بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

ببوورن، بە زمانێکی ساکار دەبێ بدوێم

Sorry, I have to speak in plain language
ببوورن، بە زمانێکی ساکار دەبێ بدوێم.

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
ئاگری ئیسماعیل نژاد
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/10/23
زمان
کوردی


لە بەهاری عەرەبییەوە، قەیرانێکی ژئۆپۆلیتیک ڕووی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و لە ماوەی کەمتر لە ١٥ ساڵدا زیاتر لە ١٠ شەڕی ناوخۆیی و ناوچەیی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە؛ و ئەو ١٥ ساڵەی ڕابردوو تەنانەت لە هەرێمی پڕ لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ١٥ ساڵی پڕ لە شەڕ و خوێن بوون.
لە ئێستادا قەیرانی ژئۆپۆلیتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەیرانی ناوخۆیی ئێران دوو دۆخن کە ڕۆژ بە ڕۆژ و هەنگاو بە هەنگاو گرژتر بوون، ئەوەش هەموو لێکۆڵەر، چالاک و نووسەرێکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی کە پاشاگەردانییەک لە گۆڕێدایە و ئەو پاشاگەردانییە پێویستی بە خۆسازکردنی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە.
بەپێی ئەو ڕوانگەیە و هاوکات بە سووکە لەنگەرێک لەسەر هێندێک دیاردەی مێژووی کوردستان، دەمەوێت هێندێک تانە لەسەر بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات باس بکەم کە بریتین لە:
یەکەم: لە خواستەوە هەتا بەرپرسیارێتی
لە ٢٥ی سێپتامبەری ٢٠١٧دا حیزبەکانی باشوور بە پێداگریی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕیفراندۆمێکیان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە برد و خەڵکی پارچەکانی تری کوردستانیش پێشوازییەکی زۆر گەورەیان لەو ڕیفراندۆمە کرد.
ئەگەر ئەو ڕیفراندۆمە بکەینە بنەما، کەواتە بە پانایی دەتوانین بڵێین خواستی خەڵکی کوردستان بە گشتی و خەڵکی باشوور بە تایبەتی ئەوەیە کە وڵاتی سەربەخۆیان بێت و چیتر چارەنووسیان لە پایتەختە داگیرکارەکاندا دیاری نەکرێت. بەڵام ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم چی ڕووی دا؟
ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات لەلایەن ئێرانییەکانەوە و سنوورەکانی نێوان باکوور و باشوور لەلایەن تورکەکانەوە داخرا، و پێش ئەو ڕیفراندۆمە و هەتا ژانویەی ٢٠٢٥ نیمچە حکوومەتی کوردیی ڕۆژئاوا وای نیشان دەدا کە یەک دوژمنی هەیە و ئەویش حکوومەتی هەرێمە و لە هەر دەرفەت و کاتێکدا ببا، لانیکەم بە زمان و نووسین حکوومەتی هەرێمی سەرلەبەری بە زەرەر دژی “گەلان”ی کوردستان دادەنا.
هەتا ئێرە وای دادەنێین کە لە لایەکەوە دوژمن و لە لایەکی ترەوە ئاڵۆزیی ناوخۆیی و ناتەباییە؛ و من ئەگەر چاوەڕوانیم ئەوە بێت کە دوژمن دژم نەبێت، حەتمەن گێلم، ئەوەش حەق بە ئێوەیە و چاوەڕوانی لە بەزەییی دوژمن کاڵفامییە و هیچی تر.
بەڵام ئەو دیوەکەی تریشی ببینن؛ لەگەڵ داخرانی یەکەم سنوور لە باشووری کوردستان، قەیرانی جۆراوجۆر ساز بوو. دەنگی ناڕەزایەتیی دژەڕیفراندۆم کە پێش داخرانی سنوور خۆی کز کردبوو، هەر لە نێو ڕیزەکانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتەوە هەتا سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانی بەرز بووەوە و گرانیی شتومەک و کەمیی خۆراکیان کردە ئاماژە بۆ لێزانی و شارەزایی خۆیان لە دیپلۆماسی و دەیانگوت دەمانزانی ڕیفراندۆم ئاوامان لێ دەکات.
جا لێرە با بەدوای کەراماتی شێخ و شیرینی هەڵوادا نەگەڕێین، و با چیتریش “کای کۆن بە با” نەبینین.
ئەوەی بۆ من لە گێڕانەوەی حەقایەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوور گرنگە ئەوەیە کە کێ بەرپرسیاری وەدیهێنانی خواستی سەربەخۆیی بوو یان هەیە؟
تەنانەت خواستی سەربەخۆییش نا، کێ بەرپرسی ئەوەیە کە کورد لەو قەدەرە ڕەشە و چارەنووسە کارەساتبارە ڕزگار بکات؟
با بێینە سەر ئەو باسە کە بۆ ئەو خواستەی کە خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە؛ کێ دەبێت بەرپرسیارێتیی وەدیهێنان و تێچووی هاتنەدیی ئەو خواستە لە ئەستۆ بگرێت؟
پرسیارێکی سادە و ساکارە، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان و باسەکانی نێو شەقامی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵات بە تایبەتی هێندە ئاستیان دابەزیوە کە ناچارم بەو زمانە ساکارە بدوێم.
لە ژیانی خۆتەوە هەتا ژیانی نەتەوەیەک، خواست کاتێک دێتە دی کە هەوڵ و بەرپرسیارێتی و ماندووبوونی لەپشت بێت، دەنا هەر دەبێت بڵێین: “ئەو نانە بەو ڕۆنە”.
لە خەسارناسیی ڕیفراندۆمی ٢٥ی سێپتامبەری ٢٠١٧دا ئەوەی باسی لێ نەکرا، بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر وەدیهێنانی خواستی زۆرینەی بەشداربووان لەو ڕیفراندۆمەدا بوو.
باوەر ناکەم هیچ لایەنگرێکی ڕیفراندۆم هێندە کاڵفام بووبێت کە پێی وابووبێت تورکیا و ئێران زەخت ناخەنە سەر باشوور و تەنانەت خواستەکە دژکردەوەی نێودەوڵەتیی لێ ناکەوێتەوە.
بەڵام ئەی بۆ بیر لەوە نەکرابووەوە کە تێچووی ئەو زەخت و بەرپرسیارێتی و ماندووبوونە بۆ وەدیهاتنی ئەو خواستە کێ دەبێت بیدات و کێ دەبێت بیکات؟ تەنانەت بۆ بیر لەوە نەکرابووەوە کە بۆ دابینکردنی خواستێک چۆن دەکرێت تێچووی کەم بدەی و بە ئامانجیش بگەین؟ واتە خواستێک هەبوو بەڵام میکانیزمێک نەبوو بۆ وەدیهێنانی. میکانیزمێک نەبوو بۆ کەمکردنەوەی خەسارەکانی و میکانیزمێک نەبوو بۆ ئەوەی خواستی سەربەخۆیی کە پشتیوانیی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانی لەپشت بوو، بکرێتە چیرۆکی مەزنی نەتەوەیەک.

لە هەموو کوردستان و لە ئێستای ڕۆژهەڵاتدا ئەوەی کە باسی ناکرێت و ئەوەی کە بایەخی پێ نادرێت، ئەو پرسەیە: باشە ئێستا کە لە دۆخێکی ئاڵۆزی ژئۆپۆلیتیکدا قەتیس ماوین، بەرپرسیارێتیی تاک، لێهاتووان، حیزب و ڕێکخراوەکان چییە و چۆنە؟ کام میکانیزم دەتوانێت بە ئاواتەکانمان بگەیەنێت و کامە دەتوانێت لە هەڵدێرمان بەرداتەوە؟
ئەوەی من دەیبینم، پرسی بەرپرسیارێتی و ماندووبوون و تێچوو تەنیا بەشێکی چکۆلە لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئەستۆیان گرتووە؛ ئەو بەشە گرووپێکی تایبەتی دیاریکراو یان چینێکی تایبەت کە شوێنیان دیار بێت، نین.
بەڵکوو ئەو بەشە جاری وایە بەشێکی چکۆلەی ئەندامی فڵانە حیزبن، جاری وایە خەڵکێکی زۆر کەمی ڕەشۆکیی سەرشەقامن کە هەر ڕێک نەخراون و هەر کەس لای خۆیەوە هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە، و جاریش هەیە کە لێهاتوویەکی زانکۆچووی کوردە.
بەڵام کۆی هەموویان لە هیچ قۆناغێکدا ڕێژەیان ناگاتە ٢٪ی خەڵکی کوردستان، و باقیی کەسەکانی تر یان زۆرینەی بێدەنگن کە دروشم و ژیانیان لەسەر بنەمای “هەر کەس کەر بوو ئەوان کورتانن” دانراوە، یان “خێڵی دەم پڕ لە هاوار”ن و هەر جارێک کەسێک بە خائین و کۆمەڵێک بە کاڵفام دادەنێن.
لێرەدا پێویستە ڕوونی بکەمەوە کە “خێڵی دەم پڕ لە هاوار” و “زۆرینەی بێدەنگ” لە هەموو بەستێنەکاندا هەن؛ هەم لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان، هەم لە نێو حیزبەکانی کوردستان و هەم لە نێو بلیمەت و خاوەن قەڵەم و زێڕ لە کوردستاندا ڕێژەی ئەوان هەزاران بە هەزارە.
قسەی کۆتایی ئەو بەشە ئەوەیە کە باسی دۆخی ئێستا ئەوە نییە کە ناوچەکە تووشی پاشاگەردانی دەبێت، یان کام شێواز بۆ کورد باشە، یان تەنانەت ئەوەش نییە کە خواستی کورد کامەیە؛ باسی گرنگی ئێستا دەبێت ئەوە بێت کە لەو دۆخەی کە من، بنەماڵەکەم، خزم و دۆستانم و نەتەوەکەم تێیکەوتووین، بەرپرسیارێتیی من چییە و چۆن دەتوانم بەشێک لە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاریی ئەو نەتەوەیە بم و چۆن دەکرێت بە کەمترین تێچوو ئاکامی دڵخواز بەدەست بێنم.
کەچی ئەوەی نابینرێت و ناخوێندرێتەوە پرسی بەرپرسیارێتییە، و هەمووان زیاتر لەوەی تاکی بەرپرس بن، تاکێکن کە بە دوای سواربوونی بەبەلاشدا دەگەڕێن.
دووهەم: لە نێوان بڕیار و بەرپرسیارێتیدا
ساڵانێکە و ئێستا زیاتر لە هەموو ئەو ساڵانە، باسێک لە ناوخۆی حیزبەکان، لە نێوان حیزبەکان و لە نێو لێهاتووانی کورد بەرامبەر بە یەک و بەرامبەر بە حیزبەکان لە گۆڕێدایە، ئەویش ئەوەیە کە ڕوون نییە کێ بڕیار دەدات؟، کێ ئەو بڕیارە بەڕێوە دەبات؟ و کێ لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی دراوە بەرپرسە؟ ئەگەر بڕیارەکە ئامانجی نەپێکا یان هەڵەی کارەساتباری لێکەوتەوە، کێ دێت ڕوو بە خەڵک دەڵێت من هەڵەم کرد؟
ئەو قەیرانە سەرلەبەری حیزبەکان و سەرلەبەری کۆمەڵگەی کوردستان و سەرلەبەری لێهاتووانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتۆتەوە. ئەوەی دوو ڕۆژ پێشمەرگەی حیزبێکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە، خۆی بە تەنیا سەرچاوەی بڕیار دادەنێت و ئەندامی حیزبەکانی تر لە باشترین دۆخدا بە کۆمەڵە گەوجێک کە ژیانیان بەفێرۆ داوە دەزانێت، و خەڵکانی تریش بە بەزیوو و تەزیوو دادەنێت.
ئەوەی دوو کتێبی خوێندۆتەوە و زمانی کوردی بە لووسی بزانێت، خۆی بە تەنیا سەرچاوەی مەعریفەت دادەنێت و هەموو خەڵکی تر بە کاڵفام و گێل دەزانێت.
سەیریش ئەوەیە لە کۆتایی بڕیاردا، کابرای حیزبی بڕیارەکە بۆ خەڵک و لێهاتووان دەدات و کابرای لێهاتوو بڕیارەکانی ڕوو بە حیزب و خەڵکی کوردستان دەدات؛ واتە کەس لە بەرامبەر بەڕێوەبردنی بڕیاری خۆیشیدا بەرپرس نییە، و سەیرتریش لەوە ئەوەیە هیچ کامیان هیچ بەرپرسیارێتییەک لە بەرامبەر هەڵەبوونی ئەو بڕیارە لە ئەستۆ ناگرن؛ و ئەگەر کارەساتیشی لێکەوتەوە، ئەوەتا تاوانبارێک لە گۆشەیەک دەدۆزنەوە و تۆقی ئەزازیل لە ملی دەکەن، ئەوانەی کە جامی جەمیان پێ بووە و هەموو شتێکیان زانیوە، بەڵام “تۆقی ئەزازیل” لەملکراو بە قسەی ئەوانی نەکردووە.
ئەگەر ورد بڕوانییە کۆی ئەو باسانەی لەو چەند ساڵەدا ڕوویان داوە، هەموو ئەو پرسانە دەبینیتەوە.
سێیەم: زمانی هاوبەش و وتووێژ
پرسی زمانی هاوبەش بەو مانایەی کە ئێمە وەکوو ڕێکخراو و لێهاتوو و خەڵکی کوردستان زمانێکی شیاوی قسەکردن و وتووێژ بەرامبەر بە یەک بگرینە زارمان و لەگەڵ یەک بدوێین بۆ ئەوەی بە ئاکامێک بگەین، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی من بەدیی ناکەم.
لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وتووێژ لەگەڵ لایەنی تری کوردی ناوی خیانەت و فریودانە، و زمانی باوی نێو حیزب و نێو لێهاتووان بەرامبەر بە لایەنێکی تر و لە ناوخۆدا زمانێکی زبر و بریندارکەری پەراوێزخەرە و هیچیش هەوڵ نادرێت ئەو زمانە بگۆڕدرێت؛ ئەوەش وای کردووە وتووێژ نەەک بە ئاکام نەگات، بەڵکوو هەموو جارێک خۆی وتووێژەکە دەبێتە هۆکاری “کولانەوەی برینێکی کۆن” یان “بە با کردنی کای کۆن”.

نەبوونی زمانی هاوبەش قەیرانی درەنگی و بێ‌باوەڕیی لە نێوماندا هێندە زیاد کردووە کە کەم باس هەیە بتوانین بە ئاکامی بگەیەنین یان تەنانەت کەم وتووێژ هەیە کە گرژی زیاتر نەکات و توندوتیژی پەرە پێ نەدات.
کۆی ئەو دیاردە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەی نێو بزووتنەوە و خەڵکی کوردستان وای کردووە زۆر کەم لەسەر میکانیزمی گەیشتن بە ئامانج قسە بکرێت و هیچ کاتێکیش خەسارناسیی ڕابردوو نەکەین. نەکردنی خەسارناسیی ڕابردوو مێژوو درێژ دەکاتەوە بەو مانایەی کە ئێمە هەمیشە داهاتوو بە پێوەری ڕابردوو لێک دەدەینەوە و هەمیشەش مێژوو بە چاوکەی ئێستا دەخوێنینەوە. هەر ئەوەش وای کردووە هەڵەکان وەکوو نەتەوە و تەنانەت وەکوو تاک دووبارە بکەینەوە.
کۆتا قسەم ئەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین لەو دۆخەی تێیداین دەستکەوتمان هەبێت و بەسەرماندا نەڕووخێت، پێویستە لانیکەم ئەو سێ باسەی سەرەوەمان لە بەرچاو بێت و هەوڵی بۆ بدەین.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

زمان لەنێوان ململانێی شیعر و فەلسەفەدا

شاعیر، جیهان و دۆخی ئاوارەییی مرۆڤ لە جیهاندا دەخاتە ڕوو. مرۆڤ، زادەی بیرۆکەکانیەتی؛ مرۆڤ، لە ڕێگەی دەسبەسەرکردنی "هەقیقەت"ەوە چنگی لە خاک گیر دەکات و بەم چەشنە دەیهەوێت لە هەرێمێک بگیرسێتەوە و نیگای بەسەر بەرجەوەنی جیهاندا بخشێنێ. شیعر، خشاندنی نیگایە بەسەر جیهاندا بە…

ژیانەوە

لە سڕینەوەوە بۆ خەمساردی:لە درێژەی وتاری «کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە».

پێشەکی کوردستان ئەمڕۆ لە دۆخێکی سیاسیی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت. بەهۆی ڕووداوەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە فەزای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مشتومڕێکی گەرم لەسەر پەیوەندیی نێوان حیزب و جەماوەر دروست بووە. بەگشتی چاوەڕوان دەکرێت لە دۆخی قەیراندا ناکۆکی و جیاوازییەکان کەم…

ژیانەوە

کاتێک سڕینەوەی حیزبەکان جێی سیاسەت دەگرێتەوە

لە بەشێک لە فەزای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەڵێی کێبەرکێیەک بۆ سەلماندنی عەیاری کوردایەتی ساز بووە. لەم کێبەرکێیەدا، هەر کەسێک بەگوڕ بێتە مەیدان و توندتر قسە بکا، حیزبەکان زیاتر بخاتە ژێر پرسیارەوە و داوای هەڵوێستی خێرا و ڕادیکاڵ بکا، شۆڕشگێڕێکی هەژدە عەیارترە.…