیان بە ڕەوتی بیرۆکە، بەها و نوێنەرایەتییە سەردەستەکانی بەریتانیا وای کرد تێگەیشتنێکی قووڵیان لەبارەی مێژوو و شوێنە بەناوبانگەکان پەیدا بێت.

بۆیە، سەفەر بۆ بەریتانیا زیاتر وەک پشتڕاستکردنەوەی ئەوە دەچوو کە پێشتر لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ئەم چیرۆک و وێنانەی لەلایەن سەردەستانەوە لە خەیاڵیاندا جێگیر کرابوو، نەک وەک سەفەرێک بۆ شوێنی نەناسراو. لە هیندێک ڕووەوە، گەشتەکانیان بۆ ناو دڵی ئیمپراتۆریەت زیارەتێک بوو بۆ بیرۆکەکان سەبارەت بە بەریتانیا کە بە قووڵی لە خەیاڵی بەکۆمەڵی هیندییەکاندا جێگیر ببوو (ڕەحمان، ٢٠٠٩، ل ١٣٣).

لە ئەنجامدا، کاتێک گەیشتنە بەریتانیا، هەستیان وەک ئەوە بوو کە ئەو شوێنەیان پێشتر دیوە – هەرچەندە یەکەمجار بوو دەیانبینی. لە سەرەتای گەشتەکەیاندا، بەریتانیا لە ڕێگای ئەو وێنانەوە دەبینرا کە چیرۆکە کۆلۆنیالییانە پێشتر لە زەینیاندا دروستی کردبوو. ئەم کاریگەرییانە بە باشی لە ئەزموونی گەشتەکانی دایک و باوکمدا دەبینرێت: سەردانی شوێنە مێژووییە بەناوبانگەکانیان دەکرد و لەناو دیمەنە سەرنجڕاکێش و جوانەکاندا بە ئۆتۆمبێل تێدەپەڕین. زۆریان حەز دەکرد لە ئۆکسفۆرد و کامبریج وەک ناوەندەکانی پلەبەرزەکانی پەروەردەی بەریتانی، کات بەسەر ببەن و سەرنجیان ڕاکێشرابوو بۆ وەستان لە کەنارەدەریاکان، کاتێدراڵەکان (کلیسا گەورەکان) و قەڵاکان کە لە ماوەی خوێندندا خەیاڵیانی پڕ کردبوو.

ئەم خەیاڵ و بینینانە زیاتر لەلایەن کتێبی ڕێنمایی گەشتیارییەکەیانەوە کە زیادتر پێداهەڵگوتنی تێدابوو پەروەردە کرابوون، کە حەز و ئارەزوو بۆ گەشتیاران ساز بکەن و هانیان بدەن کە بەریتانیا شوێنێکی جوان و خاوەن گەشتیاریی زۆرە: وڵاتێک کە بەهۆی پێکهاتە، شوێن و مێژووەکەیەوە، جوانی و سەرنجڕاکێشی پێشکەش بکات بە گەشتیارەکان لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان.

جگە لە باسکردنی شکۆ و جوانکارییەکانی بەریتانیا، شێوەی دیکەی چیرۆکگێڕانەوەش هەبوون کە کاریگەرییان لەسەر پلانی گەشتەکەی دایک و باوکی من هەبوو. هەندێک لە گرنگترین شوێنەکانی گەشتەکەیان شوێنە سمبۆلیکییەکان بوون کە پەیوەندییان بە ئەدەبی ئینگلیزییەوە هەبوو. ئارەزووی سەردانی ئەم شوێنانە لە ناسنامەیەکی قووڵەوە لەگەڵ بەرهەمەکانی شاعیران، شانۆنووسان و ڕۆماننووسانی بەناوبانگی بەریتانی هاتبووە ئاراوە، کە نووسینەکانیان لە بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکاندا وەک خوێندنەوەیەکی زۆر پێویست دابین کرابوون. ئەو کتێبە ئەدەبییەی Longman کە زۆر خوێندبوویانەوە، بە توندی هاندەری ئەوە بوو کە بچنە شوێنی لەدایکبوونی ویلیام شەکسپیر، سەردانی ماڵی لۆرد بایرۆن بکەن و بچنە ئیدنبەرە (پایتەختی سکۆتلەند) چونکە پەیوەندییەکی قووڵی بە والتەر سکۆتەوە هەیە.

جگە لە ئاشناییەکی قووڵ لەگەڵ ئەم نووسەرە کلاسیکانەدا لە ماوەی پەروەردەی کۆلۆنیالیدا، ڕۆیشتنی بەرفراوانی کتێبە ئینگلیزییەکان بە سەرانسەری ئیمپراتۆریەتەکە وای کردبوو کە دەستیان بگات بە ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی بەریتانی و ئارەزوویان بۆ بەرهەمەکانی جۆرج ئۆروێڵ، گراهام گرین، سۆمەرسێت ماگهام و ئەگاتا کریستی – کە لە ئاستێکی جیهانیدا زۆر بەناوبانگ بوو – گەشەی کردبوو. لە ئەنجامدا، لە ڕێگەی ئەم کتێبکۆچییەوە، بەرهەمە ئەدەبییەکان کۆچیان کردووە بۆ بەشە جیاوازەکانی جیهان، نەریتەکانی خوێندنەوەی ناوخۆییان گۆڕیوە و بیرۆکەیەکی دیاریکراویان سەبارەت بەوەی چیرۆکێکی باش چییە دامەزراندووە. ئەم کاریگەرییە قووڵەی بەرهەمە ئەدەبییە بەریتانییانە وەک جێبەجێکردنی ئەو فەرمان و باوەڕانە بوو کە لەلایەن بنیاتنەری سیاسەتی پەروەردەی کۆلۆنیالی بەریتانیا لە هیندستانەوە دەربڕاون.

لە کۆمەڵە وتارێکی فەلسەفی، ئیدنبەر لە ساڵی ١٨٤٦، Thomas Macaulay – مێژوونووس، شاعیر و سیاسەتمەدار – وتارێکی پێشکەش کرد: ئەدەبی بەریتانیا کاریگەرییەکی فراوانتری هەیە لە بازرگانییەکەمان و بەهێزترە لە هێزی سەربازیی ئێمە. ئەو لە وتارەکەیدا دەڵێت بەهای تەنیا یەک کتێبخانەی باشی ئەورووپی خۆی لە بەهای هەموو ئەدەبی ناوخۆیی هیندستان و عەرەبستان دەدات.

ئەم خەیاڵ و بینینانە زیاتر بەهێز کران بەهۆی کتێبی ڕێنمایی گەشتیارییەکەیانەوە بە ناوی “بەریتانیا: کتێبێک کە هەوڵ دەدات زیاتر لەوەی قەبارەکەی ڕێگەی پێ بدات کاریگەر بێت” (١٩٥٢)، کە تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی زیادەڕۆیانە بەریتانیا وەک شوێنی شکۆ و جوانی گەشتیاری پیشان بدات. وەک لەو کتێبەدا هاتووە: «وڵاتێک کە بەهۆی پێکهاتە، شوێن و مێژووی خۆیەوە، جوانی، سەرنجڕاکێشی و جۆراوجۆری زیاتر بە گەشتیارەکان پێشکەش دەکات بە نیسبەتی هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان» (بەرنامەی گەشتیاری بەریتانیا، ١٩٥٢، لاپەڕە ٧).

چیرۆکەکانی دایک و باوکم سەبارەت بە سەفەرە ئایینییەکانیان بۆ شوێنەکانی پەیوەندیدار بە شوێنەکانی ژیانی خولقێنەری بەرهەمە ئەدەبییەکان و سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە کۆلۆنیالییانە بەتەواوی پیشان دەدەن. لە ڕێگەی وەرگرتن و خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانە لە شوێنێکی دیکەوە، کە لە کتێبەکاندا چاپ کرابوون و لە ناوچە جوگرافییە جیاوازەکانەوە گوازرابوونەوە، زانیاری دایک و باوکم سەبارەت بە کولتوور و زمانی بەریتانی دروست بووە و ڕۆڵێکی هاندەرانە و بگۆڕی لە گەشتەکانیاندا هەبووە. سەلیقە و هەڵبژاردەکانیان، کە لە چیرۆکە کۆلۆنیالییە کۆن و زۆربەکارهاتووەکانەوە کاریگەرییان لەسەر بووە سەبارەت بەوەی چی “ئەدەبی باش”ە، پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ بەرزکردنەوە و بەنرخاندنی زمانی ئینگلیزی هەبووە. بەڕاستیش وشەکانی باوکم – کە زۆربەیان کۆن و کەمبەکارهاتوو بوون – و هەروەها شێوازی قسەکردن و وشەدروستکردنەکانی، زۆر لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی کاریگەرییان وەرگرتبوو؛ ئەمەش هانی دا بوو کە بە تەواوی خۆی بۆ فێربوونی زمان تەرخان بکات. ئێمە پێدەکەنین بە هەڵە بەکارهێنانی وشەکانی و ئەو وەک شتێکی بێبایەخی دەبینی کاتێک ڕاستمان دەکردەوە و هیچ گرنگییەکی نەدەدا بە ڕاستکردنەوەی دەنگە هەڵەکانی؛ بەبێ وەستان هەر وشەیەکی نوێی دەدیت بەکاری دەهێنا، تەنانەت ئەگەر بە دروستی و بە وردی بەکار نەهێنرابێت. بۆ ماوەیەک دوای دەستپێکردنی گەشتەکەیان لە ساڵی ١٩٥٥دا، ئەوان پابەند بوون بە ئایدیاڵ و خەیاڵە کۆلۆنیالییەکان کە چاوەڕوانییەکانیان لە بەریتانیا دروست کردبوو.

بەڵام کاتێک “بەریتانیای ڕاستەقینە”یان بینی، کەمتر ئامادە بوون تەنیا ئەوەی دەیانبینی و هەستیان پێ دەکرد بەبێ بیرکردنەوە و بڕیاردان وەری بگرن و دەستیان کرد بە دروستکردنی چیرۆکەکانی خۆیان. ژیان لە بەریتانیا وای لێ کردن زیاتر هەستیار و ڕەخنەگر بن بەرانبەر کاریگەرییە کۆلۆنیالییەکان و دەستیان کرد بە بیرکردنەوە لە هەڵبژاردە و ڕێگای دیکەی ژیان، جگە لەو جیهانبینییە داخراو و سنووردارەی کە پێشتر تێیدا دەژیان.

سەرەتا، ئەم گۆڕانکارییانە لە بیرکردنەوەیاندا سەبارەت بە ناوەندی ئیمپراتۆریەتەکە زۆر بە نهێنی و نەبینراو بوو، چونکە ڕەتی دەکردەوە ناسەقامگیری و نائارامی لەگەڵ تێگەیشتن لەوەی کە لە چیرۆکەکانیاندا پێیان گوترابوو یەکتریان ڕەت دەکردەوە بۆ ئەو شوێنانەی خەیاڵیان کردبوو تەنیا بەشێکی ساختە و خەیاڵی بوون. بە وردی، متمانەیان زیاد دەکرد؛ کاتێک چاوە کۆلۆنیالییە هەڵە و تێکچووەکە لە جێگەی چاوێکی بێفیلتەر و ڕاستەوخۆ جێگەی گرتەوە، دەستیان کرد بە خوێندنەوەی بەریتانیا بە شێوەیەکی جیاواز و ڕەخنەیان لەوە دەگرت کە پێشتر چۆن پێیان پێشکەش کرابوو پێش گەیشتنیان.

تێگەیشتن کە بەریتانیا چیدی پشتگیریی خەیاڵی کۆلۆنیالییان ناکات، بەڵکوو لەناو ژمارەیەکی زۆر لە هەست و کاریگەرییە نوێیەکاندا دایانگرت کە چیرۆکە سەردەستە کۆلۆنیالی و نەتەوەییەکان دەیانپەڕاندەوە. ڕوون بوو کە ئەو خەیاڵانەی لە ڕێگەی چیرۆکەکانیانەوە وەرگیرابوون نەگۆڕ و تاک و یەکجارەکی نەبوون. بەڵکوو هەمیشە لە ترسی ئەوەدا بوون کە ڕاستییەکان ئاشکرا ببن، چونکە ئەو وێنە ئەفسانەیی و زیادەهەڵئاوساوەی لەبارەی بەریتانیاوە هەیانبوو، لەگەڵ ڕاستیدا یەکی نەدەگرت؛ بەریتانیا جیاوازتر بوو لەوەی بۆیان گێڕدرابوو.

دایک و باوکم دەستیان کرد بە دروستکردنی «چیرۆکی دژ»ی تایبەت بە خۆیان، کە جۆرێک لە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێ درابوو. کاتێک گەڕانیان بۆ ئەو وێنە بەرز و ئایدیالیزەکراوەی بەریتانیا لێیان ڕزگاری بوو، ڕوانینە ڕۆمانتیکییەکانیان سەبارەت بە بەریتانیا وەک جیهانێکی ڕۆشنبیرتر و ڕێکوپێکتر تووشی نائارامی، سەرزەنشت و داڕمان بوو و دەستیان کرد بە لێکدانەوەی نوێی ئەو ئەزموونانە. ئەوان چیرۆکیان دەگێڕایەوە سەبارەت بە فرەیی تایبەتمەندی، ڕەفتار و شوێنەکانی ژیانی ڕۆژانە – ئەو بابەتانەی لەو شتانە جیاوازن کە لە قوتابخانە، فیلم، کتێب و گۆڤارە بەناوبانگەکانی زمانی ئینگلیزیدا بڵاو کرابوونەوە و چێژیان لێ وەرگرتبوو.

بۆ ئەوان، زۆر سەرسوڕهێنەر بوو کە شایەتحاڵی فەقیریی بەریتانیایەکی دوای جەنگ بن، کە پڕ بوو لە وێرانە و شوێنە بۆمبڕێژکراوەکان. لەوەش زیاتر، لە کاتێکدا بەناو بەریتانیادا دەگەڕان، هەستیان دەکرد وەک کەسانێکی جیاواز سەیریان دەکرێت. هەرچەندە زۆرجار پێشوازییان لێ دەکرا و میواندارییان بۆ دەکرا، بەڵام هەندێک جار وەک نامۆ سەیر دەکران و بە سەیرکردنێکی نامۆیانە پێشوازییان لێ دەکرا. هەروەها ڕووبەڕووی کەسانی دیکە دەبوونەوە کە هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانەیان هەبوو و سوودیان لە جیاوازییە پلەبەندییە باش لەبەرکراوەکان وەرگرتبوو، کە تێیدا دایک و باوکم وەک کەسێکی کەمتر دەبینران؛ بەڵام هەرچەندە تێگەیشتنە نوێ و جیاوازەکانیان سەبارەت بە وڵات پەرەی گرت و بەم شێوەیە وێنە کۆلۆنیالییە پێشووەکان لە لایاندا دەستیان کرد بە داڕمان، چیرۆکە نوێیەکانی پۆست-کۆلۆنیالییان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە چۆن زۆرجار ڕووداوە ڕەگەزپەرست و دوژمنکارانەکان کەم دەکرانەوە یان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو بیر دەخرانەوە.

هەندێک کەس ئەوەندە خۆش نەبوون، بەڵام دەیانگوت: “بۆچی ئەو شتە خراپانەمان لەبیر بمێنن؟ دڵ ئازار دەدات.” کاتێک داوایان لێ دەکرا ئەو ڕووداوە ناخۆشانە بیر بهێننەوە، ئەوان وڵامیان دەداوە: «دڵ زۆر بچووکە بۆ ئەوەی جێگای ئەو بیرکردنەوە نەرێنییانە و هەستە خراپەکان بێتەوە» و بە جۆرێک سەرزەنشتیان دەکردین. باوکم جەختی لەوە دەکردەوە: “خەڵک بە گشتی لامان خۆشەویست بوون؛ زۆر بە دەگمەن کەسانێکمان ناسی کە خۆشمان نەوێن و ئەگەر بتانەوێت لەبیریان بکەم، ئەوە کاتێکی زۆری دەوێت.” تەنانەت دەیگوت: “ئەوانەی بە هۆکارێک یان هۆکارێکی تر دژی ئێمە و شێوازی ژیانمان بوون، ئێمە ڕقمان لێیان نەبوو.” بەڵام هەرچەندە زۆرجار لەو شتانەی کە بیریان دەهاتەوە دڵخۆشی پێوە دیار بوو، بەڵام هەندێک ڕووبەڕووبوونەوەی دژبەرانەش دەگێڕدرانەوە، زۆرجار بە فرمێسک و ئازار و خەمەوە. زیاتر لە جارێک باسی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ڕاهیبە ڕەگەزپەرستەکان و گاڵتەکردنیان لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوەم بیستووە. لە کاتێکدا هەندێک ڕووداوێکی ناخۆش مەیلیان هەبوو بە گاڵتەجاڕییەوە بگوازرێنەوە بۆ ئەوەی «دڵ ئازار نەدەن»، بەڵام ئەو ڕاستییەی کە ئەمانە و ئەڵقە خراپەکانی دیکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دەگێڕدرانەوە، نیشان دەدات کاریگەرییەکی قووڵ، درێژخایەن و دڵسۆزانەیان هەبووە.

جۆزێف زۆبێل (١٩٨٠) لە ڕۆمانی نیمچە ژیاننامەیی خۆیدا بە ناوی «کۆڵانی کەپرە ڕەشەکان» دەپرسی: چی دەکات چیرۆکێک شایەنی گێڕانەوە بێت؟ چیرۆکەکانی دایک و باوکم بە درەنگی و تەنیا لە سنووری فەزای ناوخۆیی ماڵەوە دەگێڕدرانەوە. دەیانتوانی بەتەواوی تایبەت بمێننەوە و وەک چیرۆکێکی کورت تەنیا لەنێوان ئەندامانی خێزاندا هاوبەش بکرێن. بەڵام کاتێک ئەم چیرۆکانە گەشەیان کرد و بەردەوام بوون، بۆم ڕوون بووەوە کە ئەوانە کۆمەڵە چیرۆکێکن کە نەک تەنیا شایەنی گێڕانەوەن، بەڵکوو پێویستە بیگێڕینەوە. کاتێک بیر لەوە دەکرێتەوە کە چی لەبیر دەمێنێتەوە یان لەبیر دەچێت، چی دەمێنێتەوە و چی لە دەست دەچێت و چی بە گرنگی دادەنرێت بۆ تۆمارکردن و پاراستنی بۆ نەوەکانی داهاتوو، بۆم ڕوون بووەوە کە ئەو ڕووداوە ناوازانەی کە پێکەوە کۆ دەبنەوە دەنگێکی جیاواز دروست دەکەن؛ چیرۆکگەلێک کە پێویستە گوێی لێ بگیرێت و بناسرێت. وەک هونەرمەند و تیۆریستێکی کولتووری، ڕۆس گیبسۆن (٢٠١٥) دەنووسێت کە هەرچەندە چیرۆکەکان زۆرجار جیاواز بن و نزیک بە ژیانی تاکەکەسی بن، بەڵام دەتوانرێن وەک ڕوانینێکی ڕەخنەیی و بەدیل بەکار بهێنرێن بۆ لێکۆڵینەوە لەو مێژووانە کە لە شوێنە تایبەتەکاندا و لە سەرانسەری جیهاندا دەردەکەون. ئێستا خەریکی کۆکردنەوەی چیرۆکەکانی دایک و باوکمم بۆ گێڕانەوەی ئەزموونەکانیان. چیرۆکەکانیان سەبارەت بە گەشتێکی ناوازە و سەرنجڕاکێش بە ئۆتۆمبێل، کە تێیدا ئارەزووەکان، ڕێڕەوەکان، سەرقاڵییەکان و تێگەیشتنەکانیان باس دەکرێن، گێڕانەوەیەکی دەگمەنی گەشتیارانی ناڕۆژئاوایی پێشکەش دەکەن. ئەم گێڕانەوانە لە گێڕانەوە کۆلۆنیالییەکان و چیرۆکە گەشتیارییە باوەکانی نووسەرانی ئەورووپی و ئەمریکی جیاوازن.

ئەو بابەتەی کە سەیدیا هارتمان (٢٠٠٨) بە «بێدەنگی ئارشیفی» ناوی دەبات – کە تێیدا هەندێک چیرۆک لە سەرەتادا ون دەبن یان هەرگیز ناگێڕدرێنەوە – چیرۆکەکانی دایک و باوکم ئەوە نیشان دەدەن کە چ شتێک لە مێژووی هاوبەشی ئێمەدا نەماوە. ئێدوارد سەعید (١٩٧٨) دەنووسێت ئەوانەی پێشتر کۆلۆنیال کراون پێویستە ڕووبەڕووی ئەو تێکەڵبوونە ئاڵۆزانە ببنەوە کە لە ڕێگەی پڕۆسە کۆلۆنیالییەکانەوە دروست بوون و پێناسە و سنوورداریان کراون. گێڕانەوەی زاڵ و دەسەڵاتدارانە سەبارەت بە گەلانی کۆلۆنیالکراو، زۆرجار نە لەلایەن خۆیانەوە، بەڵکوو لەناو شێوازە گێڕانەوە کۆلۆنیالییەکاندا تێکەڵ کراون و بڵاو بوونەوە – وەک چیرۆکی فۆلکلۆر، ڕاپۆرتی زانستی بێلایەن یان ئەفسانە – کە تیپە بنچینەییەکانی کولتوورێکی تر دەستنیشان دەکەن.

چیرۆکەکانی دایک و باوکم، چونکە نەگێڕدرابوونەوە و نەپارێزراو بوون و کاریگەرییەکی فراوانیان نەبوو و نەیانتوانی کاریگەرییان لەسەر خەڵکی زیاتر هەبێت. بۆیە ئێستا دەتوانم بە شێوەیەکی ڕوونتر ئەم چیرۆکانە بگێڕمەوە.

چیرۆکەکان ئەوە دەردەخەن کە شتەکان لە گۆڕاندان. بەڵام من ئاگادارم کە دەستڕاگەیشتن بە گێڕەرەوەی چیرۆکەکان لە سەرانسەری مێژوو و کولتووردا هەمیشە نایەکسان بووە. ئەو دەرفەتەی بۆم ڕەخساوە و توانای نووسینی ئەم گێڕانەوەیە، زۆر وابەستەیە بەوەی لین پیرس و نیکۆلا سپێرلینگ (٢٠٢٤) پێی دەڵێن “پەیوەندییەکی ئاڵۆزی هۆکارە مێژووییە تایبەتەکان: ئیمتیازاتی کۆمەڵایەتی-ئابووری، شوێنی جوگرافی و گوتاری بەردەست”. من بەختەوەرم کە دەتوانم چیرۆکەکانی دایک و باوکم بگێڕمەوە، بەڵام ئەم ئیمتیازە لەو بەشدارییە ڕەخنەیی و گرنگە کەم ناکاتەوە کە دەتوانم بیکەم: تۆمارکردنی چیرۆکێکی پێشتر پەراوێزخراو لە تۆماری گشتیدا. بەڵام گێڕانەوەی چیرۆکی دایک و باوکم کارێکی سادە نییە؛ بە ناچاری ئاڵۆز و پێچاوپێچە. چۆن چیرۆکەکەیان بە شێوەیەک بگێڕمەوە کە هەم تایبەتمەندییە نزیک و هەستبزوێنەرەکانی دایک و باوکم و گەشتەکانیان بگەیەنێت، هەم لە سنووری گێڕانەوەیەکی کەسی تێپەڕێت بۆ گێڕانەوەیەک کە دەنگدانەوەیەکی فراوانتری هەبێت؟ ئەمە پشت بە پراکتیک و هونەری گێڕانەوە دەبەستێت. لە کاتێکدا هەوڵ دەدەم ئەو چیرۆکە کەسی و پەرشوبڵاوانەی لە ماوەیەکی درێژدا بە شێوەیەکی بەش بەش گێڕدراونەتەوە پێکەوە ببەستم، تێدەگەم کە دروستکردنی گێڕانەوەیەکی یەکگرتوو لەم پارچەپارچەیە پێویستی بە ڕەچاوکردنی ئەمانە هەیە:

• چۆن یادەوەرییەکان کار دەکەن؛

• چیرۆکەکان چۆن دەگێڕدرێنەوە؛

• چۆن بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێن.

دایک و باوکم ئەو ڕووداوانەیان هەڵبژاردن و دەیانگێڕایەوە؛ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕابردوویان بەوە لێک دەدایەوە کە جێیان هێشتووە و ئەوەی جەختیان لەسەر کردووەتەوە، ئەو بەشانەی قەبووڵیان کردووە و ئەوانەی شاردوویانەتەوە. یادەوەرییەکانیان سەرهەڵدەدات؛ ئەوان کۆگایەکی بێ جووڵە و بێدەنگ لە ڕاستییەکان نین، بەڵکوو پراکتیزێکی زیندوون کە هەست و ماناکان لە ڕێگەیانەوە دەگوازرێنەوە. هەرچەندە هەندێک بەش بە دووبارەگێڕانەوە سەرنجڕاکێشتر بوون، زۆربەی چیرۆکەکان بەدەگمەن بە شێوەیەکی یەکسان و بەردەوام گێڕدراونەتەوە. بە تێپەڕبوونی کات، شێوە، جەختکردنەوە و تەرکیزەکانیان دەگۆڕان. لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن و دووریی کات، چیرۆکە خۆشەکان و یادەوەرییە ڕۆمانسییەکان دەستیان کرد بە زاڵبوون بەسەر گێڕانەوەی سەرگەرمییە سەفەرییەکانیاندا. دایک و باوکم کەم کەم بەرەو پیری دەچوون و لە کاتێکدا کە من بە باشی تێگەیشتم کە چیرۆکەکانیان چەند گرنگن و دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکان، یادەوەرییەکانیان کاڵ دەبوونەوە. ڕۆژێک کە باوکم نەیتوانی وڵامی پرسیارەکانم بداتەوە وتی:

“ببوورە، کێشەکە لەدەستدانی یادەوەرییە. شتەکانم لەبیر چووەتەوە و گرنگییەکانیانم لەدەست داوە؛ ناتوانم وردەکارییەکانت پێ بڵێم. تۆ زۆر درەنگ ئەم چیرۆکانە کۆ دەکەیتەوە.”

ئەم کەمبوونەوەی توانای بیرهێنانەوە تەنیا ئەنجامی پیربوون نییە، بەڵکوو بەشێکە لە شێوازی کارکردنی یادەوەریی مرۆڤ. وەک کارمێن ماریا ماچادۆ (٢٠١٩، لاپەڕە ٢٧١) دەنووسێت: “کاتێک لە ڕووداوێک جیا دەبیتەوە، هەندێک شتی گرنگ بە تەواوی لەدەست دەچن.” سیفەتێکی بنەڕەتی هەمیشە لەدەست دەچێت. لە دۆخی دایک و باوکمدا، ئەم لەدەستدانە هەندێکجار قەرەبوو دەکرایەوە؛ چونکە زۆرجار هەریەکەیان وردەکاریی جیاوازیان بیر دەکەوتەوە، بۆشاییەکانی یادەوەرییەکانی یەکتریان پڕ دەکردەوە و لەم ڕێگەیەوە یادەوەرییەکی هاوبەش دروست دەبوو. هەروەها پەیوەندیی نێوان بێژەر و گوێگر ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە شێوەدان بەو چیرۆکانەی دەگێڕدرێنەوە: ئەوەی چی دەگێڕدرێتەوە، چۆن دەگێڕدرێتەوە، کەی دەگێڕدرێتەوە و چی لەبیر دەکرێت. وەک گوێگرێک، من سوود لەو پەیوەندییە درێژخایەن و نزیکەی خۆم لەگەڵ دایک و باوکم و لەو پەیوەندییە سۆزدارییانەی نێوانمان وەردەگرم. بۆیە، لەو شوێنانەی کە بۆشایی هەیە، گریمانەی ئەوەم کردووە کە ڕەنگە دایک و باوکم چییان بیر هاتبێتەوە یان چییان هەست پێ کردبێت. وەک ماریا ستیپانۆڤا (٢٠١٧، لاپەڕە ٢٩) ئاماژەی پێ دەکات، منیش ئاشکرای دەکەم کە لە شوێنی ئەو یادەوەرییانەی تێیاندا نەبووم یان ڕووداوێک کە شایەتحاڵی نەبووم، لێکدانەوەی یادەوەرییەکانی دایک و باوکم هاوبەش دەکەم.

بە ڕوونکردنەوەی ئەو دەنگ و گێڕانەوەیانەی تا ڕادەیەکی زۆر لابراون، شاراوەن و پشتگوێ خراون و بە تۆمارکردنی ئەم چیرۆکانەی پێشتر بێدەنگ کراون لە ئارشیفدا، گێڕانەوەی دایک و باوکم وڵامی ئەو بانگەوازانە دەداتەوە کە جۆنی پیتس (٢٠١٩) پێشنیاری دەکات: هەڵگەڕاندنەوەی تۆمار و گوێگرتن لە «لایەنەکەی تر» واتە چیرۆکەکانی دەرەوەی چیرۆکە سەرەکییەکان. چیرۆکەکانی دایک و باوکم تەنیا باس لە چیرۆکگێڕان و یادەوەری ناکەن، بەڵکوو باس لە کۆلۆنیالیزم و پۆست-کۆلۆنیالیزم، دیدار و پەیوەندییە جیهانییەکانیش دەکەن؛ و لە کۆتاییدا، سەرنج دەخەنە سەر ژیانی کەسانی ئاسایی کە بەشدارییەکی بچووکیان هەیە لە مێژوویەکی گەورەتردا. لە کۆکردنەوەی ئەو پارچانەی بەدرێژایی ساڵان دەنگیان داوەتەوە، هیوادارم چیرۆکەکانی دایک و باوکم – کە تێیدا مانا و هەستەکانی ناڕاستەوخۆی ڕابردوو دەگەنە ئێستا – ببنە هاندەرێک بۆ دروستبوونی جۆرە خەیاڵێکی نوێ و جیاواز.

*Kothari, U. (2026). Imagining: Disrupting Colonial Imaginaries, Creating Postcolonial Stories. In: Stories of Place. Palgrave Macmillan, Singapore. https://doi.org/10.1007/978-981-95-4921-4_3

سەرچاوەکان:

Behrendt, L. (2021). After story. University of Queensland Press.

British Travel & Holidays Association. (1952). Britain: a book which attempts

to do more than its size permits. The British Travel and Holidays Association.

Gibson, R. (2015). Memoryscopes: remnants forensics aesthetics. Apollo Books.

Hartman, S. (2008). Venus in two acts. Small Axe: A Caribbean Journal of

Criticism, 12(2), 1–14. Kacandes, I. (2009).

Daddy’s war: Greek American stories. University of Nebraska Press.

Kureishi, H. (2014). My ear at his heart. Faber & Faber.

Machado, C. M. (2019). In the dream house: a memoir. Serpent’s Tail.

Malik, A. (2016, March 13). Television has gone backwards- it’s no longer

colourblind. Radio Times. Accessed March, 2025 from https://www.radiot

imes.com/tv/drama/art-malik-television-has-gone-backwards-its-no-longer

colourblind

Mani, B. V. (2016). Recoding world literature: libraries, print culture, and

Germany’s pact with books. Fordham University Press.

Mukhopadhyay, T. (2002). A visit to Europe. Gale and the British Library.

Pearce, L., & Spurling, N. J. (2024). Auto/biography and mobilities in the

time of climate emergency. Mobilities, 19(5), 807–822.

Pitts, J. (2019). Afropean: notes from Black Europe. Penguin UK.

Rahman, M. A. (2009). The Gaze: imperial Britain in Indian travel narratives.

1765–1947 . (Doctoral Dissertation,. The University of Manchester.

Roy, A. (2006). Indian artists inspired by English Countryside. Accessed

March, 2025 from https://www.telegraph.co.uk/news/1528549/Indian-art

ists-inspired-by-English-countryside.html

Said, E. (1978). Orientalism. Pantheon Books.

Stepanova, M. (2017). In memory of memory. Fitzcarraldo Editions.

Whitehead, C. (2005). The historiography of British imperial education policy,

Part I: India. History of Education, 34 (3), 315–329.

Zobel, J. (1980). Black shack alley. 1950. Trans. Keith Q. Warner. Lynne Rienner Publishers.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە وتارەکانی گۆڤار

هەمووی ببینە
وتارەکانی گۆڤار

ڕێنووسی کوردی و ڕێنمایی نووسین

بە سەرنجدان بەوەی نووسەرانی تیشک و خوێندەوارانی کورد، بنەما گشتییەکانی ڕێنووسی کوردی دەزانن، بە پێویستیمان نەزانی هەموو بەشەکانی ڕێنووسی کوردی لێرە بنووسینەوە و تەنیا لەم نووسراوە کورتەدا ئاماژە بەو خاڵانە کراوە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران لەبەرچاویان ناگرن و بە هەڵە دەیاننووسن.

وتارەکانی گۆڤار

لە نیشانەناسییەوە تا ئوستوورەپەردازی: خوێندنەوەی شێعری «کیژی سوور خاوەن مانگە»ی لەیلا ساڵحی

پوخته‌ی بابه‌ت: ئوستووره‌ گێڕانه‌وه‌ یان كۆمه‌ڵه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌مزی و نمادینی ئاوات، بایخ، ترس و ویستی میلله‌ته‌كانن، گێڕانه‌وه‌ و ده‌ربڕینێك چ له‌ ڕێگه‌ی حیكایه‌ت و به‌یت و باو و به‌ گشتی داب و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ،چ به‌ زمانی ئه‌ده‌بیات، سینما ، نیگاركێشی و…

وتارەکانی گۆڤار

بە ناو کوردستانی ئازاددا؛ گەشتێک بە ناو وڵاتێکی تەژی لە متمانە

پێشەکی لە نێوان ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر کوردستان، ژیانی گەلی کورد، ناسنامە و مێژووی ئەم گەلە نووسراون، هەندێک کتێب تەنها بەهۆی زانیارییەکانیان گرنگ نین، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە بتوانن کوردستان و کورد لە ڕوانگەی مرۆڤێکی گەشتیار، چاودێر و بیرمەندەوە پیشان بدەن. کتێبی…