بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

من لە کوێ هەڵەم کرد؟ کێشەی خۆپشکنین لە بیرەوەریی سیاسیی کوردیدا

Where did I go wrong? The problem of self-examination in Kurdish political memory
من لە کوێ هەڵەم کرد؟ کێشەی خۆپشکنین لە بیرەوەریی سیاسیی کوردیدا

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
ئارتین حەمدی
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/04
زمان
کوردی

مێژووی بزووتنەوەی کوردستان تەنها مێژووی قارەمانێتی و سەرکەوتن نییە. شکست و نسکۆی هەیە، دابڕان و شەڕی ناوخۆی هەیە، بڕیاری هەڵە و بێدەنگیشی تێدایە. هەموو ئەم ڕووداوانەش مرۆڤ دروستیان کردوون: کەسانێک لە کۆبوونەوەکاندا دانیشتوون، دەنگیان داوە، بێدەنگ بوون، فەرمانیان داوە یان فەرمانیان جێبەجێ کردووە.

ئەم بزووتنەوەیە، هەروەک لە داگیرکەرانەوە زەبری بەرکەوتووە، لە ناوەوەش زەبری کاریی خواردووە: بەهۆی ناکۆکی، هەڵە، نەزانی و لاوازیی هۆشیاریی نەتەوەییی هەندێک لە بکەرەکانییەوە، و لە هەندێک حاڵەتیشدا بەهۆی خیانەتەوە. لە ڕووخانی کۆماری کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، ڕووداوی تراژیدیی زۆر ڕوویان داوە: کەسایەتیی ناسراو کوژراون یان ڕادەستی دوژمن کراونەتەوە، و بڕیاری هەڵە کاریگەریی درێژخەنیان لەسەر خەباتی کوردستان هەبووە. زۆرێک لەم ڕووداوانەش ئەمڕۆ لە زاری خودی بەرپرسانی ئەو مێژووەوە دەبیستین.

کاتێک بەشداربووانی ئەم ڕووداوانە دوای ساڵان بیرەوەریی خۆیان دەنووسنەوە، دەقەکانیان دەبنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ناسینی مێژوو. ئەمە لە کوردستاندا گرنگترە، چونکە بەشێکی زۆری بەڵگە و ئەرشیفی سیاسی بەهۆی شەڕ، ڕاگواستن، گۆڕانی دەسەڵات و سانسۆرەوە لەناو چووە، یان دەستگەیشتن پێیان ئاسان نییە.

بەڵام هەر لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دروست دەبێت: ئەو کەسەی مێژوو دەگێڕێتەوە، خۆی لە کوێی ئەو مێژووەدا دادەنێت؟

لە زۆر بیرەوەریی سیاسیدا، نووسەر بە وردی باس لەوە دەکات کە «ئەوان» چییان کرد، بەڵام کەمتر دەڵێت خۆی چی کرد. ئەوان بڕیاریان دا، ئەوان هەڵەیان کرد، ئەوان خیانەتیان کرد، ئەوان پەیوەندییان بە دوژمنەوە کرد. نووسەر خۆی زۆرجار تەنها شایەتە.

چۆن دەبێت کەسێک ساڵانێک لە چادر، دیوەخان، کۆبوونەوەی سیاسی، دانوستان و شوێنی بڕیارداندا بووبێت، بەڵام لەو هەموو بڕیار و شکست و هەڵانەدا هیچ بەرپرسیارێتییەکی خۆی نەبینێت؟

ژیاننامە، ئۆتۆبیۆگرافی و بیرەوەری
پێش چوونە ناو کێشە سەرەکییەکە، پێویستە جیاوازیی نێوان چەند ژانرێک ڕوون بکرێتەوە، چونکە لە نووسینی کوردیدا زۆرجار تێکەڵ دەکرێن.

ژیاننامە: کەسێک ژیانی کەسێکی تر دەنووسێت. نووسەر و کەسایەتیی سەرەکی دوو کەسی جیاوازن.

ئۆتۆبیۆگرافی: نووسەر ژیانی خۆی دەنووسێت. سەرنج تەنها لەسەر ڕووداوەکان نییە، بەڵکو لەسەر گەشەی کەسایەتی، گۆڕان، ترس، هەڵە و ئەزموونی ناوەوەشە.

بیرەوەری: نووسەر زیاتر باسی ئەو ڕووداو و کەسانە دەکات کە خۆی تێیاندا بووە یان بینیونی. سەرنج لێرەدا زیاتر بەرەو ڕووداوەکانە، نەک بەرەو گەشەی خود. زۆربەی بیرەوەرییە سیاسییەکان لەم جۆرەن.

ژیاننامەی ستایشی: لە بنەڕەتدا بۆ ژیاننامەی پیرۆزان بەکار هاتووە، بەڵام ئێستا بۆ هەر دەقێک بەکار دێت کە کەسایەتییەک بە شێوەیەکی بێهەڵە، پیرۆز و دوور لە ڕەخنە پیشان بدات.

ڕۆی پاسکاڵ جیاوازیی نێوان ئۆتۆبیۆگرافی و بیرەوەری بەوە ڕوون دەکاتەوە کە یەکەمیان زیاتر بەرەو ناوەوە دەڕوانێت، بەرەو گەشە و گۆڕانی خود، و دووەمیان زیاتر بەرەو دەرەوە دەڕوانێت، بەرەو ڕووداو و کەسانی تر.

کێشەی بیرەوەریی سیاسیی کوردی لەم جیاوازییەدایە. نووسەر شێوەی بیرەوەری هەڵدەبژێرێت و خۆی وەک شایەتی ڕووداوەکان پیشان دەدات. بەڵام ئەگەر خۆی یەکێک بووبێت لە بڕیاربەدەستان یان بکەرانی ئەو ڕووداوانە، ناتوانێت خۆی لە دەرەوەی وێنەکە دابنێت، چونکە ئەو ڕووداوانە بەشێکن لە ژیان و بەرپرسیارێتیی خۆی. بۆیە بیرەوەرییەکەی نابێت تەنها بڵێت «چی ڕوویدا»، بەڵکو دەبێت ڕوونیشی بکاتەوە «من لەو ڕووداوەدا چیم کرد». بەبێ ئەمە، بیرەوەری بە ئاسانی دەبێتە ژیاننامەی ستایشیی خود.

فیلیپ لوژون، توێژەری فەرانسی، بۆ ئۆتۆبیۆگرافی چەمکی «پەیمانی ئۆتۆبیۆگرافی» بەکار دەهێنێت. کاتێک نووسەر، گێڕەر و کەسایەتیی سەرەکی یەک کەسن، خوێنەر چاوەڕێی ئەوەیە نووسەر هەوڵی ڕاستگۆیی بدات. ئەم پەیمانە بەڵێنی بێهەڵەیی نییە؛ یادەوەری دەتوانێت ناتەواو بێت، بەڵام نووسەر نابێت بە ئەنقەست بەشی خۆی لە ڕووداوەکە بشارێتەوە.

بەم پێیە، بیرەوەرینووسێک کە بە وردی هەڵەی خەڵکی تر دەگێڕێتەوە، بەڵام لە بڕیار و بەرپرسیارێتیی خۆی بێدەنگە، ڕەنگە درۆ نەکات، کەچی وێنەیەکی ناتەواو لە ڕاستی پێشکەش دەکات و ئەو پەیمانەی لەگەڵ خوێنەر بەستوویەتی، دەشکێنێت.

«ئەوان» و «من»
لە سەرکەوتندا «من» Zۆر دەردەکەوێت: من پێشنیارم کرد، من پێشەنگ بووم، من یەکەم کەس بووم، من ئاگادارم کردنەوە.

بەڵام کاتێک گێڕانەوەکە دەگاتە شکست، «من» کەم دەبێتەوە. لە جێگەی ئەو، «ئەوان»، بارودۆخ، دوژمن، دەوڵەتانی دراوسێ یان کەسێکی نادیار دەردەکەون. نووسەر لە سەرکەوتندا بکەرە، بەڵام لە شکستدا قوربانی.

ئەگەر هەموو ئەوانەی دوای ساڵان بیرەوەرییان نووسیوە، لە کاتی خۆیدا دژی هەڵەکان بوون، ئەدی ئەو هەڵانە کێ کردنی؟

بیرەوەریی ڕاستگۆ داوای خۆتاوانبارکردن لە نووسەر ناکات، چونکە خۆتاوانبارکردنیش بە هەمان ئەندازەی خۆپاککردنەوە لە ڕاستی دوورە. خۆپشکنین واتە نووسەر ئەو پرسیارانەی لە خەڵکی تر دەیانکات، لە خۆیشی بکات:

من لەو کۆبوونەوەیەدا چیم گوت؟

دەنگم بۆ چی دا؟

کەی بێدەنگ بووم، و بۆچی؟

تێزی ناوەندیی ئەم وتارە ئەوەیە کە کەسێک کە خۆی بەشداری لە دروستکردنی ڕووداوەکاندا هەبووە، ناتوانێت لە کاتی گێڕانەوەدا خۆی تەنها وەک سەیرکەر پیشان بدات.

لە دانپێدانانەوە بۆ خۆپشکنین
یەکێک لە ڕیشەکانی کولتووری خۆپشکنین لە مێژووی ئەوروپادا نەریتی مەسیحیی دانپێدانانە. بەتایبەتی لە نەریتی کاتۆلیکدا، مرۆڤ لەبەردەم قەشەدا تەنها باسی کردارەکانی ناکات؛ دەبێت نیەت، ئارەزوو، ویژدان و گوناهی خۆیشی بپشکنێت. واتە فێر دەبێت خۆی بکاتە بابەتی پرسیار: من چیم کرد؟ بۆچی کردم؟ نیەتم چی بوو؟

ئەم نەریتە بەتەنها تاکگەرایی یان ئۆتۆبیۆگرافیی مۆدێرنی دروست نەکرد، بەڵام یەکێک بوو لەو ڕێگایانەی «من» و ژیانی ناوەوەی تاکی کردە بابەتێکی ڕەوای بیرکردنەوە و نووسین.

ئاگۆستین لە کتێبی «دانپێدانانەکان»دا تەنها ڕووداوەکانی ژیانی ناگێڕێتەوە؛ ئارەزوو، دوودڵی، ویژدان و هەڵەکانی خۆیشی دەپشکنێت. سەدان ساڵ دواتر ژان ژاک ڕۆسۆ هەمان ناونیشانی بۆ گێڕانەوەی ژیانی خۆی بەکار هێنا. لێرەدا دانپێدانان هێواش هێواش لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خوداوە دێتە بەردەم خوێنەر.

ئەوروپاش لە خۆپاساودان و گێڕانەوەی لایەنگرانە بێبەری نەبووە. ئەوەی نەریتی دانپێدانان لەوێ کردی، ئەوە بوو کە ژیانی ناوەوەی تاک بووە بابەتێکی گشتیی نووسین.

تەوبە، شاردنەوە و ئابڕوو
لە نەریتی ئیسلامیشدا خۆپشکنین و محاسبەی نەفس هەەیە. تەوبە خۆی پێویستی بە ناسین و داننان بە هەڵە لەبەردەم خودادا هەیە. بۆیە نادروستە بڵێین کولتووری ئیسلامی خۆپشکنینی نەناسیوە؛ لە ئەدەبی عەرەبیدا نەریتی ژیاننامەی خود زیاتر لە هەزار ساڵ مێژووی هەیە.

بەڵام جیاوازییەک هەیە. لە زۆر شێوەی تەوبەدا، هەڵە لە نێوان مرۆڤ و خودادا دەمێنێتەوە. هەروەها لە نەریتی ئیسلامیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە مرۆڤ گوناهی نهێنیی خۆی بڵاو نەکاتەوە. لە «صحیح البخاری»دا هاتووە: «كُلُّ أُمَّتِي مُعَافًى إِلَّا الْمُجَاهِرِينَ»؛ واتە: «هەموو ئوممەتەکەم دەبووردرێن، جگە لەوانەی گوناهی خۆیان ئاشکرا دەکەن.»

ئەم وتەیە بەتەنها شتێک لەبارەی بیرەوەریی سیاسیی کوردی ناسەلمێنێت، بەڵام پرسیارێکی کولتووری دەوروژێنێت: لە کۆمەڵگایەکدا کە شاردنەوەی هەڵەی تاک بە پاراستنی ئابڕووەوە بەستراوەتەوە، داننان بە هەڵە لەبەردەم خەڵکدا چەند ئاسانە؟

کاتێک ئەم کولتوورە لەگەڵ حیزب، دەسەڵات و پێگەی سیاسی تێکەڵ دەبێت، داننان بە هەڵە گرانتر دەبێت، چونکە نووسەر تەنها لەبارەی ڕابردووی خۆی قسە ناکات؛ پێگەی ئێستای خۆی و لایەنەکەشی دەخاتە بەر پرسیار. لێرەدا خۆپشکنین لە پرسێکی تایبەتییەوە دەبێتە پرسێکی سیاسی.

ئەمە ڕووێکی تاڵی تریشی هەیە. کەسایەتییەک کە هەڵە و لاوازییەکانی لە ژیانیدا باس نەکراون، دوای مردنی زۆرجار یان دەکرێتە فریشتە یان دێو: یان پیرۆز دەکرێت و ڕەخنەی لێ ناگیرێت، یان هەموو هەڵەکان دەخرێنە سەر شانی. ئەوەی لە نێوان ئەم دوو وێنەیەدا ون دەبێت، مرۆڤە: کەسێک کە هەم کاری گەورەی کردووە و هەم هەڵەی گەورەشی هەبووە.

بێدەنگی و پیرۆزکردن
هۆکارەکانی کەمیی بیرەوەری لە باشووری کوردستان تەنها سانسۆر و نەبوونی چاپخانە نەبوون. توێژینەوەکەی عادل سدیق عەلی و کامەران محەمەد قادر لەسەر ماوەی ١٩٠٠ تا ١٩٩١، هۆکارە کۆمەڵایەتی و ناوخۆییەکانیش دەخاتە ڕوو.

لە هەندێک حاڵەتدا، کەسانێک ئامادە نەبوون بیرەوەری بنووسن، چونکە نووسین دەیتوانێت ببێتە هۆی ڕەخنەگرتن لە کەسایەتییەکانی ڕابردوو. کەسایەتییەک کە کراوەتە ڕەمز، بە ئاسانی ناکرێتە بابەتی پرسیار. توێژەران هەروەها ئاماژە بەوە دەدەن کە هەندێک لە بەشداربووانی بزووتنەوەکە هێشتا لە سیاسەتدا پێگەیان هەیە، و ئاشکراکردنی هەموو ڕووەکانی ڕابردوو دەتوانێت زیان بە پێگەی سیاسی و ڕەمزییان بگەیەنێت.

لێرەدا سانسۆر تەنها لە دەرەوە، واتە لە دەوڵەتانی داگیرکەر، نایەت؛ سانسۆرێکی ناوخۆییش هەیە.

نووسەر پێش ئەوەی بنووسێت، دەزانێت دەقەکەی کێ تووڕە دەکات. حیزب چی دەڵێت؟ هاوڕێکانی چۆن وەری دەگرن؟ خێزان و عەشیرەت چی دەڵێن؟ ئەگەر ڕەخنە لە سەرکردەیەکی ڕەمزی بگرێت، چ نرخێک دەدات؟

لە ژیانی حیزبیی کوردیدا، ڕەخنەگر زۆرجار بە ئاسانی قبووڵ نەکراوە. تێکۆشەرێک دەیتوانی ساڵان دڵسۆز و ئامادەی گیانبەختکردن بووبێت، بەڵام ئەگەر بەردەوام ڕەخنەی لە بڕیار و سەرکردایەتی بگرتایە، زۆرجار ناوی «ئاژاوەچی» یان دژی یەکڕیزیی لێ دەنرا و لە کۆنگرەکاندا دەنگی پێویستی نەدەهێنا. ئەگەر ڕەخنەگرتن لە کەسێکی تر ئەوەندە گران بێت، داننان بە هەڵەی خۆت گرانترە.

بۆیە بێهەڵەییی نووسەر هەمیشە تەنها تایبەتمەندیی تاک نییە؛ ڕەنگدانەوەی ژینگەیەکی سیاسیشە کە تێیدا داننان بە هەڵە وەک لاوازی، زیان بە پێگە یان شکاندنی وێنەی ڕەمزی لێک دەدرێتەوە. کولتووری دینی دەڵێت هەڵەی خۆت ئاشکرا مەکە؛ کولتووری سیاسی دەڵێت ئەگەر ئاشکرای بکەیت، باجەکەی دەدەیت. کاتێک ئەم دوو فشارە یەک دەگرن، خۆپشکنین گرانتر دەبێت.

تۆبەنامە، نەک بیرەوەری
لە ساڵانی دواییدا ژمارەی بیرەوەریی کەسایەتییە سیاسییە کوردەکان زیادی کردووە. ئەمە لە خۆیدا گرنگە، چونکە کەمیی بیرەوەری کێشە بووە و زیادبوونی سەرچاوەکان دەتوانێت یارمەتیی مێژوونووس بدات، بەڵام ژمارە بەتەنها بەس نییە.

کاتێک نووسەر لە سەرکەوتندا هەمیشە دیارە، بەڵام لە شکستدا ون دەبێت، دەقەکە دەبێت بە وریایی بخوێنرێتەوە. بۆ ئەم شێوازەی گێڕانەوە دەتوانین وشەی «تۆبەنامە» بەکار بهێنین.

دانپێدانان دەڵێت: «ئەمەم کرد و لێرەدا هەڵەم کرد.»

تۆبەنامەی سیاسی دەڵێت: «من پاک بووم و ئەوان کردیان.»

ئەم وشەیە بۆ شێوازێکی دیاریکراوی گێڕانەوەیە، کە تێیدا نووسەر هەوڵ دەدات لە کۆتایی تەمەندا وێنەی خۆی پاک بکاتەوە و بەشی خۆی لە بەرپرسیارێتیی ڕووداوەکان بسڕێتەوە.

لە مێژووی ئەم بزووتنەوەیەدا دەیان ڕووداوی هەستیار هەن کە هەر کەسێک لەم کەسایەتییانە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و حیزبەکەی گێڕاونیەتەوە: ڕادەستکردنەوەی ناڕەوای تێکۆشەران، وەک سولەیمان موعینی و زۆری تر؛ شەهیدبوونی نزیکەی ٤٠٠ تا ٥٠٠ تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی لەسەر خاکی باشووری کوردستان؛ کارەساتی هەکاری؛ و زۆر دەرد و مەینەتی تر. ئەوەی هەر کەسێک لە ماڵی خۆیەوە و بە دڵی خۆی لەسەریان نووسیویەتی، بووەتە تێکەڵ و پێکەڵێک لە ڕاست و ناڕاست.

لەم گێڕانەوانەدا بکەری ڕووداوەکە زۆرجار کەسێکی ترە. نووسەر لە ژووری بڕیارداندا بووە، بەڵام کاتێک دەنووسێت، وەک بینەرێک لە دەرەوەی ژوورەکە دەردەکەوێت.

بەرپرسیارێتیی مێژوویی بە نووسین ناسڕدرێتەوە. هەر شەڕێکی براکوژی، هەر خیانەتێک بە نیشتمان، هەر کوشتنێکی هاوسەنگەر و هەر پارەیەک کە لە دەستی داگیرکەرانی کوردستان وەرگیراوە، بەرپرسیارەکەی ئەو کەسانەن کە تێیدا بەشدار بوون: ئەوەی بڕیاری داوە، ئەوەی جێبەجێی کردووە و ئەوەی بێدەنگ ماوەتەوە.

بەڵام ئەم بەرپرسیارێتییە یەکسان دابەش نابێت. هەر کەسێک بەپێی پێگە، دەسەڵات، زانیاری و توانای کاریگەریی خۆی بەشێکی لێ هەڵدەگرێت. بێدەنگیی کادرێکی ئاسایی و بێدەنگیی بڕیاربەدەستێک یەک شت نین.

ڕچەی ئەم بڕیاربەدەستانە لەسەر بەفر کەوتووە و شوێنپێیان دیارە: لە ئەرشیفدا، لە بیرەوەریی ڕکابەرەکانیان، لە شایەتیی هاوچەرخانیان و لە ئەنجامی بڕیارەکانیاندا. بۆیە ئەم گێڕانەوانە ناتوانن مێژوو بگۆڕن. تەنها ڕووکەشی نووسەرەکانیان دەپارێزن، و ئەو ڕووکەشەش لە یەکەم بەراوردی جددیدا دەشکێت.

ئەگەر دژی بوویت، چیت کرد؟
یەکێک لە باوترین ڕستەکان لە بیرەوەریی سیاسیدا ئەمەیە: «من دژی بووم.»

پرسیاری مێژوویی لێرەوە دەست پێ دەکات:

ئەگەر دژی بوویت، دوای ئەوە چیت کرد؟

دەنگی دژت دا؟

ناڕەزاییەکەت تۆمار کرد؟

هەوڵت دا بڕیارەکە بگۆڕیت؟

لە بەرپرسیارێتییەکەت کشایتەوە؟

یان مایتەوە و بێدەنگ بوویت؟

جێراڵد پرینس لە گێڕانەوەناسیدا بە چەمکی «ناگێڕانەوە» (disnarrated) ئاماژە بەو کردار و دەرەتانانە دەدات کە دەکرا ڕوو بدەن، بەڵام ڕوویان نەدا. لە بیرەوەریی سیاسیدا ئەم چەمکە گرنگە، چونکە هەندێک جار ئەوەی نەکراوە، هێندەی ئەوەی کراوە بۆ تێگەیشتن لە بەرپرسیارێتی مانادارە.

مانەوە لە ڕێکخراوێکدا هەموو کەسێک ناکاتە هاوبەشی هەموو هەڵەکانی ئەو ڕێکخراوە. دۆخەکان جیاوازن. ترس لە گیان، پابەندیی ڕێکخراوەیی، هەوڵی گۆڕان لە ناوەوە و نەبوونی دەرەتانی تر، هەموویان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت.

بیرەوەرینووسی ڕاستگۆ هەر ئەم ئاڵۆزییە دەگێڕێتەوە، و خۆپشکنینیش لە ڕستەی لەم جۆرەوە دێت:

«مامەوە، چونکە ترسام.»

«هەوڵم دا، بەڵام نەمتوانی.»

«بێدەنگ بووم، و ئەمەش بەشێکە لە بەرپرسیارێتیی من.»

کاتێک شایەتەکان نامێنن
کاتی نووسینی بیرەوەریش گرنگە. هەندێک بیرەوەری زۆر درەنگ دەنووسرێن؛ کاتێک بەشێکی زۆری ئەوانەی لە هەمان کۆبوونەوە و هەمان ڕووداودا بوون، نەماون. ئەوجا نووسەر دەست دەکات بە چنینی تەونی گێڕانەوەکەی، و ئەوەی دەنووسرێت، مۆنۆلۆگە: گفتوگۆیەک کە تەنها یەک دەنگی ماوە. کەسێک نەماوە بڵێت: «منیش لەوێ بووم، و شتەکە بەو شێوەیە نەبوو.»

درەنگ نووسین دەشێت هۆکاری ڕەوای هەبێت، وەک ترس، دۆخی سیاسی، نەبوونی دەرفەت یاخود هۆکاری تایبەتی. بەڵام کاتێک شایەتەکانی تر نەماون، بەرپرسیارێتیی نووسەر زیاتر دەبێت.

پۆل ڕیکۆر لە باسکردنی شایەتیدا دەڵێت شایەت بە مانایەک ئەمە ڕادەگەیەنێت: «من لەوێ بووم؛ باوەڕم پێ بکە؛ ئەگەر باوەڕت پێم نییە، لە کەسێکی تر بپرسە.»

بەپێی بەشی کۆتاییی ئەم ڕستەیە، شایەتی دەبێت بتوانرێت لەگەڵ شایەتیی تر بەراورد بکرێت. بۆیە کاتێک تەنها یەک دەنگ ماوەتەوە، گێڕانەوەکە ڕەت ناکرێتەوە، بەڵام دەبێت بە وریاییی زیاترەوە بخوێنرێتەوە و، تا ئەو جێگەیەی دەکرێت، لەگەڵ بەڵگە و سەرچاوەی تر بەراورد بکرێت.

«من ئاگادارم کردنەوە»
یەکێک لە باوترین شێوەکانی ئەم مۆنۆلۆگە، ڕستەی «من پێم گوتن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتم»ە.

نموونەیەکی ڕوون مەحموود عوسمانە. لە کتێبی «یادەوەری و تێڕامان»دا و لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی گوتووە ئەگەر بڕۆیت دەتگرن، و بە دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملووی گوتووە ئەگەر بچیت دەتکوژن. ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩دا گیرا، و قاسملوو لە ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩دا لە ڤیەننا، لەسەر مێزی دانوستان، تیرۆر کرا.

کێ دەزانێت ئەم قسانە ڕاستن یان ناڕاست؟ یەکێکیان شەهید بووە و ئەوی تریان ساڵانێکە لە زیندانێکی داخراودایە. هیچ کامیان ناتوانێت بڵێت «بەڵێ، گوتی» یان «نا، شتی وای نەگوت». ئاگادارکردنەوەیەک کە تەنها دوای ڕووداوەکە ئاشکرا دەکرێت، و تەنها ئەو کەسە دەیگێڕێتەوە کە گوایە ئاگاداری کردووەتەوە، بەڵگە نییە. ئەگەر ئاگادارکردنەوەکە ئەوەندە ڕوون بوو، بۆچی لە کاتی خۆیدا هیچ شوێنەوارێکی نووسراوی نییە؟

بانگەشە بەڵگە نییە
«من لەوێ بووم» زانیارییەکی گرنگە، بەڵام بەڵگەی کۆتایی نییە. جیاوازی هەیە لە نێوان «من دەڵێم ئاوا بوو» و «بەڵگەکان پیشان دەدەن ئاوا بوو». بیرەوەری دەبێت لەگەڵ بەڵگەنامە، ڕۆژنامە، نامە، تۆماری فەرمی، شایەتیی لایەنی بەرامبەر و بیرەوەریی کەسانی تر بەراورد بکرێت.

بەڵام لە زۆر بیرەوەریی سیاسیدا ئەم زنجیرەیە پێچەوانە دەکرێتەوە. بەڵگە بۆ مەرامی تایبەت دەخرێتە ژێر بەڕەوە، و نووسەر لەسەر قسەی فڵانە ئاغا و سەرۆک عەشیرەت مێژوو دەنووسێت. نموونەیەکی ڕوون کتێبی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد»ی مەسعود بارزانییە. نووسەر لەم کتێبەدا کوشتنی سولەیمان موعینی و ناردنەوەی تەرمەکەی بۆ ئێران بە «کارێکی ناخۆش» ناو دەبات کە شۆڕش «ناچار» بووە بیکات، و موعینی بە هاوکاریی «جاشەکانی ٦٦» تاوانبار دەکات، بێ ئەوەی بەڵگەیەک بخاتە ڕوو.

هەرچەندە دەڵێت سەرکردایەتی ئەو کۆتاییەی بۆ موعینی نەدەویست، بەڵام بەرپرسیارێتیی بڕیارەکە ناخاتە ئەستۆی هیچ کەسێک. لە بەرگی چوارەمیشدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دکتۆر قاسملوو بە بەعسیبوون تاوانبار دەکات. دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا ئەم خوێندنەوەیەی بە «یەکلایەنە» ناو برد و نووسی کە کتێبەکە «هەموو تاوانەکانی خستۆتە ئەستۆی حیزبی دێموکرات و پارتی بێتاوان و بێهەڵە نیشان داوە». لێرەدا تۆمەت جێگەی بەڵگە دەگرێتەوە.

جێی سەرنجە کە گێڕانەوەیەکی پێچەوانە لەناو بیرەوەریی خودی سیاسەتمەدارانی باشووردا هەیە. مەحموود عوسمان، لە لاپەڕە ٢٩٢ی یادەوەرییەکانیدا و لەژێر ناونیشانی «گەواهییەک بۆ مێژوو»، دەنووسێت کە هێزە کوردییەکانی باشوور زۆرجار لە پەیوەندییاندا لەگەڵ تاران ئەوەندە نزیک بوونەتەوە کە تەنانەت لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات شەڕیان کردووە؛ بە پێچەوانەوە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هەرچەندە حکوومەتی بەعس تا ڕادەیەک یارمەتیی دەدا، هیچ کاتێک بە خاتری عێراق شەڕی هێزە کوردییەکانی باشووری نەکردووە. هەروەها دەگێڕێتەوە کە دکتۆر قاسملوو لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا خۆی لە بینینی سەدام دزیوەتەوە، چونکە نەیویستووە لە تەلەفزیۆندا دەربکەوێت و ستایشی بکات. بە گوتەی عوسمان، کۆمەڵەش هەڵوێستێکی هاوشێوەی هەبووە.

ئەم شایەتییە جۆرێکی ترە و لە ئاگادارکردنەوەکانی پێشوو جیاوازە. لەوێدا گێڕەر خۆی لە دیوی ڕاستی مێژوودا دادەنا؛ لێرەدا شایەتییەک دەدات کە دژی بەرژەوەندیی لایەنی خۆیەتی. مێژوونووسان شایەتییەکی لەم جۆرە بە متمانەپێکراوتر دادەنێن. کەواتە پێوەر جۆری بانگەشەکەیە، نەک کەسی بانگەشەکار. هەمان نووسەر دەتوانێت لە شوێنێکدا بانگەشەیەکی تاقینەکراو بکات، و لە شوێنێکی تردا شایەتییەکی بەنرخ بدات.

هەمان پێوەر بۆ هەموو لایەنێکە: ئەگەر سبەینێ بەڵگەنامەیەک دژی هەر حیزبێکی ڕۆژهەڵات دەربکەوێت، دەبێت بە هەمان شێوە هەڵبسەنگێنرێت.

توێژینەوەکەی هۆگر ستار عبدالرحمن و دلشاد محمود عبدالرحمن لەسەر ڕووداوەکانی ١٩٧٥ تا ١٩٧٩ نموونەیەکی باشی ئەم بەراوردکارییەیە. ئەوان بیرەوەریی سەرکردە، کادر و فەرماندە جیاوازەکان بەراورد دەکەن و پیشان دەدەن کە هەمان ڕووداو بە شێوەی جیاواز، و هەندێک جار دژبەیەک، گێڕدراوەتەوە، و هەر لایەنێک دەیەوێت خۆی وەک دەستپێشخەری دەستپێکردنەوەی خەبات پیشان بدات.

ئەم جیاوازییانە پێویست ناکات کەسێک بکەنە درۆزن؛ پیشان دەدەن کە بیرەوەری هەڵبژاردنە: نووسەر چی دەهێنێتە ناو دەق؟ چی جێ دەهێڵێت؟ خۆی لە کوێی گێڕانەوەکە دادەنێت؟

نسکۆ لای هەمووان ڕوویدا. بەڵام ئەگەر لە بیرەوەریی هەر لایەنێکدا کەس بەرپرسیار نەبێت، ئەدی نسکۆکە کێ دروستی کرد؟

چێشتی مجێور و کێشەی خۆپشکنین
«چێشتی مجێور»ی مامۆستا هەژار لە مێژووی ژیاننامەنووسی و بیرەوەریی کوردیدا دەقێکی گرنگە. شێوازی گێڕانەوەکەی لە زۆر بیرەوەریی سیاسی جیاوازە، چونکە هەژار خۆی هەمیشە لە پێگەی قارەمانێکی بێکەموکوڕیدا دانانێت، و لە زۆر شوێندا بە زمانێکی بێپەردە باس لە ژیانی خۆی و کۆمەڵگاکەی دەکات. لە هەندێک شوێندا شوێنپێی خۆی لەناو ڕووداوەکاندا بەجێ دەهێڵێت و باسی ئەو کاتانە دەکات کە خۆی بڕیاری هەڵەی داوە.

بەڵام پێویستە لە حوکمی گشتی دوور بین. هەندێک ڕەخنەگر دەڵێن هەژار ڕاست و ناڕاستی تێکەڵ کردووە؛ بۆ نموونە، ئەو تۆمەتانەی لە کتێبەکەدا دژی سولەیمان موعینی هاتوون، بە ناڕاست دادەنێن. «چێشتی مجێور»یش بیرەوەریی تاکێکە و دەبێت، وەک هەر بیرەوەرییەکی تر، لەگەڵ سەرچاوە و شایەتیی تر بەراورد بکرێت. گرنگییەکەی لەوەدایە کە دەرگایەک بۆ خۆپشکنین دەکاتەوە، نەک لەوەی کە هەموو گێڕانەوەکەی بێهەڵە بێت.

کێشە تەنها لە نووسەر نییە
ئەگەر هەموو ڕەخنەکەمان لەسەر نووسەر کۆ بکەینەوە، بەشێکی گرنگی کێشەکە لەبیر دەکەین. پرسیارێکی تر هەیە: ئێمە دوای بڵاوکردنەوەی بیرەوەری چی دەکەین؟

زۆرجار کتێبێکی سیاسی چاپ دەبێت و بۆ ماوەیەکی کورت هەڵایەکی لێ ساز دەبێت؛ چەند ڕۆژێک لایەنگران ستایشی دەکەن و ڕکابەران هێرشی دەکەنە سەر، و دواتر بێدەنگی باڵ دەکێشێت.

کەمتر دەبینین بیرەوەرییەک ببێتە بابەتی توێژینەوەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و زانستی؛ بانگەشەکانی لەگەڵ ئەرشیف، بەڵگەنامە و گێڕانەوەی لایەنەکانی تر بەراورد بکرێن، یان خودی دەقەکە ببێتە بابەتی ڕەخنە. کتێبەکە دەچێتە سەر ڕەف، و گێڕانەوەکەی، بێ ئەوەی تاقی بکرێتەوە، وەک ڕاستییەک دەمێنێتەوە.

لە هەندێک نەریتی مێژوونووسیی ئەوروپیدا، بیرەوەریی سیاسەتمەدار کۆتایی گفتوگۆ نییە، دەستپێکی لێکۆڵینەوەیە. مێژوونووسان دەقەکە دەخوێننەوە و لەگەڵ ئەرشیفدا بەراوردی دەکەن، و ڕکابەرەکانی وەڵامی دەدەنەوە.

بیرەوەرییەکانی وینستۆن چێرچڵ لەسەر جەنگی دووەمی جیهانی نموونەیەکن. دەیڤید ڕێینۆڵدز، مێژوونووسی بەریتانی، لە کتێبی «In Command of History»دا لێکۆڵینەوەی لەوە کردووە کە چێرچڵ چۆن لە نووسینەوەی مێژووی جەنگدا هەم ڕووداوەکانی گێڕاوەتەوە و هەم وێنەی خۆی لەناو ئەو گێڕانەوەیەدا دروست کردووە. لەم پرۆسەیەدا خوێنەر فێر بووە بیرەوەری وەک شایەتییەکی گرنگ، بەڵام لایەنگر، بخوێنێتەوە، و نووسەرانیش دەزانن بانگەشەکانیان تاقی دەکرێنەوە.

توێژینەوەکانی ئەم دواییانە لە زانکۆکانی هەڵەبجە و سەڵاحەددین هەنگاوێکی گرنگن لەم ئاراستەیەدا. بەڵام تا بیرەوەریی سیاسی لای ئێمە نەبێتە بابەتی توێژینەوە و پشکنینی بەردەوام، نووسەر فشارێکی کەمتر لەسەر خۆی هەست دەکات بۆ ئەوەی وردتر و بەرپرسیارانەتر بنووسێت.

پێویستمانە بیرەوەری لە پیرۆزنامەوە بگۆڕین بۆ بابەتی پشکنین.

دەرئەنجام
ئەم وتارە بیرەوەریی سیاسیی کوردی بە درۆ نازانێت، و هەموو بیرەوەرینووسانیش بە خۆپاککەرەوە نازانێت. داواکەی سادەترە: بیرەوەریی سیاسی دەبێت بە ڕەخنەوە بخوێنرێتەوە، بەتایبەتی کاتێک نووسەر خۆی یەکێک بووە لە بکەران یاخود بڕیاربەدەستانی ئەو مێژوویەی دەیگێڕێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی هەر بیرەوەرییەکی سیاسی، چوار پرسیار دەتوانن دەستپێکێکی باش بن:

ئایا نووسەر لە شکستەکاندا خۆی دەبینێت، یاخود تەنها لە سەرکەوتنەکاندا؟

ئایا بڕیارێکی سەخت هەیە کە دانی پێدا بنێت خۆی بەشداری تێدا کردووە؟

ئایا دەنگ و بەڵگەی لایەنی بەرامبەر لە دەقەکەدا جێگەیان هەیە؟

کاتێک دەڵێت «من دژی بووم»، ڕوونی دەکاتەوە کە دوای ئەوە چی کرد؟

مێژووی کوردستان پێویستی بە بیرەوەریی زیاترە، بەڵام زیاتر لەوە پێویستی بە بیرەوەریی ڕاستگۆترە.

قارەمانێک کە هەرگیز هەڵە ناکات، بۆ ئەفسانە دەشێت، نەک بۆ مێژوو.

مێژوو ئەو کاتە متمانەپێکراوتر دەبێت کە ئەوەی لە ژووری بڕیارداندا بووە، پێش ئەوەی بپرسێت «ئەوان چییان کرد؟»، بوێریی ئەوەی هەبێت لە خۆی بپرسێت:«من لە کوێ هەڵەم کرد؟»

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

فانۆن لە زانکۆی کوردستان: سەرنجێک لەسەر خوێندنەوەی فوئاد حەبیبی بۆ ١٣ی خەزەڵوەر

ئەم تیۆرییانە زمانێکی تایبەت دەدەنە دەستی دەوڵەتێک کە دەیەوێت خۆی وەک قوربانیی ئیمپریالیزم نیشان بدات و هەر ڕەخنەیەکی ناوخۆیی بە «دەستی بێگانە» ببەستێتەوە. دوای شەڕی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، ئەم گوتارە لەلایەن دەسەڵات و چەپی میحوەری بەرگرییەوە گەرمتر بووەتەوە،…

ژیانەوە

ئەنتیگراسیۆن؛ کاتێک زەینی نەتەوەیەک بۆ وەلانانی مافەکانی خۆی ئامادە دەکرێت

لە دوای بەڕۆژەڤبوونی «ئەنتیگراسیۆنی دێموکراتیک» لە فەزای سیاسیی ئەم ڕۆژانەی کوردستاندا، ئەم بابەتە لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە خوێندنەوەی بۆ کرا: لایەنگرانی بە پاساوهێنانەوە و دژبەرانی بە لۆژیک و بەڵگەهێنانەوە وەڵامیان دایەوە. لێرەدا بەکورتی دەمەوێت لە ڕوانگەی «دەروونناسیی سیاسی»یەوە ئاماژەیەکی پێ بکەم. لە دەروونناسیی…

ژیانەوە

پێویستیی دامەزراندنی مەکتەبێکی فەلسەفی ـ سیاسیی کوردی

هەر نەتەوەیەک کە بیەوێت چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دیاری بکات، پێویستی بە شتێک هەیە زیاتر لە هێزی سیاسی، توانای سەربازی و دامەزراوەی حیزبی؛ ئەویش خاوەندارێتیی بیر و فەلسەفەی سیاسیی خۆیەتی. نەتەوەیەک کە نەتوانێت لەسەر بنەمای مێژوو، کەلتوور، ئەزموون و پێویستییەکانی خۆی…