بازدان بۆ ناوەڕۆک

وتارەکانی گۆڤار

کاتێک پەروەردە دەبێتە کۆنترۆڵ

پوختە

کۆنتڕۆڵی دەروونی لە کۆنترۆڵی ڕەفتاری جیاوازە. کۆنترۆڵی ڕەفتاری بریتییە لە دانانی یاسا، ڕێنمایی و چاودێریکردنی ڕەفتاری منداڵ؛ بەڵام کۆنترۆڵی دەروونی دەچێتە ناو جیهانی ناوەوەی منداڵ و دەیەوێت هەست و بیرکردنەوە و کەسایەتیی ئەو ئاراستە بکات. لەو شێوازەدا، هەندێک تەکنیکی دەروونی بەکار دەهێنرێن؛ وەک دروستکردنی هەستی تاوان، شەرمەزارکردن، کێشانەوەی خۆشەویستی، سووکایەتی و بەکەم‌سەیرکردنی هەستەکانی منداڵ. هەروەها، بەراوردکاریی نەرێنی و چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەر دەتوانن ببنە شێوازێک بۆ دەستوەردان لە ئازادیی کەسیی منداڵ. ئامانجی ئەم کۆنترۆڵە زۆرجار ناچارکردنی منداڵە بۆ گوێڕایەڵی، پاراستنی دەسەڵاتی دایک و باوک و دروستکردنی وابەستەیی دەروونی؛ بە شێوەیەک کە منداڵ هەست بکات هەست و کەسایەتیی ڕاستەقینەی ئەو پەسەندکراو نییە.

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
م. خوشکان کامەران بابان
جۆر
وتاری گۆڤار
بڵاوکراوەتەوە لە
گۆڤاری تیشک
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/13
بەرگ
٢٨
ژمارە
٧٤
ISSN
2942-7894
زمان
کوردی
لاپەڕەکان
١٤٩ – ١٥٤
داگرتنی PDF

کۆنتڕۆڵی دەروونی لە کۆنترۆڵی ڕەفتاری جیاوازە. کۆنترۆڵی ڕەفتاری بریتییە لە دانانی یاسا، ڕێنمایی و چاودێریکردنی ڕەفتاری منداڵ؛ بەڵام کۆنترۆڵی دەروونی دەچێتە ناو جیهانی ناوەوەی منداڵ و دەیەوێت هەست و بیرکردنەوە و کەسایەتیی ئەو ئاراستە بکات. لەو شێوازەدا، هەندێک تەکنیکی دەروونی بەکار دەهێنرێن؛ وەک دروستکردنی هەستی تاوان، شەرمەزارکردن، کێشانەوەی خۆشەویستی، سووکایەتی و بەکەم‌سەیرکردنی هەستەکانی منداڵ. هەروەها، بەراوردکاریی نەرێنی و چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەر دەتوانن ببنە شێوازێک بۆ دەستوەردان لە ئازادیی کەسیی منداڵ. ئامانجی ئەم کۆنترۆڵە زۆرجار ناچارکردنی منداڵە بۆ گوێڕایەڵی، پاراستنی دەسەڵاتی دایک و باوک و دروستکردنی وابەستەیی دەروونی؛ بە شێوەیەک کە منداڵ هەست بکات هەست و کەسایەتیی ڕاستەقینەی ئەو پەسەندکراو نییە.

پێشەکی

ڕەفتارە نادروستەکان بەرامبەر بە منداڵان لە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرجار بەهۆی کەمیی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، هەژاری و نەزانییەوە، بە شێوەیەکی دروست نابینرێن و هەست بە قووڵیی کێشەکە ناکرێت. سەرباری ئەمەش، هەندێک فاکتەری ئایینی و پاشخانی کەلتووری و کۆمەڵایەتی دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵاندا بگێڕن. لە هەندێک کۆمەڵگەدا، خێزانەکان هەوڵ دەدەن ڕووداوەکانی ئازاردان و دەستدرێژی بشارنەوە، بە تایبەتی لە ترسی لەدەستدانی شکۆ و ناوبانگی خێزان و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان.

کۆمەڵگەی کوردییش بەشێکە لەم دۆخە و ناتوانرێت بڵێین لە پەروەردەی ناتەندروستی و توندوتیژی بەرانبەر بە منداڵان بە تەواوی بێبەشە. بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت دان بەوەشدا بنرێت کە کۆمەڵگەی کورد هەڵگری بەها و داب‌ونەریتێکی جوان و مرۆڤدۆستانەیە و زۆرێک لەو بەها و ڕەوشەتانە فێری منداڵ دەکریت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانین بە تەنها هەبوونی ئەم بەها و داب‌ونەریتانە دڵنیابین لەوەی هەمیشە دەبنە هۆی پەروەردەیەکی دروست و دروستبوونی دەروونیێکی هاوسەنگ بۆ منداڵ.

ئایا لە کۆمەڵگەدا تەنها مێیینەکان تووشی ترس و سزا دەبنەوە؟

ڕەفتاری خراپ بەرانبەر بە منداڵان لە هەرێمی کوردستاندا پرسێکی پەیوەندیدار بە جێندەرەوەیە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالاردا کە تێیدا ئافرەتان لە پلەوپایەیەکی نزمتردان بە بەراورد بە پیاوان. بەڵام، بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق، ئافرەتانی کورد ڕووبەڕووی جیاکاریی کەمتر دەبنەوە، هەرچەندە هێشتا پێویستی بە باشترکردن هەیە.

ئەگەرچی یاساکانی کوردستان تاوانی شەرەف وەک تاوانی کوشتنی ئاسایی دەناسێنن، بەڵام ژمارەی ئەم جۆرە کوشتنانە بەردەوام لە زیادبووندا بووە. بەپێی شیکارییەکی ئاماری کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی 2013دا بڵاوکراوەتەوە، 236 ئافرەت تووشی برینداریی جەستەیی بوون لە ئەنجامی سزادانی شەرەفەوە، لەنێویاندا 113یان بەهۆی خۆسووتاندنەوە بووە.Taha(2019)

زۆربەی منداڵان ڕووبەڕووی هەردوو جۆری سزادانی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە. زۆرێک لە دایک و باوکان ڕێگەی ئاشتییانە/بێ توندوتیژییش بەکاردەهێنن (وەک ڕوونکردنەوەی هەڵەکان یان بێبەشکردن لە هەندێک ئیمتیاز)، بەڵام زیاتر لەگەڵ ڕێگە توندوتیژەکاندا تێکەڵی دەکەن. ئەو منداڵانەی تەنیا ڕێگەی بێ توندوتیژییان بەرانبەر بەکاردێت ڕێژەیەکی زۆر کەمن. (World Health Organization [WHO], 2026)

ئەگەر توندوتیژییەکەی مرۆڤ لە منداڵییەوە دەستی پێ کردبێت، برینەکانی ئەو قۆناغە تەنها بە کۆتایی منداڵی کۆتایی نایەن؛ بەڵکوو ئەزموونی توندوتیژی و مامەڵەی خراپ لە سەردەمی منداڵی دەتوانێت کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر دەروون و ڕەفتاری مرۆڤ دابنێت و لە داهاتوودا تووشبوون یان ئەنجامدانی توندوتیژی زیاد بکات.

هەڵەکانی پەروەردەکردنی منداڵ زۆرن، بەڵام لەم بابەتەدا سەرنجمان دەخەینە سەر چەند شێوازێکی باوی پەروەردە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کە پێویستیان بە ڕەخنە و لێکدانەوە هەیە:

١. پەروەردەکردن بە ترس و سزا، لەبری فێرکردن و ڕێنماییکردنی منداڵ بە شێوازێکی دروست.

٢. بەراوردکردنی منداڵ بە منداڵانی تر و دروستکردنی هەستی کەمبایەخی و نائاسایی لە ناخی منداڵدا.

٣. لە قاڵبدانی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە و نەهێشتنی بوار بۆ پەرەپێدانی کەسایەتیی سەربەخۆی خۆی.

٤. خۆشەویستیی بێ‌سنوور و دانەنانی سنووری گونجاو، کە دەتوانێت ببێتە هۆی نەبوونی بەرپرسیارێتی و نەتوانینی منداڵ لە تێگەیشتن لە سنوور و ئەرکەکانی خۆی.

١-پەروەردەکردن بە ترس و سزا، لەبری فێرکردن و ڕێنماییکردنی منداڵ بە شێوازێکی دروست

لەبری فێرکردن و ڕێنماییکردنی منداڵ بە شێوازێکی دروست؛ هەڕەشەی سزادان تەنها وا دەکات منداڵان لە دژی دایک و باوکیان هەڵگەڕێنەوە وایان لێ دەکات یاخی بن. زۆر جار ڕەنگە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەمان لە دایک و باوکانی کورد بینیبێت؛ کاتێک منداڵ لاسارییەک دەکات، وەک هەڕەشەیەک پێی دەگوترێت: «شەرت بێت ئەو دڕکە لە ژێر پێت دەربهێنم»، یان «باشە، بەسەرتەوە ناچیت، دەبێت پێت بڕێژم» و هتد. ئەمانە تەنها چەند نموونەیەکن لە دەستەواژە هەڕەشەئامێزەکان کە دەتوانن ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی منداڵدا دروست بکەن.

هەروەها زۆر جاران گوێمان لە گەورە ساڵان بووە دەڵین:ڕۆڵە ئەوسا مناڵ تێرت لێ ئەدا و نانەکەشی ئەخوارد و ئەچوو ئیشەکەشی ئەکرد؛ مناڵی ئێستە گۆڕاوە.

وەک چۆن جیهانی ئەمڕۆ جیاوازە، منداڵەکانیشمان جیاوازن. چیتر وڵامیان نابێت بۆ شێوازی باوانیکردنێک لەسەر بنچینەی ترس بێت. ڕێبازە کۆنەکان کە لەسەر بنچینەی ترس بوون لە ڕاستیدا جڵەوی دایک و باوک لاواز دەکەن. بەچەترسێنکردنی منداڵ لەڕێی هاوارکردن چیتر نابێتە هۆی هێنانه کایەی جڵەوکردن، بەڵکوو بە سادەیی دەبێتە هۆی سستکردنی ویست و ئامادەیی منداڵ تا گوێ بگرێت و هاوکار بێت. دایکان و باوکان وێڵن بە شوێن پەیوەندییەکی باشتردا لەگەڵ منداڵەکانیاندا تا ساز و ئامادەیان بکەن بۆ فشاره بەردەوام هەڵکشاوەکانی ژیانی ئەمڕۆ، بەڵام بەداخەوە، هێشتا شێواز و ڕێبازه بەسەرچووەکانی باوانیکردن بەکار دەهێنن.

گەرچی لێدان و سزادانی منداڵان لە ڕابردوو کاری خۆیان دەکرد، ئەمڕۆ ئەنجامی خراپ و پێچەوانەیان دەبێت. شێوازەکانی باوانیکردنی پشتبەستوو بە ترس، گەشەی سروشتیی منداڵەکانمان سنووردار دەکەن و ئیشەکەمان وەک دایک و باوک کەم دەستکەوت دەکەن و کاتی زیاتریشمان لێ دەبەن.(Who,2026)

٢-بەراوردکردنی منداڵ بە منداڵانی تر و دروستکردنی هەستی کەمبایەخی و نائاسایی لە ناخی منداڵدا:

ئەپرسم ئایا کاتێک منداڵەکەت بە منداڵێکی تر بەراورد دەکەیت، پێت وایە بەخۆیدا دەچێتەوە، یان ڕق و کین لە دڵیدا دەچێنیت؟

دایک و باوکانی کورد پێیان وایە ئەگەر منداڵەکەیان بەراورد بکەن بە خوشک و براکانی یان هاوتەمەن و هاوپۆلەکانی، ئەوا منداڵەکە بەخۆیدا دەچێتەوە؛ بەڵام بێئاگان لەوەی ئەمە دەبێتە هۆی چاندنی ڕق و کین لە دڵیدا. زۆرجار ڕستەی «سەیری منداڵی خەڵک بکە» یەکێکە لەو دەستەواژانەی منداڵان ڕقیان لێیەتی. ئەمەش دەری دەخات کە ئەم شێوازە لەوانەیە هاندانێکی دروست نەکات، بەڵکو ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت.

نەخش و کاریگەری لە دەروونناسیی کۆمەڵایەتی

١. کاریگەریی مۆدێلکردنی ڕەفتار (Modeling Effect):

ڕەفتاری دایک و باوک لە بەراوردکردنی کۆمەڵایەتیدا دەبێتە نموونەیەک بۆ منداڵ، و منداڵان لە ڕێگەی چاودێریکردنی ئەم ڕەفتارانەوە فێری دووبارەکردنەوەیان دەبن.

٢. پێوەرگرتنی هاوتەمەنەکان:

کاتێک دایک و باوک منداڵەکانیان بە منداڵانی تر بەراورد دەکەن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ فێری ئەوەیان دەکەن کە بەها و دەستکەوتەکانی خۆیان لە ڕێگەی بەراوردکردن بە هاوتەمەنەکانیانەوە هەڵبسەنگێنن.

٣. دروستبوونی حەزی بەراوردکردن:

ئەم شێوازی فێربوونە ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستبوونی حەزی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی بەرەو سەرەوە (Upward Social Comparison) لای منداڵان دەگێڕێت؛ بە شێوەیەک کە فێر دەبن سەرنج بدەنە ئەو هاوتەمەنەیانیان کە لەوان سەرکەوتووترن، بۆ ئەوەی ئاستی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمیی خۆیان هەڵبسەنگێنن.

کاریگەریی بەراوردکردن لەسەر هەستی بەهای خۆییی منداڵ

لە بواری دەروونناسیی گەشەدا توێژینەوە زۆرن کە نیشان دەدەن بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی لەلایەن دایک و باوکەوە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەستی بەهای خۆییی گەنجان هەبێت. بەپێی تیۆریی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی، مرۆڤ بەها و شوێنی کۆمەڵایەتی و کەسایەتیی خۆی لە ڕێگەی بەراوردکردن بە کەسانی ترەوە هەڵدەسەنگێنێت.

کاتێک دایک و باوک بەردەوام منداڵەکانیان بە کەسانی تر، بە تایبەتی بە شێوەیەکی نەرێنی، بەراورد دەکەن، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی هەستی بەهای خۆییی منداڵ؛ چونکە منداڵ ڕەنگە خۆی بە کەم‌تواناتر، کەم‌سەرکەوتووتر یان کەم‌بەهاتر لە هاوتەمەنەکانی خۆی ببینێت. هەروەها، هەندێک توێژینەوە نیشانیان داوە کە منداڵ و گەنجانی ئەو دایک و باوکانەی بە ئاستێکی زۆر بەراوردکاریی کۆمەڵایەتی دەکەن، زۆرجار هەستی بەهای خۆییان کەمترە؛ چونکە ئەم بەراوردانە زۆرجار سەرکەوتوویی و باشترەکانی هاوتەمەنەکان دەخەنە بەرچاو. Liu et al. (2025).

٣-لە قاڵبدانی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە و نەهێشتنی بوار بۆ پەرەپێدانی کەسایەتیی سەربەخۆی خۆی:

یەکێک لەو کێشانەی لە شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەدی دەکرێت، ئەوەیە کە هەندێک دایک و باوک چاوەڕوانن منداڵەکانیان ببنە کۆپییەکی خۆیان. واتە ئەو شێوازەی خۆیان پێی پەروەردە کراون، ئەو باوەڕ و یاسا و ڕەفتارانەی خۆیان لە منداڵییەوە فێری بوون، دەیانەوێت بە هەمان شێوە بۆ نەوەی نوێش بەردەوام بێت. ئەگەر خۆیان لە منداڵییەوە بە توندی کۆنتڕۆڵ کراون، زۆرجار هەمان شێواز بە شێوەیەکی ئاسایی و دروست بۆ پەروەردەکردنی منداڵ دەبینن.

کۆنتڕۆڵی دەروونیی دایک و باوک شێوازێکە لە پەروەردە کە تێیدا دایک و باوک بە شێوەیەکی شاراوە دەست لە جیهانی دەروونیی منداڵ دەدەن و هەوڵ دەدەن بیرکردنەوە، هەست و سۆز و هەستی خۆبوونی ئەو کۆنترۆڵ بکەن. Schaefer (1965) یەکێک بوو لە یەکەم توێژەران کە ئەم جۆرە کۆنترۆڵەی پێناسە کرد؛ کۆنترۆڵێک کە دەتوانێت بوار بۆ گەشەکردنی سەربەخۆی منداڵ کەم بکات.

کۆنتڕۆڵی دەروونی لە کۆنترۆڵی ڕەفتاری جیاوازە. کۆنترۆڵی ڕەفتاری بریتییە لە دانانی یاسا، ڕێنمایی و چاودێریکردنی ڕەفتاری منداڵ؛ بەڵام کۆنترۆڵی دەروونی دەچێتە ناو جیهانی ناوەوەی منداڵ و دەیەوێت هەست و بیرکردنەوە و کەسایەتیی ئەو ئاراستە بکات.

لەو شێوازەدا، هەندێک تەکنیکی دەروونی بەکار دەهێنرێن؛ وەک دروستکردنی هەستی تاوان، شەرمەزارکردن، کێشانەوەی خۆشەویستی، سووکایەتی و بەکەم‌سەیرکردنی هەستەکانی منداڵ. هەروەها، بەراوردکاریی نەرێنی و چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەر دەتوانن ببنە شێوازێک بۆ دەستوەردان لە ئازادیی کەسیی منداڵ.

ئامانجی ئەم کۆنترۆڵە زۆرجار ناچارکردنی منداڵە بۆ گوێڕایەڵی، پاراستنی دەسەڵاتی دایک و باوک و دروستکردنی وابەستەیی دەروونی؛ بە شێوەیەک کە منداڵ هەست بکات هەست و کەسایەتیی ڕاستەقینەی ئەو پەسەندکراو نییە

پەیوەندیی کۆنترۆڵی دەروونی بە سەربەخۆییی منداڵ.

بەپێی تیۆریی خۆبڕیاردان (Self-Determination Theory – SDT)، منداڵ بۆ گەشەیەکی دروست پێویستی بە سێ پێداویستیی دەروونیی بنەڕەتی هەیە: سەربەخۆیی، شایستەیی و پەیوەستبوون. سەربەخۆیی واتە منداڵ بتوانێت بڕیار بدات و بە شێوەیەکی ئازاد بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی فێر ببێت.

کاتێک ئەم پێداویستییانە سەرکوت دەکرێن، منداڵ دەتوانێت هەستی بە فشار، بەرگری، ناکۆکیی ناوەکی و کەمبوونەوەی بڕوابەخۆبوون بکات. لەسەر بنەمای ئەم تیۆرییە، کۆنترۆڵی دەروونیی دایک و باوک شێوازێکی پەروەردەییە کە دەتوانێت ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی سەرکوتکردنی پێداویستییە دەروونییە بنەڕەتییەکانی منداڵ . Zhu et al. (2026).

لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەگەر ئەم شێوازەی پەروەردە بەبێ ئاگاداری لە جیاوازیی نێوان «ڕێنماییکردنی منداڵ» و «کۆنتڕۆڵکردنی ناوەوەی منداڵ» بەردەوام بێت، ئەوا دەتوانێت بوار بۆ گەشەکردنی کەسایەتیی سەربەخۆی منداڵ سنووردار بکات. لەبەر ئەوە، پەروەردەکردنی منداڵ نابێت بە مانای دروستکردنی کۆپییەک لە دایک و باوک بێت؛ بەڵکو دەبێت بوار بۆ ئەوە بڕەخسێنێت کە منداڵ کەسایەتی، بیرکردنەوە و بڕیاری تایبەت بە خۆی پەرەپێبدا.

٤: خۆشەویستیی بێ‌سنوور و نەدانانی سنووری گونجاو، کە دەتوانێت ببێتە هۆی نەبوونی بەرپرسیارێتی و نەتوانینی منداڵ لە تێگەیشتن لە سنوور و ئەرکەکانی خۆئ:

یەکێکە لەو دیاردە کۆمەڵایەتییە باوانەی کە لە شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ لە هەندێک خێزانی کوردیدا هەیە، هەندێک دایک و باوک خۆشەویستیی خۆیان بۆ منداڵ بە جێبەجێکردنی زۆربەی خواست و داواکارییەکانی دەردەبڕن. زۆرجار دەبیستین دایک و باوک دەڵێن: «ئێمە لە منداڵیماندا زۆر دەرد و نەبوونمان چەشتووە؛ ناهێڵین منداڵەکەمان لە هیچ شتێک کەم بێت، هەرچی بتوانین بۆی دەکەین و دڵمان نایەت لێی تووڕە بین.»

ئەم وتانە لە خۆیاندا نیشانەی خۆشەویستی و دڵسۆزیی دایک و باوکن، بەڵام کێشەکە لەوێ دەست پێ دەکات کە ئەم هەستە ببێتە هۆی دانەنانی هیچ سنوورێک بۆ منداڵ. دایک و باوک لە ترسی ئەوەی منداڵەکەیان ئەو ئازار و نەبوونیە ببینێت کە خۆیان لە منداڵیدا بینیویانە، هەندێک جار هەموو داواکارییەکانی جێبەجێ دەکەن و تەنانەت لە کاتی نەبوونیشدا ناتوانن «نەخێر» بڵێن یان سنوورێکی گونجاو دابنێن.

لە شێوازی پەروەردەکردنی دڵسۆزانەی لەڕادەبەدەر، دڵسۆزی و وەڵامدانەوەی دایک و باوک زۆرە، بەڵام داواکاری و دانانی سنوور کەمە. بەو واتایە، دایک و باوک زۆرجار هەوڵ دەدەن منداڵەکەیان لە هەر ناخۆشی و کێشەیەک بپارێزن و زۆرێک لە داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ بکەن، بەبێ ئەوەی بە هەمان ئاست چاوەڕوانیی بەرپرسیارێتی و پابەندبوون بە یاسا و سنوور لێی بکەن.

دەتوانرێت لە سێ ڕەهەندی سەرەکییەوە لێک بدرێتەوە:

یەکەم: دڵسۆزیی ماددی

بریتییە لە بەخشینی شتومەک، پارە و کەلوپەلی ماددی بە شێوەیەکی زۆر و لەڕادەبەدەر، بە تایبەتی کاتێک دایک و باوک هەوڵ دەدەن بە بەخشینی شتی زۆر خواستەکانی منداڵ جێبەجێ بکەن .

دووەم: دڵسۆزیی پەیوەندی

لەو حاڵەتەدا دایک و باوک بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر منداڵەکەیان دەپارێزن و هەوڵ دەدەن لە زۆربەی کێشە و ناخۆشییەکان دووری بخەنەوە. ئەم پاراستنە زۆرە دەتوانێت بوار بۆ ئەوە کەم بکاتەوە کە منداڵ هەنگاو بە هەنگاو سەربەخۆیی و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی پەرەپێبدات.

سێیەم: دڵسۆزیی ڕەفتاری

بریتییە لە کەمکردنەوەی چاوەڕوانییەکان لە منداڵ و دانەنانی ئەرک و بەرپرسیارێتیی گونجاو بە پێی تەمەن و تواناکانی. لەم حاڵەتەدا منداڵ زۆرجار بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی سنوور و ئەنجامی هەڵەکانی خۆی ببێتەوە، خواستەکانی جێبەجێ دەکرێن .

کاریگەرییەکانی لەسەر گەشەی منداڵ:

منداڵ بەتایبەتی لە قۆناغی گەشە و گەورەبووندا پێویستی بە بوارێک هەیە کە تێیدا هەنگاو بە هەنگاو سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بزانێت و فێری بڕیاردان بێت. بۆیە، ئەگەر دایک و باوک بەهۆی دڵسۆزیی لەڕادەبەدەرەوە هەموو ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کێشە و بەرپرسیارێتی لەبەر منداڵ دابخەن، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی لەگەڵ پێویستییەکانی گەشەی ئەو لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیدا نەگونجێت.

لەبەر ئەوە، خۆشەویستی و دڵسۆزیی دایک و باوک، خۆی شتێکی نەرێنی نییە؛ بەڵکوو کێشەکە لەو کاتەدا دەست پێ دەکات کە دڵسۆزی لەگەڵ سنوور و بەرپرسیارێتیی گونجاو هاوسەنگ نەبێت. منداڵ پێویستی بە خۆشەویستی هەیە، بەڵام هەمان کات پێویستی بە سنوور و ڕێنمایییەکی گونجاو هەیە تا بتوانێت بە شێوەیەکی تەندروست سەربەخۆ بێت و بەرپرسیارێتییەکانی خۆی فێر ببێتBaumrind (1967).

سەرچاوەکان

1-Taha, H. Q. T. (2019). Child punishment and maltreatment in the Kurdistan Region of Iraq: Causes and consequences: A field study in Erbil City [Doctoral thesis, Durham University]. Durham E-Theses. https://etheses.durham.ac.uk/id/eprint/13401/

2-World Health Organization. (2026, May 11). Corporal punishment of children and health. https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/corporal-punishment-and-health

3-Liu, H., Kvintova, J., & Vachova, L. (2025). Parents’ social comparisons and adolescent self-esteem: The mediating effect of upward social comparison and the moderating influence of optimism. Frontiers in Psychology, 16, 1473318. https://doi.org/10.3389/fpsyg.2025.1473318

٤-Zhu, X., Zong, W., Tan, L., Zhou, K., & Shek, D. (2026). Antecedents and child quality-of-life outcomes of parental psychological control: Observations, unresolved issues, and future research directions. Applied Research in Quality of Life, 21, 1791–1812. https://doi.org/10.1007/s11482-026-10597-4

5-Baumrind, D. (1967). Child care practices anteceding three patterns of preschool behavior. Genetic Psychology Monographs, 75(1), 43–88.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە وتارەکانی گۆڤار

هەمووی ببینە
وتارەکانی گۆڤار

ڕێنووسی کوردی و ڕێنمایی نووسین

بە سەرنجدان بەوەی نووسەرانی تیشک و خوێندەوارانی کورد، بنەما گشتییەکانی ڕێنووسی کوردی دەزانن، بە پێویستیمان نەزانی هەموو بەشەکانی ڕێنووسی کوردی لێرە بنووسینەوە و تەنیا لەم نووسراوە کورتەدا ئاماژە بەو خاڵانە کراوە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران لەبەرچاویان ناگرن و بە هەڵە دەیاننووسن.

وتارەکانی گۆڤار

لە نیشانەناسییەوە تا ئوستوورەپەردازی: خوێندنەوەی شێعری «کیژی سوور خاوەن مانگە»ی لەیلا ساڵحی

پوخته‌ی بابه‌ت: ئوستووره‌ گێڕانه‌وه‌ یان كۆمه‌ڵه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌مزی و نمادینی ئاوات، بایخ، ترس و ویستی میلله‌ته‌كانن، گێڕانه‌وه‌ و ده‌ربڕینێك چ له‌ ڕێگه‌ی حیكایه‌ت و به‌یت و باو و به‌ گشتی داب و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ،چ به‌ زمانی ئه‌ده‌بیات، سینما ، نیگاركێشی و…

وتارەکانی گۆڤار

بە ناو کوردستانی ئازاددا؛ گەشتێک بە ناو وڵاتێکی تەژی لە متمانە

پێشەکی لە نێوان ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر کوردستان، ژیانی گەلی کورد، ناسنامە و مێژووی ئەم گەلە نووسراون، هەندێک کتێب تەنها بەهۆی زانیارییەکانیان گرنگ نین، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە بتوانن کوردستان و کورد لە ڕوانگەی مرۆڤێکی گەشتیار، چاودێر و بیرمەندەوە پیشان بدەن. کتێبی…