سەروتار
زانیاری بڵاوکردنەوە
- نووسەر
- ناسر مورادی
- جۆر
- وتاری گۆڤار
- بڵاوکراوەتەوە لە
- گۆڤاری تیشک
- وەشانخانە
- ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
- ڕێکەوت
- 2026/11/13
- بەرگ
- ٢٨
- ژمارە
- ٧٤
- ISSN
- 2942-7894
- زمان
- کوردی
- لاپەڕەکان
- ٧ – ٨
مورادی، ناسر (2026): سەروتار. گۆڤاری تیشک ٢٨ (٧٤)، ٧–٨، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک.
پاش هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە، نەخشەی جیوپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بووەوە؛ گۆڕانکارییەک کە زۆر بەخێرایی چوارچێوە و سنووری ململانێیەکانی پێشووی بڕی و فۆڕمی هاوکێشەیەکی سەرووناوچەیی بەخۆیەوە گرت. لەم بەریەککەوتنەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک پشتێنە و ماکەی هێزە پرۆکسییەکان، خرایە چەقی ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە و لە ئەنجامدا گەیشتە ئاستی تێکهەڵچوونێکی ڕاستەوخۆی سەربازی و هەر بەوەشەوە نەوەستا و شوێندانەریی چەندلایەنەی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان دانا. لەم بارودۆخە هەستیارەدا، شەڕ و ئاسەوارەکانی، کۆمەڵێک دەرهاویشتەی نوێی بەدوای خۆیدا هێنایە ئاراوە. لە بابەت کوردستانەوە، هاوکات لەگەڵ مەترسیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و خاکی هەرێمی کوردستان، دۆخێک هاتووەتە کایەوە کە لەپاڵ ڕەخساندنی دەرفەتەکان، پرسیار و ئاڵەنگاریی قووڵی لەسەر ستراتیژی و داهاتووی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوەیی و حیزبەکان هێناوەتە ئاراوە.
لە ژینگەی پڕقەیران و لەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی شەڕ و گۆڕانکارییەدا، سەرکەوتن یان دواکەوتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی بە پلەی یەکەم گرێدراوی کردەی پراکتیکی و لەجێدا، ئەرکی نیشتمانیی کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و بەرپرسیارەتیی حیزبەکانی کوردستانە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم قۆناغە مێژوویییە یەکجار ناسک و پڕ لە ئاڵەنگارییەدا، لە ڕوانگەی شیکاریی سیاسی و جیوپۆلیتیکییەوە، بە بارودۆخێکدا تێدەپەڕێت کە هەم دەرەنجامی لۆژیکی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەیە و هەم دۆخێکی نەخوازراوی پڕ لە هەڕەشە و نادڵنیایییە. ڕووداوە گەورەکانی وەک بزووتنەوەی ژینا و شەپۆلی ئەو گۆڕانکارییانەی بەدوایدا هاتن، بەڕوونی قووڵاییی سەرمایەی مرۆیی، پانتاییی هێزی سیاسی و کاریگەریی قووڵی کۆمەڵایەتیی ئەم بزووتنەوەی خستە ڕوو، بەڵام هاوکات پەردەیان لەسەر خەسارەکان، بۆشایی، دابڕان و ناکۆکییەکانی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان هەڵدایەوە.
ئەم ناکۆکی و بۆشایییە مێژوویییانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، کە ئەویش ئاماژەیە بە سەرهەڵدانی جۆرێک قەیران و دابڕان لە ڕۆحی گۆڕانکارییەکانی سەردەم. بۆ تێپەڕاندنی ئەم بەستەڵەکە و دەربازبوون لەو قەیرانە مەترسیدارە، حیزبەکان دەبێت بەفەرمی مەودایەک بۆ گفتوگۆی ڕەخنەگرانە و بەرپرسیارانە بڕەخسێنن و ئەرکی پێکگەیشتن و پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان خەباتی حیزبی و خەباتی ناحیزبی لە ئەولەوییەتدا دابنێن.
بەستنەوەی ئەم ئەرکە بە داهاتووی بزووتنەوەی کوردستان، پێویستی بەوە هەیە کە گواستنەوەی ڕۆڵ و پێگەی کورد بۆ ناوەندی هاوکێشەکان، لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی نیشتمانییەوە بێت کە تیایدا گوتاری کوردستانی ڕەنگ بداتەوە. گۆڤاری تیشک لەم ڕاستایەدا، وەک سەکۆیەکی سەربەخۆ بۆ دەنگە جیاوازەکان، بەستێن بۆ دیالۆگی بنیاتنەرانە و پێکگەیشتنی ئەم گوتارە دەڕەخسێنێت.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
