دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت
ئاراکۆ هەڵوێست
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت
هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندان لە ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێک لە بازاڕی تاران، خۆپیشاندان پەرەی سەند و قۆناغێکی نوێی تێپەڕاند و گوتارەکانی مەیدانی سیاسەت لە ئێران، هەوڵیان دا ڕێتۆریک، دروشم و ئامانجەکانی خۆیان داسەپێنن. بەپێچەوانەی بزووتنەوەی ژینا کە لە ئاکامی مێژوویەک لە چالاکی و خەبات و خۆڕاگری سەری هەڵدابوو و بەرهەمهێنەری فەرهەنگی سیاسیی ڕزگاریخوازانە بوو، لە ناوەندی ئێراندا دروشمی ئێرتجاعی و کۆنەپارێزانە و دەرکەوتنی پەهلەویزمێکی ڕەها، ڕێگەی بەوە نەدا دابڕانێکی ڕادیکاڵ لە گۆڕەپانی سیاسەت ڕێک کەوێت و فەرهەنگی سیاسیی شۆڤینیستی تووشی داڕمان و دابڕان بکات.
هۆکاری ناوبراو و هەروەها خێراییی گۆڕانە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و دەستێوەردانی زلهێزان، بوو بەهۆی ئەوەی سیاسەتی بەرەوڕووبوونەوەی مرۆڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، داهێنەرانە، ستراتێژیک، وشیارانە و قۆناغ بە قۆناغ بێت. ئەکتێک کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی-شیکاریی زاڵدا، کۆنسێرواتیڤ و ناچالاکانە پێناسە دەکرێت. ئەمە لەحاڵێدایە کە بێدەنگیی وشیارانەی ڕۆژهەڵات بە مانای ئەوەیە کە چیدی مرۆڤی کورد نایهەوێت قوربانیی شەڕێکی پڕتێچوو و بێ ئاکام بێت و کوردستان بکەوێتە نێو ئاگری ململانێیەکی پڕووکێنەر و وەک ئامێر و دەروازەی ڕزگاریی ئێران لە ڕووخاندنی ڕژیم لە تاران پێناسە بکرێت.
دەتوانین ئیدیعا بکەین سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە پوختەیی و پێگەیشتنێک گەیشتووە که دوانەی ناوەند – پەڕواێز تێدەپەڕێنێت و بەدوور لە سۆز و خەیاڵ، بە زەینێکی چەند ڕەهەندییەوە پرسی کورد لە ئاستی جۆراوجۆری ناوخۆ و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان سەیر دەکات. ئەمە بەو مانایەیە کە پرسی کورد تەنیا بە خۆپیشاندانێکی خێرا چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو گرێدراوی سیاسەتی جیهانی و گۆڕانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیاری هێزەکان و هەروەها بەدیهاتنی گوتارێکی نەتەوەییی یەکگرتوو لە ئاستی کۆمەڵگای مەدەنی و هێزە سیاسییەکاندایە. بەڵام لە نەبوونی کودەنگی لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا، ئەم میراتە هزری-سیاسییە گشتگیر نەکرا و لەناکا و ئیلام و کرماشان و لوڕستان، بوون بە گۆڕەپانی شەڕ و مخابن کەسانێکی زۆر شەهید و بریندار کران. بەرجستەبوونی ئەم ناوچانە وەک پێشەنگی ناڕەزایی لە ئێراندا مەشرووعیەتی هێزی سەرکوت بەرهەم دەهێنێتەوە و سیاسەتی مەرگ بەسەر کوردستاندا دەسەپێنێت.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەواڵنێرە فارسییەکان هەر دروشم و دەرکەوتنێک کە لەگەڵ مەنتقی فاشیستی ناتەبا بێت، بە تەواوی بایکۆت دەکەن و لە ژێر ژینۆسایدی میدیاییدا نوقمی دەکەن.
لە وەها دۆخێکدا، پێویستە سیاسەتی کوردی هەوڵ بدات نەتەنیا سووژەی قوربانی و دەروازەی ڕزگاریی ئـێران نەبێت، بەڵکوو لە ڕەوتی گۆڕانەکانی هەنووکە و داهاتوو بە کەمترین تێچوو و زۆرترین بەرژەوەندی، قەیرانی ناخۆ و دەرەوەی ئێران، بکات بە دەرفەتێکی مێژوویی و دەنگ و خواستی جیاوازی خەڵکی کوردستان بەرجستە بکات.
گەیشتن بەم ئامانجە سەرەکییە تەنیا بە کۆدەنگیی هێزەکانی کوردستان و وشیاریی خەڵکی مەدەنی مسۆگەر دەبێت. هەنگاوە سەرەکییانی ئەم کۆدەنگییە، خاڵەکانی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
- مانگرتنی گشتی
مانگرتنی گشتی لە هەموو شارەکان و بەرزکردنەوەی هاوخەمی و هاودڵی و پاڵپشتیکردن لە خوشک و براکانمان لە کرماشان، لوڕستان و ئیلام، جگە لەوە کە خەباتی مافخوازانەی جەماوەریی گشتی بەهێزتر دەکات، لایەنی ئیجابی سیاسەتی کوردی چالاکتر دەکات.
- یارمەتیی پزیشکیی برینداران
بەهاناچوونی برینداران و یارمەتیی پزیشکی بەشێوەی جۆراوجۆر وەک ئامادەبوون لە بنکەی خوێندان.
- دەوری میدیا کوردییەکان و بەرزکردنەوەی دەنگی کوردستان لە ئاستی جیهاندا
ڕوون و حاشاهەڵنەگرە کە زۆربەی میدیا فارسییەکان، نوێنەرایەتیی دەنگی پاوانخوازانە و ناوەندگەرایانە دەکەن و خەباتی مافخوازانە و ڕەوای نەتەوە بندەستەکان بە توندی ڕەت دەکەنەوە، یان لە باشترین حاڵەتدا پەڕاوێز دەخرێت. کەوایە دەزگا هەواڵێنێڕییەکان و چالاکوانانی مەدەنیی کوردستان پێویستە بە هەموو توانا و هێزی خۆیانەوە، دەنگی خەڵکی پەڕاوێزخراوی ڕۆژهەڵات بن و دۆخی ئاوارتەیی، فاشیستی و ژینۆسایدی جەستەیی و میدبایی بەسەر کوردستان، بە گوێی جیهان ڕابگەیەنن. بەڵکوو “ڕوژهەڵاتی کوردستان”، وەک فیگۆری سەرەکیی مافی مرۆڤ لە وڵاتە دمۆکراتیکەکاندا پێناسە بکرێت و لە ئاکامدا، کۆمەڵگای جیهانی ئامادە بکەن تاکوو دەوڵەتی ناوەندیی هەنووکە و هێزی داهاتووی ناوەند، بە ئاسانی و بەشێوەیەکی ڕێگەپێدراو و بە بیانووی سەرکوتی “تێرۆریسم و تێکشکێنەرانی نەزمی دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی” ، ئەزموونی تاڵی هێرشی دڕەندا بۆ سەر کوردستان دوپات نەکەنەوە.
٤. خۆپاراستن لە خوێندنەوەی بەرتەسک و ئایدیۆلۆژیک و بەرهەمهێنانی خوێندنەوەی هەمەلایەنە لە کێشەکان
کۆمەڵگای کوردستان لە سێبەری سەدەیەک سەرکوت لەلایەن داگیرکەرەوە، تووشی قەیران و ناداپەروەریی زێدە و جۆراوجۆر لە ئاستی جێندەری، ناوچەیی، زمانی، چینایەتی و ئایینی بووە. بێگومان گوتارە پاوانخوازەکانی ئێران، فرەدەنگی و فرەڕەنگیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات وەک ئامرازێک بۆ دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی بەکاردەهێنن. کەوایە پێویستە وشیارانە، ئەم پلۆڕالیزم و جیاوازییانە، بکەین بە دەرفەتێک بۆ بەدیهێنانی دێمۆکراسییەکی فرەدەنگی نەتەوەیی لە بەستێنی کوردستانێکی ئازاد و فرەڕەنگدا.
٥. ئینتێلیجێنسیای بەرپرسیار
ڕێککەوتنی ئێنتلێجێنسیایەکی بەهێز لە بیرمەندان و چالاکانی ڕۆژهەڵات و دیاسپۆرا بەشێوەیەک کە نەتەنیا لەسەر سیاسەتی خەباتی ڕۆژهەڵات کاریگەری دابنێت، بەڵکوو لە دەرەوەی وڵاتیش، هەلێک بۆ وتووێژ و بەرجستەکردنی خواستی سەرەکیی ڕۆژهەڵات بڕەخسێنێت.
٦. یەکگرتوییی سیاسی و داڕشتنی سیاسەتی بان حیزبی:
لە داڕمانی دەسەڵات و لاوازیی سیستەمی ناوەندی و بۆشاییی هێزدا، کوردستان دەتۆانێت بە پشتبەستن بە خەباتی سەد ساڵەی خۆی، بەخێرایی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. ئەمە تەنیا لەحاڵێکدا مسۆگەر دەبێت کە تێکڕای پارت و لایەنە سیاسییەکان، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دەنگی مافخوازیی کۆمەڵگای مەدەنی، فیدای ئایدیۆلۆژی و ململانێی بەرتەسکی حیزبی نەکەن و لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش (ڕزگاریی کودستان) بە کۆدەنگی و هاوپەیمانی بگەن و میراتێکی پڕشکۆ و پەسەندکراو بۆ داهاتوو و یادگەی مێژووییی کۆمەڵگا تۆمار بکەن.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی
هەڵوێست، ئاراکۆ(٢٠٢٥):دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

