مانیفێستی ژنوشیاریی
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- فەریدە وەیسی
- جۆر
- وتاری بەردەست
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی تیشک_کوردستان
- ئەنستیتۆ
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی تیشک_کوردستان
- ڕێکەوت
- ٢٦\٠٨\٢٠٢٦
- زمان
- کوردی
وەیسی، فەریدە (٢٠٢٦): مانیفێستی ژنوشیاریی. وتاری بەردەست، ناوەندی لێکۆڵینەوەی تیشک_کوردستان.
بەشی یەکەم
وتار
مانیفێستی ژنوشیاریی
بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک: 26.08.2026
وەیسی، فەریدە (٢٠٢٦): مانیفێستی ژنوشیاریی. وتاری بەردەست. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
پوختە
ژنی کورد ناتوانێ بەتەنیا فێمینیست بێت
ژنی کورد ناتوانێ بەتەنیا فێمینیست بێت چونکە ئەزموونی ژینکراوی ئەو هیچکات تەنیا لە یەک ستەم، واتە ستەمی ڕەگەزیی پێک نەهاتووە و لە چوار بەشی کوردستان بەردەوام بە دوو فاکتۆری نەگۆڕی شوناسی خۆی واتە ڕەگەز و نەتەوە چەوساوەتەوە. هەر لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونیەوە وەکوو ڕەگەزی ناتەواو چاوی لێکراوە، لە قوتابخانەکان زمانی دایکی لێ قەدەغەکراوە، لە سیستەمی یاساییدا شارومەندێکی مەرجدار بووە، لە چوارچێوە سیاسییەکاندا حاشا لە شوناسە کوردستانییەکەی کراوە و، ناچار بووە لەو جوگرافیا سیاسییانەی تێیدا دەژی، تەنانەت بۆ داواکردنی مافە ڕەگەزییەکانیشی سەرەتا بیسەلمێنێت کە ئێرانی، عێراقی، تورکیەیی یان سووریاییە و هیچکات وەکوو ژنێکی کوردستانی کە دەبێ خاوەن مافی یەکسانی شارومەندی بێت بەفەرمی نەناسراوە. بۆیە فێمینیسمێک کە داوا لە ژنی کورد دەکات پرسی نەتەوە وەلابنێت لەڕاستیدا داوای لێدەکات بەشێک لە شوناسی خۆی و ئەزموونی ژینکراوی خۆی بسڕێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە پرسی ڕەگەز بۆ ژنی کورد بەردەوام لەگەڵ پرسی نەتەوە لێکئاڵاو بووە و ئەزموونی ژینکراوی ژنی کورد یەکپارچەیە و ناکرێ ئەو دوو لایەنە لێک جیا بکرێنەوە و، ڕەگەز لە لایێک و زمان، فەرهەنگ و نەتەوەکەی لە لایێکی دیکەوە دابنرێت. بەم هۆکارە ژنی کورد ناتوانێ لە چوارچێوەی گوتارێکدا بەدوای ڕزگاری و ئازادیدا بگەڕێت کە چاوپۆشی لە بەشێک لەم ئەزموونانە دەکات و داوای لێدەکات لە هەمبەر ستەمێکی سیستەماتیک، مێژوویی و نەتەوەیی بێدەنگ بێت، چۆنکە ئەم جۆرە گوتارانە لەجیاتی ڕزگاریی شێوازێکی تر لە سڕینەوە بەرهەم دێننەوە. بۆیە بۆ ژنی کورد تەنیا خەبات بۆ گەیشتن بە یەکسانیی ڕەگەزیی چارەسەر نییە، بەڵکوو لەپێشدا دەبێ قوناغی یەکەم واتە خەبات بۆ ڕزگاری تێپەڕ بکات. ڕزگار بوون لە هەموو هەڵاواردنە نەتەوەیی و رەگەزییەکان و ئەمەش بە واتای وەلانانی ئەو پێوەرانەیە کە فێمینیستە ناوەندخوازەکان بۆ یەکسانی دایانناوە.
ئەگەرچی پرسی ژن پرسێکی جیهانییە، بەڵام ژنی کورد نابێ ڕزگاریی خۆی بە رزگاریی ژنانی نەتەوەی داگیرکەرەوە گرێ بدەنەوە، بەڵکوو سەرەتا دەبێ ڕزگاریی خۆی و نەتەوەکەی بە یەکەوە گرێ بدات.

- شێوازی بڵاوکردنەوە: PDF
- کۆپی ڕایت: CC-BY-NC 4.0
- ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە: 26.08.2026
- نووسەر: فەریدە وەیسی
- وەرگێڕان:
- ڕێکخراو: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک
- Copyright: © 2026 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0
مانیفێستی ژنوشیاریی
زۆر هەوڵیان دا ئێمە بسڕنەوە و هەموو ڕێگایێکیشیان تاقی کردەوە، بەڵام سەرنەکەوتن و هەر ئەم هەوڵە بێ ئاکامەش بۆ سەرکوتی ئێمە ڕووخانی خۆیانی بەدوادا دێ. دەنگیان کپ کردین و ژنوشیاریی ئەو دەنگە کپ کراوەیە کە بەرز دەبێتەوە. چونکە بوونی ئەوان لە نەبوونی ئێمەدا پێناسەکراوە، ئەم دەنگە بەهێزترین هۆکارە بۆ لەناوبردنی پێناسەی ساختەی ئەوان. “یان ڕزگاریی بۆ هەمووانە، یان بۆ هیچکەس.”
ژنی کورد ناتوانێ بەتەنیا فێمینیست بێت
ژنی کورد ناتوانێ بەتەنیا فێمینیست بێت چونکە ئەزموونی ژینکراوی ئەو هیچکات تەنیا لە یەک ستەم، واتە ستەمی ڕەگەزیی پێک نەهاتووە و لە چوار بەشی کوردستان بەردەوام بە دوو فاکتۆری نەگۆڕی شوناسی خۆی واتە ڕەگەز و نەتەوە چەوساوەتەوە. هەر لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونیەوە وەکوو ڕەگەزی ناتەواو چاوی لێکراوە، لە قوتابخانەکان زمانی دایکی لێ قەدەغەکراوە، لە سیستەمی یاساییدا شارومەندێکی مەرجدار بووە، لە چوارچێوە سیاسییەکاندا حاشا لە شوناسە کوردستانییەکەی کراوە و، ناچار بووە لەو جوگرافیا سیاسییانەی تێیدا دەژی، تەنانەت بۆ داواکردنی مافە ڕەگەزییەکانیشی سەرەتا بیسەلمێنێت کە ئێرانی، عێراقی، تورکیەیی یان سووریاییە و هیچکات وەکوو ژنێکی کوردستانی کە دەبێ خاوەن مافی یەکسانی شارومەندی بێت بەفەرمی نەناسراوە. بۆیە فێمینیسمێک کە داوا لە ژنی کورد دەکات پرسی نەتەوە وەلابنێت لەڕاستیدا داوای لێدەکات بەشێک لە شوناسی خۆی و ئەزموونی ژینکراوی خۆی بسڕێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە پرسی ڕەگەز بۆ ژنی کورد بەردەوام لەگەڵ پرسی نەتەوە لێکئاڵاو بووە و ئەزموونی ژینکراوی ژنی کورد یەکپارچەیە و ناکرێ ئەو دوو لایەنە لێک جیا بکرێنەوە و، ڕەگەز لە لایێک و زمان، فەرهەنگ و نەتەوەکەی لە لایێکی دیکەوە دابنرێت. بەم هۆکارە ژنی کورد ناتوانێ لە چوارچێوەی گوتارێکدا بەدوای ڕزگاری و ئازادیدا بگەڕێت کە چاوپۆشی لە بەشێک لەم ئەزموونانە دەکات و داوای لێدەکات لە هەمبەر ستەمێکی سیستەماتیک، مێژوویی و نەتەوەیی بێدەنگ بێت، چۆنکە ئەم جۆرە گوتارانە لەجیاتی ڕزگاریی شێوازێکی تر لە سڕینەوە بەرهەم دێننەوە. بۆیە بۆ ژنی کورد تەنیا خەبات بۆ گەیشتن بە یەکسانیی ڕەگەزیی چارەسەر نییە، بەڵکوو لەپێشدا دەبێ قوناغی یەکەم واتە خەبات بۆ ڕزگاری تێپەڕ بکات. ڕزگار بوون لە هەموو هەڵاواردنە نەتەوەیی و رەگەزییەکان و ئەمەش بە واتای وەلانانی ئەو پێوەرانەیە کە فێمینیستە ناوەندخوازەکان بۆ یەکسانی دایانناوە.
ئەگەرچی پرسی ژن پرسێکی جیهانییە، بەڵام ژنی کورد نابێ ڕزگاریی خۆی بە رزگاریی ژنانی نەتەوەی داگیرکەرەوە گرێ بدەنەوە، بەڵکوو سەرەتا دەبێ ڕزگاریی خۆی و نەتەوەکەی بە یەکەوە گرێ بدات.
ڕەوتی فێمینیسم لە جیهان
سێ پرسیاری بنەڕەتی کە تیۆرییە فێمینیستییەکان لەسەریان داڕێژران ئەمانە بوون:
- سەبارەت بە ژنان چی دەزانین؟
- بۆچی دۆخی ژنان وەهایە؟
- بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە دەتوانین چی بکەین؟
وڵامی پرسیاری یەکەم زانست و بەرچاوڕوونییەکی ڕاستەقینەمان لە سەر ئەو دۆخەی کە ژنان تێیدان پێدەدا، چونکە زۆربەی زانست و شرۆڤەگەلێک کە لەسەر دۆخی ژنان هەمانە لە ڕوانگەی پیاوانەوە بووە، واتە سەرەڕای ئەوەی ژنان نیوەی لە کۆمەڵگەن، بەڵام پشکێکی وەهایان لەم شرۆڤە و زانستە بەرنەکەوتووە و تەنانەت دۆخ و کێشەی ژنانیش لە ڕوانگەی ئەو نیوەکەی تر واتە پیاوان شرۆڤە کراون.
پرسیاری دووەم جەخت لە سەر هۆکاری دۆخی نالەباری ژنان دەکات و هەروەها ئەو پرسیارەمان دەخاتە بەردەست کە بۆچی ژنان نەیانتوانیوە لە بەرهەمهێنانی زانست و تەنانەت لەو بوارەشدا کە پەیوەندی راستەوخۆی بە خۆیان و دۆخی ژیانیانەوە هەیە، چالاکانە بەشداربن.
پرسیاری سێهەمیش باس لەوە دەکات کە چۆن دەتوانین دۆخی نالەباری ژنان بگۆڕین. ئەم پرسیارە و هەنگاونان بەرەو گۆڕان، لەپاش ڕوونکردنەوەی دۆخی ژنان و هۆکارەکانی دێتە ئاراوە. واتە تا دیاردەی هەڵاواردنی ڕەگەزی و هۆکارەکانی بەباشى نەناسرێن و شرۆڤەی زانستی و بەپیزیان بۆ نەکرێت، نەتەنیا هەنگاوهەڵێنان بۆ گۆڕینی بێسوودە بەڵکوو دەتوانێ خۆی ببێتە هۆکاری زیادبوونی کێشە و هەڵاواردنەکان.
لە سەرەتاوە بەردی بناغەی فێمینیسم وەکوو پرسێکی جیهانی وڵامدانەوە بەم سێ پرسیارە بوو. بۆیە هەر لە سەر ئەم بنەمایە کە پرسی ژن پرسێکی جیهانییە و دەبێ هەموو ژنان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی هاودەنگ و یەکگرتوو بن، بەرەبەرە فێمینیسمی سێکولار، فێمینیسمی لیبراڵ و فێمینیسمی رادیکاڵ هاتنە ئاراوە و هەر ئەمانەش بوونە هۆی خستنە بەر باسی پەیمانی خوشکایەتی لە نێو فێمینیستەکانی جیهان. بەڵام دواجار لە هەندێ وڵات وەکوو ئەمریکا، کەنادا، هیندوستان و … ژنانی ڕەشپێست و هەروەها ژنانی نەتەوە بەکۆلۆنیکراوەکان، دوای ئەوەی تێگەیشتن لە لايەن ژنانی نەتەوەی سەردەست و چینی سەردەستەوە زیاتر لە پیاوانی هاونەتەوە و هاوچینی خۆیان دەچەوسێنەوە، پرسیاری چوارەم وەک پرسیارێکی مەزن هاتە ئاراوە. ئەویش ئەوە بوو کە چی لەمەڕ جیاوازییەکانی نێوان ژنان دەزانین؟ ئایا کێشەی ژنانی نەتەوە و چینی ژێردەست و بەکۆلۆنیکراو هەمان کێشەی ژنانی نەتەوە و چینی سەردەستە؟ هەر لێرەوە بوو کە دەیان ڕەهەندی جۆراوجۆری فێمینیستی سەری هەڵدا. فێمینیسمی رەش، فێمینیسمی هیندوستانی، فێمینیسمی عەرەبی، فێمینیسمی ژاپۆنی، فێمینیسمی کێبێکی و چەندین ڕەهەندی فێمینیسمی دیکە. چونکە بە گوێرەی توێژینەوە زانستی و کۆمەڵناسییەکان سەبارەت بە ژنانی نەتەوە بەکۆلۆنیکراوەکان، کێشەی ژنان تەنانەت لەنێو خودی ژنانیشدا جیاوازە و پەیمانی خوشکایەتی تا ئەو کاتەی هەموو جیاوازییەکان لەخۆ نەگرێت و هەموو مافەکانی ژنانی نەتەوە بەکۆلۆنیکراو و چینی ژێردەست نەپارێزێت، بێ مانایە. ئەگەرچی پرسی ژن پرسێکی جیهانییە بەڵام زۆرێک لە کێشەکان لۆکاڵ و هەرێمین کە بە پێ جوگرافیا و فەرهەنگ و بارودۆخی کۆمەڵگە کان جیاوازن و ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕێگەچارەکانیش بە گوێرەی ئەو فاکتەرانە دەبێ جیاواز بن.
لێرەدا باسی من زیاتر جەختکردن لەسەر جیاوازیی نێوان ژنانە. جیاوازیی ژنی کورد لە گەڵ ژنانی تر چییە؟ چۆنکە شوناس بە جیاوازییەکانیەوە پێناسە دەکرێت و ژنی کورد وەکوو مرۆڤێک کە هەڵگری شوناسی ڕەگەزی و نەتەوەیی و مرۆییە، بۆ گەیشتن بە متمانەبەخۆیی و سەربەخۆیی و بەرزەخۆیی پێویستە لە هەر یەک لەم سێ فاکتەرە شوناسییەدا ماف و پێگەی سەلمێندراو و پارێزراوبێت، تا لە نێو ئەم جیهانە بەرینەدا کەرامەتیشی پارێزراو بێت. نەدیتن و لە بەرچاونەگرتنی ئەم جیاوازییانە بۆ ژنی کورد کە بە هۆی پارچە پارچە بوونی وڵاتەکەی بەردەوام هەوڵی پارچە پارچەکردنی شوناسیشی دراوە، خزمەتکردن بەو سیستەمەیە کە حاشا لە بوونی دەکات.
ڕەوتی فێمینیسم لە کوردستان
١٠٧ ساڵ لەمەوپێش ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد لە باکووری کوردستان دامەزرا. لە مانگی جۆزەردانی ١٩١٩ی زایینی ئەنجوم یاموڵکی یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی ئەم ئەنجومەنە لە مەیدانی سوڵتان حەمیدی ئستانبۆل ئەمانجەکانی ڕێکخراوەکەی بەم شێوە ڕاگەیاند:
١- پێویستە ئێمە ژنانی کورد بۆ گەیشتن بە بیرۆکە و تێفکرینێکی سەردەمییانە و هاوشان لە گەڵ ژنانی جیهان هەوڵ بدەین و بە خوڵقاندنی هەلی باشتر بۆ کار و چالاکیی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆمان لە گەڵ ئاڵ و گۆڕی دنیای نوێ بگونجێنین.
٢-ئێستا کە هەموو گەلان بەدوای مافی خۆیانەوەن، ئیتر ژیانی هاوبەش لە گەڵ نەتەوەکانیتر واتای نەماوە (ئاماژە بە لاوازبوونی ئیمپراتۆریی عوسمانی)، کە وا بوو ئێمەی کوردیش داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەین و پێویستە زمان و فەرهەنگ و ئازادییەکانی ئێمە وەک نەتەوەی کورد بەفەرمی بناسرێت. ئەم وتارە لەژێر ناوی “ئاماژەیێک ” لە ژمارەی ٢٠ی گۆڤاری ژین چاپ و بڵاو کرایەوە.
چالاکییەکانی ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد بەم شێوەیە بوون:
- دامەزراندنی لقەکانی ئەنجومەن لە شار و گوندەکانی کوردستان بە مەبەستی چالاکییبەهێزتر
- کردنەوەی ژووری خوێندن و کتێبخانە بۆ ژنان
- چاپی نووسراوە و گۆڤار و کتێب و بڵاوکردنەوەیان لە شار و گوندەکانی کوردستان بە مەبەستی بردنەسەری ئاستی زانیاری ژنان لەسەر ماف و ئازادییەکانیان لەنێو بنەماڵە و کۆمەڵگە
- پاڵپشتی لە ئەو ژن و منداڵە کوردانەی کە لە شەڕی یەکەمی جیهانیداتووشی کارەسات بوون.
ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد لە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و دروست بوونی دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٤ی زایینی، لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە هەڵوەشایەوە و هەموو ئەو بەڵگانەی کە نیشاندەری هەبوون و چالاکی ئەم ئەنجومەنە بوون کۆ کرایەوە و لە ژێر ناوی بەڵگەی نهێنی ئەرشیڤ کران. بۆ نزیکەی یەک سەدە خەڵک زانیارییەکیان سەبارەت بەم ئەنجومەنە و چالاکییەکانیان نەبوو. ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی ٢٥ ژمارە لە گۆڤاری ژین لەلایەن موحەممەد ئەمین بۆزئەرسەلانەوە دۆزرانەوە و یەکەم زانیاریی لەسەر ئەم ڕێکخراوەیە ئاشکرا کرا، بەڵام هەتا ساڵی ٢٠١٧ کە بڕێک لەم بەڵگە نهێنییانە لەلایەن دەوڵەتەوە نرایە بەردەستی زانکۆی بلگی ئەستەنبۆل و توێژینەوەی لەسەر کرا، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەری نەبوو. گرینگی ئەم ئەنجومەنە لەوەدايە کە نەک هەر یەکەم چالاکیی ڕێکخراوەیی ژنانی کوردە، بەڵکوو یەکەم چالاکیی ڕێکخراوەیی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە کە بۆ چارەسەری پرسی ژنان بەرنامەیان داڕشتبوو.
ئامانجم لە گێڕانەوەی مێژووی ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەیە بڵێم کۆلۆنیالیزم کاتێ دەست بەسەر نەتەوەیێکدا دەگرێت، سەرەتا هەوڵی سڕینەوەی مێژووی ئەو نەتەوەیە دەدات، بۆیە هەر جۆرە بەڵگە و ڕێکخراوە و چالاکییەک کە شوناسی مرۆڤە بە کۆلۆنیکراو ەکان بپارێزێت، لەنێوی دەبات، چ شوناسی نەتەوەیی بێت و چ شوناسی ڕەگەزی. ئەگەر ئەم ڕێکخراوەیە هەلی کار و چالاکیی لێ نەستێندرایە و بەڵگەی چالاکییەکانیان وەکوو بەڵگەی نهێنی ئەرشیڤ نەکرایە، دەیتوانی ببێتە بناغە و هەوێنی پێکهێنانی گوتارێکی فێمینیستی بۆ ژنانی کوردستان و ویست و داخوازییەکانیان لە نێو ئەو گوتارەدا کۆبکرایتاوە. بەڵام بە چاوخشاندنێک بە فۆرمگەلێک لە فێمینسم کە دواجار و تا ئێستا لە کوردستان هاتوونەتە ئاراوە، دەبینین هەر هەموویان بێبەرین لە ناوەڕۆکی کوردستانی و زیاتر بە هەڵواسینی خۆیان بە نوسخەیێکی لە پێش ئامادەکراوی ژنانی فارس و عەرەب و تورک دەڕۆنە پێشەوە. واتە ناوەڕۆکی فێمینیسم لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بە فێمینیسمی عەرەبی و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فێمینیسمی تورکیزەکراو و فارسیزەکراو پڕکراونەتەوە کە لە هەر کام لەم سێ حاڵەتەشدا ئەم فێمینیسمانە تێکەڵاوی بیرێکی ناوەندخوازی کۆلۆنیالیستین و حاشاکردن لە کورد وەک نەتەوە، خاڵی هاوبەش و نهێنی هەموویانە. بۆ نموونە تاقمێک لە فێمینیستە کوردەکان دەبینین کە لایەنگری نەوال سەعداوین و قسەکانی وەکوو وانەی متمانە پێکراو دووپات دەکەنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەوال سەعداوی یەکێک لەو ژنانە بوو کە لە ساڵی ١٩٨٢ لە قاهیرە بناغەی فێمینیزمی عەرەبی لە پێناو یەکیەتی دنیای عەڕەب داڕشت و ڕەنگدانەوەی ئەم بیرۆکەیەش لە هەڵوێستە دژوازەکانی سەعداوی لە ئاست پرسی فەلەستین و کوردستان دەبینرێت. کاتێک لەسەر پرسی فەلەستین پرسیاریان لێ دەکرد بە ڕوونی و بە ئاشکرا داکۆکی لە مافی فەلەستین وەک وڵاتێکی سەربەخۆی عەرەبی دەکرد، بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەوە چەند ساڵ لەمەوپێش لە سێمینارێک لە ستۆکهۆڵم کە لە سەر پرسی پەنابەری و کاریگەرییەکانی بەهاری عەرەبی ڕێکخرابوو، کاتێک لە مەڕ پرسی کوردستان پرسیاریان لێکرد، خۆی لە وڵامدانەوە دزییەوە و گوتی “کوا جیابوونەوەی نەتەوەکان باوی ماوە” و هەمیشەش داکۆکی لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا (وەکوو دوو وڵاتی عەرەبی) دەکرد. لێرەدا باس ئەوەیە کە ئەگەرچی نەوال سەعداوییەکان لە ڕوانگەی پۆست کۆلۆنیالیستییەوە بۆ پرسی ژن دەڕوانن و ئەمەش ڕوانگەیێکی پێشکەوتوویە، بەڵام چونکە تەنیا لەبەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری دێنن واتە نایگشتێنن بۆ ژنانی نەتەوە بەکۆلۆنیکراو ەکانی دیکە و کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی وڵاتان ناپێکن، بۆ ژنی کورد ڕزگاریی دەستەبەر ناکات.
جۆرێکی تری فێمینیسم کە لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە فێمینیسمێکە کە لەژێر کاریگەری بیری مارکسیستی و جیهان وەتەنییە و لە ڕاستیدا گرینگییەک بە ماف، شوناس و خەباتی نەتەوەیی نادات و لە ژێر ناوی خەباتی جیهانیی ژنان و گشتگیر بوونی پرسی ژن لە جیهاندا، جیاوازییە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکان پەراوێز و پشتگوێ دەخات. هەر ئەم جۆرە فێمینیستانەش بوون کە هەموو هەوڵێکیان دا خەباتی بێ وێنەی ژنان لە کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، کە تێکەڵاوی رۆحێکی نەتەوەیی بوو و بە بەشداری ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهات بەتەواوی بخەنە ژێر ئایدۆلۆژییەکی تایبەت و پووچەڵ لە ڕۆحی نەتەوەیی نیشانی بدەن. ئەگەرچی ئەم هەوڵە زیاتر لەلایەن مارکسیستە غەیرەکوردەکانەوە دەدرا، بەڵام بۆشاییەکیش کە لە گوتاری ژنولۆژیی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا هەیە و دەوری ستەمی نەتەوەیی لە سەرهەڵدانی ئازادیخوازانەی ژنانی کورد بەڕوونی باس ناکات، بووەتە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە دوو ئاخێزگە سەرەکییەکەی سەرهەڵدان و خەباتی ژنانی کورد واتە ئاخێزگەی نەتەوەیی نەبینرێت.
لە ئاکامدا کۆی لایەنگرانی ئەم جۆرە گوتارانە دەبنە کوردە فێمینیستێکی ناوشیار. واتە بە بێ رەچاوکردنی جیاوازییەکانی خۆی دەیهەوێ کێشەی ژنانی کورد بە شێواز و مودێلی ژنێکی فارس، عەرەب، تورک یان ژنێکی جیهان وەتەنەوە چارەسەر بکات و رەهەندێکی جیاواز و تایبەت بە خۆی نەبێت.
ڕزگاریی ڕەگەزی و ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ ژنی کورد گرێدراوی یەکترن و پێکەوە دەکەونە ژێر چەمکی مافخوازییەوە و ژنێکی وشیار و مافخواز ناتوانێ لە ئاست کێشەکانی نەتەوەکەی بێ هەڵوێست بێت. نموونەی ئەم جۆرە هەڵوێستە نەتەوەییانە لە مێژووی فێمینیسم و هەر لە لایەن فێمینیستە ڕۆژئاواییەکانەوە زۆرە، بەڵام کەمتر باسکراوە. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە هەڵوێستی ئێمیلیەن پەنکرێستی ئینگلیزی و کریستییەنی کچی بکەین کە کاتی خۆی لە بناغەدانەرانی فێمینیسم لە ئاستی جیهانیدا بوون و دەیان جار لەبەر خەباتی فێمینیستییان زیندانی کراون و زۆرترین تێچووشیان لەم بوارەوە داوە، بەڵام لە ساڵی ١٩١٤ لە شەڕی یەکەمی جیهانی، کاتێک ئینگلیز لەلایەن ئاڵمانەوە هەڕەشەی لەسەر بوو، ئێمیلیەن و کریستییەن بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ بەشێکی سەرەکی لە خەباتی خۆیان بۆ خەباتی نەتەوەیی تەرخان کرد و تەنانەت ناوی گۆڤارە فێمینیستییەکەیان لە “یەکیەتی کۆمەڵایەتی-سیاسی ژنانەوە” کردە “بەریتانیا” و، هەروەها لەو ماوەیەدا دروشمەکانیان لە دروشمی فێمینیستییەوە بۆ دروشمی نەتەوەیی گۆڕی. ئەمەش پیشاندەری گرینگی سەروەری و سەربەخۆیی نەتەوەییە بۆ ژنە فێمینیستێکی پێشەنگ و شۆڕشگێڕ.
لە ڕاستیدا زۆربەی هەرەزۆری نەتەوەکانی جیهان لەسەر بنەمایێکی نەتەوەخوازانە و ناسیۆنالیستی بوونەتە خاوەن وڵات و دەسەڵات و سەربەخۆییان بەدەست هێناوە، بەڵام هەر ئەمانە لە ئاست نەتەوەی کورد سیمای ناسیۆنالیسم ڕەش دەکەن و هەوڵیان ئەوەیە تا بەم شێوەیە کورد، کە بەدڵنیاییەوە یەکێک لە چەوساوەترین نەتەوەکانی جیهانە، لە بەدواداچوون بۆ مافە نەتەوەییەکانی پەشگەز بکەنەوە. ئەمەش قسەیێکی فۆکۆمان بیردەخاتەوە کە دەڵێت لە هەر قۆناغێک لە مێژوو دیاردە و ڕووداوەکان بەپێی قازانجی دەسەڵاتداران پێناسە دەکرێن.
ژنوشیاریی
بەڕوونی ئاشکرایە کە ئێمەی ژنانی کورد وەکوو ئەندامانی نەتەوەیێکی ژێردەست و بەکۆلۆنیکراو پێویستە ڕەهەندی فێمینیستی خۆمان دیاری بکەین و ویست و داخوازییەکانی خۆمان لە چوارچێوەیێک کە سەرجەم مافە ڕەگەزی و نەتەوەیی و مرۆییەکانمان لەبەر بگرێت دیاری بکەین و بە شێوەی لۆکاڵ و خۆجێی هەنگاوی بۆ هەڵێنین.
هەر وەکوو پێناسەی ناسیۆنالیسمی شوناسخواز و سەربەخۆیی خوازی کوردستانی لە دەوری چەمک و دەستەواژەی”کوردایەتی” کۆبووەتەوە کە ئامانجی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی کوردە، بۆ فێمینیسمی کوردستانیش پێشنیاری من دەستەواژەی “ژنوشیاری “یە. بەڕای من ژنوشیاریی دوو بەشی سەرەکی هەیە. یەکەم وشیار بوون سەبارەت بە پێگە و دۆخی خۆی وەکوو ڕەگەزی ژن لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا، دووەم هەڵوێستی وشیارانە سەبارەت بە هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە خۆیەوە، لە ژینگە و شوناسەوە بگرە هەتا پرسی نەتەوەیی و چینایەتی. هەنگاو هەڵێنان و چالاکی لەم دوو بەشەدا پێویستی بە ژنێک هەیە کە هەڵگر یان پێکهێنەری ئەم تایبەتمەندی و فاکتەرانە بێت:
- ژنوشیار وەکوو ژنێکی بەرپرس چاو لە دیاردە و کێشەکانی کۆمەڵگەدەکات، نەک وەکوو ژنێکی قوربانی. چۆن ئەم شێوازە روانینە ناچارمان دەکات بەدوای هۆکاری کێشەکاندا بگەڕێین و ئەرکمان دەخاتە سەر شان و دەبیتە بەشێک لە چارەسەرییەکان و هەوڵێکی بەهێزیشە بۆ سڕینەوەی ئەو پێناسەگەلە لەخۆماندا کە لەلایەن پیاوان و ئەویدییەکانەوە پێمان دراوە و، لەئاکامیشدا لە بەرهەمهێنانی زانست و لۆژیک بەشدار دەبین بەڵام کاتێ وەکوو قوربانییەک هەڵسوکەوت و چاو لە کێشەکانی کۆمەڵگە بکەین لەجیاتی هۆکار بەدوای تاوانباردا دەگەڕین و ئەمەش هەم دۆخی خۆمان وەکوو ژن ئاڵۆزتر دەکات و هەم دۆخی کۆمەڵگەکەمان.
- ژنوشیار زیاتر لەوەی کە کێشە تاکەکەسییەکانی خۆی بگوازێتەوە و بیکاتە کێشەی کۆمەڵگە، کێشە گشتییەکان بەهی خۆی دەزانێت و هەوڵی دۆزینەوەی هۆکار و چارەسەرکردنیان لەرێگای زانستی و بەرپرسانەوە دەدات. ئەمەش ڕێگایێکە بۆ ئەوەی کە پرسە سەرەکییەکان بناسین و ئینجا کێشە تاکەکەسییەکان لەم بەستێنەدا شرۆڤە و چارەسەر بکەین.
- وەک چۆنکەسایەتییە گەورەکانی فێمینیزم وەکوو ئلێمپ دوگۆژی فەڕەنسی کە نووسەری یەکەم مەنشووری مافی ژنان لە جیهاندایە لە پێش هەموو هەوڵێک دژی یاسا و دەسەڵاتێک وەستایەوە کە مافی ژنانی پێشل دەکرد، پێویستە ژنی کوردیش لەپێش هەموو شتێکدا دژی دەسەڵاتێک بوەستێتەوە و سەرهەڵدان بکات کە بەشێوەی سیستەماتیک و یاسایی مافە ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئینسانییەکانی پێشل دەکات، نەک ئەوەی خەباتی خۆی بەرتەسک بکاتەوە بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ بنەماڵەکەی کە ئەوانیش بەش بە حاڵی خۆیان قوربانیی و بەرهەمی ئەو دەسەڵات و سیستەمە کۆلۆنیالیستییەن. کە وایە ژنوشیار هەوڵ دەدات زۆر ژیرانە پێناسە و پۆڵێنبەندییەکی دروستی لە پرس و کێشەکان هەبێت و هەنگاو بە هەنگاو و بەلەبەرچاوگرتنی پێشترییەت (ئەولەوییەت) و پێویستی بۆ چارەسەرکردنیان بڕوات.
- بەشێکی بەرچاولە مافی ژنان لە ڕێگای یاساوە دەستەبەر دەکرێت، بۆ دانانی یاساش دەبێ ژنان بەشداری دەسەڵات بن، کە وابوو ژنوشیار پێویستە سەرەڕای ئەوەی کە وەکوو کوردێک دەبێ لە بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا بەشدار بێت، پێویستە وەکوو ژنێکیش دوورەدیمەنی دەسەڵات لە کوردستان لەبەر چاو بگرێت و لە ئێستادا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت تا دواجار گۆڕەپانی یاسادانان و دەسەڵات بۆ پیاوان چۆڵ نەبێت و ژنی کوردیش لە دانانی یاسا و بەڕێوەبەریی وڵاتدا پشکی خۆی بەرکەوێت.
- ژنوشیار لە ڕوانگەی خۆی و لەزاری خۆیەوە پرس و کێشە رەگەزییەکانی دەگێڕێتەوە و بەدەستی خۆی ئەزموونی ژینکراوی تۆماردەکات،تا بەم شێوە هەم گێڕانەوەکان لە کۆلۆنیالیزم وەربگیرێتەوە و ڕێگە نەدات لەلایەن ژنانی داگیرکەرەوە بکرێتە ئۆبژە (واتا ڕێگە نادات ببێتە ئۆبژەی ئۆبژەکان) و هەم مۆری کوردستانی لە سەر هەموو چالاکی و دروشمەکانی دادەنێت و بەم کارە فێمینیسمی کوردستانیش دێنێتە نێو ڕەهەندەکانی فێمینیسم لە جیهاندا و جیاوازییەکانی ئەم قوناغەی ژنی کورد بە فەرمی دەناسێنرێت.
- ژنوشیار بە تێڕامان و بیرکردنەوەیێکی قووڵ هەوڵ دەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە لە کۆتاییدا چ فۆرم یان فۆرمەگەلێ لە ژیانی کۆمەڵایەتی دەتوانێ وڵامدەری ئامانج و پێداویستییەکانی مرۆڤ بێت و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دنیای ئەمڕۆدا بگونجێت. چۆن ئەگەر هەوڵ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە نەدات،لە کۆتاییدا دیسان دەخرێتە پەراوێزەوە.
ژنوشیاریی بۆ شرۆڤە و چارەسەری پرسی ژنی کورد کە پرسێکی پڕدژوار و ئینترسێکشناڵە, ڕوانگەیێکی سێ ڕەهەندی هەیە:
- ڕەهەندی یەکەم دەرەکی و ڕوو بە فێمینیزمی ناوەندخواز و دیاریکردنی سنوورەکانیەتی لەگەڵ ئەو گوتارانەی کە بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی بەشێک لە شوناس و ئەزموونی ژینکراوی ژنی کورد واتەکوردبوونیان داوە.
- ڕەهەندی دووەم ڕووبە ناسیۆنالیزمی نەریتخواز کە لەژێر ناوی هەوڵدان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی هەوڵی هەڵپەساردن و دواخستنی ڕزگارییڕەگەزی دەدات.
- ڕەهەندی سێهەم نێوخۆیی و ڕوو بە کۆمەڵگەی کوردستان و دژ بە هەرجۆرە بیر و یاسای پیاوسالارانە کە تەنگی بە ژنانی کوردستان هەڵچنیوە.
ڕەهەندی یەکەم دەرەکی و ڕوو بە فێمینیسمی ناوەندخواز
فێممینیزمی ناوەندخواز ئەگەرچی لە تیۆریدا دژ بە دەوڵەت-نەتەوە بێت بەڵام لە کردەوەدا زیاتر لەوەی دژی دەوڵەت-نەتەوەی سەرکوتکەر و باوکسالاری زاڵ بێت، دژی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی نەتەوە ژێردەستەکانە.
خوشکەکانمان لە ڕۆژاوا سەلماندیان کە ژنانی کورد دەتوانن لە ئاستێکی بەرزدا ئازاد و بەهێز بن بەڵام هاوکات کۆلۆنیالیزمی پیاوسالارانەی ئەحمەد شەرع بۆمانی دەرخست کە بەبێ کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ کە پاڵپشتی لە دەسکەوتەکانمان بکات، ئەو ئازادییە دەتوانێ چەندە لەرزۆک و پڕمەترسی بێت. بۆیە جەختکردن لە سەر کیانێکی سیاسی یان دەوڵەتێکی کوردستانی وەکوو ئامانجێکی ستراتێژیک پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. ڕەنگە ئەم ئامانجەش ژنوشیاریی لە هەمبەر ئەو گوتارە پۆست مۆدێرن و ئایدیۆلۆژیکانە دابنێت کە روانگەیێکی ئینتێرناسیۆناڵیان هەيە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ژیوپۆلیتیکی ناوچەکە باسی پێکەوەژیان و خوشک و برایەتی گەلان دەکەن. بەڵام ژنوشیاریی جەخت لەوە دەکات کە بە بێ هەبوونی کیانێکی سیاسی سەربەخۆ کە لەنێو ئاگردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرگریت لێبکات، تەنانەت پێشکەوتووترین پرۆژە فێمینیستی و ئێکۆلۆژیکەکانیش لە ئان و ساتێکدا دەتوانن بەدەستی هێزە شۆڤینیستەکان لەنێو بچن. واتە پڕۆژە ڕزگاریخوازەکان لە بۆشایی سیاسیدا درێژەیان نابێت و تەنانەت بە حاشاکردن لە خواستی خۆت وەکوو نەتەوەیێک بۆ وەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینیش ناتوانی متمانەی شۆڤینیزم بەدەست بێنیت. هەروەها گوتاری خوشک و برایەتی گەلان لە رۆژاوای کوردستان دەریخست کە ئەم گوتارە مادامێ کە لە پێگەی لاوازی و بێدەسەڵاتیدا بێت بێئاکام دەبێت و ئەگەر دەسەڵاتی هاوسەنگت لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە نەبێت، تەنانەت ئەم گوتارە دەتوانێ ببێتە هۆی کارەسات و لەنێو چوونی نەتەوەی کورد. بۆیە لێرەدا پێکهێنانی کیانێکی سیاسی سەربەخۆ ئامانجێکی ستراتێژیک و مەرجی مانەوەمانە.
پرسیارێک کە ڕەنگبێ لێرەدا بێتە ئاراوە ئەوەیە کە مادامێ کە دەوڵەت بەرهەمی باوکسالارییە و سەرکوتکەرە، چۆن دەتوانێ لە گوتارێکی فێمینیستیدا ئەوەندە ڕەنگ بداتەوە کە ئەو فێمینیستانە بەشێک لە خەباتی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن؟ لە وڵامدا پێویستە دوو بابەت رەچاو بکرێت:
- یەکەم،نەتەوەی کورد لە قوناغی داگیرکراویدایە. بۆ ئێمە دەوڵەت تەنیا بە مانای دەسەڵات نییە بەڵکوو زیاتر بەواتای “مافی بەرگریکردن لە ژیانی بەکۆمەڵ” مانە. ئێمە دەبێ لەم جیهانە سەرەتا مافی بەرگری لە ژیانی بەکۆمەڵی خۆمان بەفەرمی مسۆگەر بکەین تا بتوانین لە نێویدا خەبات بۆ یەکسانی و گەیشتن به ژیانێکی ئینسانی تا کۆتا قوناغ درێژە پێبدەین.
- دووەم،دەوڵەتێک کە هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە شوێنی رەنگدانەوەی ئامانجە فێمینیستییەکان بێت، بەرهەمهێنەرەوەی دەوڵەت-نەتەوەیێکی باوکسالار نییە بەڵکوو بەهۆی بەشداریی وشیارانەی ژنان بۆ دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە، بیرۆکەی فێمینیستی و ئامانجە یەکسانیخوازەکانی لەنێو تان و پۆیدا خۆی تەنیوەتەوە و بووەتە بەردی بناغەی پێکهاتنی ئەو دەوڵەتە. بۆیە هیچکات ڕێگە نادەین ئەو دامەزراوە وەکوو قەڵایێکی پیاوانەی لێبێت کە لە ئەگەرێکی وەهادا یەکەم کەسانێک کە دژی دەوەستێنەوە ئێمە ژنان دەبین.
ڕووخانی کۆلۆنیالیزم بەشێکی بەرچاو لە پرسە چینایەتییەکانیش چارەسەردەکات، چونکە بەشێکی زۆر لە ژێردەستەبوونی ئابووری بەهۆی ستەمی نەتەوەییەوەیە و لە حاڵەتی بەکۆلۆنیکراو یدا سەرچاوە سروشتی و ئینسانییەکانمان زیاتر لەوەی کە لەلایەن بورژواوە تاڵان بکرێن، لەلایەن کۆلونیالیزمەوە تاڵان دەکرێن.
لەم ڕەهەندە پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم کە پەیوەندی ژنوشیاریی لە گەڵ ژنانی نەتەوەی سەردەست پەیوەندیێکی ئانتاگونیک (دوژمنکارانە) نییە، بەڵکوو بەمەرجی هەوڵدانی ئەوان بۆ گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان دەتوانین هاوپەیمانانی داهاتووی یەکتر بین.
ڕەهەندی دووەم ڕووبە ناسیۆنالیزمی نەریتخواز
ئێمە ئەگەرچی نەتەوەیێکی ژێردەست و ستەملێکراوین، بەڵام هاوکات ئەندامانی ئەم نەتەوە ستەملێکراوە دەتوانن لەنێو خۆیاندا ستەمگەر و زاڵم بن. بۆیە ژنوشیاریی ڕوو بە ناسیۆنالیستە نەریتخوازەکان ئەڵێ: ئێمە لە سەنگەری دژی داگیرکەر، لەپاڵ ئێوەوە راوەستاوین بەڵام لە حیزب و لە کۆمەڵگەدا ئێمە خوشک، دایک، کچ و ژنانی گوێڕایەڵی ئێوە نین، بەڵکوو تاکێکی ئازاد و سەربەخۆین کە ڕێگە نادەین هیچ کەسێک و بە هیچ بیانوویێکەوە کەرامەتی ئینسانی و ئازادیمان پێشل بکات.
ژنانی کوردستان ناگەنە یەکسانی، سەربەخۆیی و سەربەستی ئەگەر هەموو بوارەکانی هەڵاواردن بەشێوەی هاوتەریب نەپێکن و خەباتیان لەم قوناغەدا خەباتێکی یەکپارچە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و چینایەتی نەبێت و پەیوەندی پرسی ژن، پرسی نەتەوە و پرسی چینایەتی لە کوردستان لەچوارچێوەیێکی دیاریکراودا تیۆریزە نەکەنەوە. بۆیە ژنوشیاریی بە پێویستی دەزانێت وەکوو هەنگاوی یەکەم پێناسەی چەمکی ناسیۆنالیزم، کە ئامرازی گەیشتن بە کیانێکی سیاسی سەربەخۆیە لە پیاوسالار و نەریتخوازەکان وەربگیرێتەوە و لە ڕوانگەی خۆیەوە سەرلەنوێ پێناسەی بکاتەوە.
ناسیۆنالیزمی کوردستانی لە ڕوانگەی ژنوشیارییەوە
سەرجەم تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە تایبەتمەندی ناسیۆنالیزمی نەتەوە ژێردەستەکان، مافخوازی، بەرگریکاری و فرەناوەندنبوونە بەڵام هاوکات بە هۆی مەترسی پاکتاوکردنی زمانی و فەرهەنگییان لەلایەن داگیرکەرانەوە بەردەوام هەوڵی پاراستنی نەریتەکانیان بە باش و خراپییەوە داوە. واتە بەهۆی ژێردەستەیی و نەبوونی دەسەڵات بۆ پاراستنی شوناس و فەرهەنگی خۆیان، لە زۆر شوێندا رێگەیان بە چاکسازی و ڕیفۆرمی نەریتەکان نەداوە چونکە یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکان بۆ مودێڕن کردن و پێشخستنی فەرهەنگ، هەبوونی دەسەڵاتێکە کە لە بەستێنێکی ئارام و لەباردا پاڵپشتی بژاری فەرهەنگی بێت و بەشێوەی زانستی و ڕادیکاڵ نەریتە خراپەکان بخرێتە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و وەلا بنرێن و نەریتە باشەکانیش بپارێزرێن. ئەمانەش هەمووی بەیارمەتی ویست و یاساوە دەکرێن، واتە هەم بتهەوێ ئەو کارە بکەیت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی یاسادانانت هەبێت.
ناسیۆنالیزمی کوردستانی تا ئێستا هەڵگری ئەم تایبەتمەندییانەی نەتەوە ژێردەستەکان بووە؛ واتە مافخواز، بەرگریکار، فرەناوەند و لە زۆر شوێنیش نەریتخواز. بەڵام ژنوشیاریی باس لەوە دەکات کە لە تەنیشت پاراستنی سێ فاکتەری ئەرێنیی مافخوازی، بەرگریکاری و فرەناوەندبوون دەبێ لە هەمبەر مەترسیی فاکتەری چوارەم واتە نەریتخوازیی وشیار بین و هەوڵی ئەوە بدەین پێشڕەو بوون ببێتە جێگرەوەی. ئەمەش بە ئاگاداری لەسەر ئەوە دەکرێت کە نابێ چاوەڕێی دوا قوناغی پێکهێنانی دەوڵەت بین، بەڵکوو دەبێ هەر لە ئێستاوە بەشێوەی زانستی هەموو ئاست و لایەنەکانی نەریتخوازی بخرێنە بەر توێژینەوە و بە شێوەی کردەیی گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.
بەگشتی لە ڕوانگەی ژنوشیارییەوە ناسیۆنالیزمی کوردستانی دەبێ هەڵگری ئەم تایبەتمەندییانە بێت:
١-لە ناسیوناڵیزمی کوردستانیدا ژن دەبێ شارومەندێکی تەواو بێت بە هەموو مافە یاسایی و ئینسانییەکانییەوە، نەک هێمای پاکی وپارێزەری نەجابەتی نەتەوەیێک، واتە نابێ ژن وەکوو دایکی نیشتمان پێناسە بکرێت و بەم شێوەیە ئازادییەکانی سنووردار بکرێتەوە.
٢- دەبێ ناسیۆنالیزمی کوردستانی بەربەرەکانی دژی هەموو هەڵاواردنەکانی نێو کۆمەڵگە (رەگەزی، نەتەوەیی، چینایەتی، ئایینی) وەکوو بەشێکی دانەبڕاو لە دەسەڵاتی نەتەوەیی بزانێت و نەک ئازادیی نەتەوەیی بەمانای ئازادی پیاوان بێت، بەڵکوو هاوکات دەبێ هەم لە تیۆری و هەم بە کردەوە ئازادی ژنان لە چنگ دەسەڵاتی پیاوسالارانە، مەرجی سەرەکی ڕزگاریی کوردستان بێت، واتە شوناسی ڕاستەقینەی نەتەوەیی لەم ناسیۆنالیزمەدا دەبێ لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری دامەزرابێت، نەک پاراستنی نەریتە پیاوسالارانەکان.
٣-ناسیوناڵیزمی کوردستانی بەدوای وەدەستهێنانی دەسەڵات و کیانێکی سەربەخۆی سیاسییەوەیە، بەڵام پێویستە ئەم کیان و دەسەڵاتەی بۆ پاراستنی کەرامەت و ئازادی نەتەوەکەی بە هەموو ڕەگەز، چین و پێکهاتەکانیەوە بەکار بێنێت. واتە لەم ڕوانگەیەوە ناسیۆنالیزم هەلێکە بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە کوردستان و خوڵقاندنی کەشێک بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی ژنانی کورد.
٤- ناسیۆنالیزمی کوردستانی لە ڕوانگەی ژنوشیارییەوە دەبێ هاودەنگ لەگەڵ هەموو بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی جیهان بێت و نەک خۆی لە بەرانبەر ئەواندا پێناسە نەکات، بەڵکوو هاوکات بە جەختکردن لەسەر پێناسەی کوردستانیبوونیەوە پاڵپشتی هەر بزووتنەوەیەک بێت کە پارێزەری کەرامەت و ئازادی مرۆڤە.
ژنوشیاریی لەم ڕەهەندەدا جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە نابێ ڕێگە بدرێت ئیرادەی سیاسی ژنانی کورد بۆ گۆڕان لە لایەن حیزب یان ئیدئۆلۆژییەکەوە بۆ هەندێ بەرژەوەندییان کاناڵیزە بکرێتەوە و بۆیە دژی هەر حیزب یان ڕێکخراوێک دەوەستێتەوە کە هێز و ورەی ژنانی کورد دەخاتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە.
ڕەهەندی سێهەم نێوخۆیی و ڕوو بە کۆمەڵگەی کوردستان
پیاوسالاری سەرەکیترین هۆکاری هەڵاواردنی ڕەگەزییە چونکە وێژمانێکی داسەپێنراوە کە لە ڕوانگەی پیاوانەوە باسی جیهان دەکات و هەموو چوارچێوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و یاساییەکانی کۆمەڵگە لەو وێژمانەوە سەر هەڵدەدات و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی بالادەست مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندی پیاوان. مافخوازی بۆ ژنان لەنێو ئەم وێژمانەدا سوڕێکی بەتاڵە و ئاکامێکی نابێت. کەوایە خستنە ژێر پرسیاری گشت لایەنەکانی ئەم وێژمانە، بەشێوەی زانستی و سەرهەڵدان لە ئاست بنەما هەڵە و ناڕەواکانی یەکێک لە ئامانجەکانی ژنوشیارییە.
پیاوسالاریی کە دیاردەیێکی جیهانییە بەگشتی دوو جۆرە، پیاوسالاریی نادینی و پیاوسالاریی دینی.
پیاوسالاریی نادینی: ئەو پیاوسالارییەی کە زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش لە ژیربیژیی ئەرەستوودا ژن وەک پیاوی ناتەواو پێناسە دەکرا، لە پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕوسۆدا ژن بۆ خزمەتکردن بە پیاوان پەروەردە دەکرا، لە فەلسەفەی نیچەدا کاتی ڕۆیشتن بۆ لای ژنان قامچی دەدرا دەستی پیاوان و لە زانستی دەروونناسیی فرۆیددا، ژن وەکوو پیاوێکی خەسێنراو شرۆڤە دەکرا. هەموو ئەم بیردۆزانە هەڵە بوون و بۆ سەدان ساڵ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر متمانەبەخۆیی ژنان دانابوو، بەڵام چونکە لە سەر بنەمایێکی نادینی و بەپێی زانستی ئەو سەردەمانە داڕێژرابوون، بەستێنی ئەوە هەبوو کە دواتر بە هێزی ئیستدلال تێکبدرێن و بزووتنەوەی زانستی دژی ئەو جۆرە بیردۆزانە سەرهەڵدات. کەچی هەر ئەم بزووتنەوە زانستییانەش یەکێک لە هۆکارە گرینگەکان بوون کە لە وڵاتە ڕۆژاواییەکان گۆڕانکارییان خوڵقاند و یاسا پیاوسالارانەکانیان هەڵوەشاندەوە.
پیاوسالاریی دینی: پیاوسالاری لە دینە ئاسمانییەکاندا لە سەر ئیمان و تێگەیشتنێکی میتافیزیکی داڕێژراوە و بەشێک لە ئیمان و باوەڕی باوەڕمەندان و لایەنگرانی ئەم دینانەیە و زۆربەی هەرەزۆری چوارچێوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییەکانی ئەو کۆمەڵگەیانەش هەر لەسەر ئەو وێژمانە پیاوسالارانە و بۆ سەردەست مانەوەی پیاوان داڕێژراون. واتە باوەڕ بە سەردەست بوونی پیاوە کە دەسەڵات دەداتە پیاو و یاساش بۆ پاڵپشتی لە دەسەڵاتداران بە روالەتێکی شارستانییانەوە دادەڕێژرێت. لێرەیە کە ئیمان و یاسا پێکەوە دەبنە هۆی کارەسات دژ بە ڕەگەزی ژن، هەر بەم هۆکارانەش لەو کۆمەڵگەیانە کە لەژێر هێژەموونی دیندان، مافخوازی بۆ ژنان پێویستی بە خەبات و تێکۆشانی دووقات هەیە تا ئیمان و یاسا لێک جیابکرێنەوە و کۆمەڵگە لە بیر و باوەڕە خوڕافییەکان دوور بگرێت و ئاوەز، هۆدان و ئەزموون بۆ چارەسەری کێشەکان بەکار بێنێت.
ژنوشیاریی هەر لەسەر ئەم بنەمایە بڕوای وایە لەم کۆمەڵگەیانەدا پێویستە سەرەتا یاساکان بێنە ژێر پرسیار و ئیمان وەکوو بابەتێکی تاکەکەسی بمێنێتەوە، ئەوسا دەکرێت یاسا پیاوسالارانە و دژەژنەکان وەکوو دیاردەیێکی واقیعی نەک باوەڕیی و بە هۆدانی ئەقڵانییەوە هەڵوەشینرێن و سەرلەنوێ داڕژێنەوە، واتە یاسا لە ژێر کاریگەریی ئیمان بێتە دەر و بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی ژن و لە پێگەیێکی مرۆڤانەوە داڕێژرێنەوە. بۆ ئەم بابەتەش لەبەرچاوگرتنی فرەچەشنیی کۆمەڵگەی کوردستان و داڕشتنی یاسا بەشێوەیێک کە پارێزەری ستەملێکراوترین کەس، چین، تاقم و پێکهاتەکانی کوردستان بێت پێویست و زەرورییە.
لەم قوناغە و بۆ گۆڕینی وێژمانی پیاوسالارانە لە کۆمەڵگەی کوردستان، پێویستە سێ خاڵی گرینگ کە کاریگەرییان لە سەر گۆڕینی دۆخی ژنان و دروستکردنی وێژمانێکی ئینسانی و دوورکەوتنەوە لە وێژمانی پیاوسالارانە هەیە بخرێنە بەر باس:
- ڕۆڵی ژن لە فۆلکلۆری کوردی و بەبنەماگرتنی بۆ گۆڕانکاری
- ڕۆڵی زمان و وێژە لە سەر گۆڕینی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان
- رۆڵی پیاوان لە ڕەوتی یەکسانیخوازیی نێوان ژنان و پیاوان
١-گرینگی فۆلکلۆر لە ڕەوتی گۆڕانکاریی لە دۆخی ژناندا، پێوەندی بە باسی شوناسەوە هەیە. واتە هەتاکوو کەسێک ڕیشە و داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەی خۆی بە دروستی نەناسێت، ناتوانێت هەنگاوێکی پتەو بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستای هەڵگرێت. بەشێک لە فۆلکلۆر نوێنەری دۆخی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیە لە ڕابردوودا و بەشێکیتریشی نوێنەری خۆزگە و ئاواتەکانی خەڵکە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دڵخواز. کە وایە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر دۆخی ژنانی کورد پێویستە پلەوپێگەیان لەم دوو بەشەی فۆلکلۆر جیابکرێتەوە تا پێناسەیێکی ڕاستەقینەمان لە ژنی کورد لە کۆمەڵگەی کوردستان دەستکەوێت.
ژنان لە فۆلکلۆری کوردیدا کەسایەتییە سەرەکییەکانی زۆربەی ئەو ستران و چیرۆکانەن کە سەرهەڵدان لە یاسا بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە ستایش دەکەن. ئەو یاسایانەی کۆمەڵگەیان تووشی نەهامەتی کردووە. بەڵام ئەم سەرهەڵدانە تا چ رادەیێک لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەش رەنگدانەوەی هەبووە؟ ئەگەر ڕەنگدانەوەی لە ئاستێکی نزمدا بووە هۆکارەکانی چییە؟
وڵامی پرسیاری یەکەم دەبێتە هۆی ئەوەی تا پلە و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی دڵخواز و لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینە لێک جیابکرێتەوە و ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگە ببینین. وڵامی پرسیاری دووەمیش هۆکاری جیاوازی پلە و پێگەی ژن لەم دوو دویایەدا دەخاتە بەردەست. ژنوشیاریی هەوڵ دەدات لەڕێگەی بەڕۆژ کردن و بەهێزکردنی لایەنە باشەکانی فۆلکلۆر پەرە بەم بەشە بدات و بە خستنە بەر باس و ڕەخنەی زانستی لە لایەنە خراپەکانی کە بەرهەمهێنەرەوەی باوکسالاری و پیاوسالارییە بۆ سڕینەوەی ئەم بەشە تێبکۆشێت. ئەمەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەری پرسی ژن لە کوردستان.
٢-رۆڵی زمان: زمان کە سەرەکیترین فاکتەری شوناسە، ئامرازی تێگەیشتن لە جیهان و هاوکات ئامرازی گۆڕینی جیهانیشە. واتە ئێمە بەیارمەتی زمان مانا دەبەخشینە جیهان و چوارچێوە و گوتاری بۆ پێکدێنین. بەڵام ژنان لە پێکهێنانی ئەم چوارچێوە و گوتارە بۆ جیهان پشکێکی ئەوتۆیان بەر نەکەوتووە و ڕوانگە و تێگەیشتنیان زیاتر پیاوانەیە. کەوایە دەکرێت بەیارمەتی زمان ئەو چەمکانەی کە ساڵەهایە بۆ بەرزکردنەوەی دیاردە پیاوانەکان و دابەزاندنی دیاردە ژنانەکان بەکارهێنراون تێکبدرێن و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە.
ژنوشیار بۆ سڕینەوەی زمان لەو وشە و دەستەواژە رەگەزییانە، پێویستی بە سێ هەنگاوی سەرەکی هەیە: یەکەم دروستکردنی ڕوانگەیێکی ئینسانی و یەکسانیخواز لە خۆیدا بەرانبەر ژن و پیاو لەنێو کۆمەڵگەدا، کە وابوو نابێت بە گوێرەی بەها پیاوسالارانەکانی کۆمەڵگە چاو لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردە و ڕووداوەکان بکات. دووەم: ژنوشیار لە قسەکردن و ئاخافتندا خۆی بەدوور دەگرێت لە بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی ڕەگەزی. سێهەم: ژنوشیار هەوڵ دەدات تا لە رێگای بەشداری لە دەسەڵاتدا و یاسادانان بەشێوەی سیستەماتیک و لەڕێگای بەرنامەداڕشتنی زمانیی لە قوتابخانە و میدیاکان بۆ سڕینەوە و رڕستکردنەوەی زمان لە وشە رەگەزییەکان تێبکۆشێت. بەڵام هەنگاو هەڵێنان لەم بوارەدا پێویستی بە دەسەڵاتێکی نەتەوەییش هەیە.
٣- ڕۆڵی پیاوان: پرسی ژن پرسێکی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە و بەربڵاوتر لەوەیە کە بەرتەسک بکرێتەوە بە کێشەی رەگەزێک، بەڵکوو بەگشتی کێشەی کۆمەڵگە یە. بۆیە ڕۆڵی پیاو وەکوو نیوەیێک لەم کۆمەڵگەیەدا هەم لە پێکهاتن و زیادبوونی ئەم کێشە و هەڵاواردنە کاریگەرە و هەر وەها لە نەهێشتنی هەڵاواردنەکە.
هابرماس بڕوای وابوو پەیوەندییەکی دڵخوازانە و بە بێ سانسۆر بناغەییترین و گشتگیرترین دیاردەی کۆمەڵگەیە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بابەتێکی بەنێوی دیالۆگی نەتەوەیی هێنایە ئاراوە. دیالۆگی نەتەوەیی واتە بەشداربوونی هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە وتووێژێکی چوارچێوەدار بۆ گەیشتن بە ڕاستی و حەقێقەت لە کۆمەڵگەدا و، نابێ هیچ هێزێک جگە لە هێزی ئیستدلال چاودێریی ئەم وتووێژە و دیالۆگە بکات. لە دیالێکتیکی فێمینیستیشدا بۆ پێکهێنانی گوتارێکی ئینسانی و گەیشتن به کۆمەڵگەیێکی یەکسان و ئازاد، جەخت لەسەر ئەم دیالۆگە دەکرێت و باس ئەوەیە کە پێويستە ئەم دیالۆگە لە بەستێنێکی ئاشتیخوازانە و لە پلە و پێگەیێکی یەکسانەوە لە نێوان ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگە دا بەڕێوەبچێت و، هەتا گەیشتن بە خاڵە هاوبەشەکان درێژەی هەبێت. چۆن لە دیالێکتیکی فێمینیستیدا، ڕاستییەکان لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ژنان و پیاوان بەدیدەکرێت.
سێ خاڵی گرینگ کە لە ژنوشیاریی ڕەچاوکراوە و پێویستە ئاماژەی پێبدەم ئەمانەن:
- لەم گوتارە هەم لە ناوەرۆکدا و هەم لە هەڵبژاردنی ناوەکەشیدا (ژنوشیاریی) هەوڵمداوە پێگەیێکی سوبژکتیڤ بدرێتە ژنی کورد.
- ئەگەرچی بە پێویستی دەزانم گوتاری فێمینیسمی کوردستانی بە شێوەی لۆکاڵ و خۆجێیی چاو لە پرسی ژنی کورد بکات،بەڵام بڕوام وایە ئێمە دەبێ لە کۆتاییدا بۆ جیهانێکی ئازاد و یەکسان هەول بدەین و لەڕاستیدا ژنوشیاریی هەوڵ و هەنگاوێکی خۆجێییە بۆ بیرێکی جیهانی. واتا جیهانی بیر بکەوە و خۆجێیی هەنگاو هەڵێنە.
- ئەگەرچی پێناسە کردن و چارەسەری کێشەکان لە ڕوانگەی ژنانەوەبەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی پێویستە، بەڵام ئەمە تەنیا قوناغێکە لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و، ئەوەی لە کۆتاییدادەبێ ببێتە ڕێڕەو و پێوانە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکراتیک، خاڵە هاوبەشەکانی ژنان و پیاوان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە.
بۆچی ژنوشیاریی؟
کۆمەڵگە ی کوردستان لە کام قوناغی مێژوویدایە؟ پێش مودێڕن (نەریتی)، مودێڕن یان پۆست مودێڕن؟ چ جۆرە گوتارێکی فێمینیستی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان زاڵە؟ ئەیا ئەگەر ئێمە هێشتا لە کۆمەڵگەیێکی نەریتی یان مودێڕنداین ڕەوایە گوتارێکی پۆست مودێڕن لەسەر سووژەگەلێکی نەریتی یان مودێڕن زاڵ بێت؟ ئایا ئەمە خۆی نابێتە هۆکار بۆ لەفەرمی خستنی پرس و کێشەکانی ئەو کۆمەڵگەیە؟ بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین بەڵێ وای لێدەکات، چونکە لە کاتێکدا کە پێویستە ئێمە لەم قوناغە بۆ وەدەستهێنانی مافە سەرەکییەکانمان تێبکۆشین پشتگوێیان بخەین و قوناغێک بڕۆینە پێشەوە و باسی هەندێ پرس و چارەسەری کێشەگەلێک بکەین کە هێشتا پرسی ئێمە و کۆمەڵگە ی ئێمە نین، خۆی دەبێتە هۆی تێکچوون و سەرلێشێواوی تاکەکان، مانای چەمک و وشەکان دەگۆڕدرێت، جیاوازی دەگوازرێتەوە بۆ جۆراوجۆری و ژنی کوردیش بەبێ ئەوەی مافەکانی مسۆگەر بووبێت لەنێو ئەو هەموو جۆراوجۆرییەدا دەتوێتەوە و شوناس و ماف و داخوازییە سەرەکییەکانی نابینرێت. لێرەیە کە بەبێ ئەوەی گوتاری فێمینیزمی کوردستانی بێتە ئاراوە، تاقمێک فێمینیستی ناشارەزا سەرهەڵدەدەن کە شوناسێکی پارچە پارچە و لێکدابڕاویان هەیە و بە دروستی نازانن چییان دەوێ و بۆ چی خەبات دەکەن و لە دەروونی خۆیاندا تووشی جۆرە دژوازییەکن کە لە ئاکامدا بە ئەگەری زۆرەوە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆشیان دەوەستنەوە.
بۆیە تاکی کورد بەرلەوەی خۆی وەکوو فێمینیست پێناسە بکات و لەو بوارەدا چالاکی بکات، پێویستە سەرەتا بە لەبەرچاوگرتنی هەموو جیاوازی و تایبەتمەندییە سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانییەوە، هەوڵ بۆ داڕشتن و دروستکردنی چوارچێوە و ڕەهەندێک لە فێمینیسم بدات کە هەموو فاکتەرەکانی شوناسی و مافەکانی تێیدا پارێزراو بێت. ئەم چوارچێوە و رەهەندە فێمینیستییە کوردستانییە دەتوانێ ببێتە بناغەی تیۆریک بۆ بزووتنەوەیێک کە لەسەر پێداگریی لە سەر هەموو ماف و ویست و ئامانجەکانی ژنی کورد ڕسکابێت. بە وتەیێکی تر ژنی کورد تا ئێستا نەیتوانیوە لەنێو گوتارێکی فێمینیستیی تایبەت بەخۆی پرسە ڕەگەزی، نەتەوەیی، چینایەتی و ئینسانییەکانی شرۆڤە بکات.
ئەگەرچی ژنانی کوردستان لەچاو ژنانی زۆربەی نەتەوەکانیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین بەشدارییان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا کردووە و کاریگەریی مەزنیان بووە و تێچووی زۆریشیان بۆی داوە، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر هێشتا پلە و پێگەیێکی شیاو و دۆخێکی باشیان لە کۆمەڵگە دا نییە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش نەبوونی گوتاری فێمینیستیی تایبەت بە خۆیانە.
بزووتنەوەگەلێک لە کوردستان کە ژنان تێیدا بەشدار بوونە یان نەتەوەیی بوون یان چینایەتی یان تێکەڵێک لەم دوودانە کە لە هەر کام لەم حاڵەتانەشدا پیاوان ڕێکخەر و باڵادەست بوونە و ژنان ئەگەرچی بە وشیارییەوە و بە مەبەستی بەرگری لە هێرشی نەیاران بەشدار بوون، بەڵام هیچکات لە چوارچێوەیێکی دیاریکراودا کە بە پێی بەستێنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسییان پارێزەری بەرژەوەندی و مافەکانیان بێت و لەلایەن ژنانەوە دارێژرابێت ڕێکنەکەوتوون و چالاکییان نەکردووە. هەر بەم هۆکارەش لەدوای تەواوبوونی شۆڕش و پێداگرییەکانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی یان بەرگری لە خاکی نیشتمان، ژیانی ژنانی کورد تەوفیرێکی وەهای نەکردووە و بەشدارییان لە دەسەڵات و یاسادانان (چ لە هەرێمی کوردستان لە باشوور و چ لە نێو پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی) زیاتر سەمبۆلیک بووە نەک لە ئاستی پێویستدا. بۆیە نەتەنیا تێکۆشان بۆ مافی ڕەگەزی ژنان دەبێ بچێتە نێو چوارچێوەیێکی دیاریکراو و تایبەتی فێمینیستییەوە، بەڵکوو پێویستە هەوڵدان بۆ ئازادی و هەروەها بەشداری ژنان لە بزووتنەوە نەتەوەیی و چینایەتییەکانی کوردستانیش لە ڕوانگەی ژنانی کوردەوە و لە چوارچێوەی گوتاری فێمینیسمێکی کوردستانییەوە پێناسە بکرێن و بێنە ئاراوە.
ژنوشیاریی هەوڵێکە بۆ پێکهێنانی گوتارێکی فێمینیستی توکمە و تایبەت بە ژنانی کوردستان تا بتوانن لە چوارچێوە و ڕەهەندێکی دیاریکراودا بەشەکانی سوناسی خۆیان پێکەوە گرێ بدەن و پرس و چارەسەرییەکانیان جومگەبەندی بکەن.
لە گوتاری نەتەوەیی کوردستان دالی گەورە و ناوەندیی کوردە و لە گوتاری فێمینیستی دالی گەورە و ناوەندیی ژنە. لە هەر کام لەم گوتارانەدا ژنی کورد وەکوو خۆی نابینرێت و پەراوێز خراوە. ژنی کورد سەرنجی هەر کام لەم گوتارانە بدات بۆ پێداگری لە مافی خۆی تووشی کێشە و بەربەستی زمانی و مانایی دەبێت. ژنوشیاریی لە یەکەم هەنگاودا دەیهەوێ پێش بەو گریمایانە بگرێت کە لە گوتاری نەتەوەییدا دژی ژنە و لە گوتاری فێمینیستیدا دژی نەتەوە و، هەر یەکیان بەپێی دالە سەرەکییەکانیان رێگە بۆ نەدیتنی ئەویتر خۆش دەکەن.
بۆیە لە ژنوشیارییدا دالی گەورە و ناوەندیی “ژنی کوردە”، ژنی کورد وەکوو چەمکێکی یەکە، نەک دوو وشە یان چەمکی جیاجیا. لێرە “ژنی کورد ” دالێکی نەگۆڕ و زاتی نییە بەڵکوو چەمکێکی کاتی و سیاسییە کە بە پێی بەستێنێک کە تێیدا ژیاوە و دەژی تا کۆتاییهێنان بەو هەلاواردنانەی کە بە هۆی جیاوازییە نەتەوەییەکانی تووشی بووە لە ناوەندی گوتاری ژنوشیارییدا دەمێنێتەوە. لەم گوتارە بە پێوەر گرتنی ژنی کورد و جیاوازییەکانی لەگەڵ ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو ڕوونکردنەوە و رێکار و دوورەدیمەنێک دادەڕێژرێت.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم کە شرۆڤە و تێگەیشتن لە گوتاری فێمینیستی بەتایبەت فێمینیسمی ناوەندخواز بەبێ لە بەرچاوگرتنی گریمایە و نیشانە و هێماگەلێک کە لەنێو نووسراوەکانیدا شاردراوەتەوە مەحاڵە. واتە پاشخانی نادیاری گوتار و بزووتنەوە فێمینیستییەکانی وڵاتانی رۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە. بۆیە لەم وڵاتانە هەموو گوتار و بزووتنەوەیێک دێتە ئاراوە، بە بێ باسکردن لە مافی نەتەوەیی، چۆن ڕاستیییەکەی ئەوەیە کە مافی نەتەوە لەپێشدا مسۆگەر بووە و پارێزراوە، بۆیە پێویست بەباسکردن ناکات.
قسەی کۆتایی
هیچ تیۆری و گوتارێکی فێمینیستی هەڵگری هەموو ڕاستییەکان نییە، بەڵکوو تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگە سەبارەت بە بەشێک لە ژنانی جیهان دەخاتە ڕوو و بەرژەوەندی تاقم و گرووپێک لە ژنانی ئەم جیهانە دەپارێزێت. ژنوشیارییش دەنگی گرووپێک لە ژنانی ئەم جیهانەیە کە بەپێی تایبەتمەندیی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و جوگرافیایی خۆیان پرسی تایبەت بە خۆیانیان هەیە. لەنێو نەزمی گوتاری فێمینیسمدا ژنوشیارییش گوتارێکە کە هەوڵ دەدا فاکتەر و تایبەتمەندییەکانی خۆی لە پەیوەندی لە گەڵ دالی ژنی کورد جومگەبەندی بکات. هەتا ئەم جومگەبەندییەش توکمەتر و بەهێزتر بێت، وەڵامی زۆرێک لە پرس و کێشەکان باشتر لەنێویاندا دەدۆزرێتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستە هەموو ژنان خۆیان بە خاوەنی بزانن و لە بەهێزکردنی ئەم گوتارەدا بەشدار بن. چۆن هەر ئەزموونێکی ژینکراو ئەگەر لە پەیوەندی لە گەڵ پرسی گشتیی ژنی کورد تیۆریزە بکرێتەوە، دەتوانێ هەنگاوێک زیاتر لە ئامانجی ژنوشیاریی نزیکمان بکاتەوە، کە گەیشتن بە دنیایەکی یەکسان و دادپەروەرانەیە. هەر هەنگاو و شرۆڤەیێک کە نزیکمان بکاتەوە لەو ئامانجە، جێگای ڕێز و پێزانینە. تاکی ژنوشیار سەرەتا هەموو تایبەتمەندییەکانی ژنوشیاریی لە خۆیدا پێکدێنێت واتە خۆی لەبیر و کردەوەدا دەبێتە ژنوشیار.
بەشی دووەم
ژنوشیاریی ومەعریفەناسیی پرسی ژنی کورد
“دەنگێک کە لە ناخی ئێمەدا چێندراوە، دەنگی ئەویترە. ئەو ئەویترەی کە بە ئارەزووی خۆی مانای پێمان داوە و ئێمەی بەرهەم هێناوە. دەبێ بەرهەڵستی ئەودەنگە بینەوە و سەرهەڵبدەین، تەنانەت لەگەڵی بەشەڕ بێین و وتووێژیش بکەین. تا خۆمان لە سنووری نێوان دەنگی ئەویتری دەروونمان و خودی ساختەکراومان بدۆزینەوە.”( چاکراوارتی سپیواک)
کاریگەریی گوتارە جۆراوجۆرەکان لە ڕەوتی ژێردەستەیی ژنی کورد
ڕەوتی ژێردەستەیی ژن و کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە ڕەوتی نووسینی مێژووە دەست پێدەکات. هەر ئەو کاتەی کە ئێمە دەمانهەوێت ئێستای خۆمان لە ژێر تیشکی ڕابردوومانەوە بناسین و پێناسەی بکەین و بناغە و ڕەوت و ڕووداوێک بۆ شرۆڤەی دۆخی ئێستامان وێنا بکەین. مێژوونووسین لە کوردستان یان بوونی نەبووە و یان ڕەوتی نووسینی لە سەرەوە بۆ خوار بووە و سەرچاوە و هۆکاری گۆڕانکارییەکان گەڕێندراوەتەوە بۆ یەک کەس وەکوو پاشا، ڕێبەر، خان یان لە باشترین حاڵەتدا تاقمێک، حیزبێک یان ڕێکخراوەیێک و ئەم دیاردەیەش بووەتە هۆی شرۆڤەی هەڵە و نەدیتنی ئەو بەستێنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەی کە هۆکارەکانی هەلومەرجی هەنووکەیی کۆمەڵگەن. واتا بەستێنێکی کۆمەڵایەتی کە خۆی دەیتوانی وەکوو هۆکاری زۆریێک لە پرس و ڕووداوەکان پێناسە بکرێت، لە درێژەی ئەم شێوازە نووسینی مێژووە دادەبەزێت بۆ مەعلوول و بەرهەمی بڕیار و کردەوەی تاکێک یان ڕێکخراو و حیزبێکی دیاریکراو. ئەنجامی ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە مێژوو بەرتەسک بکرێتەوە و بە لاڕێدا ببرێت و خەڵکانێک کە لە ڕەوتی نووسینەوەی مێژوو شوێنێکیان بۆ دیاری نەکراوە دەنگیان کپ بکرێت. هەروەها ئەوەی کە ئەو مێژووە لە لایەن کێ و کام ڕەگەز و کام نەتەوە نووسراوە، خۆی بابەتێکی گرینگە. چون لەم حاڵەتەدا هاوکات کە دەنگی تاکەکان و خەڵک کپ دەکرێن، دەنگی بەکۆمەڵ و مافی گشتیی ڕەگەز یان نەتەوەیێک چەندقات کپ دەکرێت. واتا تا ئەو کاتەی کە نەتەوە یان ڕەگەزێکی باڵادەست مێژووی نەتەوە یان ڕەگەزێکی بندەست تۆماردەکات کۆی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی بە شێوەیێک شرۆڤە دەکات کە بکەوێتە خزمەتی بەرژەوەندیی کۆلۆنیالیزم (پەیوەندیی داگیرکەر و داگیرکراو) یان پیاوسالارییەوە (پەیوەندیی ژن و پیاو). ئاکامی ئەم ڕەوتە لە مێژوودا بووەتە هۆی دروستبوونی چوارچێوەی مەعریفیی جۆراوجۆر بۆ ژنی کورد کە بەبێ بەشداریکردنی خۆی پێک هاتووە. مەبەستی ئەمەش ئەوەیە ژنی کورد لەو چوارچێوانەدا خۆی و مافەکانی بناسێتەوە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ژنێک کە ژنوشیاری باسی لەسەر دەکات چ جۆرە ژنێکە؟ ژنێک کە لەلایەن کۆلۆنیالیزمەوە وێنا کراوە؟ ژنێک کە لەلایەن فێمینیزمی ناوەندخوازەوە وێنا کراوە؟ ژنێک کە ناسیۆنالیزمی نەریتخواز وێنای کردووە؟ یان ئەو ژنەی کە لە ژنۆلۆژیی ئۆجەلاندا تیۆریزە کراوەتەوە؟ یان ژنێکە کە جیا لە گشت ئەمانەیە و پێناسەی جیاوازی هەیە و مێژووەکەشی لەسەر بناغەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگە تۆمار کراوە؟
ڕاستی ئەوەیە لە ڕەوتی وێناکردندا ژن لە زاری خۆیەوە قسە ناکات بەڵکوو تاک، گرووپ یان سیستەمێک لە پێگەیێکی دیاریکراوی هێز و دەسەڵاتەوە سەبارەت بە ژنی کورد قسە دەکەن، مێژووی لەسەر دەنووسن، ڕاپۆرت ساز دەکەن، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن و هەوڵ دەدەن لە چوارچێوەیێکی لەپێش پەسەندکراودا و لە بەرژەوەندیی خۆیانەوە هەلومەرج و دۆخی ئەو تیۆریزە بکەنەوە. لێرەدا چیتر ڕاست یان ناڕاستبوونی وێنایێک کە لە ژنی کورد دروست بووە گرینگ نییە، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە کە ئەو ژنە هەرکات بیهەوێ قسە بکات لە چوارچێوەی ئەو وێناکردنەدا کە بۆی دروست کراوە قسە بکات. ئەم وێنایە لە کۆمەڵگە، لە میدیا، لە قوتابخانە، لە پڕوپاگەندە، لە لێکۆڵینەوەکان، لە پەروەردە و ڕاهێنان و هتد، ئەوەندە دووپات دەکرێتەوە تا دەبێتە کەسایەتی (فیگۆری) ژنی کورد و جێگای ژنی ڕاستەقینەی نێو کۆمەڵگەی کوردستان دەگرێتەوە و هەر لەم کاتەوە کێشە سەرەکییەکە سەرهەڵدەدات. چون ژنی ڕاستەقینەی کورد کە مێژوویێکی درێژ لە ئەزموون و هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازی هەیە، وەلا نراوە و کەسایەتییەک لە ژنی کورد کە وێنایەکی ساکاری هەیە و بەشێکی گەورە لە ڕاستییەکانی لێ داماڵدراوە، زەق کراوەتەوە. ئەو کەسایەتییە لە ژنی کورد هاوکات بارێکی مانایی بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت کە لە هەر یەک لە گوتارەکانی کۆلۆنیالیزم، ناسیۆنالیزمی نەریتخواز، فێمینیزمی ناوەندخواز و ژنۆلۆژی پێگەیێکی جیاواز و دیاریکراوی بە ژنی کورد داوە. بەڵام هەمووی ئەم گوتارانە لە یەک شتدا هاوبەشن، ئەویش ئەوەیە کە لە هیچکامیاندا ڕێگا نادرێت ژنی کورد لە زاری خۆیەوە قسە بکات بەڵکوو پێشتر، لە بەرژەوەندیی ئەو گوتارانە و بەپێی پڕەنسیپی ئەو گوتارانە، شوێن و پێگەیێکی بۆ دیاری کراوە کە دەبێ هەر لەو شوێن و پێگەیەوە قسە بکات تا دەنگی ببیسترێ و بەم شێوەیە بنیاتنەرانە پرسی ژنی کورد کە هۆکاری دۆخی بندەستیی هەنووکەیە ڕەچاو ناکرێت. بە زمانێکی دیکە لە ڕوانگەی ژنوشیارییەوە پرسی سەرەکی، نەبوونی دەنگ نییە، بەڵکوو پرسەکە ئەوەیە کە ئەو دەنگانە، دەنگی ڕاستەقینەی ژنی کوردی نێو کۆمەڵگەی کوردستان نییە و لە بارودۆخێکی نایەکسانی هێزەوە دەگوازرێنەوە و تۆمار دەکرێن. بۆیە ژنوشیاری به تەنیا باسی لێکهاڵاوی و جۆرەکانی ستەم لە هەمبەر ژنی کورد ناکات، بەڵکوو هاوکات باسی جۆرەکانی وێناکردنی ژنی کورد و کەسایەتییەک کە لە ژنی کورد لەو گوتارانە دروست بووە دەکات کە وەکوو لەمپەرێکن بۆ پێناسەی دروست و دەرکەوتنی ڕاستییەکان سەبارەت بە ژنی کورد. بۆیە دەبێ سەرەتا ئەو وێنایانە کە گوتارە جۆراوجۆرەکان سازیان کردووە تاوتوێ و شرۆڤە بکرێن. لەسەر ئەم بنەمایە، پرسی ژنی کورد لە ژنوشیاری دەچێتە بواری پرسی مرۆڤی بندەست و لەو سۆنگەیەوە شرۆڤەی بۆ دەکرێت و دەبێ سەرەتا وڵامی دوو پرسیار بدۆزینەوە؛ یەکەم، کێ سەبارەت بە ژنی کورد قسە دەکات؟ دووەم، ژنی کورد چۆن وێنا کراوە؟
ئەمانە دوو پرسیاری سەرەکی و گرینگن کە بۆ ناسین و چارەسەری ئەم پرسە پێویستیان بە وڵامدانەوەیە؛ چونکە وڵامی ئەم دوو پرسیارە دەتوانێ دووانەیی “ژنی قوربانی_ژنی خەباتگێڕ” کە بەرهەمی کەسایەتی ژنی کورد لەو چوار گوتارەیە، هەڵوەشێنێتەوە و پرسی ژن لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر بەردی بناغەی ڕاستەقینەی خۆی دانێت و تاوتوێی بکات.
١- وێنا کردنی ژنی کورد لە گوتاری کۆلۆنیالیستیدا
وێنا کردنی ژنی کورد لە گوتاری کۆلۆنیالیستیدا بە کۆمەڵێک وێناکردنی نەرێنی لە ژنی کورد بەرتەسک ناکرێتەوە، بەڵکوو ئەم گوتارە هەوڵی ئەوەیە لە ڕەوتی وێناکردندا ئەوە دیاری بکات کە ژنی کورد چۆن ببینرێت، چۆن قسە بکات و چ بەشێک لە شوناس و مێژوو و ئەزموونی ژیاویی بخرێتە بەرچاو یان بشاردرێتەوە و چاوپۆشی لێبکرێت. واتا لێرەدا وێنا کردن بۆ نیشاندانی ڕاستییەکان سەبارەت بە ژنی کورد نییە بەڵکوو ڕەوتێکە بۆ بەرهەمهێنانی کەسایەتییەک لە ژنی کورد کە لە بەرژەوەندی و بۆ مانەوەی کۆلۆنیالیزم بێت. لێرە، لە ڕواڵەتدا سەبارەت بە دۆخی ژنی کورد قسە دەکرێت بەڵام هاوکات بەستێنە مێژوویی و سیاسی و کۆلۆنیکراوەکەی ژنی کورد دەخرێتە پەراوێزەوە. کەوایە، پرسە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە کۆلۆنیالیزم ژنی کورد چۆن وێنا دەکات؟ بەڵکوو ئەمەیە کە کەسێک کە ژنی کورد وێنا دەکات لە چ پێگەیێکی هێزەوە ئەم کارە دەکات؟ لە چ چەمکێک کەڵک وەردەگرێت و کام بەشی شوناسی زەق دەکاتەوە و کامەیان دەشارێتەوە؟ و لە کۆتاییدا چ وێنایێک لە ژنی کورد دەخوڵقێنێت؟
یەکێک لە بنەڕەتیترین میکانیزمەکانی باڵادەستی و ژێردەستەیی لە گوتاری کۆلۆنیالیزمدا، دروستکردنی “ئەویتر”ێکە لە بەرامبەر “خۆی”دا. ئەم سیستەمە بۆ ئەوەی خۆی وەکوو ناوەند، مودێڕن، شارستانی و پێشکەوتوو پێناسە بکات پێویستە “ئەویترێکی” لە پێگەی پەراوێز، نەریتی، ناشارستانی و دواکەوتوودا هەبێت. لێرەدا ژنی کورد نەتەنیا لەبەر ڕەگەز و ژنبوونی بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە لە نەتەوەیێکی جیا لە نەتەوەی باڵادەستە، لەلایەن گوتاری کۆلۆنیالدا لە پێگەی ئەویترێکی ئاستنزم دادەنرێت. ژنی باڵادەست (فارس، تورک، عەرەب) هەڵگری کۆمەڵێک مانا لە خۆیدایە؛ وەکوو مودێڕن، شارستانی و پێشکەوتوو و ژنی ژێردەست (ژنی کورد) هەڵگری کۆمەڵێکی تر لە مانایە وەکوو نەریتی، ناشارستانی و دواکەوتوو. کە وایە کۆلۆنیالیزم لە ئاستی بیر و زانستیشدا هەوڵ دەدات دیاری بکات کە مرۆڤی داگیرکراو چۆن بناسرێت و هەروەها چۆنیش بیر بکاتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، کۆلۆنیالیزم بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بەوە هەیە تا هەر جۆرە جیاوازیێک کە لە بەرژەوەندیی ئەودا نییە بخاتە پەراوێزەوە. یەک لە گرینگترینی ئەم جیاوازییانەش، جیاوازیی مێژوویی و نەتەوەیی و زمانییەکانە. بۆیە لە کوردستاندا سەرەتا چەمکی ژنی کورد دەگوازێتەوە بۆ چەمکی ژنی ئێرانی، سووریایی یان تورکیایی و لەو چوارچێوە جوگرافیا سیاسییانەدا، کۆمەڵێک لە ژنان بە مێژوو و نەتەوە و زمان و ئەزموونی ژیاوی جیاوازەوە لە ژێر چەمکێکی گشتی لە ژن تێکەڵاو دەکاتەوە. بۆ وێنە ژنی کورد کە لە بەستێنێکی مێژوویی، سیاسی و نەتەوەیی تایبەت بە خۆیەوە ڕسکاوە، لە ژێر چەمکی ژنی ئێرانییەوە بەشێکی گەورە لەو جیاوازییانەی لێ دادەماڵدرێت و جیاوازییە سیاسی و مێژوویی و نەتەوەییەکانی نابینرێت یان دەکەوێتە پەراوێزی چەمکی ئێرانییەوە. لێکەوتەی ئەم جۆرە وێنا کردنە دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخی ژنی کورد بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەستێنە مێژوویی و سیاسی و نەتەوەییەکەی شرۆڤە بکرێت و بەشێکی زۆر لەو پێکهاتەی هێز و دەسەڵاتەی کە هۆکاری دۆخی ئێستای ژنی کوردن نەبینرێت. واتا ژنی کورد لە چوراجێوەی خۆی کە بریتییە لە مێژووی کوردستان، دابەشبوونی جوگرافیای کوردستان، سیاسەتی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکان، تواندنەوە، ژینۆساید، بەربەستی زمانی و سەرکوتکردن و بزووتنەوە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان، جیا دەکرێتەوە و لەجیاتی ئەوەی بەشێکی گەورە لە دۆخی ئێستای وەکوو بەرهەمی ئەم چوارچێوەیە ببینرێت، هۆکارەکانی ئەم دۆخەی دادەبەزێتە ئاست تایبەتمەندیی نێوخۆیی کۆمەڵگەی کوردی. هەر لێرەدایە کە قوناغی دووەم بۆ شرۆڤەی دۆخی ئێستای ژنی کورد دەست پێدەکات، واتە گواستنەوەی پرسی سیاسیی ژنی کورد بۆ پرسی کولتووری.
لەم قۆناغەدا چیتر پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە چۆن ڕەوتی مێژوویی و سیاسی و پێکهاتەی دەسەڵاتی زاڵ دۆخی ئێستای ژنی کوردی پێک هێناوە؟ بەڵکوو پرسیارە سەرەکییەکە دەبێتە ئەوەی ” لەنێو کولتووری کوردیدا ژنی کورد چۆن دەچەوسێتەوە؟” واتا بەم شێوەیە، پێکهاتەی دەسەڵات لە بەرپرسیارەتی دەنرێتە لاوە و کولتووری کوردی بە بەرپرسی سەرەکیی دۆخی ژن دادەنرێت و ئەو شتەی کە دەبێ لەنێو مێژوو و پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم و لە چوارچێوەی کاریگەرییەکانی ئەواندا شرۆڤە بکرێت، لە نێو کولتووری کوردی و لێکەوتەکانی شرۆڤە دەکرێت و پرسی ژنی کورد لە چوارچێوەیەکی کولتووریدا قەتیس دەمێنێتەوە و لە سیاسەت دادەماڵدرێت. لەم حاڵەتەدا یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم وێناکردنە، زەقبوونی پیاوی کورد وەکوو هۆکاری سەرەکیی ستەمی زایەندییە. واتە ژنی کورد قوربانیی ستەمە و پیاوی کورد ستەمکار. کولتووری کوردی هۆکاری ستەم و مانەوەی نەتەوەی باڵادەست و ناوەند دەبێتە هۆکاری ڕزگاری. بەم شێوەیە داگیرکەر خۆی لە تاوانباربوون دوور دەخاتەوە و لە پێگەی ڕزگاریدەرەوە دەر دەکەوێت. ئاکامەکەی دەبێتە ئەوەی کە پرسێکی پڕدژواری مێژوویی و سیاسی دادەبەزێتە ئاست پەیوەندییەکی ساکار لەنێوان ژنی قوربانی و پیاوی ستەمکار و نەریتی لەنێو فەرهەنگی کوردیدا. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە، نابێت پیاوسالاری لەنێو کۆمەڵگەیێکی بەکۆلۆنیکراو، هاوشێوەی کۆمەڵگەیێکی خاوەندەسەڵاتی سیاسی شی بکرێتەوە.
لەدرێژەی ئەم ڕەوتەدا بەرەبەرە وێنا و کەسایەتی “ژنی قوربانیی نەریت” دروست دەبێت و لەلایەن میدیا و ڕاهێنان و پڕۆپاگەندەی کۆلۆنیالیستییەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت و جێگای ژنی ڕاستەقینەی کورد دەگرێتەوە. “ژنی قوربانیی نەریت” ژنێکی بێدەنگ و نەریتی و بێبەش لە هێز و کارتێکەرییە کە لە بەندی پیاوان و بنەماڵەکەیدایە و پێویستی بە کەسێکە ڕزگاری بکات. قوربانیبوون دەبێتە سەرەکیترین شوناسی ژنی کورد و کارتێکەریی ئەو لەم کەسایەتییە دەستێندرێتەوە. ژنی کورد چیتر کەسێک نییە کە لە دروستکردنی مێژوو و کۆمەڵگەی خۆیدا رۆڵی بووبێت، بەڵکوو کەسێکە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو ڕوویداوە بەبێ ئەوەی خۆی بەشداری کردبێت. ئەمەش بەو مانایە نییە کە لەم وێناکردنەدا ژنی کورد نەبینراوە، ژنی کورد بینراوە بەڵام بەردەوام لە چوارچێوەی “ژنی قوربانیی نەریت” دەنگی بیستراوە و شرۆڤەی بۆ کراوە. بەم شێوەیە، ژنی کورد لە سووژەیێکی مێژوویی-سیاسییەوە بۆ ئوبژەیێکی فەرهەنگی-زایەندی دابەزێنراوە و لە کارتێکەریی داماڵدراوە. لێرەدا کۆلۆنیالیزم بۆ مانەوەی خۆی، لەڕێگای ئاڵۆزکردنی ڕیشەی سەرەکیی پرس و ستەمەکان کە هەبوونی خۆیەتی (هەبوونی سیستمی کۆلۆنیالیستی) هەوڵ دەدات شەڕ و ئاژاوە بخاتە نێو کۆمەڵگەی داگیرکراو و شوناسە جیاوازەکانی نێو کوردستان (زایەند، چین، ئایین، زاراوە) بداتە گژ یەک و لەبەرانبەر یەکتردا دایاننێ. بۆ وێنە سوننی لە بەرانبەر شیعە و شیعە لەبەرانبەریارسان، چینی دەوڵەمەند لەبەرانبەر چینی هەژار، کوردی سۆران لەبەرانبەر کوردی کەلهوڕ و هەرەوها کە باسمان کرد ژنی کورد لەبەرانبەر پیاوی کورد دادەنێت تا لەڕێگای بەنێوخۆییکردنی هۆکاری پرس و کێشەکان، هەم بەرپرسایەتی لە خۆی دوور بخاتەوە و هەم وزەیێک کە دەکرێ بە یەکگرتوویی بەرەو ڕووخانی کۆلۆنیالیزم کاناڵیزە بکرێت، بیگوازێتەوە بۆ شەڕ و ئاڵۆزی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا. بەشێکی سەرەکیی ئەم کارەش هەر لە ڕێگای کوردە دەستەمۆکراوەکانەوە دەکرێت.
چاکراوارتی سپیواک لە کتێبی ئایا مرۆڤی بندەست دەتوانێ قسەبکات، ئەڵێ: “کۆمەڵگەی بەکۆلۆنیکراو لە سێ چین پێک هاتووە؛ یەکەم چینی باڵادەست و کۆلۆنیالیزم، دووەم چینی بندەست و بەکۆلۆنیکراو، لەنێوان ئەم دوو چینەدا چینی سێهەم و شرۆڤەکار هەیە کە لە پێست و خوێنی چینی بەکۆلۆنیکراون بەڵام لە بیرۆکە و هزردا وەکوو چینی باڵادەستن و ئاساییبوونی دۆخی باڵادەستی و بندەستی بۆمرۆڤی بندەست تیۆریزە دەکەنەوە.” بە وتەیێکی دیکە کۆلۆنیالیزم بۆ مانەوەی خۆی لۆژیکی خۆی پێک دێنێت و لە ڕێگای مرۆڤە بندەستەکانەوە و بەبێ تێوەگلانی ڕاشکاوانەی خۆی، ئامانجی خۆی دەپێکێت. لە کوردستان کەسایەتی “ژنی قوربانیی نەریت” لە ڕەوتی وێناکردنەوەدا دروست دەبێت. ئەم کەسایەتییە نابێ تەنیا لە ئاست وێنایێک بمێنێتەوە بەڵکوو دەبێ ببێتە باوەڕی ژنی کورد سەبارەت بە خۆی. ئەمەش لەڕێگای تاقمێک لەو فێمینیستە کوردانەوە کە لە چوارچێوەی هزریی کۆلۆنیالیزمدا دەڕواننە پرسی ژنی کورد، دەکرێتە مێشکی ژنانەوە. ژنێکی قوربانی بە پێشخانی کورد یان کوردستانەوە بەردەوام لەنێو میدیا کۆلۆنیالیستییەکان زەق دەکرێتەوە و بەشێک لەم ئەرکەش، فێمینیستی کورد ناوشیارانە و بەبێ شیکردنەوەی دۆخی ژنی کورد لە بەستێنی مێژوویی-سیاسی خۆیدا، جێبەجێی دەکات.
بۆ وێنە دیاردەی توندوتیژیی خێزانی کە بڕێ جار ژنکوژی لێ دەکەوێتەوە، دیاردەیێکی نەرێنییە کە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام کاتێ ئەم دیاردەیە لە کوردستان ڕووبدات، میدیای کۆلۆنیالیزم هەوڵ دەدات ئەم بابەتە وەک نەریتێکی کۆمەڵگەی کوردستان نیشان بدات. بۆیە تایتڵی ئەم چەشنە هەواڵانە بەم شێوە بڵاو دەکەنەوە؛ “دیسان ژنکوژی لە کوردستان” یان “ژنێکی کورد لەلایەن مێردەکەی یان براکەیەوە کوژرا”. ئەوکات هۆکاری ئەم توندوتیژییە، ئابووری، کۆمەڵایەتی یان هەر کێشەیێکی تر بێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستان وەکوو کۆمەڵگەیێکی دواکەوتوو نیشان بدەن ناوی قەتڵی نامووسی لێدەنێن و بڵاوی دەکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم دیاردە ناحەزە لە ڕێژەیێکی بەرزتر لەنێو کۆمەڵگەی فارس لە ئێران یان کۆمەڵگەی تورک لە تورکیا ڕوودەدات کە ئەگەرچی ئامارە فەرمییەکان باسی لێناکەن بەڵام بەپێی گەڵاڵەیەکی سەرتاسەری کە لە ساڵی ٢٠٠٢وە تا ئێستا هەر ساڵە بۆ کۆکردنەوەی ئاماری توندوتیژیی دژ بە ژنان بەڕێوە دەچێت، بەرزترین ڕێژەی توندوتیژی و ژنکوژی هی سێ شاری مەشهەد و ئیسفەهان و تارانە. یان بەپێی ئاماری ڕێکخراوی ئۆمۆت (هیوا) تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ لە تورکیا ٣٧٣ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە کە ٧٦ حاڵەتی هی باکووری کوردستان بووە و ٢٩٧ حاڵەتی لە ناوچە تورکنشینەکان ڕوویان داوە. بەڵام هەتا ئێستا میدیایێکی فارسی یان تورکیمان نەدیتووە کە بنووسێت ژنێکی فارس یان ژنێکی تورک بەدەستی مێردەکەی یان پیاوانی بنەماڵەکەی کوژرا. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بەپێی ئاماری ڕێکخراوەی هەنگاو لە هەشتی مارسی ٢٠٢٠ تا هەشتی مارسی ٢٠٢١ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٩ ژن بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە کوژراون و هەر لەم ماوەیەشدا ٣٦ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی چالاکیی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگای ئەمنیی کۆلۆنیالیزمەوە دەسبەسەر و زیندانی کراون، بەڵام ئەوەی کە لە میدیاکانیاندا دەردەکەوێت ٢٩ ژنی کوژراو بە پاشخانی کوردەوەیە. بەڵام کەیسی ئەو ٣٦ ژنە چالاکە یان باسی لێناکرێت و دەخرێتە پەراوێزەوە یان بەبێ پاشگری کورد باسیان دەکرێت. لێکەوتەی ئەم چەواشەکاری میدیاییە دەبێتە ئەوە کە کەسانێک تەنانەت لە چینی خوێندەواری کۆمەڵگەی کوردستان و لەژێر ناوی فێمینیست بچنە نێو ئەم گەمەی میدیاییەوە و بە بیانووی دواکەوتوویی کۆمەڵگەی کوردستان دژی کولتوور و بەهاکانی نەتەوەی خۆیان بوەستنەوە و بەم شێوەیە کۆلۆنیالیزم لە ڕێگای چینی دەستەمۆکراو و شرۆڤەکاری نەتەوەی بندەست، مانەوەی خۆی و داگیرکاریی خۆی لە کوردستان، بۆ خەڵکی کورد تیۆریزە بکاتەوە. ئەگەرچی شۆڕشی ژینا زۆریێک لەو کەسایەتییانەی هەڵوەشاندەوە و بۆ یەکەم جار پرسی نەتەوەیی ژنی کورد هاتە ناوەندی بزووتنەوەیێکی فێمینیستییەوە، بەڵام کۆلۆنیالیزم کاتێ زانی ناتوانێ حاشا لە پرسی نەتەوەیی ژنی کورد بکات هەوڵی دا لە ڕێگای گۆڕینی چوارچێوەی پێناسەی ژنی کورد دەست بەسەر ئەو پرسەدا بگرێتەوە. بۆ وێنە ئەمجارە بە دیاریکردنی هەندێ پێوەر و تایبەتمەندی بۆ ژنی سەرکەوتوو و ئازادیخواز و زانای کورد لە ڕێگای بەڕێوەبردنی کونگرەیێک لەژێر ناوی ڕێزگرتن لە مەستوورە ئەردەڵان و بەخشینی خەڵات بەو ژنانەی کە هەڵگری ئەو پێوەرانەن وا لەلایەن دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی-مەزهەبییەوە دیاری کراون، ویستی پرسی ژنی کورد بەشێوەی پەیوەندیی تاکەیی لەگەڵ سیستمی دەسەڵاتدا پێناسە بکاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ژنی کوردی سەرکەوتوو و ئازا ژنێکە کە سیستمی دەسەڵات پێناسەکەی دیاری دەکات. گەیشتن بەو سەرکەوتنەش لە ڕێگای هەوڵ و تەقەلای تاکەییەوە مسۆگەر دەبێت و ڕۆڵی سیستەمی کۆلۆنیالیستی بۆ سەرنەکەوتن و لەپەراوێزخستنی ژنی کورد وەلادەنرێت. بەم شێوەیە کەڵکەڵەی ژنانی کورد دەچێتە بواری کێبڕکێیەکی تاکیی لەگەڵ یەکتردا، نەک خەبات و چالاکییەکی بەکۆمەڵ بۆ پێکانی میکانیزمی زاڵبوون و بندەستی. ئەم ئەرکەش لەڕێگای دەستوپەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە لەنێو کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و ئەمجارە لە ڕێگای بەشی توێژینەوەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستانەوە جێبەجێ کرا. هەر ئەو زانکۆیە کە لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا بە باشترین شێواز ڕۆڵی گێڕا و خوێندکارەکانی و تەنانەت تاقمێک لە مامۆستاکانیشی پەیوەستی شۆڕشەکە بوون تا بەم شێوەیە نەتەنیا بەرهەمەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سڕ بکەن بەڵکوو زانکۆی کوردستانیش بکەنەوە داردەستی خۆیان.
وێناکردنی ژنی کورد لە گوتاری فێمینیزمی ناوەندخوازدا
ئەگەرچی فێمینیزم ڕۆڵی گرینگی لە ئاشکراکردن و دەرخستنی ستەم و هەڵاواردنی زایەندی و بەرگریکردن لە مافی ژناندا هەبووە بەڵام کاتێ لەنێو جوگرافیایێکی سیاسی، ئەزموونی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی لایەنێکی دیاریکراو لە ژنان وەکوو پێوەری گشتی بۆ ناساندنی پرسی هەموو ژنان پێناسە بکات و جیاوازیی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژنانی نەتەوە پەراوێزخراوەکانی نێو ئەو جوگرافیا سیاسییە پشتگوێ بخات، دەچێتە خانەی فێمینیزمی ناوەندخوازەوە و بە ئانقەست یان بێئانقەست خۆی دەبێتە بەشێک لە میکانیزمی بەرهەمهێنانەوەی زاڵبوون و بندەستی بۆ ژنانێک کە ئەزموونەکانیان جیاوازن. مەبەست لە فێمینیستی ناوەندخواز هەموو ئەو کەسانەن (کورد و غەیرە کورد) کە لەم چوارچێوەدا و بەو پێوەرەی باسمان کرد، دۆخی ژێردەستیی ژنی کورد شرۆڤە دەکەن. لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ژنی کورد لەنێو گوتاری فێمینیزمی ناوەندخوزادا بوونی هەبێت بەڵام نەک بە هەموو جیاوازییە مێژوویی و سیاسییەکانی و پرسە پڕدژوارەکانی، بەڵکوو بەر لەوەی وەک “ژنی کورد” پێناسە بکرێت وەک “ژن” پێناسە دەکرێت، واتە شوناسە زایەندییەکەی زەق دەکرێتەوە و شوناسی نەتەوەیی و ئەزموونی بەکۆلۆنیکراو و مێژووە سیاسییەکەی دەخرێتە پەراوێزەوە. بۆیە پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە لە ڕەوتی وێنا کردنی ژنی کورد لەم گوتارەدا، کام بەش لە شوناسی زەق دەکرێتەوە و کام بەشی دەشاردرێتەوە؟ و ئایا ئەزموونی جیاوازی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەو لە ژێر چەمکی “ژنی گەردوونی” چارەسەردەبێت؟
یەکێک لە گرینگترین میکانیزمەکانی وێنا کردنی فێمینیزمی ناوەندخواز، تواندنەوەی ژنی کوردە لەژێر چەمکی “ژن”. هەڵبەت ژنێک کە پێشتر لەلایەن فێمینیزمی ناوەندخوازەوە و لە چوارچێوەی مەعریفی و زانستیی ئەودا پێناسەکەی دیاری کراوە. ئەم بابەتە ڕەنگە لە یەکەم ڕوانیندا بێ کێشە بێت، بەڵام چونکە ئەزموونی زایەندیی ژنی کورد لەگەڵ ئەزموونی نەتەوەیی و سیاسی و مێژوویی ئەو لێک ئاڵاوە، لەبەرچاونەگرتنی ئەم چوارچێوەیە واتە لەبەرچاونەگرتنی بەشێک لە ئەزموونی ژیاوی ژنی کوردە. چون ڕاستی ئەوەیە کورد وەک نەتەوەیێکی داگیرکراو، کاریگەریی لەسەر شێوازی ئەزموونی ژنبوونیش دادەنێت و خۆی دەبێتە بەشێک لە خەباتی فێمینیستیی ژنی کورد. بۆیە هەر جۆرە دەستێوەردانێک بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنی پرسی ژنی کورد، مادامێک کە جیاوازییە نەتەوەیی و سیاسی و مێژووییەکەی نەبینرێت، نابێتە هۆی چارەسەریی ئەم پرسە. بۆ وێنە کاتێک لە گوتاری فێمینیزمی ناوەندخوازدا کوردبوون (وەکوو نەتەوەیێکی خاوەن مافی سیاسی و چارەی خۆنووسین) دادەبەزێتە ئاست جیاوازییەکی بچووکی ناوچەیی-فەرهەنگی، لەم حاڵەتەدا ژنی کورد وەکوو ژنێک لە فەرهەنگێکی جیاوازی داماڵدراو لە سیاسەت پێناسە دەکرێت نەک وەکوو ژنێک کە لە هەلومەرجێکی مێژوویی-سیاسیی تایبەتدا دەژی. واتە پرسی ژنی کورد تەنیا دەبێتە پرسی پەیوەندیی ژن لەگەڵ پیاوسالاری نەک پەیوەندیی ژن لەگەڵ پیاوسالاری و دەوڵەت و نەتەوە و زمان و جوگرافیا و پێکهاتەکانی دەسەڵات بە درێژایی مێژوو.
ئاکامی ئەم شێوە وێنا کردنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسایەتییەک کە لە ژنی کورد دروست دەبێت کەسایەتی “ژنی قوربانیی پیاوسالاری” بێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژنی کورد هاوکات ڕووبەڕووی چەندین پێکهاتەی ستەم و دەسەڵاتە و لە تۆڕێکی ئاڵۆز و پڕدژواری هێزدا دەژیت و هەر ئەم دۆخەش بووەتە هۆی ئەوەی هەتا ئێستا لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان پیاوسالارییەکی پەتی بوونی نەبووبێت و ئەگەریش هەبێت بەهۆی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستییەوە دەرفەتی دەرکەوتنی نەبووە تا بتوانین دۆخی هەنووکەیی ژنی کورد لەو سۆنگەیەوە شرۆڤە بکەین. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە ئامارێک لە ژنکوژی لە سێ پارچەی کوردستان لە قوناغێکی دیاریکراودا دەخەمە بەرباس. بەپێی ئاماری ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرجەم ٦٧ حاڵەتی ژنکوژی ڕوویداوە کە زۆربەیان لەلایەن کەسوکاریانەوە بووە. هەر لەم ماوەیەدا بەپێی ئاماری ڕێکخراوەی ئومۆت(هیوا) لە باکووری کوردستان ١٦٥ حاڵەتی ژنکوژی تۆمار کراوە کە ئەگەر بە گوێرەی حەشیمەتیان لەگەڵ ڕۆژهەڵات بەراوردیان بکەین تەقریبەن لە یەک ئاستدان. هەروەها لەم دووساڵەدا بەپێی ئاماری ڕێکخراوەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە باشووری کوردستانیش ٨ حاڵەتی ژنکوژی ڕوویداوە کە بەنیسبەت حەشیمەتی باشوور لەبەراورد لەگەڵ ڕۆژهەڵات وباکووری کوردستان یەک لەسەر چوارە. ئەگەر لێرەدا شرۆڤەکردنی ئەم بابەتە بەتەنیا لە سۆنگەی زایەندییەوە بێت ئاکامەکەی نابێتە شرۆڤەی وردبینانە و تۆکمە کە هۆکار یان هۆکارگەلێکی سەرەکی بۆ چۆنیەتی و ڕێژەی کەمتر یان زیاتربوونی ئەم دیاردەیە لە هەر پارچەیەک لە کوردستان بخاتە ڕوو. لەم بابەتەدا ئەوەی لە یەکەم ڕوانیندا سەرنجڕادەکێشێ ڕێژەی کەمتری ژنکوژی لە باشووری کوردستانە کە سەردەمانێک لەوێ دۆخەکە هێندە خراپ بوو کە تەرمی ئەو ژنانەیان وا لەژێر ناوی پاراستنی نامووسەوە دەکوژران و دەبوونە قوربانیی توندوتیژی زایەندی، لە بەشێکی گۆڕستانی سەیوان دەنێژران کە هی گۆڕە بێ نێوونیشانەکان بوو. بەڵام لەدوای سەقامگیربوونی نیمچە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی سیاسی لە ٢٠٠٣بەملاوە و بەتایبەت لە دوای سەردانی قوباد تاڵەبانی وەکوو جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕستانی سەیوان لە ساڵی ٢٠٢٠ و دەرکردنی فەرمان بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناحەزە، نەتەنیا ئەو دیاردەیە بوونی نەما بەڵکوو ڕێژەی توندوتیژی و ژنکوژیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هەوێنی توێژینەوەیێکی زانستی لەسەر کاریگەرییەکانی دەسەڵاتی سەربەخۆی سیاسی لە کەمبوونەوەی توندوتیژی دژبە ژنان. لە لایێکی ترەوە بەپێی ئاماری ڕێکخراوەی ئومۆت هیچ جۆرە حاڵەتێکی ژنکوژی لە نێو کوردە عەلەوییەکانی باکووری کوردستان تۆمار نەکراوە. ئەمەش دەتوانێ نیشاندەری کاریگەریی بەستێنێکی ئایینی و کولتووریی تایبەت بێت کە ڕەنگە بووبێتە هۆی نەبوونی دیاردەی ژنکوژی لە نێو کوردە عەلەوییەکان و دەتوانێ ببێتە بابەتی توێژینەوەیێکی زانستیی جیا.
بەڵام فێمینیزمی ناوەندخواز بە زەقکردنی کەسایەتییەک وەکوو ژنی قوربانیی پیاوسالاری، دەست بەسەر بەرهەمهێنانى زانست سەبارەت بە پرسی ژنی کورد لە چوارچێوەی ڕاستەقینەی خۆیدا دەگرێت و هەموو ڕووداوەکان لە چوارچێوەی مەعریفی و فیکریی خۆیەوە شرۆڤە دەکات. ژنی کورد بە پێوەری ژنی ناوەند هەڵدەسەنگێنێت و تەنانەت ڕێگەچارەی ڕزگاریشیان هەر بە پێوەری ژنی ناوەند دیاری دەکات. کەچی مادامێک کە ئەزموونە ژینکراوەکان جیاوازن، بەدڵنیاییەوە ڕێگەچارەی ڕزگاریش جیاوازە. بە وتەیێکی دیکە لە فێمینیزمی ناوەندخوازدا، ژنی کورد دەبینرێت بەڵام لە دەلاقەی ئەو چوارچێوە مەعریفیانەوە کە پێشتر دیاری کراون، نەک وەکوو سووژەیێکی مێژوویی-سیاسیی سەربەخۆ کە دەتوانێ هەم بابەتێک بێت بۆ بەرهەمهاتنی زانستی نوێ و هەم خۆیشی بەرهەمهێنەری زانست بێت.
وێناکردنی ژنی کورد لە گوتاری ناسیۆنالیزمی نەریتخوازدا
نەتەوە وەکوو بەردی بناغەی بیری ناسیۆنالیستی بابەتێکی سروشتی و پێشتر دیاریکراو نییە، بەڵکوو لە ڕێگای مێژوو، کولتوور، کۆیاد، زمان، جوگرافیا، ڕەنج و کردەوەی سیاسیی هاوبەشەوە دروست دەبێت و پێناسەکەی بەردەوام نوێ دەکرێتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە پرسی ژنی کورد لە گوتاری ناسیۆنالیستی، تەنیا پەیوەندی بە بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە شێوەی پێناسەکردنی نەتەوە و دیاریکردنی پێگەی ژنان و پیاوان لە بەرهەمهێنانەوە یان گۆڕینی پێناسەی نەتەوە و کۆمەڵگە لەلایەن ئەو گوتارەوە هەیە. واتە ژن دەتوانێ لە گوتارێکی ناسیۆنالیستی وەکوو دایکی نەتەوە، پارێزەری نەتەوە، هێمای پاکیی نەتەوە یان پارێزەری کولتوور وێنا بکرێت و لە گوتارێکی ناسیۆنالیستی دیکەدا وەکوو سووژەیێکی سیاسی سەربەخۆ بۆ بونیاتنانی داهاتووی نەتەوەیێک پێناسە بکرێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە پێویستە هەر لە سەرەتادا لە نێوان دوو جۆر لە ناسیۆنالیزم جیاوازی دابنێین کە لە چۆنیەتی پەیوەندیی تاکەکان بە نیسبەت نەتەوەوە دێنە ئاراوە. یەکەم ناسیۆنالیزمی نەریتخواز، کە لەوێدا پێگە و بەهای ژن بە نیسبەت ڕۆڵی لە پاراستنی زمان و کولتوور و بەرهەمهێنانەوەی بنەماڵە هەڵدەسەنگێندرێت. واتا لێرەدا گرێدراویی نەتەوەیی (تعلق ملی) ژن مەرجدار دەکرێتەوە بە جێبەجێکردنی ڕۆڵە نەریتییەکانی ژن کە پێشتر لە سونگەیێکی پیاوسالارانەوە دیاری کراون. دووەم ناسیۆنالیزمی پێشڕەو کە ژن وەکوو شارومەندێکی یەکسان و سووژەیێکی سیاسیی سەربەخۆ پێناسە دەکات. واتە لێرەدا گرێدراویی نەتەوەیی، بەپێی ماف و ئیرادە و بەشداریی یەکسانی ژن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا دیاری دەکرێت. لەم نووسراوەیە مەبەستی من وێناکردنەوەی ژنی کورد لە شێوەی یەکەم واتە ناسیۆنالیزمی نەریتخوازە و کەسایەتییەک کە لەم گوتارەدا لە ژنی کورد دروست بووە.
لە هەموو شێوازە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزمی نەریتخواز لە جیهاندا، ژن وەکوو تاکێکی ئازاد بە فەرمی ناناسرێت و پلە و پێگەیێکی وەهای نییە بەڵکوو لە باشترین حاڵەتدا دەیکەن بە هێما و چەندین ڕۆڵی قورس و گرینگی بە سەردا دەسەپێنن. وەکوو “دایکی نیشتمان”، “هێمای پاکیی نەتەوە”، “پارێزەری کولتوور”، “پارێزەری نەتەوە”. بە وتەیێکی دیکە ناسیۆنالیزمی نەریتخواز بە ڕواڵەت ژن لە ناوەندی نەتەوە وێنا دەکات بەڵام لە ڕاستیدا لە دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێبەشی دەکات. یان ژن وەکوو پارێزەری کولتوور پێناسە دەکات بەبێ ئەوەی دەسەڵاتێکی بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنی ئەو کولتوورە هەبێت. ئەم ڕەوتەش ئەنجامەکەی دەبێتە ئەوەی کە لەم گوتارەدا، سەمبۆلیکبوونی ژن گرینگتر بێت لە کارتێکەریی سیاسی و کولتووریی ئەو.
ناسیۆنالیزمی نەریتخوازی کوردستانیش هەر لەم ئەقڵییەت و شێوەڕوانینەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەمەش ڕەوایی ئەم گوتارە دەباتە ژێر پرسیار، تەنانەت ئەگەر ئامانجی بەرگریکردن لە مافەکانی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراوی کورد بێت. ڕاستی ئەوەیە ناسیۆنالیزمی کوردستانی لەگەڵ نەتەوەیێکی بێ دەوڵەت ڕووبەڕوویە، نەتەوەیێک کە زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوپێش خاکەکەی لەنێو چوار دەوڵەتی ساختەدا دابەش بوو و لەماوەی ئەم سەد ساڵەدا بەردەوام ڕووبەڕووی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن، ژینۆساید، سەرکوت و بەربەستی زمانی و فرهەنگی بووە. لە هەلومەرجێکی وەهادا پاراستنی شوناسی نەتەوەیی گرینگییەکی تایبەتی هەیە و لێرەدا ژن گرینگییەکی دووقاتی دەبێت. چون لە ڕوانگەی نەریتخوازانەوە ئەگەر لە نێو ماڵدا بە زمانی کوردی قسە بکرێت زمانی کوردی دەپارێزرێت، ئەگەر کولتووری کوردی بپارێزرێت شوناسی کوردی دەمێنێت و ئەگەر شوناسی کوردی پارێزراو بێت نەتەوەی کورد هەر دەمێنێتەوە. لێرەشدا چون بنەماڵە شوێنی سەرەکیی ئەم ڕاگواستن و پاراستنەیە، ژن دەبێتە پارێزەری نەتەوە لە بیاڤی کەسی (حوزە خصوصی) ماڵدا. واتای ئەم ڕەوتەش ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی نەریتخواز بەم شێوەیە ڕۆڵی نەریتیی ژن، نەتەوەیی دەکاتەوە و مانای نەتەوەییبوون دەبەخشێتە ڕۆڵێکی نەریتی و پێشوەختە دیاریکراو لە کۆمەڵگەدا. کوردی قسەکردن، جلی کوردی لەبەرکردن، پاراستنی داوێنپاکی، منداڵ خستنەوە و پەروەردە کردنی منداڵان بۆ بەرهەمهێنانەوەی نەتەوە، هەمووی دەبنە ئەرکێکی نەتەوەیی. بۆیە هەر ڕۆڵ یان ئەکتێکی ژن لەو پێناوەدا شرۆڤە دەکرێت کە چ قازانجێکی بۆ نەتەوەکەی هەیە و بەرەبەرە کەسایەتی “ژن دایکی نیشتمان”، “ژن پارێزەری نەتەوە”، “ژن هێمای پاکیی نەتەوە”، “ژن پارێزەری کولتوور” بەرهەم دێت و لە ئاکامدا لەم گوتارەدا، ژن لەو چوارچێوەدا شرۆڤە دەکرێت. نموونەیێک کە ڕەنگە لێرە پێویستە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بەشە یارمەتیمان بدات، بابەتی شلێر ڕەسوولی ژنێکی خەڵکی مەریوان و دایکی دوو منداڵە. ژنێک کە شێوازی مەرگی دەنگدانەوەیێکی گەورەی هەبوو و هەموو سۆشیاڵ میدیای تەنییەوە و خۆپیشاندانی خۆڕسک و گەورەی خەڵکی لێکەوتەوە. چوار ساڵ لەمەوپێش و لە هاوینی ٢٠٢٢ دا شلێر ڕەسوولی لەلایەن پیاوێکی دراوسێیان و بەمەبەستی دەسدرێژیی سێکسی بە فریو و درۆ و داوای یارمەتی لێکردن، پەلکێشی ماڵەکەی دەکرێت. شلێر کاتێک لەو ماڵەدا خۆی بە تەنیا دەبینێتەوە و لە مەبەستی پیاوەکە ئاگادار دەبێتەوە و هەموو دەرگایەک بە ڕووی خۆیدا داخراو دەبینێت، لە پەنجەرەی ماڵەکەوە خۆی دەهاوێتە نێو کۆڵان و گیانی لەدەست دەدا. خوێندنەوەی ناسیۆنالیستە نەریتخوازەکان بۆ ئەو ڕووداوە هەر لەم چوارچێوەی کەسایەتی “ژن هێمای پاکیی نەتەوەیە” بوو. واتا کردەوەی شلێریان بەو شێوەیە شرۆڤە دەکرد کە بۆ پاراستنی داوێنپاکیی خۆی ئەو کارەی کردووە و کارێکی وەهاش بە تەنیا لە ژنێکی کورد دەوەشێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبوو سەرەتا باس لەو دۆخە بکراتایە کە شلێری ناچار کردبوو بڕیارێکی وا بدات. شلێر لە چرکەساتێکدا کەوتووەتە نێو دۆخێک لە توندوتیژی لە ئاستێکی بەرزدا بەڵام لە هەمان کاتدا دەیزانی کە ئەگەر خۆی ڕادەست بکات و بەو شێوە گیانی خۆی بپارێزێت دواجار یاسا و کۆمەڵگە پاڵپشتی نابن. بۆیە هەڵبژاردنی مەرگ نەک دڵخوازانە بەڵکوو لە دۆخێکی ناچاری و زۆرەملێدا بووە.
خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەگەرچی هەمووی ئەم وێنایانەی کە لە گوتاری ناسیوناڵیزمی نەریتخوازدا دروستکراون، ژن وەکوو هێمای نەتەوە پێناسە دەکەن بەڵام لەڕاستیدا و لە گۆڕەپانی واقیعدا ژن لە دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور خراوەتەوە و مافی بڕیاردانی سەربەخۆیانە سەبارەت بە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لێ ئەستێندراوە. چۆن بیاڤی گشتی (حوزە عمومی) کە بیاڤی سیاسەت و کۆمەڵایەتییە و وەکوو بواری بڕیاری سەربەخۆیانە ناسراوە، لە دەستی پیاواندایە. ئەو وێنایانە لەم گوتارەدا هەموویان لەو بازنەیەدا دەخولێنەوە کە ژنی کورد دەتوانێ چ ڕۆڵێک بۆ نەتەوەکەی بگێڕێت؟ بەڵام هیچکامیان ئاوڕێک لەوە نادەنەوە کە ژن وەکوو سووژەیێکی سیاسی سەربەخۆ دەتوانێ چ پێگە و ڕۆلێکی بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردن و بونیاتنانی خۆی و نەتەوەکەی و کۆمەڵگەکەی هەبێت؟
وێناکردنی ژنی کورد لە ژێر ناوی گوتاری ژنۆلۆژیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
بۆ باسکردن سەبارەت بە چۆنیەتیی وێناکردنی ژنی کورد لە ژێر ناوی ژنۆلۆژیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێویستە لە سێ ڕەهەندەوە بچینە ناو باسەکە تا لە کۆتاییدا چییەتی و چۆنیەتی ئەم وێناکردنەمان بۆ ڕوون ببێتەوە.
١- ئاخێزگە و ڕەوتی دروستبوونی کەسایەتی ژنی ئازادیخواز، شەڕڤان و بەرخۆدێری کورد.
٢- هۆکارە سەرەکییەکان و ڕەوتی پەیوەستبوونی ژنان بۆ ناو ڕیزەکانی پەکەکە.
٣- ڕوانگەی پەرتووکی ژنۆلۆژی بە نیسبەت ژن.
ڕەهەندی یەکەم، ئاخێزگە و ڕەوتی دروستبوونی کەسایەتی ژنی ئازادیخواز و شەڕڤان و زانای کورد: ڕاستی ئەوەیە لە ئاکامی ڕەوتی سەرهەڵدانی ژنە ئازاگەلێک لە مێژووی نەتەوەی کورددا، چ لە بواری ئەدەب و زانستەوە و چ لە بواری بەرخۆدان و قارەمانییەتی لە گۆڕەپانی شەڕ و هەوڵدان بۆ پاراستنی کەرامەتی خۆیان و نەتەوەکەیان و هەروەها ڕووداوگەلێکی مێژوویی پەیوەندیدار بە ژنانی کوردەوە، کەسایەتییەک لە ژنی کورد هاتووەتە ئاراوە کە سێ فاکتۆری سەرەکیی ئەم کەسایەتییە بریتییە لە ئازادیخوازی، شەڕڤانی و زانایەتی. لێرەدا تاقمێک لەو کەس و کەسایەتی و ڕووداوانە کە لە درێژەی دوو سەدەی ڕابردوو، ناو و ناوبانگ و چالاکی و هەوڵەکانیان یارمەتیدەری پێکهاتنی ئەو وێنا و کەسایەتییە لە ژنی کورد بووە، دەخەینە ڕوو تا ئەوەمان بۆ ڕوون ببێتەوە کە ئاخێزگە و مێژووی دروستبوونی ئەم کەسایەتیە، چالاکی و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان بووە نەک حیزبێکی سیاسیی تایبەت.
١۸٠٥-١٨٤٨ی زایینی: ماهشەرەف خانم قادری ناسراو بە مەستوورە ئەردەڵان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی سنە. یەکەمین ژنی مێژوونووس لە ئاستی جیهان. خاوەنی چەند کتێب و دیوانی شیعر و زانا و نووسەرێکی کەموێنە لە سەردەمی خۆیدا.
١٨٥٤ ی زایینی: ئاسیە خانم ناسراو بە قەرە فاتمە، باکووری کوردستان، خەڵکی قارەمان مەرعەش. لە شەڕی کریمە بەرامبەر بە ڕووسەکان فەرماندەی گوردانێکی ٣٠٠ کەسی بوو کە یارمەتیی عوسمانییەکانی دا. ناو و ناوبانگی وەکوو ژنێکی کوردی فەرماندە لەشکەر، ڕۆژنامە ئەورووپاییەکانی ئەو سەردەمەی تەنییەوە.
١٩٠٩ی زایینی: عادڵە خانم، باشووری کوردستان. لەدوای مردنی هاوژینەکەی دەسەڵاتی ناوچەی هەڵەبجەی بەدەستەوە گرت و ١٥ ساڵ حوکمڕانی کرد. خاوەنی مەحکەمە و بڕیاردەرێکی لێهاتوو بوو.
١٩١٩ی زایینی: فاتمە خانی گەڵواخی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی ناوچەی دیواندەرە. لەدوای کوژرانی سنجرخانی وەزیری و لە کاتێکدا کە خەم و بێ هیواییەکی گەورە ناوچەکەی داگرتبوو، چەکی لە شان کرد و سوپایێکی لە هۆز و گوندەکانی ناوچەکە پێک هێنا و لەگەڵ داگیرکەرانی ڕووس بەشەڕ هات. لە ژێر فەرمانی ئەو دەیان قارەمانییەتی تۆمار کرا، لەکۆتاییدا و لە ڕێگای پارێزگاری لە خاک و خەڵک، گیانی لەدەست دا.
١٩١٩ی زایینی: ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد لە باکووری کوردستان دامەزرا کە یەکەمین ئەنجومەنی ژنان لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئەنجوم یاموڵکی یەکێک لە دامەزرێنەران و گوتەبێژی ئەو ڕێکخراوەیە لە مەیدانی سوڵتان حەمیدی ئیستانبۆل ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کە زیاتر ڕاهێنان و هەوڵی بەهێزکردنی ژنان لە کوردستان بوو ڕایگەیاند و لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەى بە ڕووخانی عوسمانی کرد و وتی ئیدی کاتی ئەوەیە ئێمەی کورد وەکوو نەتەوەکانی دیکە خاوەنی سەروەریی خۆمان بین و ڕۆلی خۆمان بگێڕین. گرینگیی ئەم ڕێکخراوەیە ئەوە بوو کە نە تەنیا یەکەمین ڕێکخراوەی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بەڵکوو هاوکات بۆ دەستەبەر کردنی مافی ژنان و مافی نەتەوەی کورد تێکۆشانیان دەکرد.
١٩٢٦ی زایینی: حەفسە خانی نەقیب، باشووری کوردستان، خەڵکی سلێمانی. یەکەمین قوتابخانەی کچانی لەو شارە دامەزراند و ماڵی خۆی بۆ ئەم کارە تەرخان کرد. حەفسە خان لە پێگەی بنەماڵەیی خۆی کەڵکی وەرگرت و بۆ ئەوەی خەڵک ڕازی بکات کچەکانیان بۆ خوێندن بنێرن، ماڵ بە ماڵ دەگەڕا و دڵنیایی دەدایە بنەماڵەکان لە پارێزراوبوونی کچەکانیان لە قوتابخانە. هەروەها ئەنجومەنێکی ڕێکخست و هەوڵی زۆری بۆ بەتواناکردنی ژنان دا. حەفسە خان لە ساڵی ١٩٣٠ نامەیێکی بۆ کۆمەڵگەی نەتەوەکانی ئەو سەردەمە نووسی و داوای مافە ڕەواکانی نەتەوەی کوردی کرد.
١٩٥٧ی زایینی: ڕەوشەن بەدرخان، ڕۆژاوای کوردستان. لە کۆنفڕانسی دژە ئیستیعمار لە یوونان بەشداری کرد و دۆخی کوردی باس کرد و داوای مافە ڕەواکانی نەتەوەی کوردی کرد.ئەم خاتوونە جیا لەوەی چالاکی مافی ژنان بوو، نووسەر و وەرگێڕێکی بەتوانا بوو کە جیا لە کوردی، ئینگلیزی، فەڕانسەوی، عەڕەبی و تورکی دەزانی و چەندین کتێب و نووسراوەی لە پاش بەجێماوە.
۱۹۷۴ی زایینی: لەیلا قاسم، باشووری کوردستان، خەڵکی خانەقین. لەکاتێکدا کە خوێندکاری کۆمەڵناسیی زانکۆی بەغدا بوو، بەهۆی چالاکییەکانی لەپێناو وەدەستهێنانی مافەکانی نەتەوەی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەسبەسەر و ئەشکەنجە درا و تەنانەت لە دواهەمین چرکەساتەکانی ژیانی ئامادە نەبوو لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی پاشگەز ببێتەوە و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا لەسێدارە درا.
١٩٧٨ی زایینی: سەکینە جانسێز، باکووری کوردستان، لە یەکەم دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو کە ئامانجی سەرەکییان تێکۆشان بۆ سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی کوردستانی گەورە بوو و هەر لەسەر ئەم ئامانجەش، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە زیاتر لە ١٠ ساڵ زیندانی کرا و لەپاش هاتنەدەرەوەی لە زیندان چووە ئەورووپا و درێژەی بە چالاکییەکانی دا. لەساڵی ٢٠١٣ لە فەڕانسە لەلایەن فاشیستە تورکەکانەوە تێرۆر کرا و گیانی بەخت کرد.
١٩٨٠ی زایینی: دوو خوشکی خەڵکی سەقز شەهلا و نەسرین کەعبی و هەروەها شەهین باوەفا خەڵکی سنە، سێ ژنە پەرەستاری کورد، ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی یارمەتی گەیاندن بە شۆڕشگێڕانی کورد و چارەسەرکردنی برینی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، لەسێدارە دران.
١٩٨٠ی زایینی: فەرەنگیس حەیدەرپوور، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنەکوردی خەڵکی گێڵانی کرماشان. لەدوای هێرشی هێزەکانی سەدام حوسێن بۆ سەر گوندەکەیان و کوژرانی چەند کەس لە خزم و کەسوکاری و ئاوارەبوونی خۆی و بنەماڵەکەی، کاتێک گەڕایەوە گوندەکەیان لەگەڵ دوو سەربازی چەکداری داگیرکەری سەدام حوسێن بەبێ ئەوەی چەکی پێبێت، بەشەڕ هات و یەکیانی کوشت و ئەویتریانی چەککرد و بەدەسبەسەرکراوی ڕادەستی خەڵکی گوندەکەیانی کرد. ئەم ئازایەتییە لەو سەردەمە دەنگدانەوەی زۆری بووە.
١٩٩٠ی زایینی: سەعدیە خالدیان ناسراو بە خوشکە لەیلا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی دێولان. پێشمەرگە و بەرپرسی نەخۆشخانەی حیزبی دیموکڕات، کاتێک لەگەڵ چوار ژن و پیاوی پێشمەرگەی تر گەڕابوونەوە ناوخۆی ڕۆژهەڵات، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران و دوای ماوەیێک لەسێدارە دران.
١٩٩٠ی زایینی: زەکیە ئاڵکان، باکووری کوردستان، خوێندکاری پزیشکیی زانکۆی دیجلەی ئامەد. لەدوای ناڕەزایەتی دەربڕین دژی قەدەغەکردنی ئاهەنگی نەورۆزی کوردستان لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە، چووە سەر قەڵای ئامەد و ئاگری لەخۆی بەردا و دوای چەند ڕۆژ گیانی بەخت کرد. زەکیە وەکوو شەهیدی نەورۆز ناسرا و ئەو ڕووداوە دەنگدانەوەی گەورەی بوو.
١٩٩١ی زایینی: لەیلا زانا ، باکووری کوردستان، ژنە کوردی ئەندامی پارلەمانی تورکیا وەکوو یەکەم کەس لە پارلەمانی تورکیا بە زمانی کوردی قسەی کرد و کەوتە بەر هێرش و هەڕەشەی تورکە فاشیستەکان، دوای ماوەیێک دادگایی کرا و ١٠ ساڵ لە زیندان مایەوە.
١٩٩٢ی زایینی: گوڵناز کاراتاش ناسراو بە بریتان، گریلای پارتی کرێکاران، باکووری کوردستان . لەدوای شەڕ و بەرخۆدان لەگەڵ هێزەکانی دوژمن بۆ ئەوەی بە زیندوویی دەسبەسەر نەکرێت لە لووتکەی شاخێکەوە خۆی بەردایە خوارەوە و گیانی لەدەست دا کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی بوو.
١٩٩٢ی زایینی: مزگێن ئایدین، باکووری کوردستان، بەتۆمەتی ئەندامەتی لە پەکەکەدا لە تەمەنی ١٩ ساڵەییدا دەسبەسەر کرا و ٣٠ ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا ئازار و ئەشکەنجەی دی و لە تەمەنی ٤٩ ساڵیدا ئازاد کرا. لە یەکەم چرکەساتەکانی ئازادبوونی لەدوای خوێندنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب باسی درێژەدان بە ڕێگەی پێشەوا قازی و سمکۆی کرد.
٢٠٠٥ی زایینی: مەرزیە فەریقی، ژنە پێشمەرگە و هونەرمەندی گەورەی کورد، ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کە بە گۆرانییە شۆڕشگێڕانەکانی خزمەتی گەورەی بە کوردستان کرد و لەدوای مەرگی لە سوید و لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی گەڕایەوە بۆ باشوور و لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆدا لە سلێمانی بەخاک سپێردرا.
٢٠٠٨ی زایینی: زەینەب جەلالیان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی ماکۆ. ئەندامی پەکەکە، کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و حوکمی زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا و تا ئێستا ١٨ ساڵ لە زیندان ماوەتەوە.
٢٠١٠ی زایینی: شیرین عەلەمهۆلی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی ماکۆ. کە لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر و چەند کەسی دیکە لەسێدارە دران و شێرکۆ بێکەس لە شیعرێک لە وەسفی ئەودا وتی “من بازنەی دەستی شیرینی عەلەمهۆلیم”.
٢٠١٤ی زایینی: ئارین میرکان، ڕۆژاوای کوردستان. لە شەڕی دژی داعش، لەدوای کوشتنی چەندین کەس لە داعشییەکان بە مەبەستی تەقاندنەوە، خۆی خستە بەر تانکی زرێپۆشەوە و گیانی بەخت کرد. ناوی وەکوو هێمای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داعش تۆمار کرا.
٢٠١٣ی زایینی: نەسرین عەبدوڵڵا، ڕۆژاوای کوردستان . وەکوو فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان چەندین ساڵ دژی داعش خەبات و چالاکی کرد و لە ئازادکردنی کۆبانێ ڕۆڵی گەورەی گێڕا. وەکوو هێمای پاراستنی کەرامەتی ئینسانی ژنان دژ بە تاریکپەرەستانی داعش، لەلایەن فڕانسوا ئۆلاند سەرۆککۆماری ئەودەمی فەڕەنسە لە پاریس پێشوازی لێکرا.
٢٠١٦ی زایینی: ئاسیە ڕەمەزان، ڕۆژاوای کوردستان. کە زیاتر لە سەد کەس لە داعشیەکان بە دەستی ئەو کوژرابوون و لەکۆتاییدا لە مەیدانی جەنگ لە جرابلۆس گیانی بەخت کرد. ئاسیە بەهۆی شەڕی ئازایانەی لەگەڵ داعش ناوبانگی جیهانی دەرکرد.
٢٠١٨ی زایینی: نادیا موراد، کچەکوردی ئێزدی، باشووری کوردستان. کە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال چەندین ساڵ دیلی دەستی داعش بوو. دوای ئازادبوونی بەهۆی چالاکییەکانی دژبە بەکارهێنانی دەسدرێژیی سێکسی لە جەنگ بۆ سەر ژنان و هەروەها وەکوو هێمای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بیری داعشی، بووە براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل.
٢٠١٩ی زایینی: زارا موحەممەدی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی چالاکییەکانی بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بە زمانی کوردی لە شار و گوندەکانی کوردستان، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ دەرکرا. بەرخۆدانی زارا بووە هۆی ئەوەی پرسی زمانی دایکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و و جوگرافیای سیاسیی ئێران ببێتە ڕۆژەڤ.
٢٠١٩ی زایینی: موژگان کاووسی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی کەلاردەشت کە بەهۆی چالاکییەکانی لەڕێگەی پەرەپێدان بە زمانی کوردییەوە و جەختکردن لەسەر خوێندن بە زمانی دایکی، چەند جار دەسبەسەرو زیندانی کرا.
٢٠١٩ی زایینی: والا فەرید و ڕێواز فایەق دوو ژنەکوردی خەڵکی باشووری کوردستان کە لە دوو قوناغی جیادا وەکوو سەرۆکی پارلەمانی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردران. ئەم ڕووداوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم وێنەیە.
٢٠١٩ی زایینی: ئیلهام ئەحمەد ژنە سیاسەتمەداری کورد و هاوسەرۆکی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوا کە وەکوو ژنێکی کورد بەشداری دانیشتنی کۆنگرەی ئامریکای کرد و دۆخی ڕۆژاوای کوردستان و سووریای خستە بەرباس.
٢٠٢٢ی زایینی: شلێر ڕەسوولی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی مەریوان. کاتێک لەلایەن پیاوێکەوە هەوڵی دەسدرێژی بۆ درا بۆ پاراستنی کەرامەتی خۆی و بنەماڵەکەی لە پەنجەرەی ماڵەکەوە خۆی هاویشتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا. ئەم ڕووداوە لە کوردستان دەنگدانەوەی زۆری بوو و خۆپیشاندانی خۆڕسکی خەڵکی لێکەوتەوە. وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی ئێران بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە هاتە مەریوان.
٢٠٢٢ی زایینی: ژینا ئەمینی خەڵکی سەقز، لەکاتی دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە تاران و بۆسەپاندنی حیجابی زۆرەملێ گیانی لەدەست دا. ئەم ڕووداوە بووە هۆی سەرهەڵدانی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژنانی کورد لە کاتی ناشتنی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی سەقز، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە کوشتنی ژینا و حیجابی زۆرەملێ، بە دروشمی “ژن_ژیان_ئازادی” و “کوشتن لەسەر ڕووسەری هەتاکەی قوڕبەسەری” لەچکەکانیان لەسەر لابرد و لەو چرکەساتە بەملاوە ئیدی ڕژیمی مەزهەبیی ئێران سەرەڕای تەواو هەوڵ و هەڕەشەکانی نەیتوانی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا بسەپێنێتەوە. ئەم شۆڕشە لە ماوەیێکی کورتدا گشت جوگرافیای سیاسیی ئێرانی گرتەوە. ژینا بووە هێمای شۆڕشی ژن_ژیان_ئازادی و لە دەیان وڵاتی جیهان خۆپیشاندانی گەورە بۆ پاڵپشتی لەو شۆڕشە بەرێوە چوو و چەندین شەقام لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، ناوی ژینایان لەسەر نرا. لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەیان ژنی کورد لە خۆپیشاندانەکان گیانیان لەدەست دا. وەکوو مینوو مەجیدی، ژنە مامۆستای خەڵکی قەسرشیرینی کرماشان کە یەکەم ژنی گیانبەختکردوو لە نێو خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینا بوو. لەو ماوەیەدا سەدان ژنی کوردیش دەسبەسەر و ئەشکەنجە و زیندانی کران. بۆ وێنە یەکێک لەو ژنانە، ژینا مودەڕیس گورجی چالاکی مافی ژنان بوو کە دەسبەسەر کرا و حوکمی زیندانی بەسەردا سەپا. ژینا لە ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن بی بی سی جیهانییەوە وەکوو یەکێک لە سەد ژنی کاریگەری جیهان لەو ساڵەدا ناسرا.
٢٠٢٣ی زایینی: وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە هۆی چالاکییەکانیان لە ڕۆژاوای کوردستان و بۆ یارمەتی گەیاندن بە ژنانی ڕزگاربوو لەدەستی داعش، کاتی گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کران و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپا و تا ئێستاش لە زیندان ماونەتەوە.
ڕەهەندی دووەم، هۆکار و ڕەوتی پەیوەستبوونی ژنان بۆ ناو ڕیزەکانی پەکەکە: لە ساڵی ١٩٧٨ی زایینی پارتی کرێکارانی کوردستان وەکوو حیزبێک کە ڕاشکاوانە بانگەشەی بۆ دامەزراندنی کوردستانی گەورە و بەدیهێنانی ئاواتی لەمێژینەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی و یەکەوخستنی هەرچوارپارچەی کوردستانی دەکرد و بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵ ئەمە ئامانج و سیاسەتی فەرمییان بوو، دامەزرا. پەکەکە بەم سیاسەتە توانی سەرنجی ملیۆنان کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بەم سیاسەتە توانی زیاتر لە هەموو حیزبەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان لاوانی کورد بۆ لای خۆی هان بدات و لە ماوەیێکی کورتدا دەیان هەزار کچ و کوڕی کورد بباتە ناو ڕیزەکانی خۆیەوە. چۆن تا ئەو سەردەمە هیچ حیزبێکی کوردستانی لەم ئاستە و بەو ڕاشکاوییە باسی دامەزراندنی کوردستانی گەورە و سەربەخۆیی بۆ کوردستانی نەکردبوو. بەبێ شک کاتێک کەسێک پەیوەست بە حیزبێکی سیاسی و چەکدار دەبێت و ژیانێکی حیزبی و جیابوونەوە لە بنەماڵە و مەترسییەکانی ئەو ڕێگایە هەڵدەبژێرێت، سەرەکیترین فاکتەرێک کە سەرنجی پێ ئەدات ئەوەیە کە بزانێت ئامانجی سیاسیی ئەو حزبە چییە. لەسەر ئەم بنەما دەتوانین بڵێین لە ڕۆژێکەوە کە پەکەکە دامەزرا و ئەندامی وەرگرت و خۆی ڕێکخست و لایەنگری پەیدا کرد و میدیای دامەزراند و سەدان شەهیدی پێشکەش کرد وگەورە بوویەوە و وەکوو بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز ناو و ناوبانگی لە ئاست جیهان دەرکرد، سیاسەتەکانی نەتەوەیی و کوردستانی بوون و هەر ئەم سیاسەتەش هۆکاری گەشە کردنی بوو.
ژنانێک وەکوو سەکینە جانسێز و مزگێن ئایدین و زیلان پەپوولە و بریتان بۆ خەبات لە پێناو دروستبوونی کوردستانی گەورە و سەربەخۆ چوونە ناو پەکەکەوە. هەبوونی ئەم جۆرە ژنانە و ئەو بیرە نەتەوەییە لە ناو پەکەکەدا لە گەڵ بایەخدانیان بە ژنان، ڕێژەی بەشداریی ژنانی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکردەوە. ئەگەرچی بایەخدان بە ژنان و کچان لەلایەن دامەزرێنەرانی پەکەکەوە بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە و بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین پەکەکە زیاتر لە هەموو حیزبە کوردستانییەکانی تر لە هەر چوارپارچەی کوردستان گرینگی بە ژنان و پرسی ژنان داوە، بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری تریش ئەوەیە کە دۆزی ڕەوای کورد و خواست و ویستی بەرگریکردن لە کوردستان و هیوای گەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی زیاتر لە هەر بابەتێکی تر، بزوێنەری سەرەکیی ژنان بۆ پەیوەستبوون و خەبات و تێکۆشان لە ڕیزەکانی ئەم حیزبەدا بووە. تەنانەت ئێستاشی لەگەڵ بێت، سەرەڕای بەڕۆژەڤکردن و هاوردنەپێشی هەندێک چەمک و دەستەواژە وەکوو”ئێکۆلۆژیی کۆمەڵایەتی” مۆرای بوکچینی سۆسیالیست، کە ئۆجەلان خۆی بە قوتابی ئەو دەزانێت و کتێبەکانی لە زیندانی ئیمڕاڵی گەیشتووەتە دەستی و هەروەها “ئینتگراسیۆنی دیمۆکراتیک” کە لەم ساڵانەی دواییەدا لە دوای پێشنیارەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ نەهێشتنی تێرۆر لە تورکیا (بەوتەی دەسەڵاتدارانی تورکیا) هاتەئاراوە، ناتوانێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە بزوێنەری سەرەکی و خواستی ڕاستەقینەی زۆربەی هەرەزۆری ژنانی بەشداربوو لە ڕیزەکانی پەکەکە، خواستی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نەتەوەیی بوو.
بۆ نموونە دیتنی ویدیۆی چرکەساتی ئازادیی مزگین ئایدین ئەندامی پەکەکە، کە لە تەمەنی ١٩ ساڵەیی کەوتە زیندانی ڕژیمی تورکیە و لە تەمەنی ٤٩ ساڵەیی لە دوای ٣٠ ساڵ ئەشکەنجە و ئازاری زیندان، زۆر شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئەو لەبەر دەرگای زیندان کاتێک لەلایەن بنەماڵە و هاوڕێیانیەوە پێشوازی لێکرا لە یەکەم چرکەساتی ئازادبوونی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیبی خوێندەوە و باسی درێژەدان بە ڕێگەی سمکۆی شکاک و پێشەوا قازی موحەممەد وەکوو ڕێبەرگەلێک دەکات کە خوازیاری سەربەخۆیی کوردستان بوون. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە، ئەو ژنانەی کە لە دەیەی ٨٠ و ٩٠ پەیوەست بە پەکەکە بوون زیاتر لە هەر شتێک بیری نەتەوەیی هاندەریان بووە و تەنانەت لەدوای ٣٠ ساڵ ئازار و ئەشکەنجەی زیندان، لەسەر ئەو ڕێبازە ماونەتەوە. سەبارەت بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێویستە بڵێین ئەگەرچی “ژن، ژیان، ئازادی” وەکوو دروشم، لە پەکەکەوە هاتبوو بەڵام وەکوو بیرۆکە و خواستی ئازادیی ژنان، لە کۆیادی کۆمەڵگەی کوردستان و ئەدەبیاتی نووسەران و شاعیرانی کورد وەکوو مامۆستا هێمنەوە سەرچاوەی گرتووە. مامۆستا هێمن ٦٠ ساڵ بەر لە دروستبوونی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە یەک خشتەی شێعری “یادگاری شیرین” کە باسی پێویستیی خوێندن بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادی ژن دەکات، ئەم سێ وشە گرێ ئەداتە یەکەوە و ئەڵێ “تاکوو ژن ئازاد نەبێ سەرچاوەکەی ژین لیخنە”.
کۆێ ئەم باسە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، بەپێچەوانەی ئەو بانگەشانەی کە هەوڵیان ئەوەیە کولتووری ئازادیخوازیی ژنانی کورد و هەروەها ئاخێزگەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەرتەسک بکەنەوە بە ئایدۆلۆژیای حیزبێکی وەکوو پەکەکە، بەڵام لەڕاستیدا سەرچاوەی دروستبوونی بیری ئازاد و تەنانەت پەیوەستبوون و چالاکییەکانی ژنان بۆ ناو ڕیزەکانی پەکەکەیش دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ڕێچکەی ژنی ئازاد لە کوردستان.
ڕەهەندی سێهەم، ڕوانگەی ژنۆلۆژی بەنیسبەت ژن: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەرتووکی ژنۆلۆژی، دەربازبوون لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێ دەدات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندییە باڵادەست و بندەستییە کە لەنێوان ژنان و پیاوان لە درێژەی مێژوودا و بەتایبەت لە دنیای سەرمایەداریدا دروست بووە و بە وتەی خۆی “تەنیا لەو هەلومەرجانەدا هاوژیانیی ئازاد لەگەڵ ژن بەدیدێت کە خاوەندارێتی یان بەسامان کردنی ژن ڕەت بکرێتەوە، ڕەگەزپەرستیی کۆمەڵایەتیی بەکارهێنراو بەتەواوی دەرباز بکرێت و لە هەموو ئاستێکدا یەکسانی جێگیر بکرێت.” (ژنۆلۆژی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ٢٠١٢). ئەگەرچی ئەم ڕێکارە وەکوو چارەسەریێکی گشتی لە پەیوەندیی نێوان ژنان و پیاوان بابەتێکی گرینگ و سەرنجڕاکێشە، بەڵام ڕوانگەی زاڵ لە سەرتاسەری ژنۆلۆژی ڕوانگەیێکی نۆستالۆژیکە بەنیسبەت ژن لە درێژەی مێژوودا. ئۆجەلان لە نووسراوەکانی ژنۆلۆژیدا لە ڕێگای بەزاتیکردنی هەندێک تایبەتمەندی لە ژن وەکوو حەزنەکردن بە دەسەڵات و خوازیاری ئاشتیبوون و ئازادی لە کۆمەڵگە، پرسی ژن ڕۆمانتیزە و ئەفسووناوی دەکاتەوە و هاوکات لە بەرانبەر ژندا، لە ڕێگای بەزاتیکردنی هەندێکی تر تایبەتمەندی لە پیاو وەکوو حەزکردن بە دەسەڵات و زاڵبوون و شەڕ و دەوڵەت، دووانەی ژنی باش-پیاوی خراپ دروست دەکات. ئەم دووفاقییە، بیرکردنەوە لەسەر دۆخی هەنووکەیی واتە ڕامان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیی ئێستای ژن وەلادەنێت. بۆ وێنە لە دەسپێکی ژنۆلۆژیدا ئەڵێ “وزەی ماددە و فۆڕمی ژن و وزەی ماددەی پیاو جیاوازە، ئەو وزەیەی ژن هەڵیگرتووە هەم زیاترە و هەم چۆنیەتیی وزەکە جیاوازترە، فۆڕمی ژن سەرچاوەی ئافراندنی ئەو جیاوازییەیە … بوون بە پیاوی زاڵ یان باڵادەست لە کۆمەڵگەدا گەیشتنە بە دۆخی شێوەگرتنی دەسەڵات … هەرچی لە ژندایە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وزە نابێتە فۆڕم و ناکەوێتە شێوەیێکەوە” (ژنۆلۆژی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ٢٠١٢). مەبەست لەم بابەتەش ئەوەیە کە ژن بەشێوەی سروشتی حەزی لە دەسەڵات نییە. هەر ئەمانەش خۆی دەبێتە هۆکار بۆ ئاڵۆزکردنی پرسی پەیوەندیدار بە ژنەوە و هەڵکەندنی لە چوارچێوە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکانی خۆیان. بەم شێوەیە بەربەست دروست دەکات بۆ شرۆڤەکردنی دۆخی بندەستیی ژن لەسەر ئەرزی واقیع. چەمکی گەردوونی “ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کە بەردەوام لە ژنۆلۆژی دووپات دەکرێتەوە، هاسانکارییە بۆ ئەم ئاڵۆزکردنە. ئۆجەلان لە سەرانسەری ژنۆلۆژیدا، سەردەمی دایکسالاری و مێخوداوەندەکان (بەوتەی خۆی) بە سەردەمی ئاشتی و ئازادی و یەکسانی بۆ کۆمەڵگە دەزانێت و سەردەمی باوکسالاری و نێرخوداوەندەکان (دیسان بەوتەی خۆی) وەکوو سەردەمی شەڕ و نایەکسانی و موڵکییەت و دروستکردنی دەوڵەت و دەسەڵات پێناسە دەکات. بۆیە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی کۆمەڵگە بۆ سەردەمی دایکسالاری لە ڕێگای بەرەنگاری لەگەڵ دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی باڵادەستی و ژێردەستی لە پەیوەندییەکانی نێوان ژنان و پیاوان لە ئامانجەکانی ئوجەلان لە ژنۆلۆژییە کە لە ڕێگای ڕۆڵگێڕانی ژنان لە خەباتێکی بێوچاندا بۆ دیموکڕاتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیدێت. ئەم کارەش بە دابڕاندنی ژنان لە ژیانی ئاساییان مسۆگەر دەبێت. بە بڕوای من لەنێو نووسراوەکانی ژنۆلۆژیدا، کۆمەڵگەیێکی خەیاڵی لە دەرەوەی کۆمەڵگەی ڕاستەقینە دروست کراوە کە گوایە تەنیا لەو کۆمەڵگەیەدا ژن دەتوانێ بگاتە ئازادی و یەکسانی و لە دۆخی ژێردەستی ڕزگاری بێت، ئەویش کۆمەڵگەی سۆسیالیستییە. بۆیە هەموو شرۆڤە و هەوڵەکان لە ژنۆلۆژیدا بۆ گەیشتن بەو کۆمەڵگە سۆسیالیستی و تا ڕادەیێکی زۆر خەیاڵاوییەیە. وەکوو لە ژنۆلۆژیدا باسی دەکات ” سۆسیالیستبوون تا ڕادەیێک لە میانەی بەرجەستەکردنی خەیاڵی ئینانا-ئافرۆدیت و پرۆمیتۆس بەدیدێت.” (ژنۆلۆژی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ٢٠١٢) لێرەدا هەموو ڕێگەچارەیێکیش لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە خەیاڵییەیە دێتە ئاراوە نەک لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی هەنووکەیی و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ژن لە ژێئۆپۆلێتیکی ناوچەکە و شرۆڤەی هەلومەرجی ئێستای ژن. هەر ئەم شێوازە ڕوانینەیە کە ژنۆلۆژی دەباتە ناو جوغزی ئایدیۆلۆژیکەوە و یەکێک لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەوەیە کە لە ڕێگای بردنەوەی پرسی ژن بۆ ڕابردوو و گەڕاندنەوەی ڕیشەی ئەو کێشەیە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا و ڕوانین لە سۆنگەی سەرمایەدارییەوە لەم پرسە، کاریگەریی کۆلۆنیالیزم و دۆخی داگیرکراویی نەتەوەیی لەسەر ژێردەستەبوونی ژنی کورد دەخاتە پەراوێزەوە و یان باسی ناکات. بۆ وێنە ئەڵێ “پێویستە ئەو پیاوە بزانێت ئەو ژنەی بەرانبەری قوت کراوەتەوە لە ژێر سایەی شارستانی پێنج هەزار ساڵی و هەژموونگەرایی پێنجسەد ساڵەی سەرمایەدارییەوە تووشی هەلومەرجەکانی هەموو جۆرە کۆیلایەتییەک هاتووە.” (ژنۆلۆژی. عەبدوڵڵا ئۆجەلان. ٢٠١٢). ڕەنگە کۆلۆنیالیزم بەجۆرێک لە جۆرەکان لێکەوتەی سیستەمی سەرمایەداری بێت، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لەئێستادا، کۆلۆنیالیزم لە کوردستان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی زۆربەی ئەو ستەم و هەڵاواردنانەیە کە ژنی کورد تووشى دەبێت. بۆیە پێویستە نەک وەکوو لێکەوتە بەڵکوو وەکوو دیاردەیێکی جیاواز و ڕاستییەکی هەستپێکراو لە جوگرافیای کوردستان سەیری بکەین.
پێگەی ژن لە ژنۆلۆژیدا لە هەندێک شوێن تا ئاستی خوداوەند بەرز دەکرێتەوە و وەکوو خوداوەندەکان ناویان دەبات و لە هەندێک شوێن و لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینە تا ئاستی کۆیلەیەک نزم دەکرێتەوە و ژنۆلۆژی خۆی بە پردێک دادەنێت کە دەیهەوێ ئەو ژنە کۆیلەیە بەرەو کۆمەڵگەی سۆسیالیستی بپەڕێنێتەوە، هەر ئەو کۆمەڵگە خەیاڵییەیە کە ئازادییە ڕاستەقینەکان لەوێ دەستەبەر دەکرێت. کاتێک ئەڵێ “لە پراکتیکی پەکەکە و کەجەکەدا چەندین کوڕ و لاوی کۆیلەی دوێنێ بوون، بەبێ ئەوەی بەیەکەوە بن و جووت بن، لە میانەی ئەشقێکی ئەفلاتونییەوە کاری گەورەیان لە بونیاتنانی نەتەوەی دیموکڕات ئەنجام داوە و هێزی کەسایەتی خۆشیان سەلماندووە. لەو بارەیەوە بە سەدان شەهیدی هێژا و قارەمانمان هەیە. ئەوانە ئەو گەورە قارەمانانەن کە بوونەتە مەم و زین.” (ژنۆلۆژی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان. ٢٠١٢)
بە وتەیێکی دیکە لەم گوتارەدا شرۆڤەی ژن بەشێوەی ئەو شتەی کە ئێستا لە ئارادا نییە دەست پێدەکات و درێژەی پێدەدرێت. ئەمەش بەپێچەوانەی کاری زانستییە. واتا ئێمە ناتوانین ئەو شتەی کە بوونی هەیە بیکەین بە “نەبوو” و ئینجا شرۆڤەی بکەین، چون زانست لەسەر بوونەکان (ئەو شتەی کە ئێستا بوونی هەیە) دامەزراوە. بۆیە پێویستە ژن لە ژنۆلۆژیدا سەرەتا لەو دنیا خەیاڵاوییە بهێنرێتە دەر و لەسەر زەوی و لەسەر ڕاستییەکان دابنرێت و ئینجا شرۆڤە بکرێت. لەنێو نووسینەکانی ژنۆلۆژیدا ڕوانینی نۆستالۆژیک، ڕۆمانسییانە و، ئەفسووناوی بۆ ژن زاڵە و پیشاندانی هەموو ئەم بابەتانە پێویستی بە وتارێکی جیا هەیە. مەبەستم لەم کورتە باسە لەسەر ژنۆلۆژی ئەوە بوو کە بڵێم ئەو کەسایەتییەی لە ژنی کورد لە شەڕڤانی و ئازادیخوازی و زانایی هاتووەتە ئاراوە، جیاوازە لە ئەوەی لە ژنۆلۆژیدا باس کراوە. بەپێچەوانە، ژنۆلۆژی دەیهەوێ ئەو کەسایەتییە جەنگاوەرییە لە ژنی کورد کە لەو ڕەوتە وا پێشتر شرۆڤەمان کرد دروست بووە، بیهێنێتە خزمەتی بەدیهێنانی ئۆتۆپیای خۆی و پێکهێنانی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی و دیموکڕاتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چون ئەگەر بە باشی سەرنجی ژنۆلۆژی بدەین، ئۆجەلان لەم پەرتووکەدا بڕوای وایە کە بەهۆی گیرۆدەنەبوونی کورد بە سیستەمی دەوڵەت (مەبەستی دەوڵەتی کوردییە) و هەروەها پێکهاتە و ئایینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، کورد بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی، ئامرازێکی باشن بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ئەوانەوە دیموکڕاتیزە بکرێتەوە.
بۆیە لە ژنۆلۆژیدا بەردەوام بە شوبهاندنی ژن بە کۆمەڵگە و پیاو بە دەوڵەت، شۆڕشی ژن بە شۆڕشێکی مەزنی کۆمەڵگە دژی پیاو و دەوڵەت و دەسەڵات دەزانێت، واتە ئەم شوبهاندنە زیاتر لەسەر بنەمای دژایەتی لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەیە. (هەڵبەت دەوڵەت-نەتەوە بۆ کورد). دژایەتییەک کە یەکەم زەرەرمەندەکەی خودی ژنانی کوردن کە هەر لەژێر ئەم گوتارەدا یەکێک لە سەرەکیترین مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت.
بەگشتی، ژنۆلۆژی ڕەنگدانەوەی ژنێکی خەباتگێڕە، ژنێک کە هێمای ڕزگاربوون لە دەوڵەت و باوکسالاری و نەریتە پیاوسالارانەکانی کۆمەڵگەیە. ژنێک کە خۆی لە کۆیلەیی ڕزگار کردووە و بە خواست و ویستی خۆی جەستە و ژیانی دەخاتە خزمەتی شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژیکەوە و بەم شێوەیە دەگاتە ئازادی. ئەو وێنەیە، وێنەیێکی بە تەواوەتی خۆبەخشانەیە کە لە هەموو حەزە تاکی و بنەماڵەیی و گشتییەکان خۆی دەرباز کردووە و پەیوەست بە ئاڕمانێکی گەورە و سۆسیالیستی بووە.
ئەوەی لە ژنۆلۆژیدا نابینرێت ژنی ناخەباتگێڕە. واتە ژنێک وا ڕێگای ئەو خەباتەی هەڵنەبژاردووە کە ئەم گوتارە بە دروستی دەزانێت. ژنێکی نەریتی (کابان، دایک، ناسیاسی)، ژنی مودێڕن (ژنێک کە بە خوێندنەوەیێکی باڵا بەدوای سەرکەوتنی تاکییەوەیە)، هونەرمەند و زانا و بازرگان، مادامێک لە خزمەتی ئەم گوتارەدا نەبن، پێگەیێکی ئەوتۆیان نییە چون لە دەرەوی گوتاری ژنولۆژی و ئایدیۆلۆژیای ئۆجەلان و شۆڕشە مەزنەکەی ئەو دان. ئاکامی ئەم شێوازە ڕوانینە بۆ ڕزگاریی ژن، دەبێتە دروستبوونی ئەو باوەڕەی کە ڕزگاریی ژنان تەنیا لە یەک ڕێگاوە مسۆگەردەبێت، ئەویش خەباتی شۆڕشگێڕانە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەی سۆسیالیستی و دیموکڕاتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆیە ژنێک کە پێناسەیێکی دیکەی بۆ ڕزگاری هەبێت بە فەرمی ناناسرێت. ئاڕمانی ڕزگاریی ژنان مادامێک کە لە خزمەتی ئایدیۆلۆژیایێک بێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ کونتڕۆڵ و یەک کاسەکردنەوەی ژنان و تێیدا ڕزگاریی دەستەبەر نایێت.
مەعریفەناسیی ژنوشیاری بۆ پرسی ژنی کورد
هەر پرسیارێک کە دێتە ئاراوە بەهۆی ڕەنج و ئازارێکە کە تووشی دەبین. واتە هەلومەرجێک کە تێیدا تاک یان کۆمەڵێک تووشی ئازار دەبن، خوڵقێنەری هەندێ پرسیارە و هەر پرسیارێکیش لەپێناو کەمکردنەوەی ئەو ڕەنج و ئازارانە دێنە ئاراوە. بەڵام کاتێک وڵامی ئەم پرسیارانە بەدوور لە شوناس و تایبەتمەندییەکانی ئەو تاک یان کۆمەڵەمرۆڤە بێت، نابنە هۆی چارەسەری ڕەنج، بەڵکوو دەبنە هۆی دابڕانی سووژە و ڕەنج لە یەکتر. بە وتەیێکی دیکە، هەر ڕەنج و ئازارێک کاتێک لە بەستێنی خۆی دایببڕێنی چارەسەری ڕاستەقینەی بۆ نادۆزرێتەوە. بۆ شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە و کردنەوەی دەلاقەیێک بەرەو مەعریفەناسیی پرسی ژنی کورد، نموونەیێک لە هەندێک ڕووداو و ئامار کە چوار ساڵ لەمەوپێش و لە ساڵی ٢٠٢٢ لە قوناغێکی دیاریکراودا لە کوردستاندا کۆم کردووەتەوە، دەخەمەوە بەرباس.
لە بەفرانباری ٢٠٢٢ هەتا گەلاوێژی ٢٠٢٢، واتە لە ماوەی ٨ مانگ ١٨٧ حاڵەتی خۆکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراون کە ٥٥ حاڵەتی مێرمنداڵانی ١٠ تا ١٨ ساڵ بوون و هۆکاری سەرەکیی زۆربەشیان دۆخی نالەباری ئابووریی بنەماڵەکانیان بووە. هەر لەم ماوەیەدا ٢٤١ حاڵەتی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران و ٤٥ حاڵەتی لەسێدارەدان و ٢٣ حاڵەتی ژنکوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە. ئەم ئامارگەلە بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوە کە بە بەڵگەوە ڕێکەوت، ناونیشان، هۆکار و شوێنی یەک بە یەکی ئەم ڕووداوانەی تۆمار کردووە.
جیا لەمانە هەر لە ماوەی دوو حەوتووی یەکەمی گەلاوێژی ٢٠٢٢ چەندین ڕووداوی ناخهەژێن و سەرسووڕهێنەر لە ئاستی کوردستان ڕوویاندا کە دەنگدانەوەی گەورەی لە سۆشیاڵ میدیادا هەبوو. وەکوو؛ ١- دانەوەی ئێسک و پرووسکی کوڕێکی کورد بە ناوی هاکان ئەرسەلان بە باوکی لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستی تورکیەوە لە باکووری کوردستان کە دوای ٧ ساڵ لە کوژرانی بە شێوەیێکی نامرۆڤانە لە نێو کارتۆنێکی بچووک ڕادەستی باوکی کرایەوە.
٢-خۆکوژیی سوعدا خەدیرزادە ژنە زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ورمێ و لە دەرەنجامی گوشارەکان هاوکات هەوڵی کوشتنی خۆی و منداڵە کۆرپەکەی دابوو.
٣- هەواڵی هێرشە تێرۆریستییەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوا و کوشتنی لاوانی کورد و هاوکات پیلانەکانی تورکیا و ڕێژیمی ئەوکاتی ئەسەد بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی ڕۆژاوای کوردستان و هەروەها هەوڵی بەعەڕەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکانی دەوروبەری خانەقین لە باشووری کوردستان.
٤- گواستنەوەی ئاوی بەنداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەمەدان و شارە ناوەندییەکانی ئێران، لە کاتێکدا ڕێژەیێکی زۆر لە شارۆچکە و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان لە دۆخی بێ ئاوی و وشکەساڵیدان.
٥- تاڵانکردنی ژینگە و سامانە سروشتییەکانی کوردستان لەلایەن کەسانی هاوردە و سەر بەدەسەڵاتەوە. بۆ وێنە هەوڵی تێکدان و تاڵانکردنی کێوەکانی سوورمەلێ و خورەتاوپان لە ناوچەی لەیلاخ.
واتە لە ماوەیێکی کورتی دوو حەوتووییدا ئەم هەموو کارەسات و هەواڵە خراپە لە کوردستان ڕوویاندا. ئەم دۆخە ساڵەهای ساڵە، هەموو ڕۆژێک و هەموو حەوتوویەک و هەموو مانگێک بەسەر کوردستاندا زاڵە و دووپات ئەبێتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا چوار ساڵ تێپەڕیوە و سەدان کارەساتی خراپتر ڕوویانداوە کە یەکەمیان کوشتنی ژینا ئەمینی لە خەرمانانی ٢٠٢٢ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواهەمینیان سەربڕینی سیپان حوزنی لە خەرمانانی ٢٠٢٦ لە ڕۆژاوای کوردستان لەلایەن هێزە فاشیستی و مەزهەبییەکانەوە بوو و لێرەدا مەجالی شرۆڤە کردنیان نییە. لە ڕاستیدا، ڕوانین و هەڵوێست نواندن لە گۆشەنیگای بەرتەسک و جیاجیا بۆ ئەم کارەساتە جۆراوجۆرانە، کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو ئەتۆمیزەبوون و پرژوبڵاویی زیاتر دەبات و دەبێتە هۆی لێکدابڕان و کاریگەرنەبوونی هەڵوێست و چارەسەرییەکان. بۆ وێنە ئەگەر فێمینیستێک لەنێو ئەم گشت کارەساتانەدا بە تەنیا جەخت لەسەر بابەتە زایەندییەکان بکات، ئەویش بەشێوەی جیا و دابڕاو لە چارچێوە و بەستێنە کۆمەڵايەتی و مێژووییەکەی و باقی بابەتەکان بخاتە پەراوێزەوە یان سۆسیالیستێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی لایەنەکانی دیکە بەتەنیا کێشە کرێکاری و دژبە سەرمایەدارییەکانی زەق بکاتەوە، هەروەها ئەگەر ناسیۆنالیستێکی نەریتخوازی کورد بەشێوەی قووڵ بابەتەکان لێکنەداتەوە و تەنیا هەوڵی پاراستنی نەریتەکان بێت و بۆچوون و خوێندنەوەیێکی جیهانی لە زەینیدا نەبێت، یان کەسێکی باوەڕمەندی ئایینی هەموو خەمی داسەپاندنی یاسا و ڕێساکانی شەریعەت بێت و گرینگی بە باقی بابەتەکان نەدات، هیچکام لەمانە نە تەنیا نابنە هۆی پێشوەچوون و چارەسەرکردنی کێشەکان بەڵکوو هەڵوێستەکانیان، لێکترازانی زیاتری کۆمەڵگەی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، کە کۆمەڵگەیێکی داگیرکراوە. چونکە لەڕاستیدا ئەم کارەساتانە تایبەت بە تاقم و چین و زایەندێک نین بەڵکوو هەموویان لە جوگرافیای نەتەوەیێکی بەکۆلۆنیکراودا ڕوو دەدن کە چین و توێژ، زایەند، تاقم و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم نەتەوەیە دەگرێتەوە. لەم بابەتەدا پێویستە دالێکی گەورەمان هەبێت کە هەموو ئەم ڕەنج و ئازارانەی پێوە هەڵواسرابێت و هۆکارە ورد و جۆراوجۆرەکان لە خۆیدا هاوئاهەنگ بکاتەوە. بە وتەیێکی دیکە سەرچاوەی هەموو ئەم کارەساتانە لە دالی گەورە و ناوەندیی “ژنی کورد” یەکدەگرنەوە و ئەزموونێکی تازە پێک دێنن کە جیاوازە لەگەڵ ئەزموونی ژنبوون بەتەنیا، یان ئەزموونی کوردبوون بەتەنیا. گێڕانەوەی ئەم بابەتانە ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە دوو چەمکی “ژن” یان “کورد” پێش لەوەی ببنە دالی ناوەندیی ژنوشیاری، دوو چەمکی بێبار و بێلایەن نەبوونە و هەڵگری بارێکی مانایی و ڕەنگە ئایدیۆلۆژیکن کە بەردەوام لە بەرژەوەندیی پەرگالی زاڵدا پێناسە کراون. ئەم دوو چەمکە نیشاندەری ئەوەن کە لەمێژە کۆمەڵێک لە خەڵک لە شوێنێکی ئەم جیهانە بەهۆی ئەم دوو شوناسەی خۆیانەوە (ژنبوون و کوردبوون)، ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە. شوناسگەلێک کە دروستبوونیان تەنیا لەلایەن خودی ئەو کەسانەوە نەبووە بەڵکوو بەرهەمی دیاریکردنی پێناسەیانە لەلایەن کۆمەڵگە، دەوڵەتە ناوەندییەکان، سیاسەتوانان و سەرجەم ڕەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و زایەندی و نەتەوەییەکانن. بە وتەیێکی دیکە هەمووی ئەمانە لە پێکهێنانی وەها شوناسێکی ئینترسێکشناڵ ڕۆلیان بووە و مادامێک کە شوناس شتێک نییە کە بەشێوەی خۆڕسک لە نێو تاکدا بوونی هەبێت, بەڵکوو لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەویتردا دروست دەبێت و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و وێژمانە سیاسییەکان لە بەرهەمهێنان و پتەوکردنی ڕۆڵیان هەیە، ناتوانێ بابەتێکی بێبار و بێلایەن بێت بەڵکوو دەبێ وەکوو بابەتێکی سیاسی چاویان لێبکەین. بۆیە ئێمە نابێ ستەمەکان بەشێوەی جیاجیا و لە ڕێگای تاکەکان و شوناسە پەراوێزخراوەکانەوە شرۆڤە بکەین بەڵکوو دەبێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێکهاتە و سیستەمانەوە شرۆڤەی بکەین کە هۆکاری بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ئەم ستەمانەن.
لەسەر ئەم بنەمایە، ژنوشیاری کۆکراوەی دوو جۆرە ستەمی زایەندی و نەتەوەیی نییە کە بە زۆرەملێ پێکەوە لکێنرابن. بەڵکوو هەوڵێکە کە دەیهەوێ تیشک بخاتە سەر چۆنیەتی و کاریگەریی لێکهاڵاوی ستەمەکان. ئەوەی کە ستەمی نەتەوەیی چۆن شێوازی ستەمی زایەندی دەگۆڕێت و هاوکات پیاوسالاریی چۆن کاریگەریی لەسەر ئەزموونی پرسی نەتەوەیی ژنێکی کورد دادەنێت. واتە هاوکاتبوونی ستەمەکان دەخاتە بەر باس و کاریگەریی هاوشانبوون و هاوتەریببوونی ئەم ستەمانە لێکدەداتەوە و پێویستیی شرۆڤەکردن و چارەسەرکردنیان لە گەڵاڵەی سەرەکیی ژنوشیاری پێکەوە گرێ دەدات کە بریتییە لە “نە کوردستان بەبێ ژنان و نە ژنانیش بەبێ کوردستان”. کە وابوو تێگەیشتن لە ڕزگاریی ژن و ڕزگاریی نەتەوەیی دەبێ لە پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانە و دوولایەنەدا بێت و یەکسانیی زایەندی دەبێ بەردی بناغەی ڕزگاریی نەتەوەیی بێت، نەک بابەتێکی لاوەکی و پەراوێزیی کە دوای بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان بیری لێبکەینەوە. کوردستان لێرەدا بۆ ژن تەنیا بابەتێکی جوگرافیایی نییە، بەڵکوو هاوکات پرسێکی مێژوویی و سیاسی و مەعریفەییە. بۆیە ژنوشیاری لە هەلومەرجی مێژوویی-سیاسی ژنانی کورد لە جوگرافیای دابەشکراوی کوردستانەوە دەست پێدەکات.
لێرەدا، لێکهاڵاوی ناسنامەکان نەک وەکوو تیۆرییەک کە بمانهەوێ چەند شوناسبوونی ژنی کورد لەنێو ئەو تیۆرییەدا شرۆڤە بکەین بەڵکوو وەکوو مەنتقێکی تیۆریک بۆ داڕشتنی گوتاری ژنوشیاری کەڵکی لێ وەردەگیردرێت کە پێکهاتەییبوونی(ساختاری بودن) ستەمەکان بە بنەما دەگرێت. بە وتەیێکی دیکە ژنوشیاری هەوڵی ئەوەیە نیشان بدات کە ژنبوون، کوردبوون، چین و ئایین چلۆن لەنێو پێکهاتە و پەیوەندییەکانی هێزەوە پێکەوە جومگەبەندی دەکرێن و ئەزموونێکی تایبەت لە ژنبوون پێک دێنن. واتە کوردبوون شوناسێکی تەزئینی لەپاڵ چەمکی ژنەوە نییە و خۆی هەڵگری هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژووییە. ئەمەش ڕێگایێکە بۆ ئەوەی پێش بە لێکەوتە نەرێنییەکانی ڕوانگە و مێتۆدی ئینترسێکشناڵێتی بگرین. چۆن ئینترسێکشناڵێتی ئەگەر بەشێوەی تاکەیی بڕوانێتە پرسی شوناس نەک بەشێوەی پێکهاتەیی، مەترسی ئەوە هەیە کە خودی ئەم ڕوانگەیە کە ئاخێزگەکەی ڕەخنەییە، بڕواتە خزمەتی پاراستنی ئەو پێکهاتەگەلە کە بەرهەمهێنەری ستەم و هەڵاواردنن. مادامێک کە ئینترسێکشناڵێتی، ستەمە پێکهاتەییەکان دابەزێنێت و وەکوو ستەمی تاکیی شرۆڤەیان بکات، هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی نایێتە ئاراوە، چون لەو کاتەدا تاک دەبێتە ئامراز و ژمارەیەک بۆ پێکهێنانی یەکسانی ڕواڵەتی لە پێکهاتە نایەکسانەکان. واتە کاتێک پێکهاتەیێک کە لەسەر بناغەی پاراستنی پەرگالی زاڵ و بەرهەمهێنانی هەڵاواردن دامەزراوە، بە زیادکردنی ڕێژەی بەشداریی تاکیی شوناسە پەراوێزخراوەکان و بندەستەکان، هەڵناوەشێتەوە و یەکسانی بەدینایەت. بەڵکوو بەپێچەوانە، ئەم کارە ڕواڵەتییە خۆی دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوە و درێژەکێشانی زیاتری ستەم و هەڵاواردن. لەسەر ئەم بنەمایە بۆ نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردن دەبێ خودی پێکهاتەکە بکرێتە ئامانج. ئەمەش هەر ئەو شێواز لە ئینترسێکشناڵێتییە کە ژنوشیاری دەیهەوێ بۆ شرۆڤەی پرسی ژنی کورد بەکاری بێنێت.
بۆیە ئینترسێکشناڵێتی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی ژنی کورد، پێویستی بە خوێندنەوەیێکی پۆست کۆلۆنیالیستی لە دۆخی بەکۆلۆنیکراوی کوردستان و تێگەیشتن لە مافی نەتەوەیی کورد هەیە. چون ئەم ڕوانگەیە بەتەنیا ناتوانێ ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە بۆچی و چۆن جۆرەکانی ستەم لە پێکهاتەیێکی مێژوویی دیاریکراودا لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتر شێوە دەگرێن و پێکەوە گرێ دەدرێن؟ کام پێکهاتە مێژوویی و سیاسی و ئابووری لە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی جۆرەکانی ستەم ڕۆڵی سەرەکییان هەیە؟ و لە کۆتاییدا میکانیزمی زاڵبوون و ژێردەستەیی چۆنە و ژنی کورد چۆن دەبێتە بندەست؟
ژنی کورد لە ئۆبژەی زانستەوە بۆ سووژەگی لە بەرهەمهێنانی زانست
ئاسەواری کۆی ستەمی زایەندی و نەتەوەیی بۆ ژنی کورد بووەتە هۆی ئەوە تا بە بەراورد لەگەڵ پیاوان، لەنێو کۆمەڵگەدا زیاتر تووشی هەڵاواردن بن. ئەم هەڵاواردنانە کە ژێردەستەیی زیاتری ژنی کوردی لێ کەوتووەتەوە، لە سێ بواردا پۆڵێنبەندی دەکرێن. یەکەم: ژێردەستەبوونی ئابووری، کە بەشێوەی نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ئابووریدا خۆی دەنوێنێت. دووەم: ژێردەستەبوونی سیاسی، کە بەشێوەی نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی هێز و توانای بڕیاردان بۆ پرسە پەیوەندیدارەکان بە خۆی و کۆمەڵگەکەیەوە، دەر دەکەوێت. سێهەم: ژێردەستەبوونی مەعریفی، کە بەشێوەی نایەکسانی لەو هەلومەرجەدا خۆی دەردەخات کە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ بەرهەمهێنانی زانست و ڕەواییدان بە گێڕانەوەکانی خۆی و تۆمارکردنیان.
لە ڕوانگەی ژنوشیارییەوە گرینگترین و سەرەکیترین جۆری ژێردەستەبوون، ژێردەستەبوونی مەعریفەییە، چونکە ڕزگاربوون لەم جۆرە بندەستییە، دەرگا بۆ دەربازبوون لە جۆرەکانی دیکەی ژێردەستەبوون دەکاتەوە. ئەم بوارە لە شەڕی گێڕانەوەکانەوە دەست پێدەکا و فێمینیستە کوردەکان کەمتر پڕژراونەتە سەری. بۆیە خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی هەر جۆرە زانست و پێناسەگەلێک کە تا ئێستا لەسەر ژنی کورد بووە، دەتوانێ لە خزمەتی کرانەوەی زنجیرەکانی ژێردەستەیی مەعریفەیی بێت.
ئەگەر باش سەرنج بدەین، لە هەر کام لەو گوتارانەدا کە پێشتر باسمان کردن و لە ڕەوتی وێنا کردنی ژنی کورددا، ئەوە خودی ژنی کورد نییە کە قسە دەکات، بەڵکوو ئەوە پەرگالی مەعریفی ئەو گوتارانەیە کە دەدوێت و زۆر جاریش لە زاری ژنێکی کوردەوە دێتە دەرەوە و بانگەشەیان بۆ دەکرێت. ئاکامی ئەم ڕەوتەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی ژێردەستەیی مەعریفەیی بۆ ژنی کورد. یەکێک لە گرینگترین و دەتوانم بڵێم ڕووخێنەرترین لێکەوتەی ئەم جۆرە بندەستییەش، دروستبوونی “ڕوانگەی پارێزگاری” (مراقبتی) لە ناخی مرۆڤی کورد و بەتایبەت ژنی کوردە کە لە فەلسەفەی سیاسیی فێمینیزمدا کەسانێک وەکوو ویل کیمیلیکا، ئلیزابێت گراس و مەک کینۆن باسیان لەسەر ئاکامەکانی ئەم ڕوانگەیە بۆ ژنان کردووە. لە ڕوانگەی پارێزگارییەوە، زیاتر لەوەی هەست بە ڕەنج و ئازاری خۆت بکەیت، هەست بە ڕەنج و ئازاری کەسانی دیکە و ئەویترەکانت دەکەیت. واتە کەسێک کە ئەم ڕوانگە لە ناخیدا چێندرابێت، ڕەنج و ئازارێک کە کەسانی دیکە تەنانەت بەهۆی کەمتەرخەمی یان پاوانخوازیی خۆیانەوە تووشی بوون و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمەوە نییە، زیاتر لە ڕەنجی خۆی ئازاری دەدات و خۆی بە بەرپرسی ڕەنج و کێشەی ئەوان دەزانێت و هەوڵی چارەسەرکردنیانی ئەدات. ڕوانگەی پارێزگاری دوو فاکتەری گرینگی هەیە؛ یەکەم بەرپرسایەتی و دووەم پاراستن. ئەم دوو فاکتەرە ئەگەرچی لە خۆیاندا ئەرێنی و باشن بەڵام کاتێک لەجیاتی ئەوەی سەرەتا لەبەرژەوەندیی مافە ئینسانی و ڕەواکانی خۆتدا بەکاری بێنیت، بیبەیتە خزمەتی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوە و چینی باڵادەستەوە و خۆت لە ئاست کێشەکانی ئەواندا بە بەرپرس بزانیت چیتر وەکوو چەکێک لەدژی خۆت بەکار دێت. بەگشتی ڕەوتی بەکۆمەڵایەتیبوونی نەتەوە و زایەند و چینی بندەست وەهایە کە تەنانەت ئەو شتانەی کە دەزانێت مافی خۆیەتی و بەدەستهێنانی هاسان نییە، داوای ناکات و بەردەوام لە ڕوانگەی نەتەوە و زایەند و چینی باڵادەستەوە سەیری خۆی و ویست و مافەکانی دەکات. بۆیە مرۆڤی بندەست بۆ پاراستنی خۆی لە هەمبەر ئەم ڕوانگەیە، پێویستی بە ئەوەیە کە لە ڕوانگەی هێژەمۆنخوازیشەوە چاو لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات. ئەم ڕوانگە لە هەمبەر ڕوانگەی پارێزگاریدا هاتووە و تایبەتمەندیی نەتەوە و زایەند و چینی باڵادەستە کە لەو سۆنگەیەوە سەیری دنیا دەکەن. ڕوانگەی هێژەمۆنخوازی دوو فاکتەری گرینگ لەخۆ دەگرێت؛ یەکەم ناسینی مافەکان و دووەم ڕەواییدان بە خۆت بۆ گەیشتن بەو مافانە. ئەم ڕوانگەیە ئەگەر لە ڕەوتی دروست و مرۆڤانەدا بێت و تێکەڵ بە لایەنە ئەرێنییەکانی ڕوانگەی پارێزگاری بکرێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی دەسەڵات بۆ پێکهێنانی پێگە و دۆخێک کە ماف و بەرژەوەندییەکانی خودی ئەو کەس و کۆمەڵگەیە تێیدا پارێزراو بێت. ڕوانگەی پارێزگاری بەبێ ڕوانگەی هێژەمۆنخوازی خەساری زۆرتری لێدەکەوێتەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی لەناوچوونی مرۆڤی بندەست، چونکە لە کۆتایی ئەم شێوە ڕوانینەدا زمانی قسەکردنی مرۆڤی بندەست دەبێتە زمانی گومان و شەرم و ناتوانێ بە هێز و متمانەوە باسی ماف و ئازادییەکانی خۆی بکات، بەڵام زمانی قسەکردنی مرۆڤی باڵادەست زمانی لێبڕاوانە و متمانەبەخۆییە و نەک لەسەر مسۆگەرکردنی مافەکانی خۆی، بەڵکوو لەسەر پێشێلکردنی زیاتری مافەکانی مرۆڤی بندەستیش سوور دەبێت. بۆیە کورد بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی سەرەتا و لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێ لە سەیرکردنی خۆیان لە چوارچێوەی مەعریفیی ئەویترەوە بۆ سەیرکردنی خۆیان لە چوارچێوەی مەعریفیی خۆیانەوە بچن. ئەمەش بە مانای پێگەیشتوویی هزری و دەربازبوون لە ژێردەستیی مەعریفەییە.
گەیشتن به پێگەیشتوویی هزری و دەربازبوون لە ژێردەستیی مەعریفەیی دەتوانێ دەستکەوتی مەزنی بۆ ژنی کورد هەبێت. بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە مەزنەش لە دۆزینەوەی وڵامی پرسیارێکی گرینگەوە دەست پێدەکات. پرسیارەکەش ئەوەیە؛ چارەسەری پرسی ژنی کورد چییە؟ بێتوو بمانهەوێ بە زمانێکی لێبڕاوانە و بە متمانەبەخۆییەوە و لە چوارچێوەی مەعریفیی خۆمانەوە وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەتوانێ ئەمە بێت؛ “سەروەری و سەربەخۆیی هەم لە بواری زایەندی و هەم لە بواری نەتەوەییەوە”. هەر وڵامێکی دیکە و لە ژێر هەر چەمکێکی دیکەوە بێت، تا ئەو کاتەی بۆ نزیکبوونەوە و گەیشتن بەم ئامانجانە نەبێت، دەچێتە خانەی ڕوانگەی پارێزگاری و ڕەوتی بە ژێردەستە کردنی ژنی کوردەوە. لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بکەم؛ ئەگەرچی جیاوازبوون تایبەتمەندییەکی سروشتییە، بەڵام کاتێک هێز بڕیاردەربێت، جیاوازیی دەبێتە زنجیرەیێک لە پلە و پایە و هەر ئەو جیاوازییەش دەتخاتە دۆخی بندەستییەوە. بۆ وێنە لە سیستەمی کۆلۆنیالیستیدا زیاتربوونی هێز و دەسەڵاتی لایەنێک، تاقمێک، نەتەوەیێک یان زایەندێکی جیاواز دەبێتە هۆی ئەوەی قورسایی تەرازووی یەکسانی، بەرەو لای خاوەنهێز لاسەنگ بێت و هەموو بابەت و پرسێک لە بەرژەوەندی ئەو هێزەوە دیاری و پێناسە بکرێت. بەگشتی کارکرد و ئەنجامی کۆلۆنیالیزم بەرهەمهێنانی بندەستی و نایەکسانی لە جوگرافیایێکی دیاریکراو دایە. کە وا بوو، هەر جۆرە هەوڵ و چارەسەرییەک بۆ یەکسانی و دادپەروەری و دەربازبوون لە دۆخی ژێردەستەیی لەنێو ئەم سیستەمەدا، چ لە لایەن باڵادەستەوە بێت و چ لەلایەن بندەستەوە، لەژێر هەر چەمک و ناوێکەوە بێت هەوڵێکی بێ ئاکامە و تەنیا سووڕانەوەیە لەنێو بازنەی بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی و بندەستیدا. بۆیە یەکەم هەنگاو بۆ نەهێشتنی ژێردەستی، ڕووخانی خودی سیستەمی کۆلۆنیالیستییە و هەر بیرۆکەیێک لە ژێر ناوی گەیشتن بە ڕزگاری و یەکسانی لە نێو ئەم سیستمەدا، دەچێتە خانەی ئایدیۆلۆژیک و پاراستنی پەرگالی زاڵ.
فێمینیزمی ناوەندخوازیش تا ئەو کاتەی لە چوارچێوەی پێشتر دیاریکراوی خۆیدا بۆ پرسی جیاوازی ژنانی نەتەوە بندەستەکان بسووڕێتەوە و بۆ سەلماندنی ڕەوایی خۆی بەردەوام لەو چەمکانە کەڵک وەربگرێت کە لێکچوونی ژنان دەخاتە بەر باس نەک جیاوازییە بەکۆمەڵەکانیان، لە کردەوەدا بیرۆکەکەیان هەر دەچێتە خانەی ئایدیۆلۆژیک و پاراستنی پەرگالی زاڵ. واتە ئەوان دەیانهەوێ لە ئاکامی خەبات و تێکۆشانیان وەکوو شارۆمەندێکی یەکسان لە چوارچێوەی سیاست و پەرگالی زاڵدا پێناسە بکرێن. بەڵام ژنوشیاری بڕوای وایە ژنی کورد تا ئەو کاتەی لەم چوارچێوە سیاسییەدا بێت، ناتوانێ شارۆمەندێکی یەکسان بێت، چون مەرجی شارۆمەندی یەکسانبوون سەرەتا بە فەرمیناسینی مافە نەتەوەیی و بەکۆمەڵەکانە. بۆیە بۆ گەیشتن بە مافی یەکسانیی شارۆمەندی، پێویستمان بە مافی یەکسانیی نەتەوەیی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، ژنوشیاری ناچارە هاوکات لە بەرانبەر فێمنیستێکدا ڕاوەستێ کە بە ئانقەست یان بێئانقەست لە نێو ئایدیۆلۆژیایێکە کە دەبێتە هۆی پاراستنی پەرگالی زاڵ.
هەروەها ناسیۆنالیزمی نەریتخوازیش تا ئەو کاتەی کە پێناسەی بۆ ژنی کورد لە سەر بنەمای نەتەوەی ڕزگاریبەخش نەبێت، ناتوانێ دەربازبوون لە بندەستیی نەتەوەیی و زایەندی مسۆگەر بکات. نەتەوەی ڕزگاریبەخش واتە نەتەوەیێک کە پێناسەی خۆی دەبەستێتەوە بە ڕزگاریی زایەندی، یەکسانیی کۆمەڵایەتی، فرەکولتووری و بەشداریی سیاسیی هەموو ئەندامانی. چون ئەم دوو جۆرە ڕزگارییە لێکدانەبڕاون و بە هەمان شێوە کە کورد بوون کاریگەری لەسەر شێوازی ئەزموونی ژنبوون دادەنێت، ژنبوونیش کاریگەری لەسەر شێوازی ئەزموونی کوردبوون دادەنێت.
سەبارەت بە ژنۆلۆژیی ئۆجەلانیش؛ تا ئەو کاتەی وەکوو ئامرازێک لە بەرژەوەندیی ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیدا کەڵک لە ژن وەربگرێت و لە هەر قۆناغ و لە هەر دەرفەتێک بە پێویستی زانی، پرسی ژن و پرسی نەتەوە لە خزمەتی ئایدیۆلۆژیاکەیدا تیۆریزە بکاتەوە و بەم شێوەیە مافی زاتی و ڕەوای نەتەوە و زایەندێک گرێ بداتە بڕیاری تاک یان سەرۆکێک، ناکرێ لەم چوارچێوەیەدا بەدوای دەربازبوون لە بندەستی بین چون پێشتر شێوازی خەباتەکە کاناڵیزە کراوە.
کۆی ئەم وێناکردن و بەربەست دروستکردنانەی هەرکام لەم گوتارانە لەئاست ڕزگاربوونی ژنی کورد لە دۆخی بندەستیی مەعریفەیی، وەکوو پێشتر باسمانکرد، بوونەتە هۆی دروستبوونی ڕوانگەی پارێزگاریی لە زەینی ژنی کورد و ئەم ڕوانگەیە تەنیا بە ژنان سنووردار نەکراوە بەڵکوو پەلی کێشاوە بۆ ناخی کۆمەڵگە و تەنانەت ئەو ڕێکخراو و حیزبانەشی گرتووەتەوە کە ئامانجیان بەدەستهێنانی ڕزگاری و ئازادیی نەتەوەیی و زایەندی و چینایەتی بووە و دەیان ساڵە لەو پێناوەدا خەباتیان کردووە. بۆ نموونه، کاتێ هاوپەیمانیی حيزبە کوردستانییەکان لە ڕێبەندانی ٢٠٢٦ ڕاگەیێندرا، نە تەنیا لە چارچێوەی وێژەی داگیرکەرانەوە ڕاگەیێندراوەکانیان بڵاوکردەوە، بەڵکوو بە هۆی گیروودە بوونیان بە ڕوانگەی پارێزگاری لە ئەویترەوە تەنانەت نەیانوێرا ئاڵای ئەو نەتەوەیە کە دەیان ساڵە بۆ ڕزگاریی خەبات ئەکەن لەسەر شانۆی کۆبوونەوەکەیان داینێن و شوناسی نەتەوەیی خۆیان دیاری بکەن. ئەمەش بابەتێکی زۆر ڕوونە، تا ئەو کاتەی شوناسی خۆتت دیاری نەکردبێت و لەو سۆنگەیەوە داوای مافەکانت نەکەی، بتهەوێ و نەتهەوێ شوناست بۆ دیاری دەکەن و مافەکانیشت دادەبەزێنن. دیاردەی سەرسوڕهێنەر ئەوەیە کە زۆربەى ئەم حیزبانە ماوەیێکی کورت لەدوای ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی، خۆیانیان هێنایە ئاست تاقمێک سلبریتی سیاسی ناوەندخوازو لەگەڵ ئەوان چوونە ناو کونگرەیێکەوە بە ناوی کونگرەی ئازادی ئێران. لە هەموو سەیرتر ئەوەیە کە لە ناو ئەو کونگرەیەدا ئاڵای ناوەندخوازیی ئێرانیان بەسەریاندا سەپاند. ئێستاش پەلەقاژەی ئەوەیانە کە لە بەشێکی بچووک لە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندخواز داوای لانیکەمی مافەکانیان بکەن. ئەمەش هەر ئەو قسەی ئانتۆنیۆ گڕامشیمان بیردەخاتەوە کە لە نامەکانی زینداندا باسی کردووە و ئەڵێ “چینی بندەست تەنانەت ئەو کاتەش کە شۆڕش دەکات، ناوشیارانە کردەوەکانی لە چوارچێوەی هزریی چینی باڵادەستەوە دادەڕێژێت”. بۆیە گڕامشی بڕوای وابوو خەبات تەنیا بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکوو بەشێکی بۆ بەدەستەوە گرتنی گێڕانەوەکانە و هەر کەس و لایەنێک کە بتوانێ مانا بە ڕابردوو ببەخشێت، کاریگەریی لەسەر تێگەیشتن لە هەنووکەش دەبێت. ئەمەش کاتێک بەدەست دێت کە بندەست خۆی لە هەژموونیی باڵادەست ڕزگار کردبێت و بە چەمک و بە زمانی خۆی مانا بە ڕابردوو و ئێستای خۆی ببەخشێت و مافەکانی دیاری بکات. بێتوو ئەم کارە نەکات، لە کۆتاییدا و لە پەیوەندی لەگەڵ پەرگالی زاڵدا، دەکەوێتە پەراوێزەوە و ڕەوتی ژێردەستە بوونی بەردەوام دەبێت.
کە وا بوو کورد بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی، دەبێ خۆیان لە داوی ڕوانگەی پارێزگاریی ڕزگاربکەن. جومگەبەندیی گوتاری ژنوشیاری کە هەلومەرجی ژنی کورد نەک لە سۆنگەی شوناسێکی تاکڕەهەندی و هەڵکەندراو لە بەستێنەکەی خۆی، بەڵکوو لە نێو بەستێنی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و زایەندی خۆیەوە لە کوردستان شرۆڤە دەکات و دەیخوێنێتەوە، دەتوانێ هەنگاوێکی سەرەکی بێت بۆ دەربازبوون لە ڕوانگەی پارێزگاریی. بۆ ئەوەی ژن لە پێگەی ئوبژەی زانستەوە، بەرەو سووژەگی و بەرهەمهێنانی زانست سەبارەت بە خۆی و کۆمەڵگەکەی بچێت. چون ڕەوتێک کە ئەم گوتارەی تێدا بەرهەم دێت، چوار خاڵی کردووەتە بەردی بناغەی مەعریفەناسیی خۆی:
یەکەم: ژنوشیاری لە چەمکی “ژنی کورد”ەوە دەست پێدەکات. ئامانج لەم چەمکەش ئەوە نییە کە بڵێین ئەزموونی هەموو ژنانی کورد یەک چەشنە و جیاوازییان نییە، بەڵکوو ئامانج ئەوەیە کە بڵێین ناتوانین ئەزموونی زایەندیی ژنی کورد لە بەستێنەکەی جیا بکەینەوە.
دووەم: ئامانجی ژنوشیاری بە تەنیا وێناکردنێکی تازە لەسەر ژنی کورد نییە بەڵکوو ئامانجی گرینگتر، گۆڕینی پێگەی ژنی کورد لە ڕەوتی پێناسەکردن و بەرهەمهێنانی زانست سەبارەت بە خۆیەتی.
سێهەم: ژنی کورد نە ژنێکی گەردوونییە و نە ئەویتریشە، نە هێمای نەتەوەییە و نە ژنێکیشە کە بیهەوێ جیهان ئازاد بکات. بۆیە پێویستە خۆی، سەرلەنوێ پێناسەی خۆی دیاری بکات.
چوارەم: ئەگەرچی ژنی کورد قوربانییە بەڵام قوربانیبوون تاکە پێناسەی ئەو نییە، بەڵکوو کارتێکەریشی هەیە و پێویستە ئەو کارتێکەرییە لە هەر ئاستێکدا کە هەیە، ببینرێت و شرۆڤە بکرێت. واتە لە ژنوشیاری هەم جەستە و ڕەنج و ئازاری ژنی کورد دەبینرێت هەم کارتێکەریی و بەرخۆدانی ئەو.
لەسەر ئەم بنەمایە، ژنوشیاری لەنێوان دوو بابەتدا جیاوازی دادەنێت، ١- پێکهاتەکانی ستەم، ٢- ئاستی کارتێکەریی ژنی کورد. کارتێکەریی لێرەدا بەو مانایە دێت کە ژن تەنانەت لەو بەستێنە بەرتەسکەی فەرهەنگی و نەریتییەدا ئاستێک لە ئازادیی هەڵبژاردنی هەیە، بە جۆرێک ئەگەر بەشێوەیەکی دیکە بجووڵێتەوە ئاکامی ڕووداوەکە دەگۆڕدرێت. هەڵبەت ئەمەش جیاوازە لەگەڵ سەربەخۆیی. چون سەربەخۆیی لێرەدا بەو مانایە دێت کە بە زانیاری لەسەر هەموو لێکەوتەکانی کردەوەکەت و قەبووڵکردنی دەرەنجامەکانی، لەو بەستێنە بەرتەسکەی نەریتەدا بێیتە دەرەوە و پێکهاتە یان سیستەمێک هەڵوەشێنێتەوە و خۆت ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەموو لێکەوتەکانی بکەیت. ئەگەرچی ژنی کورد لە نێو پێکهاتە و پەیوەندییە ئاڵۆز و پڕدژوارەکانی هێزدایە کە کاریگەری زۆریان بووە لەسەر بەرهەمهاتنی ئەو ژنەی کە ئێستا بوونی هەیە، بەڵام ڕاستی ئەوەیە ژنی کورد تەنیا بەرهەمی ئەو پێکهاتە و پەیوەندییانە نییە، بەڵکوو هاوکات توانیویە بەرخۆدان بکات، لەهەمبەر نەریتە نەشیاوەکان سەرهەڵدان بکات و بەشداری لە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بکات و ئەگەر چوارچێوەی مەعریفەناسیی خۆی پێک بێنێت، دەتوانێ لە بنیاتنانی داهاتووی خۆی و کۆمەڵگەکەی و بەرهەمهێنانی زانستیشدا بەشداریی چالاکانەی هەبێت. واتە ژنوشیاری تەنیا لە سەر لێکئاڵاویی ناسنامەکانی ستەمەکان دانەمەزراوە چونکە ئەگەر وابێت، ژنی کورد دەبێتە کەسێکی قوربانی کە ڕووبەڕووی چەندین پێکهاتەی ستەمە. بەڵکوو هاوکات جەخت لە سەر کارتێکەریی و ڕۆڵی ژنان لەسەر داهاتووی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات. لەسەر ئەم بڕوایە، هەوڵی ئەوەیە تا جۆرەکانی کارتێکەریی ژنانی کوردیش تیۆریزە بکاتەوە. بە وتەیێکی دیکە، هەر ئەو هەلومەرجەی کە دەتوانێ سەرچاوەی بندەستی بۆ ژنی کورد بێت، دەتوانێ بکرێتە سەرچاوەی هێز و بەرخۆدانی. کە وایە پێویستە وێژەی مەعریفەناسانەی خۆی پێک بێنێت و لە تەنیشت یان لەهەمبەر ئەو چەمک و دەستەواژانەی کە تا ئێستا بۆ پێناسەکردنی ژنی کورد بەکار هێنراون، چەمک و دەستەواژەی خۆی پێک بێنێت.
– لە تەنیشت باسکردن لە ژنی قوربانی پێویستە باسی کارتێکەریی ئەو ژنەش بکرێت، تەنانەت ئەگەر ئاستی کارتێکەرییەکە نزم بێت و لە دۆخی ناچاری و زۆرەملێشدا بێت؛ چون تیشکخستنە سەر ئەم بەشە دەبێتە هۆی ئەوەی ژن ڕۆلی خۆی لە گۆڕانکارییەکاندا ببینێت.
– لەم قوناغە لەهەمبەر “ژنی گەردوونی” پێویستە “ژنی بەستێنمەند” بەکار بێنێت. ژنێک کە پێکهاتە و پەیوەندییە ئاڵۆز و پڕدژوارەکانی هێز کاریگەری لەسەر ئەزموونی ژنبوونی دادەنێت.
– لە تەنیشت “ژن دایکی نیشتمان، هێمای پاکیی نەتەوە، پارێزەری کولتوور و نەتەوە” باس لە ژنی شارۆمەند بکات. ژنێک کە گرێدراویی ئەو بە نەتەوەوە، لە سۆنگەی مافی یەکسانیی شارۆمەندیی دیاری دەکرێت.
– لە کۆتاییدا لە تەنیشت ژنێک کە دەیهەوێ یارمەتیدەری بەدیهاتنی ڕزگاری و ئازادی بۆ جیهان بێت، ژنی خۆبونیات دابنێت. ژنێک کە بە لە باسکردن لە ڕزگاریی جیهان پێویستە بۆ بونیاتنانی خۆی و سەرلەنوێ پێناسەکردنی پرسە پەیوەندیدارەکان بە خۆیەوە تێبکۆشێت.
ئەم خاڵانە ڕەنگە لە یەکەم ڕوانیندا ساکار و ئاسایی بێنە بەرچاو بەڵام کاتێک بێتە نێو وێژمانی فێمینیستیی ژنێکی کوردەوە و ببێتە هەوێنی پێکهێنانی زانست لە سەر دۆخی خۆی و ئەو زانستەش بڕواتە بواری پراکتیکەوە، بەرەبەرە زمانی ژنی کورد لە زمانی شەرم و گومانەوە دەگۆڕدرێ بۆ زمانی هێز و لێبڕاوی.
دەرئەنجام
سەرەڕای جیاوازییە بنەڕەتییەکان لە نێوان چوار گوتاری باسکراو لەسەر ڕەوتی وێنا کردنی ژنی کورد و ئەو کەسایەتییانە کە بەرهەمی ئەو ڕەوتەیە بەڵام لە هەموویاندا خاڵێکی هاوبەش بوونی هەیە. ئەویش بابەتی مەعریفەناسانەی ژنی کوردە. لە هەر چوار گوتارەکەدا ژنی کورد دەبێتە بابەت و ئۆبژەی ناسین بەڵام هیچکات دەرفەتی ئەوەی پێنادرێت لە سۆنگەی چوارچێوەی مەعریفی و زانستیی خۆیەوە، دۆخی خۆی شرۆڤە بکات. بۆیە ئامانجی ژنوشیاری بە تەنیا دروستکردنی وێنایێک نییە کە زۆرترین هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕاستییەکانی ژنی کورد هەبێت، بەڵکوو هەوڵی ژنوشیاری دەرخستنی ڕۆڵ و کاریگەریی دەسەڵاتی گوتارە جۆراوجۆرەکانە لەسەر بەرهەمهێنانی زانست سەبارەت بە ژنی کورد و ئینجا خوڵقاندنی هەلومەرجێکە کە تێیدا ژنی کورد بتوانێت سەبارەت بە خۆی قسە بکات و دۆخی خۆی شرۆڤە بکات و بە دروستکردنی چەمکی تایبەت بە خۆی بەشداریی بەرهەمهێنانی زانست بکات.
وەکوو باسمان کرد، کۆلۆنیالیزم ژنی کورد لە پێگەی ئەویتری خۆیەوە شرۆڤە دەکات، فێمینیزمی ناوەندخواز دەیباتە ژێر چەمکی گەردوونیی ژنەوە، ناسیۆنالیزمی نەریتخواز ژنی کورد بەنیسبەت پەیوەندیێک کە لەگەڵ ئامانج و بەها نەتەوەییەکان هەیەتی هەڵیدەسەنگێنێت و ژنۆلۆژیش دەیباتە خزمەتی ئایدیۆلۆژیایێک و بەدیهێنانی ئۆتۆپیایێک کە ئەو ئایدیۆلۆژیایە وێنای کردووە. ژنوشیاری هەوڵی ئەوەیە ژنی کورد لە پەیوەندی لەهەمبەر ئەم گوتارانە خۆی وەکوو سووژەیێکی مێژوویی، زایەندی، سیاسی، و مەعریفەیی سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە. واتە ژن لە ئوبژەوە خۆی بگوازێتەوە بۆ سووژەگی و لە زانست سەبارەت بە ژنی کورد، بچێت بەرەو بەرهەمهێنانی زانست لەسەر دەستی ژنی کوردەوە. ئەمەش یەکێک لە گرینگترین بناغەکانی مەعریفەناسی و بیرۆکەی سەرەکیی ژنوشیارییە کە بۆ دەربازبوون لە بندەستیی ژنی کورد پێویستە گرینگی زۆری پێبدرێت.
ژنوشیاری وەکوو فێمینیزمێکی کوردستانی ئەزموونی ژیاو و بندەستی و کارتێکەریی ژنانی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی زایەند، نەتەوە و چین و ئایین شرۆڤە دەکات و ڕزگاریی ژنان نەک بەشێوەی جیا لە پرسی نەتەوەیی، بەڵکوو لە پەیوەندییەکی دوولایە و ڕەخنەگرانە لەگەڵ ئەو پرسەدا تاوتوێ دەکات. واتە ئەگەر تا ئێستا تەنیا باسی جۆرەکانی ستەم لەسەر ژنی کورد کراوە، دەبێ هاوکات باسی جۆرەکانی کارتێکەریی ژنی کوردیش بکرێت؛ چونکە بەرهەمهێنانی ستەم هیچکات یەک لایەنە نەبووە و نییە، بەڵکوو بەردەوام تاک و پێکهاتە، ستەملێکراو و ستەمکار، لە پەیوەندییەکی دوولایەنە لەم بەرهەمهێنانەوەدا بەشدار بوونە. ئەم ڕەوتەش کاتێک تێکدراوە کە لە لایەن تاک و ستەملێکراوەوە، بەرخۆدان کرابێت. ئەمەش دەستپێکە بۆ ئەوەی هاوکێشەکان بگۆڕدرێن و میکانیزمی زاڵبوون لە بەرژەوەندیی مرۆڤی بندەست تووشی ئاڵوگۆڕ بێت. بۆیە دەبێ هاوکات لەگەڵ ستەمەکان، ئەو چرکەساتانەش کە بەرخۆدان ڕوودەدات شرۆڤە بکرێت و لە هەر ئاستێکدا بێت بخرێتە بەر باس.
سەرچاوەکان
- اسپیواک، گایاتری (١٣٩٧)، آیا فردوست میتواند سخن بگوید، ترجمه ایوب کریمی، تهران: فلات
- تریگ، راجر (۱۳۹۳) فهم علم اجتماعی، ترجمه شهناز مسمی پرست، تهران: گل آذین
- رندل، جاناتان (۱۳۸۷) با این رسوایی چه بخشایشی، ترجمه ابراهیم یونسی، تهران، نشر پانیذ
- ریتزر،جورج (۱۳۸۶) نظریههای جامعه شناسی در دوران معاصر، ترجمه محسن ثلاثی،تهران:علمی
- کرنشاو، کیمبرلی و دیگران. (۱۳۹۴). مجموعه مقالات درباره گرهگاه جنسیت و دیگر نظامهای سلطه. تهران: شیرازه.
- گرامشی، آنتونیو(۱۴۰۳)، نامه های زندان۲، ترجمه اثمار موسوی نیا، تهران: نشر نی
- دو جستار درباره فلسفه سیاسی فمنیسم(۱۳۸۷) ترجمه نیلوفر مهدیان، تهران: نشر نی
- ولی، عباس و دیگران، گفتارهایی در خاستگاه ناسیونالیسم کورد (۱۳۹۸) ترجمه مراد روحی، تهران: نشر چشمه
- هال، استیوئر(۱۳۹۱) ترجمه احمد گل محمدی، تهران:نشر نی
- یورگنسن، فیلیپس، ماریان، لوئیز (۱۳۸۹) تحلیل گقتمان، ترجمه هادی جلیلی، تهران: نشر نی
- گیلانی، شیلان، (١٤٠٠) ژنانی کورد، چاپخانەی کتابچە
- تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئازادی ژنان(٢٠١٢) ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، چاپخانەی ڕەنج
- رستم پور، سمیه(۱۴۰۰) شرح و نقدهایی بر نظریههای اینترسکشنالیتی با نگاهی به ظرفیتهای این نظریه در ایران
- نجف زاده، رضا (۱۴۰۱) اسپواک و مطالعات فرودستان فراسوی فوکو بررسی انتقادی کتاب آیا فرودست میتواند سخن بگوید؟ ، پژوهشکده علوم انسانی و مطالعات فرهنگی، شماره ۸، صفحه ۳۴۵-۳۶۹
- خیمەنس، مارتاای (۱۴۰۱)تاملاتی درباره تقاطع گرایی، ترجمه فرزانه راجی
- یانگ،رابرت(۱۳۹۱) درآمدی اجمالی بر پسااستعمارگرایی، ترجمه فاطمه مدرسی و فرح قادری، تهران: پژوهشكده علوم انسانی و مطالعات فرهنگی
- درس گفتارهایی در باب مطالعات فرودستان از حسام سلامت
- جایزه مستورە اردلان و همزمانی آن با خیزش ژن ژیان ئازادی(۱۴۰۴)نسرین محمدی قصریان، گۆڤاری کۆمار
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
