خوێندنەوەیەکی “سی و نۆ بەهار”* لە نووسینی ئاسۆ حەسەن‌زادە

شەهلا دەباغی

دکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە دوای خوێندنەوەی کتێبی “ڕەشەشەو و سەربازانی ون” لە نووسینی مامۆستا شێوەسەڵی کە بە “برینداری کورد” ناوی دەبا دەقێکی نووسیوە لەژێر ناوی “سی و نۆ بەهار” کە لە ژانری یادەوەریدا شاکارێکی ئەدەبییە. هەموومان چیرۆکی برینداربوونی تاڵی خۆشەویستی خەڵک “مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی”مان بیستووە. کەس‌ نییە بە بیستنی نرکەی لە دڵەوە نەهاتبێ و دەسەڵاتدارانی تارانی نفرین نەکردبێ. جا خۆ ئەگەر‌ تۆ لەناو حیزبدا و ڕەفیقی “برینداری کورد” بووبێتی دەبێ بە بیستنی هەواڵەکە چ ژانێک لەناو جەڕگ و دڵت گەڕابێ:
“هه‌موو حیزب کاتی بیستنی هه‌واڵه‌که هه‌مان هه‌ستی ببوو. خاتوو خه‌جیج مه‌عزووری ده‌یگێڕایه‌وه که کاتێک دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی هه‌واڵه‌که‌‌ی به بێ‌سیم پێ گه‌یشتبوو، هاواری کردبوو: “خه‌جیج بگه‌یه، ماڵمان وێران بوو!”
حەسەن‌زادە کە بە منداڵی شاهیدی یەکەم ڕۆژانی دوای کارەساتەکە بووە دەنووسێ:
“کاتێك کتێبه‌كه‌م[ڕەشەشەو و سەربازانی ون] لێک کرده‌وه، به خۆم نه‌بوو، یه‌کسه‌ر بازم دایه ئه‌و شوێنه‌ی به‌سه‌رهاتی کاره‌ساته‌که ده‌گێڕێته‌وه.”

نووسەر گێڕانەوەکەی بە “نازانم له کوێ‌ڕا ده‌ست پێ بکه‌م. منداڵی شۆڕش بووم.” دەست پێدەکا. گێڕانەوەیەک بە زمانێکی شاعیرانە کە جوانییەکانی سروشتی نیشتمانمان دیسان دێنێتەوە بەرچاو تا بەڵکوو دواتر لە باری خەمی خوێندنەوە سووک بکا:
“قه‌ندیل به‌هه‌شتی سه‌ر ڕووی زه‌وی بوو. سروشتی دڵگیری ئه‌و مه‌ڵبه‌نده له یازده ساڵیدا ئه‌منی بۆ هه‌میشه سه‌رمه‌ستی وه‌رزی پاییز کرد که وه‌رزی له دایکبوونی خۆشم بوو. “
بەڵام منداڵەکەی شۆڕش زۆر زوو وەبیرمان دێنێتەوە کە جوانی و خەم دوو ڕووبەری یەکترن:
“غافڵ له‌وه که سێحری جوانی، چزووی مردن و ژولیانی ژه‌هراویتره. مه‌رگ و ژاکانی ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر گه‌وره‌یی‌یان، له‌به‌ر نزیکی‌یان، فکرت بۆ ناچن، هه‌ر نه‌بێ وا زوو، وا به ئاسانی!”

نووسەر سەربردەی تاکەکەسی و چارەنووسی نەتەوەیی و قوربانیدان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری لێک گرێ دەدا و لە ڕێگەی بیرەوەرییەکانی منداڵیی خۆی، بە زمانێکی پڕ لە وێنە و مێتافۆر، گرێدانی دەقی‌ خۆی بە شاکارە ئەدەبییەکانی دنیا باس له دوو خەمی بنەماڵەیی و نەتەوەیی دەکات: کارەساتێک کە بەسەر خاڵی واتە مامۆستا شیوەسەڵی دێ، و تێرۆری ڕێبەری کورد دوکتور قاسملوو:
“ئێستاش له زه‌ینی مندا دوو شت هه‌ن که هه‌‌میشه یه‌کیان ئه‌وی دیکه‌م وه‌بیر دێنێته‌وه: هه‌ڵپچڕینی کتێبه‌ بۆمبڕێژکراوه‌که‌ له‌لایه‌ن خاڵمه‌وه له ١٦ سه‌رماوه‌زی ١٣٦٦؛ ستارت لێدانی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی رۆژی ٢٢ی پووشپه‌ڕی ساڵی دواتر دوکتور قاسملوو ده‌با بۆ ژماره ٥ ی شه‌قامی “لینکه بانگسه”ی ڤیه‌ن!”

لێرەدا لەگەڵ هەر پاراگڕافێکی گێڕانەوەکە لەگەڵ گێڕانەوەیەک لە نێوان خەو و هوشیاری، بە “شەپۆل و لێشاوی زەین” و بە هەوێنێکی مالیخولییایی کە لە تیۆرییەکانی ئەدەبیدا بە بەهێزترین دەقەکان دەگوترێن، ڕووبەڕوو دەبین:
“لاندکرۆزێری هه‌ڵگری “برینداری کورد” و کاکم که له‌گه‌ڵی چوبووه فه‌ڕانسه گه‌یشته‌وه. ده‌تگوت فیلمه. تۆز و فرمێسک له هه‌وادا ده‌گه‌ڕان.”
دەقی “سی و نۆ بەهار” سنوورەکانی خەمی بنەماڵەیی و تاکەکەسی تێپەڕدەکا و بە وەبیرهێنانەوەی ڕووداوەکانی سی‌ونۆ بەهاری پێشتر، بە نووسینی پەخشانەیاد، هەوڵدەدا پێشی فەرامۆشیی بەکۆ بگرێ و وبیرمان بێنێتەوە نووسین باڵاترین دەسەڵاتە تا پاڵەوانانی نەتەوەیەک وەک ئاشیل هەتاهەتایی بین و یادەوەریی بەکۆمەڵ مەزنیی ئەوان لەبیرنەکا و نووسینەوەیان ببێتە قەڵای بەرخۆدان:
“سه‌یر بوو. له ئه‌فسانه‌ یوونانیه‌کاندا خاڵی لاوازی پاڵه‌وانه‌کان جێیه‌كی جه‌سته‌یان بوو، هی ئاشیل گوێزینگی پێی، هی سامسۆن پرچی. که‌چی خاڵی لاوازی پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌کانی کورد دڵپاکییان بوو، ئینساندۆستییان، کتێب‌دۆستییان!”

لەڕاستیدا ئەگەر خۆمان بەکەم نەبینین دەقەکەی حەسەن‌زادە چی لە دەقی هۆگۆ، چۆخۆف، تۆلستۆی، پروست، ویێزێل کەم نییە و بگرە بەهۆی ڕەنج و ئازارەکانی کورد کە کەڵەکە بووە بەپێزتریشە. بیرەوەری و گیڕانەوەکە نەتەنیا باس لە خەم و لەدەستدان دەکا بەڵکوو باس لە خۆڕاگری و ژیانیشە.
حەسەن‌زادە کتێبی مامۆستا شیوەسەڵی بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنێ:
“له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ڕووداوه‌کانی نێو ئه‌و کتێبه واقیعیین، به‌ڵام جۆری گێڕانه‌وه‌یان وه‌ك خه‌و و خه‌ونوچکه‌ ده‌چێ که مرۆڤ ده‌خاته بیری ستایلی نووسینی “به‌شوێن سه‌رده‌می له‌ده‌ستچوو”ی پرووست و “دژه بیره‌وه‌ری”ی مالرۆ.”
جا سەیر ئەوەیە کە دەقەکەی خودی حەسەن‌زادە ڕاستەوڕاست و دەقاودەق هەمان کارکردی هەیە؛ واتە دەکرێ بەراورد بکرێ لەگەڵ واڵاترین دەقەکانی ئەدەبیی دنیا.
 زمانی “سی و نۆ بەهار” پڕە لە هێما و وێنە. بۆ نووسەر کە ئاشقی پاییز بووە، دوای کارەساتی دڵتەزێنی برینداری کورد ئیدی پاییزی بڕونزە ئەو جوانی و نەشەی جارانی نامێنێ:
“له‌و رۆژه‌دا که ئیدی هه‌وای بڕۆنزی جێی خۆی دابوو به هه‌وری ڕه‌ش، به‌‌به‌ر بارانی به‌خوڕدا هه‌ڵکشامه بناری چیاکه‌ی پشت گوند. ده‌مویست بگه‌مه جێیه‌کی دوور و بڵیند هه‌تا که‌س گوێی له هاوارم نه‌بێ! ساڵه‌ها دواتر که چیڕۆکی “منداڵانی هه‌وری”ی محه‌ممه‌د شه‌ریفیی نیعمه‌ت ئابادم له کتێبی ‘باغی هه‌ناران’ وه‌رگێڕا، له‌به‌ر ئه‌وه بوو که خۆمم تێدا دیته‌وه: ئه‌و منداڵه‌ی له‌به‌ر بارانه‌که به کوڵ ده‌گریا و ده قوڕ گه‌وزابوو، ئه‌من بووم!”

هاوکات خەم و ڕوودایتریش ڕووحی ناسکی نووسەری ئەوکات منداڵ دەڕوشێنن. چەند شەهید و قەڵشتی ناو ماڵی حیزب:
“وه‌رزه هێندێك هه‌واڵی ناخۆشی دیکه‌ش هاتنه سه‌ر خه‌رمانی خه‌م و نیگه‌رانییه‌کان، به‌تایبه‌تی بۆ من شه‌هید بوونی حه‌سه‌ن پوورخزری، گیان‌له‌ده‌ستدانی ڕه‌حیم به‌غدادی، و بۆ هه‌مووان ئه‌و قه‌ڵشته‌ی له کۆنگره‌ی هه‌شتدا له دیواری ته‌لاری ماڵه‌ گه‌وره‌که (حیزب) که‌وتبوو…”

سەردێڕی “سی و نۆ بەهار” لێرەدا هەم هێمای ژیان و نوێبوونەوەیە و هەم یادەوەریی ئەو کارەساتانەیە کە نووسەر ساڵ بە دوای ساڵ لەبیری ناکات و هەر جار دەیهەوێ بیاننووسێتەوە کارەکەی سەختتر دەبێ تا ڕوژێک کتێبەکەی مامۆستا شیوەسەڵی دەخۆێنێتەوە و بڕکانی بیرەوەریی سەرڕێژ دەکا. کەسایەتییە مێژووییەکانی کورد، پاڵەوانانی ئەون، بەڵام هەر زۆر زوو تێدەگا کە پاڵەوانەکانیش ئینسانن و دوژمن دەتوانێ لەناویان ببا و یا کەمئەندامیان بکا. لێرەدا وەگێڕ دەبێتە ئەو منداڵەی کاتی کارەساتەکان لە ژێر باری خەم لەژێر باراندا دەگریا بەڵام ئێستا بە نووسینەوەی یادەوەرییەکانی دەبێتە هۆمێرۆس تا حەماسەی خۆڕاگری و پاریزگاری لە نیشتمان و ژیان بژەنێتەوە.

خوێنەر دەتوانێ دەقێک بە چەند شێوە و لە چەند پلەدا بخوێنێتەوە. دەق وەک خۆی بە وردەکارییەکانەوە، هێماکان، زمان و پێکهاتە، وە یا دەق لە قووڵایی خۆیدا چ پەیامێکی پێیە. لە یەکەم خوێندنەوی دەقەکەدا کە لە فەیسبووک بڵاو بۆوە خەڵکێکی یەکجار زۆر خۆیان لە دەقەکەدا دەیتەوە و ساتی برینداربوونی فەرماندە مەلا حەسەن شیوەسەڵی و هەواڵی دڵتەزێنی تێروری د. قاسملوو و فرمێسک و ڕەنج و ئازارەکانی ئەو کاتیان وەبیر هاتەوە و زۆر حوێنەر نووسییان کە وێڕای شانازی فرمێسک لە چاوییان تەزیوە.
بەڵام لە خوێندنەوەیەکی قووڵتردا ئێمە بەسەرسامییەوە ڕووداوەکان لە گوشەنیگا و لە چاوی بازی کوڕێکی وردیلانەوە دەبینین. کوڕێک کە ژیانی منداڵی پڕە لەو فراگمێنتانەی کە بە ژان بەڵام هوشیارانە لە مێشکیدا هەڵیگرتوون تا سی‌ونۆ بەهار دواتر بیاننووسێتەوە. کوڕێک کە وەک سەدان منداڵیتری شۆڕش لەگەڵ پاڵەوانان ژیاوە و مەرگی زۆریانی بینیوە:
“له‌نێو شه‌ڕدا گه‌وره بووم. له شه‌ڕدا بژی یا له ئاشتی، منداڵ هه‌میشه دوو هه‌ستی به‌هێزی له‌گه‌ڵن: سه‌رسامی به‌ ژیان؛ دڵه‌ڕاوکێی له‌ده‌ستدان. ئه‌من پاڵه‌وانه‌کانم به چاوی خۆم ده‌دی.”
“جار هه‌بوو پاڵه‌وانه‌کان ده‌كه‌وتن و هه‌ڵنه‌ده‌ستانه‌وه. له ڕۆژهه‌ڵات به‌شی ئه‌وه‌ ته‌رمی شه‌هیدم دیتبوو که تێ‌بگه‌م له‌ده‌ستدان ته‌نیا ترسێکی وه‌همی نیه، ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه. له‌گه‌ڵ پاشه‌کشه‌ی شۆڕش و هاتنه‌وه‌مان بۆ باشوور سه‌رنجم دا که پاڵه‌وانه که‌وتووه‌كان ده‌کرێ که‌سی نزیک و ناسیاو بن. یه‌که‌م شه‌هیده‌کان که په‌رۆشم بوون ڕه‌حمان سۆفیزاده و سه‌رگورد که‌ریم عه‌لیار بوون، هه‌روه‌ها عومه‌ر شیوه‌سه‌ڵی، خالید پاشبه‌ردی.”

دەقی “سی و نۆ بەهار” لە دەقێک تەنیا بۆ ستایشی ئەوانەی لە دەست چوون یا چاو و دەستیان لەدەست دا، دا نامێنێتەوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا دەبێتە دەقێک بۆ بیرەوەریی ساتە هێور و دڵکەشەکانیش:
“که بۆنی گۆیژ و دووکه‌ڵی ئاوری داران تێکه‌ڵی یه‌کتر ببوون، دوو هاوڕێی گیانی به گیانی له ماڵی ئێمه له ئێندزێی بناری قه‌ندیل وێک که‌وتنه‌وه. پیاوه بێهاوتاکه‌ی کورد، دوکتور قاسملوو، و ئازادترین مه‌لی دنیا که شایی دنیای به خۆی بوو و دنیا شایی پێ بوو، حه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵی.”

بیرەوەرییەکانی کوڕێکی وردیلە لە “سی و نۆ بەهار”دا دەبێتە کۆگا و سەنتەرێک بۆ تێکهەڵکێشانی هونەر/ تابڵۆی مامۆستا سەلاحەدین وەهابپوور، شێعری “چاوت دەبێتە قیبلەنما”ی مامۆستا برایم لاجانی، دەقی دوکتور حەسەن‌زادەی بەتەمن، و مانیفێستی بەخۆدانی نەتەوەیەک سەرەڕای ئازارە قووڵە لەبن نەهاتووەکانی.
“سی و نۆ بەهار” گەرچی بەزمانی یەکەم کەسەوە بیرەوەرییەکانی خۆی لە زەمەنێکی دووری پڕ لە شەڕ و زام و لەدەستدان دا دەگێڕێتەوە بەڵام لە دەقێکی تاکەکەسی دەچێتە دەر و دەبێتە پانتایی تێکهەڵکشانی مێژوو، ئەدەب، بیرەوەری، خەم، شانازی و بەرخۆدانی بەکۆمەڵ. نووسەر دەنووسێ:
 “نووسین هه‌توانی ده‌ردی بێده‌سه‌ڵاتییه. ئازاری وه‌بیرهاتنه‌وه که‌مێک سووک ده‌کا. ژووری یاده‌وه‌رییه خۆش و ناخۆشه‌کان، کۆگای بیر و هه‌سته پێچه‌وانه‌کان.”
لێرەدا ‌دەبینین کە نووسین دەبێتە گەورەترین دەسەڵات تا بە سەر فەرامۆشیدا زاڵ بین و کارەساتەکان لەبیر نەکەین.
سەردێڕی “سی و نۆ بەهار” لە دەربڕینێکی فەڕانسەوی وەرگیراوە:
“فه‌ڕانسه‌وی که ده‌یانه‌وێ ئیشاره به ژیانی که‌سێک بکه‌ن که به گه‌نجی، گوڵی ته‌مه‌نی په‌ڕپه‌ر بووه، له‌بری ساڵه‌کان، ده‌ڵێن ئه‌وه‌نده به‌هاره. له‌‌‌و کاره‌ساته‌وه تا ئێستا سی و نۆ به‌هار تێپه‌ڕیوه. سی و نۆ به‌هار له ڕه‌شه‌شه‌ودا.”
ئێستا “سی و نۆ بەهار” بەسەر ئەو ساتە شوومەدا تێپەڕیوە کە مامۆستا شیوەسەڵی بە بۆمبێک کە حکومەتی تاران لەناو کتێبێکدا ناردبووی و چاوەکان و دەستەکانی لەدەستدەدا. ژانی ئاسۆی بچووک هێندە قووڵە کە پێی خوشە بڕواتە سەر کێوێکی دووری بڵیند تا کەس نەیبینێ کاتێک لەوێ هاوار دەکا.
دواتر چاوەکانی شیوەسەڵی دەبنە شێعر، جەستەی شیوەسەڵی کە هاوڕێیەکانی قۆڵی لە قۆڵی دەکەن و بە ڕێگادا دەیبەن دەبێتە تابڵۆ. شیوەسەڵی دەبێتە هێمای نەتەوەیەکی ستەملێکراو بەڵام بەچۆکدا نەهاتوو. سی‌ونۆ بەهار دواتر، کوڕێکی وردیلە کە لە هەشتاکان بە جلی پێشمەرگانەوە لە کۆڕی موسیقای شاخ دا سروودی دەکوت، ئەو بیرەوەرییانە دەنووسێتەوە کە هەموو جارێک دەیویست بیاننوسێتەوە بەڵام ڕەشی دەکردنەوە نەکا حەقی خۆیانی پێنەدا:
“مرۆڤ که ده‌نووسێ ده‌خۆی ده‌نووسێ مانایه‌ک بۆ شته‌کان، ڕوانگه‌یه‌ک بۆ ژیان و مه‌رگ، تروسکایی وڵامێک له‌نێو ته‌متومانی.”
ئەم بیرەوەرییانە هەر وشەیەکی، هەر ڕستەیەکی پڕاوپڕن لە سێمبۆل و هێما تا بەجوانترین شێوەی مومکین، بە گێڕانەوەی هەستە قووڵەکان شاهیدی لەسەر ڕووداوەکانی ئەو دوو زەمەنه بدا کە داری گیانی پاڵەوانێک هەرەس دەکرێ و قامەتی ڕێبەرێکی زانا و بەتوانای وەک قاسملوو لە ئاپارتمانێکی نفرینکراو لە شەقامێکی ڤییەنی نەحس لە خوێن دا دەبێتە ئەستێرە. ڕێبەرێک کە لە ساتە سەختەکاندا دەیزانی چۆن سوکانی کەشتییەکە بگرێتەوە دەست و خەڵک بە شۆخییەک لە دۆخی نالەباری تەمی خەم دوور کاتەوە:
“ڕێبەری کورد هه‌ستا چوو بۆخۆی کۆبوونه‌وه‌ی پێ کردن و داوای لێ کردن ئه‌و شیوه‌نه ڕابگرن. سفره ڕاخرا، نان هات. لێره‌ش له په‌نای خۆی دانیشاندم و له‌سه‌ر گاڵته و جه‌فه‌نگ له‌گه‌ڵ خاڵم به‌رده‌وام بوو. “ئه‌رێ نه‌تگوت، له‌و سه‌فه‌ره ڕانی بۆقت خوارد؟”

ئینجا ئەرکی “سی و نۆ بەهار” شتێکە بانتر لە تەنیا گێڕانەوەی خەم. لێرەدا بەهار، سی‌ونۆ بەهاری تێپەڕیو، دەبنە هێمای ژیانەوە و لەبیرنەکردن. نووسەر هەموو ڕووداو، ئێلمان و وشەکان دەکاتە دەقێک بۆ شانازی، وە بۆ ئەوەی وەبیرمان بێنێتەوە کە ژیانمان لێک گرێ دراوە:
“پێم وا نیه له مێژووی کورددا هیچ زیندوویه‌ک نه ئه‌وده‌م نه دواتر ئه‌وه‌نده خه‌ڵک بۆی گریابێ. به هه‌موو خه‌م و حه‌سره‌تی ئه‌و ئه‌زموونه‌شه‌وه، له‌و کاته‌دا هه‌ستم به شانازی ده‌کرد. ئه‌و ڕۆژه تێگه‌یشتم که ته‌نیا شتێک که وا ده‌کا له هه‌لومه‌رجی ئاوادا بنیاده‌م ته‌حه‌مولی له‌ده‌ستدانه‌کان و تەنانەت خودی ژیان بکا، هاوچارەنووسی و کایەی بەکۆمەڵە.”

کۆتا قسە
بە قەولی نووسەر و وەرگێڕ سولەیمان دڵسۆز “ئەگەر درەنگیشت گێڕاوە چاکت گێرایەوە. ماڵتە پتر بگێڕەوە.”

* سی و نۆ بەهار، لە نووسینی دوکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە، 14ی جونی 2026 لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکیی خۆی بڵاو کراوەتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی جۆزەردانی  ٢٧٢٦ی کوردی

دەباغی، شەهلا(٢٠٢٦):  خوێندنەوەیەکی “سی و نۆ بەهار”* لە نووسینی ئاسۆ حەسەن‌زادە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • خوێندنەوەیەکی "سی و نۆ بەهار"* لە نووسینی ئاسۆ حەسەن‌زادە

خوێندنەوەیەکی “سی و نۆ بەهار”* لە نووسینی ئاسۆ حەسەن‌زادە

 خوێندنەوەیەکی "سی و نۆ بەهار"* لە نووسینی ئاسۆ حەسەن‌زادە شەهلا دەباغی دکتور ئاسۆ حەسەن‌زادە دوای خوێندنەوەی کتێبی "ڕەشەشەو و سەربازانی ون" لە نووسینی مامۆستا شێوەسەڵی کە بە "برینداری کورد" ناوی دەبا [...]

  • تاکی کورد لە قەیرانی گێڕانەوەدا: لە تەنیاییی ستراتیژییەوە بۆ دەوڵەتسازیی تۆڕی

تاکی کورد لە قەیرانی گێڕانەوەدا: لە تەنیاییی ستراتیژییەوە بۆ دەوڵەتسازیی تۆڕی

تاکی کورد لە قەیرانی گێڕانەوەدا: لە تەنیاییی ستراتیژییەوە بۆ دەوڵەتسازیی تۆڕی کەیوان فاتحی بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای تاکی کورد، پێویستە وەرچەرخانێکی گەورە لە سایکۆلۆژیا و شوناسی ئەم تاکەدا، لە نێوان [...]

  • تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە

تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە

تاکی کورد؛ لە قەیرانی ماناوە بۆ قەیرانی گێڕانەوە کەیوان فاتحی لە سەردەمێکدا دەژین کە پشێوییەکی قووڵ و قەیرانێکی فرەڕەهەند بوارە جیاجیاکانی ژیانی مرۆیی و بەو پێیەش کۆمەڵگەی کوردستانی تەنیوەتەوە. ڕەنگە دیارترین [...]

  • فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا

فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا

فیدراڵیزم و دێموکراسی؛ تێڕوانینە نوێیەکان سەبارەت بە پرسی کورد لە ئێراندا حەسەن قارەمانی پرسی کورد یەکێکە لە ململانێ سیاسییە درێژخایەن و ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرەڕای ئەوەی کوردەکان گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەتی جیهانن، [...]

  • ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟

ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟

ماکیاڤێلی و وەهمی دەسەڵات ئایا ڕیالیزمی سیاسی ڕاستییەک بوو سەبارەت بە جیهان، یان ڕەنگدانەوەی ترسی مرۆڤ بوو؟ ئەشکان باوەڕ ناوی "نیکۆلۆ ماکیاڤێلی" لە مێژووی بیری سیاسیدا هاوواتای "دەسەڵات" بووە. لە هەر [...]

  • سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا

سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا

سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا ڕێباز ڕۆژهەڵات مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وەرچەرخانانە کە تێیدا سەرکردە و فەیلەسوفە مەزنەکان لەبری هەڵبژاردنی ژیانێکی سەرشۆڕانە یان ڕاکردن لە بەردەم مەرگ، مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەری [...]