گێڕانەوە وەک ژیانێکی دووبارە
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- شەهلا دەباغی
- جۆر
- وتاری گۆڤار
- بڵاوکراوەتەوە لە
- گۆڤاری تیشک
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/11/13
- بەرگ
- ٢٨
- ژمارە
- ٧٤
- ISSN
- 2942-7894
- زمان
- کوردی
- لاپەڕەکان
- ١٨١ – ١٨٨
دەباغی، شەهلا (2026): گێڕانەوە وەک ژیانێکی دووبارە. گۆڤاری تیشک ٢٨ (٧٤)، ١٨١–١٨٨، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
Jag längtar hem sen åtta långa år.
I själva sömnen har jag längtan känt.
Jag längtar hem. Jag längtar var jag går
– men ej till människor! Jag längtar marken,
jag längtar stenarna där barn jag lekt.
Verner von Heidenstams (1888)
سولەیمان دڵسۆز (1972)وەرگێڕی چەند ڕۆمانی بەناوبانگ لەوان هەرگیز بەجێم مەهێڵە ، کاتژمێر ٢٥ و ناسکیەتیی ژوشک ، و هاوکات نووسەری کورتەچیرۆک و بیرەوەرییە. دڵسۆز لە چەند گێڕانەوەیەکدا، لە ماوەی چەند ساڵدا لەسەر دیواری فەیسبووکی خۆی باسی دۆستێکی نزیکی خۆی، سەلاح گوڵاوی، دایک و بابی سەلاح و برا گەورەکەی سەلاح دەکات. ئەو چەند بیرەوەرییە کورتە کاریگەرییەکی وەهایان لەسەر خوێنەرەکانی دڵسۆز داناوە کە بە دەیان کامێنتیان لەسەر نووسراوە و خەڵکی ئاسایی و پسپۆڕانی زمان و گێڕانەوە هەستی خۆیان سەبارەت بە گێڕانەوەکە و زمانی گێڕانەوەکە دەربڕیوە. ئەو بیرەوەرییانە وەبیر دەمێنن، یاخۆ هیچ نەبێ ئەگەر وردەکارییەکانیش لەبیر بچنەوە، کارەکتەرە سەرەکییەکان، سەلاح و وەستا ڕەحیم و هێندێک ڕووداو لەبیر ناچنەوە.
ئەو چەند بیرەوەرییە ماتریاڵێکن بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە دووبارە سازکردنەوەی ڕابردوو، هاوڕێیەتی، تاسە و گێڕانەوە لە تاراوگەدا. ئەو بیرەوەرییانە باسی خودی ئەو ژیانەن کە نووسەر ژیاوە، چ لە کاتی بوون لەگەڵ هاوڕێیەکەی لە شاری خانێ و چ لە کاتی دوورەوڵاتیدا. لێرەدا باسەکەی من تەنیا و تەنیا لە چوارچێوەی ئەو چەند بیرەوەرییە کورتەی نووسەر و وەرگێڕ سولەیمان دڵسۆزدا دەمێنیتەوە.
پوختەی گێڕانەوەکان
ماڵە وەستا ڕەحیم ماڵێکی پڕ لە شادی و گاڵتە و قاقا بوو. خەڵک «لە لادێڕا دەهاتنە شار، بە خۆیان و کیتەڵەماستێک، سەلکەپەنیرێک، یان گرۆکەکەشکێکی فەریکەوە لێیان وە ژوور دەکەوتن، ئینجا سەلاح یان عوسمان دەبووایە دەگەڵیان بچێتە دوکتۆر یان ئیداران.» ماڵ پڕ بوو لە بەزم و کایە و «هەر شەقەی ئیستکانان بوو سەف سەف بە دەستی مریەم یان سەلاحەوە دەگەڕا، هەر پوولی دۆمینە بوو شریخەی لە مەجووعمەی فافۆن هەڵدەستاند.» بێ هیچ بیانوویەک «خاڵ و خوارزا دەو ماڵەیدا دەیانکردە داوەت، وشترانی پێیان بە عەرز دادەدا، بە جۆرێک کە گۆرەوی دە لاقیاندا دەسووڕا.» تەنانەت نووسەر بە چاوی خۆی دیویەتی کە «پانیەی گۆرەوەییان بە داوەتێ دڕاون.»
وەستا ڕەحیم پیاوێکی باریکی باڵابەرز، شۆخیباز، دەستودڵکراوە و لێبوردوو بوو. ڕۆژێک کە ماشێنێک خۆی لە وەستا ڕەحیم دەدا، وەستا ڕەحیم هەڵدەستێتەوە و دەبینێ هیچی لێ نەهاتووە. ڕوو دەکاتە شۆفیری پەشۆکاو، دەڵێ: «بڕۆ کاکە، بڕۆ! زوو بە هەتا پۆلیس نەهاتووە، با جەریمەت نەکا.» عوسمان براگەورەی سەلاح دەکەوێتە زیندان و دوای سێ ساڵ ئازاد دەبێ، بەڵام بنەماڵە و ڕەفیق بنباڵی عوسمان دەگرن کە هەستێتەوە. دەوران دەسووڕێ و ماڵێک کە بنکەی خۆشی بوو ماتەم دایدەگرێ. سەلاح و براکەی جەماڵ تەرکەوەتەن دەبن و نووسەریش سەر لە کانادا دەردێنێ. دوای چەند ساڵ سەلاح لە باشوور وەستا ڕەحیم و عوسمانی برای دەبینێتەوە. وەستا ڕەحیم ساڵی ٢٠٢٤ کۆچی دوایی دەکا. ئەمساڵ (٢٠٢٦) مانگی ئاپریل عوسمان بۆ گیای بەهارێ دەچێتە شاخ. لەوێ لەناو ڕێواس و شلێر و گەزیزاندا دڵی ڕادەوەستێ.
خوێنەر دەق دروست دەکاتەوە
نووسەر و ڕەخنەگری ئەدەبی کریستۆفێر لێئاندۆر لەسەر ئەم باوەڕەیە کە خوێنەر لە دروستکردنی دەقدا بەشدارە. واتە دەق شتێکی داخراو نییە، بەڵکوو دەق بەردەوام لەگەڵ خوێنەری نوێ، سەردەم و کۆنتێکستی جیاواز ڕووبەڕوو دەبێتەوە و واتا و ماناکەی دەتوانێ بگۆڕێ. بە ڕای ئەو ئەزموونەکانی خۆمانە کە کاریگەری لەسەر شێوازی تێگەیشتن و لێکدانەوەمان بۆ کتێب و ڕۆمان و گێڕانەوەکان دادەنێن. مانای ڕۆمانێک لە تەمەنێ گەنجیدا دەتوانێ لەگەڵ هی تەمەنی پیری زۆر جیاواز بێ. تا ئەو ڕادەیە وەک ئەوە کتێبێکی ترت خوێندبێتەوە، چونکە ئەزموون و تێڕوانینی ژیانمان بەردەوام دەگۆڕێ. هەر خوێنەرێک بۆشاییی دەق بە بیرەوەری، ئەزموون، هەست و خوێندنەوەی خۆی پڕ دەکاتەوە، هەربۆیە کتێبێک بۆ هەر کەسێک جیاوازە. لێئاندۆر دەپرسێ چۆنە هێندێک کارەکتەر زۆر دواتر لە نووسینی کتێبەکە هەر وەبیر دەمێنن و زیندوون؟
واقیعتر لە واقیع
لویزا ئاندێن لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا لەسەر مێرلاو- پۆنتی ، پرۆست و ستێندال دەنووسێ:
کاتێک پرۆست پەیوەندیی داهێنانی هونەری بە ژیانەوە باس دەکات، لە لایەک ئەوە وەک کردارێکی ئازادانە دەبینێت و لە لایەکی دیکەشەوە وەک دۆزینەوەیەک. ئەو شتەی هونەر دەری دەبڕێت، پێشتر هەبووە، بەڵام هەم شاراوە بووە و هەم دەستپێگەیشتنی هاسان نەبووە. ئێمە تەنیا لە ڕێگەی داهێنانی شێوازە نوێیەکانی دەربڕینەوە دەتوانین ئەوەی پێشتر ئەزموونمان کردووە، دووبارە بیاندۆزینەوە. ئەگەر بەشانس بین، هونەر دەتوانێت جیهانێکمان پێشان بدات کە زۆرجار بۆمان نەناسراوە؛ جیهانێک کە هی خۆمانە و تاکە ژیانمان پێیدا تێپەڕ دەبێت. لە کۆتاییی ڕۆمانەکەی پرۆستدا وەگێڕەکە تێ دەگات کە مادەی سەرەتاییی بەرهەمەکەی بریتییە لە ژیانی ڕابردووی خۆی:
«تێگەیشتم کە هەموو ئەو شتانە، لە خۆشییە سادەکانەوە تا گاڵتە و میهرەبانی و ئازار، هاتبوونە ناو من و من هەڵمگرتبوون، بێ ئەوەی بزانم بۆ چی هاتوون؛ هەر وەک تۆوێک کە خۆراکی پێویستی خۆی کۆ دەکاتەوە.»
هەرچەندە وا دیارە ژیانی ئەو هیچ پەیوەندییەکی بەو کتێبانەوە نییە کە حەزی نووسینیانی هەبوو، بەڵام لە ڕاستیدا هەر ئەو ژیانە بوو کە بوو بە ئەدەبیات. ئەمەش بەهۆی هەموو ئەو ماندووبوونانە و تەنانەت ئەو کاتانە کە لە نووسین دوور دەکەوتەوە.
شیکردنەوە
کۆچەرانی کورد کە هێندێکیان زیاتر لە چل ساڵە لەوپەڕ تا ئەوپەڕی گۆی زەوی دوورەوەتەنن، بەردەوام لەگەڵ بیرەوەرییەکانی ڕابردووی خۆیاندا دەژین. بیرەوەرییەکان تێکەڵاوی ترس، دڵەڕاوکێ، بیرەوەریی زیندانچوونی خۆیان، یان دەوروبەر، هاوڕێی شەهید، ئاوارەیی، سیاسەت و شەڕن. کوردستان لە دووای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی تۆتالیتاریستیی مەزهەبیی ئێران کەوتە دۆخی ئاوارتە و دۆخی دابڕان لە یەکتر. ماموستای زانکۆ لە ئەمریکا سەلاحەدین ئەحمەد لەسەر ئەم باوەڕەیە کە فاشیزم تەنیا ڕژیمی هیتلەر و موسۆلینی نییە، بەڵکوو شێوازێکی بیرکردنەوە و دەسەڵاتە. ئەو پێی وایە کە فاشیزم پێویستی بە «ئەوی تر» هەیە و کەمینە بە دوژمن و بەربەستی خۆی دەزانێ. کەواتە کەمینە دەبێ هەمیشە خۆی بسەلمێنێت و متمانەی زۆرینە/دەسەڵات بەدەست بهێنێ، بەڵام زۆرینە پێویستی بە سەلماندنی خۆی نییە. لە کۆتاییی وتارەکەیدا سەلاحەدین ئەحمەد باسی ئەوە دەکا کە بەپێی ڕژیمە فاشیستییەکانیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، «کورد و کەمینەکانی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێ بەبێ هیچ گلەیی و گازندەیەک ستەمی ڕێژیمە فاشیستییەکان قبووڵ بکەن.» بەم پێیە، دۆخی وڵاتی ئێران دۆخێکێ فاشیستییە. هەزاران ئینسان لەژێر ستەمی دەوڵەتی و داگیرکەریدا دەژین، بە هەزاران ئینسان، یان شەهید بوون، یان بە ناچاری پەڕەوازە بوون و هەرچی خۆشیان ویست بەجێیان هێشت. چەند میلیۆن کورد ئێستا لەوپەڕی دەریا و چیاکان لە تاراوگەن و ئەوەی بۆ ئینسانی تاراوگەنشین ماوەتەوە حەسرەت و یادەوەرییە.
لە پلاتفۆرمەکانی جیهانی مەجازیدا بە پێچەوانەی زۆربەی بیرەوەرییە سیاسییەکان، نووسەران خۆیان لە هێندێک نووسینەوە دەبوێرن، بەڵام باوەش بۆ نووسینەوەی هێندێک یادەوەری دەکەنەوە. کام یادەوەری زیاتر لەو پلاتفۆرمانەدا باس دەکرێن؟ بە ئەزموونی ژیان لە تاراوگە و ساڵانی دوای دروستبوونی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، بەتایبەتی فەیسبووک، ئەو بیرەوەرییانەی کە زیاتر لەو پلاتفۆرمانەدا دەنووسرێنەوە باس لە ڕەفاقەت، شادی، پێکەوەبوون، کەسایەتییەکی خۆشەویستی شار و گوند یان کارەساتێک، دۆخی ژیانی بنەماڵەکانی پێشمەرگە و شەهیدانە. ئەو بیرەوەرییانە کەمێک سوکنایی دەدەنە دڵان و لە باری قورسی ئازاری دابڕان و تەنیایی کەم دەکەنەوە. هاوکات وەک ئەرک و پێزانین لە بەرانبەر کەسایەتییەک، یان ئەوانەی گیانی خۆیان لەپێناو نەتەوەی کورددا بەخت کردووە، دەر دەکەون.
نووسینەوەی بیرەوەری لە فۆرم و حەجمی کتێبدا جیاوازن. بیرەوەرییە سیاسییەکان بەگشتی کتیبی چەندسەد لاپەڕەیی و چەندبەرگین و باسی گرفت و کێشە سیاسییەکان و ڕووداوەکانی نزیک بە حەفتا ساڵی پێشوون. بەڵام ئەو بیرەوەرییانەی وەک دەقی ئەدەبی لە دنیای دیجیتاڵیدا دەنووسرێن بەگشتی، یا پەخشانی کورتن کە ئاماژە درا زیاتر باس لە چی دەکەن، یان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم دەچنە خانەی ژانری ڕۆمان و چیرۆکی درێژەوە، وەک دەچمەوە سابڵاخ (٢٠١٨) لە نووسینی شیلان حەسەنپوور کە خۆی لە ڕاپۆرتەڕۆمان دەدا و باسی بنەماڵەی خۆیان لە شاری مەهاباد دەکا و تانوپۆی ماڵ و شارەکە لە ڕوانگەی کچێک لە بنەماڵەیەکی بازاڕیی دەوڵەمەند، لە منداڵی هەتا دەڕواتە ئەمریکا، شی دەکاتەوە. شیلان دەچێتە ناو هەموو کەلێن و قوژبنی ماڵی خۆیان و شاری مەهاباد و باسی پەیوەندییەکانی بنەماڵە، دۆخی ژنان، خەڵکی شار، ڕووداو و گوڕانکارییەکان دەکا.
بیرەوەرییەکانی سولەیمان دڵسۆز سەبارەت بە هاوڕێیەکەی سەلاح و بنەماڵەکەیان کە لە نێوان ٢٠٢٤ هەتا ٢٠٢٦ لەسەر دیواری فەیسبووکی خۆی بڵاو کراونەتەوە، باسی دوای هاتنە سەرکاری ڕژێمی ئیسلامی لە تارانە. بیرەوەرییەکان لە چرکەی یەکەمدا وێنەیەک لە ژیانی بنەماڵەیەک لە چینی مامناوەندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخەنە بەرچاوی خوێنەر. زمانی پتەو و ڕەوانی دەقەکان خوێنەر لەگەڵ خۆیان دەبەنە ناو کۆمەڵگای کوردەواری، ژیانی ڕۆژانە و ڕەسم و کولتووری خەڵک و بیرەوەرییەکان هەوەڵ زیاتر وەک یاد و بیرەوەریی تاکەکەسی دێنە بەرچاو، بەڵام لە ڕوانگەی ئەدەبییەوە، دەقەکان دەربارەی کاتی لەدەستچوو، کۆچی ئازیزان، دووری، دۆستایەتی، تاسە و حەسرەتی دیداری زۆربەی خوێنەری پەنابەر و کۆچەرە.
لە نووسینەکانی دڵسۆزدا، ماڵە وەستا ڕەحیم، ماڵێکی پڕ لە میوان و گەنجی قۆشمە، خواردن و شادی، گۆرانی و کایە، قاقا و پێکەنین و پڕ لە جموجووڵە. ئەم ماڵە تەنیا شوێنێکی جوغرافی لە شاری «خانێ» نییە، بەڵکوو «جیهانی لەدەستچوو»ی ئێمەی خوێنەرە کە دەمانهەوێ لە نووسینی دڵسۆزدا دووبارە بیاندۆزینەوە. ماڵێک کە دوای ڕۆیشتنی منداڵەکان دەبێتە شاهیدی ئەوە کە بابێکی مات دەست بە دامێنی بیرەوەرییەکانی بێ و دایکێک کە ببێتە مۆم و دڵۆپ دڵۆپ بتوێتەوە. ماڵێک کە «دوای سەرهەڵگرتنی منداڵەکانی و پەرتەوازەبوونی کوڕ و کچەکان قەت وەک خۆی لێ نەهاتەوە.» ئێستا ئینسانەکانی ناو ئەو ماڵە بە منداڵ و میوان و هاوڕی، یان کۆچی دواییان کردووە، یا وەک خودی دڵسۆز و نووسەری ئەم وتارە لە تاراوگەدا دەژین.
دایک واتە باجە فاتم لە «چاوەڕوانی»دا سەر دەنێتەوە، بەڵام وەستا ڕەحیم تا ساڵانی ئاخر بەهیوای دیداری کوڕەکانی واتە سەلاح و جەماڵ دەژی و مردنی خۆی بەردەوام دوا دەخات:
«پێم وایە ساڵ بە ساڵ مەرگی خۆی دوا خست، تا جارێکی دی چاوی بە سەلاح بکەوێتەوە.»
سەلاح زۆر جار بەڵێن دەدات، بەڵام ناچێتەوە کوردستان تا بابی ببینێ. ئەمە بەگشتی ئەزموونی زۆربەی پەنابەران بەتایبەت لە ساڵانی هەوەڵە کە بەهۆی دەیان گرفت ناتوانن سەفەر بکەن و ئازیزانیان ببینن.
ڕۆژێک لە ڕۆژانی ٢٠٢٤، نووسەر ئاگادارییەکی سەرەخۆشی دەربارەی وەستا ڕەحیم لە ئینتێرنێتدا دەبینێ. ئەوەش هەمیسان ئەزموونی زۆربەی پەنابەرانە کە لە ڕێگای پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە ئاگاداری کۆچی دۆست و ئاشنایان دەبن. دڵسۆز تەلەفۆن بۆ سەلاح دەکا. سەلاح بۆی باس دەکا کە دوو مانگ بەر لەوە (واتە لە پاییزی ٢٠٢٤دا) بابی لە باشوور دیوە. نووسەر دەنووسێ:
«ئۆخەی دڵم حەساوە!»
لێرەدا نووسەر بە نووسینی سێ وشەی «ئۆخەی دڵم حەساوە»، لە ڕاستیدا حەسانەوەی دڵی سێ کەس دوای ئەم دیدارە وێنا دەکا: وەستا ڕەحیم، سەلاح و خودی نووسەر و، بگرە حەسانەوەی دڵی خوێنەریش دوای خوێندنەوەی ئەم بیرەوەرییانە.
لە نووسینەکانی دڵسۆزدا، باسی خاڵەکان، خوشک، باجە فاتم، میوانانی گوند و زۆر کەسی دیکە دێتە گۆڕێ، بەڵام باسی سێ کەس زیاتر لە هەمووان تەونی دەقەکە داگیر دەکا؛ وەستا ڕەحیم، عوسمان، واتە برای سەلاح و خودی سەلاح. بەڵام کەسێکی تریش لەناو چەقی گێڕانەوەکاندا هەیە: ئەوەی کە لە دوورەوە وەستاوە و چاو لە دیمەنەکانی ساڵانی پێش، ماڵە وەستا ڕەحیم و باجە فاتم و پەیوەندیی خۆی بەوان دەکا و ئیستا خەریکە دەیاننووسێتەوە؛ واتە خودی دڵسۆز ئەکتەرێکی چالاکی گێڕانەوەکانی خۆیەتی.
نووسەر لە هەناوی خۆیڕا بە ڕەنگی وەفاداری و خۆشەویستییەکی یەکجار زۆر ئەو ڕۆژانەمان بۆ دەگێڕێتەوە. کاتێک خۆێنەر ئەم بیرەوەرییانە دەخوێنێتەوە ئەم پرسیارەی بۆ دێتە ئاراوە کە ئایا ئەندامێکی بنەماڵەی وەستا ڕەحیم، یا خودی سەلاح بەو گەرما و تینە باسی خۆیان دەکەن کە دڵسۆز باسیان دەکا؟ وەکی ئەوە کە نووسەر باسی قووڵترین هەستی خۆی سەبارەت بە نزیکترین ئەندامی بنەماڵەی خودی خۆی بکا و وەفادارانە دەیهەوێ چرکە شادەکانی ئەو بنەماڵەیە زیندوو بکاتەوە. هاوڕێیەتییەک کە نووسەر دەیهەوێ زیندوو ڕایبگرێ و ڕابردوویەک کە لە ئێستادا دووبارەی بکاتەوە.
وەستا ڕەحیم کە «هەموو ئاکارێکی ڕەنگدانەوەی خۆشەویستی بوو تەمەنێکی درێژی بە لەشی ساخەوە بەڕێ کرد.» شەوێک تا درەنگانی شەو قسەی خۆش بۆ ماڵێ دەکا و دوایە دەچێتە ناو جێ. بەیانی کە هەڵدەستن دەبینن بە یەکجاری چاوی لێک ناوە. دڵسۆز بە سەلاح دەڵێ: «سەلاح گیان، چەند خۆشە مردنی وا»؛ هەمیسان ئەوە نووسەر/هاوڕێیەکە دڵی هاوڕێیەکەی و تەنانەت هی خۆی دەداتەوە بۆ خەمی لەدەستدانی وەستا ڕەحیم. لێرەشدا خوێنەر بەئاواتە وەک وەستا ڕەحیم شەوێک بەئارامی بۆ هەمیشە چاوی لێک بنێ.
لەو بیرەوەرییانەدا دڵسۆز/نووسەر خۆی لە هاوڕێیەکەی/سەلاح نە تەنیا جیا ناکاتەوە، بگرە دەڵێی باسی دووانەی خۆی دەکا، یا هیچ نەبێ خوێنەر هەستێکی وای بۆ دروست دەبێ کە هەر بڵێی ئەوان دووانەن:
«دەگەڵ سەلاح زۆر جار بۆ خەو لە لای یەکتر دەماینەوە، هاوینان دەگەڵ سەلاح لەسەر سەکۆیەکە سەر و پەتۆیەکمان دە خۆمان وەردەپێچا و ڕادەکشاین، تا خەو لابەلای دەکردین لە خەون و خەیاڵەکانمان دەدوواین کە بەقەد ئەو ئەستێرانەی چاومان تێ دەبڕین زۆر و گەش بوون.»
دڵسۆز و سەلاح کە تازەلاون بەرنامەیان بۆ ژیان زۆرە و هێندە شەو و ڕۆژیان تێکەڵاوە کە تەنانەت بە نۆرە کەڵک لە کەرەسەکانیش وەردەگرن:
«ئەو ڕۆژانە من و سەلاح، بە قەولی بابم هەر ڕۆژەی بەرنامەیەکی تازەمان بە دەستەوە بوو. من لە ورمێ مێلۆدیکایەکم کڕیبوو، بە نۆرە لێمان دەدا.»
دڵسۆز وەها ئاوێتەی هاوڕییەتیی خۆی و سەلاح بووە و بیرەوەرییەکانی دێنێتە گۆ کە کاتێک وێنەیەکی لەگەڵ دەقێک لەسەر دیواری خۆی دانابوو، لێم پرسی ئەوە خۆتی یا کاک سەلاح؟ لێرەدا ئاماژەی من بەوە بوو کە دڵسۆز وەها باسی سەلاح دەکا کە ئەننەهوو باسی بەشێک لە جەستە و دەروونی خۆی دەکا و کورد گوتەنی ڕەنگی یەکتریشیان گرتووە.
سەلاح دەڕوا. نووسەر وڵات بەجێ دەهێڵێ. خێزانەکان لێک دادەبڕێن. کەسێک لە ئەورووپا دەژی، کەسێک لە ئاڵمان و تاراوگە دەبێتە مەیدانی جودایی و تاسە:
«ئەگەر توانیبام بۆ یەک سەعات بابم ببینمەوە…»
نووسەر لۆمەی سەلاح دەکات کە بۆ ناگەڕێتەوە تا بابی ببینێ. بەڵام دواتر دەڵێت:
«من کە لۆمەی سەلاحم دەکرد، بۆخۆشم چەند ساڵ دوواتر هەمان چارەنووسی ویم بە بەژن بڕا و لەوسەری گۆی زەوی گیرسامەوە.»
کاتێک ئینسانی پەنابەر لە خۆشەویستانی دوور دەکەوێتەوە، یەک کاتژمێر دیداری ئازیزان دەبێتە گەورەترین ئارەزوو. بەختەوەرانە دوو مانگ پێش مردنی وەستا ڕەحیم، سەلاح و براکەی دەگەڕێنەوە و چەند ڕۆژێک لەگەڵی دەبن. پاش گەڕانەوەی وەستا ڕەحیم بۆ خانێ شەوێک بەئارامی چاو لێک دەنێ و کۆتایی بە چاوەڕوانیی باب دێت. بەڵام ئەزموونی سەلاح لە دڵسۆزدا دووبارە دەبێتەوە. دوو ئینسانی سەر گۆی زەوی و دوو ڕووبەری چارەنووسێک.
ئەم بیرەوەرییانە هاوکات هەوڵێکن کە خەمی تاراوگە و کۆچ بە تەنز و گاڵتەیەکی دۆستانە سووک بکەن. بۆ وێنە، کاتێک وەگێڕ باسی ئەوە دەکا کە خاڵێک لە خاڵە بێئەژمارەکانی سەلاح کەڵەبابێک بۆ ماڵە وەستا ڕەحیم دێنێ، کەڵەباب زیاد لە هەمووان بەربینگ بە وەستا ڕەحیم دەگرێ و باڵ لە وەستا ڕەحیم فش دەکاتەوە و وەستا ڕەحیم ناچار دەکا کە دیوار و دیوار بڕوا و خۆ لە ژوور باوێتەوە:
«وا بزانم ئەو سەروبەندە بوو یەکێک لە خاڵە بێ ئەژمارەکانی سەلاح لە قەڵاتەڕەشڕا کەڵەبابێکی بە دیاری بۆ هێنابوون کە زۆر جوان و ڕەنگین، بەڵام دڕ و بەدفەڕ بوو. کەڵەبابەکە کاری بە ژنان نەدابوو، بەڵام هەر چاوی بە پیاوێک کەوتبا تووکی ملی قرژ دەکردن و ئانگژای دەبوو. جارێ قاتڵی سەری وەستا ڕەحیم بوو. دوور بە دوور بۆی لوور دەبوو. سەلاح گێڕایەوە گوتی: بەیانییەک بە دەنگی کشەکش»ی بابم وەخەبەر هاتم، دیتم دایکم چای دێم کردووە، بابم دەیویست بچێتە ئاودەست. ئاودەستەکەیان لەوسەری حەوشە بوو. گوتی لە بن لێفەوە بە گۆشەی چاو ئاگام لێ بوو بابم لە ترسی کەڵەباب، بن دیوار و بن دیوار، بە قوونەشەڕ خۆی گەیاندە ئاودەست. بابم لە ئاودەست زۆری پێ چوو. کەڵەبابەش ئەوە لە بەردەرگای ئاودەست دەستی دە پشت قوونێ گرتوون، دێت و دەچێ و چاوەڕێی بابمە لە ئاودەست بێتە دەر! ئاودەستەکە دەرگایەکی ئاسنی تێدا بوو کە بەشی سەرەوەی وەختی خۆی تەبەقێک شووشەی ماتی تێدابوو و ئێستا شووشەکەی تێدا نەمابوو. گوتی چاوم لێ بوو بابم بەوێدا ئەو ملە درێژەی هێنا دەرێ بۆ ئەوەی وڵات بەتاقی بکاتەوە. نەخێر کەڵەباب وەک کەڵی گونی مەیدان بەر نادا. چار نەبوو، لەپڕ دەرگای ئاودەست کرایەوە و وەستا ڕەحیم لە ئاودەست دەرپەڕی و بە قەڵەمبازان بەرەو سەکۆ وەڕێ کەوت، بەڵام لەبەر باجە فاتم پێی عەیب بوو هەڵێ. کەڵەباب گەیشتە سەری و چەند جار خۆی پێدا دا. وەستا ڕەحیم هەموو جارێ ژێرشاڵوار (دەرپێ)کەی هەڵدەکێشایەوە: «کشەکش! هەی لە کلکی خێوت بەم.» باجە فاتم بۆخۆی خەنی ببوو. وەستا ڕەحیم بە سەد ناری عەلی لە چنگی کەڵەبابی شەڕانی نەجاتی بوو، وەک نە بای دیبێ نە بۆران، هات لەسەر دۆشەگەڵەیەک پاڵی وە باڵنجێ دا، لاقی هاویشتە سەر لاق، غەوری گەرووی ڕاماڵی و گوتی: «فاتم، دا چایەکی بۆ کەڵەبابی خۆت تێ کە!»
هارالد بلوم پێی وایە کە خوێندنەوە وەک چێژ، دوور لە دەمارگرژیی ئیدیۆلۆژیکی، دەبێ پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان خوێنەر و دەق دروست بکا و بە خوێندنەوەی ژیانی کەسانی تر، خوێنەر دەتوانێ هەستی ئەوان تاقی بکاتەوە، بێ ئەوەی خۆی هەمان ئەزموونی بەسەر هاتبێت. کاتێک ڕۆمانێکی باش، لێرەدا دەقێکی باش، دەخوێنیتەوە، تەنیا چیرۆکی کەسێکی تر ناخوێنیتەوە، بەڵکوو خۆت لەناو ئەو چیرۆکەدا دەبینییەوە، بۆیە خوێندنەوە دەتوانێت لە تەنیایی تۆ کەم بکاتەوە. بە ڕای بلووم تەنز و ئیرۆنی ڕۆڵێکی گرینگی لە دەقدا هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە دژبەرەکان لە یاددا بمێننەوە. ئەگەر ئیرۆنی لە دەق پاک بکەیتەوە یەکسەر لە سرنجڕاکێشی و غافڵگیریی دەق کەم دەبێتەوە.
لێرە دەبینین کە چۆن خوێنەر دوای دەیان ساڵ تێپەڕ بوون لە چوونە ئاودەستی وەستا ڕەحیم و چەند ساڵ دوای خوێندنەوەی دەقەکەی دڵسۆز، بە هەمان چێژی ئیرۆنیک شەڕی وەستا ڕەحیم و کەڵەبابی وەبیر دەمێنێ و هەر دەڵێی ئێستاکەیە کە وەستا ڕەحیم نازانێ چۆن خۆ لەدەست کەڵەباب ڕزگار بکا. هاوکات لە ڕوانگەیەکی جێندێرییەوە دەبینین کە چۆن پیاوێک کە لە کەڵەبابێک خۆی دەشارێتەوە، دەسەڵاتێکی باڵاتری هەیە و ئەم پلەبەندییە بە شۆخیش بێ، خۆی نیشان دەدا» «چایەکی بۆ کەڵەبابی خۆت تێ کە!»
عوسمان براگەورەکەی سەلاح کە «سێ ساڵ زیندان لە تەمەنی شلکیدا، تێکی شکاندبوو» سەرەڕای کاریگەرییەکانی زیندان دوای هاتنە دەر لە زیندان دووبارە ژیان بنیاد دەنێتەوە:
«هێشتا مێرمناڵێک بوو کە لە زیندان هاتەوە. کە هاتەوە ئەو عوسمانە زاربەپێکەنین و شۆخیبازەی جاران نەبوو. سێ ساڵ زیندان لە تەمەنی شلکیدا، تێکی شکاندبوو. بڵاوکراوەی حیزبی دێموکراتی لەناو شار بڵاو کردبوونەوە. دانەیەکی لوول دابوو و لە کونی دیوارەوە خستبوویە ژووری پاسەوانیی بەردەم شارەوانیی خانێ کە ئەودەم فەرمانداری بوو. لەوسەر، بە ئەقڵی منداڵانەی خۆی بۆ دڵنیابوون لەوەی بزانێ نیگابانەکە هەڵیگرتووەتەوە، یان نا، گەڕابووەوە و سەری بەناو ئەو دەربیجەیە ڕۆگرتبوو کە بڵاوکراوەکەی تێ هاویشتبوو. ئەوە بوو توند مەچەکیان گرتبوو و پێوە بووبوو.»
ماڵی وەستا ڕەحیم، برا و هاوڕێیەکانی جارێکی تر عوسمان دەخەنەوە سەر پێ. کاتێک عوسمان زەماوەند دەکا، سەلاح و دڵسۆز وەک هەلووک لە شاییدا هەڵدەسووڕێن و خۆ لە عەرز دەکوتن:
«دووای گەڕانەوە لە زیندان وازی لە خوێندن هێنا و شانی دایە بەر باری قورسی ژیان. دوای چەند ساڵێک لەگەڵ “گوڵێ” زەماوەندی کرد. من و سەلاح وەک هەلووک لە شاییەکەیدا هەڵسووڕاین و خۆمان لە عەرز کوتا.»
ئەمساڵ (٢٠٢٦) مانگی ئاپریل، عوسمان بۆ گیای بەهارێ دەچێتە شاخ. لەوێ لەناو بیزا و ڕێواساندا دڵی ڕادەوەستێ و گیان دەدا. مەرگێکی وا کە هەموو کەس ئارەزووی دەکا.
باجە فاتم دایکی سەلاح لەناو ئەم بیرەوەرییانەدا بە وشە و ڕستە جێگایەکی زۆری پێ نابڕێ و حزووریکی زیاتر پاسیڤی هەیە، بەڵام لە دوو سێ شوێن بە چەند ڕستەی کورت باسی دەکرێ: «وەستا ڕەحیم بەناو تەمەن کەوتبوو. بەو حاڵەشەوە زۆر بەگورد بوو. کاری وەستایەتیی دیواری دەکرد. بەیانان زوو هەڵدەستا. باجە فاتم لەسەر سەکۆیەکە حەسیرێکی ڕادەخست، قاوەڵتی بۆ دێنا و بۆخۆشی دەهات لە پەنا سەماوەرەکە دادەنیشت.»
سەبارەت بە بوونی باجە فاتم لەناو دەقەکاندا، خوێنەر ئاواتەخواز بوو کە بە وشەیەکی زیاتر لەسەری نووسرابا. خوێنەر دەرکی ئەوەی هەیە کە نووسەرێکی پیاو زیاتر لەگەڵ وەستا ڕەحیم و سەلاح خۆی پێناسە دەکا و لە ڕێگای نووسینەوەی ئەوان خۆشی دەنووسێتەوە، بەڵام هەمیسان ئەرکی نووسەرانی بەبیرە کە ڕۆڵی ژنان و پرس و گرفتەکانیان لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا زیاتر دەر بخەن. سەرەڕای ئەوە کە حزووری باجە فاتم لە بیرەوەرییەکاندا کەمتر دیارە، گەرمای دایکانەی ئەو لەناو بنەماڵە و دەقدا هەست پێ دەکرێ. ئەوە خزم و کەسی ئەون کە لە ناوماڵدا لەگەڵ کوڕانی باجە فاتم لە داوەتێدا پانێی گۆرێیان دەدڕێ، ئەوە خزمی ئەون کەڵەبابێک دێنن و، دوای ڕۆیشتنی کوڕەکان، باجە فاتم «دەبێتە مۆمی فرمێسکان» و دەتوێتەوە. دوای مەرگیشی، وەستا ڕەحیم تەنیا دەمێنێتەوە و لەگەڵ کوڕێک و بووکێکی دەژی.
ئەنجام
نووسەر و وەرگێڕ سولەیمان دڵسۆز بە نووسینەوەی بیرەوەریی پڕ لە وەفای خۆی خوێنەر فڕێ دەداتە چەند دەیە پێش و ناو بنەماڵەی وەستا ڕەحیم و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بنەماڵەی وەستا ڕەحیم و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هاوڕێیەکەی سەلاح دەکا. بەهۆی ئەوەی کە ژیان، ژینگە و ئەزموونەکانی زۆربەی خوێنەران زۆر نزیکن لە ئەزموونەکانی نووسەر، کارەکتەری وەستا ڕەحیم، باجە فاتم و ڕووداوەکان وەبیر دەمێنن و بۆمان زیندوون. خوێنەر بە خوێندنەوەی خۆی لە دروستکردنەوەی زەمەنێکی لەدەستچوو و دووبارە دروستکردنەوەی هەمان شوێن و کات بەشدار دەبێ. ئەوەی بیرەوەری و نووسینەکانی دڵسۆز دەری دەبڕێت، پێشتر لە کات و شوێنیکی دیکەدا ڕوویان داوە و ئێمە خۆمان لەوێ نەبووین و نەماندیوە، بەڵام لە ڕێگەی داهێنان و دەربڕینی ئەدەبیی نووسەرەوە دەتوانین بچینە ناو ئەم جیهانە هاوبەشە؛ جیهانێک پڕ لە قاقا و داوەت، پڕ لە دامە و کایە، پڕ لە کەشک و ماستی گوند و پڕ لە شۆخیی باوک و گەرمای دایک. جیهانێک کە دواتر دەکەوێتە تاراوگە و تەنیا داهێنان، نووسینەوە و خوێندنەوە کاتی لەدەستچوومان دووبارە بۆ زیندوو دەکاتەەوە. نووسینەوە و خوێندنەوەی بیرەوەری دەبێتە فۆڕم و زەرفێکی پڕ لە خۆشی و ناخۆشی و پڕ لە وەفاداری تا خوێنەر و نووسەری تاراوگەنشینی پڕ لە تاسە دووبارە پێکەوە ژیان و کاتی لەدەستچوو جارێکی تر ساز و ئەزموون بکەینەوە. یاخود ئەگەر ئەو هەموو ساڵە لەوێ نەبووین، حەسرەتی مەرگێکمان هەیە لەسەر شاخێکی پڕ لە ڕێواس و نێرگز.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
