گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢ 

دوکتور قاسملوو و چەپ لە کوردستاندا: سۆسیالیزم بەرەو کوێ دەڕوا؟

لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 16.10.2025

سەعیدی، فاتح (٢٠٢٥):دوکتور قاسملوو و چەپ لە کوردستاندا:سۆسیالیزم بەرەو کوێ دەڕوا؟. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ١٧٦–١٥٧. https://doi.org/10.69939/TISHK0072

DOI 10.69939/TISHK0072

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی سازبوونی سیاسەتی چەپ و ڕاست، بەتایبەت لەنێوان حیزبەکانی ڕۆژاوای ئەورووپادا، باس لەو گۆڕانکارییانە بکەم کە بەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی فەلسەفەی سۆسیالیزمدا هاتووە. هەروەها بە سەرنجدان بە بەشێک لەو حیزبانە، ئەو بابەتە شی دەکەمەوە کە چۆن لە دەیەی ١٩٨٠ تا ٢٠٢٠ حیزبەکان لە هەر دوو بەرەی چەپ و ڕاستدا بەرەو ناوەندی شەبەنگی سیاسی ڕۆشتوون. لە درێژەدا باسی ڕوانگەی دوکتور قاسملوو بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی و سیاسی دەکەم. هاوکات لەمپەرەکانی بەڕێوەبردنی بەرنامەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک لە دەیەی ١٩٨٠ لە فەڕانسە شرۆڤە دەکەم و ڕێکارەکانی حکومەتی میتێران بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نیشان دەدەم. لە کۆتاییدا، بە سەرنجدان بە دۆخی هەنووکەییی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، توانای جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی سۆسیالیستی شرۆڤە دەکەم.

پێشەکی

بیری چەپ کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دنیای سیاسی-کۆمەڵایەتیی کورد هەبووە و ناوبەناو مشتومڕێکی لەمێژینە سەبارەت بە بابەتی چەپ و ڕاست لەناو چالاکانی سیاسیی کوردستاندا دەورووژێتەوە. بۆ دوورکەوتنەوە لە گرژییەکانی ڕابردوو، لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم ئاوڕ لە ئەندێشەی یەکێک لە شوێندارەکانی سیاسەتی چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو بدەمەوە، هەروەها بە سەرنجدان بە دۆخی ئیستای پرسی چەپ لە جیهاندا، بیر لەوە بکەمەوە کە سۆسیالیزم بۆ ئیستاکەی پرسی کوردستان و کورد چی پێیە. باسکردن لەم ئیمکانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە یەکێک لە ڕێگەکان بۆ پەرەپێدان بە ئەندێشەی دوکتور قاسملوومان بۆ تاقی دەکاتەوە، دەتوانێ دەلاقەیەکی نوێ بێ بۆ ئەوەی کە چۆن دەکرێ ئەم ڕوانگەیە بۆ مەبەستی ڕزگاری بەکار بێت.

جێی ئاماژەیە لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای ١٩٩١، زۆربەی کات دابەشکاریی دنیای هزر و دووانەی چەپ و ڕاست بەو شێوەیە بوو کە چەپ وەک ناکۆکییەکی نەساز بۆ چارەسەریی پرسی نەتەوەیی سەیر کراوە، بەڵام لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە نیشانیان نەداوە کە مەبەستیان لە کامە چەپە و لەبەرانبەردا چ بیرۆکەیەک دەتوانێ بە ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەییمان بگەیەنێت. بەشێک لەو ناکۆکییانە بۆ چەند دەیە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە حیزبەکانی وەک شیوعی و کۆمەڵە، بیری ناسیۆنالیزمی کوردیان (کە حیزبی دیکەی وەک پارتی و حدکا پشتگیرییان لێ دەکرد)، وەک نوێنەری بورژاوازی پیشان دەدا و لەسەر ئەوە سوور بوون کە ئەم تێگەیشتنە خۆی دەبێتە هۆی چەوساندنەوە. تەنانەت، کاتێک مارکسیزمی کلاسیک بە چاویلکەی جیهان سێیەمیی کەسانێک وەک مەنسوور حیکمەتەوە سەیر دەکرا، ئەم گرژییە تۆختر دەبوویەوە و مەخابن جاروبار ئەنجامەکەی دەبووە دژایەتی لەگەڵ سەروەریی نەتەوەییی کورد. لەم بەستێنەدا، دوکتور قاسملوو هەر لە دەیەی ١٩٧٠وە هەوڵی دا ئەم گرژییە چارەسەر بکا و پرسی نەتەوەیی لەگەڵ سۆسیالیزمی دێموکراتیدا بگونجێنێ. ئیستاش لە لایەکەوە، هەندێک لایەنی چەپی ڕادیکاڵ لە فۆڕمی برایەتیی گەلان و ئانارشیزمدا هەر جۆرە سەروەرییەکی نەتەوەیی (لە چوارچێوەی فیدراڵیزم یان سەربەخۆیی) و بەدەستەوەگرتنی دەوڵەت ڕەت دەکەنەوە، و لەلایەکی دیکەشەوە بەشێک لەوانەی بەرگری لە مافی نەتەوەیی دەکەن، پێیان وایە ڕێگەچارە ئەوەیە هەر باسی چەپ نەکرێ. ئەم تێڕوانینە هەندێک جار بە کاریگەری وەرگرتن لە دەسەڵاتی حیزبی پارتی لە باشووری کوردستان گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە چی تر کورد پێویستی بە ڕوانگەی چەپ نەماوە.

بۆ لێکدانەوەی پرسی چەپ و سۆسیالیزم، لە دەستپێکدا باشترە ئاماژە بە میتۆدی شیکردنەوەی ئەم وتارە بدەم. لە کاتێکدا زۆربەی مشتومڕە هزری و سیاسییەکان زیاتر بۆ لایەنی دەرهەست و ڕەخنەی فەلسەفی دەگەڕێنەوە، من زیاتر دەمەوێ بزانم پرسی چەپ بەشێوەیەکی زیندوو چۆن لەناو حیزبە سیاسییەکاندا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم بەرجەوەندە هزرییە ڕێگەمان پێ دەدا بزانین کە چۆن ئایدیۆلۆژییەکان خۆیان لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتیدا دەگونجێنن، بەشێوەیەکی ستراتێژیک بابەتەکان لێک دەدەنەوە و ڕوانگەی خۆیان بەکردەوە ڕێک دەخەنەوە. هەر بۆیە سەرەتا بەپوختی نیشانی دەدەم

 کاتێک لە پانتاییی سیاسیی ڕۆژاوادا، باسی چەپ و ڕاست دەکەین، مەبەستمان چییە و لە ئەنجامدا  ئیستاکە دۆخی چەپ و ڕاست چۆنە؟ دواتر لەگەڵ ئەوەی ڕوانگەی بەشێک لە حیزبە بەناوبانگەکانی ڕۆژاوای ئەورووپا لەگەڵ دوو حیزبی پارتی و حدکا بەراورد دەکەم، باس لەو گۆڕانکارییانە دەکەم کە لە دەیەی ١٩٨٠ تاکوو ئیستا بەسەریاندا هاتووە. دوابەدوای ئەمە شرۆڤەیەک لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوو سەبارەت بە پرسی چەپ و سۆسیالیزم بەدەستەوە دەدەم کە بنەمای ئایدیۆلۆژیی حدکای ساز کردووە و   بەپێی گۆڕانکارییەکانی جیهان باس لەوە دەکەم سۆسیالیزمی دێموکراتێک چی بۆ ئیستا و داهاتووی کوردستان پێیە.

چەپ و ڕاست لە کەیەوە سەری هەڵداوە؟

چەمکی چەپ و ڕاست وەک پۆلێنبەندییەکی سیاسی، دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی فەڕانسە لە ساڵی ١٩٧٨. لە ئەنجومەنی نەتەوەییی ئەو سەردەمەدا، لایەنگرانی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ داوای هەڵوەشانەوەی پاشایەتی و نەهێشتنی ئیمتیازەکانی فیۆداڵەکانیان دەکرد و لە لای چەپی تالارەکەوە دادەنیشتن و لە هەمان کاتدا ئەوانەی بەرگرییان لە پاشایەتی، ئەریستۆکراسی (چینی خانزادەکان)، و کلێسەی کاتۆلیکی ڕۆما دەکرد،  لە لای ڕاست دادەنیشتن. دوابەدوای ئەمە و بەشێوەی سیمبولیک جیاوازییەکی ئایدیۆلۆژیک و دابڕانێکی سیاسی ساز بوو کە تیایدا چەپبوون بە مانای بیرێکی پێشکەوتووخواز دێ بە مەبەستی یەکسانی، پشتگیری لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەکا. هەروەها ڕاستڕەوی، لایەنگری لە مانەوەی نەزمی هەنووکەیی، پارێزگاری لە نەریتەکان، و سیستەمی هیرارشی (پلەبەندی؛ بەپێی پلە و پایە) دەکا.

لە سەدەی نۆزدەیەمدا و کاتێک ئایدیۆلۆژیی سیاسیی نوێ ساز بوون، هەر دوو چەمکەکە گۆڕانکارییان بەسەردا هات. چەپی سیاسی بەرەبەرە خۆی وەک بەرگریکاری مافی کرێکاران، دابەشکردنەوەی دادپەروەرانەی سامان، و دژایەتی لەگەڵ چەوساندنەوە و سەرمایەداری پێناسە دەکرد. ئەم جۆرە بیرکردنەوە سەرنجی زۆر لایەنی بەرەو خۆی ڕاکێشا، لە ڕێفۆرمیستە لیبراڵەکانەوە بگرە تا مارکسیستە شۆڕشگێڕەکان. لە هەمان کاتدا، ڕاستەکان بەرەو داکۆکیکردن لە سیستەمی پاشایەتی، مەحافزەکاری، و نەریتی ئایینی و نەتەوەیی هەنگاویان دەنا. لە سەدەی بیستەمدا، بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ١٩١٧ی ڕووسیا، چەپ گرێدراوی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی بوو، و ڕاست بە مانای مەحافزەکاریی دێموکراتیک و هەندێک جار تەنانەت ڕژیمە سەرەڕۆکانی وەکو ڕژیمە فاشیستییەکانیشی لەخۆ دەگرت. جەنگی دووەمی جیهانی زیاتر لە جاران دنیای سیاسەتی بەرەو دوو جەمسەریبوون برد و تیایدا وڵاتی ئامریکا و  هاوپەیمانەکانی خۆیان وەک لایەنگری لیبراڵ دێموکراسی (ناوەند – ڕاست) پێناسە دەکرد، و یەکیەتیی سۆڤییەت و هاوپەیمانەکانی پەرەیان بە کۆمۆنیزم و خەباتی چینایەتی (چەپ) دەدا.

جێی ئاماژەیە هەندێک جار لایەنە فاشیستییەکان بە ڕواڵەت نیشانی دەدەن کە سیاسەتی ئابووریی سۆسیالیستی پەیڕەو دەکەن (بۆ وێنە لە سەردەمی موسۆلینی لە ئیتالیا) و هەر بۆیەش بەشێک لە توێژەران فاشیزم وەک ڕێگەیەکی سێیەم لە دەرەوەی دووانەی سەرمایەداری و سۆسیالیزمەوە سەیر دەکەن. بەڵام ئەم شێوازە وەک زڕەسۆسیالیزم دەناسرێ، چونکە لە بنەڕەتدا فاشیزم باوەڕی بە یەکسانیی مرۆڤەکان نییە و سیستەمی ئابووریی بۆ زاڵبوونی دەستەبەژێر و نوخبەیەک لە حکومەتدا قۆرغ دەکا. هەڵبەت هیچ کات پۆلینبەندیی چەپ و ڕاست نەگۆڕ نەبووە و لە بەستێنی مێژوویی و ناوچەییی جیاوازدا مانای جۆراوجۆریان بۆ ساز کراوە. لە هەندێک قۆناغدا کێشەی ئابووریی، دابەشکارییەکەی تۆخ کردووەتەوە و لە سەردەمانێکدا لایەنی کولتووری و ئایینی کاریگەرییان داناوە. بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە جیاکاریی نێوان چەپ و ڕاست چوارچێوەیەکی بۆ تێگەیشتن لە ئایدیۆلۆژییە سیاسییەکان و حیزبەکان لە جیهاندا ساز کردووە.

چەپ و ڕاست لە دنیای ئەمڕۆدا

چەپ و ڕاست لە ئێستادا دووانەیەکی تۆکمە و سەخت نین و هەندێک جار بە لای یەکدا دەچەمێنەوە و بەپێی مژارەکانی دابەشکاریی ئابووریی، هیرارشی و دەسەڵات، بایەخی کولتووری، ناسنامە، و دەوری حکومەت لە بازاڕدا ڕوانگەکانیان لێک دوور و نزیک دەبنەوە. لە تیۆریی سیاسی زۆربەی کات دابەشکاریی چەپ و ڕاست وەکو پێکهاتەیەکی بنەڕەتی بۆ ڕێکخستنی ئایدیۆلۆژیی سیاسی سەیر دەکرێ. کاکڵی ئەم دابەشکارییە پەیوەندی بە مشتومڕێکی فەلسەفی لەسەر یەکسانی و هیرارشییەوە هەیە. لایەنی چەپ بەگشتی گرنگی بە بایەخی یەکسانی دەدا و بەرژەوەندیی بەکۆمەڵی لەلا گرنگترە تا هیی تاک؛ پێی وایە حکومەتەکان دەبێ لە بەرژەوەندیی خەڵکدا دەست لە بازاڕ وەربدەن. هەر بۆیە ڕەخنە لە پێکهاتەکانی دەسەڵات (ئابووریی، سیاسی و کولتووری) دەگرن و بە شوێن ئەوەدان کە لە پێناوی بەرنامەیەکی یەکسانیخوازدا یان بیگۆڕن یان چاکسازی تێدا بکەن. لایەنی ڕاست پێداگری لەسەر سەقامگیری، نەریت و بەرپرسیارەتیی تاک (لەجیاتیی گرنگیدان بە کۆمەڵگا) دەکا، هەر بۆیە بەرگری لە دامەزراوە سەقامگیربووەکانی ناو کۆمەڵگا (وەکو بنەماڵە و کلێسە) دەکا و پێی وایە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لەناو کۆمەڵگا و سیاسەتدا دەبێ لەسەر بنەمای بەردەوامییەکی مێژوویی بێ، و لەجیاتیی شۆڕش دەبێ بەرەبەرە گۆڕانکاری یان چاکسازی ئەنجام بگرێ.

لەم ڕوانگەوە، نۆربێرتۆ بۆبیۆ لە کتێبی ”چەپ و ڕاست: جیاکارییەکی سیاسیی گرنگ،“ باس لەوە دەکا کە گرنگترین خاڵی جیاکەرەوەی چەپ و ڕاست ئەوەیە بزانین هەر لایەنێک چ هەڵوێستێکیان سەبارەت بە نایەکسانی هەیە. لە ڕوانگەی چەپەوە پرسی نایەکسانی وەکو نەهامەتییەکی کۆمەڵایەتی دێتە بەرچاو کە دەبێ کەم بکرێتەوە یان بەگشتی بسڕدرێتەوە. بەڵام ڕاستەکان پێیان وایە نایەکسانی کێشەیەکی سروشتییە کە هیچکات کۆمەڵگا لێی دەرباز نابێ، و تەنانەت هەندێک جار دەگوترێ بۆ ڕاگرتنی نەزمی کۆمەڵایەتی و بۆ هاندانی کەسانی لێهاتوو، پێویستە. بۆ ڕوونکرنەوەی زیاتری ئەم باسە، لە دڕێژەدا بەکورتی باسی ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئابووریی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی شەبەنگی چەپ و ڕاست دەکەم هەتا لە ڕێگەیانەوە بتوانین باشتر لە جیاوازییە سەرەکییەکانیان بگەین.

ڕەهەندی ئابووریی

بۆ ئەوەی لە جیاکاریی سیاسەتی چەپ و ڕاست بگەین، گرنگترین خاڵ ئەوەیە بزانین لە ڕووی ئابوورییەوە هەر دوو لایەن چۆن بیر دەکەنەوە. چەپەکان بەگشتی لایەنگری سیاسەتی دابەشکردنەوەی سەرچاوەکان، خاوەنداریەتیی گشتیی پیشەسازییە گرنگەکان، سیستەمی باجی (ماڵیات) پێشکەوتوو، و سیستەمی دەرمان و تەندروستیی گشتگیرن، و هەروەها پشتیوانی لە هێزی کرێکار دەکەن. ئەم بیرۆکانە لەسەر بنەمای تیۆریی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، خەباتی چینایەتی، و ڕەخنە لە سەرمایەداری وەستاون.

لە ئاستی جیهانیدا حیزبە سۆسیالیست و سۆسیال دێموکراسییەکان وەکو حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان، حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوید، حیزبی کرێکاری بریتانیا، و حیزبی کرێکارانی سۆسیالیستی سپانیا، خۆیان لە بازنەی چەپدا دەبینن و پشتگیری لە ئابوورییەکی تێکەڵاو (Mixed Economy) دەکەن کە تیایدا بازاڕی سەرمایەداری لە بەرژەوەندیی کەمکردنەوەی نایەکسانی و دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی هاوسەنگ (تعدیل) دەکرێتەوە. چەند حیزبی دیکە وەک لافرانس ئاسۆمیز (فەڕانسەی نەچەمیو) و دی لینک (چەپ) لە ئاڵمان شێوەی ڕادیکاڵی گۆڕانی ئابوورییان مەبەستە، وەکو: دەستنیشانکردنی ڕادەیەکی دیاریکراو بۆ سامان، بەنیشتمانیکردنی پیشەسازییەکان، و دێموکراسییەکی بەشدارییانە لە شوێنی کار.

لە بەرەی ڕاستدا، سیاسەتی ئابووریی پێداگری لە بازاڕی ئازاد، باجی کەم، سنووردارکردنی دەستێوەردانی حکومەت و نەهێشتنی یاساکانی کۆنتڕۆڵی بازاڕ دەکات. ئەم بیرۆکانە لە لایەن حیزبە لیبراڵ مەحافزەکارەکانەوە پشتیوانی دەکرێ وەکو: حیزبی کۆماریخوازی ئامریکا، حیزبی مەحافزەکاری بریتانیا، و حیزبی دێموکراتی ئازادی ئاڵمان. ئەم حیزبانە کاریگەرییان لە بیری نیولیبراڵ و بەتایبەت تیۆرییەکانی فرێدریش هایەک و میڵتن فریدمەن وەرگرتووە. ئەوان پێیان وایە کە ئازادیی تاک بە باشترین شێوە گەرەنتیی کێبەرکێی ناو بازاڕ دەکا، بە مەرجێک دەوڵەت کەمترین دەستێوەردانی هەبێ.

چەند حیزبی باڵی ڕاست، بەتایبەت ئەوانەی پۆپۆلیستن، لەم ڕێکارە نیولیبراڵە لا دەدەن و بەرەو شێوەیەک لە پشتیوانیخوازیی ئابووریی دەڕۆن کە تیایدا حکومەتەکان بۆ پشتیوانی لە کار و پیشەسازیی نێوخۆیی، هاوردەکردنی شتومەک سنووردار دەکەن. هەروەها هەندێک سیاسەتی شۆڤێنیستی لە بواری خۆشبژێویدا پەیڕەو دەکەن کە تەنیا بۆ خەڵکی ڕەسەنی ئەو وڵاتە ڕەچاو دەکرێ، و هەندێک جار بە بیانووی ناسیۆنالیستی دەست لە بازاڕ وەردەدرێ. بۆ وێنە حیزبی فیدس (یەکیەتیی مەدەنیی هەنگاریا) لەژێر دەسەڵاتی ڤیکتۆر ئۆرباندا پشتیوانی لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر ناسنامەی نەتەوەییدا دەکرد و لە هەمان کاتدا دژی تێکەڵبوونی ئابووریی لەگەڵ جیهانی لیبراڵدا بوو.

ڕەهەندی کولتووری و بایەخی کۆمەڵایەتی

هەرچەند زۆر جاران سیاسەتی ئابووریی پێناسەی دابەشبوونی چەپ و ڕاست دەکا، بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا بابەتی کولتووریی وەک جێندەر، نەژاد، پەنابەری، ئایین، و پرسی سێکسوالیتە کاریگەرییەکی حاشاهەڵنەگری لەسەر ئایدیۆلۆژیی حیزبەکان داناوە. چەپی کولتووری بەرەو ئەوە دەڕوا کە پلۆرالیزم، سێکۆلاریزم، ژینگەپارێزی، فێمینیزم، و پرسی مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە (LGBTQ+) لەخۆ بگرێ. هەر بۆیە چەپەکان داکۆکی لە کۆمەڵگەیەکی فرەکولتووری دەکەن و لەگەڵ هیرارشیی نەتەوەیی، نەژادی و ئایینی کێشەیان هەیە. ئەم ئاراستەیە دەکرێ لەناو حیزبەکانی وەکو هاوپەیمانیی سەوزەکان – ئەورووپای ئازاد لە پارڵەمانی ئەورووپا، حیزبی سەوزی بریتانیا و وێڵز، باڵی پێشکەوتووخوازی حیزبی دێموکراتی ئامریکا (بۆ وێنە بێرنی سەندێرز) ببیندرێ.

بەپێچەوانەوە، ڕاستی کولتووری زۆربەی کات هەڵگری پێکهاتەی نەریتیی بنەماڵە، نۆڕمی ئایینی، ناسنامەی نەتەوەیی و نەزمی کۆمەڵایەتیی هەنووکەیییە. ڕاستەکان بەگومانەوە سەیری گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەکەن و لە هەمان کاتدا داکۆکی لە کولتووری نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەن. بەشێک لە حیزبە پۆپۆلیستییەکانی باڵی ڕاست وەکو بەرەی نەتەوەیی لە فەڕانسە، فۆکس لە سپانیا و حیزبی یاسا و عەداڵەت لە پۆلەند (لەهێستان) پێداگری لە ڕیتۆریکێکی دژەپەنابەری و بایەخەکانی ئایینی مەسیحییەت دەکەن، و لەگەڵ مژاری جێندەری دژایەتییان هەیە. هەندێک جار ئەم باسانە لەنێوان دەنگدەراندا دەبێتە هۆی مشتومڕی توند: بۆ وێنە دەکرێ کەسێک پشتگیری لە سیاسەتی ئابووریی حیزبێکی چەپ بکا، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕوانگەی بۆ بابەتی کۆمەڵایەتی، مەحافزەکارانە بێ یان بە پێچەوانەوە.

هەڵوێست لەبەرانبەر دەوڵەت، دەسەڵات و حکومەتدا

چەپەکان زۆربەی کات دەوڵەت وەک کەرەسەیەک بۆ گەیشتن بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی سەیر دەکەن کە توانای ئەوەی هەیە سەرچاوەکان لەناو کۆمەڵگادا دابەش بکاتەوە و گەرەنتیی مافە گەردوونییەکان بکات. هەر بۆیە ئەوان داوا لە دەوڵەت دەکەن کە لە بواری پەروەردە، تەندروستی و ژێرخانی گشتیدا سەرمایەگوزاری بکات. ڕاستەکان بەپێچەوانەوە، پێیان وایە دەوری دەوڵەت دەبێ سنووردار بێ و دەستێوەردانەکەی تەنیا بۆ بواری یاسا، ڕاگرتنی نەزم، پاراستنی سنوورەکان و ڕێکخستنی گرێبەستەکان بگەڕێتەوە. ئەم شێوە لیبراڵییە لە چەند حیزبی وەکو کۆماریخوازەکانی ئامریکا و پارتی لیبراڵی ئۆستڕالیادا دەبیندرێ.

هەرچەند باڵی ڕاست دەتوانێ لایەنێکی زۆردارانەی پۆپۆلیستی بەخۆیەوە بگرێ کە دەرکەوتەکەی بەم شێوەیە دەبێ کە پشتگیری لە دەوڵەتێکی بەهێزی ناوەندگەرا بکەن کە بە ناوی پاراستنی بەشێک لە خەڵکەوە دژایەتیی هەندێکی تر لە ناوخۆ و دەرەوە بکەن. بۆ وێنە لە هەنگاریا، ڤیکتۆر ئۆربان و حیزبی ئازادیی نەمسا هەمان پەیڕەویان هەیە. ئەوان نەک هەر پشتگیری لەوە دەکەن کە دەوڵەت دەبێ دابەشکردنەوەی سەرچاوەکانی وەئەستۆ بێ، بەڵکو کولتوور لە ناوخۆدا یەکدەست بکاتەوە و ئەمنییەتی سنوورەکان بپارێزێ.

ئینترناسیۆنال یان ناسیۆنالیزم

تەوەرێکی گرنگی دیکەی باسەکان ئەو دابەشکارییەیە کە لەنێوان لایەنگرانی ئینترناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزم ساز بووە. بەشێوەی مێژوویی چەپ باس لە یەکڕیزییەکی نێونەتەوەیی دەکا کە بەتایبەت لەنێو چینی کرێکاردا بەدی دەکرێ. تیۆریی مارکسیستی باس لەوە دەکا کە لەودیوی سنووری وڵاتەکانەوە کرێکارانی جیهان یەک بگرن. ئەم بەرپرسیارەتییە بۆ عەداڵەتی ئینترناسیۆنال لە هەندێک بزووتنەوەی وەک کەشوهەوای جیهانی، هاودەنگی لەگەڵ جووڵانەوەی دژەکۆلۆنیالیستی، و پشتیوانی لە پەنابەران ڕەنگ دەداتەوە. ئەم شێوازە کاریگەریی لەسەر چەند حیزبی وەک بزووتنەوەی چەپ-سەوزی ئیسلەند و بلۆکی چەپی پۆرتۆگال داناوە.

بەپێچەوانەوە، لایەنی ڕاستی سیاسی پێداگری لەسەر حاکمییەتی نەتەوەیی، نیشتمانپەروەری و پاراستنی سنووری نەتەوەیی دەکات. بەشێک لەو حیزبە دەستی ڕاستییانەی کە ئەورووپاتەوەرن وەکو حیزبی ئالتێرناتیڤ لە ئاڵمان، حیزبی براکان لە ئیتالیا، و حیزبی ئازادی لە نەمسا دڵەڕاوکێیان سەبارەت بە پرسی پەنابەری، بەجیهانیبوون و گۆڕانی کولتووری ساز کردووە. تەنانەت لەناو حیزبی دێموکراتی ئامریکا، گرژییەک لەنێوان ئەوانەی لە ناوەنددا دەوەستن و لایەنگری بەجیهانیبوونن و، ئەوانەی چەپن و ڕەخنە لە سیاسەتی ئابووریی نیولیبراڵ دەگرن. لەبەرانبەردا حیزبی کۆماریخواز و بەتایبەت لە ڕوانگەی تڕامپەوە پەیوەندیی چەندلایەنەی وەلا ناوە تا ناسیۆنالیزمی ”ئامریکا فێرست“ بخاتە ناو هەموو بەرنامەکانییەوە و بەتەواوی بەرەو سیاسەتی مێرکانتەلیزم هەنگاو بنێ.

لەگەڵ ئەوەیدا لەنێوان چەپ و ڕاستدا چەمکەکان جیاوازن، بەڵام لە جیهانی ڕاستەقینەدا زۆر جار سیاسەتی ڕۆژانە لەگەڵ ئایدیۆلۆژییەکاندا ڕێک یەک ناگرنەوە. زۆربەی حیزبەکان لە هەردوو لای شەبەنگی چەپ و ڕاستدا هەندێک توخمی سەرەکی هەڵدەبژێرن. بۆ وێنە حیزبی دێموکراتی ئامریکا هاتووە هەندێک بایەخی کۆمەڵایەتیی چەپی وەکو مافی لەباربردن و کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی چەکی لەگەڵ سیاسەتی ئابوورییەک ئاوێتە کردووە کە لەژێر کاریگەریی نیولیبراڵیزمدایە. یان حیزبی کۆماریخوازی ئامریکا کە بەشێوەی نەریتی لە بەرەی ڕاستدا پۆلێن دەکرێ، چونکە پێداگری لەسەر بچووککردنەوەی حکومەت، بازاڕی ئازاد و بایەخی کۆمەڵایەتیی نەریتی دەکا، بەڵام لە هەمان کاتدا، بێ ئەوەی ناسنامەی مەحافزەکارانەی خۆی لەبیر بکا، پشتگیری لە سیاسەتی پێشکەوتووخوازانە لە بواری پەروەردە و پەرەپێدان بە ژێرخانی وڵات بە مەبەستی دابینکردنی خۆشبژێوی بۆ هاووڵاتییانی کردووە.

ڕوانگەی ئابووریی کۆمەڵایەتیی حیزبەکان

بە مەبەستی تێگەیشتن لە ڕەفتاری ئابووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی حیزبەکان هەوڵم داوە ئەوان لە ڕێگەی هەڵسوکەوت و وڵامی بەکردەوەی ئەوان بە هەندێک پرسیار و کێشەی ڕوون پۆلێن بکەم و بەم شێوەیە گرافێک (هێڵکاری) بۆ ڕوانگەی سیاسیی ئەوان بەدەست بهێنم. لێرەدا بەکورتی باسی شێوازی هەڵسەنگاندنەکەم دەکەم: لێکۆڵینەوەکەی من لەسەر بنەمای دوو هێڵی سەرەکییە کە بریتین لە هێڵی ئابووریی (چەپ – ڕاست) و هێڵی کۆمەڵایەتی (سەرەڕۆیی  ئازادیخوازی). بۆ سازکردنی کۆئۆردینێت بۆ هەر حیزبێکی سیاسی، شەش کۆمەڵە پرسیارم بە بنەما وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانم لێکدانەوەیەکی چۆنایەتییان لەسەر ئەنجام بدەم. هەر کۆمەڵەپرسیارێک لە بۆچوونی ئایدیۆلۆژیکی حیزبەکان سەبارەت بە تەوەری ئابووریی، کۆمەڵگا، حکومەت، کولتوور و ئەخلاق دەکۆڵێتەوە. کاتێک لەسەر بنەمای ڕەفتاری ئایدیۆلۆژیکی حیزبەکان وڵامەکانم کۆ کردەوە، جێگەی لێکدراوی هەر حیزبێک لەسەر شەبەنگی سیاسی دەردەکەوێ.

یەکەم کۆمەڵەپرسیار سەبارەت بە جیهانیبوون، نیشتمانپەروەری، میلیتاریزم و میدیاکان بوو کە بۆچوونی بنەڕەتیی حیزبەکانی سەبارەت بە سەروەریی نەتەوەیی، سەرمایەداریی بان-نەتەوەیی، گوێڕایەڵیی مەدەنی و میلیتاریزەکردنی حکومەتی شی دەکردەوە. ئەم پرسیارانە هەم پێگەی ئابووریی حیزبەکانیان (وەکو ڕەشبینی لە ئاستی دەسەڵاتی کۆمپانیاکان) شرۆڤە دەکرد و هەم ئاوڕیان لە ڕیزبەندیی کۆمەڵایەتییان (وەکو ناسیۆنالیزمی سەرەڕۆیانە لەبەرانبەر جیهان نیشتمانیبوونێکی ئازادیخوازانە) دەدایەوە. کۆمەڵەپرسیاری دووەم بۆ فەلسەفەی ئابووریی تەرخان کراوە و هەندێک بابەتی وەکو شێوازی دابەشکردنەوەی سامان، ڕێکخستنی کۆمپانیاکان، سیاسەتی ژینگەیی و مافی کرێکاریان تێدا بەرجەستە دەبوویەوە. وڵام بەم پرسیارانە دیاری دەکا کە هێڵی ئابووریی چەپ – ڕاست چۆن ساز دەبێ و ئایدیۆلۆژییەکانی لایەنگری بازاڕ لەوانەی کە لایەنگری عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانیخوازی و خاوەنداریەتیی گشتین، جیا دەکاتەوە.

کۆمەڵەپرسیاری سێیەم سەبارەت بە ئاستی دەسەڵات و سەرەڕۆیی، عەداڵەت، جۆراوجۆری و نەزمی ناو کۆمەڵگا بوون. وڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەری دەخا کە حیزبەکان بەرەو کام لایەنی ئازادیخوازیی کۆمەڵایەتی کە لەسەر سەربەخۆییی تاک و پلۆراڵیزمی کولتووری مەیلان دەکەن یا بەرەو سەرەڕۆیییەک هەنگاو دەنێن کە لەسەر بنەمای هیرارشییەکی نەریتی، عەداڵەتێکی سزادەرانە و گونجانێکی کۆمەڵایەتی ساز کراوە. هەروەها هەندێک پرسیار سەبارەت بە پەروەردە، تاوان و کۆچبەری، پێگەی هەر حیزبێک لەسەر هێڵی کۆمەڵایەتی زیاتر نیشان دەدا. کۆمەڵەپرسیاری چوارەم و پێنجەم ڕوانگەی حیزبەکان سەبارەت بە ئازادیی مەدەنی، چاودێریکردن، دەوری جێندەر و ئەخلاقی ژینگەیی دەخاتە ژێر وردبینییەوە. ئەم پرسیارانە هەڵیدەسەنگێنن کە چۆن حیزبێک هەوڵ دەدا لە دنیای ڕاستیدا چەمکەکانی دەسەڵات، نەزم، و بەرەنگاربوونەوە لەبەرانبەر دامەزراوە زاڵەکاندا جێبەجێ بکات. بۆ وێنە، حیزبێک کە لایەنگری چاودێریکردن و دەستنیشانکردنی دەورێکی جێندەریی توندوتۆڵ و نەگۆڕن لە هێڵی سەرەڕۆیانەدا ئاستێکی بەرزتریان هەیە، لە کاتێکدا حیزبێک کە لایەنگری لە بابەتی کەشوهەوا و بەرهەڵستکاریی مەدەنی دەکا، خاڵی زیاتر لەسەر هێڵی ئازادیخوازانە بەدەست دێنێ.

لە کۆتاییدا کۆمەڵەپرسیاری شەشەم بۆ هەڵسوکەوتی جێندەری و مافەکانی کۆمەڵگەی پەڵکەزێڕینە (LGBTQ+) تەرخان کراوە و باسی هەڵوێستی هەر حیزبێک سەبارەت بە ئەخلاق لە ژیانی شەخسی و ئاستی ڕێکخستن و یاسا حکومەتییەکان لەسەر ژیانی شەخسی دەکات. ئەم پرسیارانە دەرخەری ئەوەن کە حیزبەکان لە چ ئاستێکدا بایەخی سێکۆلاریزم و فرەچەشنی لەبەر چاو دەگرن یان ئەوەی کە خۆیان بە چوارچێوەیەکی مەحافزەکارانەوە دەبەستنەوە. بەم شێوەیە ئەم هێڵکارییە وەکو کەرەسەیەک بەکار دێ کە بەشێوەی شیکارانە ئاستی دوور و نزیکیی ئایدیۆلۆژیی حیزبەکان لە یەک دەردەخا. لەسەر ئەم بنەمایە، هێڵکارییەکە ڕێگەمان پێ دەدا تەنیا خۆمان بە شێوەی نەریتی هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای هێڵێکی چەپ و ڕاست نەبەستینەوە و نەخشەیەکی چەند ڕەهەندیمان بۆ خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژیی حیزبەکان لەبەردەست بێ.

بۆ تێگەیشتن لەم هێڵکارییە کە پێگەی پازدە حیزبی سیاسیی نیشان داوە، سەرەتا با سەیری هەردوو هێڵی ئاسۆیی و ئەستوونییەکەی بکەین. هێڵی ئاسۆیی، ئاراستەی ئابووریی لە چەپی ئابوورییەوە ( – ) بۆ ڕاستی ئابووریی ( + ) ئەندازە گرتووە. هێڵی ئەستوونی ئاراستەی کۆمەڵایەتی لە ئازادیخوازییەوە ( – ) بەرەو سەرەڕۆیی ( + ) پێواوە. جێگەی هەر حیزبێکم لەسەر بنەمای وڵامێکی شیمانەیی کە بۆ شەش کۆمەڵەپرسیارە دەکرێ هەیانبێ، دیاری کردووە. هەروەک پێشتر ئاماژەی پێ درا، ئەم ٦٢ پرسیارە کە لە شەش بەشدا ئامادە کراون (وەک نموونەیەک دەتوانن سەیری سایتی Political Compass  بکەن) و جەختیان لەسەر مژاری وەکو عەداڵەتی ئابووریی، ئازادییە مەدەنییەکان، شێوازی حکومەتداری، بایەخی کولتووری و تێگەیشتنی جێندەری  کردووە.

لێرەدا باس لە دوو حیزب لە کوردستان دەکەم بۆ ئەوەی زیاتر ڕوونی بکەمەوە کە پێگەی هەر کام لە حیزبەکان بە چ مانایەکە. جێگای حدکا لە هێڵکارییەکەدا بەڕوونی نیشانی دەدا کە ئەم حیزبە خاوەنی ئایدیۆلۆژییەکی چەپی ئازادیخوازە. ئەم پێگەیە دەرخەری بەرپرسیارەتیی مێژوویی و ئایدیۆلۆژیکی ئەم حیزبە بۆ یەکسانیخوازیی ئابووریی، بەرپرسیارەتیی دەوڵەت بۆ دابینکردنی خۆشبژێوی، پلۆراڵیزمی مەدەنی و کولتوورییە، هەروەها لەسەر بنەمایەکی سێکۆلار و مافتەوەر بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە. هەڵوێستی حدکا لە بۆچوونی هەندێک حیزبی دیکەی وەکو حیزبی چەپی ئاڵمان و حیزبی سەوزی سوید زۆر نزیکە و بەگشتی دەکەوێتە ژێر چەتری ئەو حیزبە چەپانەی کە زیاتر وەک بەرەی سۆسیال دێمۆکرات لە ڕۆژاوای ئەورووپا خۆیان دەناسێنن.

لەبەرانبەردا حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە کوردستان بە پارتی ناسراوە، جێگەیەکی زۆر جیاوازی لە هێڵکارییەکەدا هەیە. ئەگەرچی دەستپێکی مێژوویی و تەنانەت ناوی هە دوو حیزبی حدکا و پارتی زۆر لێک نزیکە، بەڵام دەبینرێ کە ئەوان لە دوو جەمسەری تەواو جیاوازدا چالاکن. لە هێڵکارییەکەدا پارتی دەکەوێتە چارەکەی ئەوپەڕ ڕاست – سەرەڕۆدا کە تیایدا وەک یەکێک لە مەحافزەکارترین حیزبەکان لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە دەردەکەوێ. ئەم پێگەیەی پارتی نیشانی دەدا کە ئاراستەکەی بەرەو لیبراڵیزمی بازاڕ، ناسیۆنالیزمی کولتووری، بایەخی کۆمەڵایەتیی نەریتی، و حکومەتی هیرارشی دەڕوا. هەر بۆیە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ئەم حیزبە هاوشێوەی کۆمەڵێک حیزب وەکو ئاکپارتی لە تورکیا و حیزبی فیدس (یەکیەتیی مەدەنیی هەنگاریا) هەڵوێستی هەیە کە دەیانەوێ لە بەستێنی ئابووریدا کەرتی تایبەت بگەشێننەوە، سیاسەتێکی ئەمنیەتییان هەبێ و لە ڕووی ئەخلاقییەوە ژیانی خەڵک ڕێک بخەن.

شایانی باسە مەودایەکی زۆر لەنێوان حدکا و پارتیدا هەیە، ئەگەرچی هەردووکیان ڕیشەیەکی هاوبەشی گرێدراو بە ناسیۆنالیزمی کوردییان هەیە و بۆ چارەسەریی پرسی نەتەوەییی کورد تێدەکۆشن، بەڵام لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە زۆر لێک جیاوازن. ئەم لێکدووربوونەوە تەنیا بابەتێکی تاکتیکی نییە یان لەبەر ئەوە نییە کە کامیان حکومەتیان لە کوردستان بەدەستەوەیە، بەڵکو دەرخەری دوو ڕوانگەی لەبنەڕەتدا جیایە کە بەشێوەی جیاواز بۆ کۆمەڵگا، حکومەت و عەداڵەت دەڕوانن. حدکا نوێنەری نەریتی چەپی-میللی لە کوردستانە و لە بەستێنی دێموکراسیی کۆمەڵایەتییەکدا سەری هەڵداوە کە دژەسەرەڕۆیی و زۆردارییە، بەڵام پارتی زۆرتر بەرەو ئاراستەیەکی ناوچەیی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ڕۆیشتووە کە گرنگی بە ڕیتۆریکی ناسیۆنالیستی دەدا، بەڵام لە بنەڕەتدا فۆڕمەکانی جیاوازی چینایەتی بەرهەم دەهێنێتەوە و بەشێوەیەکی مەحافزەکارانە بۆ بابەتی ئەخلاق دەڕوانێ و پشتگیری لە فۆڕمی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی پێشمۆدێرن دەکا.

لێرەدا خاڵێکی گرنگ دەبێ لەبەر چاو بگرین، بەپێچەوانەی چواردە حیزبەکەی دیکە کە لە هێڵکارییەکەدا جێگەیان دیاری کراوە، جێگەی حدکا نەک لەسەر بنەمای حکومەتکردن یان کێبەرکێ بۆ گەیشتن بە حکومەت نەبووە، چونکە ئەم حیزبە لەو کاتەوە هەڵگری ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزمی دێموکراتیکە، ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخساوە لەو پێگەیەدا خۆی تاقی بکاتەوە. هەر بۆیە بۆ ئەوەی بتوانم جێگەی حدکا دەستنیشان بکەم، وڵامی شەش کۆمەڵەپرسیارەکەم لەسەر بنەمای ئەندێشەی دوکتور قاسملوو داوەتەوە. کەواتە پێویست دەکا ئاوڕێکی خێرا لە ئەندێشەی دوکتور قاسملوو بدەینەوە، چونکە لانی کەم لە ساڵی ١٩٨٣ بەدواوە ئایدیۆلۆژیی حدکا لەسەر بنەمای هزرێک داڕێژراوە کە ئەو ئەندازیارەکەیەتی.

سۆسیالیزمی دێموکراتیک لە ئەندێشەی دوکتور قاسملوودا

بۆ تێگەیشتن لە هزری دوکتور قاسملوو سەبارەت بە ستراتێژیی سۆسیالیستی کە زۆرترین کاریگەریی لەسەر حدکا داناوە، باشترین سەرچاوە نامیلکەی بەناوبانگی کورتەباسە (کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیزم) کە لە گەلاوێژی ١٩٨٣دا بڵاو کراوەتەوە و، دواتر دەقی وانەکانی دەورەی ئابووریی سیاسییە کە لە ساڵی ١٩٨٤ بۆ پێشمەرگەکانی بە دەرس وتووەتەوە. دوکتور قاسملوو هەر لە کۆنگرەی سێهەمی حدکاوە لە ساڵی ١٩٧٣ هەوڵی داڕشتنی بنەمایەکی فیکری بۆ حدکا داوە کە بەپێی گۆڕانکارییەکانی بیری سیاسی لە ڕۆژاوا هەندێک مژاری بەرەی سۆسیالیستی تێدا نوێ بکاتەوە و بەرەو سۆسیالیزمی دێموکراتیکی ببات. بەڵام تا کۆنگرەی شەشەم نەیتوانیوە مەبەستی سەرەکیی خۆی جێگر بکا، چونکە بەشێک لە ئەندام و کادرەکان کە نزیکایەتییان لەگەڵ حیزبی تودەی ئێران هەبووە (و جاروبار وەک حیزبی دایک ناویان لێ بردووە) پێشنیارەکەیان وەک لادان لە سۆسیالیزمی مەوجوود لێک داوەتەوە. هەر بۆیە لە کۆنگرەی سێیەمی حدکادا (١٩٧٣) باس لەوە کراوە کە ”ئامانجی دواڕۆژی حیزب کۆمەڵێکی دادپەروەر و سۆسیالیستییە.“ لە کۆنگرەی چوارەمدا (١٩٨٠) ئامانجی دواڕۆژ دەبێ بە ”پێکهێنانی کۆمەڵێکی سۆسیالیستی کە بناخەکەی لەسەر بنچینە زانستییەکانی دروستکردنی سۆسیالیزم دامەزرا بێ“ و لە کۆنگرەی پێنجەمدا (دێسامبری ١٩٨١) دەگۆڕدرێ بۆ ”پێکهێنانی کۆمەڵێکی سۆسیالیستی کە وەڵامدەری هەلومەرجی تایبەتیی وڵاتەکەمان بێ.“

لە ڕێبەندانی ساڵی ١٩٨٤ لە کۆنگرەی شەشەمی حدکادا باسێکی گەرموگوڕ لەسەر نامیلکەی کورتەباس ساز دەبێ و لە ئەنجامدا بابەتی سۆسیالیزمی دێموکراتیک پەسەند دەکرێ، ئەگەرچی بە لای هەندێک لە ئەندامانی حدکاوە لکاندنی پاشگری دێموکراتیک وەک ئەوە سەیر کراوە کە حیزبەکەیان لە نێوەرۆکی شۆڕشگێڕانە بەتاڵ دەبێ. لە هاوینی هەمان ساڵدا، دوکتور قاسملوو بۆ شیکردنەوەی زیاتری کورتەباس وتارێک دەنووسێ، چونکە پێی وایە ئەم بەرنامەیە تەنیا بۆ ئەندامان و پێشمەرگەکانی حدکا نییە، بەڵکو بۆ خەڵکی کوردستانە. بە باوەڕی دوکتور قاسملوو، ئایدیۆلۆژیی حیزبەکەی دوگم و وشک نییە و دەبێ سۆسیالیزمێک پیادە بکرێ کە لەگەڵ هەلومەرجی کوردستان ڕێک بکەوێ، بەو شێوەیەی کە ”خۆی بەمەسڵەحەتی دەزانێ “ تەنانەت دوکتور قاسملوو هێندە لەسەر بابەتی دێموکراتیکبوونی بەرنامەکە پێداگرە کە دەڵێ سۆسیالیزم نەک نابێ دێموکراسی ڕەت بکاتەوە، بەڵکو دەبێ پەرە بە ئازادییە دێموکراتییەکان هێندە بدا کە لەو ئاستەی ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژاوایی هەیانە، واوەتر بچێ.

دوکتور قاسملوو تێدەکۆشێ چوارچێوەی سۆسیالیزمێک دابڕێژێ کە ڕەنگی کوردستانیبوونی پێوە دیار بێ، چونکە بە باوەڕی ئەو دەبێ بەکەڵک وەرگرتن لە تیۆری و ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی وڵاتانی دیکە و دەرسەکانی جووڵانەوەی مێژووی گەلی کورد، تیۆرییەکە بە جۆرێک ڕێکوپێک بکرێ کە ”وڵامدەری واقعییەتی هەڵقوڵاو” لە وڵاتی کوردستان و نەتەوەی کورد بێ. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە، ئەو پێی وایە کە خەباتی حیزبی دێموکرات (کە ئەو لەگەڵ جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد وەک یەک پێناسەیان دەکا) بۆ وەدیهێنانی سێ ئامانجی گەورە پێک هاتووە: یەکەم، لابردنی ستەمی نەتەوایەتی، دووهەم، سڕینەوەی ستەمی چینایەتی یان چەوساندنەوەی مرۆڤ، سێیەم، لابردنی ستەمی سیاسی. چونکە بیری دوکتور قاسملوو لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای خەبات بۆ سڕینەوەی ستەم بیچمی گرتووە، بە باوەڕی ئەو سۆسیالیزم دەتوانێ چوارچێوەیەکی هزری بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دوو دانەی یەکەمدا ساز بکا و کاتێک پێداگری لەسەر دێموکراتیکبوونەکەی بکرێ، ئەوسا خەبات دژی ستەمی سیاسی مانا پەیدا دەکا.

هەر کام لەم ستەمانە هەندێک تایبەتمەندییان هەیە. لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوودا حیزبی دێموکرات بۆ لابردنی هەموو چەشنە زۆردارییەک تێدەکۆشێ. بۆ لابردنی ئەم زۆردارییانە پێویست بە تیۆرییەک دەکا کە لە ڕێگەیەوە بتوانێ بەوردی واقیعی کۆمەڵایەتی هەڵسەنگێنێ و بخوێنێتەوە، نەک واقیعی کۆمەڵایەتی بۆ خزمەتی تیۆرییەکە دەستکاری بکا. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەو پێی وایە بۆ گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی سێ ڕێگەچارەمان هەیە: سەربەخۆیی، فیدرالیزم و خودموختاری، و لە نێوانیاندا خودموختاری هەڵدەبژێرێ. بۆ شرۆڤەی زیاتری ئەم باسە، دەکرێ ئاماژە بە سێ خاڵ بکەم:  دوکتور قاسملوو دوو بژاردەی یەکەم ڕەت ناکاتەوە، بەڵکو پێی وایە بۆ یەکەمیان گیروگرفتی نێودەوڵەتی بۆ دەستکاریکردنی سنوورەکان زۆرن و لە ڕووی ناوچەیی و ناوخۆییشەوە کورد ئەو ئیمکانەی ئیستا لەبەردەست نییە. بۆ دووەمیشیان پێی وایە نەتەوەکانی دیکەی ئێران ئەو توانایەیان تێدا نییە کە لەو خەباتە جەماوەرییەدا بەشدار بن، ئەگەرچی کورد پشتگیری لە مافی ئەوان دەکا، بەڵام باشترە بە شوێن خودموختارییەوە بێ بۆ کوردستان. ئەگەرچی ئەم شێوە خودموختارییە لە ڕوانگەی ئەودا مانایەکی بەرفراوانتر لە ئیدارەیەکی خۆجێیی هەیە.

دوکتور قاسملوو باوەڕی بە سەروەریی (حاکمییەت) نەتەوەیی هەیە. هەر بۆیەش کاتێک دەیەوێ درووشمی بنەڕەتیی حدکا شی بکاتەوە (هاوینی ١٩٨٥) بەڕوونی باس لەوە دەکا کە: ”خەڵکی کورد بۆ ئەوە شەڕ ناکا کە ڕێگای ئاسنی بکێشرێ، کارخانەی هەبێ. نا. ئەوەی دەوێ کە بۆخۆی هەست بکا کە لە وڵاتەکەیدا بێجگە لە خۆی هیچ کەسێکی دیکە بە سەریدا حاکم نییە. ئەو لە پێش هەموو شتێکدا ئەوەی دەوێ و ئەوە ئەساسە. ئەگەر ئەوەی دەست بکەوێ ئەوانی دیکە بۆخۆی بەرەبەرە جێبەجێ دەبن و دروستی دەکا. بەڵام ئەگەر ئەوەی دەست نەکەوێ، هەرچی لەباری ئابووریی و فەرهەنگیشەوە ئێعتباری بدرێتێ، نەتیجەیەکی ئەوتۆی نابێ.“

 بە باوەڕی دوکتور قاسملوو کورد مافی (حەق) جیابوونەوەی هەیە. ئەو بە نموونەیەک مەبەستەکەی ڕوون دەکاتەوە کە لە زۆربەی وڵاتان خەبات بۆ ئەوە کراوە کە ژن مافی تەڵاقی هەبێ. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ژنان دەبێ تەڵاق وەرگرن، بەڵکو بەو مانایە دێ کە ژن هەر کات ویستی، لەو مافەی خۆی کەڵک وەرگرێ. هەر بۆیە دوکتور قاسملوو بەڕوونی باس لەوە دەکا کە ”بوونی حەق لەگەڵ جێبەجێکردنی حەق دوو شتی جیاوازن،“ کەوابوو کورد ئەو حەقەی هەیە کە جیا بێتەوە. هەر بۆیەش پێی وایە نەسلی داهاتووی کورد خۆی بڕیار دەدا کە ئایا هەر خودموختاری دەوێ یان شێوازێکی دیکە لە سەروەریی نەتەوەیی.

 چونکە مافی دانانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد بە مانای ئەوە دێ کە بیر لە کورد لە پانتاییی بەرفراوانتری کوردستاندا بکرێتەوە، هەر بۆیە هەنگاو بۆ سەربەخۆییی هەر پارچەیەک بە مانای جیابوونەوەوە لە یەکێک لەو چوار وڵاتە نایەت کە کوردستانیان داگیر کردووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە مانای یەکگرتنەوە لەگەڵ کوردستانی پارچەکانی دیکەیە. بە باوەڕی دوکتور قاسملوو، ئەگەر مافی دانانی چارەنووس بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان ڕۆژێک جێبەجێ ببێ، ئەوە بەو مانایە دێ کە ئەوان یەک دەگرنەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، ”پێکەوە یەکگرتنەوە پەیوەندی بە مافی جیابوونەوە نییە، بەڵکو مافی یەکگرتنەوەیە.“ ئەگەرچی ئەمە وەک جیابوونەوە لە میللەتانی دیکە سەیر دەکرێ، بەڵام لە واقیعدا حەقی یەکگرتنەوەیە، کە گرنگییەکەی تەنانەت لە مافی جیابوونەوە زیاترە. کەوابوو نەتەوەی کورد ئەو مافەی هەیە کە یەک بگرێتەوە. چونکە ”دابەشبوونی کوردستان لە واقیعدا دابەشبوونێکی دەستکردە و سروشتی نییە.“

پاش ئەمە دەبێ باس لەوە بکەم کە هونەری دوکتور قاسملوو لەوەدایە کە بە سازکردنی بنەمایەکی تیۆری دەتوانێ کێشە و پرسە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان هەڵسەنگێنێ و بخوێنێتەوە و بەشێوەیەک ئەم ڕێگەچارەسەرانە ئەندازیاری بکا کە لەگەڵ یەکتردا تووشی دژایەتی نەبن. بۆ چارەسەریی پرسی نەتەوەیی باس لەوە دەکا کە ”سۆسیالیزم ئامانجی دواڕۆژمانە.“ ئاشکرایە تا حیزبێک حکومەتی بەدەستەوە نەبێ، ناتوانێ بەرنامە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی جێبەجێ بکا. سۆسیالیزم لەم ڕوانگەدا بە مانای ئەوە دێ کە حدکا هەوڵ دەدا لە بەرنامەیەکی درێژخایەندا بەرەو کۆمەڵگایەکی بێ‌چەوساندنەوە هەنگاو بنێ. دوکتور قاسملوو لە کورتەباسدا ئەگەرچی باس لە بەرنامەی چەندین وڵات دەکا، بەڵام بەڕوونی دیارە کە چاوی لە بەرنامەی پێشکەوتووخوازانەی حیزبی سۆسیالیست و حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسەیە کە بەشێوەی هاوبەش لە ساڵی ١٩٧٢ پێشکەشیان کرد و بووە هۆی ئەوەی ساڵی ١٩٨١ فڕانسوا میتێران بە دەسەڵات بگا.

دوکتور قاسملوو وەک ناسیۆنالیستێکی چەپ (سۆسیالیست) پێی وایە ئەگەر حدکا تەنیا حیزبێکی ناسیۆنالیستی (نەتەوەیی) تەواو بێ، واتە تەنیا چارەسەریی پرسی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرێ، ئاکامی ئەوە دەبێ کە گیروگرفتەکانی کۆمەڵایەتی بەبێ چارەسەرکردن دەمێنێتەوە، و بەم جۆرە ”وەرگرتنی مافی نەتەوەیی کارێکی بێسوود دەبێ.“ بەڵام کەڵکوەرگرتن لە سۆسیالیزم نابێتە هۆی ئەوەی کە کە گرێدراوی هەندێک لایەنی دوگمی مارکسیزم (بەتایبەت مارکسیزم – لێنینیزم) ببێتەوە. ئەم ڕوانگەیە لەو قۆناغەدا تا ڕادەیەکی زۆر بۆ لایەنگرانی مارکسیزم و کۆمۆنیستەکان جێی پەسەند نەبووە. بەتایبەت ئەو پێی وابووە چونکە حدکا لایەنگری دێموکراسییە، کەواتە دیکتاتۆری لە هەموو شێوازەکانیدا ڕەت دەکرێتەوە. ئەمە بووەتە جێی نیگەرانیی ئەو ئەندامانەی حیزب کە بەشێوەی تۆختر مارکسیست بوون و تەنانەت لە دەرەوەی حدکاشدا، بۆ وێنە لەناو حیزبی کۆمەڵەدا، دوکتور جەعفەر شەفیعی لە بڵاوکراوەی پێشڕەودا (ئۆرگانی سازمانی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە باس لەوە دەکا ”بەرنامەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک هەوڵێکە بۆ ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریی پرۆڵتاریا، کەواتە حدکا وەفاداریی خۆی بۆ سیستەمی سەرمایەداری دووپات کردووەتەوە.“

نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە لە بەرنامەی سۆسیالیستیدا بەرەبەرەکانی لەگەڵ سەرمایەداری وەک بنەمای سەرەکی سەیری دەکرێ. لەو سەردەمەدا دوکتور قاسملوو وەک هەموو بەرەی چەپ باس لە ڕەتکردنەوەی سەرمایەداری دەکات. هەڵبەت دیارە بابەتی ڕەتکردنەوەی سەرمایەداری لە هیچ شوێنی دنیا بە ئەنجامێک نەگەیشت کە بتوانێ بەردەوام بێت. هەر بۆیەش دوکتور قاسملوو دوو گۆڕانکاری لەسەر تیۆریی سۆسیالیزم ساز دەکا تا لەگەڵ دۆخی کۆمەڵگای کوردی بیگونجێنێ. یەکەمیان، ئەوەیە کە لە سەرەوە باسی لێکرا و ئەم تیۆرییە وەک بنەمایەکی دژە ستەمی نەتەوەیی لەگەڵ جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی کورد تێهەڵکێش دەکا تا مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەی کورد دەستەبەر ببێ. دووەمیان، تێپەڕینە لە سیستەمی سیاسی – ئابووریی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە (Real) یان هەمان سۆسیالیزمی مەوجوود (Actually Existing Socialism) کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە یەکیەتیی سۆڤییەت و زۆربەی وڵاتانی بلۆکی شەرق باو بوو. لەجیاتیی ئەم تیۆرییە دوکتور قاسملوو باسی سۆسیالیزمی دێموکراتیک دەکا کە دەکرێ بەکورتی هەردووکیان بە شێوەی خوارەوە شرۆڤە بکەین.

پێناسەی سەرەکیی سۆسیالیزمی مەوجوود خاوەنداریەتیی (مالکییەت) دەوڵەتیی کەرەسەری بەرهەمهێنانە و تیایدا پلان و بەرنامەداڕشتن لە ناوەندێکەوەیە کە لە لایەن حکومەتێکی یەک حیزبییەوە بەڕێوە دەچێ و زۆر بەکەمی پلۆرالیزمی سیاسی پەسەند دەکا. حکومەتە سۆسیالیستییەکان، ئەگەرچی باسیان لە سۆسیالیزم دەکرد، بەڵام لە بنەڕەتدا تووشی هیرارشی و سیستەمێکی ئاڵۆزی بوروکراتیک ببوونەوە و دەسەڵات تەنیا بەدەست تاقمێک نوخبەی فەرمانڕەواوە بوو. دەوڵەت تەنیا دەوری ڕێکخستنی یاساکانی نەبوو، بەڵکو بەشێوەیەکی تۆتالیتەر چاودێریی کولتوور و کۆمەڵگای مەدەنی و تەنانەت ژیانی تایبەتیی خەڵکی دەکرد. لەبەرانبەردا سۆسیالیزمی دێموکراتیک دەیهەوێ خاوەنداریەتیی کۆمەڵایەتی و دێموکراسیی ئابووریی لەگەڵ ئازادیی سیاسی و دامەزراوەی فرەچەشن ئاوێتە بکات. لەم جۆرە فەلسەفە سیاسییەدا، لەجیاتیی ئەوەی بازاڕەکان لەنێو ببردرێن، سەرمایەداری ڕێک دەخرێ، گرنگی بە گەشەی کاڵای گشتی لە بواری تەندروستی، پەروەردە و خانووبەرەدا دەدرێ. لەم شێوازەدا دەوری دێموکراسی بەرجەستە دەکرێتەوە و هاوکات تۆتالیتاریزم و نیولیبراڵیزم ڕەت دەکرێتەوە. ئەگەرچی لە ئاستی تیۆریکدا ئامانج ئەوەیە کە دیسان سەرمایەداری نەمێنێ، بەڵام لە ئاستی کردەییدا، وەکو وڵاتانی سکەندیناڤیا، بەرەو مۆدێلی سۆسیال دێموکراسی دەڕوات.

دوکتور قاسملوو کە ئەزموونی تاڵی تۆتالیتاریزمی لە بلۆکی شەرقدا دیبوو، پێداگرییەکی بێ‌وێنەی لە دێموکراسی و ئازادیی سیاسی دەکرد و تا ئەو شوێنەش دەڕواتە پێشەوە کە پێی وایە ئەگەر تەنانەت ڕۆژێک بێ خاوەنداریەتیی تایبەت لەسەر ئامرازی بەرهەمهێنان نەمێنێ، کۆمەڵگاکە هێشتا هەر ئایدیال نییە. کەواتە پێناسەی سەرەکیی خەبات، تێکۆشان بۆ وەدیهاتنی ئازادییە. ئەم ڕوانگەیە لەو سەردەمەدا دەکەوێتە بەر ڕەخنەی مارکسیستە بەناوبانگەکانی کوردەوە. بۆ وێنە کاک عەبدوڵڵا موهتەدی لە چەندین وتووێژ لەگەڵ بڵاوکراوەی کۆمۆنیست کە دواتر لەژێر ناوی سۆسیالیزم و پاڕڵمانتاریزم چاپ بوونەتەوە، باس لەوە دەکا کە ئەم شێوەیە لە دێموکراسییە ”شێوازێکی تایبەتیی حکومەتی بۆرژوازییە“ و هەر بۆیەش مانای ڕاستەقینەی دێموکراسی پاڕڵەمانی بریتییە لە ”دێموکراسییە بۆ چینی دەسەڵاتدار.“

ئەگەر لەم ڕیتۆریکە سیاسی و فیکرییانەی ئەو سەردەمە تێپەڕین، دوکتور قاسملوو بۆخۆی تەنانەت لەمەڕ بەئەنجام گەیشتنی بەرنامەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک هەندێک گومان و بۆچوونی ڕەخنەگرانەی هەیە کە بە ئاوڕدانەوە لە سێ بابەتیان دەتوانین پەرە بە باسەکەمان بدەین. یەکەم، ئەوەیە کاتێک ئەو کورتەباس دەنووسێ گەرمەی ئەو بەرنامە هەرە پێشکەوتووخوازانەیە کە حکومەتی سۆسیالیستیی فڕانسوا میتێران لە فەڕانسە لە ڕێگەی پشتبەستن بە ئابووریی تێکەڵاو، سەرقاڵی جێبەجێ کردنیەتی کە دواتر بۆمان دەردەکەوێ ناتوانن هەموو بەرنامەکە بەڕێوە ببەن و ناچار دەبن لە هەندێک پلانی بنەڕەتی و سۆسیالیستیی بەرنامەکە دەست بکێشنەوە. بەرنامەیەک کە دوکتور قاسملوو لە کورتەباسدا چاوەڕوانی دەکا لە داهاتووی کوردستاندا سەرکەوتووانە بەڕێوە بچێ. لە کورتەباسدا دوکتور قاسملوو ئەم باسەی بەم شێوە ورووژاندووە کە ”لە فەڕانسە تاقیکردنەوەیەکی تازە دەستی پێ کراوە. دیارە جارێ ناتوانین چاوەڕوان بین کە بەم زووانە کۆمەڵی فەڕانسە لە بنەڕەتەوە تووشی گۆڕان بێ. یەک مەسەلە لەم تاقیکردنەوەدا بۆ ئێمە جێگای سەرنجە و ئەویش ئەمەیە کە ئەگەر سەرکەوێ دەبێتە نموونەیەک لە سۆسیالیزمی دێموکراتی.“ دواتر بەکورتی شی دەکەمەوە کە بۆچی ئەم بەرنامەیە سەر ناگرێ و بە ئەنجامی دڵخواز ناگا، بۆیە دەکرێ هەر لێرەدا بەو دەرەنجامە بگەین کە بەشێک لە خەونی کورتەباس لێرەدا کۆتایی پێ دێ.

بابەتی دووەم ئەوەیە کە دوکتور قامسلوو زانیویەتی کە ئابووریی سەرمایەداری و سۆسیالیستی بەرەبەرە زیاتر لێک نزیک دەبنەوە، هەر بۆیە دەنووسێ: “پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی جەوهەری لێکنزیکبوونەوەی ئابووری سەرمایەداری و سۆسیالیستی تێدایە کە دەکرێ بە کوردی پێی بڵێین بەرەو یەک ڕۆیشتن. ئەو کۆمەڵەی کە لە دواڕۆژدا پێک دێ لەباری تەکنۆلۆژییەوە نەتیجەی پێشکەوتنی سۆسیالیستی و سەرمایەدارییە و ئەگەر واقیع بین زیاتر هی سەرمایەدارییە یا سۆسیالیزم.” ئەگەرچی ئەو دەزانێ لە داهاتوودا ڕەنگە لۆژیکی سەرمایەداری دەست بەسەر هەموو بازاڕدا بگرێ، بەڵام ئەو بیر لەوە دەکاتەوە کە ”هێشتا ئیمکانی ئەوە هەیە کە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە هەموو بەرەو یەکتر ڕۆشتندا دەبنە پەیوەندی سۆسیالیستی.” بابەتی سێیەم هەڵگرتنی سنوورەکانی بازاڕ لە سیستەمی سۆسیالیستیدایە کە دوکتور قاسملوو وەک پرسیارێک لە کورتەباسدا ئاراستەی دەکا: ”ئایا دەکرێ مەحدودییەتی بازاڕ لە سۆسیالیزمدا هەڵبگیرێ بۆ ئەوە نەخشی زیاتر بێ، بێ ئەوەی زەربە لە مالکیەتی سۆسیالیستیی ئامرازی بەرهەمهێنان بدا؟” بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە دەبێ سەیری ئەو ڕێگەچارانە بکەین کە دواتر حیزبە هاوشێوەکانی حدکا لە ئەورووپا ڕەچاویان کردووە. ئەو ئەزموونانەی کە مەخابن بە شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو نەیتوانی خۆیان لە دووتوێی پێداچوونەوە بەسەر کورتەباسدا ببیننەوە.

دۆخی ئیستای حیزبە سۆسیالیستییەکان لە ڕۆژاوا

بۆ ئەوەی بزانین ئەزموونی دوای دەیەی ١٩٨٠ لەنێوان حیزبە سیاسییەکانی ئەورووپادا چۆن بووە، من ئاوڕم لە سێ حیزبی هاوشێوە یا نزیک لە حدکا داوەتەوە کە لەو سەردمەوە تاکو ئیستا بەشێوەیەکی ڕێژەیی چ گۆڕانکارییەک بەسەر لایەنی ئایدیۆلۆژییەکەیاندا هاتووە. سمایل بازیار پێی وایە ئەگەر سەیری ئەم گۆڕانکارییە بکەین بۆمان دەردەکەوێ هەندێک لایەنی وەک حیزبی سۆسیال دێمکراتی ئاڵمان چۆن توانیویانە لەم ماوە درێژەدا بمێننەوە. چونکە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەمەوە تا کۆتاییی سەدەی بیستەم گۆڕانکارییەکی فکریی زۆری بەسەردا هاتووە و ئەمە بە مانای ”خۆگونجاندن لەگەڵ هەلومەرجی نوێدایە.“ ئەو، لە وتاری خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک، پێی وایە خاڵی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە دەبێ ڕەخنە لە ئابوورییەکی پلانمەند و سێنتراڵیزە بێ و سۆسیالیزم وەکو سیستەمی ئابووریی – کۆمەڵایەتی سەیر بکرێ کە گرنگی بە سێ خاڵی سەرەکیی ئازادی، دێموکراسی و یەکسانی دەدا.

بەپێی ئەو شیکارییەی کە لەم هێڵکارییەی خوارەوەدا دەیبینن، بەڕوونی دەردەکەوێ کە حیزبەکانی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان، حیزبی کرێکاری بریتانیا و حیزبی سۆسیالیستی فەڕانسە دەستیان لە بەشێک لە بەرنامەی سۆسیالیستیی خۆیان هەڵگرتووە و لە چەپەوە بەرەو ناوەند ڕۆیشتوون. لە هەمان کاتدا، ئەگەر سەیری سیاسەتی حیزبەکانی دیکە بکەین، وەک حیزبی مەحافزەکاری بریتانیا، بۆمان دەردەکەوێ لانی کەم هەندێک لەوانیش بەرەو ناوەند هاتوون. ئەگەرچی ئەو مژارە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەم وتارەوە نییە، بەڵام دەکرێ بوترێ کە لەبەر بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا لە ئاست پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا، حیزبێکی دەستی ڕاستیی وەک حیزبی مەحافەزەکاری بریتانیا هەندێک لە بایەخەکانی بەرەی چەپیان پەسەند کردووە. ئەگەرچی ڕەنگە ئەمە ڕەوتێکی گشتگیر نەبێ، چونکە بەرەبەرە لە دوای قەیرانی پرسی کۆچبەران و داگیرسانی شەڕ لە ئەورووپا، حیزبە دەستە ڕاستییەکان دیسان لە فۆڕمی نوێدا هێز و لایەنگریان گرتووەتەوە.

هەر وەک لە هێڵکاریی دووەمدا دەتوانن سەیری بکەن، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ٢٠٢٠، سیستەمە دێموکراتیکەکانی ڕۆژاوا ڕیزبەندییەکی نوێی میانەڕەویان بەخۆیانەوە بینیوە. لە کاتێکدا ئەم حیزبانە سەردەمانێک کەوتبوونە ئەم بەری شەبەنگی ئایدیۆلۆژییەوە (لە سۆسیالیزمی دێموکراتیکەوە تا مەحافزەکارییەکی نیولیبراڵ)، بەڵام هەنووکە وا دێتە بەرچاو هەموویان بەرەو ناوەندێکی سیاسی مەیلانیان کردووە کە دەکرێ وەک سیاسەتی چەپی ناوەند و ڕاستی ناوەند ناویان بەرین. ئەم گۆڕانکارییە لە ئایدیۆلۆژیدا و بەرەو ناوەند ڕۆیشتن، دەرکەوتەی گۆڕانکارییەکی قووڵ کە ئابووریی سیاسی، داڕمانی جەمسەربەندیی ئایدیۆلۆژی لە دوای جەنگی سارد و گۆڕانکاری لە کۆمەڵناسیی سیستەمی حیزبەکاندایە.

دەرکەوتنی هێژموونی نیولیبراڵ هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی سیاسەتەکانی دەستبەخۆوەگرتن (Austerity Policies) کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی حکومەتەکان و قەرزی نیشتمانی پەیڕەو دەکرێن. گرنگترینی ئەم سیاسەتانە بریتین لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و زیاترکردنی باجەکان. ئەم سیاسەتانە زیاتر لە کاتی قەیرانی ئابووریی و یا ئەو کاتانە بەڕێوە دەچن کە وڵاتێک بڕێکی زۆر قەرزدارە. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی تا ناوەڕاستی ١٩٧٠ زۆربەی دێموکراسییەکانی ڕۆژاوا لەسەر ئابووریی کێنزی هاودەنگ بوون و هەوڵیان دەدا بۆ گەشەی ئابووریی حکومەتەکانیان دەست لە بازاڕ وەربدەن تا خۆشبژێوی پەرە بستێنێ، هەروەها لە ڕێگەی دابینکردنی کار بۆ هەمووان، یەکسانیی کۆمەڵایەتی وەدی بێ.

ئابووریی کێنزی تیۆرییەکە بە مەبەستی سەقامگیری و بەتایبەت لە کاتی بێ‌بازاڕیدا (کەسادی)، پشتگیری لە دەستێوەردانی حکومەت لە ئابووریدا دەکات. گریمانەی سەرەکیی ئەم تیۆرییە بریتییە لەوەی کە کۆی گشتیی خواستی بازاڕ (کە لە ڕێگەی خەرجییەکانی حکومەت و سەرمایەگوزارییەوە دەجووڵێ) هێزی سەرەکیی ئاستی بەرهەمهێنان و ڕێژەی کار دەستنیشان دەکەن. کاتێک خواستی بازاڕ ناتەواو و کەمە، دەستێوەردانی حکومەت لە ڕێگەی ئەوەی خۆی خەرجی زیاتر دەکا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئابووری جووڵەی تێ بکەوێ و نەهێڵێ قۆناغێکی درێژی بێ‌بازاڕی و بێکاری ساز ببێ. بەڵام لە دەیەی ١٩٧٠دا کە هاوکات هەڵاوسان و سستیی بازاڕ (Stagflation) پێکەوە ڕوویان دا و هەروەها ئۆپێک بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی دا، ئەم سیاسەتانە تووشی شکست هاتن.

دوابەدوای ئەمە دەکرێ بوترێ کە دابڕانێکی نیولیبراڵ لە نەزمی سیاسیی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژاوا ڕووی دا و بە پێشەنگایەتیی مارگارێت تاچێر لە بریتانیا (١٩٧٩-١٩٩٠) و ڕۆناڵد ڕەیگان (١٩٨٩١-١٩٨٩) لە ئامریکا سیاسەتی بازاڕی ئازاد و دەستبەخۆوەگرتن جێبەجێ کران، سیاسەتی خاوەنداریی تایبەت پەرەی پێدرا، واز لە ڕێکخستنی بازاڕ هێندرا (Deregulation). لەم ڕێڕەوەدا تەنانەت حیزبە سۆسیالیست و سۆسیال دێموکراتەکان بەرەو ئەم کۆدەنگییە نوێیە هاتن و پلاتفۆڕمە ئابوورییەکانی خۆیان ڕێک خستەوە و خولیای دابەشکاریی سامانیان تا ڕادەیەکی بەرچاو پشتگوێ خست. مەیلانی ئەم حیزبانە بەرەو ڕێگەیەکی ناوەندی (وەک ئەوەی گیدێنز ناوی ڕێگەی سێهەمی لێ نابوو) لە سیاسەتەکانی تۆنی بلێر لە حیزبی کرێکاری بریتانیادا دەبیندرا.

تاچێر خاوەنداریەتیی ئەو پیشەسازییە مەزنانەی وەک بریتیش تێلێکۆم، بریتیش گاز، فڕۆکەوانیی بریتش و … هتد کە دەوڵەت خاوەنیان بوو، گۆڕی بۆ کەرتی تایبەت؛ دامەزراوە کرێکارییەکانی تێک شکاند و ئازادیی زیاتری بە بازاڕی بۆرسەی لەندەن دا. ڕەیگان بە درووشمی ”حکومەت نەک چارەسەر نییە، بەڵکو خۆی کێشەیە،“ خەرجییەکانی حکومەتی فێدێراڵی لە بواری خۆشبژێوی، دابینکردنی خانووبەرە بۆ خەڵک و بواری پەروەردە لە ئامریکا  ئێجگار کەم کردەوە. کەمکردنەوەی باجەکان زیاتر لە بەرژەوەندیی دەوڵەمەندەکان بوو، هەروەها وازی لە ڕێکخستنی بازاڕ هێنا و ئەو یاسا حکومەتییانەی وەلا نا کە لە ڕێگەیانەوە چاوەدێریی پیشەسازییەکانی وەک بانک و هێڵە ئاسمانییەکانی دەکرد.

هەر بۆیە ئەو حیزبانەی هەڵگری ئایدیۆلۆژیی سۆسیالیزم یا سۆسیال دێموکرات بوون، ناچار بوون لەگەڵ ئەم نەزمە نوێیە جیهانییەدا خۆیان بگونجێنن. چونکە سیاسەتە نوێیەکانی نیولیبراڵیزم لە ڕێگەی دامەزراوەکانی سەندووقی نێودەوڵەتیی پارە، بانکی جیهانی و کۆمیسیۆنی ئەورووپا بە سەریاندا دەسەپا. وای لێهات کە یەکێک لە سیاسەتمەدارە ناودارەکانی بریتانیا، پیتەر مەندلسن (ئیستا باڵوێزی بریتانیایە لە ئامریکا) باسی لەوە کرد ”ئیتر ئێمە هەموومان تاچێرین!“ لە ڕاستیدا حیزبەکانی بەرەی چەپ دەیاندی کە بەرەبەرە ژمارەی دەنگدەرانیان کەم دەبێتەوە و ئەگەر نەزمی نوێی بازاڕ پەسەند نەکەن، توانای کێبەرکێیان نابێ. هەر بۆیە، ئەگەرچی دەستیان لە ئایدیۆلۆژیی خۆیان هەڵنەگرت، بەڵام زانییان کە چی تر سنوورە سیاسییەکان وەک ڕابردوو تۆخ نەماوە و حیزبێک دەتوانێ براوە بێ کە باشتر بتوانێ یاساکانی بازاڕ جێبەجێ بکا. ئەمە بۆ بەشێک لە حیزبەکانی بەرەی ڕاست وەک حیزبی مەحافزەکاری بریتانیاش ڕووی دا کە هەوڵیان دەدا لەگەڵ ئەو بایەخانەی کە بەرەی چەپ هێندە لەسەریان پێداگر بوون تا وەکو بەشێک لە بایەخەکانی عەقڵی باو سەیر بکرێن، خۆیان هەماهەنگ بکەن.

لە کۆتاییی ئەم بەشەدا باس لەو گۆڕانکارییە سەرنجڕاکێشە لە حیزبی سۆسیالیستی فەڕانسە دەکەم کە لەو قۆناغەدا ڕووی دا. لە ساڵی ١٩٧٢ حیزبی سۆسیالیست و حیزبی کۆمۆنیستی فەڕانسە بەرنامەیەکی هاوبەشیان واژۆ کرد (The Program commun) کە وەک بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ سەیر دەکرا. ئەم ئەجێندا هاوبەشە بووە هۆی ئەوەی کە میتێران لە ساڵی ١٩٨١ بەدەسەڵات بگا. میتێران هەندێک لە بەشە گرنگەکانی ئابووریی فەڕانسەی نیشتمانی کرد کە ٣٦ بانکی گەورە و ١١ پیشەسازیی مەزنی لەخۆ دەگرت و ئامانج ئەوە بوو کە بەرزترین ئاستەکانی ئابووریی فەڕانسە بەپێی دۆکترینی سۆسیالیزمی کلاسیک بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی کەرتی گشتییەوە. هەروەها لەم بەرنامەیەدا خەرجییەکانی حکومەت زیادی دەکرد، چونکە حکومەت خۆی لەبەرانبەر ژیانی هاووڵاتیان بە بەرپرسیار دەزانی. بۆ وێنە ئاستی لانی کەمیی مووچە ١٠٪ زیادی کرد، بڕەپارەیەکی زیاتر بۆ لایەنی خۆشبژێویی خەڵک خەرج دەکرا، تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٠ ساڵ کەم کرایەوە، و سەدان هەزار هەلی کار لە بەشی حکومی ساز کرا، هەروەها یارمەتییەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی خانووبەرە و پەروەردە زیادی کرد.

ئەگەرچی ئەم بەرنامەیە لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا؛ بەتایبەت هەندێک یاسای پێشکەوتوو سەبارەت بە بیمەی بێکاری و دۆخی کارکردن بە قازانجی کرێکارەکان ڕێک خرایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەکارهێنانی شتومەک زیادی کردبوو (چونکە مووچەکان هەڵکشابوون و ئاستی خۆشبژێوی بەرز ببوویەوە) بێ ئەوەی لەو ئاستەدا بەرهەمهێنان و هەناردەکردن گەشەی کردبێ، بازرگانی لاسەنگ ببوو. ئاستی هەڵاوسان بوو بە ١٤٪و فەڕانسە لەوە نیگەران بوو لە ئەورووپادا نەتوانێ لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا کێبەرکێ بکات. ڕێگەچارەی حکومەتی میتێران سیاسەتی لەبەرکێشان (Expansionary Policy) بوو. لەم جۆرە سیاسەتەدا حکومەت بۆخۆی لە ڕێگەی بانکەکانەوە لە پڕۆژەکانی ژێرخانی وڵاتدا سەرمایەگوزاری دەکا و هەلی کار دەڕەخسێنێ، پارەیەکی زیاتر دابین دەکا و نرخی قازانجی پارە کەم دەکاتەوە.  بەم شێوەیە حکومەت دەیەوێ جووڵە لە بازاڕدا ساز بکا تا خواست لەسەر کاڵا ساز ببێ. بەڵام حکومەتی میتێران نەیتوانی بە گرتنەبەری سیاسەتی لەبەرکێشان سەرکەوتوو بێ و دوای ماوەیەک دەوڵەمەند و بازرگانەکان سەرمایەی خۆیان لەبەر بوونی باجی زیاتر لە بازاڕی فەڕانسە کشاندەوە. هەر بۆیە حکومەتی میتێران بەرەبەرە ناچار بوو سیاسەتە نیولیبراڵییەکانی بازاڕی ئازاد پەسەند بکا. ئێستا پرسیار ئەوەیە لە کاتێکدا ئەو بەرنامەیە کە دوکتور قاسملووش ئۆمێدی پێ بەستبوو نەیتوانی سەرکەوتوو بێ، پێگەی حدکا لەو گۆڕانکارییانەدا چی بەسەر دێ؟ ئایا بە ئاوڕدانەوە لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ ئەویش بەرەو ناوەند هەنگاو بنێ؟

دەرەنجام: دۆخی کۆلۆنیال و ڕزگاریی نەتەوەیی

دیارە حدکا وەک هەموو حیزبێکی دیکە پێویستییەتی لە بەرنامە و پەیڕەوی خۆیدا گۆڕانکاری بکا، هەر بۆیە لە کۆنگرەکانی پێشوودا بەرەو ئەوە هەنگاوی ناوە کە زیاتر لەسەر بنەمای سۆسیال دێموکراسی پەیڕەوی خۆی ئامادە بکا. هەر بۆیە لەم بارەوە سمایل بازیار پێی وایە ”حدکا لە ڕێبازی نوێی خۆی کە لە کردەوەدا بەرەو سۆسیال دێموکراسی ڕۆیشتبوو لە ڕووی سیاسی-تیۆرییەوە بەدێکومێنت نەکرد، ئەگەر مەرگ مەجالی بە قاسملوو دابا، ئەم کارەی دەکرد.“ بۆ وێنە دەکرێ سەیری پەیڕەوی ناوخۆییی کۆنگرەی حەڤدەیەم (٢٠٢٥)ی حدکا بکەین کە لەوێدا باسی سڕینەوەی سیستەماتیکی نەتەوەی کورد لە ئێران دەکرێ؛ حدکا بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕێگەی مافی دیاریکردنی چارەنووس و فیدراڵیزمێکی ئارەزوومەندانەوە تێدەکۆشێ. هەروەها لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە سۆسیالیزمی دێموکراتیک بەبنەما دەگیرێ و لەگەڵیدا هاتووە کە هەوڵ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک دەدرێ کە لەباری ئابوورییەوە ئازاد و پێشکەوتوو بێ و لەباری کۆمەڵایەتییەوە ئاسووده و دادپەروەر. لێرەدا ناڕوونییەک دەبینرێ و دیار نییە چۆن بنەماکانی سۆسیالیزمی دێموکراتیک لەگەڵ بازاڕی ئازاددا یەک دەگرێتەوە.

پێشتر لەناو بیرمەندانی کورددا نووسەرانێک وەک ئیدریس ئەحمەدی و بیریار ژاوەرۆیی باسیان لەم بابەتە کردبوو کە مۆدێلی سۆسیال دێموکراسی ئیمکانی گونجانی زیاتری لەگەڵ سەرمایەداریدا هەیە و تەنانەت هەوڵێکی جیددیان بۆ شیکردنەوەی ئەم بابەتە داوە. ئیدریس ئەحمەدی لە لێکۆڵینەوەیەک بە ناوی “لە هێگلەوە هەتا  قاسملوو”، بەوردی باسی جیاوازییەکانی سۆسیالیزمی دێموکراتیک و سۆسیال دێموکراسی (و ڕوانگەی ڕێگای سێهەم) دەکا و پێی وایە هەوڵی دوکتور قاسملوو ڕزگاریی ئایدیۆلۆژیی حدکا بووە لە مێتافیزیکی مارکسیزمی ئۆرتۆدکس. لە درێژەدا ئەویش خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ ئایدیۆلۆژیی بەشێک لە حیزبە سۆسیالیستییەکانی ئەورووپا و گۆڕانکارییەکانی دەکا، و پێی وایە کە سۆسیالیزمی دێموکراتیک چی تر سەرمایەداری ڕەت ناکاتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدا لە چوارچێوەی ئەو سیستەمەدا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دابین بکا. ئەو لە هەمان وتاردا سێ ڕێکاری ڕوون بۆ سیستەمی خۆشبژێوی کوردستان پێشنیار دەکا: ” مافی یارمەتی بۆ دابینکردنی شوێنی مەسکەن؛  مافی وەرگرتنی تیماری تەندروستی لە ڕێگەی بیمەوە و  مافی خوێندن بەبێ دانی هەزینە تاکوو دیپلۆم.“ بیریار ژاوەرۆیی، لە وتاری “لە سۆسیالیزمی دیمۆکراتیکەوە بۆ سۆسیال دێموکراسی”،  باس لەوە دەکا کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان سۆسیالیزمی دێموکراتیک و سۆسیال دێموکراسیدا نەماوە. ئەو کە زیاتر گرنگی بە لایەنی سیاسیی باسەکە دەدا، لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە دەگا کە ”داهاتووی کوردستان پێویستی بە دێمۆکراسییەکی سێکیولار، پلورال و دادپەروەر هەیە کە ڕەنگە لە هەمووی گونجاوتر سۆسیال دێمۆکراسی بێت کە تێیدا هەم دێمۆکراسی تەوەرەی سەرەکییە و هەم سەرنجی لایەنی سۆسیال دەدرێت.“

ئەگەر بمانەوێ لەسەر بنەمای گۆڕانکاریی جیهانی و دۆخی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیر لە ئیمکانەکانی گەشەی بیری سۆسیالیزمی دێموکراتیک بکەین، باشترە بەشێوەی بابەتیانە کێشە سەرەکییەکان دەستنیشان بکەین و هەوڵ بدەین لە چوارچێوەیەکی سۆسیالیستیدا ڕێکارەکان لێک بدەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەم بەرنامەیە سۆسیالیستییە چ توانایەکی بۆ ڕزگاریی وڵاتێکی کۆلۆنیال هەیە و هەروەها بە سەیرکردنی هەرێمی کوردستان و ئەو کێشانەی لە ڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە بەرەوڕووی بووەتەوە، باس لە سێ تەوەری سەرەکی دەکەم.

 دوکتور قاسملوو (و هەروەها حدکا) فەلسەفەی سیاسی- ئابووریی سۆسیالیزم زیاتر بۆ قۆناغی دوای ڕزگاری بەکار دێنێ و وەک ئامانجی دواڕۆژ سەیری دەکا. واتە قورساییی باسەکە زیاتر لەسەر ئەوەیە کاتێک کورد بە سەروەریی نەتەوەیی (لە هەر کام لە فۆڕمەکانیدا) گەیشت، بۆ سازکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانە چۆن دەبێ تێبکۆشێ. هەڵبەت، حیزبی کۆمەڵەش چوارچێوەی مارکسیزم-لێنینیزمی وەکو باسکردن لە شۆڕشێکی سۆسیالیستی بەکار هێناوە، تاکو لە ڕێگەیەوە کرێکار و زەحمەتکێشەکان بە سازکردنی دیکتاتۆریی پرۆڵتاریا ڕزگاریان ببێ. بەڵام من پێم وایە ئیستاکە ئەگەر دۆخی کوردستان وەک وڵاتێکی کۆلۆنیکراو سەیر بکەین، دەکرێ ئەم دوو تێڕوانینە بەشێوەیەک لەگەڵ یەک ئاشت بکەینەوە. واتە ڕوانگەی سۆسیالیستی هەر لە ئێستاوە بۆ بابەتی کۆمەڵایەتی و یەکگرتووییی خەبات لە کوردستان بەکار بێنین و باس لەوە بکەین کە بە هۆی دۆخی کۆلۆنیبوونی کوردستانەوە چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان دەچەوسێنەوە و ئەمە تەنیا سنووردار نییە بە چینی کرێکار. بۆیە بۆ ڕزگاربوون لە جۆرەکانی ستەمی نەتەوەیی، چینایەتی، جێندەری و ژینگەیی دەکرێ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگای کوردستان بەشێوەی ستراتێژیک یەکدەنگ بن. بەم شێوەیە، زیاتر لە جاران گرنگی بە زنجیرەیەک لە خەباتی جۆراوجۆری دێموکراتیک دەدرێ کە دژی شێوازەکانی ملکەچییە و لە یەک ئاستدا بایەخیان پێ دەدرێ. واتە چی تر قورساییی شۆڕش تەنیا لەسەر شانی پێشمەرگە نییە، بەڵکو بۆ دابەشکردنی هاوسەنگیی خەبات لەو ئاستانەدا کە ستەم ساز بووە، بەشێکی گرنگی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات بۆ گەیشتن بە ڕزگاری تێدەکۆشێ. بەڵام نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە گەیشتن بە وشیاریی کۆمەڵایەتی خەباتێکی درێژخایەنە و بنەمای سەرەکیی سازکردنی سیستەمێکی دێموکراتیکە. هەر بۆیە دوکتور قاسملووش لە کورتەباسدا بەڕوونی باس لەوە دەکا کە ”هەرگیز خەبات بۆ دێموکراسی نابێ بچێتە ژێر سێبەری خەبات بۆ مافی نەتەوایەتی یا خەباتی چینایەتی و تا حیزبی دێموکرات ماوە دێموکراسی مەبەست و ئامانجیەتی.“

 هەندێک جار ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە باشتر نییە لەجیاتیی سۆسیالیزم، ڕوانگەی لیبراڵیستی پەسەند بکرێ؟ من پێم وایە سۆسیالیزم بە بەراورد لەگەڵ فەلسەفەی لیبراڵیدا توانای جماندن و بەرخۆدانی زیاترە، لە هەمان کاتدا زیاتر لەگەڵ مەبەستی حدکا بۆ خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگونجێ. ئەگەرچی وەک شانتال موف باسی لێ دەکا بایەخەکانی لیبراڵ دێموکراسی (وەکو ئازادی، یەکسانیی مرۆڤەکان، مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا) یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی مۆدێرنیتەن و نابێ وازیان لێ بێنین. بەڵام لە هەمان کاتدا لیبراڵ دێموکراسی بۆ دانانی ڕێگەچارە بۆ نایەکسانیی کۆمەڵایەتی و ئابووریی توانای نییە. هەر بۆیە سۆسیالیزم دێموکراسی پەسەند دەکا، بەڵام ئالەنگاریی سیاسەتی بازاڕتەوەری لیبراڵیزم و پێشخستنی تاک بەسەر کۆمەڵگادا دەبێتەوە. ئەمە ئەو ڕوانگەیەیە کە وەک قووڵترکردنەوەی دێموکراسی لەناو کۆمەڵگادا سەیر دەکرێ.

هەروەها بۆ پرسی کوردستان نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە هێشتا ئێمە لە دۆخی بندەستیداین. دەبێ بیر لەوە بکرێتەوە کامە چوارچێوەی هزری ئیمکانی جماندنی خەڵکی زیاترە. سۆسیالیزم چوارچێوەیەکی بەهێزتر بۆ ڕزگاریی ئەو نەتەوانە دابین دەکا کە داگیر کراون، چونکە ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی دۆخی پێکهاتەیی و ماددیی سوڵتە دەبێتەوە. لیبراڵیزم کە لە بنەڕەتدا بۆ تاکباوەڕی دەگەڕێتەوە، پێداگری لەسەر یەکسانیی یاسایی و وەدیهاتنی مافە سیاسییەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتەکاندا دەکا. لە چوارچێوەی ئێراندا و لە باشترین حاڵەتدا ناسیۆنالیزمی ئێرانی باس لە ناسیۆنالیزمی مەدەنی دەکا کە شێوازێکی لیبراڵییە بۆ چارەسەرکردنی ئیتنیکە جیاوازکان و لە ئاکامدا سەروەریی نەتەوەییی کورد تیایدا دەسڕدرێتەوە. چونکە هەر جۆرە ناسیۆنالیزمێکی مەدەنی لە بنەڕەتدا بۆخۆی لە بەرژەوەندیی ناسیۆنالیزمێکی قەومیدا (لێرەدا قەومی فارس) دەجووڵێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، کۆلۆنیالیزمی ئێرانی نەتەنیا شێوازێک لە چەوساندنەوەی سیاسییە، بەڵکو شێوازێکە لە سەپاندنی مۆدێلێکی ئابووریی کە بە مەبەستی چەوساندنەوی نەتەوەی کورد پلانی بۆ داڕێژراوە. بەشێک لە مێکانیزمەکانی ئەم چەوساندنەوەیە بریتین لە: دەستڕاگرتن بەسەر سەرچاوە سروشتی و کانزاکانی کوردستان و تاڵانکردنیان، گواستنەوەی هێزی کاری کورد بۆ ناوەند، بەئەنقەست دواخستن و ڕاگرتنی کوردستان لە دۆخی ناپیشەسازیدا، پەرەپێدان بە دۆخی کشتوکاڵیی کوردستان بە مەبەستی بەکارهێنانی ئاو و دەغڵودانی کوردستان بۆ ئاوەدانەکردنەوە و دابینکردنی خواردەمەنی بۆ ناوەندی ئێران، ڕاگواستنی ئاوی کوردستان بۆ ناوچە وشک و نیوەوشکەکانی ناوەندی ئێران.

 ئەگەر سەیری باشووری کوردستان بکەین کە مۆدێلی فیدراڵیزم تیایدا تا ڕادەیەکی زۆر لە بەرانبەر ناسنامەی (شوناس) عێراقیدا پشتگیری لە ناسنامەی کوردی دەکا، دەبینین لە ڕووی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە ناڕەزایەتییەکی زۆر لەئارادایە. ئەگەرچی بەشێکی کێشەکان بۆ پەیوەندیی کۆلۆنیالیستیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، هەروەها تاکو ئیستاش بەشێکی بەرچاو لە خاکی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە. بەڵام لە هەمان کاتدا ناکرێ چاوپۆشی لە سیاسەتە بەناو نیولیبراڵییەکانی پارتی (وەک حیزبێک کە لە هەموو سی و چوار ساڵی ڕابردوودا حکومەتی بەدەستەوە بووە) بکرێ کە نەک بووەتە هۆی زیادبوونی جیاوازیی چینایەتی، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵک زیاتر نیگەرانی ئاستی خۆشبژێوی خۆیانن. ئەگەر بەکورتی سەیری دۆخی پەروەردە و تەندروستی بکەین، بۆ ئەوەی هاووڵاتییەک دەستی بە خزمەتگوزارییەکی شیاو ڕابگا، ناچارە پەنا بۆ کەرتی تایبەتێک ببا کە ژێربەژێر هیی دوو حیزبی دەسەڵاتدارە یان لە خزمەت پاراستنی بەهاکانی ئەواندان. ئەم بابەتانە هەر لەخۆوە ڕووی نەداوە و شتێکی سروشتی نییە، بەڵکو ئاکامی هەڵبژاردنی ئەو سیستەمە بەناو نیولیبراڵییەیە کە لەگەڵ مەحافزەکاریی کولتووری و هیرارشیی کۆمەڵایەتیی دڵخوازی حیزبی پارتی وەک حیزبێکی دەسەڵاتدار دەگونجێ.

هەروەها دەبینین کە لە هەرێمی کوردستان زەوی و سەرچاوە سروشتییەکان بوونەتە بەشێک لە موڵکی کەرتی تایبەت. بەڵام ئەم کەرتی تایبەتە لەڕاستیدا بوونی نییە، چونکە لۆژیکی کێبەرکێی بازاڕ بەسەریاندا زاڵ نییە و دوو حیزبی سەرەکی (پارتی و یەکیەتی) شەبەکەیەکی ئاڵۆزیان لە کۆمپانیاکان بۆ قۆرغکردنی بازاڕ ساز کردووە. بۆ هێشتنەوەی بەرژەوەندیی ئەم دوو حیزبە، پەیوەندییە عەشیرەیییەکان بەهێز کراونەتەوە و پێکهاتەی پێشمۆدێرنی وەفاداری بە عەشیرە لە کاتی دەنگداندا مەشروعییەت بۆ دەسەڵاتیان ساز دەکا. لە هەمان کاتدا بۆ هێشتنەوەی یەکگرتوویی، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سازنەبوونی ناڕەزایەتی، ئایین وەک ئامرازێک بەکار دێ. لە کاتێکدا چەندین دەیە لەمەوبەر ئەم دوو حیزبە باسیان لە سێکۆلاریزم دەکرد، ئیستاکە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، لەسەر پشتگیریکردن لە سەلەفیزم پێکەوە کێبەرکێ دەکەن.

ئەم نیگەرانییە بۆ ڕۆژهەڵات باسێکی جیددییە کە لە داهاتوودا وەک باشوور بەرەو شێوەیەک لە سەرمایەداریی هاوڕێیانە (Crony Capitalism) نەڕوا. چونکە لە ئیستادا جومگە سەرەکییەکانی بازاڕ بە دەست سوپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوەیە. لە نەبوونی ئەو هێزە کۆلۆنیالیستییەدا ئەگەر حکومەتێکی سۆسیالیستی چاودێریی دۆخی گواستنەوەی ڕۆژهەڵات لە کۆلۆنیالیزمەوە بەرەو سەربەخۆیییەکی جێگیر نەکا، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو دەستە و تاقمانەی کە خۆیان بە حیزبەکانەوە گرێ دەدەنەوە، بە ناوی کەرتی تایبەتەوە دەست بەسەر سەرچاوەکان و بازاڕدا بگرن. واتە دوور و نزیکی لە حیزبەکان دەستنیشانی دەکا کە جووڵەی بازاڕ چۆن دەبێ و ئامرازی بەرهەمهێنان دەکەوێتە قۆرغی هەندێک مافیاوە،  هەر بۆیە گەندەڵی لەناو سیستەمدا زۆر دەبێ. لەم شێوازەدا متمانەی گشتی بە یاساکان لاواز دەبێ و هەر بۆیەش لە کاتێکدا حکومەتی کوردستان دەیهەوێ پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا قورس بکا، بەرەوڕووی کێبەرکێی ناتەندروستی کۆمپانیا حیزبییەکان بۆ قۆرغکردنی سەرچاوەکان دەبێ. لەم شێوازەدا هەر وەک ساڵی ٢٠١٧ و دوای ڕێفراندۆم بینرا، بە سەدان بازرگانی ساختە کە تەنیا دەوری بورژوازییەکی کۆمپرادۆریان دەبینی، توانای بەرهەمهێنان و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستانیان نەبوو کە خۆی لە ئابلۆقەی ئابووریی دەرباز بکا. چونکە بازرگانە حیزبییەکان بەشێوەیەکی ساختە تەنیا ببوونە بریکاری گواستنەوەی شتومەک بۆ باشووری کوردستان و هەناردەکردنی نەوت و گاز بەشێوەی قاچاخ بۆ دەرەوە.

بە ئاوڕدانەوە لەم سێ بابەتەی سەرەوە و هەروەها ئەو کێشانەی کە لە لۆژیکی بازاڕی سەرمایەداریدا هەیە، وڵامدانەوە بە پرسیاری سەرەکیی ئەم وتارە قورستر دەبێ. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ بوترێ کە خوێندنەوەی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک دەتوانێ (١) یارمەتیدەری بەرفراوانترکردنی خەباتی دژەستەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ، (٢) گەرەنتی ئەوە دەکا کە لە دواڕۆژدا هێزی قۆرغکەری حیزبی نەتوانێ پێش بە دێموکراسی بگرێ، (٣) مەترسیی سازبوونی کەرتی تایبەتی ساختە کەم دەبێتەوە، کەواتە هیچ حیزبێک ناتوانێ سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان لە بەرژەوەندیی خۆی یان گرووپێکی تایبەت بەکار بێنێ، (٤) کاتێک خەڵکی کوردستان هەست بە هەوڵی سیستەمی سۆسیالیستی بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی بکەن، بۆخۆشیان پشتیوانی لە سەربەخۆییی کوردستان دەکەن و دەیپارێزن.

ئەگەرچی سیستەمی سۆسیالیستی بۆ ڕێکخستنی بازاڕ چی تر کارامە نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە یەکسەر دەبێ لۆژیکی بازاڕ پەسەند بکرێ. حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئاستبەرز لە کەرتی پەروەردە و تەندروستیدا دەبێ بەرپرسیار بێ. بۆ کەرتی سەرچاوە سروشتییەکان و وزە، حکومەتی داهاتووی کوردستان دەبێ بەرنامەیەکی کارای پێشکەوتووخوازانەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان هەبێ. بۆ وێنە ئەگەر سەیری گەورەترین کۆمپانیای نەوتی نۆروێژ واتە کۆمپانیای ئێکۆنۆر (Equinor) بکەین کە جگە لە نۆروێژ لە ٣٦ وڵاتی دیکەش چالاکی هەیە، دەبینین ٦٧٪ی خاوەنداریەتییەکەی بەدەست وەزارەتی نەوت و وزەی نۆروێژەوەیە و باقیی پشکەکانی هیی خاوەنداریەتیی گشتییە. ئەمە وانەیەکی گرنگە کە چۆن دەوڵەتی داهاتووی کوردستان دەتوانێ بەشێوەیەک کۆنتڕۆڵێکی نەتەوەیی بەسەر سەرچاوە ستراتێژیکەکانی کوردستاندا هەبێ کە یارمەتیدەری دابەشکردنێکی عادڵانەی سامان لە وڵاتدا بێ، بێ  ئەوەی ناچار بێ لۆژیکی نیولیبراڵی بازاڕی ئازاد پەسەند بکا.

دوای ڕزگاری،  کوردستان دەکەوێتە قۆناغێکی هەستیارەوە: یان دەبێ بناخەی ئابوورییەکی یەکسانیخواز ساز بکرێ کە لە سەروەرییەکی دێموکراتیکدا ڕیشەی هەبێ، یان بەرەوڕووی مەترسیی سیستەمێکی نیولیبراڵی پارێزراو (Neoliberal clientelist system) دەبێتەوە کە لەژێر سوڵتەی مافیای ئۆلیگارشییەکاندایە. زۆربەی جاران و لە دۆخی پاش داگیرکاری، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لە ڕووی سەرچاوەکانەوە دەوڵەمەندن، کاتێک بەخێرایی بەرەو کەرتی تایبەت دەڕۆن، لەجیاتیی ئەوەی کەرتە یەکجار پێویستەکانی نەوت، گاز، وزە و کانزاکان بەرەو بازاڕی ئازاد بڕۆن، سەر لە سەرمایەداریی هاوڕێیانەوە دەردێنن کە تیایدا حیزبە سیاسییەکان یان ئەو نوخبانەی گرێدراوی حیزبەکانن، کۆنتڕۆڵی سامانی گشتی بەدەستەوە دەگرن. ئەم پرۆسەیە زۆربەی جار پاساوی کارامەیی و سەرمایەگوزاریی بیانی بۆ دەهێندرێتەوە، بەڵام لە کردەوەدا سامان تاڵان دەکرێ. مافیاکان چونکە پشتیان بە دەسەڵاتی حیزبی و ئۆلیگارشی بەستووە، پێویستییان بە مەشرووعییەتی دێموکراتیک نییە و لەبەرانبەر کۆمەڵگادا وڵامدەر نین. واتە ئەو هێزانەی سەردەمانێک بۆ گەیشتن بە ئازادی خەباتیان دەکرد، ڕەنگە چینێک ساز بکەن کە خەریکی ڕاوڕووتی نێوخۆییی وڵات بن. بەرەبەرە ئەگەر ئەو سامانە ڕووی لە کزی بێ، چونکە خەڵکیشیان لە داهاتەکەی بێبەش کردووە، سەروەریی نەتەوەیی یان بەدی نایەت یان بەرەوڕووی داڕمان دەبێتەوە.

بۆ ئەوەی نەکەوینە داوی ئەم مەترسییەوە، دەکرێ باسی سیستەمێک بکەین کە بەشێوەیەکی گەشەسەندوو لە سۆسیالیزم بڕوانێ و تێکەڵاوێک بێ لە خاوەنداریەتیی کۆمەڵایەتی، حکومەتێکی دێموکراتیک و پلاندانانی ستراتێژیکی دەوڵەتی. ئەمە بە مانای گەڕانەوە بۆ چاودێریکردنی ئابووریی نییە کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی باو بوو، بەڵکو باسکردن لە سیستەمێکی دامەزراوەیی و شەفافە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵێکی گشتی بەسەر سەرچاوە سروشتییەکاندا هەبێ، بۆ وێنە لە کۆمپانیا دەوڵەتییەکانی نۆروێژ بۆ بەڕێوەبەریی نەوت کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەو کۆمپانیایانەی کە لە لایەن ئاژانسە سەربەخۆکانەوە ڕێک دەخرێن و لەبەرانبەر پاڕڵماندا وڵامدەرن و ئیمکانی ئەوەشیان هەیە کە لەگەڵ بازاڕی ئازاددا خۆیان بگونجێنن. داهاتەکان دەچنە ناو سەندووقی سامانی نیشتمانییەوە کە هیی هەمووانە و بەشێوەیەکی شەفاف بۆ خەڵک و نەوەکانی داهاتوو بەکار دەهێندرێ. ئەم سیستەمە لە ڕێگەی دێموکراتیزەکردنی ئامرازی بەرهەمهێنانەوە لەگەڵ ئارمانجەکانی سۆسیالیزم هاوڕێیە و گەرەنتیی ئەوەمان پێ دەدا کە سامانە سروشتیەکان لە ڕێگەی چینێکی ئۆلیگارشییەوە تاڵان نەکرێ، بەڵکو بە مەبەستی قازانجی خەڵک لە سیستەمی تەندروستی، پەروەردە و خانووبەرەدا دیسان سەرمایەگوزارییان پێ بکرێ.

ئەگەرچی پێشتر بینیمان مۆدێلی ئابووریی تێکەڵاو کە دوکتور قاسملووش بەوردی باس لە تایبەتمەندییەکانی دەکا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام لە دوای قەیرانی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووریی جیهانی دیسانەوە باسی شێوەیەکی دیکە لە ئابووریی تێکەڵاو دەکرێ. لە ئابووریی تێکەڵاودا مەبەست ئەوەیە کە هەندێک توخمی سەرمایەداری (خاوەنداریەتیی تایبەت، نرخدانان بەپێی لۆژیکی بازاڕ و هاندانی سەرمایەگوزاری لەسەر بنەمای قازانج) لەگەڵ هەندێک لایەنی سۆسیالیزم (وەکو خاوەنداریەتیی گشتی، پرۆگرامەکانی خۆشبژێوی و یاسادانانی دەوڵەتی) تێکەڵاو بکرێ. واتە هەم کەرتی تایبەت و هەم دەوڵەت لە بەرهەمهێنانی کاڵادا دەور بگێڕن و خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن. هەر بۆیە دەوڵەت ناچار دەبێ دەست لە هەندێک شوێنی پێویست وەکو پەروەردە، کەرتی تەندروستی و سازکردنی ژێرخان وەربدات.

ئەم شێوازە لە ئابووریی تێکەڵاو زیاتر لەگەڵ سۆسیال دێموکراسیدا دەگونجێ تا سۆسیالیزمی دێموکراتیک. دەکرێ بوترێ هەر ئابوورییەکی سۆسیالیزمی دێموکراتیک تا ڕادیەک هەر تێکەڵاوە، بەڵام هەر ئابوورییەکی تێکەڵاو سۆسیالیستی نییە. واتە ڕێک ئەمە ئەو نیگەرانییەیە کە من پێشتر لە کاتی شیکردنەوەی باسی ئەو نووسەرانەدا هەمبوو کە دوورکەوتنەوە لە سۆسیالیزم بەتایبەت لە قۆناغی گواستنەوە لە کوردستانێکی کۆلۆنیال بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ تووشی ئەو گرفتانەی هەرێمی کوردستانمان دەکا. واتە نیگەرانبوون لە مەترسیی ئەوەی کە بازاڕ بکەوێتە دەستی چینی ئۆلیگارشیی حیزبییەوە و دژی ئامانجی لەمێژینەی کورد بەکار بهێندرێ. نابێ ئەوەش لەبیر بکەین هەنووکە، تەنانەت سەندووقی نێودەوڵەتیی پارە و بانکی جیهانی (کە سیاسەتەکانی ئەوان سەبارەت بە پارە و قەرز هۆکاری سەرەکیی ئابووریی سەرمایەدارین) دان بەوەدا دەنێن کە ناکرێ هیچ چاودێرییەک بەسەر بازاڕەکاندا نەبێ. گرنگیی ئەم باسە هەم لە قەیرانی ئابووریی ٢٠٠٨دا دەرکەوت و هەم لە کاتی پاندێمی کۆرۆنادا. پێم وایە مشتومڕی چەند دەیەی داهاتوو لەسەر ئەم خاڵە دەوەستێ کە لە کاتی بەکارهێنانی ئابووریی تێکەڵاودا دەوری دەوڵەتەکان دەبێ چۆن و چی دەبێ.

پێزانین:

زۆر سپاسی هاوڕێیانی هێژام کاک داود عوسمانزادە، دوکتور ئیدریس ئەحمەدی و کاک ناسر مورادی دەکەم کە وتارەکەیان هەڵسەنگاند و بە تێبینییە ورد و زانستییەکانیان یارمەتییان دام کە باشتر لە بابەتەکە بگەم. هەروەها سپاسی مامۆستا ڕێبوار ڕۆژهەڵات دەکەم کە بە هەڵەچنیی وتارەکەوە ماندوو بوو.

سەرچاوەکان:

ئەحمەدی، ئیدریس. ٢٠٠٨. لە هێگڵەوە هەتا قاسملوو: بەرەو کۆنگرەی ١٤ و تازەکردنەوەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک.

ئەردەڵان، سارۆ. ٢٠٢٣. چل ساڵ پاش کورتەباس: بۆچی سۆسیالیزمی دێموکراتیک هێشتا کارامەیە؟ گۆڤاری تیشک ٢٥، ژ. ٦٧-٦٨: ١١٦-١٢٣.

بازیار، سمایل. ١٣٩٩. سۆسیالیزمی دێموکراتیک و هەنگاوەکانی حیزبی دێموکرات بەرەو سۆسیال دێموکراسی. لە حیزبی دێموکراتی کوردستان: قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی، کۆیە: کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

بازیار، سمایل. ١٣٩٧. خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سۆسیالیزمی دێموکراتیک، تیشکی نوێ ٤: ٦١-٩٠.

حەسەنزادە، عەبدووڵڵا. ١٣٧٦. نیوسەدە تێکۆشان: ئاوڕێک لە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەرگی دووەم.

ژاوەڕۆیی، بیریار. ٢٠١٩. لە سۆسیالیزمی دێموکراتیکەوە بەرەو سۆسیال دێموکراسی. گۆڤاری تیشک ٢١، ژ. ٥١: ٢٦-٣٥.

شەفیعی، جەعفەر (١٣٦٣) حیزبی دێموکرات: سۆسیالیزم یا سەرمایەداری؟ بڵاوکراوەی پێشڕەو ژمارەی ١٠.

قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤. ئابووری تێکەڵاو. لە تاڤگەی هەقیقەت، بەرگی یەکەم، کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی. ٢٠٧-٢١٨.

قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤. دروشمی بنەڕەتیی حیزبەکەمان. لە تاڤگەی هەقیقەت، بەرگی یەکەم، کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی. ٢٨٥-٣١٤.

قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٨٤. سۆسیالیزم و ئابووری سیاسی. لە تاڤگەی هەقیقەت، بەرگی یەکەم، کۆکردنەوەی کاوە بەهرامی.  ١٥٧-٢٠٥.

قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ٢٠٠٣ [١٩٨٣]. کورتەباس و شیکردنەوەیەکی کورتەباس (ستۆکھۆڵم: کتێبی ئەرزان).

قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ١٣٧٨. چڵ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی.

قاسملوو، عەبدوڵڕەحمان. ٢٠٠٤ [١٩٧٣]. کوردستان و کورد. وەرگێڕانی عەبدووڵڵا حەسەنزادە

مهتدی، عبدالله. سوسیالیزم و پارلمانتاریزم. وەرگێڕانی ناسر حسامی. پاشکۆی بڵاوکراوەی پێشڕەو، ژمارەی ٤٣.

Bobbio, Norberto. 1996. Left and Right: The Significance of a Political Distinction. Translated and introduced by Allan Cameron (Chicago: The University of Chicago Press).

Mouffe, Chantal (2018). For a Left Populism (New York: Verso books).

Political Typology Quiz. Available at https://www.pewresearch.org/politics/quiz/political-typology/

The Political compass. Available at https://www.politicalcompass.org/

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!