ترۆیكای تیشك و حیزبایه‌تی
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- زاهیر محەممەدی
- بڵاوکراوەتەوە لە
- بلاگی ژیانەوە
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ئەنستیتۆ
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/10/31
- زمان
- کوردی
محەممەدی، زاهیر (2026): ترۆیكای تیشك و حیزبایه‌تی. بلاگی ژیانەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
سێ وتاری فاتح سه‌عیدی، هیوا تاسه و ئارام كه‌یخوسره‌وی له بلاگی ژیانه‌وه‌ی ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی تیشك له 16 تا 24 ئۆكتۆبری 2026 سێ خوێندنه‌وه‌ی جیاواز، به‌ڵام لێكگرێدراویان له‌سه‌ر حیزب، حیزبایه‌تی و ڕه‌خنه‌گرانی حیزب له پانتایی سیاسیی كوردستان ورووژاند. سه‌عیدی به بڵاوكردنه‌وه‌ی وتاری «كاتێك سڕینه‌وه‌ی حیزبه‌كان جێی سیاسه‌ت ده‌گرێته‌وه» ده‌روازه‌ی باسه‌كه‌ی كرده‌وه. ناوبراو بۆ داكۆكی له حیزب، سه‌رنجی خسته سه‌ر ڕه‌خنه‌گرانی حیزب و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه ڕه‌خنه‌گرانی حیزب له كوردستان ڕه‌خنه له حیزب و حیزبایه‌تییان كردووەته ئامرازێك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێگه و ناوبانگی سیاسی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ڕه‌خنه‌كه‌یان توندتر و ڕادیكاڵتر ده‌كه‌ن. هیوا تاسه له وتاری «له سڕینهوەوە بۆ خه‌مساردی: له درێژه‌ی وتاری كاتێك سڕینه‌وه‌ی حیزبه‌كان جێی سیاسه‌ت ده‌گرێته‌وه» به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌عیدی ڕه‌خنه‌گرتن له حیزب به شتێكی پێویست داده‌نێ و له به‌رانبه‌ردا فۆكۆس ده‌خاته سه‌ر گرووپێكی گه‌وره له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزب به‌ناوی «خهمساردهكان» كه به بێده‌نگی وازیان له سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی هێناوه. ئارام كهیخوسرهویش له وتاری «حیزب مرد، بژی حیزب؛ لەنێوان مانه‌وه و نه‌مانی حیزب‌دا»، چه‌قی سه‌رنجی باسه‌كه‌ی خۆی ته‌رخان كردووه بۆ خستنه‌ڕوو و سه‌لماندنی پێگه و ڕۆڵی حیزب له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییی كوردستاندا و ئاماژه به لێكهوتهوه نه‌رێنییه‌كانی بۆچوونی ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه ده‌كات كه پێیان وایه سه‌رده‌می حیزبایه‌تی له كوردستان به‌سه‌ر چووه. ده‌كرێ بڵێین ئه‌م سێ وتاره سێكوچكه‌یه‌كی هزرین له‌سه‌ر پێویستیی پاراستن و مانه‌وه‌ی حیزبایه‌تی، قه‌یرانی پێوه‌ندیی حیزب و كۆمه‌ڵگا و ئاسۆی ڕێكخستن و نه‌خشه‌ڕێگای سیاسیی داهاتوو له كوردستاندا.
وێڕای جیاوازیی بۆچوون و گۆشه‌نیگای خوێندنه‌وه‌ی نووسه‌رانی هه‌ر سێ وتاره‌كه، خاڵی هاوبه‌شیان داكۆكیكردنه‌وه له گرنگی و پاراستنی حیزب له دۆخێك‌دا كه ڕه‌خنه‌گرتن له حیزبه‌كان، وازهێنان له ئه‌ندامه‌تی یان لایه‌نگری و ته‌نانه‌ت به‌سه‌رچوونی سه‌رده‌می حیزبایه‌تی له به‌شێك له فه‌زای گشتیی كوردستان له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانه‌وه زه‌ق كراوه‌ته‌وه. ئامانجی نووسه‌رانی سێ وتاره‌كه خستنه‌ڕووی ئه‌و خاڵه‌یه كه لاوازبوونی حیزبه‌كان مه‌رج نییه ببێته هۆی به‌هێزبوونی سیاسه‌ت و كوردایه‌تی، گه‌شه‌ی دیموكراسی یان به‌ره‌وپێشچوونی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كوردستان. له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، به‌تایبه‌ت سه‌عیدی و كهیخوسرهوییەوە لێدان له حیزب، ده‌بێته هۆی دابه‌زینی ئاستی توانای ڕێكخستن، پرشوبڵاویی هیزه سیاسییه‌كان و لاوازبوونی كاری به‌كۆمه‌ڵ له كوردستاندا.
به‌ڵام هه‌ر سێ وتاره‌كه به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا باز ده‌ده‌ن كه هۆكاری ئه‌و ڕه‌خنه زۆر و توندانه چین له حیزبه‌كان و حیزبه‌كان بۆخۆیان تا چ ڕاده‌یه‌ك ڕۆڵیان هه‌یه له خولقاندنی ئه‌م دۆخه‌دا؟ ئایا ده‌كرێ باسی مه‌ترسیی سڕینه‌وه‌ی حیزب بكه‌ی، به‌ڵام به‌سه‌ر هۆكاری ئه‌و ڕه‌خنانه‌دا باز بده‌ی؟ ئایا كێشه‌كه ته‌نیا ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ن كه له ڕوانگه‌ی سه‌عیدی و كهیخوسرهوییەوە جێگره‌وه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ حیزب ناخه‌نه ڕوو، یان ده‌بێ حیزبه‌كان ناچار بكه‌ین به وڵامدانه‌وه و به‌رپرسیاره‌تی له‌هه‌مبه‌ر ئه‌رك، پێكهاته و ستراتیژیی سیاسی و پێوه‌ندییان له‌گه‌ل كۆمه‌ڵگادا؟
خاڵی لاوازی هه‌ر سێ وتاره‌كه نه داكۆكیكردن له حیزب، به‌ڵكو جێگۆڕكێی چه‌قی باسه‌كه‌یه. ئه‌وان پرسه‌كه‌یان له هۆكاری قه‌یرانی حیزبه‌وه گواستووەته‌وه بۆ ڕه‌خنه و شێوازی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گران. واته پێش ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه له ڕه‌خنه‌گرانی حیزب و مه‌ترسییه‌كانی ڕه‌خنه‌گرتن بگرن، ده‌با كه‌موكووڕی و هۆكاری ڕه‌خنه‌كان و خه‌مساردی و كهمتهرخهمییەکانیان شی كردبایه‌وه. سه‌عیدی و كه‌یخوسره‌وی ڕه‌خنه‌گران و تاسه‌ش ڕهخنهنهگران (خهمساردهكان) ده‌خه‌نه ژێر پرسیار و بهرپرسیارهتییەوە. له هه‌ر سێ خوێندنه‌وه‌كه‌دا، به‌رپرسیاره‌تیی حیزبه‌كان یان بزره یان زۆر كاڵ كراوه‌ته‌وه.
ئه‌م وتاره پێی وایه بۆ تێگه‌یشتن له‌و دۆخه‌ی كه نووسه‌رانی هه‌ر سێ وتاره‌كه‌ی نیگه‌ران كردووه، ده‌بێ پرسیارێكی بنه‌ڕه‌تیتر بكه‌ین كه ئایا ئه‌وه ڕه‌خنه‌گران و خه‌مسارده‌كانی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی حیزبن كه ده‌یانهه‌وێ حیزب بسڕنه‌وه یان خودی حیزبه به‌هۆی ململانێ و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و ناڕوونیی ستراتیژیی سیاسی ده‌بێته هۆی سڕینه‌وه‌ی خۆی.
1 ـ سڕینه‌وه له ناوخۆ
كاڵبوونه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 1990 به‌هۆی فشاری ئێران له‌سه‌ر حیزبه‌كانی باشووری كوردستان و دابه‌زینیان له شاخه‌وه بۆ شار، حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی تووشی پێویستیی گۆڕانكارییه‌كی به‌په‌له و پێویست كرد: په‌ڕینه‌وه له قۆناغی خه‌بات و ڕێكخستنی پێشمه‌رگایه‌تی به‌ره‌و داڕشتنی پێكهاته و مودێلێكی نوێی ڕێكخستن و حیزبایه‌تی.
به‌ڵام حیزبه‌كان له‌جیاتیی بایه‌خدان به‌و پێویستییه به‌په‌له و گرنگه و به‌خۆداچوونه‌وه، به‌شێكی زۆر له وزه و هێزی خۆیان له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات به‌فیڕۆ دا. كێشه‌كان له‌سه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی پۆستی سكرتێری حیزب، ده‌فته‌ری سیاسی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، كۆنگره‌ی له‌پێشدا دیزاینكراو چڕ كرانه‌وه و ئه‌م شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته به‌رهه‌مه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی باڵباڵێن و له‌تبوونی حیزبه‌كان بوو. پرسه‌كه ئیتر جیاوازیی بیروڕا نه‌بوو له‌سه‌ر داڕشتنی پلان بۆ داهاتوو و جێگره‌وه‌ی ئه‌و خه‌باته پێشمه‌رگایه‌تییه‌ی كه به‌هۆی فشاری ئیران و له ڕێگه‌ی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه تا ده‌هات زیادتر و قورس‌تر ده‌بوو، به‌ڵكو سڕینه‌وه‌ی ڕكارهبهره حیزبییهكانی بوو له ناوخۆدا.
له دۆخێكی وه‌هادا حیزبه جگه له فشاره ده‌ره‌كییه‌كه، له ناوخۆشدا به‌شێك له توانای ڕێكخستنی خۆی ده‌فه‌وتاند. له‌جیاتیی ئه‌وه‌ی حیزب ئه‌م فشارانه بكاته هه‌لێك بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و گۆڕینی پێكهاته و داڕشتنی ستراتیژیی نوێ، كه‌وته ململانێیه‌كی توندی ناوخۆیی و شه‌ڕی باڵه‌كان بۆ له‌ناوبردنی یه‌كتر. بۆیه سڕینه‌وه‌ی حیزب پێوه‌ندیی نییه به ڕه‌خنه و شێوازی ڕه‌خنه‌گرتنی ڕه‌خنه‌گرانی ده‌ره‌وه‌ی حیزب، به‌ڵكه ئه‌وه شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی باڵه‌كان بوو كه به سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر و لاوازكردنی میكانیزمه‌كانی هه‌ڵبژاردن و كۆنگره، توانای سیاسیی حیزبیان دابه‌زاند.
ئه‌م شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته بۆ ڕه‌واییدان به خۆی په‌نای برده به‌ر ناوچه‌گه‌ری و جیاوازیی زار و زاراوه‌كان. كاتێك ئه‌م فاكته‌رانه كرانه پردی گه‌یشتن به لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب، پێوه‌ری هەڵسه‌نگاندنی سیاسه‌ت و ئه‌ركی حیزب له توانای سیاسی، شیكردنه‌وه و ڕێكخستن داده‌بڕێ و به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی باڵه‌كان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی حیزب‌دا زاڵ ده‌بێت. ده‌ره‌نجامی ئه‌م دۆخه ته‌نیا لادانی باڵی ڕكابه‌ر نییه، به‌ڵكو حیزب به‌شێكی گه‌وره له سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌عنه‌وی و سیاسیی خۆشی له ده‌ست ده‌دا.
2 ـ له ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه بۆ قه‌یرانی متمانه
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سێ وتاره‌كه‌ی تیشك به‌شێك له پرسه‌كه ڕوون ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام چڕبوونه‌وه له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گران لادان و دووركه‌وتنه‌یه له باسه سه‌ره‌كییه‌كه. سه‌عیدی به پشتبه‌ستن به مودێلی ئا‌لبێرت هیرشمه‌ن “وازهێنان، ده‌نگهه‌ڵبرین و مانه‌وه” باسی حاڵه‌تێكی چواره‌میش ده‌كات كه هه‌ر له حیزب‌دا ده‌مێننه‌وه، ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرن، به‌ڵام به‌رپرسیاره‌تیی ڕیفۆرم له حیزب‌دا هه‌ڵناگرن و ڕێكخراوی دیكه‌ش پێك ناهێنن. هه‌رچه‌نده ئه‌وه ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌جێیه و ڕه‌خنه‌ی به‌رپرسیارانه و ڕهخنەیهك كه جێگه‌ی سیاسه‌ت ده‌گرێته‌وه، لێك جیا ده‌كاته‌وه، به‌ڵام پرسیاره‌كه لێره‌دایه كه ئایا پێكهاته‌ی حیزب بوار ده‌دا به ڕه‌خنه و بۆچوونی لایه‌نگران و ئه‌ندامه‌كانی كه كاریگه‌رییان هه‌بێ له‌سه‌ر ناوه‌ندی بڕیاری حیزب؟
به هێنانەگۆڕی دیارده‌ی خهمساردهكان سه‌رنج ده‌خاته سه‌ر ئه‌و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی كه هه‌روا ئه‌ندام و لایه‌نگری حیزبن، به‌ڵام نه ئه‌ندامێكی چالاكن و نه ڕه‌خنه‌ش له حیزب ده‌گرن. تاسه ئه‌م بێده‌نگییه به نیشانه‌ی ڕازیبوون له حیزب نازانێ، به‌ڵام بە ده‌رهاویشته‌ی هیوابڕاوی و ماندوبوونی ئه‌ندامه‌كه ده‌زانێ له پاشگوێخستنی حیزب و وڵامنه‌دانه‌وه‌ی. بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه پێشنیار ده‌كا كه حیزب بكه‌وێته دیالۆگ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كانی، و ڕێگا بۆ به‌شداریی زیادتری گه‌نجان و ژنان خۆش بكا. به‌ڵام وڵامی ئه‌و پرسیاره ناداته‌وه كه هۆكاری هاتنه‌ئارای ئه‌م دیارده‌ی خه‌مساردییه چییه كه تاسه ئاماژه‌ی پێ ده‌كا.
ئارام كهیخوسرهویش به گه‌ڕانه‌وه بۆ بۆچوونه‌كانی ئیمانوێڵ كاستێڵز و تیۆریی ئۆتۆریته‌ی ماكس ڤیبه‌ر، سه‌رنجی خۆی له‌سه‌ر ڕۆڵی گرنگ و مێژووییی حیزب له كوردستان چڕ كردووەته‌وه و باسی لێكه‌وته نه‌رێنییه‌كانی لاوازبوونی حیزب ده‌كا. به ڕای كه‌یخوسره‌وی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ناتوانێ جێگه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی وه‌ك حیزب بگرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌و ڕۆڵه گرنگه میژوویییه نابێ ببێته بیانوویه‌ك بۆ خۆدزینه‌وه له ڕه‌خنه‌گرتن له حیزب. ئه‌گه‌ر ئۆتۆریته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی حیزب لاواز بووه، ڕێكخستنهوهكهشی پێویستی به پێداچوونه‌وه به ئه‌رك و پێكهاته‌ی حیزبه‌وه هه‌یه.
3 ـ سه‌یری زه‌مان و گۆڕانی حیزب
حیزبه‌كان له ماوه‌ی نیوسهدهی دوای شۆڕشی 1357 سه‌ڕه‌ڕای شه‌ڕ، تیرۆر، موشه‌كباران، بۆمباران و سه‌ركوت، هه‌روا خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی به‌هێزی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین. له زۆر حاڵه‌تدا خه‌ڵك له ناوخۆ به پیر بانگه‌واز و داواكارییهكانهوه چوون. به‌ڵام ئه‌و سه‌رمایه مێژوویییه پێشمه‌رگانه‌یه به‌ته‌نیا گه‌ره‌نتیی متمانەی ئه‌مڕۆ ناكا. ڕاپه‌ڕینی ژینا توانای كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ناوخۆی جارێكی دیكه سه‌لماند. به‌ڵام ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی پاش ژینا ده‌ریخست كه حیزبه‌كان خوێندنه‌وه‌یه‌كی ستراتیژی و گونجاویان نه بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه هه‌بوو نه بۆ ڕووداوه‌كانی دوای ڕاپهرینهكهش.
له پاش شه‌ڕی ئێران له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ئەمریكاش، ناڕوونیی هه‌ڵوێست، ده‌ركه‌وتنی لاواز له ڕاگه‌یاندن و كه‌وتنه ناو دۆخی په‌رچه‌كردار له‌جیاتیی كردار و هێڵ و ستراتیژیی سیاسیی حیزبه‌كان بۆ داهاتووی سیاسیی كوردستان بوونه پرسگه‌لێكی گرنگ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پێگه‌ی حیزبه‌كان. ئه‌وه‌ش وایكردووه سه‌ری ڕه‌خنه‌كان له‌سه‌ر ئاست و ڕێژه‌ی متمانه‌ی گشتی چر ببنه‌وه.
هه‌روه‌ها پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌س و گرووپانه‌ی كه پێگه‌ی ڕێكخراوهیییان، توانای ڕێكخستن و ئه‌جێندای سیاسی‌یان دیار نییه، پرسیاری له‌سه‌ر سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ی سیاسیی ئه‌و حیزبانه بۆ دواڕۆژی كوردستان و سه‌ربه‌خۆییی بڕیاردانی دروست كردووه. ئه‌م پرسه به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی كۆنگره‌ی ئازادیی ئیران و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ په‌ژاك زه‌قتر بووەته‌وه. خاڵی سه‌ره‌كی له‌م پرسه‌دا ته‌نیا هاوڕابوون یان دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وتانه‌دا نییه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا حیزبه‌كان ئه‌جێندای سه‌ربه‌خۆی خۆیان پێناسه ده‌كه‌ن یان ده‌كه‌ونه دۆخی په‌رچه‌كرداره‌وه و دواتر هه‌ڵویستی سیاسی وه‌رده‌گرن.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م حیزبانه هه‌روا له‌سه‌ر مودێلی رێكخستنی سه‌ره‌تای شۆرشی 1357 و پێكهاته‌ی پێشمه‌رگانه ده‌رۆن. له كاتێكدا كۆمه‌ڵگا، راگه‌یاندن و شێوازه‌كانی چالاكی سیاسی زۆر گۆڕاون. لاوازی دامه‌زراوه‌كانی توێژینه‌وه، راگه‌یاندن، ناڕوونی نه‌خشه‌ی سیاسی بۆ داهاتووی كوردستان، نه‌بوونی رۆلی ژن و گه‌نج مه‌ودای ئه‌م حیزبانه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا زیاتر ده‌كا. هه‌رچه‌نده فشاره‌كانی ئێران و ئاسته‌نگه جیاوازه‌كان ده‌توانن به‌شێك له‌م پرسیارانه وڵام بده‌نه‌وه، به‌ڵام ناتوانن ببنه پاساوێك بۆ هه‌ڵه زه‌ق و ستراتیژییه‌كان و به‌فێڕۆدانی وزه‌ی رێكخراوه‌یی له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆی حیزب‌دا.
بۆیه سێ وتاره‌كه‌ی تیشك هه‌رچه‌نده به‌جێ ئاماژه به لێكه‌وته نه‌رێنییه‌كانی لاوازكردنی حیزبه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ ته‌واوكردنی باسەكه ده‌بێ سه‌رنجه‌كه له ڕه‌خنه‌گرانه‌وه بگوازینه‌وه بۆ خودی حیزبه‌كان. ململانێ، شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات، جیابوونه‌وه‌كان، نه‌گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان، له‌پاڵ ناڕوونیی ستراتیژیی سیاسی، ڕاگه‌یاندن و ڕێكخراوه‌یی له‌و فاكته‌رانه‌ن كه ده‌بێ له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ره‌سی متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به حیزبه‌كان بایه‌خیان پێ بدرێ.
كێشه‌كه ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر حیزبایه‌تی و ناحیزبایهتی نییه. وه‌ك چۆن لاوازیی حیزبه‌كان مه‌رج نییه ببێته هۆی به‌ره‌وپێشچوونی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی كوردستان. مانه‌وه‌ی حیزبه‌كانیش به‌ته‌نیا ناتوانێ گه‌شه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه گه‌ره‌نتی بكا. حیزب كاتێك ده‌توانێ ڕۆڵی میژووییی خۆی بپارێزێ كه له ڕێكخستنێكی پشتبه‌ستوو به سه‌رمایه‌ی مێژوویییەوە ببێته دامه‌زراوه‌یه‌كی وڵامده‌ر، فێربوو و به‌رهه‌مهێنی ستراتیژی. وه‌ك چۆن ڕه‌خنه له حیزب نابێ ببێته هۆی سڕینه‌وه‌ی حیزب، داكۆكیكردنیش له پێویستیی حیزب نابێ بكرێته پاساوێك بۆ داخستنی ده‌رگای ڕه‌خنه و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز. ئه‌گه‌ر پرسه‌كه پاراستن و مانه‌وه‌ی حیزبایه‌تییه له كوردستان، پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه نییه كه چۆن ڕه‌خنه‌گران ده‌مكوت بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه چۆن هه‌ڵه ستراتیژییه‌كانی حیزب ڕاست بكه‌ینه‌وه و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی حیزب بگوازینه‌وه بۆ داڕشتنی سیاسه‌ت و نه‌خشه‌ڕێگای داهاتوو بۆ كوردستان.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
