گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢
لە نێوانی ڕابردوو و داهاتوودا
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 16.10.2025
کەیخوسرەوی، ئارام (٢٠٢٥):لە نێوانی ڕابردوو و داهاتوودا. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ٢٣٤–٢١٣. https://doi.org/10.69939/TISHK0072
لەبری پێشەکی
فریدریش نیچە ئیدەیەکی هەیە کە لە کتێبی «زانستی شاد»دا ئاوا باسی دەکات: «ئەگەر شەوێک لە تەنیاترین تەنیاییەکانتدا ئەهریمەنێک لێت نزیک بووبایەوە پێتی وتەبا: ئەم ژیانەی کە ئێستا دەژیی، دەبێ دیسان جاریکی دیکە و بێژمار جاری دیکەش بژیتەوە و هەموو ئازار و چێز و بیر و ئاخ و حەسرەتانەی چێشتووتە یەک بە یەک بە هەمان شێوەی ژیانی یەکەم تووشت ببنەوە…” (نیچە، ١٣٧٧: ٣٤١). چی دەکەیت؟ واتە هیچ شتێکی نوێی تێدا نەبێت، بە پێچەوانەوە! هەر ئازارێک، هەر شادییەک، هەر بیرکردنەوەیەک و هەر ئارەزووکردنێک، هەموو شتە ورد و درشتەکانی ژیانت بگەڕێنەوە بۆت .ئەم ئیدەیە نیچە پێی دەڵێت «گەڕانەوەی هەتاهەتایی هەمان» بۆ چرکەیەک وێنای ئەوە بکەیت کە ژیانت بۆ هەتاهەتایە بە هەموو خۆشی و دەرد و ئازارەکانی و هەموو بڕیارە دروست و هەڵەکانت بۆ هەتاهەتایە بە هەمان شێوە دووپات ببێتەوە. وەک بازنەیەک کە بەردەوام دەسووڕێیتەوە و هەمان بڕیار و هەمان دەرد و ئازار و خۆشی ئەزموون دەکەیت. نیچە پێی وایە قبووڵکردنی ئەم ئیدەیە جۆرێک ڕزگاربوون لە ڕابردوو و چەشنێک خۆشویستنی چارەنووس و ئەرێگوتن بە ژیانە بە هەموو دەرد و ئازارەکانییەوە. وێڕای ئەمە ئەم ئیدەیە وات لێ دەکات کە جۆرێک بژیت کە بەردەوام هیوای هەمتر بوونەوەی بخوازیت و لە دووپاتبوونەوەی نەترسی. ئاگامبن لە کتێبی «پاشماوەکانی ئاشۆویتس»دا ئاماژەیەک بەم ئیدەیە دەکات و دەڵێت با لە ڕزگاربوویەکی ئاشۆویتس بپرسین: دەتەوێت ئەم ژیانە کە ژیاوی، ئەم کەمپە و ئەو چرکانەی نێو کەمپ چرکە بە چرکە بۆت دووپات بێتەوە؟» (ئاگامبن, ١٣٩٣). ئاگامبن خۆی وڵام دەداتەوە بێگومان هیچ کەس ئامادە نییە ئەوە قبووڵ بکات. ئاشتی لە نێوان دووکەس، دوو لایەن پێویستی بە ورووژاندنی ئەم پرسیارە هەیە. ئەم دوولایەنە ژیانێک کە ژیاون درئەنجامەکەی شەڕ و لێک جیابوونەوە بووە. ئاشتی واتا دوو کەس یان دوولایەن دەیانەوێت پەیوەندییەکەیان گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا بێت. بگەڕێنەوە بۆ پەیوەندیی پێش شەڕ یان پەیوەندییەکی نوێ دابمەزرێنن. بێگومان ئاشتی لە نێوان بندەست و باندەستیش پێویستی بەم پرسیارە هەیە. ئاگامبن ئەم پرسیارە لە قوربانییەکی ئاشۆویتس دەپرسێت بەڵام لە چرکەی ئاشتیدا پێویستە باندەست ئاوڕێک لەم پرسیارە بداتەوە. ئەم پرسە دوولایەن گرێ دەدات بە ڕابردوو و داهاتوو. واتە ئەم پرسە، دەموچاوێکی ژانووسی هەیە، هەم لە ڕابردوو دەڕوانێت و هەمیش لە داهاتوو. ڕابردوویەک کە بریتییە لە شەڕ و ئازار و خوێنڕشتن و داهاتوویەک کە دەکرێت بە شێوازێکی دیکە دابڕێژرێت.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەم پرسیارە، لەم وتارەدا ئاشتی وەک چرکە یان وچانێک پێناسە دەکرێت لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا. یان خاڵی بە یەکگەیشتنی ڕابردوو و داهاتوو، واتە چرکەیەک کە ڕابردوو دەخوێنرێتەوە و داهاتوو وێنا دەکرێت .(lederach, 1997) لەم پێناسەیەدا ئاشتی تەنیا کاتێک مسۆگەر دەبێت کە باندەست، ئاوڕێکی ڕەخنەگرانە لە ڕابردووی خۆی بداتەوە. شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی باندەست لەگەڵ ڕابردووی یان ئەو ژیانەی کە ژیاوە چارەنووسی ئاشتی ڕوون دەکاتەوە.
ئارگیۆمێنتی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە بەبێ ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لە ڕابردوو هیچ ئاشتییەک مسۆگەر نابێت. بەڵام ئەمە ئاوڕدانەوەیەکی ئاسایی نییە؛ واتە لە گەڵ خۆیدا کۆمەڵێک پرسی دیکە دەهێنێتە ئاراوە. پرسی فەرامۆشکردن و وەبیرهێنانەوە، چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مێژوو و ئەوەی بەسەر چووە، پرسی لێبووردن و سزادان و هەروەها ئەم ئاوڕدانەوەیە دەکرێت هەم لایەنی تاکی و هەم لایەنی پێکهاتەیی لە خۆی بگرێت. دەبێت ئاوڕێک لەو تاکانە، لەو ژیانانە بدرێتەوە کە ئازاردراون، کوژراون، زیندانی کراون و هەروەها ئاوڕێکی پێکهاتەیی، واتە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لەو پێکهاتەیە بڕوانین کە هاوکێشەی باندەست و بندەست یان داگیرکەر و داگیرکراوی ساز کردووە. ئاشتی لەم پێناسەیەدا دەبێت تواناییی ڕووبەڕووبوونەوەی لە گەڵ ڕابردوو هەبێت و هەروەها دەبێ تواناییی شکاندنی ئەو پێکهاتەیەی هەبێت کە هاوکێشەی باندەست و بندەستی ساز کردووە. ئەزموونی ئەفریقای باشوور و هەروەها ئەزموونی ئەڵمانییەکان، کۆمەڵێک خاڵی گرنگمان پێ نیشان دەدەن.
لەم چوارچێوەیەدا ئەم وتارە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەی سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە نێوان کورد و تورک هەیە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە خەیاڵییەکەی ئاگامبن، دەبێت بپرسین ئایا نەتەوەی تورک لەم پرسەدا دەیەوێت ڕێگای خۆی بگۆڕێت و داهاتوویەکی دیکە بنیات بنێت؟ دەیەوێت بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە ڕابردووی خۆی بخوێنێتەوە؟ ئەوەی تا ئێستا دیارە هیچ کام لە مانە لە لایەن نەتەوەی تورک و نوێنەرانییەوە ڕووی نەداوە. بەڵکوو تەنانەت ئەم پرسە لە جیهانی تورکیدا وەک پرسی کۆتاییهاتنی تێرۆر ناو دەبرێت. بە پێچەوانەوە لایەنی کوردی کە بەردەوام لە ڕیتوریکی سیاسیی خۆیدا ئاماژەی بە «بەرخۆدان ژیانە» کردووە، کە چەشنێک وڵامدانەوەی ڕۆژانە بووە بەو پرسیارەی ئاگامبن، وا دیارە لەم پرسەدا بە تەواوی پاشەکشەی کردووە. هەڵوەشاندنەوەی یەک لایەنە و دڵخوازانەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەرخەری ئەم ڕاستییەیە. بۆیە ئەم پرسە سەرەڕای ئەوەی وەک ئاشتی پێناسە کراوە، بەڵام بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستانیش وەک ئاشبەتاڵێکی سواخدراو پێناسەی دەکەن. لەم نێوەدا پیرۆزکردنی لە ڕادەبەدەری ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و گرێدانی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەییی گەلی کورد لە باکوور بە بڕیارەکانی ئۆجەلان کە هێشتا لە زیندانی دەوڵەتی تورکیا دایە، پرسەکەی دوو هێندەی دیکە ئاڵۆز کردووە و زۆر پرسی بێوەڵام هێشتووەتەوە.
پێویستە خوێنەرانی ئەم وتارە ئاگادار بن، ئەم وتارە باسی گۆرانکارییە ناوچەییەکانی نەکردووە، بێگۆمان ئەم گۆرانکارییانە بە تایبەت ئەوەی پاش ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ هاتووەتە ئاراوە، دەتوانێت ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەڕۆژڤکردنی ئەم پرسە لە تورکیا هەبێت. بەڵام باسی ئەم وتارە تەنیا لەسەرچۆنیەتی و دۆخ و پێشمەرجەکانی ئاشتییە. هەروەها دەبێ ئەوەش بوترێت تا ئێستای لەگەڵ بێت زانیارییەکی بەرفروان لە ئارادا نییە، بۆیە بەشیکی بەرچاوی وتارەکە بۆ باسی تییۆری تەرخان کراوە. بۆیە ناوهاسەنگییەک لە وتارەکەدادەبینرێت، کە ئەوەش دەیسان دەگەڕێتەوە بۆ ناڕوونیی ئەم پرسە.
لاکردنەوە لە ڕابردوو
شاخەوانان کاتێک بە سەر شاخێکدا سەر دەکەون، ناوەبەناوە وچانێک دەگرن و لایەک لە پشتی خۆیان دەکەنەوە و ئاوڕێک لەو ڕێگایە دەدەنەوە کە بڕیویانە. ئەم لاکردنەوەیە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستا و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕێگایە کە تێپەڕیان کردووە. لەم لاکردنەوە خێرایەدا، کۆسپ و تەگەرەکان، هەوراز و نشێوەکان، شەکەتی و ماندوویەتییەکان و خۆشی و ناخۆشییەکان بەسەر دەکەنەوە. ئەم وچانە یان ئەم ئاوڕدانەوەیە دەبێتە هۆی ناسین و تێگەیشتن لە بڕیارە هەڵە و دروستەکانی نێو ڕێگا. هەندێک جار لەم وچانگرتنەدا شاخەوانان تێدەگەن ئەو ڕێگایە کە بڕیویانە هەڵە بووە و دەبێت ڕێگەی خۆیان بگۆڕن. لە ڕاستیدا ئەم لاکردنەوەیە هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە درێژەی ڕێگاکە هەڵەکان کەم بکرێنەوە و بڕیاری دروستتر بدرێت. مرۆڤ لە ژیانی ئاساییشدا ڕۆژانە بە بۆنەی جۆراوجۆرەوە و بەردەوام لایەک لە ژیانی تێپەڕبووی خۆی دەکاتەوە. لە ڕاستیدا مرۆڤ کاتێک دەڵێت «من»، من بەرهەمی ئەو ڕێگایەیە کە تێی پەڕاندووە. مرۆڤ ئەمەی لە ڕێگای تەمەنەوە و ئاوڕدانەوە لە تەمەنی جەوانی و مێرمنداڵی و بە گشتی ئەو ڕەوتەی بڕیویەتی، دەردەبڕێت.
هەندێک جار مرۆڤ خۆزگە بۆ ڕابردوو یان بۆ تەمەنێکی تایبەت دەخوازێت و هەندێک جار هەڵەکانی و بڕیارە دروستەکانی دەستنیشان دەکات و وەبیر خۆی دەهێنێتەوە و هەندێک جاریش کورد گوتەنی دەڵێت: “خودا نەیهێنیتەوە.” ئەم ئاوڕدانەوەیە لە ئاستی کۆیشدا ڕوو دەدات. حیزبێکی سیاسی بەردەوام لایەک لە مێژوو و بڕیارەکانی پێشووی دەکاتەوە. جاری وایە بە تەواوی ڕێگاکەی دەگۆڕێت، ڕەخنە لە خۆی دەگرێت و هەندێک جاریش بە شانازییەوە باس لە بڕیارەکانی و بەسەرهاتەکانی دەکات. ئەمە بۆ نەتەوەش دەتوانێت ڕوو بدات. نەتەوە وەکوو کۆ خاوەنی ڕابردوویەکە کە کەم و زۆر لە یادگەی تاکەکانی ئەم نەتەوەیەدا هەیە و وەک یادگەی کۆیی یان نەتەوەیی نێوی لێ دەبردرێت. ئێستای نەتەوە، بەرهەمی ڕێگایەکە کە لە درێژاییی مێژوودا بڕیویە. ڕێگایەک کە هەم دەرفەت، هەم هەڕەشە، هەم ڕووداوی خۆش و هەمیش بەسەرهات و ڕووداوی تاڵی تێدا بووە.
ئاشتی لە نێوان دوو نەتەوەش پێویستی بە لاکردنەوە لە ڕابردوو هەیە. ڕابردووی ململانێکان، شەڕەکان و پەیوەندییەکان. لە مێژووی ئاڵماندا بە تایبەت پاش بەسەریەکخستنەوەی وڵاتی ئاڵمان، زیاتر لەوەی لە وشەی «ئاشتی» کەڵک وەربگرن لە زاراوەی «سەرقاڵبوون بە ڕابردوو» کەڵک وەردەگرن، چونکە بە مانای پڕۆسەیەکە بۆ قووڵبوونەوەیەکی فیکری لە ڕابردوو بۆ ڕزگارکردنی داهاتوو لە ژێر باریدا.” (Wuestenberg, 2008) ئاشتی لە نێوان دوو نەتەوەی جیاوازدا پرسەکە بڕێک ئاڵۆز دەکات، بەڵام ئاشتی ئەگەر وەک وچانگرتن پێناسە بکەین، دیسان لێرەش پێویستی بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو هەیە. لەم وچانەدا دوو نەتەوە کە مێژووی نێوانیان مێژوویەکی خوێناوی و کارەساتبارە، بیر لەوە دەکەنەوە، دەیانەوێت درێژە بە شەڕ و ململانێ بدەن یان ڕێگایەکی دیکە هەڵبژێرن؟ دەیانەوێت پێکەوە بژین؟ یان لێک جیا ببنەوە؟ گەیشتن بە هەر کام لەمانە بەبێ خوێندنەوەی ڕابردوو ئیمکانی نییە. واتە ئەو پرسیارە خەیاڵییەی ئاگامبن کە دەڵێت: “دەتەوێت ئەم ژیانە، ئەم ڕێگایە کە پێیدا هاتووی دووبارە ببێتەوە” زەق دەبێتەوە. درێژەدانی ئەم ڕێگایە واتە درێژەدانی شەڕ و ململانێ، بەڵام درێژەنەدانی بۆ دوو نەتەوەی جیاواز دوو ئاراستە دەستنیشان دەکات: یان دەبێت پێکەوە بژین بەڵام نە وەک پێشوو، یان دەبێت جیا ببنەوە. پێکەوەژیانی ئاشتیانە یان جودابوونەوە، هەر دوو پێویستیان بە خوێندنەوەی ڕابردوو هەیە. بەڵام ئاوڕدانەوە لە مێژوو و کۆمەڵێک باس و بابەتی دیکەی لێ دەکەوێتەوە. سوود و خەسارەکانی ئەم لاکردنەوەیە چییە؟ پێویستی ئەم ئاوڕدانەوەیە لە چییە؟ ئەم پرسیارانە زۆر جار دوو جەمسەری جیاوازی لێ دەبێتەوە. جەمسەرێک کە پێی وایە ئاوڕدانەوە و باسکردنی ڕووداوەکانی پێشوو، کولاندنەوەی برینە و لە بەرژەوەندیی داهاتوودا نییە و جەمسەرێک کە پێی وایە، ئاوڕنەدانەوە لە ڕابردوو بابەتێکی نائەخلاقییە و لە هەمان کاتدا ڕێگە خۆشکەرە بۆ دووپاتبوونەوەیان لە داهاتوو. گرنگە بزانین کاتێک باسی ڕابردوو دەکەین، باسی چ ڕابردوویەک دەکرێت؟ هەموو ڕابردوویەک شیاوی ئاوڕدانەوە نییە، بەڵام هەندێک ڕووداو و بەسەرهاتیش هەیە کە ئاوڕ نەدانەوە لێییان هەم نائەخلاقییە هەمیش کۆی پرسی ئاشتی دەباتە ژێر پرسیارەوە.
ڕابردوویەک هەیە کە نایەوێت تێپەڕ بێت
لە زمانی ڕۆژانە و باودا زۆر جار بۆ ئاشتیی نێوان دوو کەس یان دوو بنەماڵە یان بۆ تێپەڕین لە قەیرانێک دەگوترێت: «ڕابردوو تەواو بووە.» تەواوبوونی ڕابردوو بە مانای نەگۆڕبوونیەتی، واتە بە هەموو ڕووداوە خۆش و خراپەکانیدا گوزەراوە و بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە. هیچ هێزێک توانای گۆڕینی ڕابردووی نییە. بۆیە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو کارێکی گۆترەیە. «ئێستا» وەک کات و وەک دۆخی ئاشتی پێویستی بە لێبووردن هەیە. لێبووردن واتە فەرامۆشکردنی ئەوەی ڕووی داوە. بەڵام ڕابردوویەکیش هەیە کە بەردەوام زاڵێتیی خۆی بۆ ئێستا و داهاتووش ڕادەگرێت. ئێرنست نۆڵتە لە وتارێکدا ئەم ڕابردووە ئاوا پێناسە دەکات: «ڕابردوویەک هەیە، کە نایەوێت تێپەڕ بێت.» لە دۆخی ئاساییدا هەموو ڕابردوویەک تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەم ڕابردووە کە نۆڵتە باسی لێ دەکات بابەتێکی ئاوارتەیە، بەو مانایە کە بە شێوەیەکی ڕوون، گوشاری ڕەوانیی ئەم ڕابردووە بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتووش دەمێنێتەوە و بەردەوام زیندوو و بەهێز دەبێتەوە.(Nolte, 1987) ئەم ڕابردووە و باندۆڕەکانی بەردەوام بەشێکن لە ئێستا. ئەمە ئەو ڕابردووەیە کە پۆل ڕیکۆر وەک تارمایی نێوی دەبات، ڕابردوویەک کە لە هەموو شوێنێک هەیە و لە هیچ شوێنێکیش نییە. کەمپەکانی ئاشۆویتس، ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، ڕووداوگەلێکن یان ڕابردوویەکن کە بۆ قوربانییان و بەجێماوەکانی ئەم ڕووداوە هەرگیز فەرامۆش ناکرێن. بەم مانایە لە نێوان کورد و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بە سەردا دابەش بووە، ڕابردوویەک هەیە کە تێپەڕ نابێت. ئێستا و داهاتووی هەر دوو لایەنی داگیر کردووە. هەر چەشنە ئاشتییەک لە ڕاستیدا ئاوڕدانەوە لەم ڕووداوانە یان ئەم ڕابردووە کارەساتبارەیە. داهاتوو بۆ ئەوەی لە ژێر باری ئەم ڕابردووە ڕزگار بێت، دەبێت لایەکی ڕەخنەگرانەی لێ بکرێتەوە. کە وابوو کاتێک باسی ڕابردوو دەکرێت، مەبەست ئەم ڕابردووە کارەساتبارەیە. هەندێک کەس پێی وایە ئاوڕدانەوە لەم ڕابردووە خەساری زیاترە، تەنانەت وەک نەخۆشی پێناسەی دەکەن. بۆیە ئەوان بەردەوام باس لە فەرامۆشی دەکەن. واتە ئاشتی پێویستی بە فەرامۆشی هەیە. بەڵام لایەنی قوربانی پێی وایە وەبیرهێنانەوە و بەفەرمی ناسینی ڕەنج و ئازاری، پێشمەرجی ئاشتی و هەروەها ڕێگایەکە بۆ دووپات نەبوونەوەی لە داهاتوودا. ئەم چرکەیە، چرکەیەکە کە دوو لایەن بە دوو ڕوانگەوە بەریەک دەکەون. ڕوانگەیەک کە زۆرجار باندەست لاینگریی دەکات، واتە فەرامۆشکردن و ڕوانگەیەک کە بندەست باوەڕی پێی هەیە واتە وەبیر هێنانەوە. لاینگرانی فەرامۆشی لە ڕاستیدا لاینگرانی لێبووردنن، بەڵام بندەست پێی وایە بە بێ ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو، لێبووردن مانایەکی نییە. وەک پۆل ڕیکور دەڵێت؟ ئەگەر ڕابردوو فەرامۆش کرابێت، شتیک نامینێت بۆ لێبووردن(هەمان،١٣٧٣).
بەریەککەوتنی فەرامۆشی و وەبیرهێنانەوە
خۆرخە بورخس چیرۆکێکی خەیاڵیی هەیە بە نێوی ڤنووس و یادگە، ڤنووس کەسێکە کە هەموو شتێک بە وردەکاریی تەواوەوە وەبیر دەهێنێتەوە. ئەو توانای لەبیرکردن و فەرامۆشکردنی نییە. بورخس پێی وایە سەرەڕای ئەوەی کە ڤوونس هەموو شت بە وردەکارییەوە لە یادگەیدا ماوەتەوە، بەڵام توانای فیکرکردنی نییە، چونکە بیرکردنەوە، فەرامۆشکردنی جیاوازییەکان و گەشتی کردن و ئابستراکتکردنە. لە لای بورخس، نەبوونی توانایی بۆ لەبیرکردن، چەشنێک نەخۆشی و ئیفلیجییە. واتە فەرامۆشکردن چەشنێک دەرمان و سلامەتیی ڕۆح و ڕەوانە (بوورخس, ١٣٧٨). وەک نیچە کە لە زانستی شاددا لە کۆپلەیەکدا دەنووسێت:
ئا: ئایا من نەخۆش بووم؟ چاک بوومەوە؟ کێ منی دەرمان کرد؟ چۆن ئەم هەموو شتەم لە بیر کردووە!
ب: ئەها، ئێستا دەزانم کە چاک بوویتەوە. چونکە هەر کەس فەرامۆشی کرد، چاک دەبێتەوە (نیچە, ١٣٧٧).
تەواوبوونی ڕابردوو و ڕابردوویەک کە نایەوێت تێپەڕ بێت، لە ڕاستیدا بەریەککەوتنی فەرامۆشکردن و وەبیرهێنانەوەیە. لە ئاشتیدا لایەنێک دەیەوێت فەرامۆشی بسەپێنێت و لایەنێک دەیەوێت وەبیربهێنێتەوە. لایەنگرانی فەرامۆشی پێیان وایە ئەوەی نەتوانێت فەرامۆش بکات ناچار ئێستا و داهاتووی لە دەست دەدات. ئێستا و داهاتوو دەخاتە ژێر باندۆری ڕابردوو و خۆشی لە ڕابردوودا دەمێنێتەوە. فەرامۆشکردن لە ڕاستیدا ئازادبوون و ڕزگاری لە دەستی ڕابردوویە. تەنیا بە فەرامۆشی دەکرێت درێژە بدەیت. لەم پێناسەیەدا فەرامۆش نەکردن چەشنێک نەخۆشییە. ڕۆدۆلف بورگر فەرامۆشکردن وەک ڕێگەچارە و دەرمان دەبینێت. فەرامۆشکردن سەرچاوەی ژیانە و بەبێ فەرامۆشی ژیان و درێژەدان ئەستەمە. بۆ ئەم مەبەستە بۆرگر باس لە چۆمی لێتە دەکات کە لە یۆنانی کەونارا هێمای فەرامۆشی بوو، یۆنانییەکان پێیان وا بوو هەرکەس لەو چۆمە بخواتەوە، ڕابردووی خۆی لە بیر دەکات. بۆرگر ئەمە بە دەستکەوتێکی گەوەری شارستانیەت دەزانێت، بەڵام بە قسەی ئەو ساڵی ١٩٤٥ی زایینی، پاش کۆتاییهاتنی شەڕی جیهانیی دووهەم، ئەم دەستکەوتە لەکیس چوو و گۆڕدرا بۆ ئامۆژگارییەکی ئایینی واتە «تۆ هیچ کات نابێت فەرامۆش بکەیت» (Assmann, 2006)
لەم سۆنگەیەدا سالمبوون جێی خۆی دەدات بە نەخۆشی، بەڵام ئالیدا ئاسمان باس لە دۆخیکی ئاوارتە دەکات. واتە دۆخ و پەیوەندیی نێوان باندەست و بندەست. بە بۆچوونی ئاسمان لە باسەکەی بۆرگر، پەیوەندیی ناهاوسەنگی باندەست و بندەست لە بیر دەکرێت. باندەست هەمیشە لە پێگەی فەرامۆشکردندایە، بەڵام ڕەنگە تەنیا چەکی بندەست وەبیرهێنانەوە بێت. بۆ باندەست هیچ ڕابردوویەک نییە کە تێپەڕ نەبێت، بەڵام لە لای بندەست ڕووداو و بەسەرهاتی زۆر هەیە کە بەبێ ئاوڕدانەوە لێیان ناتوانێت باس لە داهاتوو بکات. باندەست پاش گۆڕانکاریی سیاسی دەتوانێت فەرامۆش بکات، لە حاڵێکدا بندەست یان قوربانی، وەبیرهێنانەوە وەکوو پڕبایەخترین داراییی خۆیان دەپارێزن. ئەو پێی وایە لەبیرکردنی هاوبەش لە نێوانی باندەست و بندەست ناتوانێت ئەم نایەکسانییە بسرێتەوە، تەنیا وەبیرهێنانەوەی هاوبەشە لە نێوان باندەست و بندەست کە دەتوانێت ئەم نایەکسانییە کەم بکاتەوە”.(ibid,2006) هەمیشە گوتراوە کە ئەوە سەرکەوتووەکانن کە مێژوو دەنووسن، بەڵام دەشکرێت بڵێین سەرکەوتووەکان مێژوو فەرامۆش دەکەن، چونکە لە پێگەیەکن کە دەتوانن فەرامۆش بکەن، بەڵام بندەستەکان ناچارن ڕووداوەکان وەبیربهێننەوە و زیندوویان بکەنەوە و ئیمکانە جیاوازەکانیان هەڵسەنگێنن. وەبیرهێنانەوە یان تۆمارکردن لە یادگەدا چەکی بندەستەکانە، بندەست بە تۆمارکردنی ڕووداوە تاڵ و ناخۆشەکان و ئازارەکانی، پێویستیی خەبات و تێکۆشان زیاتر هەست پێ دەکات. بۆیە ئالیدا ئاسمان بیرمەندی ئاڵمانی دەڵێت: “وەبیرهێنانەوە لە لای بندەست ئامرازێکە بۆ درێژەدانی خەبات. وەک شکستی کەمینەی فەرەنسی زمانی کەپەک لە بەرانبەر کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا لە ساڵی ١٧٥٩دا، ئەم کەمینەیە لەسەر شوێنە گشتی و جۆراوجۆرەکانی وڵات ئەم دروشمەیان دەنووسی: «من لەبیرمە.» ئەم دروشمە لە ڕاستیدا بزوێنەری خەبات لە ڕووبەرێکی ئینگلیزی زمان بوو”.(ibid,2006) لە ئاشتیدا پێویستە وەبیربهێننەوە، نەک بۆ ئەوەی لە ڕابردوودا بمێنینەوە. وەک لیدراخ دەڵێت: “ئاشتی دەبێت بتوانێت لایەک لە ڕابردوو بکاتەوە، بەڵام لەوێ قەتیس نەمێنیتەوە، خەڵکی پێویستە فەزا و دەرفەتێکیان هەبێت، تا دەرد و ئازار و بیرەوەری و تووڕەییەکانیان باس بکەن. ئەم فەزایە جۆرێک وەرگرتن و بە فەرمیناسینی ڕابردوو و ئازارەکانیانە”.(Lederach, 1997)
ئەزموونی ئەفریقای باشوور: بەبێ لێبووردن هیچ داهاتوویەک نییە
ئەفریقای باشووری یەک لەو وڵاتانەیە کە ئەزموونێکی باشی لەم پەیوەندییەدا هەیە. لەوێش لە چرکەی ئاشتیدا دوو ڕوانگە بەریەک دەکەون، ڕوانگەیەک کە دەیەوێت فەرامۆشی وەک ئامرازی ئاشتی پێناسە بکات و ڕوانگەیەک کە زیاتر ڕەشپێستەکان لاینگرین دەیهەوێت بە لاکردنەوەیەک لە ڕابردوو ڕەنج و ئازارەکانی بگێڕێتەوە. دۆزمۆند تۆتۆ بەرپرسی کۆمیتەی حەقیقەت و ئاشتی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی: “ڕێگای ئاشتی لە دیکتاتۆرییەوە بەرەو دیموکراسی”، بە ڕوونی باسی ئەم لێکدژییە دەکات. تۆتۆ وەک بەرپرسی کۆمیتەی حەقیقەت و ئاشتی، لایەنگری تەواوی ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو بوو. لە ڕوانینی تۆتۆدا ڕووداوەکانی ڕابردوو وەک جێی ئاوڵە بە دەموچاوی مێژووی ئێمەوە دیاربوون و نیشانی دەدا کە ئێمە دەبێت نیسبەتی خۆمان لەگەڵ ئەم ڕابردووە کارەساتبار و توندوتیژە ڕوون بکەینەوە. نەماندەتوانی وا لە خۆمان بکەین کە هیچ شتێک ڕووی نەداوە. بەشێکی بەرچاو لەم ڕووداوە ناخۆش و تاڵانە لە بیر و زەینی هاووڵاتییاندا مابووەوە و وەک تارمایییەک بە زەینیانەوە هەڵواسرابوو. ئەگەر بمانەوێت سەردەمێکی نوێ دەست پێ بکەین، بە ناچار دەبێت لەگەڵ ڕابردووی خۆمان ڕووبەڕوو ببین (تۆتۆ, ١٤٠١). بۆ تۆتۆیش باسکردنی ڕابردوو بە دوو مانا گرینگە. یەکەم بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی نوێ پێویستە ڕابردوو بگێڕێتەوە، بۆیە تۆتۆ دەڵێت: “کەسانێک کە لە بارەی داهاتووی ئێمە وتووێژیان دەکرد، بە تەواوی وشیاربوون کە دەبێت بە شێوازێکی گونجاو لەگەڵ ڕابردوو هەڵسوکەوت بکەن، دەنا لە داهاتوودا دەبێت تێچووی قورس و سەخت بدەین. دووهەم ڕوانگەیەکی ئەخلاقییە؛ واتە دیتن و ئاوڕدانەوە لەو قوربانییانە کە ژیانیان لێ ئەستێندراوە یان ئازار دراون. فەرامۆشی لێرە لە ڕوانگەی تۆتۆە بابەتێکی نائەخلاقییە، چونکە قوربانییانی ئاپارتاید بۆ جارێکی دیکە بە نەدیتن و پشتگوێخستن و ئاوڕنەدانەوە لە ئەزموون، ڕەنج و ئازارەکانیان دەبنە قوربانی (هەمان، ١٤٠١). بۆ ئەم مەبەستە، کۆمیسیۆنی حەقیقەت و ئاشتی لە سەرانسەری ئەفریقای باشووریدا ١٤٠ کۆبوونەوەی بۆ بیستنی دەنگ و گێڕانەوەی قوربانییان و هەروەها سەرکوتکەران بەڕێوە برد. ٢١٤٠٠ قوربانی بە شێوەی نووسراوە ئازار و ڕەنجەکانی خۆیانیان باس کرد، ٢٧ هەزار کەس لەم کۆمسیۆنە ناونووسی کران و ٧١٢٤ کەسیش لە کەسانی سەر بە ڕژێمی ئاپارتاید داوای لێبووردنیان کرد (Wuestenberg 2008).
گرینگترین تەوەری پرسی ئاشتی لە ئەفریقای باشوور، پرسی لێبووردن بوو. بە گوتەی تۆتۆ بەبێ لێبووردن هیچ داهاتوویەک نییە. بەڵام لێبووردن لێرە بە واتای فەرامۆشکردن نییە. بەڵکوو لە ئەفریقای باشووردا لێبووردن لە ڕێگەی وەبیرهینانەوە، بە فەرمیناسینی ڕەنج و ئازار باسی لێوە دەکرێت. ئەم شێوازە لە ئاشتی لە بنەڕەتدا وەک تۆتۆ دەڵێت لە خزمەتی نەتەوەسازیدا بوو. ئەفریقای باشووری پاش ئاپارتاید دەیویست نەتەوەیەکی پێکهاتوو لە ڕەشپێست و سپیپێست بنیات بنێت. واتە بە گێڕانەوەی ڕەنج و ئازاری ڕابردوو و هێنانەئارای دەرفەتێک بۆ لێبووردن، بازنەی توندوتیژی بپچڕێنن. بەڵام لێبووردن بەبێ گێرانەوەی ئازار، بەبێ ناساندنی کارەساتەکانی ڕابردوو ئیمکانی نەبوو. وەک پۆل ڕێکۆر دەڵێت: لەبیرکردنی ڕابردووی تاڵ ڕەنگە سوودێکی خێرا و ڕواڵەتیی هەبێت، بەڵام هیچ کێشەیەک چارە ناکات. ڕێگای دروست، بیرکردنەوە لە ڕابردوو و تێگەیشتن لە ڕابردووە، بەم شێوەیە دەتوانین ڕێگا بۆ لێبووردن بکەینەوە، لەبیرکردنی زۆرەملی هیچ شتێک چارە ناکات.(Ricoeur, 2004)
تۆتۆ لە کتێبەکەیدا باس لە فیلمێکی ڕۆمان پۆلانسکی دەکات بە ناوی Death and the Maiden کە لەوێدا پیاوێک بە هەڵکەوت ڕێی دەکەوێتە ماڵی ژنێک کە کاتی خۆی لە زینداندا ئازاری داوە و دەستدرێژیی کردووەتە سەری. ژنەکە بە چەک هێرش دەکاتە سەری، بەڵام پیاوەکە نکۆڵی لە گێڕانەوە و چیرۆکی ژنەکە دەکات کە دەڵێت دەستدرێژیی کراوەتە سەری. بەڵام دواجار دانی پێدا دەنێت. پاش دانپێدانانی پیاوەکەوە، ژنەکە ئازادی دەکات و ئیزنی چوونەدەرەوەی پێ دەدات. تۆتۆ دەڵێت: نکۆڵیکردنی پیاوەکە، ناسنامە و شەڕەف و ڕاستگۆیی و یادگە و ئەزموونی تاڵی ژنەکەی بە هیچ دەگرت. بەڵام دانپێدانان و بەفەرمیناسینی ئەم ڕەنجە، چەشنێک قبووڵکردنی ناسنامە و دیتنی قوربانی بوو، قوربانییەک کە بەردەوام نکۆڵیی لێ دەکرا (تۆتۆ، ١٤٠١). ئەم دانپێدانانە و بەفەرمی ناسینە، لە ڕاستیدا بەفەرمی ناسینی رەنج و یادگەی قوربانی و قبووڵکردنی ئەویدییە، کە ڕیگایەکە بۆ دروستکردن و دامەزراندنی نەتەوە. نەتەوەسازی یان پێکەوەبوون لەم پڕۆسەیەدا لە ئاکامی دیالێکتیکی نێوان لەبیرکردن و وەبیرهێنانەوەدا دەستەبەر دەبێت. وەک ئێرنست ڕێنان دەڵێت، نەتەوەکان هەندێک جار لە ڕێگای فەرامۆشکردنی هەندێک شتەوە و تۆمارکردنی هەندێک شتی دیکە لە یادگەدا، دروست دەبن. هەم فەرامۆشکردن و هەم وەبیرهینانەوە، هەر دوو لە پڕۆسەی نەتەوەسازیدا گرینگن. ڕێنان دەڵێت هەر فەڕەنسییەک پێویستە کوشتاری شەوی جەژنی بارتلمە و کۆمۆلکوژییەکانی سەدەی سێزدەم لە باشووری فەرەنسای لە بیر کردەبێت (ڕێنان, ١٣٧٣). ئەفریقای باشووری پاش ئاپارتاید، ئەزموونێکی نوێی لە ڕێگای وەبیرهێنانەوەی ڕابردوو بۆ دووپاتنەبوونەوەی لە داهاتوو، بە فەرمی ناسینی ڕەنج و و پاشان لێبووردنەوە هێنایە ئاراوە.
ئەزموونی ئاڵمان: ئێمە لە نێو زمانی دایکی دەژین
ساڵی ١٩٤٥ی زایینی پاش هەرەسهێنانی ڕژێمی ناسیۆنال-سۆسیالیست لە ئاڵمان، پۆستەرێک لە وڵاتی ئاڵمان بە چڕی لە سەر دیوار و بینا و شەقامەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئاڵماندا بڵاو کرایەوە. پۆستەرەکە وێنەی قامکێک بوو کە ئاماژەی بۆ بینەر دەکرد و لە سەری نووسرابوو:«ئێوە تاوانبارن.» ئەمە تاوانبارکردنی کۆیی و تاک بە تاکی نەتەوەی ئاڵمان بوو. ئەڵمانییەکان دەستپێکەری شەڕی جیهانیی دووهەم بوون، بانگەوازی شەڕیان دژی بەشێکی بەرچاو لە جیهان دەرکردبوو، خوڵقێنەری کارەساتێک و جینۆسایدی جووەکان بوون. جیهان لەو سەردەمەدا بە جۆرێکی دیکە چاوی لە ئەڵمانییەکان دەکرد، ئەوان وەک هاوکار و پشتیوانی ڕژێمی ناسیۆناڵ-سۆسیالیست دەناسران. ئەمەش فەزایەکی قورس و گرانی بۆ هاووڵاتییانی ئاڵمانی دروست کردبوو. پرسی تاوانباری و پەیوەندیی نێوان نەتەوەی ئاڵمان لەگەڵ ڕژێمی سیاسیی ئاڵمان پانتایی سیاسەت، ڕۆشنبیری و تەنانەت زانکۆ و کۆمەڵگەی ئاساییی ئاڵمانیشی گرتەوە. ئەم باسە بووە هۆی مشتومڕێکی بەردەوامی ئەڵمانییەکان. ئایا ئەڵمانییەکان بە شێوەی کۆیی تاوانبارن؟ چۆن دەکرێت پاش ئاشۆویتس و چارەنووسی تراژیکی جووەکان، ئاڵمان جارێکی تر وەک فەرهەنگێک و نەتەوەیەک لە جیهاندا بمێنێتەوە و شەرمەزار نەبێت؟ ئەم فەزا و ئەم پرسیارانە بوونە هۆی ئەوەی بیرمەندانی ئاڵمانی و کۆمەڵگای ئاڵمانی لایەک لە ڕابردووی خۆیان بکەنەوە، تاکوو بتوانن ئاڵمانیکی دیکە و داهاتوویەکی نوێ بۆ ئاڵمان دەستەبەر بکەن و ئەگەر بکرێت ڕوانین و ڕوانگەی جیهان لە بارەی خۆیانەوە بگۆڕن.
کارل یاسپێرس یەک لەو بیرمەندە ئاڵمانییانە بوو کە کتێبێکی لەم بارەیەوە لە ژێر ناوی “پرسی تاوان” بڵاو کردەوە. یاسپێرس ئەم پرسە بە پرسێکی نێوخۆییی ئاڵمانییەکان دەزانێت و دەڵێت: “هیوادارم ڕۆژێک بێتە ئاراوە کە تێڕوانینی جیهان لە بارەی ئێمەوە چاک ببێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا بۆ ئێمە گرینگە، چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە و پاڵاوتنی خۆمانە لەو ڕابردوویە.” یاسپێرس لەم کتێبەیدا چوار جۆر تاوان دەستنیشان دەکات: ١- تاوانی جەزایی ٢- تاوانی سیاسی ٣- تاوانی ئەخلاقی ٤- تاوانی مێتافیزیکی (یاسپێرس, ١٣٩٣). یاسپێرس جیاوازییەک کە زیاتر جیاوازییەکی لیبراڵییە لە نێوان پانتاییی کەسی و گشتیدا دادەنێت، واتە تاوانی جەزایی و سیاسی دەخاتە نێو پانتاییی گشتییەوە و تاوانی ئەخلاقی و مێتافیزیکی لە پانتایی کەسیدا پۆلێنبەندی دەکات .(Schaap, 2001) تاوانی جەزایی و سیاسی لە پانتاییی گشتیدا باس دەکرێن واتە دەکەونە بەر داوەریی خەڵکی و دادگا و.. هتد. بەڵام تاوانی میتافیزیکی و ئەخلاقی لە پانتاییی کەسیدا دەمێننەوە و مرۆڤ لە رێگەی وێژدانییەوە لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکات، واتە پەیوەندییان بە ویژدانی مرۆییەوە هەیە.
تاوانی جەزایی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لە کردەوەکانی ڕژێمی ناسیۆنال-سۆسیالیستدا بەشدار بوون. سنووری ئەم تاوانە بەرتەسکە و تەنیا کاربەدەستانی ڕژێمی هیتلەر دەگرێتەوە کە بەشێکی بەرچاویان لە دادگای ناسراو بە دادگای نۆرێنبێرگ لێپرسینەوەیان لێ کرا. تاوانی ئەخلاقی زیاتر ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری حکومەت بوون، ئەو کەسانەی کە پاسیڤ بوون، دەیانتوانی کارێک بکەن و نەیانکرد یان خۆیان لە کوێری دا و لە بەرانبەر چارەنووسی خەڵکانی تردا بێموبالات بوون یان ئەو کەسانەی تەنیا بە ڕواڵەت لەگەڵ هیتلەر کەوتبوون و لە دڵەوە لەگەڵی نەبوون. لە ڕوانگەی یاسپێرسەوە هەموو ئەمانە تاوانباری ئەخلاقین و دەبێت خۆیان نۆژەن بکەنەوە. یاسپێرس هەروەها پێی وایە هەست بە تاوانکردنێک لە ناخی هەر مرۆڤێکدا هەیە کە سەرچاوە و بنەڕەتێکی دیکەی هەیە و پێی دەڵێت تاوانی مێتافیزیکی. یەکێتی یان گرێدراوییەکی نێوان مرۆڤەکان وەک مرۆڤ (بە ماهو ئینسان) هەیە کە هۆکارێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە بەرانبەر ڕەنج و ئازاری خەڵکانی دیکە یان هەر چەشنە نادادپەروەرییەک هەست بە تاوان بکات. بۆ نموونە یاسپێرس دەڵێت: ئەگەر تاوانێک لە شوێنێک ڕوو بدات کە من تێیدا هەم و من زیندوو بمێنمەوە و خەڵکانی تر بکوژرێن، دەنگێک لە ناخمدا دەبیستم: ئەوەی کە تۆ زیندووی خەتا و تاوانی تۆیە.” هەم تاوانی ئەخلاقی و هەمیش تاوانی مێتافیزیکی، جۆرێک پەیوەندیی مرۆڤە لەگەڵ خۆی بە نێونجیی ویژدان، واتە بابەتێکی کەسییە (یاسپێرس، ١٣٩٣). ئەوەی لێرەدا و زیاتر لە باس و بابەتی ئاشتی گرینگە، تاوانی سیاسییە. لە ڕوانگەی یاسپێرسەوە تاوانی سیاسی چەشنێک بەرپرسیارییەتیی سیاسییە. ناکرێت نەتەوەیەک بە گشتی و لە ئاستی کۆیی تاوانباری ئەخلاقی بێت، بەڵام لە بارەی تاوانی سیاسییەوە هەر ئەڵمانییەک سەرەڕای بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنی لە کردەوەکانی ڕژێمی هیتلەردا بەرپرسیارە. واتە ئاڵمان وەک نەتەوە بەرپرسیارە. لێرە جیاوازییەک هەیە لە نێوان بەرپرسیارییەتیی کۆیی و تاوانی کۆیی. تاوانباریی کۆیی دادپەروەرانە نییە، چونکە بەبێ گرینگیدان بە کردەوەکانی تاک، هەموو تاکێک مەحکووم دەکات، بەڵام بەرپرسیارییەتیی کۆیی دادپەروەرانەیە. چونکە تەنیا ئاماژە بە بەرپرسیارێتییەک دەکات کە بناغەی لەسەر ئەرکی هاووڵاتییەوە دانراوە. یاسپێرس دەڵێت:” کاتێک ئەم جینایەتانە لە لایەن حکوومەتەکەمانەوە ڕوویان دەدا، ئێمە هاووڵاتیی ئاڵمان بووین. یەک نەتەوە، بەرپرسی حکوومەتی خۆیەتی. تەنانەت ئەو کەسانەش کە خۆیان لە سیاسەت بە دوور دەگرن و تەنانەت ئەو کەسانەش کە بە دڵ دژی ناسیۆنال- سۆسیالیست بوون بەرپرسیارن و خۆدوورگرتن لە سیاسەت بەرپرسیارییەتیان لێ ناسێنێتەوە (هەمان، ١٣٩٣). تاوانی سیاسی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە هەموو هاووڵاتییەک بەشێکن لە پەیکەرێکی سیاسی کە بە ناوی ئەوانەوە ئەم کارەساتانە ڕوویان داوە. بۆیە لێرە باس لە تاوانێکی کۆیی یان بەرپرسیارێتییەکی کۆیی دەکرێت، ئەگەرچی ئەم تاوانە ڕەهەندی جەزاییی نییە (Ricoeur, 2004 ).
ئەم بەرپرسیارەتییە لە ڕاستیدا پەیوەندییەکە کە هەر “من”ێک لە گەڵ “ئێمە”یەکی گەورە تر هەیەتی. وەک ئالیدا ئاسمان دەڵێت: مرۆڤەکان وەک تاکەکەس ئەگەرچی دابەشکراو نین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک یەکەیەکی سەربەخۆ نین، ئەوان هەمیشە بەشێکن لە تۆڕێکی گەورەتر. هەر منێک لەگەڵ ئێمەیەک لە پەیوەندیدایە. هەندێک لەم پانتایییە گەورانەی وەک “ئێمە” دەناسرێن، بەپێی هەڵبژاردنێکی ئاگایانە هەڵنەبژێردراون. بنەماڵە، ئیتنیک، نەتەوە کە تاکێک لە نێویدایە، بەرهەمی هەڵبژاردنێکی ئاگایانە نین. هەندێک گرووپیش هەن کە مرۆڤ ئازادانە و دڵخوازانە هەڵیاندەبژێرێت، وەک حیزبێکی سیاسی یان ڕێکخراوەیەک و هتد. بەشداری لەم گرووپانە لە ڕەهەندی زەمانییەوە دەتوانێت جیاواز بێت، کەسێک دەتوانێت دوای چەند ساڵ لە گرووپێک نەمێنێت بەڵام هەندێک گرووپ ئاسۆیەکی زەمانیی دوور و درێژیان هەیە. فەرهەنگەکان، کۆمەڵگەی ئایینی، نەتەوەکان لە ئاسۆیەکی زەمانیی دوور و درێژدا هەن، ئەندامیەتیی تاک لەم گرووپانە دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لە پانتاییەکی زەمانیی بەرفراوانتردا بژیت (Assmann, 2006) ئەم ڕووبەرە بەرفراوانە بۆ یاسپێرس زمانی دایکییە. یاسپێرس دەڵێت: “ئێمە لە نێو زمانی دایکیدا دەژین” (یاسپێرس، ١٣٩٣: ١٠٥). لێرە یاسپێرس زیاتر باس لە ڕووبەرێکی فەرهەنگی و کەلتووری دەکات کە ئاڵمانییەکان وێڕای جیاوازییەکان لە نێویدا دەژین. واتە پەیوەندییەک کە مرۆڤ یان تاک دەبەستێتەوە بە پانتاییەکی گەورەترەوە. بۆ یاسپێرس زمان تەنیا کەرەستەیەک بۆ پەیوەندی نییە، بەڵکوو پانتایییەکی فەرهەنگی و کەلتووری و هەڵگری ناسنامەیەکە کە مرۆڤ تێیدا دەژیت، بیر دەکاتەوە و جیهان دەبینێت. بەم جۆرە مرۆڤ لە ڕێگەی ئەم پانتاییەوە گرێ دەدرێتەوە بە ڕابردوو و داهاتوو و کەسانێک کە لەم پانتاییەدا ژیاون و دەژین. بۆیە دەڵێت: “ئێمە نەک تەنیا خۆمان لە بەرانبەر ئەو شتانەی ئێستا ڕوو دەدەن، بەڵکوو لە بەرانبەر نەریتێک کە بە دەستی ئێمە گەیشتووە بەرپرسیارین، ئێمە دەبێت تاوانی باوکانمان لە ئەستۆ بگرین” (هەمان، ١٣٩٣). ئەوەی لە سەردەمی ناسیۆنال- سۆسیالیست ڕووی دا، لە نێو ئەم پانتاییەدا ڕووی داوە. ئاڵمانییەکان بە شێوەیەکی هاوبەش لەم پانتاییەدا دەژین، بۆیە لە بەرانبەر ئەو ڕووداو و کردەوانە کە لەم پانتاییەدا ڕوویان داوە بەرپرسیارن.
ئاشتی وەک دەرفەتی نێوان ڕابردوو و داهاتوو، لە ڕاستیدا بیرکردنەوە لە پاشخانی فەرهەنگی و سیاسیی نەتەوەیەکە لە ڕابردوو و هەروەها چۆنیەتیی وێناکردنی داهاتوو. ئەمەش زیاتر ئەرکی ڕووناکبیران و دەستەبژێرانی نەتەوەی زاڵە، وەک یاسپێرس وەک هابێرماس کە خۆیان بەرپرسیار دەزانن لە بەرانبەر پاشخانی سیاسیی نەتەوەکەیان. لەم ڕووەدا لە باسی نێوان کورد و ئەوی ترەکانی دەبێت بگوترێت، هەموو تورکەکان یان هەموو عەڕەبەکان و هەموو فارسەکان لە کۆمەڵکوژی، ئەنفال و هەڵەبجە و فەتوا دژی کورد، بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون، کەواتە هەموو تاکێکی ئەم نەتەوانە تاوانبار نین، بەڵام هەموو تورکێک و عەڕەبێک و فارسێک، لە ڕووبەرێکی فەرهەنگی و کولتووری بە پاشخانێکی سیاسییەوە دەژیت، پاشخانێک کە ئەنفال، کۆمەڵکوژی و فەتوای جیهادی تێدا دەرکراوە. کەم بیرمەند و ڕووناکبیری ئەم وڵاتانە هەیە کە ئاوڕی لەم پرسە دابێتەوە. ئەوان یان بە بێدەنگی یان بە پشتیوانی، بەشداری ڕابردوویەکی کارەساتبارن کە نەتەوەکانیان بە داگیرکردنی کوردستان بە سەر نەتەوەی کوردیاندا هێناوە. گوتاری زاڵی ڕووناکبیران و تەنانەت جەماوەری ئەم وڵاتانە، گوتاری نکۆڵیکردن، بێدەنگی، پاساوهێنانەوە و زۆر جاریش تەئیدکردنی ئەم مێژوو و ڕابردووە بووە. بۆیە لە پرسی ئاشتیدا یەکەم پرسیارێک کە زەق دەبێتەوە هەمان پرسیارە کە لە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەی پێ کرا: “ئایا باندەست، ڕووناکبیران و جەماوەری ئەم وڵاتانە، دەتوانن چاوێکی ڕەخنەگرانە لە ڕابردووی خۆیان بکەنەوە؟”
لە دوای کوشتنی ڕووناکی هەموو داوای لێبووردنێک دەخرێتە تاریکییەوە
پەیوەندیی سوڵتە، هاوکات پەیوەندیی بەرخۆدانیشە (ئێسکات, ١٣٩٦). مێژووی سەد ساڵەی داگیرکردنی کوردستان مێژووی سوڵتەیە، بەڵام هاوکات مێژووی بەرخۆدانیش بووە. ئەمە دیالێکتیکی نێوان دەسەڵات و بەرخۆدانە. لایەک لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکە و ئەویش لە هەوڵی بەرگری و داکۆکی کردن لە خۆی بووە. دیالێکتیکی نێوان دەسەڵات و بەرگری، لە هەمان کاتدا مێژووی شەڕ و خوێن و ئازاریش بووە. کانت لە کتێبی «گەڵاڵەیەکی فەلسەفی ڕوو بە ئاشتی هەتاهەتایی»دا دەڵێت: تەنانەت لە شەڕەکانیش نابێت شتانێک ڕوو بدەن کە ئاشتیی گریمانەیی لە داهاتوودا پەک بخەن (کانت, ٢٠١٥: ١٠). لە شەڕ و بەرخۆدانی کورد و داگیرکەرانی کوردستاندا، شتانێک ڕوویان داوە کە هەر چەشنە ئاشتییەکی هەم لە باری سیاسییەوە و هەم لە باری ئەخلاقییەوە تووشی گێچەڵێکی بنەڕەتی کردووە. “دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کورد، لە کوردبوونی خۆی وەرگەڕێت، ئەشکەنجەیەکی لە ڕادەبەدەری بە سەر کورددا سەپاندووە تاکوو کورد، کوردبوونی خۆی وەکوو تاوان بزانێت و بچێتە ژێر پێناسەی تورکبوون و ئەمە وەکوو حەقیقەتێک بدرکێنێت. بەرخۆدانی کورد لە بەرانبەر ئەم ئەشکەنجەیەدا، بۆ دانپێدانان بەوەی کورد نییە و تورکبوونی خۆی بدرکێنێت، سەدان کارەسات و توندوتیژیی وەک دێرسیم، زیلان، شڕناخ و ڕوبوسکیی لێ کەوتووەتەوە” (حەقمورادی, ٢٠٢٥:٣). ئەم کردەوانە هەمان کردەوەن کە هانا ئارێنت پێی وایە نە دەخرێنە چوارچێوەی سزادانەوە و نە لێبووردنەوە (ئارێنت, ١٣٩٠). یان وەک شێرکۆ بێکەس لە دێڕێکدا ئاماژەیەکی لەم چەشنەی هەیە: «لە دوای کوشتنی ڕووناکی هەموو داوای لێبووردنێک دەکەوێتەوە تاریکاییەوە». ئەنفال، هەڵەبجە، کۆمەڵکوژیی دێریسم و دەیان تاوانی دیکە لەو کردەوانەن کە باس و بابەتی لێبووردن و ئاشتییان تووشی گێچەڵێکی گەورە کردووە یان بە گوتەی کانت پەکیان خستووە. ئەوەی ناخرێتە بازنەی سزادان و لێبووردنەوە، ئاشتی دەکاتە بابەتێکی بەربڵاوتر لە ڕێککەوتنێکی سیاسی. پێش ڕێککەوتنی سیاسی دەبێت دوو لایەن بگەن بە ئەنجامێکی ئەخلاقی. ئەمەش مسۆگەر نابێت مەگەر ئیرادەیەک بۆ خوێندنەوەی ڕابردوو لە ئارادا بێت. لێرە ئاشتی پرسێکی ئەخلاقی-سیاسییە. ئەخلاق بەو مانایە کە هەر کات باسی ئاشتی دەکرێت، ئەوانەی بێهۆ کوژراون یا ئازار دراون وەبیر دەهێنرێنەوە. لە ڕاستیدا ئاشتی لەم کۆنتیکستەدا دەبێت توانای بانگهێشتکردنەوەی ڕابردوو بۆ ئێستای تێدا بێت. بانگهێشتکردنەوەیەک کە بتوانین وەک هابێرماس دەڵێت بە سەریدا زاڵ ببین ( .(Schaap, 2001
ئەگەر گوتەکەی کارڵ یاسپێرس بە بنەما بگرین واتە: “ئێمە لە نێو زمانی دایکیدا دەژین.” بەو مانایە کە لە ڕووبەرێکی فەرهەنگی و کولتووریدا دەژین کە ئێمە گرێ دەداتەوە بە ڕابردوو و داهاتوو. مرۆڤی تورک لە پانتاییەکی فەرهەنگی و کولتووریدا دەژیت کە بریتییە لە نکۆڵیکردن، سڕینەوە، کۆمەڵکوژی، پاوانخوازی. بۆیە ئاشتی لە نێوان کورد و تورک پێش هەموو شتێک دەبێت مرۆڤی تورک لەگەڵ ئەم پانتاییەدا ڕووبەڕوو بکاتەوە. بە پێشگریمانەگرتنی نەگۆڕانی دەوڵەت-نەتەوەی زاڵ و پێکهاتەی سیاسی و فەرهەنگی سیاسی کە بە شوناسی ئیتنیکی تەنراوە، هەر پرۆژەیەکی فکری و سیاسی لە سەر بنەمای ئاشتی و یەکسانی و برایەتی هەر لە خاڵی دەستپێکدا، هەڵدەوەشێتەوە” (حەقمورادی، ٢٠٢٥: ١٥). ئەم ڕوانگەیە ڕەنگە وەک بۆچوونێکی خەیاڵی و فەنتازیا ببینرێت، بەڵام مێژووی دانوستاندن یان ئاشتی لە نێوان کورد و تورک، کە ئەم شێوە ڕوانینەی لەگەڵ نەبووە و زیاتر جەختی لەسەر ئیمکانە کردەییەکان کردووە، هەر هەموو تووشی شکست هاتوون. پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە چ شتێک ئەم هەوڵانەی تووشی شکست کردووە؟
بێجگە لەوەی دەبێت دان بەوەدا بنێین پەیوەندیی نێوان داگیرکراو و داگیرکەر، پەیوەندییەکی ئانتاگۆنیستی یان بە واتایەکی دیکە پەیوەندیی دۆست و دوژمنە کە گومان دەخاتە سەر هەر ئیمکانێک بۆ ئاشتی، دەبێت بە جۆرێکی دیکەش ئەم پرسە لێک بدەینەوە.ئەم مێژووە پێمان دەڵێت ئەوەی بە ناوی ئاشتی نێوی لێ براوە، زیاتر لەوەی هەڵقوڵاوی ویست و داخوازییەکی نێوخۆییی کۆمەڵگای تورکیا بێت دەرهاویشتەی پرسێکی دەرەکی بووە. واتە ئاکامی کەڵکەڵەیەکی فیکریی ڕووناکبیرانی تورک نەبووە. بۆیە هیچ کات ئاشتی وەک دەرفەتێک بۆ خوێندنەوەی ڕابردووی کارەساتبار و گرتنە بەری ڕێگایەکی دیکە سەیر نەکراوە. ڕووناکبیرانی تورک وەک هەموو دامەزراوەکانی کۆماری تورکیا بەشێکن لە گوتاری گشتیی نکۆڵیکردن و سڕینەوەی نەتەوەی کورد. بێشکچی کە بۆخۆی دەکرێت وەک کەسێکی ئاوارتە لە جیهانی تورکیدا ئاماژەی پێ بدەین، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی “کوردستان کۆلۆنییەکی نێونەتەوەیی”، باسێکی چڕوپڕ لەسەر هەڵوێست و کردەوەکانی ڕووناکبیران و ناوەندە ئەکادیمییەکانی تورک لە بەرانبەر پرسی کوردستان دەخاتە ڕوو. بێشکچی پێی وایە ڕووناکبیرانی تورک و ناوەندە ئەکادیمییەکانی تورکیا، وەک هۆبەیەک لە دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی تورکیا ڕەفتار دەکەن. هەموو توێژینەوەکانی زانکۆکانی تورک بۆ بە تورککردنی نەتەوەی کورد و نکۆڵیکردن لە زمانی کوردییە. ئەو تەنانەت پێی وایە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەکانیش هەڵوێستیان لەسەر پرسی کورد بە هەمان شێوەیە. بە گوتەی بێشکچی ڕووناکبیری تورک بەشێکن لە ئاپاراتووسی دەوڵەتی تورکیا بۆ سڕینەوە و نکۆڵیکردن لە ناسنامە و هەبوونی نەتەوەی کورد (بێشکچی, ٢٠٠٢). هەرچەند ئەم نکۆڵیکردنە لە بەرگە جیاوازەکانی مێژووی کۆماری تورکیا شێواز و مێتۆدی جیاوازی بە خۆیەوە بینیوە. بەڵام لێرە تەنیا لەگەڵ گۆڕانی فۆرم ڕووبەڕووین نەک ناوەرۆک. ئەم گۆڕانە فۆرمییە کە لە ژێر کاریگەریی پرسێکی دەرەکیدا هاتووەتە ئاراوە زۆر جار وەک هەوڵدانێک بۆ ئاشتی پێناسە کراوە.
لە ساڵی ١٩٩٠ تورکیا بە گرینگیدان بە بازاڕە جیهانییەکان لە بڕی بازاڕە نێوخۆییەکان و گەشەکردنی لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و پلانداڕێژیی درێژخایەن بۆ بەرهەمهێنان و سەرمایەگوزاری، جێگە و پێگەیەکی گرینگی لە ئابووریی جیهانیدا بۆخۆی مسۆگەر کرد. پەرەسەندنی خێرای ئابووری خەونی بە ئەورووپیبوون لە لای تورکیادا زیندوو کردەوە. تورکیا لە ئەپریلی ١٩٨٧ داوای ئەندامبوون لە یەکیەتیی ئابووریی ئەورووپای کرد. هەر ئەمەش وای کرد تا ساڵی ١٩٩٩ سمایل جەم وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی کۆماری تورکیا، لە ژێر کاریگەریی گوشارە دەرەکییەکان و بۆ ڕەچاوکردنی پێوەرە دیمۆکراتیکەکانی یەکیەتیی ئەورووپا، باس لە مافە فەرهەنگییەکانی کورد بە تایبەت گەشەپێدانی زمانی کوردی لە میدیا بکات و هەروەها قەدەخەکردنی وەشانی زمانی کوردی وەک بەربەستێک بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە قەڵەم بدات و بڵێت هەر کەس لە تورکیا دەژیت دەبێت مافی وەشان بە زمانی خۆی هەبێت (ئۆزکاهرامان, ٢٠١٩). ئەم پرسە دەرەکییە بووە هۆی ئەوەی ناوەندە ئەکادیمییەکان و توێژەرانی تورکیش ڕێبازێکی دیکە بگرنە بەر. توێژەرانی تورک بە هۆی ترس لە پشتیوانیی دەرەکی لە کوردەکان، لە بەرانبەر نێونەتەوەییبوونی پرسی کورد لە نەوەدەکاندا، هەوڵیان داوە لە توێژینەوەکانیاندا پرسی کورد لە چوارچێوەی نەتەوەگەراییی تورکدا وڵام بدەنەوە. خاڵی هاوبەشی نێوان ئەکادیمیسیەن و ڕووناکبیرانی تورک بە هەموو ڕەوتەکانییەوە لە ڕاستەوە بگرە تا لیبراڵ-دیموکراتەکان و هەتا ئیسلامییەکان وەخوگرتنی کوردەکان لە دەوڵەتێکی نەتەوەییە کە بە ڕواڵەت بەتاڵە لە ئیتنیک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ئیتنیکی و نەتەوەییی کوردەکان (Ahmadi, 2024). خاڵی گرنگی هەموو ئەم هەوڵانە بە پێشگریمانەگرتنی پێکهاتەی ئیتنیکیی دەوڵەتی تورکیایە. ئاشتی و کرانەوە لەم ڕووەدا بۆ باندەست بە مانای تواندنەوەی ئەوی دیکەیە بە ئامرازێکی تر. واتە سوڵتە و زاڵێتیی مێژووییی نەتەوەی باندەست بە ڕەمزی ئاشتی و کرانەوە بەرهەم دەهێنێتەوە. کەوابوو لە بنەرەتدا پرسی ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو و ئەو کارەساتانە کە لە مێژووی نێوان کورد وتورک ڕوویان داوە، بۆ باندەست بابەتێکی لاوەکی و پەراوێزییە. ئەمەش گومان دەخاتە سەر سیاسەتی ئاشتیخوازانەی باندەست.
گرینگە بزانین ئاشتی لە نێو چ گوتارێکدا پێناسە دەکرێت. ئاشتییەک کە نەتوانێت هاوکێشەی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو شی بکاتەوە، بە گوتەی کاترین لۆ، پرسێکە لە نێو سیاسەتی کۆلۆنیالیستی، واتە ئامانج لەم ئاشتییە درێژەدان و سەپاندنی نەزمی کۆلۆنیالیستییە بە شێوازێکی دیکە (Lu, 2017). لە باسی نێوان داگیرکراو و داگیرکەردا ئاشتییەک دەکەوێتە دەرەوەی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی کە باس لە پێکهاتەکان بکات، واتە پێکهاتەیەک کە لایەنێک دەکات بە بندەست و لایەنێک بە باندەست. کەوابوو لێرە لا کردنەوە لە ڕابردوو نەک تەنیا ئاوڕدانەوە لەو تاک و گرووپانەیە کە ئازاردراون و کوژراون، بەڵکوو ئاوڕدانەوە لە پێکهاتەکانی بەرهەمهێنەری بندەستی و باندەستییە. وەک لۆ دەنووسێت نکۆڵیکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس لە ئێستا، بەبێ تێگەیشتن لە چۆنیتیی تواندنەوەی نەتەوەیەک لە نێو دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیکە لە ڕابردوودا، فام ناکرێت (Lu, 2017). لە کۆنتێکستی کوردی-تورکیدا دەتوانین لە خوازەیەک کەڵک وەربگیرن و بڵێین ئاشتی کاتێک واتادارە کە تورکیا ببێت بە بێشکچی. ئەم خوازەیە واتە بەفەرمیناسینی نەتەوەیەک کە لە درێژاییی مێژوودا بەکۆلۆنی کراوە، بەبێ ڕەزامەندیی خۆی لە نێو پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیادا جێگیر کراوە و هەوڵی تواندنەوەی دراوە. ئاشتی لەم چوارچێوەیەدا دەکەوێتە دەرەوەی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی. بەڵام ئەوەی لە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دەردەکەوێت ئاشتییەکە لە نێو پێکهاتەی کۆلۆنیالیستیی دەوڵەتی تورکدا.
ئاشتی یان تواندنەوە؟
لە گوتاری ئاشتی یان لاکردنەوە لە ڕابردوودا دوو مەبەست یان ئاراستەی جیاواز هەیە. زیندووکردنەوە یان دامەزراندن. بۆ میناک زۆر جار لە تەمەنی سیاسیی حیزبێک یان ڕێکخراوەیەکی مەدەنیدا لێکترازان و دووبەرەکی ڕوو دەدات. حیزب دەبێت بە دوو کەڕتەوە، ڕەنگە لە نێوانی ئەم دوو بەشەشدا شەڕ و خوێنیش دروست ببێت. ئەم دوو بەشە ساڵان و مانگانی دواتر دەتوانن ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن و ببنەوە بە یەک. لێرە ئاشتبوونەوە ڕوو دەدات نەک ئاشتی. واتە دوو لایەن بڕیار دەدەن پەیوەندی و پێکەوەبوونیک کە پێشتر لە خۆشی و تاڵییەکاندا ئەزموونیان کردووە زیندوو بکەنەوە. لە ئاستی وڵاتیشدا ئەم چەشنە ئاشتییە هەندێک جار ڕوو دەدات. ئاڵمانی ڕۆژهەڵات و ئاڵمانی ڕۆژاوا ساڵی ١٩٨٩ لەسەر ئەساسی زیندووکردنەوەی پەیوەندی و یەکبوونیان، یەکیان گرتەوە. لێرە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو بە مەبەستی گەڕانەوە یان زیندووکردنەوەی پەیوەندیی پێش شەڕ و دابڕان ڕوو دەدات. بەڵام لاکردنەوە لە ڕابردوو، هەندێک جار بە مەبەستی دامەزراندنی شتێکی نوێیە. دوو دوژمن، دوو نەیار کە هەموو تەمەنی خۆیان لە پێناوی دژایەتیی یەک داناوە، ناتوانن باس لە زیندووکردنەوە بکەن. دوو دوژمن، ئەگەر بیانەوێت دوژمنایەتیی نێوانیان کۆتایی پێ بێت، دەبێت شتێکی نوێ دابمەزرێنن. ڕابردووی نێوان کورد و تورک بابەتێکی دڵخۆشکەری تێدا نییە تاکوو دوو لایەن بە لاکردنەوە لە ڕابردوو بیانەوێت ئەو پەیوەندییە زیندوو بکەنەوە. ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو لەم کۆنتیکستەدا تەنیا بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو پەیوەندییە خوێناوییەیە کە بەردەوام لە نێوان ئەم دوو نەتەوەیەدا بووە. بۆ بینین و دانپێدانان بە ڕەنج و ئازارێکە کە دوولایەن و بەتایبەت لایەنی بێهێز ئەزموونیان کردووە. پەیوەندیی نێوان کورد و تورک پەیوەندیی بندەست و باندەست بووە. پەیوەندیی داگیرکراو داگیرکەر بووە، پەیوەندیی بەرگری و سوڵتە بووە. کەوا بوو شتێک لەم ڕابردووەدا نییە کە زیندوو بکرێتەوە، بەڵکوو ئەم ئاوڕدانەوەیە دەبێت بە مەبەستی دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێ و داهاتوویەکی نوێ بێت، واتە بتوانێت گۆڕانێکی بنەرەتی بەسەر ئەم پەیوەندییە مێژووییەدا بێنێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیامی ئاشتیی خۆی لە چوارچێوەی زیندووکردنەوەدا دادەڕێژێت. ئەو باس لە برایەتیی هەزار ساڵەی نێوان کورد و تورک دەکات و پێی وایە هێزە هێژمۆنەکان کە مەبەستی مودێرنیتەی کاپیتالیستییە، ئەم پەیوەندییەیان تێک داوە (ئۆجەلان, ٢٠٢٥). بۆیە دەنووسێت: “ئەم پەیوەندییە مێژوویییە کە ئەمڕۆ کەوتووەتە دۆخێکی تا بڵێی خراپەوە، پێویستە سەرلەنوێ لە چوارچێوەی ڕۆحی برایەتیدا ڕێک بخرێتەوە.” (هەمان، ٢٠٢٥). واتە ئۆجەلان لە ئاشتیدا بە دووی دامەزراندن نییە، بەڵکوو بە دووی زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکی مێژوویییە. بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە ئۆجەلان وڵامی ئەوە ناداتەوە لە کام بڕگەی مێژووییدا، ئەم پەیوەندییە مێژووییە لە ئارادا بووە. مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی نێوان کورد و تورک بریتی بووە لە نکۆڵیکردن و سڕینەوە. ئەم زیندووکردنەوەیە، ئەم گەڕانەوەیە بۆ پەیوەندییەکی مێژوویی، گەڕانەوە بۆ کام بڕگەی مێژوویە؟ لە هەمان کاتدا ناراستەوخۆ لایەنی باندەست و جینایەتەکانی سپی دەکاتەوە، چونکە پێی وایە ئەوە هێزە هێژمۆنەکانن پەیوەندیی مێژووییی کورد و تورکیان تێک شکاندووە. واتە خۆی لە پێشدا لاکردنەوە لە ڕابردوو و کارەساتەکانی ڕابردوو بە تاوانبارکردنی لایەنی سێهەم پشتگوێ دەخات.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا چوارچێوەی جوگرافیایی-نەتەوەییی کۆماری تورکیا، وەک پێشگریمانە دادەنێت و دەڵێت: داواکاریی دەوڵەتی نەتەوەیی، جودا کە ئەنجامی حەتمیی سەرلێشێواویی نەتەوەگەرایی پەڕگرانەیە، لەگەڵ داخوازی بۆ فیدراڵییەت و خۆسەریی کارگێڕی و چارەسەرە کولتوورییەکان، هیچیان ناتوانن ببن بە وڵامێک بۆ سۆسیۆلۆژیی مێژووییی کۆمەڵگە” (هەمان، ٢٠٢٥). ئۆجەلان بە ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ئۆتۆنۆمییەک لە ڕاستیدا پێش بە دامەزراندنی شتێکی نوێ لە نێوان کورد و تورک دەگرێت. ڕێگەچارەیەک کە ئۆجەلان باسی دەکات تەنیا دیموکراسییەتە، بەڵام ئەم دیموکراسییە لە پێشدا پێکهاتەی کۆماری تورکیا وەک پێشگریمانە دادەنێت. بۆیە دەڵێت: کۆماری تورکیا لە سەدەی دووهەمیدا تەنیا کاتێک پتەو و بەهێز دەبێت، کە لە چوارچێوەی برایەتییەکی بەردەوامدا، تاجی دیموکراسییەت بخرێتە سەری و هیچ ڕێگایەکی تر بێجگە لە دیموکراسییەت نییە” (هەمان، ٢٠٢٥). لێرە ئۆجەلان پرسی مێژووییی نەتەوەیەک کە بەبێ دڵخوازی خۆی خراوەتە نێو پانتاییی دەوڵەت-نەتەوەیەکی تورکی لە بیر دەکات. واتە ئاشتییەک یان وچانێک لە نێوان شەڕدا کە بڕیارە ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە و بە جۆرێکی دیکە ئەم پەیوەندییە بخوێنرێتەوە، بە پێشگریمانەگرتنی کۆماری تورکیا پشتگوێ دەخرێت و لەباری دەبات. ئەمە ئەو هەوڵانەیە کە کاترین لۆ پێی وایە مکانیزمیکی دیکەیە بۆ بەکۆلۆنیکردن لە ڕێگای ئاشتییەوە. لە ڕوانگەی “کاترین لۆ”وە لە دۆخێکی لەم چەشنەدا ئاشتی یان دادپەروەری دەبێ ئاشتییەکی پێکهاتەیی بێت، واتە ئاشتی دەبێت بەربڵاوتر لە پێکهینانی دیموکراسی بێت. ئاشتیی پێکهاتەیی، دەبێت هەوڵێک بێت بۆ بە فەرمیناسینی خودموختاریی کۆیی (Lu, 2017). مەرج نییە بندەست هەمیشە داوای خودموختاری، یان جودایی یان هەرچەشنە ئۆتۆنۆمییەک بکات، بەڵام ئاشتییەک کە لە دەرەوەی سیاسەتی کۆلۆنیالیستی بیچمی گرتەبێت، دەبێ دەرفەتێک بۆ ئەم ویست و داخوازییە بێنێتە ئاراوە. بەڵام لێرە لە نێوان کورد و تورک بە شێوەیەکی دەگمەن ئەوە لایەنی بندەستە کە لە پێشدا خۆی هەموو ئەو ئیمکان و دەرفەتانە ڕەت دەکاتەوە.
ئۆجەلان بێجگە لەوەی هەر چەشنە ئۆتۆنۆمییەک ڕەت دەکاتەوە، لە بنەڕەتدا هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ ئەم مەبەستە دەدرێت و لە ڕابردوودا دراوە، بە هەوڵدانێکی شکستخواردوو دەزانێت. ئۆجەلان هەموو مێژووی پێش خۆی ڕەت دەکاتەوە، کەوابوو دەرفەتێک بۆ ئاوڕدانەوە لە ڕابردووی کارەساتبار و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا ناهێڵێت. مێژوو بۆ ئۆجەلان لە خۆیەوە دەست پێ دەکات. ئەو پێی وایە ئەوەی پێش خۆی کراوە یان لە چوارچێوەی سیاسەتی زلهێزەکان بووە یان هەوڵدانێکی کۆنەپەرەستانەی شکستخواردوو بووە. ڕفێق سابیر لە کتێبی کولتوور و ناسیۆنالیزمیدا یەک لە دەرئەنجامەکانی دابڕانی جوگرافیاییی کورد کە دابڕانی کولتوورییشی لێ کەوتۆتەوە، بە نەبوونی بەردەوامبوونێک لە زەمانی ئیپستمۆلۆجی و فیکری دەزانێت. واتە هیچ شتێکی ئێستا وەک بەردەوامبوونێکی ئورگانیکی دوێنێ ناناسرێت. بۆیە لە ڕوانگەی ڕەفیق سابیرەوە ئێستای کورد هەمیشە ئێستایەکی بێ ڕابردووە. هەر دیاردەیەکی نوێی سیاسی، فیکری و کولتووری، خۆی بە سەرەتای سەرەتایان دەزانێت. ڕەوایی و دەرکەوتنی خۆی بە شکست و پووکانەوەی دیاردەکانی پێش خۆی دەبەستێتەوە. هەمیشە حەز دەکات خۆی وەک سەرەتای سەرەتایان، وەک دیاردەیەکی نوێی جیاواز و تەواو دابڕاو لە مێژووی فیکری، کولتووری یان سیاسیی کورد، پیشان بدات (سابیر, ٢٠٠٨).
ئۆجەلان پێی وایە ئەوە پەکەکە بوو ڕاستیی کورد و کوردستانی سەلماند و بێجگە لە پەکەکە بزووتنەوە کوردییەکانی دیکە هێزێکی ئەوتۆیان نییە و کۆمەڵێک ناو وناتۆرەی کۆنەپەرەست و…یان لێ دەنێت. ئۆجەلان بۆ ئەوەی خۆی بکات بە سەرەتای سەرەتایان، بەمەش ڕاناوەستێت و تیکۆشەرانی پێشووی گەلی کورد کە هەر هەموو لە یادگەی مێژووی کورددا ڕێز و حورمەتێکی تایبەتییان هەیە تاوانبار دەکات. ئەو بنەماڵەی شێخ سەعید پیران و بەدەرخانییەکان و بارزانییەکان و تەنانەت بنەماڵەی شێخ ڕەزای دێریسم وەک یۆدنرات دەناسێنێت. با وای دابنێین ئەم ڕوانگەیەی ئۆجەلان راستە، بەڵام ڕاستبوونی ئەو ڕوانگەیە، هەموو هەوڵەکان و تیۆرییەکانی خودی ئۆجەلانیش دەباتە ژێر پرسیارەوە، واتە ئۆجەلان تیکۆشەرانی پێشووی کورد بە هاوکاریی تورک تومەتبار دەکات، بەڵام بۆ خۆی لە ئێستادا خەریکی بەرینتر کردنەوەی پەیوەندی لە گەڵ تورک و کۆماری تورکیایە و لە بیست ساڵی ڕابردووشدا باسی لە برایەتیی نێوان کورد و تورک کردووە. کەوابوو ئەگەر لۆژیکی ئۆجەلان قبووڵ بکەین، دەبێ قبووڵی بکەین بە پێی ئەو لۆژیکە ئۆجەلانیش بۆ خۆی یۆدنراتێکی کوردە.
لە پارادایمی ئاپۆییدا، ڕابردوویەک نییە کە بکرێت ئاوڕێ لێ بدرێتەوە. مێژوو بە ئۆجەلانەوە دەستی پێ کردووە، پێش ئەو هەموو شکست و خەیانت بووە. لە ڕوانینی ئۆجەلاندا ئەم شکستە، شکستی کوردایەتیی نەریتییە. کوردایەتیی نەریتی، لە ڕوانینی ئۆجەلاندا لە نێو پارادایمی دەوڵەتخوازیدا پێناسە دەکرێت. لە بەرانبەردا، پارادایمی خۆی واتە پارادایمی ئاپۆیی لە بەرانبەری دادەنێت.. سەرەکیترین پێناسەی پارادایمی ئاپۆیی، دژایەتی لەگەڵ دەوڵەتخوازییە. لەم پارادایمەدا دەوڵەت جێی خۆی دەدات بە پێکهێنانی کۆمۆن و مودێرنیتەی دیموکراتیک. بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە لەم پارادایمەدا پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا وەک پێشگریمانە دادەنرێت (ئۆجەلان، ٢٠٢٥).
ئەم هەوڵانە تەنیا تایبەت بە ئۆجەلان نین، بەڵکوو بەشێکی دیکە لە دەستەبژێری کورد ئەم وتانە بە شێوەیەکی دیکە دووپات دەکەنەوە. سەلاحەدین دەمیرتاشیش لە وتارێکدا باس لە پارادایمی نوێ دەکات. لە پارادایمی نوێی دەمیرتاشیش پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا بە پێشگریمانە دەگیرێت. لە ڕوانگەی دەمیرتاشەوە، کورد و تورک ئەوەندە ئاوێتەی یەکترن کە جوداکردنەوەیان لە ئێستادا ئەستەمە (دەمیرتاش, ٢٠٢٥). دەمیرتاش باس لە چۆنیەتیی ئەم ئاوێتەبوونە ناکات. واتە نایەوێت ئاوڕ لە ڕابردوو بداتەوە، ڕابردوویەک کە بە شێوازێک داڕێژراوە تا لە ئێستادا جوداکردنەوە و وەک بابەتێکی ئەستەم پێناسە بکرێت و پەیوەندیی باندەست و بندەست وەک بابەتێکی سروشتی بنوێنێت. ئەو پێی وایە نە تورکەکان توانیان کورد بە تەواوی بتوێننەوە و نە کوردیش توانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت، کەوا بوو پێویستمان بە پارادایمێکی دیکە هەیە. لەم پارادایمە نوێیەی دەمیرتاشدا بڕیار وایە دەوڵەتی تورک ببێت بە دەوڵەتی کوردەکانیش (هەمان، ٢٠٢٥). دیار نییە دەوڵەتی تورک چۆن بڕیارە بە بێت بە دەوڵەتی کورد؟ واتە پێناسەی ئیتنیکیی ئەم دەوڵەتە دەگۆڕێت؟ زمانی فەرمیی دەوڵەت دەگۆڕێت؟ باس لە دوو نەتەوە لەم جوگرافیا دەکرێت؟ ئەگەر ئەم پارادایمە نوێیە بڕیار وایە ئەم گۆڕانکارییە دەستەبەر بکات، چما نێوی دەوڵەتی تورکیا نەبێت بە یەکیەتیی دیموکراتیکی کورد و تورک؟
هیچ کام لە کاربەدەستانی کورد تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونیان بەم پرسانە نەداوەتەوە. ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، پاشەکشەکردن و خۆهەڵوەشاندنەوەی لایەنی کوردییە. لە بەرانبەردا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە هەڵنەگیراوە، بێجگە لەوەی باسیان لە کۆتایی هاتنی تێرۆر و بەهیزبوونی کۆماری تورکیا کردووە.
ئەنجام
ئەوەی لەم وتارەدا ئاوڕی لێ دراوە، چۆنیەتیی گەیشتن بە ئەنجامێکە کە دوو لایەن لە پێگەیەکی یەکساندا بتوانن کێشە و ململانێ مێژووییەکانیان چارەسەر بکەن، یان بە پێکەوەژیان یان بە جوودا بوونەوە لە یەک. بۆ ئەم مەبەستە، بە ورووژاندنی پرسیاری: دەتەوێت ئەم ژیانەی کە ژیاوی، سەرلەنوێ دووپات ببێتەوە؟ ئاشتی وەک چرکەیەکی مێژوویی لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا پێناسە کرا. چرکەیەک کە دوو لایەن وچانێک دەگرن. لەم وچانگرتنە دا ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆیان دەدەنەوە. ئاوڕدانەوەیەک بە مەبەستی داهاتوویەکی نوێ و دەستپێکێکی دیکە. لەم پەیوەندییەدا ئەزموونی ئەفریقای باشوور و ئەڵمانییەکانمان تاوتوێ کرد. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو ئەزموونە، پێویستی ئاوڕدانەوە و لا کردنەوە لە ڕابردوو وەک پێشمەرجی ئاشتی خوێنرایەوە. لایەن یان نەتەوەی سەردەست کە لە درێژایی مێژووی خۆیدا کۆمەڵێک کارەساتی بۆ بندەست هێناوەتە ئاراوە، دەبێت بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە ڕابردووی خۆی بڕوانێت. ئەم پرسە، پرسی جەماوەر و ڕووناکبیرانی نەتەوەی سەردەستە.
تا کاتی نووسینی ئەم دێڕانە، هیچ هەوڵێکی لەم چەشنە لە نێوان کورد و تورک نەهاتووەتە ئاراوە. بە پێچەوانەی ئەزموونی ئەفریقای باشوور و ئەڵمانییەکان، لە بنەڕەتدا پرسی ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو و خوێندنەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو، نەبووەتە ڕۆژەڤ. تەنانەت ئەم پرسە لە دوو جیهانی کوردی و جیهانی تورکیدا دوو ناوی جیاوازی لێ نراوە. لە جیهانی کوردیدا زیاتر وەک پرسی ئاشتی دەخوێنرێتەوە، بەڵام لە جیهانی تورکیدا وەک پرۆسەی کۆتایی هاتن بە تیرۆر. نەبوونی زانیاریی تەواو و ناڕوونی، ئەم پرسەی کردووەتە پرسێکی ئەمنی و هەواڵگری. بۆیە ئەوەی لەم وتارەدا سەرنجمان خستە سەری ئەوەیە کە پرسی ئاشتی نەبووەتە کەڵکەڵەیەکی فیکری و نێوخۆییی جیهانی تورکی. لانیکەم تا ئێستای لەگەڵ بێت، ڕوناکبیران و پانتاییی ڕۆشنبیریی ئەم وڵاتە ڕەخنەیەکیان لە سوڵتەی مێژوویی و نکۆڵیکردن لە ناسنامەیەکی کۆیی وەک نەتەوەی کوردی تێدا نەبینراوە. بێدەنگی و تەنانەت هاوڕابوونی بەشێکی بەرچاو لە ڕووناکبیران و جەماوەری نەتەوەی باڵادەست لەگەڵ سەرکوتی مێژووییی نەتەوەی کورد، هەر چەشنە داهاتوویەکی نوێ و دەستپێکی جیاوازی بێ مانا کردووە. کەواتە تا ئێستای لە گەڵ بێت وڵامێکی جیاوازی بە پرسی: دەتهەوێ ئەم ژیانەی کە ژیاوی بدەیتەوە؟ نەداوەتەوە یان وا دەردەکەوێت کە دەیەوێت درێژە بەو ژیانەی بدات. ژیانێک لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەر سۆڵتە، داگیرکەری و سەرکوتی کورد بنیات نراوە.
خاڵێکی گرنگ و جێی سەرسوورمانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە لایەنی بندەست واتە لایەنی کوردی، لە پێشدا بۆخۆی هەموو دەرفەت و ئیمکانەکانی بەردەمی خۆی لە بار بردووە. بە تاوانبارکردنی ڕابردوو و تێکۆشەرانی کورد و ڕەتکردنەوەی هەر چەشنە ئۆتۆنۆمییەک، هەم ڕێگای لە خوێندنەوەی ڕابردوویەک گرتووە کە باندەست بۆ کوردی پێک هێناوە و هەمیش هەموو ماف و ویستێکی بەکۆمەڵی بۆ کورد لە داهاتوودا لەبار بردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەموو ئەم هەوڵانەدا پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا وەک پێشگریمانە دانراوە. لەم ڕووەدا ئەوەی بە ناوی پرۆسەی ئاشتی نێوی لێ دەبرێت، پرسێکە لە نێو سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی دەوڵەتی تورکیا، بۆ درێژەدان بە سوڵتە، بەڵام لە چوارچێوەیەکی نوێدا.
بۆیە دەکرێت بڵێین باندەست دەیەوێت ئەو ژیانەی کە ژیاوە، درێژە بدات، ئەگەرچی ڕەنگە شێوازەکەی بگۆڕێت. بەڵام بە شێوەیەکی دەگمەن و چاوەڕوان نەکراو، ئەوە لایەنی کوردییە کە دەیەوێت ڕەهەندی بەرخۆدان و بەرگری لە ژیانەکەی بسڕێتەوە و بە تەواوی ئاوێتەی نەزمی نوێی تورکی و سەردەمی کۆتاییهاتنی “تیرۆر” بێت.
سەرچاوە ئینگلیسییەکان:
- Ahmadi, I. (2024, June 12). The intellectual justification of sovereign power: Representations of the Kurds in Turkish scholarship. Critical Policy Studies.
- Assmann, A. (2006). Der lange Schatten der Vergangenheit. Muenchen: C. H. Beck.
- Lederach, J. P. (1997). Sustainable reconciliation in divided societies. Washington, DC: United States Institute of Peace Press.
- Nolte, E. (1987). Historikerstreit. München: Piper.
- Ricoeur, P. (2004). Memory, history, forgetting (K. Blamey & D. Pellauer, Trans.). Chicago: University of Chicago Press.
- Schaap, A. (2001). Guilty subjects and political responsibility: Arendt, Jaspers and the resonance of the ‘German Question’ in politics of reconciliation. Political Studies, 49(4), 749–766.
- Wüstenberg, R. K. (2008). Aufarbeitung oder Versöhnung? Brandenburg: Brandenburgische Landeszentrale fuer politische Bildung.
⸻
سەرچاوەی کوردی و فارسی:
- آرنت، ه. (۱۳۹۰). وضع بشر (ترجمهٔ مسعود علیا). تهران: نشر شمشاد.
- اسکات، ج. س. (۱۳۹۶). سلطه و هنر مقاومت (ترجمهٔ افین خاکباز). تهران: نشر مرکز.
- آگامبن، ج. (۱۳۹۳). باقیماندههای آشویتس (ترجمهٔ مجتبی گلمحمدی). تهران: نشر بیدگل.
- بیشکچی، ئ. (۲۰۰۲). کوردستان: کولونییەکی نێودەوڵەتی (ترجمهٔ حەمە ڕەشید). سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.
- بورخس، خ. ل. (۱۳۷۸). کتابخانه بابل (ترجمهٔ کاوه سیدحسینی). تهران: انتشارات نیلوفر.
- توتو، د. (۱۴۰۱). مسیر آشتی، از استبداد به دموکراسی؛ اگر فراموش کنیم عدالت چه میشود؟ (ترجمهٔ بهمن احمدی امویی). تهران: مهر و ماه، بنگاه ترجمه و نشر کتاب پارسه.
- یاسپرس، ک. (۱۳۹۳). مسئله تقصیر (ترجمهٔ فریده فرنودفر و امیر نصری). تهران: نشر چشمه.
- حەقموردای، م. (۲۰۲۵). ژیان و سیاست لە نێوان ترۆما و خەیاڵدا. گۆڤاری کۆمار.
- رنان، ا. (۱۳۷۳). ملت چیست؟ (ترجمهٔ عزتالله فولادوند). پرتال جامع علوم انسانی.
- ریکور، پ. (۱۳۷۳). خاطره، تاریخ، فراموشی (سخنرانی). پژوهشکدهٔ حکمت و ادیان، سایت پرتال جامع علوم انسانی.
- کانت، ا. (۲۰۱۵). طرحی فلسفی بهسوی صلح ابدی. آموزشکدهٔ توانا.
- نیچه، ف. (۱۳۷۷). حکمت شادان (ترجمهٔ سعید کامران و حامد فولادوند). تهران: چاپخانهٔ نیل.
- اوزکاهرامان، ج. (۲۰۱۹). شکست مبارزات صلح میان ترکیه و پ.ک.ک: قربانی سیاست سنتی ترکیه یا تغییرات ژئوپولیتیک در خاورمیانه؟ (ترجمهٔ کمال نگهدار). مجلهٔ پولیتیا، ۱۰۴–۱۱۸.
Demirtaş, S. (2025, March 13). Korkma! Barış. QAD Institute. https://qad.institute/index.php/korkma-baris/297/ ()
ئۆجەلان، ع. (٢٠٢٥). روانگەی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی دوازدەهەمی پ.ک.ک. بایگانیشده در: https://archive.fo/nr86F
ئوجەلان، ع. (٢٠٢٥، ٢٧ی شوبات). دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان: بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی [پیام صلح و جامعه دموکراتیک]. کوردیپێدیا. https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20250301212146625208&lng=1