گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢
لە بارەی لێرخ و سێ کتێبە بەناوبانگەکەی
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 16.10.2025
سدقی، مەنسوور (٢٠٢٥): لە بارەی لێرخ و سێ کتێبە بەناوبانگەکەی. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ٥٢٢–٥١٥. https://doi.org/10.69939/TISHK0072
لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، لە ئەکادیمیای زانستیی ئیمپراتۆریای ڕووسیا، کۆڵینەوە لە مێژوو، ئیتنۆگرافیا، زمان و وێژەی گەلی کورد گرنگی تایبەتی پێ دراوە. لە سایەی کۆڵینەوەکانی کوردناسان و ئێرانیناسانی ئەو سەردەمی ڕووسیا، کوردناسیی وەک بەشێک لە مەیدانی ئێرانیناسیی سەدەی ١٩، جێگەی بۆ کراوەتەوە و پەرەسەندنی سەربەخۆیانەی دەست پێ کردووە.
پیۆتێر" یان "پیتر ئیڤانۆڤیچ لێرخ" وەک ئەندامێکی ئەکادیمیای زانستیی ئیمپراتۆریای ڕووسیا لە نێوەڕاستی سەدەی ١٩دا، سەرنج دەخاتە سەر زمانی کورد و مێژووەکەی و سێ ساڵ کاتی ئازادی خۆی بۆ کۆکردنەوەی بابەتی هەمەلایەنە و پەیوەست بەم بوارە تەرخان دەکات. بەشێکی ئەم توێژینەوەیە بە بڕیاری ئەکادیمیا وەک بەرگی یەکەم بە ناوی "کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان" لە ساڵی ١٨٥٦دا بڵاو بووەتەوە. هەر لەم ساڵەدا بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەکادیمیا، "پیۆتێر لێرخ" سەردانی شاری "ڕۆسڵاڤڵ" دەکات تاکوو لە نزیکەوە بە هاموشۆ دەگەڵ ژمارەیەک کورد کە لەوێندەرێ ڕاگیرابوون و لە شەڕ ڕووسیا و عوسمانیدا لە ناوچەی کافکاز بەدیلی گیرابوون، توێژینەوە لەسەر زمانی کوردی بکات. لە ئاکامدا، "لێرخ" کۆمەڵێک بابەت سەبارەت بە زمانی کوردی کۆ دەکاتەوە و دوو بەرگی دواتری توێژینەوەکانی تەنیا بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکات و ئەکادیمیا لە ساڵی ١٨٥٧و ١٨٥٨، هەر بە ناوی "کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان" چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. "لێرخ" هاوکات هەر سێ بەرگەکە (٤٥٠ لاپەڕە) لە دوو بەرگدا (٣٨٠ لاپەڕە) کۆ دەکاتەوە و بە ناوی "کۆڵینەوە لە کوردەکان و کلدانییە ئێرانییەکان" بە زمانی ئەڵمانی وەری دەگێڕێت و ئەکادیمیای ڕووسیا لە ساڵی ١٨٥٨ هەر دووکیان چاپ و بڵاو کردووەتەوە. بەڵام دیاریی نەکردووە بۆ چی وازی لە ئێرانیبوونی کوردەکان و هەوڕەچەڵەکییان دەگەڵ کلدانییەکان هێنابێت.
سەبارەت بە پیۆتێر ئیڤانۆڤیچ لێرخ
"پیۆتێر ئیڤانۆڤیچ لێرخ" لە ساڵی ١٨٢٨ لە شارۆچکەیەکی نزیک لە شاری هامبوورگی ئەڵمانیا، لەدایک بووە. خوێندنی باڵا لە ساڵی ١٨٥١ لە زانکۆی پیتربورگ تەواو کردووە و پلەی بەربژێریی بۆ دکتۆرا لە وێژەی ڕۆژهەڵاتی وەرگرتووە. لە سەرەتای ٥٠کاندا، خەریکی بەدواداچوون بۆ پرسی کورد دەبێت کە لە ژێر کاریگەریی شەڕی ڕووسیا و تورک لە ساڵانی ١٨٥٠-١٨٥٣دا لە ڕووسیا گرنگی پێ درابوو.
لێرخ لە ساڵانی ١٨٦٩ و ١٨٧٤ لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی شوێنەوارناسان لە سویسرا و دانیمارک بەشدار بووە؛ بە بۆنەی بەڕێوەبردنی ئەرکە میرییەکان سەر شانی، هەروەها بەشداری دڵسۆزانە و لێهاتوویی لە دەستەبەرکردنی ئاکامە گرنگەکانی لە بواری کوردناسی و کۆڵینەوە لە مێژوو، شوێنەوارناسی، جوگرافیا، ئیتنۆگرافیا و زمانی گەلانی ئاسیای نێوەڕاست، (لە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاراندا) ئەندامی "فەخری" و دواتر پلەی ڕاوێژکاریی میریی پێ دراوە.
لێرخ بەهۆی کاری کتێبداری لە کتێبخانەی کتێبە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئەکادیمیا، تەواوی سەرچاوەکانی خوێندبووەوە، بۆیە وەک "شارەزاترین کەس لە زمانە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی" و "کاتالۆگی زیندووی بیبلیۆگرافیای ڕۆژهەڵات" بەناوبانگ بووە.
لێرخ لە ساڵی ١٨٧٦، بەهۆی نەخۆشی خانەنشین و بۆ نوێژداری ڕەوانەی ئەڵمانیا کراوە و هەر لەوێندەرێ لە ساڵی ١٨٨٤ و لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچیدوایی کردووە.
سەبارەت به کتێبە سێ بەرگییەکەی لێرخ
بەرگی یەکەم ١٣٦ لاپەڕەیە و بریتییە لە: پێشەکی، سەرەتا، خشتەی کتێب و وتار سەبارەت بە ژیانی کوردەواری، شێوازی ژیانی هۆزەکانی کورد، زمانی کوردی لە دونیای زانستیدا، ئاسەوارە نووسراوەکانی زمانی کوردی، دۆخی ئایینی هۆزە کوردە ئێزدییەکان، وردبوونەوە لە ژمارەی هۆزەکانی کورد (کوردانی تورکیا، کوردانی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا، کوردانی ژێر دەسەڵاتی پارس).
لە بەشی سەرەتادا لێرخ بەم بۆچوونەی "ئێرنست ئێدوارد کوونیک Ernst Eduard Kunik"، مێژوونووسی ئەڵمانی-ڕووسی دەست پێ دەکات: "بابەتی هۆزە کوردە ئێرانییەکان بۆ لێکۆڵینەوە گەلێک سەرنجڕاکێشە و تەنانەت تا ڕادەیەک دەتوانێت ڕۆشنایی بخاتە سەر مێژووی ئاشوور و بابل و ئاسیای بچووکیش". لەسەر ئەم بنەمایە دەڵێت: "پەیدابوونی باسێکی زانستی کە ئەو بۆچوونەی سەرەوەی لێ کەوتووەتەوە، هانی دام خۆم خەریکی کۆڵینەوە لە مێژووی کورد بکەم.
لە بەشی خشتەی کتێب و وتار سەبارەت بە ژیان کوردەواری، لە ١٥ لاپەڕەدا، ناونیشانی پتر لە ١٢٠ کتێب و وتارە بڵاوکراوەکانی ڕیز کردووە کە لە ماوەی پتر لە ٢٥٠ ساڵدا، واتە لە ١٥٨٢ تاکوو ١٨٥٥دا، بە زمانەکانی لاتینی، ئەڵمانی، فرانسایی، ئینگلیزی، ئیتاڵیایی و ڕووسی بە شێوەیەک لە شێوەکان جەختیان لە ژیان و ئایینی هۆزەکانی کورد کردووەتەوە و زانیارییان سەبارەت بە مێژووی توێژینەوەکان لەسەر زمانی کوردی تۆمار کردووە.
سەبارەت بە زمانی کوردی لە دونیای زانستیدا، لێرخ ئاشکرای کردووە کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٧٦٤دا، مێژوونووس و زمانناسی ئەڵمانی "ئاوگوست ڤۆن شلۆتسر"، خوێندکاری لێهاتووی "جان میشایلز" بە فەرمانی "یەکاترینی دووەم" ئیمپراتۆری ڕووسیا سەردانی ڕۆژهەڵاتی کردووە و کاری لەسەر کورد و زمانی کوردی دەست پێ کردووە. لێرخ هەروەها ناوی کەشیش "گارزۆنی" ئیتاڵیایی هێناوە کە لە ساڵی ١٧٦٨ەوە ١٨ ساڵ لە شاری ئامێدی ژیاوە و یەکەم کەس بووە زانایانی جیهانی بە زمانی کوردی ئاشنا کردووە و زۆر بەوردی هەڵسەنگاندنی بۆ نێوەڕۆکی کتێبەکەی کردووە.
لێرخ دەگەڵ "ئاڤگۆست فریدریش پۆت"، زمانەوانی ئەڵمان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی زمانەوانی مۆدێرنی هیندوئەورووپایی و زمانەوانیی گشتی، هاوڕا بووە کە لەنێو زمانە ئێرانییەکاندا زمانی کوردی، زمانێکی سەربەخۆیە.
سەبارەت بە ویژە و نووسراوەی کوردی، لێرخ دەڵێت: "کورد هۆنڕاوەی هەیە کە بەشێکیان کوردی ڕەسەنن.
سەبارەت بە مۆسیقا و گۆرانی کوردی ئاماژەی بە بۆچوونی "خەچەتۆر ئابۆڤیان" کردووە کە گوتوویەتی: "گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی کوردی بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر پێشکەوتوون و گەیشتوونەتە لووتکە".
سەبارەت بە دۆخی ئایینی هۆزەکانی کورد، لێرخ ١٥ لاپەڕەی بۆ تەرخان کردووە و دەڵێت: "زۆربەی کورد پەیڕەوی لە ئایینی محەممەدی و ئایینزای شافیعی دەکەن، بەڵام هەندێک لە هۆزەکانیان شیعەن. بەگشتی هەموویان موسڵمانی باش نیین. تورک و پارسەکان پێیان وایە کوردەکان دەگەڵ ژنەکانیان زۆر نەرم و نیانن. تورکەکان دەڵێن، کوردەکان لە زۆر بارەوە وەک ئەورووپاییەکانن". هەروەها بەگوێرەی نووسراوەی "مەسعوودی" دەڵێت، کریستیانە یەعقووبییەکانی دەوروبەری مووسڵ و چیای جوودی، کوردن. بێجگە لەمە ئاماژەی بە ئایینە کوردییەکانی "ئێزدی" "عەلیئۆڵلاهی" و "چراخ سۆندەران" کردووە.
وردبوونەوە لە ژمارەی هۆزەکانی کورد
لێرخ ٦٢ لاپەڕەی بۆ هۆزەکانی کورد لەژێر دەسەڵاتی سێ زلهێزی ڕووسیا، تورکیا و پارس تەرخان کردووە و بەگوێرەی سەرچاوە ئاماژە پێکراوەکان بەوردی هەژماری ئاپۆرە و هەندێک تایبەتمەندی و ناوی لق و پۆ و خێڵەکانی زۆربەی هۆزەکانی کورد کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم سێ وڵاتەدا دەژین، تۆمار کردووە. خشتەی ناوچەکانی ژیانی هۆزەکانی کورد لەم سێ وڵاتەدا، گەلێک سەرنجڕاکێشە.
لێرخ لە سەرەتا تا ڕادەیەکی باش ئاخێوەری زمانی کوردی بووە. دواتر توانیوێتی نموونە گەلێک لە دەقی کوردی بە زاراوەکانی کورمانجی و زازا بنووسێتەوە و گەلێک زانیاری ئیتنۆگرافیایی سەبارەت بە کورد کۆ بکاتەوە؛ بۆیە تەوەرەی سەرەکی بەرگی دووەم و سێیەمی بەرهەمەکەی بریتییە لە کۆمەڵێک کۆکراوەی زمانەوانی و ئیتنۆگرافیایی کە لە دیلە کوردەکانی وەدەست هێنابوو، دەگەڵ ئەو زانیاریگەلەی کە لە نووسراوەکانی گەشتیارە ڕووس و بیانییەکان دەستی پێ ڕاگەیشتبوو.
بەرگی دووەم
بەرگی دووەم ١٤٥ لاپەڕەیە و بریتییە لە پێشەکی، ڕاپۆرتی ئەکادیمیست "دۆڕن"، ڕاپۆرتێک بۆ ئەکادیمیا سەبارەت بە سەردانەکەی لە "ڕۆسڵاڤڵ"، کۆمەڵێک دەقی کوردی بە زاراوەکانی کورمانجی و زازا، هەروەها پاشکۆیەک کە دەقە کوردییەکانی ئەرزەڕۆم و تەورێزی لەخۆگرتووە.
لێرخ لە ڕاپۆڕتەکەیدا پتر لە ٢٨ لاپەڕەی بە تێروتەسەلی تەرخان کردووە بۆ تایبەتمەندییەکانی دیلە کوردەکانی ڕاگێراو لە شاری "ڕۆسڵاڤڵ" کە گەلێک سەرنجڕاکێشە.
لە بەشی دەقە کوردییەکاندا، کۆمەڵێک پەیڤی کورتی بە هەر دوو زاراوە کورمانجی و زازا لەسەر بنەمای "ڕستە پێوەرەکانی بەکمایستر" وەرگێڕراوە. بۆ نووسینی ئەم دەقانە لە نیگارەکانی ئەلفبێی لاتینی "لێپسیۆس" کەلکی وەرگرتووە بۆ هەر دەنگێک کە بیستوویەتی، نیشانەیەکی بۆ داناوە کە لە زاراوەی کورمانجیدا بریتییە لە ٣٧ دەنگ: ٩ بزوێن (٥ بزوێنی درێژ و ٤ بزوێنی کورت)، دەگەڵ ٢٨ نەبزوێن. زاراوەی زازا بە دوو بزوێنی پتر، ٣٩ دەنگی بۆ داناوە: ٩ بزوێن و ٣٠ نەبزوێن.
لێرەدا لە ٤١ لاپەڕەدا ٢١ چیرۆک و ئەفسانە، بەسەرهاتی میری شاری پاڵوو و بەسەرهاتی خەمباری ئەوینداریی کچی سەرۆکهۆزی ڕۆمی بە کورمانجی گونجاندووە. هەروەها لە ٤٦ لاپەڕەدا سێ چیرۆک سەبارەت بە پێکدادانی هۆزە کوردەکان، دوو چیرۆکی دیکە و ئەفسانەیەکی بە زاراوەی زازا تۆمار کردووە. هەروها ٢٥ گۆرانی فۆلکلۆری نووسیوەتەوە کە هەر کامیان لە ٢٠ تا ٤٠ ڕستە پێکهاتوون کە نێوەڕۆکیان ئیرۆتیکی و باسی ئازایەتی و پاڵەوانێتیین.
پاشکۆی ئەم بەرگە بریتییە لە دەقەکانی ئەرزەڕووم و تەورێز. دەقەکانی ئەرزەڕووم ٧ لاپەڕەی بۆ تەرخان کراوە، بریتییە لە وەرگێڕراوی هەندێک پەندی پێشینیانی تورکی، چەند بەشێک لە هەڵبەستەکانی "ئەسکەندەرنامە"ی نیزامی کە لە کۆتایی ساڵی ١٨٥٦دا، "ئا. د.ژابا" بە هاوکاری دەگەڵ مەلا مەحموود بایەزیدی و چەند کەسێکی دیکە وەریان گێڕابووە سەر کورمانجی و بە ئەلفبێی عەرەبی نووسیویانە. دەقی تەورێز کە ١٥ لاپەڕەیە. ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ و سەرکۆنسوولی ڕووسیا لە تەورێز، "ن.ڤ. خانیکۆڤ" لە ساڵی ١٨٥٧ ناردبوویە ئەکادیمیای ڕووسیا، بریتییە لە وەرگێڕراوی "دیباچە" (پێشەکی) کتێبی "گوڵستان"ی سەعدی شیرازی لە زمانی فارسی بۆ زمانی کوردی؛ ئەوەش بە ئەلفبێی عەرەبی-فارسی نووسراوە و زۆر بەوردی :ژێرۆ"، "سەرۆ"، "بۆرۆ" و "سکون"ی بۆ دانراوە. بەگوێرەی خانیکۆڤ، وەرگێڕەکەی "میرزا زەمان"ی کورد، خەڵکی ئەردەڵان و دانیشتووی شاری "سابڵاغ" بووە، بەڵام نەیتوانیوە درێژە بە وەرگێڕانکەی بەدات، چونکە بە فەرمانی حاکمی خۆراسان، گەڕاوەتەوە وێندەرێ.
بەرگی سێیەم
بەرگی سێیەم ١٦٧ لاپەڕەیە بریتییە لە: تێبینی و پێشەکی نووسەر، فەرهەنگی زاراوەی کورمانجی (٨٤ لاپەڕە)، فەرهەنگی زاراوەی زازاکی (٣٣ لاپەڕە). بەڵام لە بەرگی دووەم بە زمانی ئەڵمانی، بێجگە لەم دوو فەرهەنگە، دوو فەرهەنگۆکێکی دیکەی گونجاندووە بۆ وشەکانی دەقە وەرگێڕراوەکەی دیباچەی گوڵستانی سەعدی کە ٢٣ لاپەڕەیە، هەروەها بۆ زاراوەیەکی کوردی بە ناوی "خەردووسی"، کە دوو لاپەڕەیە. بەگوێرەی لێرخ، "خەردووسی" زاراوەی ئاخافتنی دانیشتوانی ناوچەکانی نێوان دوو گوندی "تەمیشگەزەک" و "گومیش مەدێن"ـە و بەپێی ڕاوێژی یەکێک لە دانیشتوانی ئەم گوندانە بە ناوی مستەفا تۆمار کراوە.
کۆتایی
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی نووسەری ئەم دێرانە بێت، تاکوو ئێستا ئەم کۆبەرهەمەی "پیۆتێر لێرخ"، چ لە زمانی ڕووسییەوە و چ لە زمانی ئەڵمانییەوە بەتەواوی وەرنەگێڕراوەتە سەر هیچ زمانێکی دیکە بێجگە لە بەرگی یەکەم کە گوایە کراوە بە عەرەبی.
١٠٠ ساڵ پاش چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبەکانی لێرخ، زیندەیاد پرۆفیسۆر قەناتێ کوردۆ وتارێکی ١٤ لاپەڕەیی بە ناوی "کارەکانی پ.ئی. لێرخ لە بواری کوردناسیدا" نووسیوە کە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستی یەکێتیی سۆڤیەت لە گۆڤاری "کۆوتار سەبارەت بە مێژووی ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی، بەرگی چوارەم، مۆسکۆ ١٩٥٩، ل.ل. ٣٩-٥١، بڵاوی کردووەتەوە. قەناتی کوردۆ وەک "ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد" پاش فیربوونی زاراوەی کوردی نێوەندی (سۆرانی)، هەمان وتاری بە ئەلفبێی لاتینی کردووە بە کوردی و "ئەندامی یاریدەدەری کۆڕ، مامۆستا شکور مستەفا شێوەی نوسینی ئەم وتارەی لە لاتینییەوە گۆڕیوە" و لە لاپەڕەکانی ٦٢٤-٦٦٣ گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورددا بڵاو بووەتەوە. پرۆفیسۆر قەناتێ کوردۆ لەم وتارەدا ویڕای بەرز نرخاندنی، چەند ڕەخنەیەکی زمانەوانی لە بۆچوونەکانی لێرخ گرتووە و بەگشتی باسی نێوەڕۆکی هەر سێ بەرهەمەکەشی کردووە.سەبارەت بە کارەکانی لێرخ هەندێک کاری زانستییانەی زمانەوانی تەنیا بۆ بەشی زاراوەی زازاکی کتێبەکانی لێرخ کراون کە بریتین لە:
لەم دوواییانەشدا، سەبارەت بە کارەکانی لێرخ هەندێک کاری زانستییانەی زمانەوانی تەنیا بۆ بەشی زاراوەی زازاکی کتێبەکانی لێرخ کراون کە بریتین لە: ماستەرنامەی "مەهمەت ئەسلان ئۆغلوولاری" لە ساڵی ٢٠١٤ لە "ئێنستیتووتی زمانە زیندووەکان"ی سەر بە زانکۆی "بینگۆل" لە تورکیا بە زمانی تورکی بەناوی "وەرگێڕانی کۆکراوەکانی زازاکیی لێرخ و شیکاری وشەکان بەپێی جۆرەکانیان" لە ١٦٤ لاپەڕەدا؛ وتارێکی "ئایدن وەیسی" بە زاراوەی کورمانجی بەناوی "کوردیزانی و پیۆتێر لێرخ- ١"، ٦ لاپەڕە؛ وتارێکی "سەیدخان کووڕێژ" بە زاراوەی کورمانجی بەناوی "بەرهەمی پیتر لێرخ لە بواری کوردۆلۆژیدا" کە لە ژمارەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ی گۆڤاری "نوێ بەهار ئاکادیمی NÛBIHAR AKADEMI" لە لاپەڕەکانی ٩٣-١٠٨ بڵاو بووەتەوە (بە تورکی و زاراوەی زازاکیش بڵاو بووەتەوە). ئامانجی ماستەرنامەکە و هەر دوو وتارەکان تیشک خستن و شیکاری تەنیا پەیڤ و دەقە زازاکییەکانی کتێبەکانی لێرخ بووە و تا ڕادەیەک ئەو دەقە و پەیڤانەیان بە ئەلفبێی لاتینیی هەنووکەیی ساغ کردووەتەوە.
نووسەری ئەم وتارە، لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا، سێ بەرگە ڕووسییەکەی لێرخی بە بەراورد و هەڵسەنگاندنی دەگەڵ دوو بەرگە ئەڵمانییەکە کردووە بە کوردی نێوەندی و هەندێک زیادکراوی دەقە ئەڵمانییەکەشی وەک پاشکۆ لەم وەرگێڕانەدا گونجاندووە، بەڵام هێشتا چاپ نەکراوە؛ بۆیە مەبەستی ئەم وتارە ناساندنی نێوەڕۆکی ئەم بەرهەمانەی پیۆتێر لێرخە کە هیوادارم لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو کتێبەکە بەسەریەکەوە چاپ و بڵاو بکرێتەوە.