ئەنتیگراسیۆن؛ کاتێک زەینی نەتەوەیەک بۆ وەلانانی مافەکانی خۆی ئامادە دەکرێت
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- بێهزاد قادری
- بڵاوکراوەتەوە لە
- بلاگی ژیانەوە
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ئەنستیتۆ
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/11/06
- زمان
- کوردی
قادری، بێهزاد (2026): ئەنتیگراسیۆن؛ کاتێک زەینی نەتەوەیەک بۆ وەلانانی مافەکانی خۆی ئامادە دەکرێت. بلاگی ژیانەوە، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
لە دوای بەڕۆژەڤبوونی «ئەنتیگراسیۆنی دێموکراتیک» لە فەزای سیاسیی ئەم ڕۆژانەی کوردستاندا، ئەم بابەتە لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە خوێندنەوەی بۆ کرا: لایەنگرانی بە پاساوهێنانەوە و دژبەرانی بە لۆژیک و بەڵگەهێنانەوە وەڵامیان دایەوە. لێرەدا بەکورتی دەمەوێت لە ڕوانگەی «دەروونناسیی سیاسی»یەوە ئاماژەیەکی پێ بکەم.
لە دەروونناسیی سیاسیدا، یەکێک لە مەترسیدارترین ڕووداوەکان کاتێک ڕوو دەدات کە نەتەوەیەک، بەرەبەرە ڕووبەڕووی چەمکگەلێک بکرێتەوە کە لە ڕواڵەتدا باسی ئازادی، دێموکراسی و پێکەوەژیان دەکەن، کەچی لە کرداردا دەیانەوێت لە ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی دووری بخەنەوە. ئەو ئەنتیگراسیۆنەی ئێستا لە کوردستان باسەکەی هاتووەتە ئاراوە، ڕێک وەها مەترسییەکی هەیە. بەڵام مەترسییەکە چییە؟! مەترسییەکە ئەوەیە کورد لەجیاتی ئەوەی بۆ وەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییەکانی، مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەروەریی بەسەر خاکی خۆیدا تێبکۆشێت، بەرەو ئەو باوەڕە پاڵی پێوە دەنرێت کە دەتوانێت بێ وەدیهێنانی ئیرادەی سیاسیی سەربەخۆی خۆی و بێ ئەوەی دان بە بوونیدا بنرێت، لەنێو پێکهاتەی دەوڵەتانی ئێستادا بگاتە ئازادی و مافەکانی!
دیسانەوە، مەترسیی ڕاستەقینەی ئەم پڕۆژەیە لە کاریگەرییە دەروونییەکەیدایە لەسەر تاکی کورد! کاتێک بۆ ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژ بە نەتەوەیەک بگوترێت کە داواکاریی دەوڵەتی نەتەوەیی، مەرزبەندیی سیاسیی سەربەخۆ یان سەروەریی نیشتمانی پێویست نییە و سەردەمی بەسەر چووە، ڕەنگە وردەوردە داواکارییە مێژووییەکانی خۆی بە ناسەردەمی بزانێت و لەجیاتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی، لەگەڵیدا ڕابێت و باوەڕی پێ بێنێت! لەم دۆخەدا، کێشەکە گۆڕینی پێناسەی «ئازادی»یە لە هزر و بیری نەتەوەیەکدا. ئەو ئازادییەی کە ڕۆژگارێک بە مانای ڕزگاری لە ژێردەستی و بڕیاردان لەسەر داهاتووی کوردستان بوو، لەوانەیە بچووک بکرێتەوە بۆ بەشداریکردن لەو پێکهاتانەی کە تێیاندا سەروەریی کۆتایی هەر لە دەستی دەوڵەتانی داگیرکەر و نەتەوە سەردەستەکاندا دەمێنێتەوە، ئەو دەوڵەت و نەتەوانەی بە درێژایی مێژوو تەنیا تاڵانیان کردووین، سەرکوتیان کردووین، جینۆسایدیان کردووین و ویستوویانە هەر نەبین یان لانیکەم لەنێو خۆیاندا بمانتوێننەوە.
کاتێک پڕۆژەیەکی وەک ئەنتیگراسیۆن لەلایەن خودی لایەنێکی کوردییەوە وەک تاکە ڕێگەی عەقڵانی بانگەشەی بۆ دەکرێت، کاریگەرییە دەروونییەکەی لەسەر کۆمەڵگە زۆر کوشندەترە وەک لەوەی داگیرکەر خۆی بیسەپێنێت؛ چونکە خەڵک متمانە بە زمان و لێدوانی هێزی خۆی دەکات. لە دەروونناسیی سیاسیدا ئەمە بە جۆرێک لە خۆبێگانەبوون دەناسرێت، کە تێیدا لایەنی ناوخۆیی دەبێتە پارێزەری بەرژەوەندیی ئەوانیدی و خەڵک قەناعەت پێ دەکات کە مافی دیاریکردنی چارەنووس شتێکی ناسەردەمیانەیە. ئەمە شێواندنێکی مەترسیداری هۆشیارییە؛ لەجیاتی ئەوەی حیزب یان لایەنی کوردی پێشڕەوی بزاڤی ڕزگاریخوازی بێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ بچووککردنەوەی ئیرادەی نەتەوەیی و ڕەوایەتیدان بە فۆرمە جیاوازەکانی کۆیلایەتیی سیاسی. لەبەر ئەوە، بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە پڕۆژە ناوخۆییانە، پێش ئەوەی بەرەنگاربوونەوەی سیاسی بێت، خەباتە بۆ پاراستنی تەندروستیی دەروونی و هۆشیاریی مێژوویی نەتەوەیەک کە نایەوێت لەژێر ناوی چەمکەگەلی هاوردەدا، بکوژرێت و بتوێتەوە.
کورد دەبێ لە نێوان دوو چەمکدا جیاوازی دابنێت: پێکەوەژیان لەگەڵ نەتەوەکانی تردا و توانەوە لەنێو پێکهاتەی سیاسیی ئەواندا. نابێ مرۆڤ بۆ هاوکاری لەگەڵ نەتەوەکانی تر، مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی وەلا بنێت و نکۆڵی لە ناسنامە و بوون و مێژوو و خاکی خۆی بکات. یەکسانیی ڕاستەقینە بە مانای ڕەتکردنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی نییە و دێموکراسیش ناتوانێت جێگرەوەی سەروەریی نەتەوەیی بێت. ئەگەر تیۆرییەکی سیاسی (وەک ئەم ئەنتیگراسیۆنەی هاوردەی کوردستان کراوە)، نەتەوەی کورد لە پرسیارکردن لەبارەی داهاتووی سەربەخۆی خۆی دوور بخاتەوە، دەبێ ئەو تیۆرییە ڕەت بکرێتەوە و خەڵکیشی لێ ئاگادار بکرێتەوە.
کوردستان پێویستی بە گفتوگۆیەکی جیدییە لەسەر داهاتووی خۆی، لەسەر ئەو پڕۆژانەی کە پێشکەش دەکرێن. کورد دەبێ لەبارەی هەر پڕۆژەیەکەوە کە بە ناوی ئازادییەوە پێشکەش دەکرێت، ئەم پرسیارانە بکات: پێگەی نەتەوەی کورد لەوێدا چییە؟ ئایا زمان، خاک، ناسنامە و ئیرادەی سیاسیی سەربەخۆی کورد مسۆگەر کراوە؟ ئایا ئەم پڕۆژەیە دەسەڵاتی بڕیاردان دەداتە دەست خودی نەتەوەکە، یان داوای لێ دەکات ملکەچی چوارچێوەیەک بێت کە لە سەرووی خواستە نەتەوەییەکانی ئەوەوەیە؟!
هەروەها، ئازادیی ڕاستەقینە کاتێک واتای هەیە کە نەتەوەیەک ناسنامەی خۆی بپارێزێت و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیشی هەبێت. ئەوە خەڵکە بڕیار دەدات چ داهاتوویەکی بۆ خۆی و نیشتمانەکەی دەوێت. کەوایە هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ڕا و پرۆژەی خۆی بسەپێنێت.
پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، بەهێزکردن و بووژاندنەوەی هۆشیاریی مێژوویی، بەرگریکردن لە زمان و فەرهەنگی کوردی و گفتوگۆی ئازاد لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووس، ئەرکێکی بنەڕەتییە بۆ هەر نەوەیەک کە داهاتووی کوردستان لای گرنگ بێت. هیچ بزووتنەوە، حیزب یان سەرکردەیەک نابێ لە سەرووی ئەو مافانەوە بێت؛ پێوەری کۆتایی دەبێ ماف و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی کورد بێت، نەک وەفاداری بۆ هیچ سەرۆک یان ڕەوتێکی سیاسی.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
