خوێندنەوەیەک لەسەر بزووتنەوەی ژینا و دەرکەوتەکانی تا ئەمڕۆ

 شایستە وتمانی

بە درێژایی تەمەنی ٤٨ ساڵەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، یەکێک لە بەهێزترین ئامرازەکانی بەردەوامبوونی زوڵم و زۆری، ترساندنی خەڵک لە ڕێگەی جۆراوجۆری وەک گرتن، ئەشکەنجە، دەستدرێژی و کوشتن و سێدارە بووە. ئەم ترساندن و تۆقاندنە هاوتەریب بووە لەگەڵ هەڵاواردن و پەڕاوێزخستن و دابەشکردنی کۆمەڵگەی ئێران بەسەر چین و توێژی جیاوازدا تا ساکارتر بتوانن بەسەر خەڵکدا زاڵ بن و لە کاتی پێویستدا لە دژی یەک بەکاریان بهێنن. هەڵاواردن و دابەشکارییە ئایینییەکان، زمانی، نەتەوەیی، ڕەگەزی، ناوچەیی و ….. . لەم نێوەدا کورد پشکی شێری بەرکەوتووە و ژنانی کورد پشکی شێری زێڕینیان بۆ دەرچووە.
هەر بەو پێیەش ڕۆڵی ژنان و کچانی کورد لە بەربەرەکانییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەرچاوتر و کاریگەرترە. یەکەم هەنگاو لەم پێناوەدا نافەرمانییە مەدەنییەکان و پشتگوێخستنی یاسا دژە مرۆییەکان و دژە ژنییەکانی کۆماری پەت و سێدارەیە.
چوار ساڵ لەوە پێش و لە ڕۆژانێکی وەک ئەمڕۆدا، کچێکی نازدار و دلۆڤانی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی لە پێتەختی ئێران بە هۆی ملنەدان بە یاسای زۆرەملێی حیجاب گیانی پاکی بەخت کرد. ئەم گیان لەدەستدانە مەرگێکی ئاسایی نەبوو کە مرۆڤێک لە چەند چركەساتێکدا گیان بدا و ئیتر بوونی ببێ بە نەبوونێکی هەتاهەتایی، بەڵکوو ژینا سەلماندی کە هەندێک مەرگ دەستپێکی ژیانێکی هەرمان و هەتاهەتاییە و زیندووبوونەوە لە دڵی کۆمەڵگە و لاپەڕەکانی مێژوودایە.
لێرەدا پێویستە لە خۆمان بپرسین کە دوای گیانبەختکردنی ژینا چی ڕووی دا؟ چ گۆڕانکارییەک بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا هات؟ ئەمڕۆ دوای چوار ساڵ جێگە و پێگەی ئێمە لەکوێیە؟
دوای گیان لەدەستدانی ژینا، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی چەندین ساڵەی کەڵەکەبووی ناو دڵی خەڵک وەک بوورکانێکی بەهێز هەڵچوو و پایە و بناغەی تەختی حکوومەتی زۆرداری کۆماری ئیسلامیی خستە لەرزە و تا لێواری ڕووخانی برد. ئەم سەرهەڵدانەی کە لە گۆڕستانی ئایچیی سەقزەوە دەستی پێکرد و زۆر خێرا بە کوردستان و دوایی و بە زۆربەی شار و تەنانەت گوندەکانی ئێرانیشدا بڵاو بووەوە و دەنگی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران و بە تایبەت ژنانی گەیاندە دەرەوەی وڵات.
ئەم سەرهەڵدانە چەندین تایبەتمەندیی خۆی هەبوو کە بریتی بوون لە: پێشەنگایەتیی ژنان و کچان لە بزاڤەکە، ڕۆڵی بەرچاوی چینی نوێ و مێرمنداڵان لە خۆپێشاندانەکاندا، پشتگیریی پیاوان لە ژنەکانیان و کچەکانیان لە بەشداریكردنیان لەم سەرهەڵدانە، شکستهێنانی ترسی داسەپاوی چەندین ساڵەی حکوومەت، ڕوون و ئاشکرابوونی ویست و خواستی خەڵک لە شار و ناوچە جیاوازەکان و نەبوونی کاریگەریی ئیدیۆلۆژییەکی تایبەت بەسەر بزووتنەوەکەدا.
گەورەترین دەستکەوتی ئەم خرۆشانە هاتنەئاراوەی پرسی ئازادی، پرسی ژن، مافی مرۆڤ، ناسنامە، پێداگری لەسەر دادپەروەری و داهاتووی سیاسیی ئێران و لابردنی هەڵاواردنەکان لەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بوو.
کۆی گشتیی ئەم پرس و بابەتانە بوو بە هۆی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هزر و ڕوانینی کۆمەڵگە سەبارەت بە پرسە جیاوازەکان کە ئەم گۆڕانکارییانەش خۆی لە خۆیدا دەستکەوتی باشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەبوو. بەرچاوترین دەستکەوت ئەوە بوو کە ڕۆڵی ژن لە بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بابەت و سووژەوە گۆڕا بۆ ئەکتیڤیست و بکەری سەرەکی. واتە ژنان تەنیا ناوێک نەبوون لە پەڕاوێزی بابەتە سیاسییەکاندا، بەڵکوو خۆیان بوون بە خوڵقێنەری ڕەوتێکی هزری و ڕامیاری بۆ وەستان لە دژی نادادپەروەری و زوڵم و سەرکوت.
بابەتێکی تر کە لەم بزووتنەوەیەدا زۆر بەرچاو بوو، ڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەریی ئەم بەشە لەسەر کۆی گشتیی کۆمەڵگەی ئێران بوو. تا کاتێک سەرهەڵدانەکە بە زەبری چەک و تەقەی ڕاستەوخۆی خوێنخۆرەکانی حکوومەتی مرۆڤکوژی ئێران و گیان لەدەستدانی سەدان گەنج و لاو و کوڕ و کچی تازە پێگەیشتوو پاشەکشەی پێ نەکرابوو، دەنگی کوردستان وەک دەنگی سەرەکیی ئەم بزاڤە لە ئێراندا دەبیسترا و ئەکت و کردارەکانی کوردستان ڕێبەرایەتیی گشتیی بزووتنەوەکەی لە پانتایی ئێراندا لەسەر شان بوو.
ئەمانە و دەیان نموونەی تر وەک دەستکەوتی ئەرێنی ئەژمار دەکرێن، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە وەک هەموو بزووتنەوەیەکی تری جیهان، بەرکەوتەی نەرێنی و خراپشی بەدوای خۆیدا پەلکێش کردووە کە دەتوانین ئاماژە بە شەهید و برینداربوونی هەزاران کەس بە تایبەت چینی گەنج و دەستبەسەرکرانی هەزاران کەسی تر و لەسێدارەدرانی سەدان ڕۆڵەی ئەم خاک و نیشتمانە بکەین. هەروەها قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و بەرەوتەسکبوونەوەی سۆفرەی خەڵک و دژوارتربوونی بژێوی ژیان هەر لە کرێی ماڵڕا بگرە تا دەرمان و خۆراک و پێداویستیی منداڵان و کار و کەسب و هەرچی مرۆڤێکی ئەو سەردەمە پێی دەژی.

ڕاستە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دوای شەهیدبوونی ژینا ڕۆژێکی خۆشی بە خۆوە نەدیوە و تووشی دەیان قەیرانی ناوخۆیی و جیهانی بووە، بەڵام لەم لاشەوە هەڵاوسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکی ژیان و لاوازبوونی بواری داراییی خەڵک، گوشارێکی زۆری لەسەر کۆمەڵگە پێکهێناوە.
ئەمانە بە کۆی گشتی بەدیهێنەری کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوخۆی ئێرانن کە داوێنی خەڵکی گرتووەتەوە و بەشێک ناهومێدتر بوون و بەشێکیش هەستی تۆڵەسەندنەوە و ئاگری ڕق و قینیان بەتینتر بووە و چاوەڕێی دەرفەتێکی تازە دەکەن تا ئەمجارە کارەکە یەکسەرە بکەن.
پرسێکی تری بەرچاوی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران ئەوەیە کە لە داهاتوودا و دوای نەمانی حکوومەتی مەلاکان چۆن بژین؟ لە ژێر چەتری کام بیروباوەڕدا ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدی بهێنن؟ کام شێواز لە حوکمڕانی بۆ ژیانێکی شیاوی کۆمەڵگە پەیڕەو بکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە ساکار نییە و پێویستی بە وردبینی و بەدواداچوونی وشیارانە هەیە، بەڵام ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێن و پشتگوێ بخرێن، چونکە لە داهاتوودا خۆیان دەبن بە قەیرانێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران.
گرنگ ئەوەیە کاتێک ئاوڕ دەدەینەوە ئەم چوار ساڵەی ڕابردوو و بەراوردێکی لەگەڵ ساڵانی پێش بزووتنەوەی ژینا دەکەین، دەبینین توێژی خۆڵەمێشی و بڕیارنەدەری کۆمەڵگە زۆر کەمی کردووە، خەڵک بیریان لە ئازادیی ڕادەبڕین، گەیشتن بە لوتکەی کەرامەت و هەستی مرۆڤبوونی خۆیان کردووەتەوە و ئەمە لە خۆیدا گەورەترین گۆڕانکارییە کە دەتوانێ داهاتوویەکی شکۆدار بۆ نیشتمان بەدی بهێنێ.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی

وەتمانی، شایستە(٢٠٢٦): خوێندنەوەیەک لەسەر بزووتنەوەی ژینا و دەرکەوتەکانی تا ئەمڕۆ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • شەش مانگ لە هاوپەیمانی: ستراتیژیی هاوبەش؟

شەش مانگ لە هاوپەیمانی: ستراتیژیی هاوبەش؟

شەش مانگ لە هاوپەیمانی: ستراتیژیی هاوبەش؟ شنە پاسبار ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ٢٢ی فێبریڤێری ٢٠٢٦، وەک پێشهاتێکی گرینگ لە مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازی لێکرا. لە سەرەتا پێنج حیزب [...]

  • کاتێک تیۆری دەبێتە پەناگە: سڕینەوەی مێژوو لە پەنا "فەزای بێ شوێندا"

کاتێک تیۆری دەبێتە پەناگە: سڕینەوەی مێژوو لە پەنا “فەزای بێ شوێندا”

کاتێک تیۆری دەبێتە پەناگە: سڕینەوەی مێژوو لە پەنا "فەزای بێ شوێندا" ئیبراهیم مەلازادە پێشتر لە ماڵپەڕی سەکۆ بۆ نیشتمانسازی مەترسی خۆجڵەوکردنی هەندێک لە نووسەر و توێژەرانی کوردم لە سێ بابەت بە [...]

  • نەوت و مەکینەی مەرگ

نەوت و مەکینەی مەرگ

نەوت و مەکینەی مەرگ دانا حەمید ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دۆزەخێکی واقیعیدا دەسووتێت. لە غەززەی خاپوورکراو و گەڕەکە وێرانەکانی باشووری لوبنانەوە، تا دەگاتە شەڕە پچڕ پچڕەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ئەو درۆنانەی ئێران، [...]

  • گەڵاڵەی خودموختاریی حدکا، پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا

گەڵاڵەی خودموختاریی حدکا، پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا

گەڵاڵەی خودموختاریی حدکا، پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا حەسەن قارەمانی ئەم بابەتە دوو مۆدێلی سیاسیی جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد دەکات: پێشنیاری گەڵاڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی [...]

  • پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی شاهۆ لە پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ز، زۆرێک لە توێژەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وابوو کە جیهان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەرەو قۆناغێکی تاک‌جەمسەری ڕۆیشتووە. [...]

  • فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد)

فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد)

فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد) کامەران محەممەد ئەی ئەو مەخلوقە بچووکەی کە لەناو پۆشاکێکی پیرۆزدا خۆت حەشار داوە و وا دەزانیت کلیلی بەهەشت و دۆزەخت لە [...]