بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات…

ئازاد نارستی

بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات…

بوودجەی ساڵی ١٤٠٥ لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئێرانەوە، لە کاتێکدا ڕەوانەی پەرلەمان کرا کە هەڵاوسان و بێکاری وڵاتی تووشی داڕمان کردووە.

هەرچەند پزیشکیان بە دروشمی شەفافیەت، دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئابووری هاتە سەر کار، بەڵام دوای ساڵێک لە دەسەڵاتی خۆی و کابینەکەی، نەک تەنیا هیچ کام لەو دروشمانە نەهاتنە دی، بەڵکوو بە کردەوە وڵات بەرەو ئیفلاسی ئابووری دەچێت. نرخی ڕیاڵ لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەک بەهای خۆی لە دەست داوە کە دەبێت ڕۆژانە شیکردنەوەی بۆ بکرێت.

بوودجەی ساڵی داهاتوو هیچ هیوایەک بۆ بووژانەوە و باشتربوونی دۆخی ئابووریی خەڵک بە دەستەوە نادات، بگرە گوشاری زیاتر بۆ سەر ئابووریی تاک و کۆمەڵگە دەهێنێت. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کە ئابوورییەکی شەفافیان هەیە، هەموو هەوڵی دەوڵەت ئەوەیە دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بێت، ژێرخانی ئابووری بەهێزتر بکرێت و بە گشتی ئامانجی بودجە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکان، نەهێشتنی هەژاری و ڕەخساندنی هەلی کارە.

کەچی نەک تەنیا هیچ یەک لەو خاڵانە لە بودجەی ڕێژیم بۆ ساڵی داهاتوو بەدی ناکرێت، بگرە بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و سووتەمەنی و زیادکردنی باج لەسەر کەرتی تایبەت، دەوڵەت گوشاری زیاتر بۆ خەڵک دەهێنێت و ئاماری هەژاری زیاتر بەرز دەکاتەوە. هەوڵ دەدەم لە چەند خاڵێکدا باسی کێشەکانی بودجەی ساڵی داهاتوو بکەم:

خاڵی یەکەم:

ئەم بوودجەیەش وەک هەمیشە زۆر ناڕوونە و بە تەواوی دەردەکەوێت لەژێر کاریگەریی ناوەندە سەربازییەکان و بە تایبەتی هەژموونی سوپای پاسدارانە. بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی ژمێریاریی ڕێژیم (دیوان محاسبات)، زیاتر لە هەزار و چوارسەد ملیار تمەن لە دەرەوەی بودجەی گشتی دابین دەکرێت کە لە کاتی پێویستدا خەرج دەکرێت. ڕوون نییە ئەو پارەیە بە چ مەبەستێک و بۆچی دەبێت بە جیاواز هەژمار بکرێت و دەچێتە خەزێنەی کام ئۆرگان و بانکەوە. دەوڵەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بوودجە، پەنای بۆ سەرچاوەی کاتی بردووە، کە ئەوەش بە تەواوی دەریدەخات دەوڵەت هیچ پڕۆژەیەکی درێژخایەنی نییە، بەڵکوو ساڵ بۆ ساڵ و لە هەندێک بواردا هەفتانە دەیهەوێت بە شێوەی کاتی کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکات. ئەنجامی ئەو سیاسەتە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا وڵاتی بەرەو وێرانەیەک بردووە کە دەوڵەت دەست بۆ هەر لایەک دەبات کارەساتە.

خاڵی دووەم:

هەروەک ئاماژەم پێ کرد، ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی کورتهێنانی بوودجە ناچارە پارە لە “سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی” دەربێنێت، کە ئەوەش بەهەدەردانی سامانی وڵات و نەهێشتنی هیچ هیوایەکە بۆ داهاتوو. بەو پێیە دەیهەوێت ٥٩٠ هەزار ملیار لەو سندووقە دەربێنێت. دەستبردن بۆ ئەو سندووقە دەبێت ڕەزامەندیی خودی خامنەیی لە پشت بێت، هەرچەند زۆر جار خودی خامنەیی بۆ هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکانی (پرۆکسی) ڕێژیم، پارەی لەو ڕێگەیەوە دابین کردووە. دەوڵەت هەر ئێستا ڕۆژانە ١٠ هەزار ملیار تمەن پارەی بێ‌پشتیوانە چاپ دەکات، ئەوەش بووەتە هۆی بێبەهابوونی تمەن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان بۆ سەرووی ٥٠٪.

خاڵی سێیەم:

دەوڵەت هەوڵ دەدات ئەوەی پێی دەڵێن “دراوی تەرخانکراو” (ارز ترجیحی) لاببات یان نرخەکەی نزیک بکاتەوە لە بازاڕ. پێشتر نرخی دۆلار بە ٢٨،٥٠٠ تمەن هەژمار دەکرا، کە گوایە بۆ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان بوو، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ تاڵانکردنی سامانی وڵات و گیرفانی خەڵک بوو. هۆکارێکی سەرەکیی گەندەڵی و دزی و تاڵانکردنی سامانی گشتی هەر ئەو شێوە مامەڵەیە بوو؛ ئۆلیگارشییەکان زۆرترین سوودیان لەو بابەتە وەردەگرت. ئێستا بە قسەی خۆیان دەیهەوێت پێش بەو گەندەڵییە بگرن و دۆلار بکەنە “تەکنەرخی”، کە وەک دەبینین لە ماوەی چەند مانگێکدا هەڵاوسان لە کۆنترۆڵ دەرچووە و بازاڕ بە تەواوی شڵەژاوە و دەوڵەت توانای دابینکردنی کاڵا و پێداویستییە سەرەتاییەکانی نییە.

خاڵی چوارەم:

ئەم بوودجەیە زیاتر لە بودجەی شەڕ دەچێت و هەر هێزێک بەشی خۆی دەوێت. ئەم بوودجەیە تەنیا بۆ ڕازیکردنی هێزەکانی ڕێژیمە لە کاتێکدا وڵات بەرەو داڕمان دەچێت. بوودجەی هێزە سەربازییەکان زیاتر لە ٣ بەرانبەر بووەتەوە، ئەوە جیا لەوەی سوپای پاسداران سەرپشک کراوە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەشی بۆ خۆیان بێت.

لە بوودجەی ساڵی داهاتوودا حیسابی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت کراوە، لە حاڵێکدا ئامارەکانی خودی ڕێژیم باس لە فرۆشتنی سەرووی ٢ ملیۆن بەرمیل نەوت دەکەن. دوای گەڕانەوەی گەمارۆکان، وادەردەکەوێت ڕێژیم بە تەواوی لەو بوارەدا مەیدان بدات بە سوپا و کەسانی وەک “بابەک زەنجانی” بۆ قاچاخچێتی و فرۆشتنی نەوت. ئەوەش وادەکات سوپا جیا لەو بەشە بودجەیەی دەوڵەت بۆی دیاری کردووە، ڕەسمەن ببێتە “دەوڵەت لەناو دەوڵەت”دا و خاوەنی دوو بودجەی جیاواز بێت.

بە گشتی بوودجەی هێزە سەربازی و ناوەندە ئایینییەکان چەند بەرانبەر بووەتەوە، لە حاڵێکدا مووچەی کرێکاران تەنیا ٢٠٪ زیاد دەکرێت؛ ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵاوسان بەپێی هەموو سەرچاوەکان لە سەرووی ٥٠٪ دەبێت.

خاڵی پێنجەم:

دەوڵەتی پزیشکیان باس لەوە دەکات کە ئەم بوودجەیە پشت بەستن بە نەوت کەم دەکاتەوە، بەڵام ئاماژە بەوە ناکات جێگرەوەی نەوت چییە و چۆن دەیهەوێت ئەو “کەلێنە” (Gap) پڕ بکاتەوە. بە کام ڕێگە و شێوە دەیهەوێت جێگرەوەی نەوت پەیدا بکات؟ هەناردەکردنی کاڵا نەوتییەکان لە خراپترین دۆخی خۆیدایە. ئێستا ئیتر ئێران نە فەرش و پستەکەی و نە ئاسن و کانزاکانی، ژمارەیەک نین کە بتوانرێت حیسابیان لەسەر بکرێت.

کەرتی تایبەت بە تەواوی پەکی کەوتووە و تەنانەت توانای دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانیشی نییە. نە گەشتیارێک ڕوو لە وڵات دەکات و نە وڵاتێکی بیانی وەبەرهێنانی تێدا دەکات. هەر بۆیەش ناچارن پەنا بۆ زیادکردنی باج و نرخی سووتەمەنی بەرن، ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر چینی ناوەڕاست دەکات و زیاتر پەرە بە هەژاری دەدات. دانانی باجی ٦٢٪ لەسەر کاسبکاران و خاوەنکارەکان وادەکات ئەو بەشەش بە تەواوی ئیفلاس بکات و ڕۆژ بە ڕۆژ شایەدی هەڵاتنی سەرمایە و مایەپووچبوونی کارگە و خاوەنکارەکان بین.

کۆتایی:

بە گشتی وادەردەکەوێت ئەم بوودجەیە کۆتا بوودجەی ڕێژیم بێت و زۆری پێ ناچێت خەڵکی برسی و بێ‌هیوای ئێران جارێکی دیکە بڕژێنەوە سەر شەقام و ئەمجارە بۆ هەمیشە کۆتایی بەو دەسەڵاتە گەندەڵ و مرۆڤکوژە بێنن.

ئەم بوودجەیە پێش ئەوەی بوودجەی وڵاتێک بێت، لە بوودجەی مانەوە و بەقای هێزێکی میلیشیا و ئۆلیگارشی دەچێت؛ واتە ڕێژیم نەک تەنیا پلانێکی بۆ داهاتوو نییە، بەڵکوو تەنیا کاری زیاتر تاڵانکردن و وێرانکردنی وڵاتە. ژێرخانی گاز و نەوت و وزە بە تەواوی لەکارکەوتوون و لە هیچ بەندێکی بودجەدا نیشانەیەک لە پڕۆژە و پلانێک نابینیت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە بنەڕەتییانە. بۆیە بەهیوام ئەوە کۆتا بوودجەی ڕێژیم بێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٩ی بەفرەنبار ٢٧٢٥ی کوردی

نارستی، ئازاد(٢٠٢٥):بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات… . بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!