بازدان بۆ ناوەڕۆک

وتارەکانی گۆڤار

داڕشتنی دێمۆکراسی لە ئێرانی سبەینێ

پوختە

ئەگەر نەتەوە جۆراوجۆرەکان ھەست بکەن کە زمان، کولتوور و مافە شارستانییەکانیان لە پێکھاتە نوێیەکەدا پشتگوێ دەخرێت، ئەوا ئەو پێکھاتەیە لە ڕوانگەی ئەخلاقی و سیاسییەوە لە ڕەواییی دێموکراتیک بێبەش دەبێت. بەشداریی چالاکی نەتەوەکان لە پرۆسەی گوازتنەوەدا، زامنکەری گوزەرە لە «دەسەڵاتی نەتەوەپەرستی ناوەندی و ستەمکار» بەرەو «سەروەریی نەتەوەکان بەسەر چارەنووسی خۆیان»دایە. دێموکراسیی ڕاستەقینە تەنھا لە ڕێگەی بەشداری لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەدی دێت کە تێیدا پشتیوانی لە بەها شارستانییەکان ھاوکات لەگەڵ بە فەرمی ناسینی جیاوازییە نەتەوەیییەکان ڕێزی لێ دەگیرێت.

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
شاهۆ مەتین
جۆر
وتاری گۆڤار
بڵاوکراوەتەوە لە
گۆڤاری تیشک
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/13
بەرگ
٢٨
ژمارە
٧٤
ISSN
2942-7894
زمان
کوردی
لاپەڕەکان
١٠١ – ١١٠
داگرتنی PDF

ئەگەر نەتەوە جۆراوجۆرەکان ھەست بکەن کە زمان، کولتوور و مافە شارستانییەکانیان لە پێکھاتە نوێیەکەدا پشتگوێ دەخرێت، ئەوا ئەو پێکھاتەیە لە ڕوانگەی ئەخلاقی و سیاسییەوە لە ڕەواییی دێموکراتیک بێبەش دەبێت. بەشداریی چالاکی نەتەوەکان لە پرۆسەی گوازتنەوەدا، زامنکەری گوزەرە لە «دەسەڵاتی نەتەوەپەرستی ناوەندی و ستەمکار» بەرەو «سەروەریی نەتەوەکان بەسەر چارەنووسی خۆیان»دایە. دێموکراسیی ڕاستەقینە تەنھا لە ڕێگەی بەشداری لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەدی دێت کە تێیدا پشتیوانی لە بەها شارستانییەکان ھاوکات لەگەڵ بە فەرمی ناسینی جیاوازییە نەتەوەیییەکان ڕێزی لێ دەگیرێت.

دەستپێک

ڕێگەی گوزەر لە ستەمکاری و فاشیزم بەرەو دیموکراسی لە ئێراندا، یەکێک لە ھەستیارترین و ئاڵۆزترین سەردەمەکانی مێژووی خۆی تێپەڕ دەکات.

لە ناوەندی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە چارەنووسسازەدا، پرسی بنەڕەتی ئەوەیە کە: «ئێران لە دوای کۆماری ئیسلامی چۆن و بە چ ڕێبازێک دەبێت بەڕێوە بچێت تا جارێکی تر نەکەوێتە ناو بازنەی ستەمکاری، شەڕی ناوخۆ یان داڕمانەوە؟»

پێشوەختە وڵامدانەوەی ئەم پرسە سەرەکییە، گرێدراوی تێگەیشتنی واقعبینانە لە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و مرۆییی وڵاتە. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و ڕەنگاوڕەنگە، کە لە نەتەوە و پێکھاتە جۆراوجۆرەکان پێکھاتووە؛ لەوانە کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب، لوڕ، تورکمەن و فارس. ئەم فرەچەشنییە قووڵە مێژوویی، زمانی و کولتوورییە، نەک ھەڕەشەیەکی ئەمنی، بەڵکو واقعێکی پێکھاتەییە کە پشتگوێخستنی لە ھەر پیلان و پڕۆژەیەکدا بۆ داھاتوو، سەرھەڵدانەوەی خۆسەپێنی بەرهەم دێنێتەوە.

مێژووی سیاسیی ھاوچەرخی ئێران سەلماندوویەتی کە سەنترالیزمی ڕەھا و سیاسەتی شکستخواردووی «یەکدەستکردنی زۆرەملێ» لە سەرەوە، ھەمیشە هۆکاری پەراوێزخستنی ناوچە پەراوێزەکان بووە، کەڵەکەبوونی داخوازییە سەرکوتکراوەکان لە ئەنجامدا، ناسەقامگیریی بەردەوامی لێ کەوتووەتەوە. لەبەر ئەوە، پێکھێنانی جێگرەوەیەکی دێموکراتیک، گشتگیر و بەردەوام بەبێ بەشداریی چالاک، یەکسان و ڕێکخراوەیی تەواوی نەتەوەکانی ئێران بە کردەوە مەحاڵە.

ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە تیۆرییەکان و ڕێبازی مۆدێرنی زانستە سیاسییەکان، کۆمەڵناسیی سیاسی و مافی گشتی، لایەنەکانی ئەم پێویستییە پێکھاتەییە شیتەڵ دەکات. باسەکانی داهاتوو ھەوڵ دەدەن نیشان بدەن چۆن دەکرێت بە تێپەڕبوون لە نەریتە کۆنەکانی ناوەندێتی، بەئەمنیەتیکردن و نەبوونی متمانەی مێژوویی، بەرەو پێکھاتەیەکی نوێ ھەنگاو بنرێت؛

پێکھاتەیەک کە تیایدا:

فرەچەشنی (پلۆرالیزم) جێگەی ستەمکارییە یەکدەنگییەکان بگرێتەوە،

فیدراڵیزم و دێسێنترالیزم ئامرازێک بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان بن و دادپەروەریی گوزەر و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی زامنکەری کەرامەتی مرۆیی تەواوی ھاووڵاتییان و شوناسەکان بن.

لە کۆتاییدا، گەیشتن بە ئێرانێکی ئازاد، ئارام و دێموکراتیک پێویستی بە گۆڕانکارییەکی پارادایمییە کە تێیدا، نەتەوەکانی ئێران نەک وەک «پەراوێزێکی ھەڕەشەئامێز»، بەڵکو وەک کۆڵەکە سەرەکییەکانی دێموکراسیی داھاتوو و چەترێکی ھاوبەش بۆ ژیانی ئاشتیانەی پێکەوەیی سەیر بکرێت.

شیتەڵکردن و لێکدانەوەی ڕۆڵ و پێگەی نەتەوەکان

نەتەوەکان لە دروستکردنی جێگرەوەیەکی دێموکراتیک بۆ ئێرانی داھاتوو، لە ڕوانگەی زانستە سیاسییەکان، کۆمەڵناسیی سیاسی و تیۆرییەکانی دەوڵەت-نەتەوە، یەکێکە لە ھەستیارترین و لە ھەمان کاتدا بنەماییترین باسەکانی گوزەر لە ستەمکارییە.

لە درێژەدا، ئەم بابەتە لەسەر بنەمای تیۆرییە مۆدێرنە سیاسییەکان شیتەڵ کراوە:

١. تیۆریی «دێموکراسیی ڕێککەوتنخواز»

ئارێند لیفھارت بەڵگە دێنێتەوە کە لە کۆمەڵگە فرەنەتەوەکاندا کە درز و کەلێنە قووڵە نەتەوەیی، زمانی یان ئایینییەکان تێیاندا بوونیان ھەیە، شێوازە نەریتییەکانی دێموکراسیی زۆرینە ھۆکاری ستەمکاریی زۆرینە یان شەڕی ناوخۆ دەبن.

ئامادەبوونی نەتەوە جۆراوجۆرەکان (کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب و…) نیشانەی کۆمەڵگەیەکی پلۆرالە. جێگرەوەیەکی دێموکراتیکی بەردەوام ناتوانێت لەسەر بنەمای سەنترالیزمی ڕەھا و ڕەتکردنەوەی شوناسە پەراوێزخراوەکان دروست ببێت.

لەسەر بنەمای ئەم تیۆرییە، پێکھاتەی داھاتووی ئێران بۆ بەردەوامی پێویستی بە دێموکراسیی ڕێککەوتنخواز ھەیە؛ سیستەمێک کە تێیدا دەسەڵات لە ئاستی نیشتمانیدا دابەش کرابێت و کۆمەڵگە خۆجێییەکان و نەتەوەکان لە خۆبەڕێوەبەریی کولتووری، زمانی و سیاسی (لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا) بەھرەمەند بن تا ھیچ گرووپێک ھەست بە ھەڵاواردن یان سڕینەوە نەکات.

٢. تیۆریی «مافی چارەی خۆنووسین» و دێموکراسیی بەشداریخواز

بە بۆچوونی یوورگن ھابرماس، دیموکراسیی بەشداریخواز لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرنەوە، ڕەواییی ھەر سیستەمێکی سیاسی بە ڕەزامەندیی ئاگایانە و ئازادانەی تەواوی ھاووڵاتییانییەوە بەستراوەتەوە.

ئەگەر نەتەوە جۆراوجۆرەکان ھەست بکەن کە زمان، کولتوور و مافە شارستانییەکانیان لە پێکھاتە نوێیەکەدا پشتگوێ دەخرێت، ئەوا ئەو پێکھاتەیە لە ڕوانگەی ئەخلاقی و سیاسییەوە لە ڕەواییی دێموکراتیک بێبەش دەبێت.

بەشداریی چالاکی نەتەوەکان لە پرۆسەی گوازتنەوەدا، زامنکەری گوزەرە لە «دەسەڵاتی نەتەوەپەرستی ناوەندی و ستەمکار» بەرەو «سەروەریی نەتەوەکان بەسەر چارەنووسی خۆیان»دایە. دێموکراسیی ڕاستەقینە تەنھا لە ڕێگەی بەشداری لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەدی دێت کە تێیدا پشتیوانی لە بەها شارستانییەکان ھاوکات لەگەڵ بە فەرمی ناسینی جیاوازییە نەتەوەیییەکان ڕێزی لێ دەگیرێت.

٣. ڕەخنە لە تیۆریی «شوناسخوازیی نەتەوەییی مۆدێرن و ناوەندگەرا»

گێلنێر پێیوایە کە ناسیۆنالیزمی مۆدێرن ئارەزوو دەکات زمان، کولتوور و شوناسی خۆی بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا بسەپێنێت بۆ ئەوەی بۆرۆکراسی و دەوڵەت-نەتەوە کارا بن. سەرەڕای ئەوەش، لە وڵاتێکدا وەک ئێران کە لە سەرەتاوە بە فرەچەشنییەکی قووڵی مێژووییەوە پێکھاتووە، ھەوڵدان بۆ یەکدەستکردنی زۆرەملێ ھەمیشە بەرگری، قەیرانی شوناس و توندوتیژیی پێکھاتەیی بەرهەم هێناوە.

جێگرەوەی دێموکراتیک بۆ تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی دەبێت پارادایمی «دەوڵەت-نەتەوەی یەکپارچە و یەکدەست» لاببات و بەرەو چەمکی «دەوڵەتێکی فرەنەتەوە لەسەر بنەمای ھاووڵاتیبوونی یەکسان» ھەنگاو بنێت.

«ڕەتکردنەوەی ناوەندگەرایی پاوانخواز بە مانای پارچەپارچەبوون نییە، بەڵکو بە مانای دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سەرچاوەکان لە ڕێگەی سیستەمی فیدراڵی یان خۆمۆختارییە خۆجێییەکانە کە سەقامگیریی وڵات مسۆگەر دەکات.»

٤. تیۆریی «مافی کەمینەکان و دادپەروەریی گوزەر»

لە ئەدەبیاتی سیاسیدا، دادپەروەریی گوزەر و چارەسەرکردنی ڕیشەیی قەیرانەکانی ڕابردوو مەرجی پێشوەختە بۆ چەسپاندنی دیموکراسین. نەتەوە جۆراوجۆرەکان لە ئێراندا لە درێژەی دەیان ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چوارچێوەی چوارینەی ھەڵاواردنی سیستەمیکی (ئابووری، سیاسی، نەتەوەیی و کولتووری-زمانی) بوونەتەوە.

هیچ جێگرەوەیەک بەبێ پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی دیاریکراو بۆ قەرەبووکردنەوەی ھەڵاواردنە مێژووییەکان، خوێندن بە زمانی دایک، و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانە نیشتمانییەکان لە نێوان پارێزگا و ناوچە جیاوازەکاندا، ناتوانێت متمانەی نەتەوە غەیرە فارسەکان بەدەست بهێنێت. بەشداریی ئەم نەتەوانە لە نووسینەوەی دەستووری داھاتوودا، زامنکەری ئەوەیە کە مافی هیچ نەتەوەیەک جارێکی تر پێشێل نەکرێتەوە.

لە ڕوانگەی زانستە سیاسییەکان، کۆمەڵناسیی ناڕەزایەتییەکان و تیۆرییەکانی ئەمنیەت و گوزەر، سێ تەوەرەی سەرەکی باس کراوە لەبارەی پێویستیی بەشداریی نەتەوەکان لە دروستکردنی جێگرەوەدا کە بەم شێوەیەن:

١. دابینکردنی ڕەواییی گشتگیر و تیۆریی «گرێبەستی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن»:

تیۆریی گرێبەستی کۆمەڵایەتی (جۆن لۆک، ژان ژاک ڕوسۆ) و تیۆریی ڕەواییی ڤێبەر (ماکس ڤێبەر) ڕەوایی بەسەر سێ جۆردا دابەش دەکەن: نەریتی، عەقڵانی-یاسایی و کارزماتیک.

لە کۆمەڵگەیەک کە ستەمکاری تێپەڕاندووە، ڕەواییی دیموکراتیک تەنھا لە ڕێگەی ڕەزامەندیی گشتیی تەواوی پێکھاتەکانی کۆمەڵگەوە بەدەست دێت.

ئەگەر جێگرەوەیەکی سیاسی تەنھا لە ناوەندەوە و لەلایەن گرووپێکی زمانی یان کولتووریی تایبەتەوە دابڕێژرێت، لە ھەمان سەرەتاوە تووشی «قەیرانی ڕەوایی» دەبێت. گرێبەستی کۆمەڵایەتیی داھاتووی ئێران کاتێک بەھای یاسایی و ئەخلاقی پەیدا دەکات کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی تەواوی نەتەوەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و لە نووسینەوەی مافە بنەڕەتییەکاندا (وەک مانیفێستی گوزەر یان دەستووری کاتی) پشک و واژۆیان ھەبێت. بەبێ ئەم بەشدارییە، یاسای داڕێژراو لە ڕوانگەی خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکانەوە، بە درێژەپێدانی ھەمان ڕێبازی «ستەمکاریی ناوەندی» دادەنرێت.

٢. توانای سەرکردایەتیکردنی جەماوەری و «تیۆریی سەرچاوەکان و دەرفەتە سیاسییەکان»:

تیۆریی سەرچاوەکانی چارلز تیلی و مەکارتی، و تیۆریی پێکھاتەی دەرفەتە سیاسییەکان بەڵگە دێننەوە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەرکەوتن پێویستیان بە تۆڕەکانی ھاوکاریی پێشوەختە، سەرکردایەتیی خۆجێیی و تین و تووڕەیی بەرز ھەیە. لەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕووبەڕووی ھەڵاواردنی پێکھاتەیی بوونەتەوە، شوناسە نەتەوەیییەکان بەھۆی بوونی پەیوەندییە قووڵە سۆزداری، زمانی و مێژووییەکانەوە، بەھێزترین «تۆڕی ھاوکاری» بۆ جووڵاندنی جەماوەری دابین دەکەن.

گۆڕانکارییەکانی دەیان ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا (بەتایبەت لە کوردستان، بەلووچستان و ئازەربایجان) نیشانی داوە کە ئەم ناوچانە بەھۆی کەڵەکەبوونی داخوازییە ئابووری، سیاسی و کولتوورییەکانەوە، خاوەنی بەرزترین ئاستی خۆڕاگری و توانای ناڕەزایەتیی شەقامن کە ڕێکخراو ببن. ھەر جێگرەوەیەک کە ئەم بزوێنەرە بەھێزە پشتگوێ بخات یان بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، لە ڕاستیدا قۆڵی جێبەجێکار و مەیدانیی بەھێزی لەدەست داوە و توانای پەکەوتنی پێکھاتە ستەمکارەکەی نامێنێت.

٣. مسۆگەرکردنی سەقامگیریی داھاتوو و پێشگرتن لە شەڕی ناوخۆ:

تیۆرییەکانی دەوڵەتسازی لە نووسینی فرانسیس فوکویاما و چارلز تیلی، و تیۆریی بەڕێوەبردنی قەیرانە نەتەوەیییەکان باوەڕیان وابووە کە مانەوە و بەردەوامیی وڵاتێک دوای داڕمانی ستەمکاری، بە ڕادەی «توانای دامەزراوەیی دەوڵەت» و «گشتگیریی پێکھاتەی دەسەڵات» بەستراوەتەوە. ئەگەر لە کاتی گۆڕاندا، نەتەوە پەراوێزخراوەکان ھەست بکەن کە دیسانەوە دەچنەوە پەراوێز، ئەوا ئارەزوو بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوەند، پێکدادانی چەکداری یان شەڕی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

بەشداریی ئەمڕۆی نەتەوەکان لە پرۆسەی جێگرەوەسازیدا، وەک «سۆپاپی دڵنیایی» و میکانیزمێکی پێشوەختە کار دەکات. کاتێک داخوازییەکانی نەتەوەکان (وەک مافی خوێندن بە زمانی دایک، گەشەپێدانی ھاوسەنگی ئابووری و بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیدا) لە گوتاری جێگرەوەی دێموکراتیکدا پەسەند و چەسپێنران، ئیتر پێویست بە پەنابردن بۆ توندوتیژی یان جوداخوازی ناگلێتەوە. بەشداریی ئەمڕۆ، سەرمایەی کۆمەڵایەتی و متمانەی بەرامبەر بەرز دەکاتەوە و مسۆگەر دەکات کە گواستنەوەی دەسەڵات لە بری داڕمان بۆ ئاژاوە، بۆ گوزەرێکی ئاشتیانە و دیموکراتیک بگۆڕدرێت.

کەواتە شیتەڵکردن و لێکدانەوەی سێ قەیرانی کلیدی و پێکھاتەیی لە ڕێگەی نزیکبوونەوەی نێوان ڕەوتە سەراسەرییەکان و حیزبە نەتەوەیییەکان لە ئێراندا، لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵناسیی سیاسی و تیۆرییەکانی ململانێوە بەم شوێنەی خوارەوەیە:

١. ناوەندگەرایی نەریتی و تیۆریی «دەوڵەت-نەتەوەسازی لە سەرەوە»:

تیۆرییەکانی نۆژەنکردنەوە و دەوڵەتسازیی ناوەندگەرایانە کە ڕەوتە ناوەندگەرایەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نەریتی زۆرجار بەبێ ئاگایی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری مێژوویی «ڕەزاشایی یان پەھلەویی یەکەم» لە دەوڵەت-نەتەوەسازیدا؛ ئەوا میناکێکە کە تێیدا «یەکپارچەیی» لەگەڵ «یەکدەستکردنی کولتووری و زمانی» بە ھاوواتا دەزانرێت. لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە پێیوایە کە فرەچەشنییە نەتەوەیییەکان ھەڕەشەن بۆ سەر یەکپارچەیی نەتەوەیی و دەسەڵات دەبێت لە ناوەند (پایتەخت)دا کۆببێتەوە تا بۆرۆکراسی کارا بێت.

ئەم پێداگرییە نەریتویستییە لەسەر پاراستنی پێکھاتەی کارگێڕیی سێنترالی، بە دروستی ئەو خاڵەیە کە بەرەی دژەستەمکاری تووشی درزی ناوخۆیی دەکات. نەتەوەکان ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بە درێژەپێدانی لۆژیکی ستەمکاریی ڕابردوو لە بەرگێکی نوێدا دەزانن کە مافە کولتووری و سیاسییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە. تا ئەو کاتەی ڕەوتە سەراسەرییەکان پارادایمی خۆیان لە «سەنترالیزمی مۆنۆپۆلخواز»ییەوە بۆ «فرەچەشنی و دابەشکردنی دەسەڵات» نەگۆڕن، بەربەستێکی گەورە لە بەردەم لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەدا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە.

٢. ترس لە جوداخوازی و تیۆریی «ئەمنیەتیکردنی ململانێکان»

تیۆریی ئەمنیەتیکردن (باری بوزان و مەکسوینی لە مەکتەبی کۆپنهاگن) باوەڕیان وابووە کە تا کاتێک بابەتێک (وەک داخوازییە شوناسخوازەکان) لە چوارچێوەی سیاسەتی ئاسایی دەردەچێت و دێتە ناو چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، هەرچەشنە گفتوگۆ، چاوپۆشی یان سازشێک شوێن خۆی بە دیدگای ئەمنی، سڕینەوە و تاگلێدان دەدات.

کۆماری ئیسلامی چەندین دەیەیە بە تاگلێدانی «جوداخوازی» لە هەرچەشنە داخوازییەکی مەدەنی و مافخوازانەی نەتەوەکان، بەدوای ئەمنیەتیکردنی ئەم فەزایەدا بووە. بەداخەوە، بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی نەریتی و ناوەندگەرا (بەرەی پاشایەتیش) بەبێ ئاگایی یا ئاگادارانە لەناو هەمان گوتاری ئەمنیەتیکردنەوە سیاسەت دەکەن. ئەوان لە ترسی درۆینەی داڕمانی سنووری، هەرچەشنە نەخشەیەکی فیدراڵیزم یان خۆمۆختاریی نەتەوەیی بە هاوواتای جوداخوازی دەزانن. ئەم ترساندنە سیستەماتیکە، بە کردەوە بە قازانجی دەسەڵاتی ستەمکاری فەرمانڕەوا تەواو دەبێت و لە دروستبوونی هاوپەیمانییەکی سەراسەریی دژی دیکتاتۆری ڕێگرە.

٣. نەبوونی دیالۆگی نیشتمانی و تیۆریی «پەندۆکی ئەمنی لە سیاسەتی ناوخۆدا»

تیۆریی پەندۆکی ئەمنی (جۆن هێرز / بری پوزن لە شیکردنەوەی ململانێ نەتەوەیییەکان)، چەمکی پەندۆکی ئەمنی کە لە بنەڕەتدا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەکاردێت، بۆ کۆمەڵگە تووشبووەکان بە داڕمان یان گوزەر دەگوازێتەوە. کاتێک نەتەوەکان تووشی متمانەنەبوونی مێژوویی قووڵ دەبن و هیچ دامەزراوەیەکی بێلایەن بۆ مسۆگەرکردنی ئەمنیەت و مافەکانیان بوونی نییە، هەر هەنگاوێک لەلایەن نەتەوەیەکەوە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات یان مسۆگەرکردنی مافەکانی، لەلایەن نەتەوەی بەرامبەرەوە بە هەڕەشەیەکی مەترسیدار لێکدەدرێتەوە.

نەبوونی «پلاتفۆرم یان مێزی دیالۆگی نیشتمانی» و بوونی چەندین دەیە متمانەنەبوونی مێژوویی لە نێوان نەتەوە/دەسەڵاتی ناوەند و پەراوێزدا، بێگومان نموونەیەکی زەق بۆ پەندۆکی ئەمنیی ناوخۆیە. حیزبە نەتەوەیییەکان لەوە دەترسن کە دوای ڕووخانی حکوومەتی ناوەندی، دیسانەوە مافەکانیان پێشێل بکرێت و ڕەوتە ناوەندگەراکانیش لە بەهێزبوونی پەراوێز دەترسن. بەبێ دروستکردنی میکانیزمی گفتوگۆی ڕێکخراو، متمانەسازیی بەرامبەر و نووسینەوەی مانیفێستی هاوبەشی دێموکراتیک، ئەم سووڕەی گومان و دوورکەوتنەوەیە هەر بەردەوام دەبێت.

هەروەها بە بۆچوونی نووسەر، چوار ڕێگەی پێکهاتەیی پێشنیارکراو بۆ دروستکردن و دابینکردنی جێگرەوەیەکی بەردەوام لە ئێراندا، لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی دێموکراسی، زانستی سیاسەت و مافی گشتییەوە بریتین لەوانەی خوارەوە:

١. پەسەندکردنی فرەچەشنی (پلۆرالیزم) و تیۆریی «دێموکراسیی فرەچەشن» (پلۆرالیستیک)

چارڵز تایلۆر لە تیۆریی «سیاسەتی ناسینەوە»دا بەڵگە دەهێنێتەوە کە مرۆڤەکان و شوناسە کۆمەڵایەتییەکانیان پێویستیان بە بینین و ڕێزگرتن هەیە. پشتگوێخستنی شوناسە نەتەوەیی، زمانی و کولتوورییەکان، جۆرێک زەبر و زەنگی دەروونی و سیاسیی پێکهاتەیی دروست دەکات کە خۆڕاگری و قەیرانی شوناس بەرهەم دێنێت. ڕابرت دالیش دێموکراسی لە سەرووی حکوومەتی زۆرینەوە، بۆ کێبڕکێی ئازادانە و بەشداریی کۆمەڵگەکان بە دیدگا و شوناسی جۆراوجۆر بە پێویست دەزانێت.

تۆمارکردنی فرەچەشنی لە بەڵگە سیاسییەکانی جێگرەوەدا بە مانای تێپەڕبوون لە سیاسەتی «یەکدەستکردنی زۆرەملێی ڕابردوو» هەژمار دەکرێت. بە فەرمی ناسینی زمان، کولتوور و شوناسی نەتەوە جۆراوجۆرەکان لە مانیفێستە سیاسییەکاندا، دڵنیایی دەبەخشێت کە ئێرانی داهاتوو نەک ماڵی گرووپێکی تایبەت، بەڵکو هی تەواوی منداڵانی خۆی بە هەر پێشینەیەکی زمانی و کولتوورییەوە بێت.

٢. دێسێنترالیزم و فیدراڵیزم و تیۆریی «دابەشکردنی دەسەڵات و ئەندازیاریی پێکهاتەیی»

دانیێل ئەلازار، تیۆریناسی ناسراوی فیدراڵیزم، دەردەخات کە لە وڵاتە فرەنەتەوەکان، فیدراڵیزم ئامرازێکی کارا و گونجاو بۆ تێکەڵکردنی «یەکپارچەیی لەگەڵ فرەچەشنی»دایە. ئەم مۆدێلە ڕێگە دەدات کاروباری خۆجێیی لەلایەن خودی کۆمەڵگە خۆجێییەکانەوە بەڕێوە بچن، لە کاتێکدا کاروباری گەورە (وەک سیاسەتی دەرەوە و بەرگریی نیشتمانی) لە ئاستی ناوەنددا بەڕێوە دەچن.

دێسێنترالیزم و پێکهاتەکانی پشتئەستوور بە بەڕێوەبردنە فیدراڵییەکان، وڵامێکی پێکهاتەییی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی سامان و دەسەڵات لە پایتەختدایە. ئەم ڕێبازە لە جیاتی کەڵەکەبوونی دەسەڵات لە ناوەند و دروستکردنی گەندەڵی و نایەکسانیی ناوچەیی، سەروەت و دەسەڵاتی بڕیاردان بۆ هەرێم، پارێزگا و ناوچە پەراوێزخراوەکان دەگەڕێنێتەوە و بەم شێوەیەش، ویستی جوداخوازی و لێکدابڕان بێمانا دەکاتەوە.

٣. دادپەروەریی گوزەر و تیۆریی «چاکسازی و قەرەبووکردنەوەی پێکهاتەیی»

جان ڕاڵز لە تیۆریی «دادپەروەری وەک یەکسانی»دا بەڵگە دەهێنێتەوە کە نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان تەنیا لەو کاتەدا ڕەوان کە بە سوودی هەژارترین ئەندامەکانی کۆمەڵگە ببن و قەرەبووکردنەوەی هەڵاواردنەکانی ڕابردوو مەرجی پێشوەختە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی یەکسانن. دادپەروەریی گوزەر جەختیش لەسەر پێویستیی قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی گەیشتوو بە نەتەوە پەراوێزنشینەکان و قوربانیانی ستەمی سیستەمیک دەکاتەوە.

ناوچەکانی نیشتەجێبوونی نەتەوە نافارسەکان لە ئێراندا، دەیان ساڵە بەدەست نەبوونی ژێرخانی ئابووری، نەبەستنی سەرمایە و دواکەوتووییەوە دەناڵێنن. خستنەڕووی «دادپەروەریی گوزەر» لە بەرنامەی جێگرەوەی دێموکراتیکدا، بە مانای پابەندبوونی ڕوون بە تەرخانکردنی بودجەی قەرەبووکەرەوە، گەشەپێدانی هاوسەنگ و نەهێشتنی هەڵاواردنە مێژووییەکان دێت، بۆ ئەوەی متمانەی لەدەستچوو دووبارە بونیات بنرێتەوە.

٤. مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و تیۆریی «ڕەواییی جیهانی و مافی کەمینەکان»

لە مافی گشتیی مۆدێرندا، ڕەواییی دەوڵەتێک تەنیا بە ڕەزامەندیی ناوخۆیی سنووردار نابێت، بەڵکو بە پابەندبوونی بە پێوەری نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکانەوە دەبەسترێتەوە. ئەو حکوومەتانەی کە پێوەرە جیهانییەکان پەیڕەو دەکەن، لە پشتگیریی یاسایی و دیپلۆماسیی کۆمەڵگای جیهانی بەهرەمەند دەبن و سەقامگیرییەکی درێژخایەنتریان دەبێت.

پابەندبوونی بێمەرج بە بەیاننامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و مانیفێستە پەیوەندیدارەکان بە مافی کەمینەکان و نەتەوەکانەوە، هێڵی سوور بەسەر ڕێبازە خۆسەپێن و ستەمکارەکانی ڕابردوودا دەکێشێت. ئەم پابەندبوونە دڵنیایی دەبەخشێت کە مافە تاکەکەسییەکانی هاووڵاتییان و مافە بەکۆمەڵەکانی نەتەوەکان (وەک مافی خوێندن بە زمانی دایک، ئازادییە ئایینی، مەدەنی و سیاسییەکان) وەک هێڵی سووری دەستکارینەکراو لە دەستووری داهاتوودا بچەسپێنرێن.

بۆ شیکردنەوەیەکی قووڵتری بەشەکانی سەرەوە، زیاتر دەگەینە ناوەندی قەیرانەکانی گوزەری سیاسی لە ئێراندا. لە درێژەدا، هەریەک لەم سێ تەوەرە و پاشان شیکردنەوەی تیۆریی گشتگیریی ئەوان هاتووە:

١. لێکۆڵینەوە لە مۆدێلە فیدراڵییە گونجاوەکان بۆ پێکهاتەی داهاتووی ئێران

بۆ وڵاتێک کە خاوەنی پێکهاتەی فرەنەتەوە و فرەچەشنیی نەتەوەیی، جوگرافیایی و مێژووییە، مۆدێلە جۆراوجۆرەکانی فیدراڵیزم لە زانستی سیاسەتدا دەخرێنە ڕوو کە دەبێت لەگەڵ ڕاستییە ژینگەیی و واقیعییەکانی ئێراندا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت:

الف) فیدراڵیزمی جوگرافیایی-ناوچەیی: لەم مۆدێلەدا، سنووری ئەیالتەکان یان پارێزگا فیدراڵەکان لەسەر بنەمای پێوەرە ئابووری، مێژوویی و جوگرافیاییەکان، نەک تەنیا لەسەر بنەمای هێڵی نەتەوەیی کێش دەکرێن. ئەم مۆدێلە تا ڕادەیەکی زۆر نیگەرانییەکان لەبارەی جیابوونەوە یان پچڕانی ناسنامەی نیشتمانی کەم دەکاتەوە، چونکە ئەیالتەکان ناوی جوگرافیاییان هەیە و هەموو هاووڵاتییانی ئێران لە هەر ئەیالتێکدا لە مافی یەکسان بەهرەمەند دەبن (وەک مۆدێلی ئەڵمانیا یان ویلایەتە یەکگرتووەکان).

ب) فیدراڵیزمی فرەنەتەوەیی یان نەتەوەیی-سنووری: لەم مۆدێلەدا، سنووری یەکە فیدراڵییەکان بە شێوەیەک دادەڕێژرێت کە لەگەڵ ناوچەکانی زۆرینەی نەتەوە تایبەتەکاندا (وەک کوردستان، بەلووچستان، ئازەربایجان و…) بگونجێت تا خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیی و کولتووری بە لووتکە بگات. ئەمە وڵامێکی ڕاستەوخۆ، دادپەروەرانە و پێکهاتەییە بۆ دەیان ساڵ هەڵاواردن و داخوازیی ناسنامەخوازانە، و مافی بەڕێوەبردنی خۆجێیی، خوێندن بە زمانی دایک و گەشەپێدانی ناوخۆیی بە فەرمی دەناسێت.

ج) مۆدێلی تێکەڵاو یان «فیدراڵیزمی نایەکسان»: وەک ڕێگایەک لە نێواندا، هەندێک ناوچە بەهۆی تایبەتمەندییە زمانی، کولتووری یان داخوازییە مێژووییە تایبەتەکانەوە، لە جۆرێک خۆمۆختاری یان دەسەڵاتی یاساییی بەرفراوانتر (نایەکسان) بەراورد بە پارێزگاکانی تر بەهرەمەند دەبن (وەک مۆدێلی ئیسپانیا یان کەنەدا لە بەرامبەر کێبێک). ئەم مۆدێلە میکانیزمی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی فرەچەشنییە قووڵەکان دابین دەکات بەبێ ئەوەی سیستەمێکی زۆر شکاو دروست بکات.

٢. هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی حیزبە کوردییەکان لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوودا

بزووتنەوەی نەتەوەیی و حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران (وەک حیزبی دێموکرات) بە هۆکاری پێکهاتەیی و مێژووییەوە، ڕۆڵێکی پێشڕەویان لە گۆڕانکارییەکاندا گێڕاوە:

الف) گۆڕینی داخوازییە خۆجێییەکان بۆ گوتاری سەراسەری (گشتی): درووشمی سەرەکیی «ژن، ژیان، ئازادی» کە ڕیشەکەی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی، مەدەنی و فێمینیستی کوردستاندا بوو، بوو بە ناوەندی نزیکبوونەوەی گشتی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١دا و نیشانی دا کە داخوازییە پەراوێزخراوەکان توانای گۆڕانکارییان بۆ گوتارێکی هاوبەشی نیشتمانی هەیە.

ب) ڕێکخستن و خۆڕاگریی پێکهاتەیی: پێچەوانەی ناڕەزایەتییە خودڕێکخەرەکان لە هەندێک شاری ناوەندیدا، ناوچە کوردنشینەکان پشتئەستوور بە تۆڕە مەدەنییەکان، نەریتە پێشوەختەکان و حیزبە ڕێکخراوەکانن. ئەم ڕێکخستنە بووەتە هۆی دروستبوونی مانگرتنی گشتیی سەرانسەری و ڕێکخراو (وەک مانگرتنە گشتگیرەکان لە ساڵوەگەڕەکاندا) کە ئامرازێکی ئابووریی بەهێز بۆ پەکەوتنی کۆڵەکەکانی حاکمییەتن.

ج) باجدان و پێشەنگی لە هاوپەیمانێتیدا: حیزبە کوردییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی هاوبەشی هاوپەیمانی (وەک هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران) نیشان بدەن کە بەرەو یەکڕیزیی ناوخۆیی و ئارەزووی گفتوگۆ لەگەڵ ڕەوتە ئێرانییەکانی تریشدا دەجووڵێن.

٣. چۆنیەتیی متمانەبەخشینی بەرامبەر لە نێوان ڕەوتە سەرانسەری و خۆجێییەکاندا

کێشەی سەرەکی لە ئێراندا، «مەتەڵی (گرێپووچکەی) متمانەنەبوونی مێژوویی»یە. بۆ شکاندنی ئەم بنبەستە، ئەم میکانیزمانە پێویستن:

الف) گۆڕینی پارادایم لە «خۆدوورخستنەوە لە گفتوگۆ» بۆ «پەیمانی گوزەر»: ڕەوتە سەرانسەرییەکان دەبێت قەبووڵ بکەن کە دێسێنترالیزم هەڕەشە نییە، و حیزبە خۆجێییەکانیش دەبێت نیشان بدەن کە چوارچێوەی تەواویەتیی زەمینیی دێموکراتیک بە فەرمی دەناسن.

ب) داڕشتنی مانیفێست و پەیماننامەی ڕوونی مافی زمانی و کولتووری: واژۆکردنی مانیفێستەکانی مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکان پێش ڕووخانی حکوومەت، دڵنیایی دەبەخشێت کە هیچ نەتەوەیەک لە دوای سەرکەوتن پەراوێز نەخرێت.

ج) ڕۆڵی دامەزراوە مەدەنییەکان و نێوەندگیرە بێلایەنەکان: چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆشنبیرانی سەربەخۆ، ئەکادیمییەکان و ژنان «پردی پەیوەندی و نێوەندگیریی متمانەساز» لە نێوان ناوەند و ناوچە پەراوێزخراوەکاندا دەبن، تا تێگەیشتنە هەڵەکان، ململانێی سیاسیی توندوتیژی لێنەکەوێتەوە.

شیکردنەوەی گشتگیر لەسەر بنەمای تیۆری و ڕێبازە سیاسییەکان

ئەم سێ بوارە دەکرێت لە ناخی چوار تیۆریی بنەماییی زانستی سیاسەت و کۆمەڵناسیی سیاسیدا شیکار بکرێن:

تیۆریی «ئەندازیاریی پێکهاتەیی و فیدراڵیزمی نەتەوەیی-ناوچەیی»:

هۆرۆویتز و لیفھارت بەڵگە دێننەوە کە لە کۆمەڵگە قووڵ دابەشبووەکان، پێکهاتە سیاسییەکان نابێت بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە براوە هەموو شتێک بباتەوە. فیدراڵیزم (بەتایبەت مۆدێلی تێکەڵ یان نایەکسان) ئامرازێک بۆ «ئەندازیاریی پێکهاتەیی»یە کە لە ڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە، دڵنیاییی پێکهاتەیی بە گرووپە نەتەوەیییەکان دەدات کە بەرژەوەندی، زمان و کولتووریان لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە سەرکوت یان سڕینەوەی بەسەردا نایەت.

تیۆریی «پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان»:

سیدنی تارۆ دەردەخات کە چۆن بزووتنەوە خۆجێییەکان و حیزبە ڕێکخراوەکان (وەک ئەوەی لە کوردستاندا دەبینرێت) لە دەرفەتە سیاسییەکانی بەرهەمهاتوو لە قەیرانی ڕەواییی دەوڵەتی ناوەندی کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییە خۆجێییەکان بۆ بزووتنەوەی خۆڕاگریی پێکهاتەیی بگۆڕن. ڕۆڵی حیزبە کوردییەکان نیشاندەری گرنگیی «سەرکردایەتیی ڕێکخراو» لە گۆڕینی توانای ناڕەزایەتی بۆ هێزی دانووستانی سیاسییە.

تیۆریی «پەندۆکی ئەمنی ناوخۆیی و متمانەسازی»:

وەک چۆن بری پوزن باسی دەکات، لە سەردەمی گوزەر یان داڕمانی دەسەڵاتی ناوەندیدا، نەبوونی گەرەنتیی جێبەجێکار بۆ ئەمنیەتی نەتەوەکان و کەمینەکان ترس لە بەرامبەر دێنێتە ئاراوە. چارەسەر بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم مەتەڵەدا، دروستکردنی «گرێبەستە پێشوەختەکان»ە؛ واتە پێش ئەوەی حکوومەت داڕمێت، هاوپەیمانییە سەرانسەرییەکان دەبێت بە بەخشینی ئیمتیازی یاسایی و سیاسیی ڕوون بە نەتەوەکان، زنجیری متمانەنەبوون بشکێنن.

تیۆریی «دێموکراسیی بەشداریخواز و سیاسەتی ناسینەوە»:

لە ڕوانگەی چارڵز تایلۆرەوە، قەیرانی شوناس و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ناوەند و پەراوێز کاتێک چارەسەر دەبێت کە سیاسەت لە «ڕەتکردنەوەی جیاوازییەکان»ەوە بۆ «ناسینەوەی یەکسانی جیاوازییەکان» بگۆڕێت. متمانەبەخشینی بەرامبەر تەنها کاتێک دروست دەبێت کە ڕەوتە سەرانسەرییەکان، شوناس و هۆکاربوونی سیاسیی نەتەوەکان نەک وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی، بەڵکو وەک «کۆڵەکەی ڕەوای دەسەڵاتی دێموکراتیکی داهاتوو» پەسەند و ڕەچاو بکەن.

ئەنجامگیری

گفتوگۆ لەبارەی پێگەی نەتەوەکان و هێزە نەتەوەیییەکان لە پرۆسەی ئاڵتەرناتیڤسازیدا بۆ تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی، سەرووی گفتوگۆیەکی تەنها سیاسییە، بەڵکو شیکردنەوەی «ئەندازیاریی مانەوە، سەقامگیری و دێموکراسی» لە ئێرانی سبەینێدایە. وەک لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی زانستی سیاسەت، کۆمەڵناسیی مێژوویی و بەڕێوەبردنی ململانێکانەوە ڕوونکرایەوە، ئێرانی سبەینێ ناتوانێت و دەبێت نە لەسەر بنەمای مۆدێلە کۆن و شکستخواردووەکانی «ناوەندگەرایی ڕەها» و «یەکدەستکردنی زۆرەملێ» بونیاد بنرێت.

پێداچوونەوەی گشتیی ئەم باسانە دەکرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:

فرەچەشنیی زمانی، کولتووری و نەتەوەیی لە ئێراندا (کورد، تورک، بەلووچ، عەرەب، لوڕ، تورکمەن، فارس و گرووپەکانی تر) حەقیقەتێکی زیندووی مێژووییە. هەر جێگرەوەیەک بیەوێت بێ ئامادەبوون و بەشداریی یەکسانی ئەم کۆڵەکانە پێکبێت، پێشوەختە ڕووبەڕووی «قەیرانی ڕەوایی» دەبێتەوە. ڕەواییی دێموکراتیک تەنها لە ڕێگەی ڕەزامەندیی ئاگایانە و بەشداریی تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەوە بەدەست دێت.

بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕیشەدارەکان لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا (لەوانە پێشەنگیی حیزب و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە کوردستان، بەلووچستان و ئازەربایجان) نیشانیان داوە کە بزوێنەری جەماوەری و ڕێکخراوی گۆڕانکارییەکان لە ئێراندان. پشتگوێخستنی ئەم بازووە بەهێزە، بە مانای بێبەشکردنی بەرەی ئازادیخوازی لە توانا مەیدانی و ستراتیژییەکەیە.

بۆ زاڵبوون بەسەر ترسی درۆینەی «جوداخوازی» و ڕووبەڕووبوونەوەی دیدگا ئەمنییەکەی حکوومەت و ڕەوتە پاوانخوازەکاندا، پێویستمان بە «گفتوگۆی نیشتمانی» و دروستکردنی «پێکهاتەی متمانەسازی پێشوەختە» هەیە. ڕەوتە سەرانسەری و خۆجێییەکان دەبێت قەبووڵی بکەن کە تەواویەتیی زەمینیی ئێران کاتێک دەپارێزرێت کە کەرامەت، زمان، کولتوور و مافە سیاسی و یاساییەکانی هەموو شوناسەکان لەناو پێکهاتەیەکی دێموکراتیی هاوبەشدا بە فەرمی بناسرێن.

ڕێگەی کارا بۆ ڕزگارکردنی ئێران لە بازنەی توندوتیژی و داڕمان، گرێدراوی جێبەجێکردنی مۆدێلە مۆدێرنەکانی دابەشکردنی دەسەڵات (وەک فیدراڵیزمی جوگرافیایی، ناوچەیی، نەتەوەیی یان نایەکسان)، جێبەجێکردنی دادپەروەریی گوزەر و پابەندبوونی بێمەرجە بە مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە.

لە کۆتاییدا، نەتەوەکانی ئێران نەک هەڕەشە نین بۆ سەر یەکپارچەیی وڵات، بەڵکو کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەقامگیری، دادپەروەری و دێموکراسی لە ئێرانی داهاتوودان. سەرکەوتنی هەر جێگرەوەیەک بەستراوە بە گۆڕینی ئێران لە «زیندانی نەتەوەکان»ەوە بۆ «چەترێکی هاوبەش، ئازاد و دیموکراتیک» کە تێیدا تاک بە تاکی هاووڵاتییان بە هەر شوناس و زمانێکەوە، پشکێکی یەکسانیان لە حوکمڕانیدا بەسەر چارەنووسی خۆیاندا هەبێت.

سەرچاوەکان و بیرمەندان

ئارێند لیفھارت (Arend Lijphart): تیۆریی «دێموکراسیی ڕێککەوتنخواز» (Consociational Democracy) و ئەندازیاریی پێکهاتەیی لە کۆمەڵگە پارچەپارچەبووەکاندا.

یوورگن ھابرماس (Jürgen Habermas): تیۆریی «دێموکراسیی بەشداریخواز» و ڕەواییی بەستراو بە ڕەزامەندیی ئاگایانەی هاووڵاتییان.

ئەرنێست گێلنێر (Ernest Gellner): تیۆریی «ناسیۆنالیزمی مۆدێرن، دەوڵەت-نەتەوە» و ڕەخنە لە یەکدەستکردنی زۆرەملێ.

جۆن لۆک و ژان ژاک ڕوسۆ (John Locke & Jean-Jacques Rousseau): تیۆریی «گرێبەستی کۆمەڵایەتی» و ڕەواییی سیاسی.

ماکس ڤێبەر (Max Weber): تیۆریی «ڕەوایی» (نەریتی، عەقڵانی-یاسایی، کارزماتیک).

چارلز تیلی و مەکارتی (Charles Tilly & McCarthy): تیۆریی «کۆکردنەوەی سەرچاوەکان و پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان».

فرانسیس فوکویاما (Francis Fukuyama): تیۆریی «دەوڵەتسازی و توانای دامەزراوەییی دەوڵەت».

باری بوزان و مەکسوینی (Barry Buzan & McSweeney): تیۆریی «ئەمنیەتیکردن» (مەکتەبی کۆپنهاگن).

جۆن هێرز و بری پوزن (John Herz & Barry Posen): تیۆریی «پەندۆکی ئەمنی» (لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی ناوخۆ / ململانێ نەتەوەیییەکان).

چارلز تایلۆر (Charles Taylor): تیۆریی «سیاسەتی ناسینەوە» و پێویستیی شوناسە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕێزگرتن و بینین.

ڕابرت دال (Robert Dahl): تیۆریی «دێموکراسیی فرەچەشن (پلورالیستیک)» و کێبڕکێی ئازادانەی کۆمەڵگەکان.

دانیێل ئەلازار (Daniel Elazar): تیۆریی «فیدراڵیزم و تێکەڵکردنی یەکپارچەیی لەگەڵ فرەچەشنیدا».

جان ڕاڵز (John Rawls): تیۆریی «دادپەروەری وەک یەکسانی» و قەرەبووکردنەوەی هەڵاواردنەکانی ڕابردوو.

دونالد هۆرۆویتز (Donald Horowitz): تیۆریی «ئەندازیاریی پێکهاتەیی و دابەشکردنی دەسەڵات لە کۆمەڵگە پارچەپارچەبووەکاندا».

سیدنی تارۆ (Sidney Tarrow): تیۆریی «بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەی دەرفەتە سیاسییەکان».

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە وتارەکانی گۆڤار

هەمووی ببینە
وتارەکانی گۆڤار

ڕێنووسی کوردی و ڕێنمایی نووسین

بە سەرنجدان بەوەی نووسەرانی تیشک و خوێندەوارانی کورد، بنەما گشتییەکانی ڕێنووسی کوردی دەزانن، بە پێویستیمان نەزانی هەموو بەشەکانی ڕێنووسی کوردی لێرە بنووسینەوە و تەنیا لەم نووسراوە کورتەدا ئاماژە بەو خاڵانە کراوە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران لەبەرچاویان ناگرن و بە هەڵە دەیاننووسن.

وتارەکانی گۆڤار

لە نیشانەناسییەوە تا ئوستوورەپەردازی: خوێندنەوەی شێعری «کیژی سوور خاوەن مانگە»ی لەیلا ساڵحی

پوخته‌ی بابه‌ت: ئوستووره‌ گێڕانه‌وه‌ یان كۆمه‌ڵه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌مزی و نمادینی ئاوات، بایخ، ترس و ویستی میلله‌ته‌كانن، گێڕانه‌وه‌ و ده‌ربڕینێك چ له‌ ڕێگه‌ی حیكایه‌ت و به‌یت و باو و به‌ گشتی داب و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ،چ به‌ زمانی ئه‌ده‌بیات، سینما ، نیگاركێشی و…

وتارەکانی گۆڤار

بە ناو کوردستانی ئازاددا؛ گەشتێک بە ناو وڵاتێکی تەژی لە متمانە

پێشەکی لە نێوان ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر کوردستان، ژیانی گەلی کورد، ناسنامە و مێژووی ئەم گەلە نووسراون، هەندێک کتێب تەنها بەهۆی زانیارییەکانیان گرنگ نین، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە بتوانن کوردستان و کورد لە ڕوانگەی مرۆڤێکی گەشتیار، چاودێر و بیرمەندەوە پیشان بدەن. کتێبی…