بازدان بۆ ناوەڕۆک

وتارەکانی گۆڤار

وتووێژ لەگەڵ جەمشید حەیدەری

زانیاری بڵاوکردنەوە

جۆر
وتاری گۆڤار
بڵاوکراوەتەوە لە
گۆڤاری تیشک
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/13
بەرگ
٢٨
ژمارە
٧٤
ISSN
2942-7894
زمان
کوردی
لاپەڕەکان
٢٧٣ – ٢٨٣
داگرتنی PDF

سپاس مامۆستا حەیدەریی بەڕێز بۆ ئەم وتووێژە لەگەڵ گۆڤاری تیشک. دەکرێ کەمێک باسی پێشینەی ڕۆژنامەگەریی خۆتان بفەرموون.

پێشینەی ڕۆژنامەگەریم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە ئێمە وەک بنەماڵە لە ڕۆژنامەگەریدا ئیشمان کردووە. براکانم وەک ڕۆژنامەگەر هەر لە ٤٠ەکانەوە دەستیان پێ کرد. بەڵام خۆم تا هەشتاکان کە نەهاتمە سوید، ئیشم نەکردبوو. ساڵی ١٩٨٣هاتمە سوید و ساڵی ٨٤ کاک کەریمی حیسامی لە بولغارستانڕا هات بۆ سوید و کوتی پێویستە کارێک بکەین لەبۆ پەیوەندیی کوردستان و ئەورووپا. کاک کەریم لەگەڵ چەند برادەری ڕۆژهەڵات پەیوەندی گرتبوو لەوانە؛ کاک عەزیزی ماملێ، کاک سارەمەدینی سادق وەزیری، کاک ڕەحمانی حاجی ئەحمەدی، کاک ئەمیری قازی، کاک سالار حەیدەری. لەگەڵ چەند بەڕێزیش لە باشووری کوردستان. ئەوانی باشوور زۆریان ئامادە نەبوون هاوکاری بکەن. بە منی کوت. کوتم زۆرم پێ خۆشە. من هاووڵاتیی سویدی بووم و لە حکوومەت داوای مۆڵەتم بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەیەک کرد. کاک کەریم و کاک سارەمەدین پێشنیاری ناوەکەیان کردبوو: سەردەمی نوێ. کە دەستمان پێ کرد کاک سارەمەدین لە سویسڕا بوو و کاک کەریم لە بولغارستان و من لە سوید. کاک کەریم دەچوو بۆ سویسڕا، دەهاتە ستۆکهۆڵم. وتارەکانی کاک سارەمەدینی بە فارسی دەهێنا و تەرجەمەی کوردی دەکردەوە. لێرە کاک محەممەدی خدریمان لەگەڵ بوو. بەداخەوە کاک ئەمیر و ئەوان بەشدارییان نەکرد. کاک عەزیز لە فەڕانسەوە هات و مەلا محەممەدی خدری ماوەیەک، نزیک شەش مانگ، لەگەڵمان بوو و هەموو پێکەوە بەناوی دەستەی نووسەران کارمان دەکرد. لەنێو خۆماندا بڕیارمان دابوو کاک سارەمەدین ببێتە سەرنووسەر. دوو پاشکۆشمان بە فارسی دەرکرد. لە فێورییەی ٨٦ ئەو کاتەی ئۆلۆف پالمە شەهید کرا، ئێمە ژمارە یەکمان دەرکرد. ئێمە بڕیارمان دابوو کە سەردەمی نوێ دەنگدانەوەی خەباتی میللەتی کورد بێ، لە ڕۆژهەڵات و هەموو کوردستان و نابێ دژایەتیی هیچ ڕێکخراوەیەکی کوردی کە دژی ڕژیمن، بکرێ. ئەو حیزبانەی دژی ڕژیمن، تەنانەت حیزبی توودە کە دژی ڕژێمی ئێرانە ئێمە نابێ دژایەتییان بکەین، یا هەر حیزبیک کە ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیمە. وەها ڕێک کەوتین. کاک سارەمەدین زیاتر دەیویست لە حیزبی توودە بدا کە ئێمە ڕازی نەبووین دژی ئەو حیزبانە بین کە ئۆپۆزیسیۆنی ڕژیمەکانن. کاک سارەمەدین وازی هێنا. ئەوکات خاوەن ئیمتیاز من بووم و کاک کەریم سەرنووسەر. ئێمە بە سۆرانی و کرمانجی ڕۆژنامەکەمان دەردەکرد. بە لاتین و بە پیتی عەرەبی.

بۆ ناوی “سەردەمی نوێ” بوو؟ ئاماژە و ڕوانگەکەتان بۆ پرسی جیهانی بوو یا پرسی کورد؟

کۆک نەبین بەناوی خۆمان. لە پێنج ساڵدا ٥٤ ژمارەمان دەرکرد. بۆ بەشی لاتین و کرمانجی کاک مستەفا دوزگون کە زازایە، ئێستا لە ئاڵمانە، یارمەتی دەداین. سۆرانی و پیتی عەرەبی دەزانی. پێشتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە “حیزبی دێمۆکرات”دا پێشمەرگە بوو. پاشان کاک موئید تەیب کە شاعیرە، ئەویش هەر یارمەتی دەداین. کاک مەحفووز مایی شاعیریش یارمەتی داین. ئەوانەی وتارەکانیان تایپ دەکرد، کاک ناسری ئیبڕاهیمی بوو، کوڕی ماموستا ئیبڕاهیمی. لە کتێبەکەمدا، “سەردەمی نوێ و ڕۆژنامەگەریی کوردی” کە ٢٠٢٥ چاپ کرا، باسی هەموویانم کردووە. ئەو ٥٤ ژمارەیە نزیک ١٤ دانەیان لەسەر کەسایەتیی ئەدەبی و سیاسین، لە شێخ مەحموودەوە بگرە کە سی ساڵەی کۆچی بوو، هەتا قازی محەممەد، مەلا مستەفای بارزانی، شێخ سەعیدی پیران. لەسەر کەسایەتییە ئەدەبییەکان، لە گۆران تا مام هێمن و جگەرخوێنی شاعیر. لەسەر نووسەرانی باشوور وەک شێخ مارفی بەرزەنجیی شەهید کە هەم نووسەر بوو، هەم تێکۆشەرێکی گەورە بوو و لە ١٩٦٣ ئێعدام کرا، خۆی و براکەی شێخ حوسێن بەرزەنجی.

دەکرێ چەندین لێکۆڵینەوە و وتاریش ناو بەرم لەوان: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ١٨٩٨وە کە یەکەم ژمارەی “کوردستان” لە قاهیرە دەرچوو تا داخستنی ڕۆژنامەکە و چ ڕۆژنامە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەردەچوون، چ لە تورکیا و چ لە سووریا، لە لەندەن لە گۆڤاری “پەیڤ”دا بڵاو کرا. وتارێکی دوورودرێژم لەسەر گۆڤاری “هاوار” کە لە ١٩٣٢ جەلادەت بەدرخان لە دمشق دەری دەکرد، نووسی. بەدرخان پەنجا ژمارەی دەرکرد کە من لەسەر ژمارەکانی ١ هەتا ٢٣ کە بە پیتی عەرەبی و لاتینی، بە سۆرانی و بە کرمانجی، بڵاو کراون، نووسیوە. وتارێک کە لە زانکۆی کۆیە بڵاوم کردەوە لەسەر گۆڤارێک کە مامۆستا عەلائەدین سەجادی دەری دەکرد، ساڵی ٤٨ تا ٤٩، یەکەم گۆڤاری سیاسیی کوردی عەرەبی لە بەغدا کە تەنیا یەک سال ڕێگەیان دا و دوایە داخرا. وتارێکی دوورودرێژە. وتارێکی دیکە لەسەر گۆڤاری “ڕووناهی” کە لە بەغدا دەردەچوو و دۆستانی بادینی و کرمانج دەریان دەکرد و کاک حافز مستەفا قازی سەرنووسەری بوو. وتارێکی ڕەخنەگرانەم نووسی لەسەر کاک نۆشیروان مستەفا کە دەربارەی حوزنی موکریانی و عەلائەدین سەجادی نووسیبووی. ئەوانە هەردووکیان خەڵکی ڕۆژهەڵات بوون. کاک نەوشیروان لە وتارەکەیدا دەڵی ئەوانە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن لۆ ناچن لە ڕۆژهەڵات ئیش بکەن؟ من وڵامم داوەتەوە کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا هەمووی کوردستانە. لای من یەک کوردستان هەیە. لەو وتارەدا ڕەخنەم لە نەوشیروان گرتووە. ئەم کتێبەم، سەردەمی نوێ و ڕۆژنامەگەریی کورد، زۆر باس و وتاری دیکەشی تێدا.

واتە سەردەمی نوێ باسی ئەدەبیات و باسی تریشی تێدابوو؟

بەڵێ، بەشی ئەدەبیات ئەمن بەرپرسی بووم. ڕۆژنامەکە چەند بەشی هەبوو. وتاری سیاسیمان هەمیشە هەبوو، پۆستی ڕۆژنامەنووسی، نامە. هێندێک جار کاک کەریم وڵامی نامەکانی دەداوە و هێندێک جار من. چوار ژمارەشمان بە ئینگلیزی دەرکرد وەک پاشکۆی سەردەمی نوێ لە نیۆتایم. کاک کەماڵ میراودەلی لە لەندەن تەرجومەی دەکرد و چاپمان دەکرد..

قۆناخەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی چۆن دابەش دەکەی؟

ئەگەر باسی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو کوردستان بکەین ، دیارە یەکەم ڕۆژنامە لە ئاپریلی ١٨٩٨ لە قاهیرە دەرچووە و دوایە نەقلی لەندەن بوو. پاشان ساڵی ١٩١٣ لە تورکیە ڕۆژنامەی کوردی دەرچووە. کە ئینگلیس لە کاتی حوکمڕانیی شێخ مەحموود کوردستانی داگیر کرد، ساڵی ٢٣-٢٢ لە باشوور چوار ڕۆژنامە دەرچووە. لە سەردەمی کۆماردا دیسان ڕۆژنامەی “کوردستان” لە مەهاباد، پێشتر گۆڤاری “نیشتمان” ساڵی ١٩٤٣ لە دەورانی ژ.ک. و پاشان مامۆستا حەسەن قزلجی گۆڤارێکی لە بۆکان دەرکردووە. لە تورکیا چەند گۆڤار ژمارەیەکی لێ دەرچوو و ڕاوەستا. بەڵام لە باشوور ڕۆژنامەی “ژیان” و “ژین” تا ساڵی ١٩٥٨ بەردەوام بوون. شۆڕشی ٤ی تەمووز لە عێراق ڕوویدا. چەندین ڕۆژنامە “خەبات”، “ئازادی” بە ئاشکرا دەردەچوون. لە تاران ڕۆژنامەی “کوردستان” دەردەچوو. پاشی ساڵی ٦٣ ڕۆژنامەگەری لە کوردستان ڕاوەستا، چونکە بەعس هەمووی داخستن. تا لە ئاخری ٦٠کان دیسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردەوە. لە ئەورووپا کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد گۆڤاری بە کوردی دەردەکرد، لە ئاڵمانیا گۆڤاری “کوردستان” و پاشان “پڕشنگ”.

لە ٨٠کان زۆرترین گۆڤار لە سوید دەردەچوو، حەفتانە و مانگانە، بە کرمانجی و بە سۆرانی. حیزبەکانی باکوور و باشوور هەردوولا گۆڤاریان بووە، “پێشمەرگە” هەبوو بە زمانی ئینگلیزی. “پێشمەرگەی نوێ”ش هەبوو هەر بە ئینگلیزی. لە فەڕانسە، لە ئاڵمانیا و لە سوید ڕۆژنامەوانان دەورێکی گرینگیان دەگێڕا. لە لەندەن “مەڵبەندی ڕۆشنبیریی کوردی” دامەزرا، و کاک کەمال میراودەلی و هاوڕێکانی گۆڤاریان دەردەکرد. ڕۆژنامەی “هەتاو” لە لەندەن دەردەچوو. ڕۆژنامەی “هەتاو” بە ئیتالی لە ئیتالیا دەردەچوو. ڕۆژنامەگەریی کوردی هەر جارەو و بە ناوێک بە زمانی کوردی و عەرەبی، کوردی و فارسی، کوردی و تورکی دەردەچوو تا دەنگی کورد بگاتە نەتەوەکانی تر.

ئیوە کە لە سۆڤییەت بوون دۆخەکە چۆن بوو؟

لە سۆڤییەت لە ساڵانی ٣٠ دا ڕۆژنامەی “ڕێیا تازە” دەردەچوو. پێشتر ڕۆژنامەی “سۆڤییەت کوردستان” دەردەچوو کە تا ساڵی ١٩٣٨ بەردەوام بوو. ڕۆژنامەی “ڕێیا تازە” تا نەمانی سۆڤییەت ١٩٨٦ هەر لە ئیریڤان لەلایەن کوردەکانی ئیریڤان بڵاودەکراوە. لە کازاخستان گۆڤاری “بەربانگ” دەردەچوو. ئەو کوردانەی ماونەوە ئێستاش ڕۆژنامە دەردەکەن. ڕۆژنامەکانی دەرەوە دەگەیشتنە کوردستان. لە ئازەربایجان پاشی کۆماری کوردستان لەلایەن دوکتور ڕەحیمی قازی و دوکتور گەلاوێژ و ئەوان ڕۆژنامەیەک بەناوی “کوردستان” بە کوردی و بە ئازەری تا ساڵی ١٩٤٨ هەبوو. من ئەو ڕۆژنامەیەم لەلای کاک دوکتور ڕەحیم قازی دیت. لە کتێبخانەی براکە شەهیدەکەم کاک جەماڵ ئەو ڕۆژنامەیە هەبوو.

هەوەڵ ڕۆژنامە کە خۆتان کارتان لەگەڵ کرد؟

ئەمن لە ٦٧ لە بەغدا لە ڕۆژنامەی “تاخی” واتە “برایەتی” دەستم بەکار کرد. هەڵبەت یەکەم وتارم ساڵی ٥٩ لە گۆڤارێک کە یەکێتی قوتابیان بڵاوی دەکردەوە لەسەر نەورۆز نووسی. بەڵام لە ٦٧وە دەستم پێکرد کە لە ڕۆژنامەکانی خۆمان لە باشووردا بنووسم. کە هاتمە ئەورووپاش کارم کرد و بوومە ئەندامی “یەکێتیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان” لە سوید.

چ ساڵێک چوونە مۆسکۆ؟

من ساڵی ٦٦ چوومە مۆسکۆ و لەوێ دەرسم خوێند. ساڵێک پزشکیم خوێند بەڵام سەخت بوو کە هەم پزشکی بخوێنم و هەم کاری حیزبی بکەم. بە برادەرانم کوت کە کەمێک ئیشی حیزبیم کەم کرێتەوە تا بتوانم بخوێنم کە قەبووڵیان نەکرد. ئیجازەم وەرگرت و ساڵێک نەمخوێند و کاری حیزبیم دەکرد، لەگەڵ “کۆمەڵەی خوێندکاران لە ئەورووپا”. لە ٦٧ لە کۆنگرەی خوێندکاران لە یۆگۆسلاڤیا بەشداریم کرد و بووینە هەیئەتی ئیداری و نوێنەری حیزبی شیوعی، من و کاک جەوهەر شاوەیس نوێنەری حیزبی شیوعی بووین. هەیئەتەکە دوو لە جەماعەتی مەلا مستەفا، دوکتور محەممەد ساڵح جومعە کوردی سووریا و دارا عەتار خەڵکی سلێمانی بوو. دوو لە مەکتەبی سیاسیی پارتی و دوو شیوعی بووین. جەماعەتی مام جەلال دوکتور کەماڵ فواد و کاک دارا ئەدیب بوون. یەکێکیش بێلایەن بوو بەناوی سەردار ئاراراتی کە کوردی باکوور بوو. ساڵی ٦٨ میهرجانی عالەمیی لاوان و قوتابیان بوو، دە ڕۆژ لە سۆفیا لە بۆلغارستان بە ئاڵای کوردستان و بەناوی کوردستان بەشداریمان کرد. چل هەزار کەس بەشدار بوون.

لە کۆتایی ٦٧ لە حیزبی شیوعی ئینشعاب ڕووی دا. من لەگەڵ ئەو خەتە بووم کە دژی دەسەڵاتی عێراق بوو. لەگەڵ قیادەی حیزب نەبووم. حیزبی شیوعی خوێندنەکەمیان وەستاند و ناچار گەڕامەوە و گیرام و بردیانمە “قەسری نهایە” واتە ئەوەی چووبا دەرنەدەچوو و لەوێ کەس نەدەگەڕاوە. من لە حوزەیرانی ٦٩ ئازاد کرام و لە بەغدا مامەوە. ڕێککەوتنی کورد و عێراق لە ١١ی ئاداری ٧٠ دەستی پێ کرد. ئەوکات زەماڵەیان دەدا بە خوێندکارانی کورد. کاک دارا تۆفیق سەرنووسەری ڕۆژنامەی “برایەتی” بوو کە بە عەرەبی دەردەچوو، نامەی لۆ ناردم کە وەختی خۆی داوات کردووە بخوێنی، ئێستا بڕۆ بخوێنە. کوتی بڕۆ ئاڵمانیا، کوتم نا من لە ڕووسیا بووم و زمانی ڕووسی دەزانم دەمهەوێ بگەڕێمەوە ڕووسیا. لە ٧٠ گەڕامەوە مۆسکۆ. پەیوەندیم لەگەڵ برادەرانی حیزبی شیوعی خەراپ بوو، چونکە لەگەڵ ئەو خەتە نەبووم. گوتیان نابێ لە مۆسکۆ بی، دەبێ بچیتە یا کیڤ علوومی سیاسی بخوێنی یا بڕۆیە لێنینگڕاد ئەدەبی ڕووسی بخوێنی. من پزشکیم دەویست، بەس چوومە لێنینگڕاد و ئەدەبی ڕووسیم خوێند. ماجێستێرم لە ئەدەبی ڕووسی لەسەر میخائیل لێرمانتۆڤ گەورە شاعیری پاش پوشکین نووسی، لەسەر ڕۆمانی “قارەمانی ئەو سەردەمە”. پاشان لەگەڵ مامۆستا قەنات کوردۆ کە پرۆفێسۆر بوو، سەرۆکی بەشی کوردی لە “ئینستیتووی ڕۆژهەڵاتناسیی لێنینگراد”، قسەم کرد کە تێزی دوکتورا بنووسم. ئێستا بەشی کوردی نەماوە و تێکەڵی بەشی فارسی کراوە. ساڵی ٥٩ ئاکادێمی ئۆربیلی کە زانی کورد زۆر هاتوون بۆ خوێندن، نزیک هەزار کورد، بەشی کوردییان جیا کردەوە. بەشی کوردی هەر مابوو تا کۆچی مامۆستا قەنات لە ٨٥ و ڕووخانی سۆڤییەت لە ٨٦. ئیدی بەشی “ئیران ئیستیکا” بەشی کوردیشی گرتەوە.

ماجستێرەکەم لەسەر ئەدەبی ڕووسییە. پێشکەوتووترین ئەدەب، ئەدەبی ڕووسیایە. ئەگەر پوشکین باس بکەین، لێرمەنتۆڤ، تۆلستۆی، داستایڤسکی، چێخۆف، ئەدەبی ڕووسیا لە سەدەی ١٩ لە هەمووان پێشکەوتووتر بووە. زمانی ڕووسیش زمانێکی دەوڵەمەندە. ئەو میللەتانەی لە سۆڤییەتی پێشوو دەژیان، پازدە کۆماری ئۆتۆنۆمی بوون. هەموو بە زمانی ڕووسی شتیان بڵاو کردۆتەوە. گەورەترین نووسەری سوڤییەت خۆی داغستانی بوو، ڕەسوڵ حەمزاتۆڤ، یا چەنگیز ئیماتۆڤ، لەوێندەری نووسەری گەورە هەبوون.

پێشی من دوکتور مارف خەزنەدار لەسەر شێعری کوردی، دوکتور عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لەسەر ڕێئالیزم لە ئەدەبی کوردیدا و دواتر دوکتورای دووهەمی لەسەر ئەحمەدی خانی لەسەر مەم و زین نووسییە. پاش ئەوەی دە ساڵ لە بەغدا دەرسی گوت، کتابەکی گەورەی لەسەر ئەحمەدی خانی بڵاو کردەوە. دوکتور ئەوڕەحمانی حاجی مارف لەسەر زمانی کوردی، فەرهەنگی کوردی نووسیبوو. کاک ئەنوەر قادر جاف لەسەر مەولەویی شاعیر دوکتوراکەی نووسی. کوردی سۆڤییەتیش و کوردەکانی دەرەوە لەسەر مامۆستا گۆران، لەسەر جگەرخوێن، لەسەر ئەدەبی کوردی، لەسەر مێژوو و زمانی کوردی زۆر کاری باشیان کردووە. پێش سۆڤییەت لە ١٨٥٠کانەوە لەسەر کورد، لە ڕۆژهەڵاتناسیی سۆڤییەت زۆر شت نووسراوە. پێتێر لێرخ لە ١٨٥٥ هەتا ١٨٥٧ سێ کتابی لەسەر فۆلکلۆری کورد نووسیوە.

مامۆستای جەنابت دوکتور قەنات کوردۆ بوو، ئەگەر کەمێک باسی مامۆستا قەنات کوردۆمان بۆ بکەی.

مامۆستا قەنات خۆی لەگەڵ دایک و بابی لە باکووری کوردستان هاتینە ئەرمەنستان. بابی دەمرێ و دایکی و دوو منداڵ چوونە گورجستان. تۆسنی ئارا ڕەشید و قەنات. بە ڕەسمی نووسراوە قەنات ١٩٠٩ لەدایک بووە، بەڵام من نووسیومە ١٩٠٧. لۆ ئەو ناوەیان لێ ناوە؟ دەبی ٧ بێ چونکە ئەو کابرایەی ناوی قەنات بووە لە ١٩٠٧ نەمایە. مامۆستا قەنات لە جۆرجیا و لە تبلیس کرێکاری کردییە، بۆیاخی کردییە. دوایە کابرایەکی ئەرمەنی کە لازۆی پێ دەڵێن فێری خوێندنی کردینە. دوایە عەرەبی شەموو لە ١٩١٦وە ئەلاقەی لەگەڵ حیزبی شیوعی بووە و پێشنیاری کردووە کە ژمارەیەک کورد بنێرن بۆ سانت پێتێرزبورگ بۆ خوێندن. یەک لەوانەی کە ناردران بۆ خوێندن مامۆستا قەنات بوو. لەوێ ئۆربیلی کە ئەرمەنی بووە و پسپۆڕ لەسەر کورد بووە، دەرسی پێ کوتووە و مامۆستا قەنات دوکتورای لەسەر زمان وەرگرتووە. شەڕی یەکەم مامۆستا قەنات دەچێتە شەڕ و دەبێتە زابیتی مەدفەعی و پارێزگاری لە لێنینگراد دەکا. دوای شەڕ دەگەڕێتەوە و دەرسی زمان دەڵێتەوە. پاشان لە ئینستیتووی ڕۆژهەڵاتناسیی ئاکادێمیای سۆڤییەت لەگەڵ ئۆربیلی سەرۆکی ئینستیتوو پێکەوە بەشی کوردی و فارسی دەکەنەوە. قەنات دەچێتە وێندەرێ و لەوێ ژمارەیەک قوتابیی دوکتورا وەردەگرن لەوان ئۆردخانی جەلیل کە لەسەر فۆلکلۆر دەنووسێ کە کوڕی جاسم جەلیل کە شاعیرێکی گەورەی کوردی ئەرمەنستان بووە. هەروەها جەلیل جەلیل کە مێژوونووسە و ئێستا لە ڤییەنا دەژی. خانم زاری یۆسفڤوا کە لەسەر زمانی کوردی لەلای قەنات دوکتورا وەردەگرێ. ڤاسیلیڤا کە شەڕەفنامەی لە فارسیڕا کردیتە زمانی ڕووسی. ئەویش لای مامۆستا قەنات دوکتورا دەنووسێ. ڕۆدێنکۆ لەسەر ئەحمەدی خانی دەنووسی.

کوردەکان پێکەوە بە کوردی قسەیان دەکرد؟

بەڵێ هەموو کوردییان دەزانی. مامۆستا قەنات کوردی باش دەزانی. جگە لەوەی کرمانجی دەزانی، سۆرانیشی باش دەخوێندەوە. گۆڤاری “ نزار” کە لە بەغدا دەردەچوو دەیانناردە پاریس بۆ مینۆرسکیی کوردناس، ئەویش دەیخوێندەوە و لۆ مامۆستا قەناتی دەنارد. چەندین ژمارە بوو کە مامۆستا قەنات پێش مردن دایە من و منیش بردمەوە کوردستان. مامۆستا قەنات لەسەر قەواعیدی زمانی کوردی کتابی هەیە. دوو فەرهەنگی هەیە، یەک کرمانجی و ڕووسی، ئەویتر بە پیتی عەرەبی کە من پێشەکیم بۆ نووسیوە و پێشی کۆچی مامۆستا قەنات چاپ کرا.

دوکتوراکەی من لام وایە قۆناخێک بوو کە دەبا کرابا. پێش من لەسەر فۆلکلۆر، شێعر و مێژوو دوکتورا نووسرا بوون. من لەسەر چیرۆک نووسیم. مامۆستا قەنات کە موافقەتی کرد کە من دوکتورا بخوێنم، ڕێکخراوی “دۆستایەتیی میللەتانی ڕۆژهەڵات، ئاسیا و ئەفریکا” بورسیان دامێ تا بخوێنم. ئیدی لەسەر ئەدەبی کوردی، چیرۆکی کوردی لە ١٩٢٥ هەتا ١٩٦٠ تێزەکەی خۆم نووسی.

یەکەم چیرۆکی کوردی لە کوردستان کەی بڵاو بۆتەوە، هی جەمیل سائیب کە لە ١٩٢٥ لە باشوور نووسراوە. بەڵام پێش ئەو چیرۆکێک لە ١٩١٣ نووسراوە کە لە ڕۆژنامەی “ڕۆژی کورد” کە لە ئەستەنبوڵ دەردەچوو، بڵاو بۆتەوە. چیرۆک نەبوو، فۆلکلۆر بوو. بەڵام چیرۆک ئەوەی جەمیل سائیبە کە “لە خەو مای” بڵاو کردەوە. پاشان پیرەمێردی شاعیر و پاشان ئەحمەد موختاری بەگی جاف کە چیرۆکی “مەسەلەی ویژدان”ی بڵاو کردەوە، پاشان ساڵانی ٣٠ مامۆستا برایم ئەحمەد و مامۆستا عەلائەدین سەجادی گۆڤاری “گەلاوێژ” دەردەکەن و ژمارەیەک چیرۆکنووس بەشداری تێدا دەکەن لەوان برایم ئەحمەد، شاکر فەتاح، عەلائەدین سەجادی هەموویان چیرۆکیان دەنووسی. گۆڤاری گەلاوێژ ١٠٥ ژمارەی لێ دەرچووە. لە ١٩٣٩هەتا ١٩٤٩ بە ماوەی دە ساڵ. پاش شۆڕشی ٥٨ تا ٦٠ چیرۆکنووسانی نوێی کورد کێ بوون؟ لە ڕۆژهەڵات مامۆستا حەسەن قزلجی و ئەوانی تر لە باشوور بوون وەک حوسێن عارف، مستەفا ساڵح کەریم، عەبدوڵڵا ئاگرین. مجمووعەیەکی زۆر نووسەر و چیرۆکنووسمان بووە. دوکتوراکەم لەسەر ئەوە بوو. لە ٢٨ی دیسامبەری ١٩٧٩ دوکتۆراکەم لە مۆسکۆ وەرگرت بەناوی “مێژووی پەخشانی هونەریی کوردی”.

بە کوردی بڵاو بۆتەوە؟

کورتەیەکی بە عەرەبی لە گۆڤاری “کوردستان” هی ئینستیتووی کوردی لە پاریس بڵاو بۆوە. کورتەیەکی ٢١ لاپەرەیە بە عەرەبی. ئێستا دەمهەوێ بیکەمە کوردی. بەداخەوە کە دەخوێنمەوە دەبێ بۆ زۆر وشە بچمەوە سەر فەرهەنگ. بەڵام شتێکم کرد، لە ڕێگای ژیریی دەستکرد هەموویم لە ڕووسی کردە عەرەبی. ئێستا خەریکم لە عەڕەبییەوە دەست پێ بکەم، بەڵام ڕووسییەکە لەپێش خۆم دادەنێم، ٢٠٠ لاپەڕەیە. کاتی خۆی دەمکرد، بەڵام حکوومەتی عێراق خەبەریان دا کە برایم ئەحمەد و ئەوانە دژی حکوومەتن و نابێ کتابیان لەسەر بنووسی. منیش ڕاوەستام، بەس ئێستا زۆر داوام لێ دەکەن. بڕیارم داوە بیکەمە کوردی. من ئێستا تەمەنم ٨٦ ساڵە و ماندی دەبم، بەس بڕیارم داوە تەواوی بکەم. کتابم زۆر بڵاو کردیتەوە، بیرەوەریی خۆم کە لە ساڵی ٤٥وە تا ٢٠١٧ یە و ١٥٠٠ لاپەڕەیە. پاشان کتابی “دووڕوویی لە سیاسەتدا” کە دە پازدە وتاری سیاسین لەگەڵ دە پازدە شەخسیاتی کوردی لەسەر ژیانیان. یەک لەوان دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوویە، بیست ساڵەی شەهیدبوونی کە وتارێکی دوورودرێژم لە ڕۆژنامەی “کوردستان”ی حیزبی دێمۆکڕاتدا بڵاو کردەوە. کتابێکی ترم “ماکسیم گورکی مرد یا کوژرا؟”، بەشێكیان ئەدەبە بەشێکیان چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەگەرییە کە لەگەڵم کراوە. وتارێکی تێدایە کە بە قەناعەتی ئەو وتارە کە من پشتم بەستووە بەو دێکۆمێنتانەی دوای ڕووخانی سۆڤییەت بڵاو بوونەوە کە ماکسیم گورکی بە مردنی خۆی نەمردووە، بەڵکو دوکتورەکان دەرمانیان دایتێ و کوژراوە، چونکە ماکسیم گورکی ڕەخنەی لە ستالین دەگرت. ‌هەرچەندە ستالین حیسابێکی بۆ دەکرد، بەس نەیدەویست بمێنێ.

ئەگەر بگەڕێنەوە سەر دوکتوراکەت، ناوەرۆکی تێزەکەت چییە؟

من باسی قۆناخی لەدایکبوونی چیرۆکی کوردیم کردووە، چیرۆکی کوردی باسی چ دەکەن، بۆ وێنە لە قۆناخی یەکەمدا چیرۆکی “ویژدان”ی لێ دەربچی کە پێشکەوتووە، ئەوانی دیکە پتر فۆلکلۆر و شکڵی حیکایەتیان هەیە نەک چیرۆکی هونەری کە کاریگەریی دەرەوەی لەسەر نییە. بەڵام ئەوانی تر کاریگەری بۆ وێنە مۆپاسان و دەرەوەیان لەسەرە. گۆڤاری گەڵاوێژ ژمارەیەکی زۆر چیرۆکی بێگانەی وەرگێڕا بۆ کوردی کە ئەوە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر نووسەرانی کورد کە هەوڵ بدەن بە شێوەیەکی هونەری چیرۆک دابڕێژن و دوورکەونەوە لە حیکایەتی ئێواران و حیکایەتی ناو ماڵان.

ئەم قۆناخە لە کەیەوە دەست پێ دەکا؟

لە ئاخری٤٠کانەوە دەست پێ دەکا، لە ١٩٤٥و ٤٦ دەست پێ دەکا. بەڵام باشترین چیرۆک ئەمن بە هیی ئەحمەد موختاری بەگی جافی دادەنێم “مەسئەلەی ویژدان” کە زۆر پێش دەکەوێ. ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی نیشان دەدا. ململانێی ناو شار. چیرۆکەکانی دی زۆرتر قەزییەی فەلاحی و جووتیار و ئاغان. بەڵام لێرەدا زۆرتر پرسی شارە. کۆمەڵگای کوردی بەرەو بورژوازییەت دەڕوا و ململانێی ناو شار نیشان دەدا.

دوای کۆمار بۆ وێنە دوکتور ڕەحیم “پێشمەرگە” دەنووسێ یا مامۆستا قزڵجی کە چیرۆکەکانی ڕەخنەی کۆمەڵایەتین.

ئەوە پتر هی دوای ٦٠کانە و کتێبەکەی مامۆستا حەسەنم بەداخەوە درەنگ بەدەست گەیشت. خۆی کە لە ژیاندا بوو “پێکەنینی گەدا”ی بۆ ناردم. کۆمەڵەچیرۆکی یەکەمی، بەڵام کە هاتمە ناو ڕۆژنامەگەریی کوردی، بەداخەوە وازم لە لێکۆڵینەوە هێنا. ژیان فەڕزی کرد. ئەوەی دوکتور ڕەحیم قازی وەک چیرۆک زەحمەتە، پتر ڕەنگدانەوەی مێژووی حیزبی دێمۆکرات و بنەماڵەی قازی لە مەهابادە نەک چیرۆکێکی هونەری. دوکتور عێزەدین مستەفا پێشەکی بۆ نووسیوە کە چاپ کرا. بۆ چاپی دووهەمیش دوکتور عەلی گەلاوێژ شتێکی بۆ نووسی کە بەداخەوە بڵاو نەکراوە. لای من لە هەولێر هەیە. دوکتور عەلی گەلاوێژ بۆی ناردم کە بەداخەوە گۆڤار مەنع کرا و بڵاو نەکراوە. بەتەما بووین بڵاوی کەینەوە. وتارەکە تا ئێستا ماوەتەوە.

ساڵی ٣٥ محەممەد عەلی کوردی چیرۆکێکی بە ناوی “نازدار” بڵاو کردەوە لە گۆڤاری ڕووناهی/ڕووناکی کە لە هەوڵیر دەردەچوو. ناوی لێ ناوە ڕۆمان. بەڵام بەشێکی بڵاو بۆتەوە و بەشەکانی تری دیار نییە. ئەویش لەسەر پرسی کۆمەڵایەتییە و لەسەر گەنجانی کورد کە لەناو شار خەریکی مەشڕووب و قومارکردن و ئەو شتانەن، ڕەخنەی تێدایە. ئەو لادێ و دەشتی پێ خۆشترە، چونکە لە لادێ ئەو شتانە نییە و ڕەخنەی گرتییە کە گەنجەکانمان تووشی ئەوە بوونە. ڕۆمانەکە تەواو نەکرایە.

دوو کتابی ترم بە زمانی عەڕەبییە، یەکیان بیرەوەریی خۆمە بەکورتی کە نزیک ٣٠٠ لاپەڕەیە. یەکێکیان وتارە لەسەر ئەدەبی کوردی و سیاسەت. سێ وتاری تێدایە لەسەر گەورەشاعیری عەڕەب محەممەد مەهدیی جەواهیری. وتارێک بەناوی “جەواهێری لە گوندێکی کوردیدا”. ساڵی ٥٠ برای گەورەمان ساڵح حەیدەری لە زیندان ئازاد کرا و هاتە لادێ لە هەولێرێ. تازە دیوانی جەواهێری دەرچووبوو و کڕیبووی. ئێمەش لە ساڵانی ٤٩ و ٥٠ لە شار نەمابووین. براکانم هەموو گیرابوون. لۆی دەخوێندینەوە و تەرجمەی دەکرد بۆ کوردی و ئێمەش شێعرەکانمان لەبەر دەکرد. ئەو وتارە ناوی “جواهری فی قریە کوردیە”یە.

وتارێکی تر بەناوی “لقاء الملاقین” کە لەسەر دیداری دوو مامۆستای گەورە، مامۆستا گۆران و جەواهیری لە بەغدایە. جەواهیری شێعرێکی لەسەر فایەق بێکەس بە عەڕەبی خوێندەوە. مامۆستا گۆران شێعرێکی جەواهێری کردبووە کوردی و خوێندییەوە. سێهەم وتارم کاتێک جەواهێری لە ٩٧ کۆچی کرد، نووسیم. جەواهێری نەجەفی بوو، بەڵام دۆستی کورد بوو، هەتا مرد هەر کڵاوێکی لەسەر بوو کە لەسەری نووسرابوو کوردستان. دیوانێکی هەیە بەناوی “قلبی لکردستان یهدى والفم / ولقد یجود بأصغریه المعدم” زۆر دوورودرێژە و مەدحی کورد و کوردستان دەکا.

لەسەر سیاسەتم نووسیوە، لەسەر زیندانی “قەسری نهایە”م نووسیوە کە لە بەغدایە، ئەو زیندانە کە هەر کەس چووبا، نەدەگەڕاوە. ببوو بە زیندانی کوشتنی شیوعییەکان. جا کە من لە ٦٩ گیرام، جەماعەتی بەعسی قەومییەکانیشیان گرتبوو، ئەوانەی سەر بە جەماڵ عەبدولناسر بوون، لەوێندەرێ گیرابوون. وەزیرەکان لە بەندیخانە بوون. لەسەر ئەوە نووسیومە کە چۆن دانسیان پێ دەکردن. دوکتور عەبدولڕەحمان بزاز سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو کە گیرابوو، بە کەوش لێکیان دەدا. لەسەر ئەوە کە بەعس لەگەڵ دۆستەکانی عەرەب قەومی خۆی چی دەکرد، نەک هەر لەگەڵ ئێمە شیوعییەکان.

ئەگەر بمانهەوێ بەراوردێکی بکەین لەنێوان ڕۆژنامەگەریی ئێستا و ئەوکات، چ جیاوازی، پاش چوون و یا پێشکەوتنێک هەیە؟

ڕۆژنامەگەریی کۆن بەپێی قۆناخەکان ئازادی کە هەبووە، ڕۆژنامەکان هەبوون و کە ئازادی نەدەما، ڕۆژنامەکانیش نەدەمان. بەڵام لە دوای ڕاپەڕێنی کوردستان ڕۆژنامەگەری زۆر پێشکەوتنی بەخۆ دیوە، بەڵام لە لایەنی زمانەوە نا، بەداخەوە زمانەکەی پێشکەوتنی نەبووە. پاشان ڕۆژنامەی سەربەخۆمان نییە. ئەوە سی ساڵە حکوومەتی هەرێم هەیە، ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ نییە. خەڵک لە ڕێگای ئینتێرنێت و فەیسبووک شت بڵاو دەکاتەوە.

خەڵک وەک جاران ڕۆژنامە دەخوێننەوە؟

نا وەک جاران خەڵک ڕۆژنامە ناخوێننەوە. با نموونەیەکت لۆ بێنمەوە. با هەر حیزبەکان بڵێم پارتی، یەکێتی، شیوعی. کاتی خۆی شیوعی پەنجا هەزار ژمارەی دەردەچوو یەک ژمارە نەدەماوە. ئێستا گۆڤاری پارتی دووهزار ژمارە دەرناچێ. تەنانەت ئەندامانی حیزبەکان ڕۆژنامە ناخوێننەوە. “ التآخی” لە بەغدا دەردەچوو، سی هەزار بڵاو دەکراوە، ئێستا لە بەغدا ناگاتە پێنج هەزار دانە. لە کوردستان هی حیزبی شیوعی دوو هەزار بڵاو نابیتەوە. وەک جاران نەماوە. ڕۆژنامەی سەر کاغەز ئێستا زەحمەتە. خەڵک جاران زیاتری دەخوێندەوە. کتابیش خەڵک زیاتری دەخوێندەوە. بۆ وێنە دیوانی مامۆستا گۆران پێنج هەزار دانە چاپ کرا و بە مانگێک یەکی نەماوە. ئێستا کتابێک ئەگەر ٥٠٠ دانە بڵاو کرێتەوە ڕەنگە ٢٠٠ دانەی نەفرۆشرێ. ژمارەیەک لە گەنجەکان دەستیان پێ کردووە کە دەخوێننەوە، بەڵام خەڵک لەسەر کاغەز ناخوێننەوە. جێگای ناخۆشییە.

مامۆستا بنەماڵەی ئێوە کتێبخانەیەکتان هەیە بە ناوی کتێبخانەی حەیدەری.

بەڵی ئەوە برایەکەم ممتاز حەیدەری لە ٦٠کانەوە ڕۆژنامەنووسی دەکا. ئەو کتابخانەیەکی هەبوو. دواتر لە ئیشی حکوومەت دەریان کرد. ئەوەی ئەوان دەیانویست ئەو نەیکرد. کتابخانەیەکی دانا بەناوی “کتابخانەی حەیدەری” کە دوو سێ ساڵ بەردەوام بوو کە دیسان حکوومەت دایخست. بەڵام لە ماڵ، ئێمە کتابخانەمان هەبوو. وەک بنەماڵە دەستنووسێکی زۆرمان هەبوو.

ئێمە وەک بنەماڵە لە ١٥٠٠وە لە ڕۆژهەڵات لە لای ئەردەبیل هاتووینە باشوور. دەڵێن ئێمە بە ئەسڵ لە سەنجار چووینە ئەردەبیل و لەگەڵ شێخ سەفەدینی ئەردەبیلی خزمایەتیمان بووە، بەڵام شا ئیسماعیل کە شیعایەتی دەکا باپیری ئێمە ئێران بەجێ دەهێڵێ و دێتە هەریرێ. پاشان عوسمانییەکان پێ دەزانن و بانگی دەکەنە ئیستانبوڵ. حەیدەریی دووهەم کە باپیرەگەورەی ئێمەیە لە هەولێرێ لە ١٦٢٦ لەدایک بووە. دەڵێن حەیدەرییەکانی مەهابادیش، ماڵە مەلا ماوەڕانی بە ئەسڵ حەیدەرینە. ماوەڕان گوندی حەیدەریانە لەپشت شەقڵاوەیە. سێسەد مەلایان بووە شافعی و حەنەفی. وەکو بنەماڵە باب و مامم لە ئەستەنبوڵ بووینە. مامم لە ١٩١٩ لە دەوڵەتی عوسمانیدا شێخ‌ئەسلام بووە. دوو جار بۆتە شێخ‌ئەسلام. جێگری سەدری ئەعزەم بووە. سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی عوسمانی بووە. کە عوسمانی لە ١٩١٧ ڕووخا، بابم گەڕاوەتەوە باشوور و لە هەولێرێ، لە گوند فەلاحەتی کردووە. مامم پاش ئەوەی عوسمانی نەما، هاتەوە بەغدا و بوو بە وەزیری ئەوقاف. مامم ساڵی ٣٠ کۆچی کردووە. بابم تا ساڵی ٥٤ ژیاوە و ئیشی دەوڵەتی نەکرد و هەتا وەفاتی کرد هەر فەلاحەتی کرد و لە دەشتێ ژیا. دژی ئینگلیس بوو. شەش کوڕی هەبووە کە چواریان لە زینداندا بوون. ئێمەش دوو برای بچووک بووین، تەمەنمان هەشت و نۆ ساڵ بوو. لەگەڵ بابمان لە گوندی بووین هەتا دوو برامان لە زیندان ئازاد کران و هاتینەوە هەولێر و دەستمان بە خوێندن کرد. من دووی مانگی پێنجی ١٩٤٥ لەدایک بووم. سێ خوشکمان بوو کە دوویان کۆچیان کردووە. خوشکی بچووکمان مێردەکەی ساڵی ٦٧ کە شەهید بوو، کوڕەکانی بچووک بوون، ئاسۆ و محەممەد حەیدەری.

کتێبخانەکە چەند گەورەیە و چەندی کتێب و ئەرشیڤ تێدایە؟

دوو کتێبخانەی گەورەی حەیدەری هەیە، یەکیان ئەرشیڤی سیاسییە. براکەم ممتاز حەیدەری خانوویەکی دوو قاتی کڕی. کتێبخانەکە بیست هەزار کتێبی تێدایە. ئەرشیڤەکە زۆر گەورەیە. بۆخۆی ئێستا تەمەنی ٨٨ ساڵە. خەڵک دێن و لە ئاڕشیڤ و کتابخانەکە بۆ نووسین و لێکۆڵینەوە کەڵک وەردەگرن. ئێستا کتاب نادەتە خەڵک، بەڵام خەڵک دەتوانن بێن و لەوێ دانیشن و کتێبەکان بخوینەوە.

کتێبەکان دیجیتاڵ کراون؟

ئێستا بە تەمانە و جیهازیان کڕیوە. کوڕێک دوکتۆرای لە مێژوودا هەیە، خەریکە هاوکاری دەکا. کتابخانەکەی دیکەش هەر بەناوی حەیدەری کە هی خوارزاکەم ئاسۆیە. ئاسۆ وەختی خۆی لە زیندان بوو و حوکمی ئێعدامی هەبوو کە دواتر ئازاد کرا. لە ئاڵمانیا هاتەوە و کتابخانەی داناوە. هەموو حەفتانە کۆڕ و کۆبوونەوەی تێدا دەکرێ. بە سێ زمانی کوردی، ئینگلیزی، عەڕەبی کتێبی تێدایە.

لەم کتێبەمدا، سەردەمی نۆی و ڕۆژنامەگەریی کوردی، لەسەر هەر پێنج برام وتارم نووسیوە. هەموومان کاری کتێب و نووسینمان کردووە. جەماڵ حەیدەری کە لە تەمەنی ٣٦ ساڵی لە ساڵی ١٩٦٣ ئێعدام کرا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی بوو. ئەمساڵ سەد ساڵەی بوو. برای گەورەمان عاسم حەیدەری دە ساڵ لە ساڵی ٤٨ هەتا ٥٨ لە زەمانی مەلەکی لە زیندان بوو تووشی ڕەبوو بوو و لە ٥١ ساڵیدا کۆچی کرد. ساڵح حەیدەری لەدایکبووی ١٩٢٢ و دامەزرێنەری حیزبی شیوعیی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٥ و ڕۆژنامەی شۆڕشی دەردەکرد. پاشان “حیزبی ڕزگاریی کوردی” دروست کرد. دوایە بوو بە لێژنەی مەرکەزیی حیزبی شیوعی. دوایە دانیشت و ساڵی ٢٠١٨ کۆچی کرد. کاک موهیب حەیدەری کە ساڵی ٦٣ لە تەمەنی سی ساڵیدا شەهید کرا و کوڕێکی لەپاش بەجێ ماوە بەناوی سەردار کە ئێستا لە هەولێرە. وە ممتاز حەیدەری کە لە دایکبووی (١٩٣٨)ە و لە ژیاندا ماوە.

دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی تان چۆن ناسی؟

ئەمن دوکتور قاسملووم بەناوی شەخسییەتی “ئەنوەری” ناسیبوو. ئەنوەری لەناو حیزبی توودە دوکتور قاسملوو بوو. لە پڕاگەوە دەگەڕاوە عێراق. برادەرێکی لەگەڵ بوو باسی کرد و گوتی ئەنوەری هاتیتەوە. کوتم ئەنوەری کێیە؟ کوتی دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوویە. ساڵی ٦٧ بوو ئەوکات لە مۆسکۆ بووم. کتابەکەی دەرچووبوو، “کوردستان و کورد” کە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە وەریگێڕاوە. بە عەڕەبی لە پڕاگ دەرچوو و برادەرانی حیزبی شیوعی تەرجمەیان کردبوو. نوسخەیەکیان لۆ من نارد. ئەو کتێبەم تا ئێستا هەر ماوە. پاشان لە بولغارستان وابزانم ساڵی ٧٤ بوو کە خوشکم نەخۆش بوو، دەچوومە ماڵی کاک کەریم، کاک حەسەنی قزلجی لەوێ بوو و لەوێ یەکترمان دیت. دوکتور قاسملوو جینزی لەبەر بوو.

ئەو ڕۆژەی دوکتور قاسملوو شەهید بوو، ١٣ی تەمووز، من لە تبلیس بووم، کۆڕێکم هەبوو بۆ کوردەکانی ئەوێندەرێ. فەهد گردەوانی تلەفۆنی بۆ کردم. کوتی دوکتور قاسملوو شەهید کراوە. هاتمەوە سوید و چوومە لای کاک کەریم حیسامی. کاک کەریم دەگریا. ئەوان کاتی خۆی لەسەر “کورتەباس” جیاوازیی فکرییان هەبوو. کوتی قاسملوو قاسملوو بوو. جەریدەکەمان واتە سەردەمی نوێ سوور بوو، بەڵام ئەو ژمارەیەمان بە ڕەشی دەرکرد. هەمووی لەسەر دوکتور قاسملوو بوو. کاک کەریم دوای هاتنەدەر لە حیزب هاتە بەغدا. کاک کەریم سێ مانگ گیرا. دوکتور قاسملوو زۆری هەوڵ دا و لە زیندان ڕزگاری کرد. کاتی خۆی کاک کەریم ڕەدی کورتەباسی دابوو. دوکتور قاسملوو کاتێک چێکی بەجێ هێشت، ڕوانگەی گۆڕابوو. لەگەڵ کاک کەریم تێک چووبوون. تەنانەت کاک کەریم کە باسی قاسملووی دەکرد وەک دیکتاتۆر باسی دەکرد، بەڵام کە دوکتور قاسملوو شەهید بوو، کاک کەریم بیرەوەرییەکانی دەدا من پێش چاپ بیخوێنمەوە، کوتم مادام دوکتور قاسملوو نەماوە ئیدی نابێ لەسەری بنووسی. کاک کەریم کوتی نانووسم. زۆر دڵتەنگ بوو. کاتی خۆی عەمەلەن کاک کەریم لە جێگەی قاسملوو بوو. شەهیدبوونی دوکتور قاسملووی زۆر پێ ناخۆش بوو. کاک کەریم قەت کراسی ڕەشی لەبەر نەدەکرد، دوو حەفتە کراسی ڕەشی دانەکەند. قاسملوو زانایەکی گەورە، دیپلۆمات و نووسەرێکی گەورە بوو. پێشەکیی “تاریک و ڕوون” دوکتور قاسملوو نووسیوێتی. هەموو گەورە بوون قزلجی، گەلاوێژ، بەداخەوە خومێنی هەموویانی کوشت.

دوکتور سەعیدم لە تەمووزی ساڵێ ١٩٩٠ لە مۆسکۆ ناسی ، لە کۆنگرەی کوردەکانی سۆڤییەت. من تەرجومەم دەکرد لۆ دوکتور شەڕەفکەندی، کاک عەزیز محەممەد و دوکتور عوسمان. دوایە لە ٩١ کە هاتمەوە لەگەڵ کاک موممتازی برام و خوشکم و سەعدوڵڵا پەرۆش چووینە مەقەڕی حیزبی دێمۆکرات و دوکتور سەعید و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادەمان دیت و نانی نیوەڕۆمان پێکەوە خوارد. کە شەهید بوو لە هەولێرێ لە پرسەکەی لە مزگەوتی گەردی ئامادە بووم.

لە “سەردەمی نوێ و ڕۆژنامەگەریی کوردی”دا ئەو وتارەش هەیە کە لەسەر دوکتور قاسملوو نووسیبووم و ئەوکات لە “کوردستان” ئۆرگانی حیزبدا بڵاو کراوە.

زۆر سپاس مامۆستا گیان بۆ ئەم کاتەی بۆ تیشک تەرخانتان کرد.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە وتارەکانی گۆڤار

هەمووی ببینە
وتارەکانی گۆڤار

ڕێنووسی کوردی و ڕێنمایی نووسین

بە سەرنجدان بەوەی نووسەرانی تیشک و خوێندەوارانی کورد، بنەما گشتییەکانی ڕێنووسی کوردی دەزانن، بە پێویستیمان نەزانی هەموو بەشەکانی ڕێنووسی کوردی لێرە بنووسینەوە و تەنیا لەم نووسراوە کورتەدا ئاماژە بەو خاڵانە کراوە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران لەبەرچاویان ناگرن و بە هەڵە دەیاننووسن.

وتارەکانی گۆڤار

لە نیشانەناسییەوە تا ئوستوورەپەردازی: خوێندنەوەی شێعری «کیژی سوور خاوەن مانگە»ی لەیلا ساڵحی

پوخته‌ی بابه‌ت: ئوستووره‌ گێڕانه‌وه‌ یان كۆمه‌ڵه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌مزی و نمادینی ئاوات، بایخ، ترس و ویستی میلله‌ته‌كانن، گێڕانه‌وه‌ و ده‌ربڕینێك چ له‌ ڕێگه‌ی حیكایه‌ت و به‌یت و باو و به‌ گشتی داب و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ،چ به‌ زمانی ئه‌ده‌بیات، سینما ، نیگاركێشی و…

وتارەکانی گۆڤار

بە ناو کوردستانی ئازاددا؛ گەشتێک بە ناو وڵاتێکی تەژی لە متمانە

پێشەکی لە نێوان ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر کوردستان، ژیانی گەلی کورد، ناسنامە و مێژووی ئەم گەلە نووسراون، هەندێک کتێب تەنها بەهۆی زانیارییەکانیان گرنگ نین، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە بتوانن کوردستان و کورد لە ڕوانگەی مرۆڤێکی گەشتیار، چاودێر و بیرمەندەوە پیشان بدەن. کتێبی…