بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

لە کوردستانی سیاسییەوە بۆ کوردستانی کولتووری

From Political Kurdistan to Cultural Kurdistan
لە کوردستانی سیاسییەوە بۆ کوردستانی کولتووری

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
زاهیر محەممەدی
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/09
زمان
کوردی

پرسی به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان بۆ زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ به‌رده‌وام جێگۆڕكێی سیاسی پێ ده‌كرێ‌. به‌ واتایه‌كی روونتر‌ له‌ جێی داننان به‌ مافی سه‌روه‌ریی سیاسی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیار و دانوساندا، به‌رده‌وام دابه‌زێنراوه‌‌ بۆ چه‌مك و فۆرمی بچووكتر و ناسیاسی. ئه‌م چه‌مك و فۆرمانه‌‌ به‌ رواڵه‌ت داننانن به‌ به‌شێك له‌ ویسته‌ سیاسییه‌كانی كورد، به‌ڵام له‌ راستیدا خراونه‌ چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی و یاساییه‌وه‌ كه‌ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ت ده‌خه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌‌‌‌. له‌وه‌ش خراپتر، ده‌كرێنه‌‌ ئامرازێك بۆ كۆنترۆڵ‌ و بزركردنی پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان كه‌ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌ته‌. ئه‌م چوارچێوه‌ سیاسی و یاساییه‌، بازدانه‌ به‌سه‌ر كوردستان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سیاسی و نیشتمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن مافی دیاریكردنی چاره‌نووس.

بزركردنی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردستان پرۆژه‌یه‌كی سیاسییه كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شه‌ڕی جیهانیی یه‌كه‌م و سیاسه‌تی زلهێزه كۆڵۆنیالیسته‌كان به‌تایبه‌ت بریتانیا. هه‌ره‌سی ئیمپراتۆری عوسمانی پاش شه‌ڕی جیهانیی یه‌كه‌م، هه‌لێكی میژوویی بوو بۆ داڕشتنه‌وه‌ی سنووره‌كان و دیاریكردنی پێكهاته‌ی سیاسی له‌ ناوچه‌دا. له‌ كاتێكدا به‌پێی سیاسه‌تی كۆڵۆنیاڵیستی چه‌ند ده‌وڵه‌تی نوێ دامه‌زران، به‌ڵام پرسی به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان  له‌سه‌ر بنه‌مای تێبینی و به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان به‌ره‌وڕووی دژایه‌تییه‌كی توند بۆوه‌. ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه‌دا له‌لایه‌ن بریتانیاوه‌ هاته‌ ئاراوه‌ ته‌نیا كۆمه‌ڵه‌ بڕیارێكی كاتی نه‌بوون، به‌ڵكو لۆژیكێكی سیاسی بوو كه‌ له‌ جیاتی داننان به‌ مافی سه‌روه‌ریی  سیاسیی كوردستان، له‌سه‌ر رێكخستنی كارگێڕی  «ناوچه‌ كوردنشینه‌كان» له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق، به‌شداریی سیاسی، پشتگیریی  بژارده‌ كورده‌كانی سه‌ر به‌ بریتانیا پێداگری ده‌كرد.

ئه‌م وتاره‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورتی سیاسه‌تی بریتانیایه‌ سه‌باره‌ت به‌‌ كوردستان له‌ پاش شه‌ڕی جیهانیی یه‌كه‌م به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی سیسیل. جی. ئه‌دمۆندز. ئامانجی وتاره‌كه‌ خستنه‌ڕووی ئه‌و‌ راستییه‌یه‌ كه‌ ئه‌م لۆژیك و سیاسه‌ته‌ هه‌م سه‌رچاوه‌ و هه‌م ئاراسته‌كه‌ی كۆڵۆنیالیستییه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه‌ و به‌ داخه‌وه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا خه‌ریكه‌ له‌لایه‌ن خودی كوردیشه‌وه، به‌ ناوی جیاواز، به‌ڵام به‌ هه‌مان ناوه‌رۆكی كۆڵۆنیاڵییه‌وه‌ ‌ به‌رهه‌م دێته‌وه‌.‌ ئه‌م چه‌مك و فۆرمانه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ رواڵه‌تدا داننان بن به‌ مافی كورد، به‌ڵام له‌ راستیدا به‌ ئامانجی شاردنه‌وه‌ و پێشگرتن به‌ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان و هه‌ر چه‌شنه‌ ستاتۆیه‌كی دیكه‌ی كوردی هاتوونه‌ ئاراوه‌.

كتێبی «كورده‌كان، توركه‌كان، عه‌ره‌به‌كان» كه‌ بیره‌وه‌ری و یاداشته‌كانی‌ سیسیل جی ئه‌دمۆندزه‌ له‌ كوردستان و عێراق له ماوه‌ی ئه‌ركه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كه‌ی له‌ عێراقدا، ‌یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ ره‌سه‌ن و گرنگه‌كانی خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی بریتانیا‌ له‌ كوردستان. ئه‌دمۆندز یه‌كێك بوو له‌ سیاسییه‌ كاریگه‌ره‌كانی بریتانیا له‌ كوردستان و عێراق له‌ ساڵانی ( 1922  ــ 1958) و چه‌ندین پۆستی گرنگی وه‌رگرتووه‌. له‌وانه‌ ئه‌فسه‌ری سیاسی له‌ كه‌ركوك و سلێمانی، ئه‌ندامی‌ كۆمیسیۆنی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بۆ دیاریكردنی سنووری نێوان توركیا و عیراق و راویژكاری سیاسیی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق. كتێبه‌كه‌ ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی ریزه‌ بیره‌وه‌ری و یاداشتێك نیه‌، به‌ڵكو نووسینه‌وه‌ی سه‌ره‌تا و كۆتایی سیاسه‌تی بریتانیایه‌ به‌رامبه‌ر كوردستان.

 یاداشته‌كانی ئه‌دمۆندز به‌ وردی باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سیاسه‌تی بریتانیا سه‌باره‌ت به‌ كوردستان چۆن و به‌ چه‌ ئاراسته‌یه‌كدا هه‌نگاوی ناوه‌. به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌دمۆندز، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا سیاسه‌تی بریتانیا له‌سه‌ر پێكهێنانی چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی خودموختار و نیمچه‌ خودموختار له‌ میزۆپۆتامیا (عێراقی دواتر) دامه‌زرابوو. پێكهینانی ئیداره‌یه‌كی كوردی له‌ سلێمانی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شێخ مه‌حمود به‌شێك بوو له‌و پرۆژه‌ سیاسییه‌ی بریتانیا بۆ كوردستان. به‌ڵام دواتر كه‌ ده‌ركه‌وت شێخ مه‌حمود پلانی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تیكی كوردستانی هه‌یه‌ و خه‌ونه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌و یه‌كه‌ ئیدارییه‌ بچووكه‌ی سلێمانی كه‌ ئینگلیزه‌كان پێكیان هێنابوو، كه‌وتنه‌ دژایه‌تیی شێخ مه‌حمود و ئاراسته‌ی سیاسی بریتانیا گۆڕا بۆ پێكهێنانی یه‌كه‌ی ئیداری بچووك بۆ قه‌زا و ناحیه‌كان.  ئه‌دمۆندز ئاماژه‌ به‌ دامه‌زرانی قه‌زا و ناحیه‌كان ده‌كات له‌لایه‌ن ئینگلیز له‌ رانیه‌، چوارتا و سروچك بۆ گه‌مارۆدانی شێخ مه‌حمود و ده‌ستنیشانكردنی كه‌سایه‌تییه‌ كورده‌كان بۆ ئه‌و پۆستانه‌ وه‌ك تۆفیق وه‌هبی و عه‌بدوڵڕه‌حمن ئاغا (ل : 94 ـ 95 و 118). له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش چه‌ند پۆستێكی ئیداری داتاشراو درایه‌ بنه‌ماڵه‌ جیاوازه‌كانی جاف وه‌ك ئه‌حمه‌د به‌گ، حامیدبه‌گ و كه‌ریم به‌گی جاف (363). له‌ رانیه‌ش پشتگیری بابكرئاغای كرا تا هاوسه‌نگی هێز دژی شێخ مه‌حمود له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بگۆڕێ (363).  ئه‌م هه‌وڵانه‌ به‌شێك بوون له‌ سیاسه‌تی بریتانیا بۆ تێپه‌رین له‌ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردستان.  

دوای لاوازكردنی شێخ مه‌حمود، بریتانیا وازی له‌ سیاسه‌تی پێكهێنانی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان هێنا و به‌ به‌هێزكردنی ده‌وڵه‌تی عێراق سیاسه‌تی به‌شداریی كوردی له‌ ده‌سه‌ڵاتی نوێی عێراقدا گرته‌به‌ر.  به‌‌و مه‌به‌سته‌ش پشتگیری خۆی بۆ بژارده‌كان و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و كه‌سایه‌تییه‌ كورده‌كان زیاتر كرد.

بریتانیا دوای تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و تاكتیك و هه‌وڵه‌ سیاسییانه‌ بۆ له‌باربردنی هه‌وڵی دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردستان، پرسی زمان و مافی كولتووری له‌ به‌رامبه‌ر مافی سیاسیدا زه‌ق كرده‌وه‌ و كۆی پرسی سیاسیی كوردستانی له‌ پرسی زماندا كورت كرده‌وه‌. به‌و مه‌به‌سته‌ راگه‌یه‌نراوێكی به‌ ده‌وڵه‌تی عێراق‌ بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ تێیدا ده‌وڵه‌تی عێراق دان ده‌نێ به‌ مافی خوێندن و نووسین به‌ زمانی كوردی له‌ كوردستان و به‌ڵێنیش ده‌دا سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی كوردستان  كورد ‌بن (366).ئه‌م ورده‌كارییانه‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ پرسی كولتوور و به‌شداریی سیاسی چۆن ده‌خرێنه‌وه‌ خزمه‌ت سیاسه‌تی كۆڵۆنیالیستییه‌وه‌. ئه‌دمۆندز له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كا كه‌ تێكه‌ڵبوون و توانه‌وه‌ی كورد له‌ ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا،‌ تاكه‌ رێگاچاره‌ی گونجاو بوو بۆ پرسی كورد له‌ لایه‌ن بریتانیاوه‌ ( ل : 366).

به‌ڵام  پرۆژه‌ی سیاسیی  كوردستان، رێك خاڵی پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی تێكه‌ڵكردن، توانه‌وه‌ و كورتكردنه‌وه‌ی له‌ پرسی زمان و كولتوور له‌ لایه‌ن بریتانیاوه‌ بوو.‌ رۆژنامه‌ی ((رۆژی كوردستان))، ئۆرگانی حكومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حمود له‌ سلێمانی له‌ 27 كانوونی یه‌كه‌می 1922، هه‌ڵوێستی روون و كۆنكرێتی شێخ مه‌حمودی راگه‌یاند. رۆژی كوردستان له‌‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگری ده‌كا كه‌ كوردستان ته‌نیا بریتی نیه‌ له‌ سلێمانی، به‌ڵكو گشت كوردستانی باشوور ده‌گرێته‌وه‌ و پرسی كوردستانیش كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌‌ نه‌ك كه‌مینه‌یه‌كی بچووك. رۆژی كوردستان له‌سه‌ر سووربوونی كورد له‌سه‌ر دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردستان پێداگری ده‌كا و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو‌ كه‌ هیواداره‌ ده‌وڵه‌تی نویی عێراق‌ رێز له‌ ده‌وڵه‌تی‌ برا‌ كورده‌ موسڵمانه‌كه‌ی خۆی بگرێ و وه‌ك دوو دراوسێی باش پێكه‌وه‌ بژین. رۆژنامه‌كه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لا‌ن و كۆنفرانسی لۆزانیش ده‌كا له‌سه‌ر بنه‌مای مافی دیاریكردنی چاره‌نووس دان بنێن به‌ ‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان  (ل : 323).

گرنگی ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌‌ مێژووییه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ چۆن دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردستان له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه‌ به‌رته‌سك كرایه‌وه‌ بۆ پرسێكی ئیداری و كولتووری و توانه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی نوێی عیراقدا و به‌ به‌شداریی سیاسیی كورد و به‌خشینی چه‌ند پۆستێكی ئیداری و سیاسی و مافی‌ خوێندن و نووسین به‌ زمانی كوردی كۆتایی پێهات. ئه‌م سیاسه‌ته‌‌ هه‌ڵقوڵاوی به‌رژه‌وه‌ندیی كۆڵۆنیالیزم بوو، به‌ڵام ئیستاش هه‌روا به‌شێكه‌ له‌ ئه‌جێندای داگیركه‌ران و به‌شێك له‌ خودی كورد. ئامانجی ئه‌م خوێندنه‌وه‌ش ته‌نیا نیشاندانی خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ نیه‌، به‌ڵكو ده‌رخستنی ئاخێزی كۆلۆنیالیستی ئه‌م لۆژیكه‌ سیاسییه‌یه‌. لۆژیكێك كه‌ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردستان و هه‌ر چه‌شنه‌ ستاتۆیه‌كی دیكه‌ له‌ ژێر ناوی چه‌ند چه‌مك و فۆرمی ناسیاسیدا ده‌شارێته‌وه‌ و له‌ دواجاردا هه‌وڵی له‌باربردنی ده‌دا. ئاگاداربوون له‌ دووپاتبوونه‌وه‌ی ئه‌م لۆژیكه‌، پێویسته‌ بۆ وشیاریی سیاسی‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و فۆرمانه‌ی كه‌ به‌ گۆڕینی چه‌مك و ئامرازه‌كان ئه‌و  لۆژیكه‌ كۆڵۆنیاڵییه‌ به‌رهه‌م دێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌

ادموندز، سیسیل، جی (1383)، كردها، تركها، عربها، ترجمه‌ ابراهیم یونسی، چاپ دوم، انتشارات روزبهان.  

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

٣٥ ساڵ دوای ڕاپەڕین؛ بۆچی باشووری کوردستان هێشتا لە نێوان نەوت، مووچە و قەیرانی حوکمڕانیدا گیرۆدەیە؟

سێ و پێنج ساڵ دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، باشووری کوردستان هێشتا لەبەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی و چارەنووسسازدا وەستاوە: بۆچی ئەو هەرێمەی خاوەنی دەیان ملیار دۆلار داهاتی نەوت، سەرچاوەی سروشتی، خاکێکی بەرهەمدار و پێگەیەکی گرنگی ژیۆپۆلیتیکی جوگرافیایییە، نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی و ئابووریی کارا، شەفاف…

ژیانەوە

فانۆن لە زانکۆی کوردستان: سەرنجێک لەسەر خوێندنەوەی فوئاد حەبیبی بۆ ١٣ی خەزەڵوەر

ئەم تیۆرییانە زمانێکی تایبەت دەدەنە دەستی دەوڵەتێک کە دەیەوێت خۆی وەک قوربانیی ئیمپریالیزم نیشان بدات و هەر ڕەخنەیەکی ناوخۆیی بە «دەستی بێگانە» ببەستێتەوە. دوای شەڕی ئەم دواییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، ئەم گوتارە لەلایەن دەسەڵات و چەپی میحوەری بەرگرییەوە گەرمتر بووەتەوە،…

ژیانەوە

ئەنتیگراسیۆن؛ کاتێک زەینی نەتەوەیەک بۆ وەلانانی مافەکانی خۆی ئامادە دەکرێت

لە دوای بەڕۆژەڤبوونی «ئەنتیگراسیۆنی دێموکراتیک» لە فەزای سیاسیی ئەم ڕۆژانەی کوردستاندا، ئەم بابەتە لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە خوێندنەوەی بۆ کرا: لایەنگرانی بە پاساوهێنانەوە و دژبەرانی بە لۆژیک و بەڵگەهێنانەوە وەڵامیان دایەوە. لێرەدا بەکورتی دەمەوێت لە ڕوانگەی «دەروونناسیی سیاسی»یەوە ئاماژەیەکی پێ بکەم. لە دەروونناسیی…