هەنگاوێک بەرەو ڕزگاری
شەهلا دەباغی
هەنگاوێک بەرەو ڕزگاری
بۆ دەبێ لە سەر ئەو کوشتارەی لە شارە فارسەکان دەکرێ وەدەنگ بێین؟ کە دەشزانین کوشتار لە ڕۆژهەڵاتیش بەردەوامە.
دوای سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمدا دەبێ چ بکرێ؟
ڕەنگە لە چرکەی یەکەمدا ئەم دوو پرسیارە دژبەیەک بێ. بە خوێندنەوەی هێندێک پۆست و کامێنت دیتم کە هێندێک بەڕێز لەسەر ئەو باوەڕەن چونکە فارس داگیرکەری ئێمەن کوشتاری ئەوان زۆر پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. لێرەدا زۆر بەسادەیی بیروڕای خۆم سەبارەت بەم باسە ئاڵۆزە دەردەبڕم.
کوشتنی هەر ئینسانێک بە بەرنامە و پلان بێ، یا بە هۆی جیاوازیی بیروڕا بێ، کوشتنی هەر ئینسانێک بە هەر هۆیەک بێ تاوانە، جا ئەگەر ئەم تاوانە دەوڵەتی و بەدەست هێزی حاکم و دەسەڵات بێ، خۆ ئەوە هەر زۆر تاوانێکی گەورەیە، وەک ئەو کارەساتەی ئێستا لە تاران، ئیسفەهان و ڕەشت و …. دەیبینین.
ئێستا کۆماری مافیاکان و بەیتی خامنەیی بۆ مانەوەی خۆی ئامادەیە وەکی پۆلپۆت، ستالین و هیتلێر بە میلیۆنان ئینسان بکوژێ. ئەگەر لە شۆڕشی ژینادا تاران و شارە فارسەکان نەهاتنە سەر شەقام و ئێمە ڕەخنەمان لە ترسی ئەوان بەناوی “تجزیە” دەگرت و باسی هێژمۆنی و باڵادەستیی ئەوانمان دەکرد، ئەوە ئێستا ئەوانیش وەک ئیلام و مەلەکشایی هاتوونەتە سەر شەقام و ڕژیمی دڕندە و تۆتالیتاریستیو ماڵ و گیانی ئەو خەڵکە بە توورەکە دەکێشێ. وەک دەگوترێ تا ئێستا زیاترلە ١٢هەزار ئینسان گیانیان لەدەست داوە.
لە شەڕ لەگەڵ دێوەزمەکاندا نابێ ببیتە دێوەزمە. ئەمە وتەی ئەو فیلسووفە مەزنە، نیچەیە کە کوتی “خودا مرد”.
لە کۆماری سێدارەدا هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان خودا مرد. ئەو کات کە منداڵی ٩ ساڵە و ژنی دووگیان بەناوی “ضد انقلاب” تیرباران دەکران. ٤٦ ساڵ ستەمی دەسەڵاتداری ئەو رژیمە دژی نەتەوەی کورد و باقی خەڵکی دانیشتووی جوغرافیای ئێران ئێستا حەوجێی بە نووسین نییە کە لە هەمووان دیارە.
ئەوەی گرینگە ڕاست ئەم چرکەساتەیە کە ئینسان لە بەرامبەر پرسێکی ئەخلاقی و ئینسانیدا ڕاوەستاوە. بۆ دەبێ ئەو تاوانانە مەحکووم کرێن و لەقاو بدرێ و هاودەرد بین؟
چونکە هەموومان ئینسانین. کوشتنی هەر ئینسانێک بەدەست ڕێژیم تاوانە. ئینجا ئەگەر لەکاتی شۆڕشی ژینادا دەمانکوت بۆ تاران نایەتە سەر شەقام ئەوە ئێستا دەبێ پشتی ئەو هاتنە سەرشەقامە بگرین و تاوانی کوشتنی زیاتر لە ١٢هەزار ئینسان (تەنیا لەم چەند ڕۆژەدا) مەحکووم بکەین.
جیا لەوە گوتەکەی نیچە لێرەدا یەکجار گرینگە کە لە شەڕ لەگەڵ دێوەزمەدا خۆمان نەبینە دێوەزمە. هێندێک دەڵێن ئەوانەش سبەی بێنە سەرکار هەر کورد دەکوژن. من هیچ شکم لەوە نییە کە بەشێک لەوانە ڕەنگە لە مێژوو دەرس وەرنەگرن و دژی کورد بوەستن. بەڵام هەمیسان ئێمە بە پێی پرێمیسی یەکەم و دووهەم وەک ئینسان دەبێ ئەو تاوانە مەحکووم بکەین..
جیا لەوە شۆڕشی ئەوانیش وەک خەڵکی ڕۆژهەڵات، دژی ئەم ڕژیمە تاوانبارەیە و وەک شۆڕشی ئێمە لەسەر حەقە؛ وە ڕووخانی ئەم ڕژیمە دڕندەیە هەنگاوێک لە ڕزگاری نزیکمان دەکاتەوە.
بەڵام دوای ڕووخان چ بکەین کە هەمیسان شۆڕشگیرانی ئێستا نابنەوە قاتڵانی ئێمە؟
ئەوەی ئێمە دەتوانین بیکەین ئەوەیە کە وەک نەتەوەی کورد یەکگرتوو و هاودەنگ بین. بەرنامە و ڕێکخستنمان هەبێ. بزانین چمان دەوێ و خۆمان ئامادە بکەین. ئەوانەی دێنە سەر دەسەڵات بە دڵنیاییەوە ئەو گەنجانە نین کە ئێستا لەسەر شەقامن بەڵکوو ڕەنگە کەسانی وەک پەهلەوی و یا لە باشترین حاڵەتدا هێندێک کۆنە سیاسیکاری قەدیمی بن کە ئێمە دەبێ لەبەرامبەریاندا ڕاوەستین. وە ئەو ڕاوەستانە یەکگرتوویی و پلانی دەوێ.
زۆریەک لەوانەی ئێستا لەسەر شەقامن ڕێزیان بۆ خەباتی کورد هەیە و رەنگە بەوەش گەیشتبن کە دەبێ لەگەڵ کورد دیالۆگ بکرێ.
کێشەی کورد ڕاستە ئێستا ئەو کەسە نییە کە خەریکە خۆی بە کوشت دەدا. گرفتی کورد کەسانی وەک پەهلەوی و شوورای گوزار و چەپی وەک فەڕوخ نیگەهدارە کە تا ئێستا دانیان بە مافی کورد دانەناوە و ئێمە بۆ شەڕ لەگەڵ ئەوان دەبێ خۆمان ئامادە بکەین.
ڕووخانی تاران سەرەڕای هەموو گرفتەکانی داهاتوو ئێمە لە ڕزگاڕیی نزیک دەکاتەوە و لەم ٤٦ ساڵ زووڵم و چەقبەستووییە دەرمان دێنێ.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی
مهدی، هەردی(٢٠٢٥): هەنگاوێک بەرەو ڕزگاری. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ
سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی: کاتێک ئەخلاق دەبێتە سیاسەت لە مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤدا، کەم پرسیار هەیە وەک پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەت ئەوەندە مشتومڕی لەسەر کرابێت. [...]
“کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ” (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون)
"کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ" (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون) ئارام کەیخوسرەوی ڕەنگە هەموومان باس و بابەتی پەیوەندیدار بە ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەمان بیستبێت؛ ڕەنگە بەشێکی بەرچاویشمان گێڕانەوەی [...]
لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو
لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو کامران ئەمین ئاوە هاوینی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، هاوینێکی گەرم و پڕ لە جووڵەی سیاسی بوو. لەگەڵ هاوڕێیەکم لەبەردەم نووسینگەی "یەکیەتی لاوان"ی بۆکان دانیشتبووین [...]
قاسملووم چۆن بینی؟
قاسملووم چۆن بینی؟ عەلی مازووجی بێگومان، مرۆڤناسی و تێگەیشتن لە دەروونی مرۆڤ کارێکی زۆر ئاسان نییە، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن بەشە جوان، بەهێز، زیرەک و هۆشیارەکانی خۆیان بە دەرەوە [...]
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]







