ئاراستەدانی “گوتاری سیاسی” بە “گوتاری کولتووری”، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست

ڕێباز ڕۆژهەڵات

پێشەکی

لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، پەیوەندیی نێوان “کولتوور” و “سیاسەت” یەکێکە لە ئاڵۆزترین کایەکان، بەتایبەت کاتێک باس لە نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان[1] دەکرێت. لە جوگرافیایەکی وەک کوردستاندا کە لە ژێر هەیمەنەی سیستەمە سەنتراڵەکانی وەک ئێران، تورکیا، عێراق و سووریادایە، کولتوور زۆرجار وەک دوا پەناگە بۆ پاراستنی ناسنامە دەبینرێت. بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە لێرەوە دەست پێ دەکات: ئایا کولتوور بەبێ “سەروەریی سیاسی[2]” دەتوانێت لە بەرانبەر ئامێری سڕینەوەی دەوڵەت-نەتەوە داگیرکەرەکاندا خۆی ڕابگرێت؟

ئەم نووسراوەیە لەسەر ئەو گریمانەیە[3] کار دەکات کە لە دۆخی داگیرکاریدا، گوتاری کولتووری تووشی کێشە دەبێت ئەگەر نەبێتە پاشکۆی گوتارێکی سیاسیی ڕزگاریخوازی. داگیرکەر هەمیشە هەوڵ دەدات کێشەی کورد لە “کێشەیەکی سیاسیی چارەنووسساز”ەوە بگۆڕێت بۆ “کێشەیەکی کولتووریی ناوخۆیی”. لێرەوە، ستراتیژیی نەتەوەیی دەبێت لەسەر بنەمای پێشینەی سیاسەت[4] دابڕێژرێتەوە؛ چونکە سیاسەت ئەو کایەیەیە کە “مافی بوون” دەستەبەر دەکات، لە کاتێکدا کولتوور تەنیا “شێوازی بوون” نیشان دەدات.

چەمکە گرینگەکان

هەیمەنەی کولتووری[5]: بەپێی تیۆرییەکەی “ئەنتۆنیۆ گرامشی”، دەوڵەتی داگیرکەر تەنیا بە زەبری هێز حوکم ناکات، بەڵکوو لە ڕێگەی دەزگاکانی پەروەردە و میدیاوە، کولتووری خۆی وەک “کولتووری باڵا” دەسەپێنێت. لێرەدا، گوتاری کولتووریی کورد ئەگەر تەنیا لە چوارچێوەی ئەدەبیات و فۆلکلۆردا بمێنێتەوە، ناتوانێت ئەم هەیمەنەیە تێک بشکێنێت، چونکە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی مەعریفە لە دەستی دەوڵەتدایە.

بایۆپۆلەتیک :[6]بەکارهێنانی چەمکی “میشێل فوکۆ” لێرەدا گرنگە. دەوڵەتە داگیرکەرەکان جەستە و ژیانی ڕۆژانەی تاکی کورد کۆنترۆڵ دەکەن. کاتێک سیاسەت غائیب دەبێت، کولتوور دەبێتە شتێکی موزەخانەیی. بۆیە “بەرەنگاربوونەوە”[7] دەبێت کردارێکی سیاسی بێت بۆ وەرگرتنەوەی مافی کۆنترۆڵکردنی ژیان.

ناسیۆنالیزمی سیاسی بەرانبەر ناسیۆنالیزمی کولتووری: ناسیۆنالیزمی کولتووری جەخت لەسەر زمان و مێژوو دەکاتەوە، بەڵام ناسیۆنالیزمی سیاسی ئامانجی دروستکردنی “دەسەڵات”ە. بۆ نەتەوەیەکی دابەشکراو، ناسیۆنالیزمی کولتووری بەبێ ئامانجێکی سیاسی دەبێتە هۆی چەقبەستوویی، واتە گۆشەگیربوونی نەتەوە لە ناو ڕابردووی خۆیدا.

مێتۆدناسی

ئەم نووسراوەیە میتۆدێکی “شیکاریی بەراوردکاری” و “ڕەخنەیی”[8] پەیڕەو دەکات. بە وردبوونەوە لە مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و بەتایبەت لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، شیکاری بۆ ئەوە دەکرێت کە چۆن دەوڵەتی ناوەند هەوڵی داوە گوتاری سیاسیی کورد “ئەمنی[9]” بکات، تا خەڵک ناچار بکات تەنیا لە ناو بازنەی “چالاکیی کولتووریی بێ‌مەترسی”دا بخولێنەوە.

 

دیالێکتیکی داگیرکاری

لەم بەشەدا، پێویستە لە چەمکی سادەی “داگیرکاری” وەک دەستبەسەرداگرتنی فیزیکیی خاک بچینە دەرەوە و بچینە ناو قووڵاییی “دیالێکتیکی داگیرکاری”. داگیرکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەنیا پڕۆسەیەکی سەربازی نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی “پەیوەندیی نێوان دوو ئیرادەیە” کە تێیدا داگیرکەر هەوڵ دەدات ئیرادەی داگیرکراو پەڕاوێز بخات و بیکاتە پاشکۆیەک لە “خودی” خۆی.

دیالێکتیکی “گەورە و بەندە” لە چوارچێوەی کوردیدا

 بۆ تێگەیشتن لەم دیالێکتیکە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ “فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح”ی فریدریش هێگڵ. هێگڵ باس لەوە دەکات کە ناسنامە لە ڕێگەی ململانێیەکەوە دروست دەبێت کە یەکێک دەبێتە “گەورە” و ئەوی تر دەبێتە “بەندە”. داگیرکەری ئێرانی لەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵی “گەورە” دەگێڕێت؛ ئەو دەیەوێت کورد (بەندە) تەنیا وەک ئامرازێک بۆ سەلماندنی “گەورەیی” و “یەکپارچەیی”ی خۆی ببینێت. داگیرکەر تەنیا کاتێک دان بە بوونی کورددا دەنێت کە کورد وەک “کەمینەیەکی فۆلکلۆری” و بێ‌دەسەڵات بمێنێتەوە. لێرەدا، دیالێکتیکەکە دەبێتە تەڵەیەکی مێژوویی: داگیرکەر “زمانی کوردی” و “کولتووری کوردی” وەک پاشکۆیەک لە “ئێرانی‌بوون” پێناسە دەکاتەوە. ئەمە سڕینەوەی ناسنامەیە لە ڕێگەی “توانەوە[10]” نەک لە ڕێگەی “کوشتن”ی ڕاستەوخۆ.

ستراتیژیی “ئەویدی‌سازی” و نامۆبوونی کولتووری

 داگیرکەر هەمیشە هەوڵ دەدات کورد تووشی “نامۆبوون[11]” بکات. بەپێی تیۆرییەکانی فرانتز فانۆن، داگیرکراو کاتێک تووشی نامۆبوون دەبێت کە ناچار دەکرێت بە چاوی داگیرکەر تەماشای خۆی بکات. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیستەمی پەروەردە و میدیای دەوڵەت وایان لە تاکی کورد کردووە کە زمانی دایکی خۆی وەک زمانێکی “دووەم” یان “نەخوێندەوارانە” ببینێت و زمانی فارسی وەک زمانی “زانست و شارستانییەت”. ئەمە لووتکەی دیالێکتیکی داگیرکارییە: کاتێک داگیرکراو بە ویستی خۆی هەوڵ دەدات ببێتە هاوشێوەی داگیرکەر بۆ ئەوەی “پەسند بکرێت”. لێرەدا، گوتاری کولتووری دەبێتە تەڵەیەک؛ چونکە داگیرکراو تەنیا لەو بەشانەی کولتوورەکەیدا دەمێنێتەوە کە داگیرکەر ڕێگەی پێ دەدات (وەک هەڵپەڕکێ و گۆرانیی[12]).

تێکشکاندنی دیالێکتیکەکە لە ڕێگەی “ئاگاییی سیاسی”یەوە

 دەربازبوون لەم دیالێکتیکە، تەنیا لە ڕێگەی “سیاسیی‌کردنی ململانێکە”وەیە. وەک چۆن میشێل فوکۆ ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان “دەسەڵات و مەعریفە” دەکات، داگیرکراو دەبێت مەعریفەیەکی سیاسیی سەربەخۆ بۆ خۆی دروست بکات. کاتێک تاکی کورد لە ڕۆژهەڵات بڕیار دەدات “سیاسی” بێت، ئەو لە بازنەی “بەندایەتیی کولتووری” دەچێتە دەرەوە. سیاسیی‌بوون واتە ڕەتکردنەوەی ئەو پێناسەیەی داگیرکەر بۆت دەکات.

داگیرکەر دەڵێت: “تۆ کوردێکی ئێرانییت”، بەڵام گوتاری سیاسی دەڵێت: “من نەتەوەیەکی داگیرکراوم”. ئەم گۆڕانکارییە لە زمانەوانیدا، بنەمای تێکشکاندنی دیالێکتیکی داگیرکارییە. لێرەدا، ململانێکە لە ململانێیەکی سۆزداری و کولتوورییەوە دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی “سەروەریخوازی”. سیاسیکردنی کولتوور، واتە گۆڕینی هەر کایەیەکی ژیان بۆ سەنگەرێکی بەرگری. کاتێک “جلی کوردی” لە ڕۆژی نەورۆزدا دەبێتە مایەی گرتن و ئەشکەنجە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە داگیرکەر تێگەیشتووە کە دیالێکتیکەکە گۆڕاوە؛ چیتر کولتوورەکە تەنیا فۆلکلۆر نییە، بەڵکوو بووە بە “ئیرادەیەکی سیاسی” بۆ ئازادی.

لە ناسنامەی موزەخانەییەوە بۆ بکەری سیاسی

دیالێکتیکی داگیرکاری دەیەوێت کورد بکاتە پارچەیەکی “موزەخانەیی” لە مێژووی ئێراندا. بەڵام باڵادەستیی گوتاری سیاسی ئەم هاوکێشەیە هەڵدەگەڕێنێتەوە. کورد لە ئۆبژەی مێژووەوە دەبێتە سووژەی مێژوو. ئەم وەرچەرخانە تەنیا کاتێک ڕوو دەدات کە گوتاری سیاسی، ڕێبەرایەتیی هەموو کایەکانی تری ژیان بکات. بەبێ ئەم باڵادەستییە، کورد وەک “بەندەیەکی ڕازی” لە ناو قەفەزێکی کولتووریدا دەمێنێتەوە، بەڵام بە گوتاری سیاسی، ئەو قەفەزە دەشکێنێت و داوای مافی بڕیاردانی چارەنووس وەک “نەتەوەیەکی سەربەخۆ” دەکات.

 

بۆچی گوتاری کولتووری بە تەنیایی ناتوانێت ڕزگارمان بکات؟

سیاسەت وەک “ئەندازیاریی پاراستن” و کولتوور وەک “کەرەستەی خاو”

کولتوور (زمان، ئایین، دابونەریت) بریتییە لەو کەرەستە خاوانەی کە ناسنامەی نەتەوەیەک پێک دەهێنن، بەڵام ئەم کەرەستانە لە بۆشاییدا گەشە ناکەن. کولتوور پێویستی بە “زەمینەی پارێزراو” هەیە بۆ ئەوەی بمێنێتەوە. لە دۆخی داگیرکاریدا، ئەم زەمینەیە لەلایەن داگیرکەرەوە وێران کراوە. لێرەدا گوتاری سیاسی وەک “ئەندازیار”ێک دێتە کایەوە؛ ئەو دەبێت سیستەمێکی بەرگری و کیانێکی سیاسی دروست بکات تا کولتوورەکە لە ناو نەچێت. بۆ نموونە: “زمانی کوردی” کەرەستەیەکی کولتوورییە، بەڵام “خوێندن بە زمانی کوردی” بڕیارێکی سیاسییە. ئەگەر گوتاری سیاسی پێشەنگی گوتاری کولتووری نەبێت و داوای مافی پەروەردە بە زمانی دایکی نەکات، زمانەکە تەنیا لە ناو ماڵەکاندا دەمێنێتەوە و وردە وردە لەژێر فشاری زمانی “باڵادەست” (فارسی)دا دەپووکێتەوە. کەواتە، پێشینەی سیاسەت لێرەدا ئەوەیە کە سیاسەت “مافی هەبوونی کولتوور” دەستەبەر دەکات.

گۆڕینی “قوربانیی بێدەنگ” بۆ “بکەری سیاسی”[13]

گوتاری کولتووری زۆرجار لەسەر بنەمای “شیوەن” و “مەزڵومییەت” کار دەکات. باس لەوە دەکات کە چۆن زمانمان قەدەغەیە و چۆن مێژوومان شێوێنراوە. ئەمە گوتارێکی سۆزدارییە کە تەنیا هەست بە ئازار دەکات. بەڵام کاتێک گوتاری سیاسی پێشەنگ دەبێت، ئەم “ئازارە” دەگۆڕێت بۆ “ئیرادە”. بەپێی تیۆرییەکانی هانا ئارێنت، ئازادیی ڕاستەقینە لە “فەزای گشتی” و لە ڕێگەی “کردەی سیاسی”یەوە بەدەست دێت. بۆ نەتەوەیەک کە خاکەکەی داگیر کراوە، مانەوە لە بازنەی کولتووریدا واتە قبوڵکردنی “پەراوێزخراویی مێژوویی”. بەڵام باڵادەستیی گوتاری سیاسی، تاکی کورد لە “قوربانییەک” کە داگیرکەر بەزەیی پێدا بێتەوە، دەگۆڕێت بۆ “بکەرێکی سیاسی” کە داوای مافەکانی دەکات و دەسەڵاتی داگیرکەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لێرەدا سیاسەت دەبێتە ئەو زمانە یەکگرتووەی کە هەموو پارچە پەرتەوازەکانی کولتوور کۆ دەکاتەوە و دەیکاتە هێزێکی ڕووبەڕووبوونەوە.

تێکشکاندنی ستراتیژیی “فۆلکلۆریزه کردن”

 داگیرکەر هەمیشە هەوڵ دەدات کێشەی کورد لە کێشەیەکی “سەروەریخوازی”یەوە بگۆڕێت بۆ کێشەیەکی “کولتووریی بێوەی”. داگیرکەر دەڵێت: “کورد قەومێکی ئێرانییە، با گۆرانی بڵێت و جلی کوردی بپۆشێت، بەڵام باسی سیاسەت و سنوور نەکات”. ئەمە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر نەتەوە. ئەگەر گوتاری کولتووری باڵادەست بێت، کورد دەکەوێتە ناو ئەم تەڵەیەوە و تەنیا وەک “نمایشێکی فۆلکلۆری” لە مێژووی داگیرکەردا دەمێنێتەوە. پێشینەی گوتاری سیاسی لێرەدا دەردەکەوێت کە ڕێگری لەم “سڕینەوە نەرمە” دەکات. گوتاری سیاسی دەڵێت: “جلی من تەنیا فۆلکلۆر نییە، بەڵکوو مانیفێستێکی سیاسییە؛ زمانی من تەنیا بۆ شیعر نییە، بەڵکوو بۆ حوکمڕانییە”. کاتێک سیاسەت پێشینەی دەبێت، هەموو نیشانە کولتوورییەکان دەبنە “سیمبولی ڕاپەڕین”. ئەمە وای کردووە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت “خوێندنی کتێبێکی کوردی” یان “نەورۆز” ببێتە مایەی ترس بۆ داگیرکەر، چونکە تێگەیشتووە کە ئیرادەی سیاسیی کورد بەسەر هەستە کولتوورییەکانیدا زاڵ بووە.

سیاسەت وەک زمانی نێودەوڵەتی و ڕەوایی[14]

 لە سیستەمی جیهانیدا، تەنیا ئەو گروپانە وەک نەتەوە دەناسرێن کە داواکاریی سیاسییان هەبێت. ئەوانەی تەنیا خاوەنی کولتوورێکی جیاوازن، وەک “کەمینەی ئەتنی”[15] پۆلێن دەکرێن. جیاوازییەکە لێرەدایە: کەمینە تەنیا مافی “پاراستنی زمان”ی هەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتی داگیرکەردا، بەڵام نەتەوە مافی “دیاریکردنی چارەنووس” و “سەربەخۆیی”ی هەیە. بۆ ئەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە “کەمینە”وە ببێتەوە بە “نەتەوە”، دەبێت گوتاری سیاسی پێشەنگ بێت. ئەم گوتارە ڕەوایی بە خەباتی کورد دەبەخشێت و جیهان ناچار دەکات وەک “بکەرێکی سیاسیی سەربەخۆ” سەیری بکات. سیاسیکردنی ناسنامە، تاکە ڕێگەیە کە نەتەوە لە “بۆتەی توانەوەی داگیرکەر” ڕزگار دەکات و بەرەو ئاسۆی ڕزگاریی نەتەوەیی دەیبات.

بایۆپۆلێتیک و کۆنترۆڵکردنی شوناس لە ئێراندا

جەستەی کورد وەک “ژیانی ڕووت”[16]

بەپێی تیۆرییەکانی جۆرجیۆ ئەگامبێن دەوڵەتە تۆتالیتێرەکان جۆرێک لە “دۆخی نائاسایی”[17] دروست دەکەن کە تێیدا مرۆڤەکان دەبنە “ژیانی ڕووت”؛ واتە ئەو ژیانەی کە دەکرێت بکوژرێت بەبێ ئەوەی وەک تاوان سەیر بکرێت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیاردەی “کۆڵبەری” ڕێک بەرجەستەکردنی ئەم بایۆپۆڵێتیکەیە. کۆڵبەر تەنیا مرۆڤێکی هەژار نییە، بەڵکوو جەستەیەکی کوردییە کە لە فەزایەکی یاساییی نادیاردا (سنوور) دەژی و دەوڵەت ڕەوایی بە کوشتنی دەدات. کوشتنی کۆڵبەر پەیامێکی بایۆپۆڵێتیکییە بۆ نەتەوەی داگیرکراو: “جەستەی ئێوە لەژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتی ئیمەدایە”. لێرەدا، ژیانی تاکی کورد دەبێتە کەرەستەیەک بۆ سەلماندنی سەروەریی داگیرکەر.

ئەندازیاریی ناو و سڕینەوەی سیمبۆلیکی ناسنامە

 کۆنترۆڵکردنی ناسنامە لە ئێراندا لە (اداره ثبت احوال) دەست پێ دەکات. کاتێک دەوڵەت ڕێگری لە دایک و باوکێکی کورد دەکات کە ناوێکی نەتەوەیی یان مێژوویی (وەک کوردستان یان پێشەوا) لە منداڵەکەیان بنێن، ئەمە تەنیا کێشەیەکی ئیداری نییە، بەڵکوو کردەیەکی بایۆپۆڵێتیکییە بۆ سڕینەوەی “ئاگایی نەتەوەیی” لە قۆناغی سەرەتای ژیاندا. دەوڵەت دەیەوێت جەستەیەکی کوردی بە ناسنامەیەکی “ئێرانی-ئیسلامی” بەرهەم بهێنێت. ئەمە هەوڵێکە بۆ دابڕانی تاکی کورد لە ڕیشە مێژوویی و سیاسییەکانی و گۆڕینی بۆ ژمارەیەکی بێدەنگ لە ناو مەکینەی دەوڵەتدا.

.پەروەردە وەک “نەشتەرگەریی مێشکی” نەتەوەیی

سیستەمی پەروەردە لە ئێراندا گرنگترین ئامرازی بایۆپۆڵێتیکی داگیرکەرە. قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی دایکی، جۆرێکە لە “ئاسیمیلاسیۆنی فیزیکی”. زمان تەنیا بۆ پەیوەندی نییە، بەڵکوو شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە جیهانە. کاتێک منداڵێکی کورد ناچار دەکرێت بە زمانێکی تر (فارسی) بیر بکاتەوە، ئەو تووشی “نامۆبوون لە جەستەی خۆی” دەبێت. داگیرکەر لە ڕێگەی “دیسپلینی زمانی”یەوە، مێشک و زمانی تاکی کورد کۆنترۆڵ دەکات تا نەتوانێت “خۆی” وەک بکەرێکی سیاسی بناسێتەوە. لێرەوەیە کە گوتاری سیاسی دەبێت پێشینەی هەبێت؛ چونکە داوای “خوێندن بە زمانی کوردی” تەنیا داوایەکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ وەرگرتنەوەی “سەروەری بەسەر مێشک و جەستەی نەوەی نوێدا”.

سیاسیکردنی جەستەی ژن؛ لە “حیجاب”ەوە بۆ “ڕزگاری”

لە بایۆپۆڵێتیکی ئێرانی-داگیرکەریدا، جەستەی ژنی کورد ناوەندی ململانێیە. دەوڵەت لە ڕێگەی “حیجابی زۆرەملێ” و یاسا پیاوسالارانەکانەوە، دەیەوێت جەستەی ژن بکاتە شوێنی سەپاندنی ئایدیۆلۆژیای خۆی. بەڵام بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” ئەم هاوکێشەیەی هەڵگەڕاندەوە. ژنی کورد جەستەی خۆی لە “ئامرازێکی دەوڵەت”ەوە گۆڕی بۆ “سەنگەرێکی بەرگری”. کاتێک ژنێکی کورد لە مهاباد یان سنە، لەچکەکەی لادەبات یان قژی دەبڕێت، ئەو پەیامێکی بایۆپۆڵێتیکیی قووڵ بە دەوڵەت دەدات: “تۆ چیتر سەروەریت بەسەر جەستەی مندا نییە”. ئەمە وەرچەرخانێکی مێژوویییە؛ کاتێک بایۆپۆڵێتیکی داگیرکەر لەلایەن “ئیرادەی سیاسیی ژن”ەوە تێک دەشکێنرێت.

بەرەنگاربوونەوەی بایۆپۆڵێتیکی بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 بەرەنگاربوونەوە نابێت تەنیا لە ئاستی “وتار”دا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەبێت ببێتە “بەرەنگاربوونەوەی بایۆپۆڵێتیکی”. ئەمەش بەوە دەبێت کە تاکی کورد جەستە، زمان، و ژیانی ڕۆژانەی خۆی لە ژێر ڕکێفی داگیرکەر دەربهێنێت. خوێندن بە زمانی کوردی لە دەرەوەی قوتابخانەی دەوڵەت. بەکارهێنانی ناو و سیمبوڵە نەتەوەیییەکان، سیاسیکردنی جەژنی نەورۆز و بۆنە کولتوورییەکان و … ئەمانە هەموویان هەنگاون بۆ تێکشکاندنی ئەو ئەندازیارییەی داگیرکەر بۆ سڕینەوەی کورد دایڕشتووە. باڵادەستیی گوتاری سیاسی لێرەدا دەردەکەوێت کە تێگەیشتووە “ڕزگاریی خاک بەبێ ڕزگاریی جەستە و مێشک مەحاڵە”. گوتاری سیاسی دەبێت ڕێبەرایەتیی ئەم بەرەنگاربوونەوە بایۆپۆڵێتیکییە بکات تا تاکی کورد لە “ژیانی ڕووت”ەوە ببێتەوە بە “بکەرێکی سیاسیی خاوەن شکۆ”.

میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی “ئاگاییی سیاسیی پێشەنگ[18]

بەرهەمهێنانی ئاگاییی سیاسی لە نەتەوەیەکی داگیرکراودا، پرۆسەیەکی سادە نییە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە داگیرکەر هەموو ئامرازەکانی پەروەردە، میدیا و ئابووریی لەبەر دەستە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کورد، دروستکردنی “ئاگاییی سیاسیی پێشەنگ” دەبێتە تاقە ڕێگەی تێکشکاندنی قەفەزی داگیرکاری. ئەم ئاگایییە تەنیا زانیاری نییە، بەڵکوو “ئیرادەیەکە بۆ گۆڕینی مێژوو”.

تێپەڕین لە “ئاگاییی کولتووری” بۆ “ئاگاییی سیاسی”، یەکەم میکانیزم بۆ دروستکردنی ئاگایی پێشەنگ، جیاکردنەوەی “هەستی نەتەوەیی”یە لە “ئاگاییی سیاسی”. زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵات خاوەنی هەستێکی کولتووریی بەهێزن (خۆشویستنی زمان، جلوبەرگ و نەورۆز)، بەڵام ئەم هەستە بە تەنیا ناتوانێت گۆڕانکاریی سیاسی دروست بکات. ئاگاییی پێشەنگ لێرەدا دەردەکەوێت کە تاکی کورد تێدەگەیەنێت کە “زمانەکەت ناتوانێت بژی ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیت نەبێت”. ئەم وەرچەرخانە لە ڕێگەی “سیاسیکردنی مەعریفە”وە ڕوو دەدات. پێویستە نوخبەی ڕووناکبیری کورد، مێژووی کوردستان لە مێژوویەکی “پڕ لە کارەسات”ەوە بگۆڕن بۆ مێژوویەکی “پڕ لە ماف”. ئاگاییی پێشەنگ ئەو کاتە دروست دەبێت کە تاکی کورد چیتر خۆی وەک “کەمینەیەکی ستەم لێکراو” نابینێت، بەڵکوو وەک “نەتەوەیەکی خاوەن سەروەری لێ زەوت کراو” دەبینێت.

ڕۆڵی “ڕووناکبیری ئۆرگانیک” لە تێکشکاندنی هەیمەنەدا

بەپێی تیۆرییەکانی ئەنتۆنیۆ گرامشی، نەتەوەی ژێردەستە پێویستی بە “ڕووناکبیری ئۆرگانیک” هەیە. ئەم ڕووناکبیرانە تەنیا لە کتێبخانەکاندا نین، بەڵکوو لە ناو خەڵکدان و ئەرکیان ئەوەیە گوتاری داگیرکەر (کە دەڵێت کورد بەشێکە لە ئێران و ناتوانێت بەبێ ناوەند بژی) پووچەڵ بکەنەوە. میکانیزمی کارکردنی ئەم ڕووناکبیرانە بریتییە لە دوو بابەت:

  • مێژووی فەرمیی بونیاتنانی ئەویتر[19]: نیشاندانی ئەوەی کە مێژووی داگیرکەر چۆن لەسەر خوێنی نەتەوەکانی تر دروست کراوە.
  • دروستکردنی گوتاری “ئێمە” بەرانبەر “ئەوان”: نیشاندانی جیاوازیی قووڵی بەرژەوەندیی سیاسیی کورد لەگەڵ ناوەندی داگیرکەر. ئەم میکانیزمە وا دەکات کە کۆمەڵگە لە ڕووی مەعریفییەوە سەربەخۆ بێت.

سۆشیال میدیا  لە سەردەمی مۆدێرندا، یەکێک لە گرنگترین میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی ئاگاییی سیاسی، بەکارهێنانی سۆشیال میدیایە وەک “فەزایەکی ئازاد” بۆ بەرەنگاربوونەوەی سانسۆری دەوڵەت. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، میدیای دیجیتاڵ بووەتە “قوتابخانەی نەتەوەیی”. میکانیزمی بەرهەمهێنانی ئاگایی لێرەدا بەم شێوەیەیە:

  1. هاوبەشکردنی ناسنامە: کاتێک گەنجێکی کوردی کرماشان دەبینێت گەنجێکی تری مهاباد هەمان دروشم دەڵێتەوە، ئاگاییەکی “سەروو-ناوچەیی” دروست دەبێت. ئەمە تێکشکاندنی ئەو سیاسەتەی داگیرکەرە کە دەیەوێت کورد پارچەپارچە بکات.
  2. خێراکردنی کاردانەوە سیاسییەکان: سۆشیال میدیا ڕێگە دەدات هەر ڕووداوێکی بچووک (بۆ نموونە ئەشکەنجەی زیندانییەک) ببێتە بزوێنەری ئاگایی بۆ هەموو نەتەوەکە. ئەمە ئەو شوێنەیە کە گوتاری سیاسی بەسەر گوتاری کولتووریدا زاڵ دەبێت؛ چونکە “وێنەیەک” یان “ڤیدیۆیەک” دەبێتە پەیامێکی سیاسیی قووڵ. “سیاسیکردنی ژیانی ڕۆژانە”[20] ئاگاییی پێشەنگ تەنیا لە ناو حیزبەکاندا بەرهەم نایەت، بەڵکوو دەبێت بچێتە ناو وردترین کایەکانی ژیان.
  3. ئابووریی بەرگری: کاتێک خەڵکی ڕۆژهەڵات تێدەگەن کە کڕینی کەلوپەلی ناوخۆیی یان پشتیوانیکردنی ئابووریی کوردستان جۆرێکە لە خەباتی سیاسی، ئەمە نیشانەی ئاگاییەکی باڵایە.
  4. پەروەردەی ماڵەوە: کاتێک دایکان و باوکان منداڵەکانیان بە “ئاگاییی نەتەوەیی” پەروەردە دەکەن و فێری مێژووی ڕاستەقینەی خۆیانیان دەکەن، ئەمە میکانیزمێکی “بەردەوامیی سیاسی”یە کە هیچ سوپایەک ناتوانێت بیوەستێنێت.

تێکشکاندنی “ئاسۆیی”ی گوتاری داگیرکەر

 داگیرکەر دەیەوێت ئاسۆی تاکی کورد تەنیا “باشترکردنی ژیان لە ناو ئێران” بێت (ئاگایی ڕێفۆرمخوازانە). بەڵام “ئاگاییی سیاسیی پێشەنگ” ئەم ئاسۆیە دەشکێنێت و ئاسۆیەکی نوێ دادەنێت کە ئەویش “سەروەریی نەتەوەیی”یە. میکانیزمی ئەم تێکشکاندنە بریتییە لە:

  • تیۆریزەکردنی “مافی دیاریکردنی چارەنووس”: نیشاندانی ئەوەی کە کورد بەبێ دەوڵەت هەمیشە لە مەترسیی سڕینەوەدایە.
  • پەیوەستکردنی کێشە نێوخۆیییەکان بە کێشەی داگیرکارییەوە: تێگەیاندنی خەڵک کە “بێکاری، هەژاری و گەندەڵی” لە کوردستان، ئەنجامی سیاسەتی داگیرکەرە نەک تەنیا کێشەی ئیداری. کاتێک خەڵک تێگەیشت کە هەژارییەکەی “سیاسی”یە، خەباتەکەشی دەبێتە “سیاسی”.
  • ئەگەر داگیرکەر بتوانێت ئاگاییی کورد لە ناو بازنەی “کولتوور و فۆلکلۆر”دا قەتیس بکات، ئەوا بۆ سەدان ساڵی تریش حوکم دەکات. بەڵام کاتێک میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی ئاگایی (ڕووناکبیران، میدیا، تۆڕە مەدەنییەکان) سەرکەوتوو دەبن لەوەی کە سیاسەت بکەنە پێشینەی هەموو شتێک، ئەوا تاکی کورد لە “ژیانی ڕووت”ەوە دەگۆڕێت بۆ “بکەرێکی مێژوویی”.ئەم ئاگایییە پێشەنگە، ئەو هێزەیە کە لە کاتی پێویستدا دەبێتە “شۆڕش” و سنوورە دەستکردەکان تێک دەشکێنێت. لێرەدا وتارەکە دەگاتە ئەو بڕوایەی: “ڕزگاریی فیزیکیی کوردستان، بە ڕزگاریی ئاگاییی کورد لە هەیمەنەی داگیرکەر دەست پێ دەکات.”

ئاکام

ئاکامی سەرەکیی ئەم باسە ئەوەیە کە کولتوور تەنیا کاتێک دەتوانێت وەک قەڵایەکی بەرگری بمێنێتەوە، کە لەناو پڕۆژەیەکی سیاسیی ڕزگاریخوازیی مۆدێرندا پێناسە بکرێتەوە. سیاسەت لێرەدا وەک بەربەڵای کولتوور دەردەکەوێت؛ بەبێ ئیرادەی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووس، زمان بەرەو پووکانەوە دەچێت و خاک دەبێتە کەرەستەی تاڵانی داگیرکەر.

بەکورتی؛ تەنیا لە ڕێگەی زاڵبوونی گوتاری سیاسی بەسەر گوتاری کولتووریدایە کە کورد لە پەڕاوێزی مێژووەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندی بڕیاردان و لە نەتەوەیەکی داگیرکراوەوە دەبێتە بکەرێکی سیاسیی خاوەن سەروەری لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

[1] Stateless Nations

[2] Political Sovereignty

[3] Hypothesis

[4] Primacy of Politics

[5] Cultural Hegemony

[6] Biopolitics

[7] Resistance

[8] Critical Analysis

[9] Security-oriented

[10] Assimilation

[11] Alienation

[12] تەنانەت ڕێگە بە سروودی نەتەوەییش نادرێت.

[13] Agency

[14] Legitimacy

[15] Ethnic Minority

[16] Bare Life

[17] State of Exception

[18] Vanguard Political Consciousness

[19] Deconstruction

[20] The Politicization of Everyday Life

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی

ڕۆژهەڵات، ڕێباز(٢٠٢٦): ئاراستەدانی “گوتاری سیاسی” بە “گوتاری کولتووری”، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ئاراستەدانی "گوتاری سیاسی" بە "گوتاری کولتووری"، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست

ئاراستەدانی “گوتاری سیاسی” بە “گوتاری کولتووری”، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست

ئاراستەدانی "گوتاری سیاسی" بە "گوتاری کولتووری"، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، پەیوەندیی نێوان "کولتوور" و "سیاسەت" یەکێکە لە ئاڵۆزترین کایەکان، بەتایبەت کاتێک [...]

  • ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا

ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا

ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا فاتح سەعیدی پێشەکی زۆربەمان ئەم شیعرەی مامۆستا هێمنمان بیستووە کە لە کاتی تەنگانە و نائۆمێدیی سیاسیدا دووپاتە دەبێتەوە [...]

  • کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی

کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی

کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی پەرویز شێخی ​سیاسەت و ئەدەبیات، ئەگەرچی لە دوو جەستەدا دەژین، بەڵام لە ڕاستیدا یەک گیانن؛ یەکێکیان کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ئێستا، ئەوی تر دەچێتە ناو [...]

  • جەنگ و نیگەرانییەکانی

جەنگ و نیگەرانییەکانی

جەنگ و نیگەرانییەکانی دانا حەمید لە پێکهاتەی ئاستی دەروونی مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا، هێزگەلێکی سەرەتایی و دژبەیەک بوونیان هەیە کە شارستانییەت و یاسا بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان دەدەن. دەرونشیکاری، بەتایبەت لە [...]

  • سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران

سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران عومەر ئیزەدخواە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە بە هێرشێکی گەورە و کاریگەری سەربازییان بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی ٢ی ٢٠٢٦دا [...]

  • بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟

بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟

بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟ هێلینا باوەرنفایند زۆربەی خەڵک پێشتر لێرە و لەوێ لە هەواڵەکان، سۆشیاڵ میدیا یان ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییەکان بیستوویانە: فڕۆکە جەنگییەکانی A-10 Thunderbolt IIی ئەمریکی [...]