بازدان بۆ ناوەڕۆک

وتارەکانی گۆڤار

جێگەت گەرمە: بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی لە سیاسەتی کوردیدا

پوختە

لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا، کوردستان وڵاتێکی دابەشکراوە و بەشێک لە بزووتنەوەی کورد پێی وایە بەپێی پەیوەندیی کۆلۆنیالیستی هەڵسوکەوت لەگەڵ پارچەکانی کوردستان کراوە و دەکرێ. ئەم شێوە دەربڕینە تەنیا لەسەر ئاستی قسەکردن نامێنێتەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر گێڕانەوەی مێژوویی و تەنانەت پێگەی ئەخلاقیی لایەنەکان دادەنێ. ئەگەر پەیوەندیی ئەو دەوڵەتانەی کە دەستیان بەسەر کوردستاندا گرتووە، کۆلۆنیالیستی بێ، ئەوە تەنیا ڕزگاریی کوردستانە دەتوانێ کۆتایی بەم سوڵتەیە بهێنێ و ناکرێ خەبات بە داواکردنی چەند ئیمتیازێک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە کورت بکرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سازبوونی سنوور و نەخشەکان، سەرکوتی زمان و ڕێکخراوە سیاسییەکان، و وێناکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە ساز دەکا.

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
فاتح سەعیدی
جۆر
وتاری گۆڤار
بڵاوکراوەتەوە لە
گۆڤاری تیشک
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/13
بەرگ
٢٨
ژمارە
٧٤
ISSN
2942-7894
زمان
کوردی
لاپەڕەکان
٨٣ – ٩٢
داگرتنی PDF

لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا، کوردستان وڵاتێکی دابەشکراوە و بەشێک لە بزووتنەوەی کورد پێی وایە بەپێی پەیوەندیی کۆلۆنیالیستی هەڵسوکەوت لەگەڵ پارچەکانی کوردستان کراوە و دەکرێ. ئەم شێوە دەربڕینە تەنیا لەسەر ئاستی قسەکردن نامێنێتەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر گێڕانەوەی مێژوویی و تەنانەت پێگەی ئەخلاقیی لایەنەکان دادەنێ. ئەگەر پەیوەندیی ئەو دەوڵەتانەی کە دەستیان بەسەر کوردستاندا گرتووە، کۆلۆنیالیستی بێ، ئەوە تەنیا ڕزگاریی کوردستانە دەتوانێ کۆتایی بەم سوڵتەیە بهێنێ و ناکرێ خەبات بە داواکردنی چەند ئیمتیازێک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە کورت بکرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سازبوونی سنوور و نەخشەکان، سەرکوتی زمان و ڕێکخراوە سیاسییەکان، و وێناکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە ساز دەکا.

پێشەکی

زۆربەی جار و لە گەرمەی مشتومڕی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەوترێ کە ئازادی، سەربەخۆیی و ڕزگاری لە سوڵتەی داگیرکەر تێچووی هەیە. ئەم وتەیە ئەگەرچی سادەیە و هەموو کەس دەیزانێ، بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە خەباتکار و چالاکانی سیاسیی قووڵ بۆ باسەکان ناڕوانن. ئەوان بەباشی دەزانن کە خەبات دەتوانێ زیندان، ئاوارەیی، دوورخستنەوە، مەرگ، داڕمانی ئابووری و گوشار بۆ سەر بنەماڵەکانی بەدواوە بێ. لێرەدا و دوای قەبووڵی ئەم تێگەیشتنە، پرسێکی ئەخلاقیی دژوارتر خۆی دەردەخا. کێ جۆر و ڕادەی تێچووەکان دیاری دەکا؟ چ کەسێک بە ویستی خۆی بەرەوپیریان دەچێ و تێچووەکان بێڕەزامەندی بەسەر چ کەسێکدا دەسەپێت؟ کێ لە بڕیارەکان قازانجێکی سیاسی یا سەمبولیک دەبا، و چ کەسێک دەتوانێ لێی پاشگەز ببێتەوە؟ کێ دەتوانێ بەرپرسیارەتیی ئەنجامە نەخوازراوەکان وەئەستۆ بگرێ، لە کاتێکدا ئەوانی تر خۆیانی لێ بێبەری دەکەن؟

لەنێو چالاکانی دیاسپۆرا، کادری ڕێبەری و سیاسیی حیزبەکان، پێشمەرگەکان، چالاکانی مەدەنی و خەڵکی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتدا بەشێوەیەکی بەرچاو ئەم پرسیارانە مشتومڕیان لێ کەوتووەتەوە. چالاکێکی دانیشتووی ئەورووپا ڕەنگە پشتیوانی لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی ڕۆژهەڵات بکا، و پێ وابێ بە هیچ شێوەیەک نابێ لە ویستی نەتەوەیی کورد بۆ سەربەخۆیی پاشگەز بینەوە و تەنانەت هەر جۆرە دانوستاندنێک ڕەت بکەینەوە. ئەو پێشمەرگەیەی کە دەبێ ئەو سیاسەتانە جێبەجێ بکا، مەترسیی مەرگ و برینداربوون لەسەر ڕێیەتی. ڕێبەرایەتیی حیزبەکان دەسەڵاتی ڕێکخراوەیی و زانیاریی زیادتریان سەبارەت بە ڕووداوەکان هەیە و بڕیارەکانیان دەتوانێ کاریگەری لەسەر ژیانی ئەندامانیان و خەڵکی ئاسایی دابنێ. چالاکانی مەدەنی دڵەڕاوکێی گیران و سووکایەتییان هەیە و دەیانەوێ فەزای سیاسی کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات ئەگەرچی کەمیش بێ، بەرفراوانتر بکەنەوە. هاووڵاتییەکیش کە ئەندامی هیچ حیزبێک نییە، ڕەنگە لە ئاکامی شەڕ و سەرکوتی حکومەتی ئێراندا ئاوارە ببێ یان نەتوانێ لەبەر گرانی و دۆخی نالەباری ئابووریی، ژیانی هەڵسووڕێنێ. هەموو ئەم کەسانە دەتوانن خۆیان بە بەشێک لە خەونێکی مەزنتر بۆ کوردستان بزانن، بەڵام ئاستی بڕیار و تێچووەکانیان وەک یەک نییە.

لەم ڕوانگەوە وتەی “جێگەت گەرمە”، ئاماژەیەکی کورت و پوختە بۆ ئەم نایەکسانییە. ئەم وتەیە زۆر جاران بە کەسێک دەگوترێ کە لە ژینگەیەکی ئەمنترەوە سەبارەت بە بابەتێکی هەستیار بڕیار دەدا کە تێچووە جەستەیی یان ئابوورییەکەی بۆ کەسانێکی دیکە زیادترە لە خۆی. هەڵبەت، ئەم وتەیە بۆخۆی قسەیەکی یەکلاییکەرەوە نییە و ناتوانێ کۆتایی بە مشتومڕەکان و بەڵگاندن بهێنێ. مەودای جوغرافی ناتوانێ مافی داوەریکردن لە کەسێک بستێنێتەوە، هەروەک چۆن نزیکایەتیی پێشمەرگە و چالاکانی مەدەنی لە مەیدانی خەبات بەو مانایە نییە ئەو کەسانە بێگەردن و مافی بڕیاری کۆتایییان هەیە. ئەو چالاکە سیاسییەی لە دیاسپۆرایە، ڕەنگە دەستی بە میدیا، زانکۆ، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تۆڕی نێودەوڵەتی ڕابگا، بێئەوەی لەژێر سەرکوتی ڕاستەوخۆی ڕژیمی ئێراندا بێ. لە بەرانبەریشدا، ئەو خەباتکارەی لە مەیداندایە باشتر لە سنووری ئەو چالاکییە تێدەگا کە بەکردەوە بەڕەوڕووی کێشەکانی دەبێتەوە، و باشتر لە ترس، دڵەڕاوکێ، و ئاکامی ڕاستەوخۆی چالاکییەکان تێدەگات. لەم بارەوە، لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە ناسیۆنالیزم لە مەودای دوورەوە و پێگەی دیاسپۆرا نیشانی دەدەن کە مەودا هەم دەتوانێ ماتەوزە(پوتانسیەل)ی سیاسی ساز بکا و هەم لەنێوان بڕیار و لێکەوتەکانیدا کەلێنێک پێک بێنێ (Anderson 1992; Koinova 2018). هەربۆیە لێرەدا پرسیارەکەمان ئەوە نییە کە کێ مافی قسەکردنی هەیە، بەڵکو پرسیارەکەمان ئەوەیە هەر قسەیەک لە چ پێگەکەیەوە دێ و بڕیاردەر کامە بەرپرسیارەتی لە بەرانبەر ئاکامەکانی وەئەستۆ دەگرێ.

ئامانجی ئەم وتارە، تاوتوێی خەبات بۆ سەربەخۆییی کوردستان نییە. مەبەست ئەوەیە دۆخی ئەخلاقی داوەری و بڕیاردان سەبارەت بە ڕێگاکانی خەبات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی یان هەر شێوازێک لە مافی چارەی خۆنووسین هەڵبسەنگێندرێ. ئەم وتارە لەم بۆچوونەوە دەست پێ دەکا کە مرۆڤی کورد مافی ئەوەی هەیە ئامانجی سەربەخۆیی هەبێ، بەڵام ئەمە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هەر ئامرازێک ڕەوا بێ. بۆ وێنە، دەزانین کە سەبارەت بە نەتەوەی کورد ستەمێکی مێژوویی هەبووە، ناسنامە و داواکارییە سیاسییەکەی سەرکوت کراوە و ئەمانە دەتوانن مەشروعییەت بە ویستی ڕزگاری بدەن. بەڵام دیسان دەبێ نیشان بدرێ کە چ کەسێک دەتوانێ نوێنەری نەتەوەی کورد بێ، پێویستە خەڵک بەڕەوڕووی کامە مەترسی ببنەوە، جێگرەوەکانی خەباتی چەکداری چین و لە ئاکامدا بۆچی کەسانێک کە زۆرترین زیان و خەساریان بەردەکەوێ، دەتوانن کاریگەرییان لەسەر شێوازەکانی خەبات هەبێ.

ڕزگاری، سەربەخۆیی و ئازادیی سیاسی

لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا، کوردستان وڵاتێکی دابەشکراوە و بەشێک لە بزووتنەوەی کورد پێی وایە بەپێی پەیوەندیی کۆلۆنیالیستی هەڵسوکەوت لەگەڵ پارچەکانی کوردستان کراوە و دەکرێ. ئەم شێوە دەربڕینە تەنیا لەسەر ئاستی قسەکردن نامێنێتەوە، بەڵکو کاریگەری لەسەر گێڕانەوەی مێژوویی و تەنانەت پێگەی ئەخلاقیی لایەنەکان دادەنێ. ئەگەر پەیوەندیی ئەو دەوڵەتانەی کە دەستیان بەسەر کوردستاندا گرتووە، کۆلۆنیالیستی بێ، ئەوە تەنیا ڕزگاریی کوردستانە دەتوانێ کۆتایی بەم سوڵتەیە بهێنێ و ناکرێ خەبات بە داواکردنی چەند ئیمتیازێک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە کورت بکرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ سازبوونی سنوور و نەخشەکان، سەرکوتی زمان و ڕێکخراوە سیاسییەکان، و وێناکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە ساز دەکا. کێشانەوەی وڵاتی کوردستانێک لە گەمارۆی نەخشەی ئەو وڵاتانەی کە بەڕەسمی ناسراون، پەیوەندی بە گۆڕانکاریی مێژوویی، کۆلۆنیالیزم، سیستەمی نێودەوڵەتی و هەڵسوکەوتی ناسیۆنالیستەکانەوە هەیە. هەربۆیە ناسنامەی کوردی کتوپڕ و خەیاڵاوی نییە و سنوورە سیاسییەکانی ئیستا شتێکی لەمێژینە و دڵخوازی کورد نین (Kaya 2020).

ئەم وتارە ناپەرژێتە سەر ئەو لێکۆڵینەوانەی کە پێشتر توێژەرانی کورد سەبارەت بە بەکارهێنانی تیۆریی دژەکۆلۆنیالیستی نووسیویانە. ئەم وتارە باسی بابەتێکی ئەخلاقیی سنووردارتر دەکا کە تیایدا ڕزگاری ناتوانێ جێی ئامرازی خەبات بگرێتەوە. بێعەداڵەتی و سوڵتەی داگیرکەر دەتوانێ هۆکاری بەرگری بێ، بەڵام ناتوانێ هەر جۆرە بەرگرییەک کە گرێدراوی ڕزگارییە، بە مەشرووع دابنێ. ئەو خەڵکەی قەرارە ڕزگار بکرێن ناتوانن تەنیا وەک ماددەیەکی مرۆیی بۆ پڕۆژەیەکی نەتەوەیی سەیر بکرێن. ئەگەر ئەوان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، ئەم مافە هەندێک بابەتی دیکەش وەکو بەشداری لە دیاریکردنی کاتی خەبات و شێوازەکانی، هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و چۆنیەتیی نەزمی سیاسیی دوای ڕزگاری لەخۆ دەگرێ.

لێرەدا ئەو جیاکارییەی ئارێنت لەنێوان ڕزگاری و ئازادی دایدەنێ، بەکەڵکمان دێ. ڕزگاری کۆتاییهێنانە بە گوێڕایەڵی و سوڵتە؛ ئازادیی سیاسی بریتییە لەو دەرفەتەی بۆ ڕادەربڕینی ئازاد لە فەزای گشتیدا دەڕەخسێ و تیایدا مرۆڤ دەتوانێ لە سازکردنی کۆمەڵ و خێری گشتیدا بەشدار ببێ. هەربۆیە ئارێنت پێی وایە شۆڕش بە ڕزگاری کۆتایی نایەت، چونکە ئەنجامی کۆتایی بریتییە لەوەی فەزایەکی سەقامگیر بۆ ئازادی دابمەزرێ (Arendt 2006, chaps. 1 and 4). ڕەنگە سەربەخۆیی مەرجی سەرەکیی سازکردنی ئەم فەزایە بێ، بەڵام خۆی ناتوانێ گەرەنتیی ئازادی بکات. سەروەری دەتوانێ لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە بۆ ڕێبەرایەتییەکی نەتەوەیی بگوازرێتەوە، بەڵام کێشەیەک لەسەر جێی خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر هاووڵاتییەکان هێزی ئەوەیان نەبێ لە ڕەوتی سازبوونی بڕیاردا بەشدار بن.

هەربۆیە دەبێ ئەخلاقی سەربەخۆیی هەر لە ئێستاوە لەگەڵ شێوازی ئازادی لە داهاتوودا سازگار بێ. بزووتنەوەیەک کە ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیی بە خیانەتکار بزانێ و هەر جۆرە ڕەخنەیەک لە سیستەمی بەڕێوەبەریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک بێڕێزی بە خوێنی شەهیدان پێناسە بکات، یان مافی قسەکردن گرێ بداتەوە بەوەی کێ زیادتر فیداکار بووە، بەرەوڕووی ئەم کێشەیە دەبێتەوە کە لۆژیکی سوڵتە لەناو سیاسەتی ڕزگاریدا بەرهەم دێنێتەوە. ڕەنگە زیادتر بیر لەوە بکرێتەوە کە دوای سەربەخۆیی چ حکومەتێک لە کوردستان ساز ببێ، بەڵام لێرەدا باس لەوە دەکرێ شێوازی خەبات دەتوانێ عادەتەکان، هیرارشیی کۆمەڵایەتی، و تەنانەت پێوەرەکانی گوێڕاڵەتی ساز بکاتەوە. ئەگەر هاووڵاتییان لە کاتی خەباتدا تەنیا وەک هێزێکی ئامادەی جەماوەری سەیر بکرێن، ئەو نیگەرانییە ساز دەبێ کە دوای سەرکەوتنی خەبات لە دەسەڵاتدا دەورێک نەگێڕن.

ئەخلاق و ئەو دەرەنجامانەی پێشبینی دەکرێن

ماکس ڤێبەر لە وتاری سیاسەت وەکو ئەرک باس لە ئاقاری ئەخلاقی دەکات: ئەخلاقی بڕوا و ئەخلاقی بەرپرسیارەتی. لە ئەخلاقی بڕوادا، بکەر پێداگری لەسەر وەفاداربوون بە ڕێسایەکی دروست دەکا و دەرەنجامەکانی کردەکەی بۆ چارەنووس یان ئیرادەی کەسانی دیکە بەجێ دەهێڵێ. لە ئەخلاقی بەرپرسیارەتیدا، بکەر دەبێ جێگەیەک بۆ دەرەنجامەکانی کارەکەی بکاتەوە کە پێشبینی دەکرێن. ڤێبەر ناڵێ ئەم دوو شێوازە دوو نوسخەی سادەکراوەی خراپە و چاکەن. سیاسەتمەدار ئەگەر بڕوای نەبێ دەبێتە کەسێکی بەڕێوەبەر، بەڵام ئەگەر بەرپرسیارەتی نەبێ و تەنیا بۆ ئەوەی خۆی بێگەرد بمێنێتەوە، ئامادەیە خەڵک تووشی ڕەنج ببن. بە باوەڕی ئەو، کردەی سیاسیی جیددی کاتێک ساز دەبێ کە بەرپرسیاربوون لە ئاست ئامانجەکان لەگەڵ هەڵسەنگاندنی دروستی ئامراز و دەرەنجامەکان هاوکات بێت (Weber 2004, 76-93).

پێداگریی ڤێبەر لەسەر دەرەنجامەکان بە مانای ئەوە نییە دەبێ هەموو شتێک پێشبینی بکرێ، چونکە هەمیشە ئەنجامی سیاسەت تاڕادەیەک ناڕوونە. کردەی سیاسی زنجیرەیەک ساز دەکا کە هیچ کەسێک لە سەرەتاوە ناتوانێ هەموویان کۆنتڕۆڵ بکات. هەڵبەت بەرپرسیارەتی لەو شوێنەوە دەست پێ دەکا بکەری سیاسی لەنێوان ڕاستییەک کە نایزانێ و ئەو بابەتەی نایهەوێ بیزانێ، جیاوازی دادەنێ. ئەگەر ئەزموون و زانیارییەکان نیشانی بدەن چالاکیی چەکداری بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆی تۆڵە لە ئاستی بەرفراواندا و لە ئەنجامدا چالاکانی مەدەنی دەگیرێن و بێسەروشوێن دەکرێن، و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئاسایی دەکوژرێن یان ئاوارە دەبن، ناکرێ بڕیاری سیاسی بۆ شەڕەکە بدرێ و دواتر چاوەڕێ بکرێ تا بزانرێ هەر بەڕاست ئەم دەرەنجامانە ڕوو دەدەن یا نا. چونکە هەرچۆنێک بێ دەکرێ هەندێک لەو دەرەنجامانە پێشبینی بکرێن. لە هەمان کاتدا، بەرپرسیارەتی بە مانای گرێدانەوەی توندوتیژیی دەوڵەتی داگیرکەر بە دژبەرانییەوە نییە. ئەوەی سەرکوت دەکا هەمیشە وەک بەرپرسی توندوتیژی دەمێنێتەوە. جیاکارییەکە لێرەدا لەنێوان بەرپرسیارەتیی ڕاستەوخۆی دوژمن و بەرپرسیارەتیی کەسێکە کە دەزانێ بڕیارە سیاسییەکەی دەتوانێ مەترسییەک بۆ هاووڵاتییان ساز بکات.

ئەم جیاکارییە ناهێڵێ ئێمە هەندێک بابەت سادە بکەینەوە. لە لایەکەوە، دەوڵەت ناتوانێ لە ڕێگەی هەڕەشەکردن بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی، بەرگری و خەبات بە نامەشرووع پێناسە بکات. چونکە ئەگەر وابێ، هەرچی دەوڵەتی داگیرکەر بێڕەحمتر بێ، مافی خەڵک بۆ بەرگری کەمتر دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە، بزووتنەوەکەش ناتوانێ بڵێ چونکە بەرپرسی سەرەکی و ڕاستەوخۆی توندوتیژیی دەوڵەتە، هەڵسەنگاندنی دەرەنجامەکانی بڕیاری سیاسیی خەبات گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. ڤێبەر سەرنجمان بۆ بەشی خۆڵەمێشیی سیاسەت ڕادەکێشێ کە تیایدا بەرپرسیارەتییەکان ئەگەرچی لە یەک کاتدان، بەڵام هاوسەنگ نین. کاتێک ئێمە پرسیار لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە ئەگەری هەیە لە ئەنجامی چالاکییەکانیاندا مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان زۆر ببن، ئەمە بەرپرسیارەتیی دەوڵەت کەم ناکاتەوە؛ تەنیا ناهێڵێ ئەو حیزبەی کە خۆی بە نوێنەری سیاسیی ستەملێکراوەکان دەزانێ، پێی وابێ پارێزبەندییەکی سیاسی هەیە.

ئەخلاقی بەپرسیارەتی هەروەها پەیوەندی بە ئاستی گرێدراوەیی ئامراز و ئامانجەوە هەیە. حیزبێکی چەکدار سەرەڕای ئەوەی دەیهەوێ بەشێوەیەکی سنووردار توندوتیژی بەکار بێنێ، بەڵام مێکانیزمەکان بەشێوەیەکن کە پێویستە فەرماندەی نیزامی نهێنییەکان بپارێزێ، نەزم و دیسیپلین ساز ببێ و هیرارشییەک لەنێوان ئەندامەکاندا چێ ببێ. ئەم پێداویستییانەی چالاکیی چەکداری ئەگەر نەبن خەبات سەر ناگرێ، بەڵام دەشتوانن کاریگەری لەسەر فەرهەنگی سیاسیی داهاتوو دابنێن. ڕێبەرایەتیی حیزبەکان بە قۆناغی شەڕ عادەت بکەن کە نابێ سەبارەت بە وردەکارییەکان لێپرسینەوەیان لێ بکرێ، لە دوای سەرکەوتنیش ناتوانن فەزایەکی فرەچەشن پێک بێنن. کەواتە هەڵسەنگاندنی ستراتێژیی خەبات تەنیا تاوتوێی ڕێگاکانی گەیشتن بە سەربەخۆیی نییە، بەڵکو دەبێ پرسیار لەوەش بکرێ ئەم ستراتێژییە چ شێوازێکی پەیوەندی لەنێوان حیزبی سیاسی، ڕێبەرایەتی، خەباتکار و هاووڵاتی ساز دەکا.

لە ڕوانگەی ڤێبەرەوە، پێگەی بڕیاردەر کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ئاستی بەرپرسیارەتی دادەنێ. کەسێک کە زانیاریی نهێنی هەیە، دەسەڵاتی ڕێکخراوەیی بەدەستەوەیە و ئیمکانی دەستپێکردن یا وەستانی چالاکییەکی نیزامی هەیە، ناتوانێ بەرپرسیارەتییەکەی لەگەڵ کەسانێک کە ئەندامی ئاساییی حیزبەکەن، بەشێوەی یەکسان هاوبەش بکات. ئامانجی هاوبەش، بەرپرسیارەتیی هاوبەشی یەکسان ساز ناکات. بەپێی ئاراستەی کاریگەری لەسەر ئاراستەی ڕووداوەکان، و زانیاری سەبارەت بە سازبوونی مەترسی و ئیمکانی کەمکردنەوەی خەسارەکان، ئاستی وڵامدەربوونی کەسەکان سەبارەت بە کێشەکان جیاواز دەبێ. قەبووڵکردنی بەرپرسیارەتی تەنیا ئەوە نییە بوترێ ئامادەی هەموو دەرەنجامەکانین. کەسێک یان حیزبێک کە ئەو ئامادەیییە دەردەبڕێ، دەبێ سەرەتا نیشانی بدا پێش لە بڕیارەکە ئایا بەرنامەی جێگرەوەی هەبووە، چ شتێکی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان کردووە و پاش ڕوودانی کێشەیەک چ ئەرکێک وەئەستۆ دەگرێ و تا چ ڕادەیەک دەتوانێ قەرەبووی بکاتەوە یا بە بڕیارەکانی خۆیدا بچێتەوە.

ئارێنت و داوەریکردن لە ڕوانگەی ئەوانی دیکەوە

ڤێبەر دەپرسێ لەگەڵ دەرەنجامەکانی بڕیار، دەبێ بکەر چ هەڵوێستێکی هەبێ. هانا ئارێنت پێی وایە سەرەتا دەبێ پرسیارێکی دیکەش لە خۆمان بکەین. بکەر چۆن دەتوانێ داوەری بکات و چۆن دەتوانێ دنیا لە ڕوانگەی ئەو کەسانەوە ببینێ کە پێکەوە یەک چارەنووسیان هەیە؟ بە باوەڕی ئارێنت داوەریی سیاسی کاتێک دەتوانێ موعتەبەر بێ کە بکەر بتوانێ خۆی لە جیاتی کەسانی دیکە دابنێ، نەک تەنیا لە دەروونی خۆیدا دڵنیا بووبێتەوە کە چ هەڵسوکەوتێکی هەبێ. ئارێنت بە کەڵکوەرگرتن لە کانت، پێی وایە مرۆڤ لەگەڵ ئەوەیدا توانای داوەری هەیە، زەینی مرۆڤیش دەتوانێ پەرە بستێنێ و تەنیا لەناو خۆیدا سنووردار نەمێنێتەوە و؛ کاتێک دەیهەوێ بڕیارێک بدا، ڕوانگەی ئەو کەسانەش ببینێ کە بڕیارەکەی ئەو کاریگەری لەسەر ژیانیان دادەنێ (Arendt 1992, 42-44).

ئەم تێڕوانینە بۆ چالاکانی سیاسیی دیاسپۆرای کورد گرنگە. کاتێک چالاکێک لە ئەورووپا بیر دەکاتەوە و خۆی لەجیاتی پێشمەرگەیەک دادەنێ، مەودای نێوان ستایشکردنی بوێری لەگەڵ ئەزموونی ترس و دڵەراوکێ، وەڕەزبوون، دیسیپلینی نیزامی و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگ خۆی دەردەخا. بەڵام باشترە لێرەدا هەڵوێستەیەک بکەین: تاقیکردنەوەی ئەخلاقی نابێ تەنیا لەسەر ئەم پرسیارە بوەستێ کە ئایا خۆم ئامادەم گیانم بەخت بکەم؟ ڕەنگە تاکێک ڕاستگۆیانە ئامادە بێ فیداکاری بکا، بەڵام ئەم ئامادەیییە هێشتا ناتوانێ مافی ئەوەی بداتێ کە سەبارەت بە گیانی کەسانی دیکە بڕیار بدا. کاتێک کەسێک ئامادەیە خۆی قوربانی بکا، بڕیارێکی بەکردەوەی داوە، بەڵام لە سیاسەتدا بڕیار لەسەر چالاکیی حیزبێک زنجیرەیەک لە دەرەنجامەکان بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێ و خوازراو و نەخوازراو کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵانی خەڵک دادەنێ. لێرەدا گرنگە بیر لەوە بکرێتەوە بڕیارەکان چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی ئەو کەسانە دادەنێ کە خۆیان ئامادە نین لە خەباتەکەدا بەشدار بن.

هەربۆیە لێرەدا ڕوانگەی هاووڵاتییەکی ئاسایی پێگەیەکی گرنگ پەیدا دەکا. زەینی پەرەسەندووی مرۆڤی کورد، داوا لە چالاکی سیاسی، ڕۆشنبیر یا ڕێبەرێکی حیزبی دەکا کە بڕیاری سیاسی لە ڕوانگەی دایکێکەوە ببینێ کە نیگەرانە منداڵەکەی بگیرێ، وەرزێڕێک کە خانووەکەی بۆمباران دەکرێ، خوێندکارێک کە قوتابخانەکەی دادەخرێ، یا بنەماڵەیەک کە ئاوارە دەبێ. لێرەدا باس لەم نموونانە ناکرێ بۆ ئەوەی هەستی خوێنەر ببزوێ. ئەوانە نموونەی ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانەن و ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی لە ڕێڕەوی خەباتی ناسیۆنالیستیدا نابێ پشتگوێ بخرێن، و نابێ پاساوی بۆ بهێنرێتەوە کە وەک تێچوویەکی لاوەکی بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی مەزنتر دەکرێ پشتگوێ بخرێن. ئەم تێچووانە بۆ ئەو کەسانەی خەساریان بەردەکەوێ هەموو دنیاکەیان دەگۆڕدرێ. داوەریکردنی بەرپرسیارانە کاتێک دەست پێ دەکا کە ئەم نموونانە بە هەندێک ژمارە کورت نەکرێنەوە کە دەکرێ لە کاتی خەباتدا چاوپۆشییان لێ بکرێ.

ئارێنت کردەی ئەخلاقی لەگەڵ دۆخی فرەچەشنی مرۆیی گرێ دەداتەوە. مرۆڤەکان یەکسانن تا بتوانن لە یەکتر تێبگەن، و جیاوازن تا لە قسەکردن و کردەی هەر کامیان مانایەکی نوێ ساز ببێ. دەرەنجامی کردەی سیاسی چونکە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پەیوەندیی مرۆیییەوە هەیە، چی تر لە دەستی ئەو کەسەدا نامێنێتەوە کە لە سەرەتاوە دەستی پێ کردووە (Arendt 1998, 175-200). لێرەدایە دوو خاڵی گرنگمان سەبارەت بە سیاسەتی ڕزگاری بۆ دەردەکەوێ. سەرەتا، نەتەوە تاقە یەک ئیرادەی یەکپارچە نییە. لەناو کۆمەڵگای کوردیدا سەبارەت بە سەربەخۆیی، کات و ساتی خەبات، مەشرووعییەتی خەباتی چەکداری، جیاوازی و ڕوانگەی تەنانەت دژبەیەک هەیە. دووەم، چونکە بەدڵنیایییەوە نازانین ئەنجامی کردەی سیاسی چ دەبێ و ناشکرێ دەرەنجامەکان بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکەین، باسکردن لە بەرپرسیارەتی، ئیکمانی ڕەخنەگرتن و پێداچوونەوە بەسەر بڕیارەکاندا دەهێڵێتەوە.

پێنج پێگە لە یەک مەیدانی نایەکساندا

پێنج دیمەنی چالاکی دیاسپۆرا، پێشمەرگە، ڕێبەری حیزب، چالاکی ڕۆژهەڵات و هاووڵاتییەکی ئاسایی پێنج ناسنامەی نەگۆڕ و جیا لە یەک نین. تاکێک ڕەنگە ماوەیەک پێشمەرگە بووبێ و دواتر بووبێتە پەنابەر یا ئەندامی ڕێبەرایەتیی حیزبێکی سیاسی؛ بنەماڵەکان لەنێوان ناوخۆی ڕۆژهەڵات، هەرێمی کوردستان و ئەورووپا (ڕۆژاوا) دابەش دەبن. بەڵام کاتێک بەشێوەیەکی شیکاری سەیری ئەم پێگانە دەکەین، بۆمان دەردەکەوێ چۆن دەسەڵات، بەرپرسیارەتی و خەسارەکان دابەش دەبن. جیاوازیی سەرەکی لەنێوان بوێر و ترسنۆک یا وەفادار و بێلایەندا نییە، بەڵکو جیاوازییەکان کاتێک ساز دەبن کە بزانین هەر کام لەم پێگانە تا چ ڕادەیەک دەتوانن بڕیاری سیاسییان بەدەستەوە بێ و تا چ ڕادەیەک ئەو بڕیارانە مەترسی ساز دەکەن.

ڕۆشنبیر یا چالاکی سیاسیی دیاسپۆرا زۆربەی کات ئازادییەکی زیادتری بۆ قسەکردن و دەستڕاگەیشتن بە هەندێک میدیا و سەرچاوە هەیە و دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێ لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا دەنگی کوردستان و کورد بێ. تۆڕی دیاسپۆرا لە بەرهەمهێنانی ڕەوایەتی کوردی، دابینکردنی سەرچاوەکان، لۆبیکردن و ڕێکسختنی گشتیدا دەورێکی ڕاستەقینە دەبینێ و ناکرێ ئەوان تەنیا وەک بینەری ڕووداوەکان سەیر بکرێن (Baser et al. 2015). هەر ئەم هێزە، بەرپرسیارەتی بۆ دیاسپۆرا ساز دەکا. بۆ وێنە هەرکات ئەندامێکی دیاسپۆرا بیهەوێ مەشرووعییەت بۆ پەرەسەندنی گرژی و خەباتی چەکداری ساز بکا، ئەوسا بەوشیاری و وردبینییەکی زیادترەوە دەبێ باسی زانیارییەکان، ئەگەری سەرکەوتن و پەرەسەندنی مەترسییەکانی شەڕ بۆ ناو کۆمەڵگای کوردستان بکات. ڕاستگۆییی چالاکی دیاسپۆرا هەر بەوە هەڵناسەنگێندرێ کە ئامادەیە بۆ ڕۆژهەڵات بگەڕێتەوە و گیانی خۆی بەخت بکا. بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی لە هەندێک شێوازی کەمتر پاڵەوانانەدا دەردەکەوێ: لەو کاتانەدا کە بەشێوەی ئابووری پشتگیری لەو کەسانە دەکا کە لە ڕۆژهەڵات یا لە هەرێمی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە، هاوکاریی پەنابەرانی سیاسی دەکا، بەداواداچوونی بۆ پێشلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵات هەیە، و ناهێڵێ ناوی ئەو کەسانەی کە لە بەرەی پێشەوەی چالاکی لە ڕۆژهەڵاتدان، بەخراپە ببردرێ.

پێشمەرگە باسکی بەهێزی گەلە بەو مانایەی کە بێئەو بڕیاری سیاسی ناتوانێ جێبەجێ بکرێ. مەترسی بۆ سەر گیانی پێشمەرگە تەنیا لەسەر کاغەز نییە. ئەگەرچی ئەو بە ویستی خۆی و بەپێی ئیرادەیەکی ئازاد مەترسییەکانی قەبووڵ کردووە، بەڵام حیزبی سیاسی دەبێ هەمیشە ئامادە بێ کە بەپێی زانیاریی تەواو پێشمەرگەکان بۆ مەئموورییەت بنێرێ، پشتیوانی لە بنەماڵەکانیان بکا و ڕێگەیەک بۆ ئەوە دابنێ کە ڕۆژێک ئەوان چی تر نەیانهەوێ پێشمەرگە بمێننەوە یان گرنگی بە ڕەخنە و بۆچوونەکانیان بدات. ئەگەرچی لە ئاستی نیزامیدا جێبەجێکردنی فەرمانەکان مەرجی سەرکەوتنە، بەڵام هەمیشە پێشمەرگە دەتوانێ سەبارەت بە کردەوەی حیزبەکەی پرسیاری ئەخلاقی هەبێ، ئەگەرنا پێشمەرگە لە گرنگترین بکەری سیاسەتی نەتەوەیییەوە بۆ ئامرازێکی حیزبی دەگۆڕدرێ.

ڕێبەریی حیزبی ڕێک لەو خاڵەدا وەستاوە کە بڕیار و دەرەنجامەکان لێک نزیک دەبنەوە. هەرچەند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێبەریی حیزبەکان هەمیشە بەرەوڕووی مەترسیی گیانی بوونەتەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێ مەترسیی گیانی بۆ سەر ئەوان لە پێشمەرگەکان کەمتر بووە. ڕێبەرایەتیی حیزبەکان بەرپرسیارەتییەکی تایبەتان هەیە، چونکە دەستیان بە زانیاری ڕادەگات و هەر لەو ڕێیەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی دادەنێن. ڕێبەر دەبێ لەنێوان پاراستنی نهێنییەکان و مافی ئەندامەکان و خەڵک بۆ زانینی هۆکاری بڕیارەکان هاوسەنگییەک ساز بکا. ئەو ناتوانێ لە کاتی عەمەلیاتدا هەموو وردەکارییەکان بدرکێنێ یان ڕوونکردنەوەی بۆ فەزای گشتی هەبێ، بەڵام دەتوانێ پێوەرەکانی بڕیاردان، هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، سازوکاری وڵامدەربوون و چۆنیەتیی کشانەوە ڕوون بکاتەوە. بەڵام هەندێک جار دەبینرێ لەجیاتی باسکردنی ئەم مێکانیزمانە باسی زەروورەتی مێژوویی، داواکاریی خەڵک یا درێژەپێدان بە ڕێگای شەهیدان دەکرێ و لە ئاکامدا بەرپرسیارەتی لە ڕێبەرەوە بۆ هەندێک چەمکی دەرهەست دادەبەزێنێ.

هاووڵاتیی ئاسایی زۆربەی کات کەمترین بژاردەی بۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت هەیە، بەڵام بەگشتی زۆرترین تێچووەکانیش لەسەر شانیەتی. تێچووەکان تەنیا ئەوە نییە کە هاووڵاتییەک بکوژرێ، بەڵکو لەدەستدانی کار، پچڕپچڕبوونی ڕەوتی پەروەردە، کۆچی زۆرەملێ، ترسی بەردەوام، گوشاری ئەمنییەتی بەشێکن لە تێچووەکان. ئەم بارگرانییانە تەنانەت بەشێوەیەکی یەکسان لەناو کۆمەڵگادا دابەش نابن. ئەو بنەماڵانەی داهاتەکانیان کەمە، ئەو کەسانەی لە گوندەکانی سەر سنوور دەژین، زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەکانیان، ژنانی سەرپەشتیاری بنەماڵە بەشێوەی گشتی زۆرترین مەترسی بۆ ژیانی ئاسایییان ساز دەبێ. هەر لەبەر ئەمانە تەنیا باسکردن لە ژمارەی قوربانییەکان بێئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی سەیر بکەین، ناتوانێ وێنایەکی دروستمان لەو مەترسییانە پێ بدا کە شەڕ و گرژییەکان بەرهەمی دەهێنن.

ئەو چالاکە مەدەنییەی کە لە ڕۆژهەڵات دەژی نە لە پێگەی هاووڵاتییەکی ئاساییدایە و نە دەسەڵاتی ڕێبەرێکی حیزبی هەیە. ئەو بەوشیارییەوە دێتە ناو فەزای گشتییەوە و لە ڕێگەی چالاکیی پیشەیی، کولتووری، ژنان، خوێندکارەکان و مامۆستایانەوە لە بەرانبەر سوڵتەدا بەرگری ساز دەکا. ئەو بەشێوەیەکی سنووردار دەتوانێ دەرەنجامەکان کۆنترۆڵ بکا و هەندێک جار تێچووی چالاکییەکانی کاریگەری لەسەر بنەماڵە و هاوکارەکانیشی دادەنێ. بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی چالاکێکی مەدەنی لە مەودای نێوان دەسەڵاتێکی سنووردار و کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان ساز دەبێ. ئەو ناتوانێ توندوتیژیی حکوومەت کۆنترۆڵ بکا، بەڵام دەبێ سەبارەت بە شێوازەکانی لێپرسینەوە، ئەشکەنجە و زیندانیکردن، دوورخستنەوە و بێبەشکردنی تاکی کورد بەرپرسیارەتی هەبێ. ئەم وتەیە بەو مانایە نییە کە بەرپرسیارەتیی سەرکوت لە حکوومەتەوە بۆ قوربانی بگوازینەوە. بەرپرسیارەتیی ئەشکەنجە و زیندانیکردن هەر لەسەر شانی حکوومەتە، بەڵام چالاکی مەدەنی لەم شوێنانەدا هەر بەرپرسیارە کە بەئاسانی نەبێتە هۆی گیرانی خۆی و هاوڕێکانی، بەهۆی چالاکییەکەوە داهاتووی ڕێکخراوەکە نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، و خۆی بۆ ئەو مەترسییانەش ئامادە بکا کە پێشبینی دەکرێن.

ئەخلاقی بەرپرسیارەتیی ڤێبەر لێرەدا ناهێڵێ بە دوو شێوازی سادە داوەری بکەین. لە لایەکەوە ناکرێ هەر پارێزێک وەک ترس یا سازش ناو ببەین و نابێ لە چالاکی مەدەنی داوا بکرێ کە بۆ سەلماندنی خۆی تێچووی زیادتر بدا. لە لایەکی دیکەشەوە، ناکرێ هەر جۆرە سازکردنی ڕێکخراوەیەک بەباش دابندرێ. چالاکی مەدەنی باشترە خۆی لە نمایش بەدوور بگرێ و گرنگی بەو مەترسییانە بدا کە بەرەوڕووی کۆی چالاکییەکان لە کوردستان دەبێتەوە. ئەگەرچی ئەو ناتوانێ دەرەنجامەکانی چالاکییەکانی کۆنتڕۆڵ بکا، بەڵام ئەرکی سەر شانیەتی مەترسییەکان بناسێ و کەمیان بکاتەوە. بەم واتایە پارێزکردن بەشێک لە بوێریی سیاسی پێک دێنێ.

ئارێنت تێگەیشتنێکی دیکەمان بۆ ساز دەکا. چالاکیی مەدەنی تەنیا ئامرازێک بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی یا گۆڕینی ڕێژیم نییە، بەڵکو دەبێتە ئەکتەری سەرەکیی ئەو شوێنەی کە تیایدا ڕاهێنان بۆ ئازادی و سیاسی دەکرێ. کاتێک چالاکانی مەدەنی پێکەوە کۆ دەبنەوە و قسە بۆ خەڵک دەکەن و ئەوان بۆ کارێکی بەکۆمەڵ دەجووڵێنن، شێوازێک لە دەسەڵاتی گشتی پێک دێنن کە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە جیاوازە کە بەناچاری قەبووڵ کراوە و بەسەر کۆمەڵگادا بەزۆرەملێ سەپاوە. لەم ڕوانگەوە، ئەنجومەنە مەدەنییەکان تەنیا ئامرازێکی کاتی بۆ خەبات نین، ئەوان دەتوانن شێوازە سەرەتایییەکانی هەمان ئەو ئازادییە بەرهەم بێنن کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد مژدەی دەدا. ئەگەر ئەم ڕێکخراوانە لەناو خۆیاندا بۆچوونی ڕەخنەگران بێدەنگ بکەن و بڕیارەکان تەنیا لەناو بازنە داخراوەکاندا ساز ببێ، ئەگەری ئەوە هەیە کە لۆژیکی سوڵتە لە ناویاندا بەرهەم بێتەوە.

نزیکایەتیی چالاکانی مەدەنی بە مەیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ قورسایی بە بڕیارەکانیان بدا، بەڵام ناتوانێ ئەوان وەک تەنیا نوێنەری خەڵک نیشان بدا. ئەزموونی زیندانیکردن و چالاکیی نهێنی ڕەنگە تێگەیشتنێک ساز بکا کە چالاکانی دیاسپۆرا نەتوانن هەیانبێ، بەڵام ئەزموونی ڕاستەوخۆ ناتوانێ جێگەی ئیستدلال و بەڵگاندن سەبارەت بە ستراتێژیی خەبات بگرێتەوە. پێویستە چالاکی مەدەنی ڕوونی بکاتەوە کە لەجیاتی کێ قسە دەکا و هەروەها نابێ خۆی لە ڕەخنە بەدوور بگرێ. پەیوەندیی چالاکانی ناوخۆ لەگەڵ حیزبەکان و دیاسپۆرا باشترە لەسەر بنەمای پەیوەندییەکی وڵامدەرانەی دوولایەنە ساز ببێ. پشتیوانیی ئابووریی، میدیایی و یاسایی لە دەرەوە دەتوانێ فەزای کارکردنی چالاکانی مەدەنی بەرفراوان بکا، بەڵام وابەستەیی بە سەرچاوەی دەرەکی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەولەوییەتەکانیان بگۆڕدرێ یا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانیان دابنێ. هەربۆیە چالاکی مەدەنی دەتوانێ پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتدا هەبێ، بێئەوەی سەربەخۆییی بڕیاردان لەکیس بدا.

دیاسپۆرا و سیاسەت لە نزیکەوە

ژیان لە دیاسپۆرا بە مانای ئاسایش و ڕفاه نییە. دوورکەوتنەوە لە کوردستان، ڕاسیزمی ڕۆژاوایی، فێربوونی زمانی بێگانە، کێشەکانی پەنابەری، نەبوونی ناسنامەی وڵاتی دووەم و دابڕان لە بنەماڵە هەندێک لەو ئەزموونە سەختانەی کوردانی دیاسپۆران. لەم ساڵانەدا لێکۆڵینەوەکان نیشانی داوە کە دیاسپۆرای کوردی ڕۆژهەڵات (بەتایبەت ئەوانەی پێشتر پێشمەرگە بوون و یا ئەو خەباتکارانەی کە ئیستا پەنابەری سیاسین) هەستی نەتەوەیی و گرێدراوییەکی تۆختریان بۆ کوردستان لەلا ساز بووە. وێنای کوردستانی گەورە لە خەیاڵی دیاسپۆرای کوردیدا پڕڕەنگە و وەک ئاسۆیەکی هاوبەش ئەوانی پێکەوە گرێ داوەتەوە. ئەگەرچی جاروبار بەرەوڕووی ئەو کێشەیە دەبنەوە کە جیاوازیی پرسی نەتەوەیی لە پارچەکان لەبەر چاو ناگرن.

نابێ ئەوە لەبیر بکەین کە نزیکایەتی لە مەیدانی خەبات ناتوانێ هەمیشە مەعریفەیەکی تەواو ساز بکات. گوشاری ئەمنییەتی بازنەی زانیاری سنووردار دەکا، هەندێک جار وابەستەیی بە حیزبەکان ڕەخنەگرتن ئەستەم دەکاتەوە، و خەمی ژیانی ڕۆژانە دەرفەتی کەمتر بۆ خۆتەرخانکردن بە کاروباری مەدەنی دەهێڵێتەوە. بەڵام هەندێک جار خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئەندامانی حیزبەکان تانەی ئەوە لە دیاسپۆرای کورد دەدەن کە جێگەتان گەرمە و ئەمە نەتەنیا بەو مانایە بەکار دێنن کە بیریان بهێننەوە مەترسییەکی نایەکسان لەئارادایە، بەڵکو هەندێک جاریش بۆ ئەوەیە کە ڕەخنەکانیان بە هەند وەرنەگرن. ئەم شێوازە بەکارهێنانە لەگەڵ ئەخلاقی بەپرسیارەتی نایەتەوە. ئەگەرچی ئەو کەسانەی ڕەنجی زیادتر دەکێشن، قورسایییەکی مەعریفەتی زیادتریان بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتانە هەیە کە پەیوەندییان بە ئەزموونی ڕاستەوخۆوە هەیە، بەڵام هەر کات بیانەوێ باس لە ستراتێژی و نوێنەرایەتیی خەڵک یا نەتەوە بکەن، دەبێ بەڵگەیان بەدەستەوە بێ.

پەیوەندیی ئەخلاقیی نێوان دیاسپۆرا، حیزبەکان و ناوخۆی ڕۆژهەڵات دەکرێ لەسەر بنەمای دابەشکردنی ئەو ئەرک و چالاکییەکانە بێ کە پێکەوە وەئەستۆیان گرتووە و لەهەمبەریشیدا دەبێ وڵامدەر بن. دیاسپۆرا دەتوانێ هەندێک لە تێچووەکان وەئەستۆ بگرێ و حیزبەکانیش دەتوانن بەشێوەی مەیدانی کارەکان بەرەوپێش ببەن. هیچ کامیان جێی ئەوی دیکە ناگرێتەوە. داوەریکردن لە ڕوانگەی ئارێنتەوە پێویستی بە سەرنجدان بە ڕوانگەی ئەوانی دیکەیە، نەک ئەوەی دەست بەسەر دەنگی ئەواندا بگیرێت.

دەرەنجام: گەڕانەوە بۆ وتەی جێگەت گەرمە

دەکرێ ئیستا وتەی جێگەت گەرمە لەسەر سێ ئاست شی بکرێتەوە. یەکەم، ئەم وتەیە باس لە نایەکسانییەک دەکا کە کاتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسییەکان تووشی مرۆڤ دەبێ. ئەوەی وتەکە دەردەبڕێ دەیهەوێ بیرمان بێنێتەوە کە هەمووان وەک یەک بەرەوڕووی گیران، بۆمباران، مەرگ، بێکاری و کێشەی ژیانی بنەماڵەیی نابنەوە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئایا جێگەی گەرم بە واتای ئەوە دێ کە ئیتر ژیان بێخەم و سەرئێشەیە بۆ خەڵکی دیاسپۆرا؟ چونکە زۆربەی ئەو کەسانەی لە هەندەران دەژین، بۆخۆیان تووشی دوورکەوتنەوە لە زێد و نیشتمان، پەنابەری، دابڕان لە بنەماڵە و تەنانەت ڕاسیزم بوونەتەوە. گەرمی، چەمکێکی ڕێژەیییە و گرێدراوی یەک بڕیاری ڕوونە: چ کەسێک دەتوانێ لە دەرەنجامی بڕیاری شەڕ و گرژی، خۆی دوور ڕابگرێ و چ کەسێک بەناچاری لە مەیداندا کێشەکانی بۆ بەجێ دەمێنێتەوە؟

دووەم، ئەم وتەیە بەرپرچدانەوەیەکی مەعریفەتییە. ڕاستە، مەودای شوێن دەتوانێ کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕ لەسەر ژیان کەم بکاتەوە کە لە سایەی سەرکوت، تۆقاندن و ناسەقامگیریی بارودۆخی ئاساییی ژیان ساز بوون. بەڵام ئەم بەرپرچدانەوەیە کاتێک بایەخی هەیە کە نیشانی بدا ئەوەی بۆچوونێکی هەبووە، هەڵەیەکی ئاشکرای کردووە یا لە کاتی بڕیارەکەیدا ئاگاداری کێشەکان نەبووە و ئاگامەند قسەی نەکردووە. هەربۆیە تەنیا لەبەر ئەوەی کەسێک دوور لە ڕۆژهەڵات دەژی، ناکرێ بەو دەرەنجامە بگەین کە بەڵگاندن و بۆچوونەکانی هەڵەن. تەنانەت هەندێک جار مەودا دەتوانێ دەرفەتی بەراوردکردن، توێژینەوە و دەستڕاگەیشتنی ئازاد بە سەرچاوەکان و ڕادەربڕینی بێترس لە سانسۆر بڕەخسێنێ. نزیکایەتیش لەگەڵ مەیدانی ڕۆژهەڵات ڕەنگە هەندێک جار لەبەر گوشاری ئەمنییەتی، وابەستەیی بە حیزب و ڕێکخراوە و هەروەها سنوورداربوونی زانیارییەکان ناتوانێ بەڵگەی پێویست فەراهەم بکات. کەواتە ئەگەرچی پێگەی بڕیاردەر کاریگەری لەسەر جۆری مەعریفەکە دادەنێ، بەڵام ناتوانێ جێگەی لۆژیک و بەڵگاندن بگرێتەوە.

سێیەم، وتەی جێگەت گەرمە، ناڕەزایەتییەکە بۆ ئەوەی ئایا ئەو کەسەی لە دوورەوە بڕیار دەدا شیاوە لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئاستێک لە مەترسی بە سەر هاووڵاتییانی ئاساییدا بسەپێنێ یا نا؟. ڕەنگە ئەمە بەهێزترین بەشی ئەم وتەزایە بێ. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی لە دیاسپۆرایە و دوور لە ڕۆژهەڵات دەژی، بتوانێ ڕووداوەکان بەدروستی شی بکاتەوە، دیسانەوە دەبێ ڕوونی بکاتەوە کە لە چ پێگەیەکەوە دەتوانێ خەڵک بۆ ئەنجامی کارێک ڕابسپێرێ کە بارەکەی لەسەر شانی خۆی نییە. زانینی ئەوەی کە کارێک دەتوانێ قازانجی هەبێ لەگەڵ ئەوەی کە مافی بڕیاردانت لەوبارەوە هەبێ وەک یەک نییە. ئەگەرچی ئامادەیی تاکێک لە دیاسپۆرا بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات و فیداکاریی شەخسی دەتوانێ مەودای قسە و کردەوە کەم بکاتەوە، بەڵام ڕەزایەتیی مرۆڤ بۆخۆی بۆ ئەنجامدانی کارێک ناتوانێ جێگای ڕەزایەتیی ئەوانی دیکە بۆ ئەنجامدانی هەر ئەو کارە بگرێتەوە.

هەڵبەت ئەگەر ئەم وتەیە بۆ کۆتاییهێنان بە گفتوگۆ بێ و پارێزبەندییەک بۆ ڕێبەریی حیزبەکان لە ڕەخنە ساز بکا هەتا دەنگی دیاسپۆرا کەمڕەنگ بکاتەوە، چی تر مانایەکی ئەخلاقی نامێنێ. لەم جۆرە بەکارهێنانەدا، بیرهێنانەوەی مەترسی وەک ئیمتیازێکی سیاسی بۆ کەسانێک بەکار دێ کە خاوەنی دەسەڵاتن. هەندێک جار ڕێبەریی حیزبەکان دەتوانن بە بیانووی نزیکایەتی لە مەیدانی ڕۆژهەڵات خۆیان لە وڵامدانەوە بدزنەوە، لە کاتێکدا جاروبار خۆیان ئەمنییەتی زیادتریان لە هاووڵاتییەکی ئاسایی هەیە. چالاکی مەدەنیی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتیش ڕەنگە ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی وەک دەنگی کۆمەڵگا پێناسە بکات و گوێ بە شێوازەکانی دیکەی خەبات نەدا کە کەسانی دیکە پێشنیاری دەکەن. هەربۆیە جێگەت گەرمە نابێ ببێ بە نوسخەیەکی دیکە لەو ئیدەعایە کە تەنیا ئەو کەسانەی ڕەنجیان کێشاوە مافی قسەکردنیان هەیە؛ خۆی لە خۆیدا ڕادەی ڕەنج ناتوانێ دروستبوونی داوەریکردن یا مافی نوێنەرایەتی بسەلمێنێ.

لە ئەنجامدا دەکرێ مانای کۆتایی جێگەت گەرمە بەم شێوەیە بێ: هەرچەندە مەودای مرۆڤ لە دەرەنجامەکە زۆرتر بێ، ئەرکی ئەو بۆ بیستن، ڕوونکردنەوە و گرێدانەوەی وتەکانی لەگەڵ بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی قورستر دەبێ؛ هەرچەندە مرۆڤ بە مەیدانی خەبات نزیکتر بێ، دەبێ ئەزموونەکانی زیادتر بەهەند بگیرێ، بێئەوەی لە ڕەخنە و بەڵگاندن بێبەری بێ. کاتی وتنی ئەم وتەیە نابێ ئەوە لەبیر بکرێ کە نایەکسانی لە پێگەدا باشترە بگوازرێتەوە بۆ گفتوگۆیەک سەبارەت بە مافی بڕیاردان و بەپرسیارەتی. بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ بێدەنگکردنی ئەویتر ئەم وتەیە بەکار بێ، هەر ئەو فەزا دێموکراتیکە سنووردار دەکرێتەوە کە سیاسەتی ڕزگاری دەیهەوێ لە کوردستان پەرەی پێ بدا.

سەرچاوەکان:

Anderson, Benedict. 1992. Long-Distance Nationalism: World Capitalism and the Rise of Identity Politics. Amsterdam: Centre for Asian Studies Amsterdam.

Arendt, Hannah. 1998. The Human Condition. 2nd ed. Chicago: University of Chicago Press.

Arendt, Hannah. 2003. Responsibility and Judgment. Edited by Jerome Kohn. New York: Schocken Books.

Arendt, Hannah. 2006. On Revolution. New York: Penguin Classics.

Baser, Bahar, Ann-Catrin Emanuelsson, and Mari Toivanen. 2015. “(In)visible Spaces and Tactics of Transnational Engagement: A Multi-Dimensional Approach to the Kurdish Diaspora.” Kurdish Studies 3 (2): 128–150.

Kaya, Zeynep N. 2020. Mapping Kurdistan: Territory, Self-Determination and Nationalism. Cambridge: Cambridge University Press.

Koinova, Maria. 2018. “Sending States and Diaspora Positionality in International Relations.” International Political Sociology 12 (2): 190–210.

Weber, Max. 2004. Politics as a Vocation. In The Vocation Lectures, edited by David Owen and Tracy B. Strong, translated by Rodney Livingstone, 32–94. Indianapolis: Hackett.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە وتارەکانی گۆڤار

هەمووی ببینە
وتارەکانی گۆڤار

ڕێنووسی کوردی و ڕێنمایی نووسین

بە سەرنجدان بەوەی نووسەرانی تیشک و خوێندەوارانی کورد، بنەما گشتییەکانی ڕێنووسی کوردی دەزانن، بە پێویستیمان نەزانی هەموو بەشەکانی ڕێنووسی کوردی لێرە بنووسینەوە و تەنیا لەم نووسراوە کورتەدا ئاماژە بەو خاڵانە کراوە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران لەبەرچاویان ناگرن و بە هەڵە دەیاننووسن.

وتارەکانی گۆڤار

لە نیشانەناسییەوە تا ئوستوورەپەردازی: خوێندنەوەی شێعری «کیژی سوور خاوەن مانگە»ی لەیلا ساڵحی

پوخته‌ی بابه‌ت: ئوستووره‌ گێڕانه‌وه‌ یان كۆمه‌ڵه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌مزی و نمادینی ئاوات، بایخ، ترس و ویستی میلله‌ته‌كانن، گێڕانه‌وه‌ و ده‌ربڕینێك چ له‌ ڕێگه‌ی حیكایه‌ت و به‌یت و باو و به‌ گشتی داب و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ،چ به‌ زمانی ئه‌ده‌بیات، سینما ، نیگاركێشی و…

وتارەکانی گۆڤار

بە ناو کوردستانی ئازاددا؛ گەشتێک بە ناو وڵاتێکی تەژی لە متمانە

پێشەکی لە نێوان ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر کوردستان، ژیانی گەلی کورد، ناسنامە و مێژووی ئەم گەلە نووسراون، هەندێک کتێب تەنها بەهۆی زانیارییەکانیان گرنگ نین، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە بتوانن کوردستان و کورد لە ڕوانگەی مرۆڤێکی گەشتیار، چاودێر و بیرمەندەوە پیشان بدەن. کتێبی…