گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢ 

بەکارهێنان و وێنەی زمانی کوردی لە کوردستانی گەورە: لێکۆڵینەوەی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی لە لایەن کوردان لە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا


لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 16.10.2025

عەلی حوسێن، نیگار (٢٠٢٥): بەکارهێنان و وێنەی زمانی کوردی لە کوردستانی گەورە: لێکۆڵینەوەی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی لە لایەن کوردان لە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ٥١٤–٥٠٩. https://doi.org/10.69939/TISHK0072

DOI 10.69939/TISHK0072

ئەم کتێبە کە ناونیشانەکەی لەسەرەوە ئاماژەی پێ دراوە، بەشێکە لە تێزی دکتۆراکەم کە لە ژێر سەرپەرشتیاریی پرۆفیسۆر “کارمن ئەلێن گاراباتۆ” لە زانکۆی “پۆل ڤەلەری” لە شاری “مۆنپولیە” لە فەرەنسا ئامادە کرا و لە کۆتا مانگی ساڵی ٢٠٢٣ بەرگریی لێ کرا. پیرۆزبایی و دەستخۆشی  لە لایەن ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندن، هانی اندام بۆ بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکەم تا زۆرترین کەس بتوانن سوودی لێ وەربگرن. لە هەمان ڕۆژدا، پرۆفیسۆری فەخری “هانری بویە” پێشنیاری بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەمی کرد لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی “سۆسیۆلانگویستیک” کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن. بەخۆشحاڵییەوە پێشنیارەکەیانم قەبوول کرد بەڵام پێویستی دەکرد دەستنووسەکەم کورت بکەمەوە.

پێشەکی:

ئەم کتێبە کە ناونیشانەکەی لەسەرەوە ئاماژەی پێ دراوە، بەشێکە لە تێزی دکتۆراکەم کە لە ژێر سەرپەرشتیاریی پرۆفیسۆر “کارمن ئەلێن گاراباتۆ” لە زانکۆی “پۆل ڤەلەری” لە شاری “مۆنپولیە” لە فەرەنسا ئامادە کرا و لە کۆتا مانگی ساڵی ٢٠٢٣ بەرگریی لێ کرا.

پیرۆزبایی و دەستخۆشی  لە لایەن ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندن، هانی اندام بۆ بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەکەم تا زۆرترین کەس بتوانن سوودی لێ وەربگرن. لە هەمان ڕۆژدا، پرۆفیسۆری فەخری “هانری بویە” پێشنیاری بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەمی کرد لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی “سۆسیۆلانگویستیک” کە خۆیان بەڕێوەی دەبەن. بەخۆشحاڵییەوە پێشنیارەکەیانم قەبوول کرد بەڵام پێویستی دەکرد دەستنووسەکەم کورت بکەمەوە.

زانکۆی “پۆل ڤالێری” لە مۆنتپەلیە و هەروەها ئەنستیتوی کورد لە پاریس، تێچووی داراییی پرۆژەی بڵاوکرنەوەیان گرتە ئەستۆ. ئەوەبوو، لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ لە پاریس لایەن چاپەمەنی (هارمەتان – لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی سۆسیۆلانگویستیک) کتێبەکەم بە زمانی فەرەنسی بڵاوکرایەوە.

پێشەکیی کتێبەکە لە لایەن پرۆفیسۆر “سالیح ئەکین” نوسراوە. ناوبراو بە بەرهەمە بەنرخەکانی لە بواری زمانەوانیی کۆمەڵایەتی، بەتایبەت لەسەر بارودۆخی زمانەوانیی کوردی ناسراوە.

ئامانجی زانستی و پرسەکانی توێژینەوە:

ئەم توێژینەوەیە لە خواستێکی قووڵەوە لە دایک بووە، ئەویش ئەوەیە کە دەنگی هاونیشتمانانم، لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لەسەر زمانەکەمان بگەیەنم. بەو هیوایەی بتوانم بۆشایییەک، ئەگەر بچووکیش بێت، لە توێژینەوەکانی زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی کوردیدا پڕ بکەمەوە. ئامانجم ئەوەبوو دۆخێ ئاڵۆزی زمانی کوردی لە هەر بەشێک لە بەشەکانی کوردستانی گەورە بخەمە بەرچاو. ئەوەش بە ڕێگای بەدواداچوون بۆ گرژییەکانی نێوان فرەچەشنی و یەکگرتوویی، زاڵبوون و بەرخۆدان، بێدەنگیی سەپێنراو، قسەکردن و بەکارهێنان و هتد.

لە ڕووی زانستییەوە، هەوڵمان دا ڕێبازێکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی ڕەخنەگرانە لەگەڵ ئەنترۆپۆلۆژیای زمان تێکەڵ بکەین. چوارچێوەی تیۆریی چەمکەکانی وەک پێگەی زمان، نوێنەرایەتیی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی – (بە سادەتر بڵێین- وێنەی زمان) و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی زمان، دیگلۆسیا، ئایدۆلۆژیای زمان، هەروەها چەمکەکانی زمان لە بەرخۆدان و زمان لە خەباتدا کۆدەکاتەوە.

هەوڵمان دا بزانین زەمینەی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی تایبەت بە هەر پارچەکی کوردستان تا چەند کاریگەرن لەسەر قسەکردن و بەکارهێنانی زمانی کوردی لەناو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوڕۆدا. هەروەها بزانین ئەو بارودۆخە جیاوازانە چۆن لەسەر وێنەی زمانەکە لای ئاخێوەران کاریگەر دەبن و هەڵوێستیان بەرامبەر بە بارودۆخی ئێستای زمان و شوناسیان چۆن دەبێ؟ بەکورتی بڵێم، لە فەزایەکی پارچەپارچەکراوی کوردستاندا، کە هێشتا خواستێکی زۆر بۆ بەردەوامی و دانپێدانان بۆ زمانی کوردی هەیە، قسەکردن و بەکارهیێنانی ئەو زمانە ئەمڕۆ مانای چییە؟  

ئەم کتێبە لە ڕێگەی ڕوانگەیەکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی بەراوردکاری و ڕەخنەگرانەوە هەوڵ دەدات وڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

ڕێبازی لێکۆڵینەوە و کاری مەیدانی:

بۆ گەڕان بە دوای وڵامدا، بڕیارمان دا خۆمان لە نزیکەوە پرسیارەکانمان ئاراستەی ئاخێوەرانی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان بکەین کە لە ناوکۆمەڵگای کوردیدا دەژین. هەر بۆ ئەم مەبەستەش، لە ساڵی ٢٠١٥، لە گەشتێکی سێ مانگە، بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی چوین بۆ شارەکانی (وان، مهاباد و هەولێر). لەبەر نالەباریی باری سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەوکاتەدا، ناچار بووین ڕوو بکەینە دانیشتووانی کەمپەکانی کوردانی ڕۆژئاوا لە باشووری کوردستان.

بێگومان، پێش دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی مەیدانی، بڕیارمان دابوو دوو شێواز و میتۆدی کۆکردنەوەی زانیاری هەڵبژێرین؛ ئەوانیش بریتی بوون لە چاوپێکەوتنی نیمچە ئاراستەکراو و پرسیارنامە. بەکارهێنانی ئەو دوو شێوازە لە توێژینەوەکانی بواری زمانەوانیی کۆمەڵایەتیدا باون و ڕێگا بە کۆکردنەوەی زانیاریی زۆر و بە کوالێتیی باش دەدەن. دڵنیا بووین لەوەی ئەو دوو شێوازە تەواوکەری یەکترن و دەتوانین لە ڕیگایانەوە ئامانجەکانمان بەدی بهێنین.

سەرەتا پرسیارنامەکەمان بە زمانی فەرەنسی ، بە بەکارهێنانی زمانێکی سادە و دوورکەوتنەوە لە زاراوەی تەکنیکی یان زانستی، داڕشت. بۆ ئەوەی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بتوانن بە بێ ئاستەنگی لە پرسیارەکان تێبگەن و وڵامیان بدەنەوە، بە پێویستمان زانی پرسیارنامەکە وەربگێڕینە سەر زمانە فەرمییەکانی ئەو وڵاتانەی کوردیان دابەش کردووە. واتا زمانی تورکی بۆ کوردانی باکوور، زمانی فارسی بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، زمانی عەرەبی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و زمانی کوردی (زاراوەی سۆرانی) بۆ کوردانی باشوور. سەبارەت بە زمانی چاوپێکەتن، تەنها لە زمانی کوردی سوودمان وەرگرت.

لە کاتی کارە مەیدانییەکانماندا، تووشی چەندین بەربەست بووین، هەم پەیوەندییان بە پێگەی ئێمەوە وەک توێژەر و هەم وەک ئافرەت. نۆرمەکانی کۆمەڵایەتی و خێزانی پێویستی دەکرد پیاوێک لەگەڵمان بێت بۆ ئەوەی بە ئازادی بتوانین بە ناوچەکاندا بگەڕێین. جگە لەوەش، بەو پێیەی مەسەلەی کورد لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارە، بەتایبەت لە تورکیا و ئێران، ناچار بووین ئامانجی ڕاستەقینەی گەشتەکەمان بشارینەوە و وا نیشان بدەین کە ڕێبوارێکی سادەین بۆ گەشت و گوزەران هاتووین. ئەمەش ناچاری کردین نەتوانین سەبارەت بە شوێن و کاتی دابەشکردنی پرسیارەکانمان، پێشوەختە هیچ بڕیارێک بدەین. لەبەر ئەو هۆیە، ناچار بووم ڕێبازێکی هەڕەمەکی بگرمە بەر. واتا هەر تاکێکی کورد- بێ گرنگیدان بە ڕەگەز، تەمەن، پیشە یان پلەی خوێندەواری- دەتوانێت لە لێکۆڵینەوەکەمان بەشداربێت.

سەرەڕای ئەو بەربەست و سەختییانەی ڕووبەڕوومان بوونە، بوونی ئێمە لە مەیدانەکەدا، نزیکبوونەوەمان لە پێکهاتە کوردییەکان و چاودێریی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە، ڕێگەی پێ داین داتای باوەڕپێکراو کۆبکەینەوە و باشتر لەو واقیعە کۆمەڵایەتی و زمانەوانییانە تێبگەین کە وڵامدەرەوەکان ئەزموونیان کردووە.

لە دەرئەنجامدا، لە ڕێگەی ئەو دوو شێوازی ڕاپرسییەی بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان هەڵبژێردران، توانیمان چوار گرووپی بەشداربووان دروست بکەین: گروپی کوردانی باکوور، گرووپی کوردانی ڕۆژهەڵات، گرووپی کوردانی باشوور و گرووپی کوردانی ڕۆژئاوا.

دوای تاوتوێکردن و ئامادەکردنی داتا و زانیارییەکان بۆ شیکاری، کۆی قەبارەی گشتیی بەشداربووان بریتی بوو لە ٣٨٠ بەشداربوو، کە ١١٨ کوردی باکوور بوون، ٩١ کوردی ڕۆژهەڵات، ٨٦ کوردی باشوور و ٨٥ کوردی رۆژئاوا. دەتوانم بڵێم کۆی گشتیی بەشداربووان تا ڕادەیەکی باش ڕێگایان پێداین بۆ بەدەستهێنانی بڕێکی پێویست لە وڵام و زانیاریی جۆراوجۆر. لە پاڵ ئەوەش، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ٢٢ کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان ئەنجام دا.

بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی شیکردنەوەی داتا و زانیارییەکان، سودمان لە چەند شێوازی شیکاری وەرگرت، وەک: شیکاریی ناوەڕۆک، شیکاریی بابەتی و شیکاریی بەراوردکاری. هەروەها بە بەکارهێنانی نەرمەکاڵای شیکاری بەناوی “سفانکس” کە لەو پرۆسەیەدا ئاسانکاریی زۆری کرد، بەتایبەت بۆ خستنەڕووی ئەنجامەکان بە چەندین شێوازی خشتە، گرافیک و خشتەی بەراوردکاری.

لە پاڵ ئەنجامە چەندایەتییەکان، ئەم کتێبە دەنگ دەداتە ژن، پیاو، گەنج، پیر، چالاکوان و بێکاران. کە هەموویان پەیوەندییەکی ناوازەیان لەگەڵ زمانی کوردیدا هەیە. لە ڕێگەی قسەکانیان و بێدەنگییەکانیانەوە، واقیعێک سەرهەڵدەدات: زمانی کوردی تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکوو نیشاندەری شوناسە، جێگای یادەوەرییە و زۆرجاریش، زەمینەی خەباتە.

بەشداریی زانستی و ڕەسەنایەتیی توێژینەوەکە

ئەم توێژینەوەیە ڕێبازێکی زانستی و بەراوردکاری دەگرێتەبەر، لە یەکتربڕینی زمانەوانیی کۆمەڵایەتی وئەنترۆپۆلۆژیای زمان. ڕەسەنایەتییەکەی بە پلەی یەکەم لە هەڵبژاردنی میتۆدۆلۆژییەکەیدایە: یەکێکە لەو لێکۆڵینەوە دەگمەنانەی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی  سنووربەزێن دەگرێتە ئەستۆ. واتا، کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکاتە ئامانج بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و بیڕوڕا.

توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان زمان و شوناسدا، لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزیی ئەو دۆخانەیە کە ئەزموون دەکرێن: لە نێوان دڵسۆزیی زمانەوانی و هاودەنگی، لە نێوان خواستی یەکگرتوویی و واقیعەکانی پارچەبوون، لە نێوان وابەستەییی کولتووری و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و سیاسی.

بەکورتی، لەو لێکۆڵینەوەیەدا شیکاریی زمانەوانی و سیاسی تێکەڵ دەکەین بۆ ئەوەی باشتر لە پەیوەندیی نێوان زمان و دەسەڵات و شوناس تێبگەین. هەروەها پردێک لە نێوان ئەو تیۆرییە زانستیانەی بەکار هێنراون و ئەو واقیعانەی کورد ئەزموونیان دەکات، دادەمەزرێنێت.

پێکهاتە و ناوەڕۆکی کتێبەکە

 کتێبەکە لە ٢٧٣ لاپەڕە پێک هاتووە کە بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا دابەش بووە و هەر بەشێکیش چەند چاپتەرێک لە خۆ دەگرێت، کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوون:

بەشی یەکەم: چوارچێوەی مێژوویی و زمانەوانیی کۆمەڵایەتی (چاپتەری ١ تا ٤)

1) مێژووی گەلی کورد تا پارچەپارچەبوونی خاکەکەی لە نێوان تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا.

2) باس لە چەمکی “کوردستانی گەورە” و داینامیکی شوناس و دابەشبوونە ناوخۆییەکان و فۆڕمەکانی بەرخۆدانی سیاسی دەکات.

3) تیشک دەخاتە سەر زمانی کوردی، زاراوە سەرەکییەکانی (کرمانجی، سۆرانی، زازاکی، گۆرانی)، سیستەمەکانی نووسینی کوردی، هەوڵەکان بۆ زمانی یەکگرتووی کوردی.

4) بەدواداچوون بۆ پێگەو شوێنی زمانی کوردی  لە چوارچێوەی هەریەک لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەش کردووە.

بەشی دووەم: ڕاپرسی و شیکاری (چاپتەری ٥ تا ١٠)

5) میتۆدۆلۆژیای پەسەندکراو (پرسیارنامە، چاوپێکەوتن، سەرنجدانی ڕاستەوخۆ)، مەرجە تایبەتەکانی ڕاپرسییەکە (بەربەستە لۆجستییەکان، هەڵبژاردنی شارەکان، دابەشکردن) دەخاتە ڕوو.

6) توانستی زمانەوانی و بەکارهێنانی زمان بە پێی کەس/شوێن/ چالاکی.

7) نوێنەرایەتییەکانی زمانەوانی لای کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان: سۆز بۆ زمانی کوردی، وێنەی زمانی دایک و زمانی باڵادەست، کاریگەرییەکانی پەیوەندیی زمانی کوردی لەگەڵ زمانەکانی تر.

8) پەیوەندیی نێوان کوردانی هەر چوار پارچە، بەربەستە زمانەوانییەکان و بەکارهێنانی زاراوە و ئەلفوبێی جیاواز و ڕۆڵی میدیای سنووربەزێن بۆ ئاسانکردنی پەیوەندی.

9) زمان، ناسنامە و مافە کولتوورییەکانی کورد؛ دڵسۆزیی زمانەوانی، ترس و نائەمنیی زمانەوانی.

10) ئایندەی زمانی کوردی و هەلومەرجی پێویست بۆ مانەوە و پێشخستنی زمان.

دەرئەنجام:

زمانی کوردی، لە نێوان پارچەپارچەبوون و ئومێدی هاوبەش

کتێبەکە بە دەرئەنجامێکی گشتی کۆتاییی دێت کە باس لە دینامیکی زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی زمانی کوردی دەکات لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، کە لەهەمان کاتدا، لە هەندێک شوێن، ڕووی لە فراوان بووندایە و لە هەندێک شوێنی تر، مەترسیی لەسەرە. توێژینەوەکە هەوڵ دەدا ڕۆشنایی بخاتە سەر بەکارهێنان و نوێنەرایەتییەکانی زمانی کوردی لە کوردستانی گەورەدا. دەرئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە زمانی کوردی پێکهاتەیەکی سەرەکیی ناسنامەی کوردە و لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا بەکارهێنانێکی زۆری هەیە. بەڵام بارودۆخی زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی زمانەکە ئاڵۆزە و بەپێی ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین جیاوازە. بەم شێوەیە ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشک دەخاتە سەر ئاڵۆزیی پێگەی زمانی کوردی و دۆخی کۆمەڵایەتیی زمانەوانی لە کوردستانی گەورەدا.

لە کۆتاییدا، ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە پاراستن و پێشخستنی زمانی کوردی، پرسێکی گرنگە بۆ ئایندەی کورد. لەڕاستیدا نەبوونی زمانێکی هاوبەشی کوردی ڕێگری لە پەیوەندیی نێوان زاراوە جیاوازەکانی کوردی دەکات و بەمجۆرە توانای خۆ ناساندنیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنووردار دەکات. بۆیە گرنگ و پێویستە لەم ڕووەوە کار بۆ دۆزینەوی چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی کورد بتوانێت، بە ڕوونتر، دەنگی ببیسرێت و باشتر داکۆکی لە مافەکانی بکات.

لێکۆڵینەوەکەمان ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە زمانی کوردی تا ئەوڕۆ زمانێکی زیندووە و لەگەڵ ئەو هەموو ئاستەنگیانەی کە بەدرێژایی ساڵان لە بەردەمیا بوونە و ماوونەتەوە، ئاخێوەرانی زۆرن. بەڵام ئەمڕۆ، لە سەردەمی بەجیهانیبوون، مەترسییەکان گەورە دەبن، بۆیە دەبێ کار لەسەر پاراستن و پەرەسەندنی زمانەکە بەردەوام بێت. لێکۆڵینەوەکە ئەوەش دەردەخات کە فرەچەشنیی زمانی کوردی، لاوازی نییە، بەڵکوو دەوڵەمەندییە کە دەبێت دانپێدانان و بەهای پێ بدرێت. سەرەڕای ئاستەنگەکان، دەبێت کوردان بەردەوام بن لە فێربوون و فێرکردن و گواستنەوەی زمانی کوردی.

هیوادارم ئەم کارە ببێتە پاڵنەرێک بۆ ئەو کەسانەی باسی زمان و ئایندەی زمانی کوردی دەخەنە ژێر پرسیارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئیلهامبەخش بێت بۆ پڕۆژەی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و چالاکی. ئەم کتێبە چارەسەری ئامادەکراو پێشکەش ناکات، بەڵکوو ڕێگاکان بۆ بیرکردنەوە دەکاتەوە، پرسیار دەوروژێنێت و بانگهێشتی گفتوگۆ دەکات. بەڵام قەناعەتێکی پتەو دەگەیەنێت: زمانی کوردی سامانێکی گشتییە کە دەبێت بپارێزرێت و پەروەردە بکرێت و بگوازرێتەوە.

وتارەکانی تر

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!