بازدان بۆ ناوەڕۆک

ژیانەوە

لە نێوان ڕێککەوتن و شەڕدا؛ کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟

between agreement and war; Where is the Kurd in the equation?
لە نێوان ڕێککەوتن و شەڕدا؛ کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟

زانیاری بڵاوکردنەوە

نووسەر
هۆشیار یەگانە
بڵاوکراوەتەوە لە
بلاگی ژیانەوە
وەشانخانە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ئەنستیتۆ
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک
ڕێکەوت
2026/11/24

دوای سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، کورد لەبەر هەڵکەوتەی ژیۆپۆلیتیکی خۆی، جارێکی تر بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. هەرێمی کوردستان و بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لەوێ بنکە و بارەگایان هەیە، لەژێر گوشار و بوردومانی قورسی هێرشە درۆنی و هاژەکییەکانی ئێراندان. هاوکات بە گوێرەی سەرچاوەکان ئەمریکا بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان داوە. هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکا و سیاسەتی ئینتیگراسیون و تێکەڵبوونیان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق گرتووەتە بەر. لە لایەکیشەوە هەم ئەگەری ڕێککەوتنی واشنتن و تاران لە ئارادایە و هەم ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ. هەر یەک لەوانەش کاریگەریی تایبەتی خۆی لەسەر دۆخی کورد لە ناوچەکە دەبێت. من لەم نووسراوەیەدا هەوڵ دەدەم بە کوردی و پوختی باس لە ئەنجامەکانی هەر یەک لەو ئەگەرانە بۆ کورد بکەم.

ڕێککەوتن. مەترسییەک کە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەتوانێ بۆ کوردی هەبێت، ئەوەیە کە شیمانە دەکرێت تاران وەک مەرجێک داوای سنووردارکردنی چالاکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بگرە دەرکردنیان لە باشووری کوردستان بکات. لە وەها حاڵەتێکدا، هێزەکانی ڕۆژهەڵات تا ڕادەیەکی زۆر دەبنە قوربانیی ڕێککەوتنی تاران-واشنتۆن. ئەزموونی مێژوویی ئەوەی سەلماندووە کە زلهێزەکان لە کاتی گفتوگۆ و بڕیارداندا، بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەمیشە لە پلەی یەکەمدا دادەنێن. بۆیە لە ئەگەری ڕێککەوتن، دەکرێت کوردانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی گوشار و هەڕەشەی ئەمنیی زیاتر ببنەوە و هاوکات کوردی باشوور و ڕۆژاواش لەبەر سیاسەتی مامەڵەگەرایانە و بەرژەوەندیخوازانەی ئەمریکا بەشێک لە یارمەتییە دەرەکییەکانی خۆیان کە تا ئێستا پشتیان پێ بەستووە لە دەست بدەن.

دەستپێکردنەوەی جەنگ. سەرباری ئەوەی کە ئەو کۆدەنگییە هەیە کە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و لاوازتربوونی کۆماری ئیسلامی گوشارەکان لەسەر کورد کەمتر ببنەوە، بەڵام ئێرانێکی بریندار دیسان مەترسیی تایبەتی خۆی بۆ کورد وەک ئەکتەرێکی کەم‌دەسەڵات و بێ‌دەوڵەت هەیە؛ بەتایبەت کە کورد لە چاوی بڕیاردەرانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە وەک «ئیسرائیلی دووەم» وەسف کراوە. ڕەنگە یەکێک لە مەترسییەکان ئەوە بێت کە کۆماری ئیسلامی کوردستان و بەتایبەت هەرێم بکاتە گۆڕەپانی بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەمریکا. تەنانەت هەندێک ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی پلانی هێرشی بۆ سەر باشووری کوردستانی داڕشتووە. دەکرێت ئەمە بە کردەیی نەکرێت، بەڵام کورد دەبێت خراپترین حاڵەتەکان لەبەرچاو بگرێت؛ بەتایبەتی کە ئەزموونی ڕۆژاوای کوردستان ئەوەی سەلماندووە کە هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ زلهێزێکی وەک ئەمریکاش، هەرگیز بە واتای هاوپەیمانییەکی توکمە و دڵنیاییی سیاسیی درێژخایەن نییە. بڕیاری واشنتن لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ کەمکردنەوەی پشتگیریی لە هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوا، ڕێگەی خۆش بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا کردەوە؛ گوشارەکانی ئەم دواییانەشی بۆ تێکەڵبوونەوەی هێزە کوردییەکان لەگەڵ هێزەکانی ئەحمەد شەرع و سیاسەتی ئیدغام بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە. ئەم سیاسەتە لە نێو ڕای گشتیی کوردستاندا ئێستا بە خیانەت وەسف دەکرێت.

کورد کە بەردەوام لە بەردەم سیاسەتی کوشت و کوشتار و جینۆسایدی داگیرکەرانی کوردستاندا بووە و ئەکتەرە دەرەکییەکانیش ویستوویانە لە قۆناغە جیاجیاکاندا وەک کارتێکی گوشار بۆ سەر دوژمنانیان بەکاریان بهێنن، نابێ ئەوە لەبیر بکەن کە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بوونەتە قوربانیی بەرژەوەندیخوازی و ڕێککەوتنی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان و بێدەنگییان لە ئاست ئەو تاوانانەی ئەو حکوومەتە داگیرکەرانە لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەرامبەر کورد ئەنجامیان داوە؛ واتە سیاسەتی سەرکوتکردن، ئاوارەکردنی زۆرەملێ، گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان و کوشتنی بەرفراوان و ئەنفال و جینۆساید. لە عێراقدا، کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و هێرشی کیمیایی لە هەڵەبجە لە دیارترین نموونەی ئەم تاوانانەن؛ لە ئێراندا، کۆچی زۆرەملێ، گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان، سەرکوتکردنی خوێناوی بزووتنەوە و هێزە سیاسییەکان، بەئەمنییەتیکردنی کوردستان، زیندانیکردن و لەسێدارەدانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان و بگرە تێکدانی ژینگە و تاڵانکردنی سەرچاوەکان و میرات و کەلەپووری مێژوویی، پێشینەیەکی درێژی هەیە؛ لە تورکیادا، سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامەی کوردی، ئاوارەکردنی زۆرەملێ و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان لە ناوچە کوردنشینەکاندا چەندین دەیەیە بەردەوامە؛ لە سووریاش سیاسەتی جیاکاری، لەدەستدانی ڕەگەزنامەی بەشێک لە کورد و پڕۆژەی گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووان، بەشێکی گرنگ لە مێژووی هاوچەرخی کورد پێکدەهێنێت. لەم ڕووەوە، دۆسیەی کورد تەنها لە چوارچێوەی کێبڕکێی ئێران و ئەمریکادا ناتوانرێت لێکبدرێت. کوردستان لە نێوان سنوورە دەستکردەکانی چوار وڵاتی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا دابەش بووە و هەر چوار وڵاتەکە لە قۆناغە جیاوازەکاندا سیاسەتی تایبەت بە خۆیان بەرامبەر بە دۆسیەی کورد پەیڕەو کردووە کە کاریگەریی قووڵی لەسەر مافە سیاسییەکان، ناسنامە و شوناسی ئەم نەتەوەیە هەبووە.

بۆیە، ڕەخنەگرتن لە پشتبەستن بە ئەمریکا و ئیسرائیل بە واتای لەبیرکردنی تاوانی داگیرکەران و پاکانەکردن بۆ کۆمەڵکوژی و سیاسەتە دژەمرۆییانەکانیان نییە، بەڵکو بەو واتایە دێت کە سیاسەتێکی واقیعبینانەی کوردی دەبێت هاوکات لە دوو تەڵە خۆی بەدوور بگرێت: یەکەم، ئەوەی کە نەبێتە سەربازی پیادە و سووتەمەنیی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتە دەرەکییەکان و دووەم، ئەوەی کە نابێت ئەو مەترسییانەی کە لەلایەن داگیرکەرانی خاکی کوردستانەوە هەن، لەبیر بکات. لە ئەزموونەکانی پشتتێکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کورد لە ساڵی ١٩٧٥ و دوای ڕێککەوتنی جەزائیر تا دژایەتیی واشنتۆن لەگەڵ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ و بێدەنگی بەرامبەر داگیرکردنەوەی کەرکووک و باقی ناوچە کوردستانییەکان و تا دژایەتیی ترامپ لەگەڵ چوونەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە گەرمەی ئەم شەڕەی دواییان لەگەڵ ئێران و تا پشتتێکردن لە هێزەکانی ڕۆژاوا لەم دواییانەدا و دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی لە هەرێم لە داهاتوویەکی نزیکدا وا دەکات کە بە گرنگی سەیری ئەو دوو خاڵە بکەین کە ئاماژەیان پێدرا. ئەمانە دەیسەلمێنن کە دۆسیەی کورد لە هەموو کاتێکدا دەکرێت ببێتە قوربانیی ڕێککەوتنەکان و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز. دیارە ئیسرائیلیش کە هەندێک وەک دۆستی کورد دەیناسێنن، پێشینەیەکی پارادۆکسی بەرامبەر بە کورد هەیە. لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ پشتگیریی لە باشووری کوردستان کرد، بەڵام ئەم پشتگیرییە بە ڕێککەوتنی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ کۆتایی پێهات. لە ساڵی ١٩٩٩ کاتێک عەبدوڵا ئۆجەلان لە کینیا دەستبەسەر کرا، ڕاپۆرت و تۆمەتبارکردن لەسەر ڕۆڵی مۆساد لە یارمەتیدانی تورکیادا بڵاو بووەوە؛ هەروەها لە ساڵی ٢٠١٧، ئیسرائیل پشتگیریی سیاسیی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان کرد، بەڵام دوای ئەوەی سوپای قودسی ئێران و حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر کەرکووک هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو و بگرە ئیدانەشیان نەکرد. ئەم ئەزموونانە ئەوە دەسەلمێنن کە پشتگیریی ئیسرائیل لە کورد، هاوشێوەی سیاسەتی ئەمریکا، هەرگیز پابەندبوونێکی هەمیشەیی نەبووە و لە چوارچێوەی دروشمێکدا کە هەندێک جار وەک کارتی گوشار بەکاری دێنن بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان.

بە کورتی، هاوپەیمانیی هەمیشەیی بوونی نییە. کێشەی سەرەکی نابێت تەنها لە کەسایەتیی ترامپ، نەتانیاهۆ یان سەرکردەی دیکە بزانین. بابەتەکە بریتییە لە بەرژەوەندیخوازیی دەوڵەتەکان. دەکرێت ئەمریکا و ئیسرائیل لە قۆناغێکدا گرنگترین هاوپەیمانی کورد بن؛ بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکانیان بخوازێت، تەزمینێک نییە کە کورد قوربانی نەکەن. لە بەرامبەردا، دەوڵەتە ناوچەییەکانیش چەندین جار ئەوەیان سەلماندووە کە دۆسیەی کورد تەنها بابەتێکی ناوخۆیی نابینن و لە بەرامبەر بزووتنەوە کوردییەکان، چەک و ڕێکاری ئاسایشی بەرفراوان بەکاردێنن.

کەوابوو، هاوپەیمانیی دەرەکی بگرە لەگەڵ زلهێزەکان، جێگەی هێز و یەکانگیریی ناوخۆیی ناگرێتەوە. کورد ناتوانێت لە ڕاستییە ژیۆپۆلیتیکییەکەی ناوچەکە دوور بکەوێتەوە و ناتوانێت هەمیشە پشت بە دەسەڵاتێکی دەرەکی ببەستێت. پشتگیریی ئەمریکا، ئەورووپا یان ئیسرائیل دەکرێت دەرفەت بێت؛ بەڵام نابێت بناغەی سەرەکیی سیاسەتی کورد بێت. یەکێتیی سیاسی، کەمکردنەوەی ناکۆکیی ناوخۆیی، بەهێزکردنی دامەزراوە ئاسایشی و ئابوورییەکان و هەبوونی ستراتیژییەکی توکمە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە، گرنگتر لە چاوەڕوانیکردن بۆ یارمەتیدانی هەر دەسەڵاتێکی دەرەکییە. لە کۆتاییدا، پرسیارە سەرەکییەکە ئەمە نییە کە کێ لەم ڕووبەڕووبوونەوەدا سەرکەوتوو دەبێت، تاران یان واشنگتن؛ بەڵکو پرسیارەکە ئەمەیە: ئەگەر دەسەڵاتە گەورەکان ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ بەرژەوەندییەکانیان بە ڕێککەوتن بگەن، کورد چەندە توانای بۆ بەرگریکردن لە خۆی هەیە؟

ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

زیاتر لە ژیانەوە

هەمووی ببینە
ژیانەوە

لە خوداوە بۆ فەیلەسووف، لە مانداناوە بۆ سەوگەند!

ساڵی ٢٠٢٤ لە وڵاتی ئاڵمان ٣٠٨ کەنیشک و ژن بە دەستی پیاوان کوژراون. هەمان ساڵ ٢٦٦ هەزار لە ناو ماڵەکان ئازار دراون. هەر لەم وڵاتە، ساڵی ٢٠٢٥ دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر ١٤٤٥٠ کچ و ژن. بە تەنیا لە وڵاتانی ئیسلامی ئاسیا و…

ژیانەوە

دیاسپۆرای کورد؛ هێزێکی بێسنوور

بەپێی ڕای ئەمیر حەسەنپوور و شەهرزاد موجاب (٢٠٠٥)، ڕەوتی کۆچکردنەوە بۆ زیادکردنی توخمێکی ترانسنشال بۆ نەتەوەی کورد یارمەتیی دیاسپۆرای کوردی داوە. توخمەکانی دیاسپۆرا، بەتایبەتی لەو سەردەمەدا کە ئەکتەرەکانی ناوخۆ بەهۆی شەڕ و سەرکوتکردن و سانسۆرەوە دەرفەتی خۆنیشاندانیان نییە، داواکارییەکانی نەتەوەی کوردی بۆ…

ژیانەوە

٣٥ ساڵ دوای ڕاپەڕین؛ بۆچی باشووری کوردستان هێشتا لە نێوان نەوت، مووچە و قەیرانی حوکمڕانیدا گیرۆدەیە؟

سێ و پێنج ساڵ دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، باشووری کوردستان هێشتا لەبەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی و چارەنووسسازدا وەستاوە: بۆچی ئەو هەرێمەی خاوەنی دەیان ملیار دۆلار داهاتی نەوت، سەرچاوەی سروشتی، خاکێکی بەرهەمدار و پێگەیەکی گرنگی ژیۆپۆلیتیکی جوگرافیایییە، نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسی و ئابووریی کارا، شەفاف…