ئێران؛ چارەی قەیران بە قەیرانی نوێ
هەردی مهدی
ئێران؛ چارەی قەیران بە قەیرانی نوێ
لە سی ساڵی ڕابردوودا ئێران چەندین قەیرانی ڕیشەیی ڕووبەڕوو بووەتەوە، کێشەی سەرەکیی دەوڵەت ئەوەبوو لەبری ئەوەی قەیران چارە بکات، قەیرانەکانی بەڕێوەبرد و درێژخایەنتری دەکردن، وای لێهات قەیرانی بە قەیرانی نوێ چارەکرد، تەنانەت لە نێو کوڕانی شۆڕشدا دژبەریی زیاتر پەرەیسەند، بۆ نموونە کاتێک باری ئابووری و گوزەرانی خەڵک و ناڕەزایەتی خودی شۆڕشییەکانی چینی خوارەوە وایکرد شەپۆلێکی دەسخاڵی و هەژارانی وەلائی لە نێو حزبوڵاهییەکاندا لەوپەڕی پۆپۆلیزمدا خۆی دەرخست و بە دروشمی دژی ئەشرافیەت و پۆزی خانەدانێتی و کاسپیکردن بە دینەوە لە لایەن سەرانی شۆڕشەوە (بەپشتیوانی خودی ڕێبەرەکەیان) دەرکەوت و هەر ئەم شەپۆلە لە هەڵبژاردنیشدا بۆ دوو خول مەحموود ئەحمەدی نەژادی کردە سەرکۆمار، بەڵام نەک قەیرانی درزی نێوان خەڵک و چینی خوارەوە و سەرانی دەسەڵات و چینی خانەدانی دەوڵەتی کەمنەکردەوە بەڵکو فراوانتری کرد و قەیرانی دیکەی لە سیاسەتی دەرەکی و دارایی و گوتاریی دەوڵەتی ناواقیعی و زیاتر بەرزەفڕ و ئامانجگەراتر کرد.
کاتێک باری ئابووریی و گوزەرانی خەڵک خراپتربوو و خۆپیشاندان دەکرا، ئەو بە وروژاندنی پرسی جیاخوازیی کورد و بەلوچ و عەرەب تۆمەتباریی دەکردن و لەمەشدا سەرکەتوو بوو کە خەڵکی فارسی چەواشە دەکرد و لە توڕەیی خۆیان پاشگەزدەبوونەوە و لەبەر مانەوەی ئێرانێک کە لەبنجەوە لەسەر بنەمای گوتارێکی سەپێنراو نەک یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانەی پێکهاتەکانی نێوی بنیاتنرابێت. یان کاتێک لەنێو خۆیدا کەسانی وەک موسەوی و خاتەمی و ڕەفسەنجانی تێهەڵدەچوونەوە و ناڕازییان دەردەبڕی، ئەو بە قەیرانی سیاسەتی دەرەکی خۆی چارەی دەکردن و بە فیتنە و فیتی ئیسرائیل و ئینگلیز و ئەمریکا لەقەڵەمی دەدان. کاتێک پرسی حیجاب و ئازادیی ژنان دەهاتەپێش کە پرسی هەموو پێکهاتەکانە بە سیناریۆی تیرۆریستی و ناشیرینکردنی ڕووخساری دەرەوەی ئێران کۆتایی پێدەهێنا و لە بری چارەسەریی ڕیشەیی و دەستووری، خەڵکی ئێرانی بە تیرۆر و تۆقاندن ناوزەددەکرد و ئەمەش ڕقی نوێی دەچاند. کاتێکیش خۆپیشاندانێکی جەماوەری وەک ئەوەی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ی ژینا ڕوویدەدا، ئیدی لەبری چاکسازیی ڕیشەیی هانای بۆ پرۆئیێرانییەکانی دەرەوە دەبرد تا پارێزگاریی لە کۆمار بکەن بە نانەوەی پەشێوی تێکدانی وڵاتانی دیکە و وڵاتانی بیانی ناچار بکات پشتیوانی خەڵکی نێو ئێران و نەتەوەکانی نەکەن. دەوڵەت بۆ ئەمەش سامان و پارەی خەڵکی لەبری ئەوەی قەیرانێکی پێچارە بکات، دەیدایە وەلائیەکانی عێراق و ئەفغان و یەمەن و لوبنان و سوریە و فەلەستین تا ئێران بپارێزن، ئەمەش چەندین قەیرانی نوێی بۆ سیستەمەکە دەخوڵقاند.
کاتێکیش لە سیاسەتی دەرەکیدا لەبری “بێلایەنی ئەرێنی”، “بێڵایەنی نەرێنی” هەڵبژارد و لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکادا هەڵشاخایەوە و لە بری ئەوەی ئاشتبێتەوە، بیری لەوەکردەوە گەر ڕێی پیتاندنی ئەتۆمی موشەکی ناوەکی بگرێتەبەر، ئەوا دنیا ناچاردەکات بێنەوە بەر هەیوانەکەی. بەڵام بە پێچەوانەوە لە ٢٠٠١ەوە ئەمەش بووە سەرباری قەیرانی تر و سیاسەت و پەیوەندییەکانی دەرەکی ئێرانی هێندەی تر پەراوێز خست، کاتێکیش لەبەر ئەتۆم گەمارۆیان خستەسەر، بە پڕچەککردنی گرووپەچەکدارەکانی وڵاتانی جیهانی سێ و ئیسلامی، پەشێوی و نائارامی دروستکرد و بۆ هاوکاریی ئەوانەش مووشەکی دوورهاوێژی بەرهەمهێنا.
هەموو ئەم هەنگاوانەی کە یەکەمجار وەک چارەسەر دەیخستنەڕوو هەموویان بوونە بارتەقای قەیرانی دیکە و دەوڵەت وەک هەمیشە لەهەموویاندا کورتیهێنا و بوونەوە کارتی فشاری زیاتر لەسەری و بوونە هەوێنی ناڕەزایەتی خەڵک. ئێستا ئێران نەک تەنها قەیرانی دارایی، قەیرانەکانی دیکەشی بۆ جێماوە: دبلۆماسی و پەیوەندی، بەخێوکردنی پرۆکانی، لێچوونی سەربازیی و تەکنۆلۆجیای زیرەک، دراوی وڵاتەکەی، پرسی ئەتۆم، دەسهەڵگرتن لە موشەک، گەمارۆکان، وازهێنان لە پرۆکانی، کێشەی پەیوەندیی سیاسی و ئابووری، مەسەلەی مافی مرۆڤ و بەشداریی سیاسی…تاد. دەبێت هەموو ئەمانە وازلێبهێنێت! ئایا دەتوانێت؟ بێگومان نەخێر چونکە وازهێنان لەمانە واتە کۆتایی دەسەڵات و گووتار و پشتتێکردنی جەماوەرەکەی.
هەموو ئەم هەنگاوە قەیرانسازانەشی لە چوارچێوەیەکی دەستووری و گووتاری هەناردەکردنی شۆڕشدا رێکخست و وەک باوکی هەژاران و ستەملێکراوانی دنیا خۆی ناساند، بەڵام هەنووکە هاونیشتمانییەکانی خۆی پێ تێرناکرێت و هەردوو چینی ناوەند و خوارەوە و سەرجەم پێکهاتە نافارسەکان ناڕازین و وڵاتانی هەرێمایەتی و ڕۆژئاوایش هەروا ناتەبان لەتەکیدا.
ئێستا پاش دەسخاڵێتی لە گوتاردا، بەڵێن و دروشمەکانی لە خۆشگوزەرانکردنەوە گۆڕیووە بۆ ئەوەی بڵێت گەر ئەم سیستەمە بڕوخێت ئەوا بەعێراقیبوون و بەسوریابوونی ئێران چارەنووستان دەبێت، لەکاتێکدا هەردوو وڵاتەکە خۆی بەو دۆخەیدا بردن لە ڕێگەی وەکیلەکانیەوە.
وا ئێستا دۆخی ئێران وەک چیرۆکی ئەو کراسەی لێهاتووە کە یەکەمجار سووچێکی دڕا و خاوەنەکەی پارچەیەکی هەر لە کراسەکە لێکردەوە بۆ پینەی یەکەم و پارچەی سێیەمی دەبڕی بۆ پینەی دووەم و چوارەمی بۆ سێیەم و … بەوشێوەیە تا کراسەکە هەمووی پینە و پەڕۆ و پارچەی ساغی بێپینەی نەما و لە کراسێتی کەوت.
ئێران چ بکەوێت و چ لاواز بێت، چ کوڕی پەهلەوی بهێننەوە و چ کودەتا بە سوپا و سەرانی خۆی بکەن ئیتر نابێتەوە بەو دەوڵەتە مەرکەزییە و نۆرەی ئەوانی دیکەش دێت.
ئەمە ستراتیژ و مانشێتی سەردەمێکی نوێی سەدساڵی ئایندەیە: ڕۆژهەڵاتێکی ناوین بە بێ دەوڵەتێکی مەرکەزیی و یەک سوپایی و گشتگیر. نۆرەی پێکهاتەکانە گەر خۆیان بیانەوێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٤ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی
مهدی، هەردی(٢٠٢٥):ئێران؛ چارەی قەیران بە قەیرانی نوێ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

